چەمکی سەروەریی دەوڵەت لە دكتۆرینی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای ترامپدا

دكتۆرینی سیاسەتی دەرەوە (Foreign Policy Doctrine)، مەبەست لێی داڕشتنی کۆمەڵێک ڕێسای گشتییە بۆ چۆنێتیی مومارەسەکردنی سیاسەتی دەرەوە و، چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتان لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا. سەرۆکی وڵات، لە ڕێگەی ئەو دكتۆرینەوه‌ خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکان و، چ شتێک دەبێت بکرێت، دەکات. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، دكتۆرینی سیاسەتی دەرەوە، لە لایەن سەرۆک، کابینەی نوێ و جومگە سەرەکییەکانی وڵات دادەڕێژرێت. ئەمریکا لە مێژووی خۆیدا، چەندین دكتۆرینی جیاواز و نوێی بەخۆوە بینیوە، کە گۆڕانکاریی ستراتیژیی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە؛ بۆ نموونە ئایدیای preemptive war، بە یەکێک لە شابنەماکانی دكتۆرینی جۆرج دەبلیۆ بۆش دادەنریت، کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی لە دوای ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەرەوە دروست بوو، ئەمریکا دەبوو هێرش بکاتە سەر دوژمنەکانی، بەر لەوەی دوژمنەکانی توانای زیانپێگەیاندنی ئەمریکایان هەبێت؛ بەتایبەت لە دۆخێکدا کە جەنگ تەنیا مەسەلەی کاتە و، هەر ڕوو دەدات. لەژێر ڕۆشناییی ئەو دكتۆرینەدا، ئەمریکا دوو جەنگی لە دژی ئەفغانستان و عێراق هەڵگیرساند؛ بە نموونە.

بۆیە قسەکردن لەسەر دكتۆرینی سەرۆکی نوێی ئەمریکا (دۆناڵد ترامپ)، کارێکی زۆر گرنگە. لە ڕێگه‌ی ئەو کارەوە، ئێمە دەتوانین پێشبینیی ڕووداوەکان بکەین و، دروستکەرانی بڕیار، کاتێک پێویست دەبێت پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی خۆیان بکەن،. ڕاستییه‌كه‌ی، مەبەست لە بوونی دكتۆرین، دۆخێکی دۆگما و چەسپاو نییە لە سیاسەتی دەرەوەدا، بەڵکوو ئەو دكتۆرینە ڕێبازێکی واقعییە لەسەر بنەمای تێگەیشتنی کابینەی نوێی حکوومەت بۆ سیاسەت و ڕووداوەکانی ڕابردوو؛ لەگەڵ پێگەی وڵات و خوێندنەوەی ئاییندەدا دادەڕێژرێت. دەشێت گۆڕانکارییەکی گەورە لەسەر ئاستی جیهانی، یان لەسەر ئاستی ناوەخۆ، ناوەڕۆکی دكتۆرینی وڵات بگۆڕێت، یان کێشەی گەورەی بۆ دروست بکات؛ کە بەناچاری دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. تەنانەت هەندێک لە توێژەرانی بواری ستراتیژییەت و سیاسەتی دەرەوەیش باوەڕیان وایە لە سەردەمی ئێستادا، لەبەر ئاڵۆزی و خێراییی ڕووداوەکان، بوونی دكتۆرینێکی دیاریکراو مومکین نییە.

ئەو بابەتە لەسەر خودی دكتۆرینی سیاسەتی دەرەوە نییە، تا بچینە نێو تەواوی وردەکارییەکان، چونکە ڕەهەند و بنەماکانی دكتۆرینی سیاسەتی دەرەوە فراوانن، بەڵکوو لێرەدا هەوڵی وەڵامدانەوەی دوو پرسیاری سەرەکی دەدەین: چەمکی "سەروەری"، وەکوو یەکێک لە گرنگترین چەمکەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی، پێشبینی دەکرێت لە سەردەمی ترامپدا و، لە دكتۆرینی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، چ شێوەیەک وەربگرێت؟ گۆڕانکاری لە چەمکی سەروەریدا، چ کاریگەرییەکی لەسەر ئاییندەی پرسی کورد دەبێت؟

سەروەری لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا

سیستەمی نێودەوڵەتی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەکان بووە و، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتبوون (statehood) بریتی بووە لە سەروەری؛ دەوڵەتیش دەسەڵاتی باڵای بەسەر بەکارهێنانی هێز و تەواوی خاکی وڵاتدا هەبووە. ئەو سیستەمە بۆ ساڵانێکی زۆر بە شێوەیەک مامەڵەی لە تەکدا کراوە، وەکوو ئەوە بێت کە دۆخێکی سروشتی و نەگۆڕە، بەڵام کۆمەڵێک گۆڕانکاری لەسەر ئاستی جیهانی، ئەو گۆمەی شەقاند؛ بەتایبەت نەمانی سیستەمی دووجەمسەری و ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت. "سەروەری"، شێوە و ناوەڕۆکی جیاوازی وەرگرت. چیدی سەروەریی دەوڵەت تەنیا بە مانای بوونی دانپێدانانێکی فەرمیی یاسایی لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانەوە نەدەهات، بەڵکوو چەمکی "سەروەریی ئیجابی" (positive sovereignty) سەری هەڵدا؛ کە کیانێک دەتوانێت دەوڵەتیش نەبێت و، دانپێدانانێکی فەرمییشی نەبێت، بەڵام دەتوانێت سەروەریی بەسەر ئەو خاکەوه‌ هەبێت، كه‌ تیایدا حوکم دەکات. لەبەر ئەوە، نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، بە قۆناغێکی هەرە گرنگ لە مێژووی کیانە نادەوڵەتییەکان دادەنرێت. لەو قۆناغەدا، کۆمەڵێک کیان و ئەکتەر دەرکەوتن، کە دەسەڵات و کۆنتڕۆڵیان بەسەر خاک، جوگرافیا و ناوچەیەکی دیاریکراودا بەدەست هێنا و، دەوڵەتیش نەبوون، بەڵام توانییان بمێنن و لەنێو خودی سیستەمی نێودەوڵەتیدا نەشونما بکەن؛ تەنانەت لە دەرەوەی بەستێنی سەروەری و دانپێدانانی فەرمی.

لەو ساتەوە کیانە نادەوڵەتییەکان تەحەددییەکی گەورە بوونە لەسەر تێگەیشتن و خوێندنەوە کلاسیکییەکان بۆ سەروەریی دەوڵەت. ڕاستە بەجیهانیبوون ڕێگەی بە چەندین ئەکتەر و کیانی نادەوڵەتیی دا دەربکەون و، پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵانی وڵاتە دانپێندراوەکان دروست بکەن، بەڵام لە هەمووی گرنگتر، بوونی ئەمریکا بوو بە تاکە هێزی باڵای جیهان و، کارکردنی ئەمریکا بوو لەسەر دروستکردنی سیستەمی لیبڕاڵی نوێی جیهانی؛ کە ڕێگەی بۆ ڕەخنەگرتن لە چەمکی یەکپارچەییی خاک (territorial integrity) و چەمکی دەستێوەرنەدان (non-intervention) خۆش کرد. بە نموونە، بەبێ ئەو گۆڕانکارییە گەورانە، ئه‌ستەم دەبوو کیانێک بۆ کوردەکان لە باشووری کوردستان دروست ببووایە. بۆیە پێویستە بەردەوام تێگەیشنێکی وردمان بۆ گۆڕانکارییە جیهانییەکان هەبێت؛ بەو مانایەی کە گۆڕانکاریی گەورە لە سیستەمی نێودەوڵەتی، کاریگەریی گەورەی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، وەکوو کیانێکی نادەوڵەتی. چونکە هەرێمی کوردستان لە دەرەنجامی گۆڕانکارییەکان لە سیستەمی نێودەوڵەتییەوە دروست بووە. تەنانەت ئەگەر ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ لە قۆناغەکانی جەنگی سارددا ڕووی بدایە، چاوەڕوان نەدەکرا دەستێوەردانی نێودەوڵەتی لە ئاستێکدا بێت، کە کیانێک بۆ کوردەکانی لێ بکەوێتەوە.

بەڵام ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییەی کە مایەی نیعمەتێکی زۆر بووە بۆ هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی نادڵنیایییەکی زۆر بۆتەوە و لە قۆناغی گواستنەوەدایە؛ لە بەردەم چەند واقعێکی نوێدایە، کە ئاماژەی ئاییندەیەکی باش نین بۆ کیانە نادەوڵەتییەکان. چونکە ئەو بنەما و سیستەمەی کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی کیانە نادەوڵەتییەکان خۆش کرد، لە ئێستادا لە بەردەم گۆڕانکاریی گەورەدان. هێزی ئەمریکا، کە لە دوای جەنگی ساردەوە چەقی سیستەمی نێودەوڵەتی بووە، لە ئێستادا بەشێک لە هێزەکەی کەوتۆتە دەستی ڕووسیا، چین، هندوستان و هێزە هەرێمایەتییەکانی وەکوو تورکیا و ئێران.

دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتۆ، یەکێتیی ئەوروپا، هەموویان لە بەردەم گوشاری گەورەدان. ئەو گۆڕانکارییانە لەگەڵ خۆیاندا جیهانیان بردۆتە دۆخێکی ناجێگیر، نادڵنیا و بارگۆڕاوی بێوێنەوە. نەبوونی بونیادێکی نێودەوڵەتیی بەهێز بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان زلهێزەکان، هەروەکوو لە ڕابردوو (قۆناغی پێش جەنگی جیهانیی یەکەم بە نموونە) سەلمێندراوە، دەرهاوێشتەی کارەساتباری دەبێت. ئەوەی دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە، ئەوەیە کە تا ئێستا دۆناڵد ترامپ هیچ دۆکیومێنت و خوێندنەوەیەکی ڕوونی لەسەر هەلومەرج و بارودۆخی جیهان نەخستۆتە ڕوو. لەبەر ئەوە، توێژەران و لێکۆڵەرەوان لە هەوڵی پێشبینیکردن و شڕۆڤەکردنی ئەو سەرەداوانەن کە لە لایەن ترامپ و ئیدارەکەیه‌وه‌ خراونەتە ڕوو.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چوار دەوڵەتی گەورەی کلاسیکی لە لێواری لەناوچووندان: سووریا، عێراق، لیبیا و یەمەن. ئەو وڵاتانە توانای بەجێگەیاندنی ئەرکە سەرەکییەکانی دەوڵەتیان لەدەست داوە، جەنگی ناوخۆی درێژخایەن سەری هەڵداوە و، لەگەڵ خۆیدا چەندین گرووپی چەکداری نادەوڵەتی، کە تەحەدییەکی گەورەن لەسەر سەروەری و دەسەڵاتی دەوڵەت، دروست بوونە. ڕاستییه‌كه‌ی، لەناوچوون و شکستخواردنی دەوڵەتان تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو نادات، بەڵکوو لە ئەوروپا لەنێو جەرگەی شارستانییەتی ڕۆژاوادا، کۆمەڵێک وڵات لە قەیرانی گەورەی شەرعییەتی سیاسیدان، وەکوو یۆنان و بولگاریا، کە ناتوانن داواکاریی هاووڵاتیان بەجێ بگەیەنن. جەنگی ناوخۆیی و قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس و کۆچکردن بۆ ئەوروپا؛ کە قەیرانێکی گەورەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دروست کرد و، هەندێک پێیان وایە قەیرانی پەنابەران و کۆچبەرانی نایاسایی، بە هەوێنی سەرکەوتنی BREXIT بۆ کشانەوە لە یەکێتیی ئەوروپا دادەنێن، کە هەڕەشەی گەورەیە لەسەر ئاییندەی یەکێتیی ئەوروپا.

لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا، لە بوونی کێشەی گەورە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، لە ئاوابوونی هێژموونیی کلاسیکی ئەمریکا بەسەر جیهاندا، ڤلادیمیر پووتین، پێشنیازی سیستەمی فرەجەمسەری (multipolar) دەکات، کە ڕەگوڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی هاوسەنگیی هێز لە سەدەی نۆزدەدا. ئەوەی کە ئێستا ڕوو دەدات، بریتییە لە هاتنەپێشی چەندین هێزی زلهێز لە جیهاندا و، ئەو هێزانە لەگەڵ خۆیاندا چەندین چەمک و شێوازی ژیانی جیاواز دەهێننە سەر مێزی گفتوگۆکان؛ کە هەموویان ڕێگر دەبن لە بەردەم بوونی سیستەمێکی باو و زاڵ لە جیهاندا.

تێگەیشتنی ترامپ بۆ سەروەریی دەوڵەت

بە تێگەیشتن لەو گۆڕانکارییانەدا کە ڕوویان داوە و، بە گەڕانەوە بۆ چەند وتارێکی ترامپ، چ لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن و، چ لە ماوەی سەرۆکایەتیی خۆیدا، دەتوانین پێشبینی بکەین گۆڕانکارییەکان لە سەروەریی دەوڵەتدا، لە ناوەڕۆکی دكتۆرینی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت. پێشبینی دەکرێت جۆرێک لە گەڕانەوە بۆ تێگەیشتنی کلاسیکی بۆ سەروەریی دەوڵەت ڕوو بداتەوە. بێ گومان بە هیچ شێوەیەک گەڕانەوە بۆ قۆناغی جەنگی سارد، بوونی نییە؛ بۆ ئەو قۆناغەی کە لەژێر بنەمای سەروەریدا، وڵاتان مافی دەستێوەردانیان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکەدا نەبوو. چونکە زۆرێک لە گۆڕانکارییەکان لە پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و که‌لتوورییەکان، بەقووڵی ڕەگوڕیشەی داکوتاوە، بەڵام دۆخەکەیش وەکوو خۆی نامێنێتەوە.

ترامپ لە گوتاری خۆیدا، لە کۆنگرێسدا لە ٢٨/٢/٢٠١٧ دا گوتی: ''ئەمریکا ڕێز لە مافی هەموو نەتەوەکان دەگرێت، بە گرتنەبەری ڕێگه‌ی خۆیان .... کاری من نوێنەرایەتیکردنی ئەمریکایە، نەوەک جیهان'." ڕاستیی ئەو ڕستەیە شتی زۆرمان پێ دەڵێت؛ ڕەنگە یەکەم جار بێت ئەمریکا دوای چەندین دەیە، بەو شێوەیە سەیری پێگەی خۆی لە جیهان و وڵاتانی دیکەی کردبێت. لە ڕابردوودا، دروستکەرانی بڕیاری ئەمریکا، بەردەوام هێژموونی و سەرکردایەتیی ئەمریکایان لە جیهاندا، بەستبۆوە بە کارابوونی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهانی و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیی هاوپەیمانەکانی؛ تەنانەت ئەگەر وا دەرکەوتبا لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایش بێت. ئیدارەی نوێی ترامپ، سەیری ئەمریکا ناکات وەکوو پارێزەری سیستەم و سەقامگیریی جیهانی. گۆڕانکارییە بونیادییە گەورەکە، دەبێت؛ ئەگەر ترامپ بەو شێوەیە بەردەوام بێت. ڕێگەدان بە وڵاتان بۆ گرتنەبەری ڕێگه‌ی تایبەتی خۆیان، بە مانای بە جۆرێک لە جۆرەکان، گەڕانەوە بۆ سەردەمی سەروەریی دەوڵەت بەسەر کاروباری ناوخۆی خۆیدا دێت و، کاتێک دەوڵەتان ترسیان لە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی نەبێت، حکوومەتە مەرکەزییەکان زیاتر بەهێز دەبنەوە و بارودۆخی کیانە نادەوڵەتییەکان لە دۆخێکی نادڵنیاتر دەبێت.

هەرێمی کورستان لەو گۆڕانکارییانەدا

لەو گۆڕانکارییانەی لە جیهاندا ڕوو دەدەن، کە بەشێکیان وەکوو پاشەکشەیەک بۆ سیستەمی لیبڕاڵی جیهانی دادەنرێن، ڕەنگە کورد ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بکاتەوە، بە تایبەت ئەگەر هاتوو ئاراستەکە بە پێچەوانەی بنەما لیبڕالییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی بەردەوام بوو. چونکە کورد دابەش بووە بەسەر چوار وڵاتدا، کە هیچیان دیموکراتی نین. ڕەنگە بۆ ڕاگرتنی سەقامگیریی هەرێمایەتی، ئاراستەکان بەرەو بەهێزکردنەوەی 'حوکمڕانییەتی مەرکەزی' بێت لە ناوچەکەدا کە ساڵانێکە شکستی خواردووە. ئەو دۆخەیش ڕێگر دەبێت لە دروستکردنی کیانێکی نوێ، چونکە دروستکردنی کیانی نوێ، پێویستیی بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکی دەبێت، کە پێ ناچێت ترامپ پشتگیریی ئەو دۆخە بکات؛ زیاتر چاوەڕوان دەکرێت پشتگیریی ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و ئیدارەکردنی ململانێکان لە چوارچێوەی ناوەخۆی دەوڵەتە کلاسیکییەکانی ناوچەکەوە بکات. کێشەکەیش لەوەدایە، دەستێوەردانی ڕووسیا لە ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزدایە؛ بۆیە دەستێوەردانی ئەمریکا زۆر لە جاران زەحمەتتر دەبێت و، ترامپ ئەو ڕیسک (risk)ه‌ ناکات. ڕاستە بارودۆخی کورد لە هەرێمی کوردستان تەواو جیاوازە لە ڕۆژهەڵات، باکوور و ڕۆژاوا، چونکە خاوەن کیانێکی سەربەخۆیە و پارێزراوە، بەڵام تێپەڕبوونی کات لە بەرژەوەندیی هەرێمدا نابێت، بەتایبەت کاتێک هەرێم نەیشاردۆتەوە کە بە دوای پڕۆژەی سەربەخۆیییە. بۆیە گۆڕانکاری، ئەگەر دەبێت ڕوو بدات، دەبێت زۆر زوو ڕوو بدات.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples