هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا و ئاییندەی هەرێمی کوردستان

سەرەتا دەبێت دوو شت ڕوون بکەینەوە: وشەی هەڵوێست لە جێگەی سیاسەت (policy) لێرەدا بەکار هێنراوە، چونکە تا ئێستا وڵاتانی ئەوروپا سیاسەتێکی تایبەتییان لەسەر پرسی کورد بەگشتی و بەتایبەت لەسەر پرسی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان نەبووە، بەڵکوو لەژێر سیاسەتی گشتیی خۆیان بۆ ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە مامەڵەیان لەگەڵ کورددا کردووە؛ لەگەڵ ئەوەیشدا کە سیاسەتێکی تایبەتییان بەرامبەر پرسی کورد نەبووە، بەڵام بەهۆی واقیعی هێز و پێگەی کورد زۆرجار ناچاربوونە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، تەنانەت ئەگەر ڕەزامەندیی حکوومەتی ناوەندیشیان نەبووبێت. هەرچەند لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بە هۆی دەرکەوتنێکی بێوێنەی کورد لە جه‌نگی دژ بە داعش لە ڕۆژاوا و باشووری کوردستان وەکوو دوو هێزی کاریگەر و یەکلاکەرەوە، زەروورەتی هەبوونی سیاسەتێکی تایبەت لەسەر کورد، بوو بە بەشێک لە گفتوگۆکان، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە دۆخی داڕشتنی سیاسەت (policy)یه‌كی تایبەت کە تیایدا دیدگه‌ و بنەما و ئامانج و ئامراز و چوارچێوەی دیاریکراوی بۆ دابڕێژرێت. بۆ نموونە هەفتەی ڕابردوو لە ئەڵمانیا کۆنفڕانسێک لەسەر "چارەنووس و ئاییندەی کوردستانی عێراق و هەنگاونان بەرەو سیاسەتێکی تایبەت لەسەر پرسی کورد" ئەنجام درا.

لەوێدا زۆربەی گفتوگۆکان لەسەر ئەوە بوو ئێستا کاتی ئەوەیە دەست بە گفتوگۆیەکی جددی بکرێ لەسەر داڕشتنی سیاسەتێکی تایبەت و سەربەخۆ لەسەر پرسی کورد، چونکە پرسی کورد لە هەر بەشێکدا بێت کاریگەرییەکی زۆر لەسەر ژیانی ڕەوەندی کوردی لەو وڵاتانە دروست دەکات. هەروەها ئەو وڵاتانە لەسەر چۆنێتیی مامەڵەکردن و هەڵوێستەکانیان ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبنەوە؛ بۆ نموونە یارمەتیی پەیەدە دەدەن، لە کاتێک هێشتا پەکەکە لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی ئەو وڵاتانەدایە. سەرەڕای دەستپێکردنی گفتوگۆکان، بەڵام کپکردنی هەوڵی سەربەخۆییی باشووری کوردستان و گەمارۆدانی کیانی ڕۆژاوای كوردستان، ڕەنگە دووبارە ببنە ڕێگر لە بەردەم گفتوگۆکردن لەسەر داڕشتنی سیاسەتێکی سەربەخۆ لەسەر پرسی کورد.  

 دووەم، مەبەست لە ئەوروپا زیاتر تێڕوانین و کرداری وڵاتە بەهێزەکانی ئەوروپایە کە بەرژەوەندیی گەورەیان لە ناوچەکەدا هەیە و ڕاستەوخۆ لە پرسی سەربەخۆییی کوردستاندا لە مەیداندا کاریان دەکرد، ئەوانیش بریتین لە: بریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا. ڕاستە لە نێوان ئەو وڵاتانەدا هەڵوێستی جیاواز هەبوونە و دەبێت، چونکە بەرژەوەندییەکانیان و ئاستی کاریگەری و نفووزیان بەسەر ڕووداوەکان جیاوازە، بەڵام لەسەر بنەمایەکی گشتی کۆکن، ئەویش "پاراستنی یەکپارچەییی عێراق"ه‌.

سەرچاوەی زانیاری و شیکردنەوەی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سمینار و کۆنفڕانسانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لە چەند وڵاتێکی ئەوڕوپا بەشدار بووم. بەر لەوەی پرسیاری سەرەکیی ئەو بابەتە بکەین کە بریتییە لەوەی "ئاییندەی کوردستان لە عێراق لە ڕوانگەی "سیاسەتی یەک عێراق"ی ئەوروپا ((one Iraq policy، دەبێت چۆن بێت"، پێویسته‌ زۆر بەڕاشکاوانە بڵێین کوردستانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، کوردستانی پێش ئەو ڕووداوانە نییە و، نابێت هەمان کوردستان بێت. کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایە، زەرەری گەورەی لە تەواوی سێکتەرە جیاوازەکانەوە بەرکەوتووە، نێوماڵی کورد لە دوای جه‌نگی ناوەخۆوە لە هەموو کاتێک لێکترازاوترە، هاوسەنگی و دابەشبوونی هێز تێک چووە، پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئاڵۆز بووە، حکوومەتی عێراقیش لە دوای ٢٠٠٣وە لە هەموو کاتێک بەهێزتر بووە، پشتیوانی و متمانەی نێودەوڵەتی بە حکوومەتەکەی عەبادی لە ئاستێکی بەرزدایە و، لە هەمووی گرنگتر مۆدێلی حوکمڕانیی کوردی لە کوردستانی باشوور کە لە لایەن "پارتی" و "یەکێتی"یەوە سەرکردایەتی دەکرا، لە ناوەڕۆکیدا ڕووبەڕووی پرسیاری گەورە و جددی بۆتەوە. زۆر گرنگە بەو شێوەیە دەست پێ بکەین، چونکە ئاوا باشتر دەتوانین تێڕوانینی وڵاتانی ئەوروپا لەسەر ئاییندەی کوردستان لە عێراق ڕوون بکەینەوە. من پێم وایە هەموو قۆناغێک ئەولەوییەتی خۆی هەیە. ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات کۆتاییی مێژوو نییە، کۆتاییی کوردستان نییە؛ تەنیا دەبێت لە گۆڕانکارییەکان تێ بگەین. بە چاوی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ناتوانین لە گۆڕانکارییە نوێیه‌کان تێ بگەین. کوردستان پێویستی بە دونیابینییەکی نوێیە؛ پێویستی بە پرسیارکردنە لەسەر پێگە و گرنگیی ستراتیژیی خۆی لە سەرووی ئەو بابەتانەی لە قۆناغی ڕابردوودا قسەی لەسەر دەکرا. بێ ئەو کارە، ئێمە ناتوانین کارێکی بەرهەمدار و مامەڵەیەکی واقعییانە لەگەڵ ڕووداوەکان بکەین و لە هەڵوێستی نێودەوڵەتی تێ بگەین.

لە پشتەوەی سیاسەتی پشتگیریکردنی یەکپارچەییی عێراق، بە مانایەکی دیکە پشتگیرینەکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، کۆمەڵێک هۆکار هەن، بەڵام لە هەمووی گرنگتر دوو هۆکار هەن: یەکەم هۆکار بریتییە لە تێگەیشتن و ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لە دژی هەوڵی سەربەخۆیی لە هەر شوێنێک بێت دروست بووە، بەتایبەت ئەگەر ئەو کەیسە ببێتە هۆی کردنەوەی دەرگەی سەربەخۆیی بۆ چەند نەتەوەیەکی دیکە لەو ناوچە جوگرافییەدا. کاتی ڕیفراندۆمی کەتەلۆنیا و کوردستان لە یەک کاتدا زەرەری بۆ هەر دوو لا هەبوو. ترسێکی گەورەی لە ئاستی نێودەوڵەتی دروست کرد. دەرەنجامەکەی بریتی بوو لە ڕێگەگرتن لەو دوو هەوڵە بە هەر نرخێک بێت؛ لەوەدا سەرکەوتن. دووەم، عێراق بەرەو بەهێزی دەڕوات. لە جه‌نگی داعشدا توانیی لە ڕووی سەربازییەوە سەر بکەوێ و، لە هەمووی گرنگتر توانیی بنەمای سوپایەکی باشتر دابنێت و دامەزراوەکانیش باشتر و کاراتر ببن (سه‌ره‌ڕای بوونی چەندین میلیشیا و هێزی چەکداری کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتدا کار دەکەن). ئەوە دەری دەخات لە نێوان جەنگ و بونیادنانی دەوڵەت، یان دەوڵەتسازیدا پەیوەندییەکی بەهێز هەیە؛ عێراقی دوای جەنگی داعش، زۆر جیاوازە لە عێراقی پێش داعش. ئەوروپییەکان پێیان وایە ئێستا کاتی ئەوەیە عێراق ڕێگە لە دروستبوونەوەی گرووپی دیکە بگرێت و ڕووبەڕووی ئایدیۆلۆژیی داعش ببێتەوە. لێرەدا ئەگەر بێینە سەر وردەکارییەکان، ئەو پشتگیرییە بە مانای ڕێگەگرتن لە ئاوارەبوونی خەڵکی زیاتر بۆ ئەوروپا و، ڕێگەگرتن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق لە لایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە دێت؛ بێ گومان چەند هۆکار و بەرژەوەندییەکی ماددیی دیکە.

فەرماندەیەکی سەربازیی یەکێ لەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە بەشێکی سەرەکییە لە هاوپەیمانییەتیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، لە سمینارێکدا گوتی: ''پلانی هێرشکردنە سەر کەرکووک چەند مانگێک بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان داڕێژرا بوو، ئەو هێرشە بۆ وڵاتانی ئەوڕوپا چاوەڕوانکراو بوو''. کەواتە وڵاتە ئەوڕوپییەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان نەوەک هەر چاوپۆشییان لە هێرشەکانی بەغدا کرد، بەڵکوو بێدەنگییان بووە مایەی هاندانی حکوومەتی بەغدا لە گرتنەبەری تەنانەت ڕێکاری نادەستورییش لە دژی خەڵکی کوردستان. بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە بپرسین: ئەوروپا چ جۆرە کوردستانێکی دەوێت؟ بابەتی "هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و سەقامگیر لەنێو عێراقێکی یەکگرتوو"، بووەتە خیتابی سەرەکیی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەین ئەو خیتابە شی بکەینەوە.

یەکەم: ئەوروپا هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و سەقامگیری دەوێ لەنێو عێراقێکی یەکگرتوودا. ئەگەر لە بەستێن و چوارچێوەی ئەو خیتابەدا ورد بینەوە، دەبینین زیاتر لەسەر بنەمای سیاسەتی یەکپارچەییی عێراق داڕێژراوە، نەوەک لەسەر بنەمای پێگە و ئاییندەی هەرێمی کوردستان. واتە یەکپارچەییی عێراق ناوەڕۆکی خیتابەکەیە و، هەرێمێکی کوردستانی بەهێزیش وەکوو هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئەو یەکپارچەیییە. ئەگەر زۆر توند نەبم، دەمەوێ بڵێم یەکپارچەییی عێراق ئامانجەکەیە و هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و سەقامگیر ئامرازەکەیە؛ چۆن؟ ئەوان دەزانن کورد چۆن ناتوانێت یان ناهێڵدرێت سەربەخۆ بێت، ئاوایش ناتوانێت عێراقی بێت یان ببێتە هاووڵاتییەکی بێدەنگ و بێکێشە و گوێڕایەڵ لە عێراق و، عێراقیش ناتوانێت ببێتە وڵاتی هەمووان؛ بە لایەنی کەم لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو ئاوا بووە. بۆیە دەبێت جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بۆ خەڵکی کوردستان هەبێت. ئەو ئۆتۆنۆمییەیش دەبێت بەهێز و سەقامگیر بێت لەبەر چەندین هۆکار: بۆ ئەوەی داواکاری و پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستان پڕ بکاتەوە و، بتوانێ کەمینە و پێکهاتە جیاوازەکانیش لەخۆ بگرێ، کە پێناچێ تا چەندین ساڵی دیکە بتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان؛ هەروەها بەردەوام وەکوو کارتێکیش بەرامبەر بەغدا بهێڵدرێتەوە کە ئەگەر هات و بەرژەوەندییەکانی ئەوانی نەپاراست، دەتوانن لە ڕێگەی کوردەوە بگەڕێنەوە.

دووەم: لە پاڵ خیتابی یەکەمدا، بابەتی "هەرێمێکی کوردستانی دیموکراتی و دامەزراوەیی" قسەی لێوە دەکرێ. لێرەدا جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی بەدیموکراسیکردن و دامەزراوەییکردن وەک بەشێک لە عێراق، لەگەڵ ئەوەی ئامانجەکەی بۆ ئامادەکردنی هەرێمی کوردستان بێت بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق. لەبەر ئەوە، من گومانم هەیە مەرجی بەدیموکراسیبوون و بەدامەزراوەییبوونی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق بەباشی بەڕێوە بچێت کاتێک ئامانجی سەربەخۆیی لەسەر مێز بێت، چونکە ئەو کاتە حکوومەتی عێراقی کێشەی زۆر دروست دەکات و، پشتگیریی نێودەوڵەتییش بۆ پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێم سنووردار دەبێت. بە مانایەکی دیکە، هەوڵی بەدیموکراسیکردن و بەدامەزراوەییکردن لەگەڵ هەبوونی مەیل و خواستی هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، ڕووبەڕووی کێشەی دووسەرە (dilemma)ی زۆر دەبێتەوە؛ واتا بەئاسانی ئەو دووانە بەیەکەوە لەگەڵ یەک هەنگاو نانێن. خاڵێکی دیکە ئەوەیە، گوتنی ئەوەی "کوردستان دەبێت دیموکراسی و دامەزراوەیی بێت"، بە مانای ئەوە نایه‌ت دواتر پشتگیریی دەکرێ و، دان بە سەربەخۆییی کوردستاندا دەنرێ. بۆیە دەبێت ئەوە زۆر بەباشی ڕوون بکرێتەوە. بەڵام خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە نییەتێکی زۆر هەیە لە ئەوروپا، بەتایبەت لە لایەن وڵاتێکی وەکوو ئەڵمانیا، کە پشتگیریی هەرێمی کوردستان بکرێ لە پڕۆسەی بەدامەزراوەییکردن.

بۆیە لێرەدا کوردستان دەتوانێت بەهێز دەربکەوێتەوە و مامەڵە لەگەڵ قۆناغێکی نوێدا بکات، کە تیایدا دەبێت ئەولەوییەت بۆ مەسەلەی دیموکراسی و دامەزراوەییکردن بێت. لێرەدا هەم زەروورەتێک هەیە زیاتر لە هەموو قۆناغەکانی ڕابردوو، هەمیش پشتگیری و نییەتی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا هەیە. ئەم کارەیش دەتوانێ هەرێمی کوردستان بەهێز بکاتەوە و ڕووبەڕووی ئەو کێشانە ببێتەوە کە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا گەورەترین بەربەست بوونە لە بەردەم حوکمڕانییەکی باش لە هەرێمی کوردستان، لەوانە: یەکنەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە. وڵاتانی ئەوروپا ئامادەن لە پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەدامەزراوەییکردنی، پشتگیریی هەرێم بکەن. ئەمەیش دووبارە هەم زەروورەتە و هەمیش پشتگیریی وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئەو کارە، پێشوەختە بوونی هەیە.

دەرەنجام

هیچ کەس ناتوانێ پێشبینی بکات عێراق دەتوانێ بە سەقامگیری بمێنێتەوە؛ هەمیشە ڕووداوی چاوەڕواننەکراو تەواوی بەرنامەکان تێک دەدات. بەڵام لە ڕوانگەی ئەوروپییەکانەوە عێراق لە سەردەمی عەبادی بەرەو سەقامگیری دەڕوات و بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی دەکەن. کورد دەبێت ئەو ڕاستییە بزانێ، نەوەک نکۆڵیی لێ بکات. بۆیە دەبێت بەدوای ڕێگەیەکی دیکە بگەڕێت. ئێستا دەتوانین تێ بگەین ئەو کوردستانەی ئەوروپا دەیەوێ، ئەو کوردستانە نییە کە ڕەنگە حزب و لایەنەکانی کوردستان و تەنانەت خەڵکی کوردستانیش بیەوێ، بەڵام هەمیشە دەتواندرێ دەرفەتێک بدۆزرێتەوە. قۆناغی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، دەتوانێ ببێتە دەرفەتێکی گەورە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی کێشە بونیادی و جەوهەرییەکانی حوکمڕانی لە کوردستان ببینەوە و، پشتگیریی وڵاتانی ئەوروپا لە پڕۆسەی دیموکراسی و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی کوردستاندا ببێتە بنەمای قۆناغێکی نوێ و گێڕاندنەوەی بایەخی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples