هەرێمی کوردستان پێویستی بە ستراتیژییەتی ڕێگرتن لە توندڕه‌ویی توندوتیژانه‌یه‌

کامەران محەمەد عەزیز، مامۆستای زانکۆ، کۆلێژی زانستە سیاسییەکان، زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر

باکگراوند

یەک لەو پرسانەی نووسەری ئەم بابەتە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو کاری لەسەر کردووە بریتییە لە توندڕه‌ویی توندوتیژانه (violent extremism) لە ڕووی تیۆری و لە کەیسی هەرێمی کوردستان. یەک لەو پرسیارانەی لە زۆربەی مێزگرد و کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکان ڕووبەڕووم دەکرایەوە ئەوە بوو کە: "ئایا لە کوردستان ئێمە کێشەی توندڕه‌ویمان هەیە؟" ڕاستییه‌كه‌ی، مەبەست لە ئاراسته‌كردنی ئەو پرسیارە ئەوە بوو کە ئێمە کێشەی توندڕه‌ویمان نییە؛ بۆ قسەی لەسەر بکەین. وەکوو لە خوارەوە ئاماژەمان پێ داوە، کۆمەڵێک گۆڕانکاری پێویستە لە تێگەیشتن و چەمکەکان بکرێ، بەتایبەت جیاوازیکردن لەنێوان ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم لەگەڵ ڕێگەگرتن لە توندڕه‌ویی توندوتیژانه. کوردستان بەراورد بە کۆمەڵگه‌کانی دیکە کێشەی تیرۆریزمی نییە، بەڵام کێشەی توندڕه‌ویی هەیە و، پێویستە ڕێگەی لێ بگیرێ بەرەو تیرۆریزم بڕوا. ئامانجی سەرەکیی ئەم نووسینە، دروستکردن و کردنەوەی گفتوگۆیە لەسەر بابەتی توندڕه‌وی لە کوردستان بە شێوەیەکی گشتی. لە نووسینەکانی ئاییندەدا هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی وردتر و دیاریکراوتر لە هەر یەک لە ڕەهەند و لایەنەکانی ئەو بابەتە بکۆڵینەوە.

هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکدایە، کە پڕە لە ناسەقامگیری و ململانێ و ڕکابەریی هێز و دەستێوەردان و جەنگی ناوخۆیی و پێکدادانی ناسنامە جیاوازەکان و دروستبوونی گرووپی چەکداری جیاواز، کە هەموویان بەیەکەوە ئاسایش و مانەوەی کۆمەڵگه و دەوڵەتەکان و پێکەوەژیانی کۆمەڵە و پێکهاتە و نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاوازەکان دەخەنە ژێر مەترسییەوە. سەرهەڵدانی داعش لە سووریا و عێراق و تەشەنەکردنی بۆ وڵاتانی ناوچەکە، ئەوەی نیشان دا کە کێشەکانی ناوچەکە تەنیا کێشەی ناوخۆیی نین و بەڵکوو بڵاو دەبنەوە و دەبنە کێشەی هەمووان؛ لەوانە کۆمەڵگه‌ی کوردستانی. لە کاتێکدا عێراق لە قۆناغی دوای ٢٠٠٣ زەمینەیەکی لەباری بۆ گەشەکردنی تیرۆریزم و توندڕه‌ویی توندوتیژانه‌ی تێدا بوو و، بوو بە هەڕەشە لەسەر تەواوی کۆمەڵگه و دەوڵەتی عێراقی، کوردستان بەوە جیا دەکرایەوە کە بەپێچەوانەوە زەمینەیەکی ڕێگریی هه‌یه‌ لە بەردەم پەڕگیری و توندڕەویدا. بەداخەوە، گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوو کە لە خوارەوەدا ئاماژەیان پێ دراوە، پیشانی دەدەن کە پاڵنەرەکان و زەمینەی توندڕه‌وی لە کوردستان ڕوو لە زیادبوونە، بەتایبەت هۆکارە پاڵپێوەنەرەکان (push factors)؛ کە ئەگەر ڕێگرییان لێ نەکرێ، ئەوا دەتوانن ببنە سەرچاوەی کێشەی گەورە و نائاسایشی بۆ هەرێمی کوردستان. بۆیە زەروورەتی داڕشتن و لەخۆگرتن و جێبەجێکردنی پلانێکی نیشتمانی بۆ ڕێگەگرتن لە توندڕه‌ویی توندوتیژانه لە کوردستان لە ئێستادا لە هەموو کات زیاترە.

لە چەند ساڵی ڕابردوو، دووبەرەیی یان جەمسەرگیری (polarisation)[1] لە هەموو ئاستە جیاوازەکاندا ڕوو لە زیادبوون بووە، بەتایبەت لەنێو چینی گەنجاندا. بە هەمان شێوە، لە ساڵانی ڕابردوو ناڕەزایی و نائومێدیی خەڵک، بەتایبەت گەنجان، لە دەسەڵاتە خۆجێیی و نیشتمانییەکان زیاتر بووە، تا ئاستێکی زۆر مەترسیدار. کۆمەڵێک هۆکار هەن دەتوانن شیکردنەوە بۆ زیادبوونی چەندبەرەیی و جەمسەرگیری و ناڕەزایی و نائومێدیی خەڵک بکەن لەنێو کۆمەڵگه‌دا، ئەوانیش بریتین لە سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە ساڵی ٢٠١٤وە و، سستی و لاوازی لە هەنگاو و ڕێکارەکانی سەرخستنی چاکسازی و کەمکردنەوەی گەندەڵی، هەروەها بەهێزکردنی تواناکانی گەنجان. جگە لەمانەیش، کوردستان و ماڵی کوردستانی لەو قۆناغەدا لێکترازانێکی سیاسیی زۆری بەخۆوە بینی، کە کاریگەریی گەورەی لەسەر زیادکردن و فراوانکردنی جەمسەرگیری لەنێو خەڵک بەگشتی و لەنێو گەنجان بەتایبەتی، هەبوو.

یەک لە دەرەنجامە سەرەکییەکانی ئەو گفتوگۆ و مێزگردانەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکان ئەنجامم داوە، بریتییە لەوەی کە لەنێو گەنجاندا بەگشتی ناسنامەیەکی جیاواز لە گەشەکردندایە کە تیایدا "دەسەڵات" بە "ئەوی دیکە" (the other) دەبینێ؛ ئەوەیش گۆڕانکارییەکی نەرێنیی گەورەیە لە مێژووی سێ دەیەی ڕابردووی هەرێمدا. بە ئەوی دیکە سەیرکردنی دەسەڵات و هەستی دژەدەسەڵات لەنێو گەنجاندا، کە ڕوو لە زیادبوونە، توانای ئەوەی هەیە بگۆڕدرێ بۆ کۆمەڵێک کردار و دەرهاوێشتە، کە پێشوەختە بەشێک لەو دەرهاوێشتانە ڕوویان داوە، لەوانە کۆچکردن بۆ دەرەوەی کوردستان، وەک ڕەتکردنەوەی دۆخی هەنووکەیی و خۆپیشاندان و ناڕەزاییدەربڕین تەنانەت بە شێوەیەکی توندوتیژانە.

ئاشکرایە کە ناڕەزاییی خەڵک و گەنجان لە حکوومەت و دەسەڵات و دۆخی حوکمڕانێتی، شتێکی نوێ نییە و لە ڕابردوویشدا ئەو دەرهاوێشتانەی لێ کەوتۆتەوە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، لەنێویاندا کۆچکردن و خۆپیشاندانی توندوتیژانە؛ بەڵام ئەوەی نوێیە ئەوەیە کە زیادبوونی هەستی دژەدەسەڵاتی و خۆدوورخستنەوە لە مانا و بەها و پرسە باڵا نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لەنێو چینی گەنجاندا، دەکرێ ببێتە ڕێبەستێکی گەورە و هۆکاری پرسیاردروستکردن لەسەر ڕەوایەتیی دەسەڵات و حکوومەت و تەنانەت کیانی هەرێمی کوردستان. ئەوەیش زەمینەیەکی مەترسیدار و لەبارە بۆ توندڕەوکردن و ڕادیکالیزەیشنی گەنجان؛ هەروەک لە مێژوو و نموونەی کۆمەڵگه و بەستێنە جیاوازەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە. ڕەوایەتیی ناوخۆیی لە کوردستان جگە لەوەی ڕێگر دەبێ لە توندڕه‌ویی گەنجان، کۆلەکەیەکی مانەوە و بەردەوامێتیی کیانەکەیشە.

زیادبوونی زەمینەی توندڕه‌وی، دەتوانێ ببێتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر پێکەوەژیانی پێکهاتە و گرووپە جیاوازەکانی کوردستان. لە دوو لێکۆڵینەوەماندا، کە پشتی به‌ میتۆدی توێژینەوەی تێکەڵاو بەستووە، لە نێوانیان ڕاپرسی دەرکەتووە کە زۆرینەی بەشداربووان پێیان وایە کۆمەڵگه ڕووبەڕووی کێشەی توندڕه‌وی بۆتەوە. لەگەڵ ئەوەیش، تەنیا نیوەی بەشداربووان لە ئێستا پێیان وایە ئەو توندڕه‌وییه‌ دەبێتە هۆی توندوتیژی لە ئاییندەیەکی نزیکدا. هێشتا زۆرینە پێی وایە بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵە. کەواتە ئەوەی پێویستە، ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و هەڕەشەیەک لە کاتی ئێستا نییە، بەڵکوو ڕێگەگرتنە (بڕوانە خوارەوە).

چونکە توندڕه‌وی بریتییە لە ڕەتکردنەوەی فرەیی و ناسنامە جیاوازەکان لە کۆمەڵگه‌دا و، جەمسەرگیرییش دەبێتە هۆی دابەشکردنی کۆمەڵگه بۆ دوو بەرە یان چەند بەرەی دژبەیەک، کە ڕێگەخۆشکەر دەبێ بۆ توندڕه‌وی و قبووڵنەکردنی یه‌كتر. هەر لە دەستپێکی جه‌نگی داعش و قەیرانی دارایییەوە لە ٢٠١٤، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەولەوییەتی کارەکانی، گۆڕا بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەت و دابینکردنی خەرجیی جه‌نگی داعش و کێشەکانی دیکە لەگەڵ حکوومەتی عێراقی. لەو ماوەیەدا پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و ڕێگەگرتن لە جەمسەرگیری و توندڕه‌وی لە ڕێگەی بەرنامەی چاکسازیی پەروەردەیی و بوارەکانی دیکە، نەبوو بە ئەولەوییەتی کارەکانی حکوومەت. جگە لەمە، بەداخەوە، بیرکردنەوەیەک هەیە کە پێی وایە کێشەکانی ئێستای گەنجان و نیگەرانییەکانیان، جیاواز نین لەگەڵ قۆناغی دوو دەیەی یەکەمی کوردستان و پێیان وایە بەپێی تێپەڕبوونی کات و بە چارەسەرکردنی دۆخی داراییی حکوومەت، دەکرێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێ. ئەو بیرکردنەوەیه‌ نەک دروست نییە، بەڵکوو مەترسیداریشە، چونکە ناتوانێ مەترسییەکە ببینێ.

توێژینەوە و داتاکانی ئێمە دەری دەخەن کە لە ڕابردوودا چەند هۆکارێکی سەرەکی وای کردبوو کە ڕێگە لە توندڕه‌ویی توندوتیژانه لە کوردستاندا بگیردرێ، لەوانە: یەکەم، ناوەندبوونی هەستی کوردایەتی کە ڕێگەی لە جۆری توندڕه‌ویی ئایینی دەگرت؛ دووەم، ئەو جۆرە ئاییندارییەی لای زۆرینەی کوردستانییەکان پەیڕەو دەکرا کە زیاتر ئاییندارییەکی سۆفی و باتنی، هەروەها "سادە" بووە؛ سێیەم، لە دوای ٢٠٠٣ پەرەپێدانی ئابووری و باشتربوونی گوزەرانی خەڵک، ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی نێوان خەڵک و دەسەڵات دروست کرد، کە ڕێگر بوو لە بەردەم زەمینەی توندڕه‌وبوونی خەڵک؛ چوارەم، هه‌بوونی متمانەیەکی بەهێز له‌ نێوان هاووڵاتیان و دەمەزراوە ئەمنییەکاندا. ئەوانە وایان کردبوو خۆگری و بەرگری (resilience) لە دژی توندڕه‌وی لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگه‌دا دروست ببێ. ڕووداوەکانی ئەم دوایییانە بەداخەوە ئاماژە بە کەمبوونەوەی پابەندبوونی خەڵک و گەنجان بە بەها و بنەما نەتەوەیییەکان و "کوردایەتی"، تێکەڵاوی و هاتنی گوتار و ڕێبازی ئایینداریی جیاواز لەنێو کۆمەڵگه و، تێکچوونی گوزەرانی خەڵک دەکەن. بە مانایەکی دیکە، ئەو فاکتەرە سەرەکییانەی کە لە ڕابردوو توانیبوویان زەمینەی بەرگری لە بەرامبەر توندڕه‌ویی توندوتیژانه‌دا دروست بکەن، ئێستا لە لاوازبووندان. بۆیە کێشەکانی ئێستا هەمان کێشەکانی دوو دەیەی یەکەمی کۆمەڵگه‌ی کوردستانی نین، کە ڕەنگە دەرهاوێشتەی جیاوازیان هەبێ؛ لەوانە توندڕه‌ویی توندوتیژانه.

کوردستان پێویستی بە چییە؟

بۆ کردنەوەی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە، ئێمە گرنگە جیاوازی لە نێوان چەند ستراتیژییەت و پڕۆسەیەک بکەین، لەوانە: ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم (countering terrorism)، ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕه‌ویی توندوتیژانه (countering violent extremism) و، ڕێگەگرتن لە توندڕه‌ویی توندوتیژانه (preventing violent extremism). ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم پڕۆسەیەکی سەربازی و هەواڵگریی داخراو و کورتخایەنە، کە پێویستی بە بەکارهێنانی هەموو ئامراز و ڕێکارێکی ڕەق و توندە. کەسێک کە دەچێتە خانەی تیرۆرەوە، تازە ناتواندرێ بگەڕێندرێتەوە کۆمەڵگه؛ بۆیە هەموو ڕێکارێکی ڕەق بەخێرایی لە دژی بەکار ده‌هێندرێ. بەپێچەوانەی ئەو ستراتیژییەت و پڕۆسەیە، ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕه‌ویی توندوتیژانه، کار و ئەرکی هەموو دامەزراوەکانی حکوومەتە. ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕه‌ویی توندوتیژانه بریتییە لە بەکارهێنانی ڕێچکەی نەرم بۆ ڕازیکردنی تاک یان گرووپەکان، تا بەرەو توندوتیژی نەڕۆن؛ هەروەها کەمکردنەوەی چوونی خەڵک بۆ نێو گرووپە توندڕه‌وەکان و، کەمکردنەوەی بەشداری و پشتگیریی خەڵک بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی تیرۆریستی کە دەیەوێ تیرۆر و توندوتیژی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی بەکار بهێنێ.

ئەگەر پڕۆسە و ستراتیژییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕه‌ویی توندوتیژانه فراوانتر و هەمەگیرتر و مەودادرێژتر بێ لە ستراتیژییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم، ئەوا ستراتیژییەتی سێیەم کە ستراتیژییەتی ڕێگەگرتنە لە توندڕه‌ویی توندوتیژانه، فراوانتر و هەمەگیرتر و مەودادرێژترە لە هەموویان. ئەم ستراتیژییەت و پڕۆسەیە، سێ کۆلەکەی سەرەکیی هەیە: ئاسایشی مرۆیی، مەودادرێژی و، لە هەموویان گرنگتر بەشداریی هەموو کۆمەڵگه‌یە. ئەگەر پڕۆسەی دووەم پێویستی بە بەشداریی هەموو حکوومەت بێ، ئەوا ڕێگەگرتن لە توندڕه‌ویی توندوتیژانه پێویستی بە بەشداری و هەماهەنگیی هەموو حکوومەت و کۆمەڵگه هەیە. ئامانجی ستراتیژییەتی ڕێگرتن لە توندڕه‌وی ئەوەیە کە، ڕێگە لە خەڵک بگیرێ بچنە ئەوبەری "تونێلەکەوە": دونیای تیرۆر. ئەم کارەیش بە دەزگه‌ ئاسایشی و هەواڵگرییەکان و ئامرازە ڕەقەکان ناکرێ، بەڵکوو ئەوە کاری هەموو کۆمەڵگه‌یه‌ بەیەکەوە؛ لە نێوانیان هەماهەنگیی دەزگه‌کانی ئاسایش لەگەڵ دەزگه‌کانی دیکەی حکوومەت و کۆمەڵگه. مەبەست لە ڕێگەگرتن لە توندڕه‌وی و گواستنەوەی بۆ توندوتیژی لە بەستێنی کوردستاندا بریتییە لە: بەکارهێنانی سیاسەتی گەشەپێدان کە توانای کۆمەڵگه بۆ پاراستنی خۆی و ڕێگەگرتن لە توندڕه‌وی زیاد دەکات. هەروەها لە ڕێگەی چاودێریکردنی گۆڕانکارییە که‌لتووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگه لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگه‌‌، هۆشیاریی کۆمەڵگه دەربارەی زیان و مەترسییەکانی توندڕه‌وی و په‌ڕگیری زیاتر دەکات. ئەگەر کۆمەڵگه و تاک پارێزراو نەبن، ئەوا دەتوانن بگۆڕدرێن بۆ توندڕه‌ویی توندوتیژانه‌.

قسەکردن لەسەر ڕێگەگرتن، قسەکردنە لەسەر باکگراوند و لۆژیک و کۆمەڵێک هۆکار، کە دەکرێ ئاییندەیەک دروست بکەن. لە هەمووی گرنگتر، ڕێگەگرتن تەنیا گرنگی بە پێشبینیکردنی ئاییندەیەک نادات، بەڵکوو گرنگی به‌ دەستنیشانکردنی ئەو ڕێگەیانه‌یش‌ ده‌دات کە به‌ر به‌ دروستبوونی کێشەیەک لە ئاییندەدا دەگرن. واتا، ڕێگەگرتن دوو بنەمای سەرەکیی هەیە: یەکەم، بوونی باکگراوند و زانیاری و لۆژیکێکی به‌هێز لەسەر دۆخی ڕابردوو و ئێستا؛ دووەم، دەستنیشانکردنی ئەو ڕێگە و چارەسەرییانەی کە دەتوانن به‌ر به‌ دروستبوونی کێشەیەک لە ئایینده‌دا بگرن. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، قسەکردن لەسەر داتا و بەڵگەی زانستی و کاریگەریکردنە سەر ئاییندە، کێشەی زۆری هەیە؛ بۆ نموونە، یەک لە هەمەگیرترین و په‌روه‌رده‌كارترین ئه‌و کتێبانەی لەسەر تیرۆریزم نووسراون، کتێبێکە بە ناوی "ڕێبەرنامەی ڕێگەگرتن لە تیرۆریزم و ئامادەیی"،[2] كه‌ کۆمەڵێک پرسیاری گەورە لەسەر "ڕێگەگرتن" دەورووژێنێ، لەوانە: باشترین ڕێگەچارەی ڕێگەگرتن لە تیرۆریزم و توندڕه‌وی چییە؟ ئایا ئێمە دەبێ ڕووبەڕووی گرووپە تیرۆریستی و توندڕه‌وه‌کان ببینەوە، یان توانای کۆمەڵگه و خەڵک زیاد بکەین؟

ئەزموونی کوردستان لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، یەکێکە لە سەرکەوتووترین ئەزموونەکانی ناوچەکە و، کوردستان ئەزموونێکی زیاتر لە بیست ساڵی لەو بارەیەوە هەیە. ئەوەی کوردستان پێویستی پێیەتی، ستراتیژییەتی ڕێگرتنە لە توندڕه‌ویی توندوتیژانه‌.

ئەو هۆکارانەی ڕێگەخۆشکەر دەبن بۆ توندڕه‌ویی توندوتیژانه لە کوردستان

لە دەرەنجامی توێژینەوە و داتاکانی ئێمە، چەند هۆکارێک دەتوانن زەمینەی توندڕه‌ویی توندوتیژانه لە کوردستان دروست بکەن. ئەو هۆکارانە بەپێی گرنگییان لە خوارەوە ڕیز کراون:

یەکەم: هۆکارە دامەزراوەیییەکان

لە چوارچێوەی هۆکارە دامەزراوەیییەکان، هەستکردن بە بوونی گەندەڵی دەتوانێ ببێتە شاهۆکاری توندڕه‌ویی توندوتیژانه‌. لە ئەدەبیاتی توندڕه‌ویدا زۆر گرنگی بە هەستکردنی خەڵک بە بوونی گەندەڵی یان جیاکاری یان ناعەداڵەتی دەدرێ؛ چونکە هەستکردن و تێڕوانینی خەڵک، کاریگەری دەكاته‌ سەر کردار و ڕەفتاری خەڵک.

دووەم: هۆکارە کەسییەکان

لە چوارچێوەی هۆکارە کەسییەکان وەکوو هۆکار و ڕێگەخۆشکەری توندڕه‌ویی توندوتیژانه، هەستکردن بە بوونی ناعەداڵەتی و نایەکسانی، بە هەمان شێوەی هۆکاری یەکەم، لە سەرەکیترین هۆکارەکانه‌.

سێیەم: هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان

لە دوای هۆکارە دامەزراوەیی و کەسییەکان، هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت پشتگوێخستن و پەراوێزخستنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەتایبەت گەنج، ڕێگە بۆ توندڕه‌ویی توندوتیژانه لە کوردستان خۆش دەکات.

چوارەم: ئەو هۆکارانەی پەیوەندییان بە واقع و دۆخێکەوە هەیە

لە چوارچێوەی ئەو بابەتە، تۆڕەکانی ئەنداموەرگرتن و بردنی گەنجان بۆ نێو گرووپە توندڕه‌وه‌کان و ئەو ناوچانەی ململانێ و شەڕیان تێدایە، بە هۆکارێکی مەترسیداری توندڕه‌ویی توندوتیژانه دادەندرێ.

پێنجەم: هۆکارە که‌لتووری و کۆمەڵایەتییەکان

خواستی یاخیبوون، بەتایبەت لای گەنجان و لە ئاستی تاکەکەس، هەروەها لاوازبوونی پێگەی خێزان لە کۆمەڵگه و دەسەڵاتی دایک و باوک، هۆکاری ڕێگەخۆشکەری پەڕگیری و توندڕه‌وییه‌.

شەشەم: هۆکارە ئایدیۆلۆژییەکان

لە بەستێن و واقعی کوردستان هۆکارە ئایدیۆلۆژییەکان بەراورد بە هۆکارەکانی پێشووتر، کەمتر وەکوو سەرچاوەی توندڕه‌وه‌ دەبیندرێ. یەکێک لەو بابەتانەی كه‌ لە چوارچێوەی هۆکارە ئایدیۆلۆژییەکاندا زەمینەی توندڕه‌ویی توندوتیژانه خۆش دەکات، بریتییە لە بەهاناوەچوونی خەڵک و گەنجان بۆ پرسێکی دەرەکی یان نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی خۆبەخشانە؛ بۆ نموونە چوونی گەنجان بۆ سووریا بۆ شەڕکردن لە دژی ڕژێمی ئەسەد لە دوای ساڵانی ٢٠١٢وە.

هەفتەم: هۆکارە ئایینییەکان

لەو توێژینەوانەی نووسەری ئەو بابەتە ئەنجامی داوە، دوو کێشە لە چوارچێوەی هۆکارە ئایینییەکاندا گرنگیی پێ دراوە: یەکەم، ئاڵۆزی لە ئاراستەکردن و پێگەیاندنی ئایینی؛ بە مانایەکی دیکە، بواری ئایینی لە کوردستان ڕێک نەخراوە؛ دووەم، گفتوگۆی نێوان ئایین و ئایینزاکان تەنیا لەسەر ئاستی سەرەوە بووە؛ نەهاتۆتە نێو ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگە.

دەبێ چی بکرێ؟

دەستنیشانکردنی کێشەکان، یەکەم و گرنگترین هەنگاوی دەستنیشانکردنی چارەسەرییەکانن و، بۆ دەستنیشانکردنی چارەسەرییەکانیش دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارانەی خوارەوە بدەینەوە:

  • 1 چ شتێکی حکوومەت دەبێ بگۆڕدرێ، بۆ ئەوەی بەڕاستی ڕێگە لە توندڕه‌ویی توندوتیژانه بگیردرێ؟ گۆڕانکارییە سەرەکییەکان دەبێ چی بن؟

دەبێ حکوومەت بەجددی بیر لەوە بکاتەوە کە کێشەکانی ئێستای خەڵک، دووبارە بەتایبەت گەنجان، دەتوانێ نەوەک هەر زەمینەی توندڕه‌وی زیاد بکات، بەڵکوو وا دەکات گەنجان زیاتر و زیاتر لاواز و بەرشکەست بن لە بەرامبەر ئەو گرووپ و ئەکتەرانەی کار لەسەر ڕادیکالیزەیشن بەرەو توندوتیژی دەکەن. بەسادەیی، دەبێ حکوومەت هەست بە مەترسیی بابەتەكه‌ بکات و، جیاوازی بکات لە نێوان پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم لەگەڵ پڕۆسەکانی ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگەگرتن لە توندڕه‌وی و پەڕگیرەتی.

  • 2 چۆن وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەکانی حکوومەت و هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگه، ببن بە بەشێک لەو گۆڕانکارییە؟

وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کاریان لەسەر ئەو بابەتە کردووە؛ بۆ نموونە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و وەزارەتی پەروەردە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کاریان لەسەر گوتار و پڕۆگرامی میانڕەوی و پێکەوەژیان کردووە؛ بەڵام ئەوەی نەبووە، هەماهەنگییەکی دامەزراوەیی بووە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارە حکوومی و ناحکوومییەکان بۆ کۆکردنەوەی تواناکان و تەواوکردنی کارەکانی یەکدی.

  • 3 بۆ ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکارییە، چ پڕۆسە و هەنگاو و بونیادێک پێویستە؟

لە ئاستی حکوومەت، پێویستە بەشێک یان دەستەیەک دابمەزرێ بۆ داڕشتنی پلان و ستراتیژییەتی نیشتمانی بۆ ڕێگەگرتن لە توندڕه‌ویی توندوتیژانه و جێبەجێکردن و هەڵسەنگاندن و هەماهەنگیکردن لە نێوان دامەزراوە و وەزارەتەکان و لایەنەکانی کۆمەڵگە.

 

[1]  جەمسەرگیری، دەکرێ لە نێوان زیاتر لە دوو بەرە بێ.

[2]  بڕوانە:

Schmid, A. P. (Ed.). (2021). Handbook of Terrorism Prevention and Preparedness. International Centre for Counter-Terrorism (ICCT).

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples