هەڵوێستی تورکیا لەسەر ڕیفراندۆم

یەکێک لەو پرسیارانەی لەم ڕۆژانەدا دەبێت بکرێت بریتییە لەوەی هەڵوێستی تورکیا لەسەر ڕیفراندۆم چی دەبێت؟ کارتەکانی چین؟ چۆن دەتوانێت بەربەست لە بەردەم پڕۆسەکەدا دروست بکات؟ لە هەمووی گرنگتر، هەرێم چۆن دەبێت و دەتوانێت ڕووبەڕووی هەر بەربەستێک ببێتەوە؟ شائامانجی هەر کیانێکی نادەوڵەتی بریتییە لە دەوڵەتبوون، تەنانەت ئەگەر پاراستنی دۆخی هەنووکەیی (status quo) سوودی زۆریشی بۆ ئەو کیانە هەبێت. لەم ڕێگەیەیشدا، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تاکە ئامرازی گەیشتن بەو ئامانجە نابێت، بەڵام یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکان دەبێت بۆ دووپاتکردنەوەی خواستی سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە پڕۆسە و قۆناغی بەرەو دەوڵەتبووندایە؛ جه‌نگی داعش و دەستکەوتەکانی بە یەکەم هەنگاوی پراکتیکیی پڕۆسەی بەدەوڵەتبوون دادەنرێن.

لەم قۆناغەدا ڕیفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی، کە بڕیار وایە لە کۆتاییی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، یەکێک لە هەنگاوە یەکلاکەرەکانی ئەم پڕۆسەیە دەبێت. بۆیە ڕوونکردنەوەی هەڵوێست و سیاسەتی هەموو ئەو ئەکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییانەی کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بە ڕیفراندۆم و دواتر سەربەخۆیییەوە هەیە زۆر گرنگە؛ لەوانە تورکیا. ئەم کارە گرنگە بۆ دەستنیشانکردنی بەربەست و تەگەرەکان و، چۆنێتیی مامەڵەکردنه‌ لەگەڵیاندا. ڕەنگە هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر ڕیفراندۆم هەر هەمان هەڵوێست بێت کە بەرامبەر دەوڵەت و سەربەخۆیی هەیەتی، چونکە دواجار ئامانجی ڕیفراندۆم گەیشتنە بە سەربەخۆیی، بەڵام شێوازی دژایەتیکردنەکەی جیاواز دەبێت لەگەڵ دەوڵەت و سەربەخۆیی بەگشتی، چونکە ڕۆژی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕیفراندۆم ڕۆژی ڕاگەیاندنی دەوڵەت نابێت. کۆسۆفۆ لە ساڵی ١٩٩١ ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی ئەنجام دا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٨ سەربەخۆییی ڕاگەیاند.

لە بنەڕەتدا بابەتی سەربەخۆییی کوردستان بە تەنیا نە بابەتێکی ناوخۆیی و، نە بابەتێکی دەرەکییە، بەڵکوو کارلێککردنی ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەیەکەوە کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سەربەخۆیی دەکەن. بۆیە ناوەڕۆکی شیکردنەوەی ئێمە، نابێت بە تەنیا لەسەر ڕەهەندە ناوخۆیییەکان یان ڕەهەندە دەرەکییەکان بێت، بەڵکوو هەر دوو لا بەیەکەوە شێوە و ناوەڕۆکی پڕۆسەکە دادەڕێژن. لەم ڕوانگەیەوە، شیکردنەوەی هەڵوێست و سیاسەتی تورکیا لەسەر پرسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم گرنگە، چونکە هەم وەکوو هێزێکی دەرەکی دەتوانێت کاریگەریی هەبێت و بەرژەوەندیی گەورەی لە مەحەکدا دەبێت و، هەمیش دەتوانێت کاریگەری لەسەر هێز و ئەکتەرە ناوخۆیییەکانی هەرێم و چۆنێتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بکات. هەرچەند سیاسەتی تورکیا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گۆڕانی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەڵام دژایەتیکردنی هەر هەوڵێكی سەربەخۆییی کوردستان، وەکوو سیاسەتی فەرمیی تورکیا، بە نەگۆڕی ماوەتەوە. لە پەیوەندیی نێوان تورکیا و هەرێم، هەموو ڕەهەند و بنەماکان گۆڕانیان بەسەردا نەهاتووە؛ لەوانە دژایەتیکردنی تورکیا بۆ دەوڵەتی کوردستان بە نەگۆڕی ماوەتەوە، بەڵام لە هەندێک ڕەهەنددا گۆڕانکاریی گەورەیش ڕوویان داوە، لەوانە: داننان بە کیانێکی ئەمری واقعی کوردستان لە عێراق و بەستنی پەیوەندی و ڕێککەوتنی ستراتیژیی ئابووری و سیاسی لەگەڵیدا. ئەو گۆڕانکارییانە وایان کردووە پێداچوونە بە هەڵوێستی مێژوویی و درێژخایەنی تورکیا لە دژی دەوڵەتی کوردستاندا بکرێت. ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانە نەیانتوانی سیاسەتی دژی دەوڵەتی کوردستان بگۆڕن، بەڵام دەتوانن شێوازی دژایەتیکردنەکە بگۆڕن؛ بە مانایەکی دیکە، دەتوانن ئاستی دژایەتییەکە بگۆڕن.

پەیوەندیی نێوان تورکیا و هەرێم لە دوای ٢٠٠٣

بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی تورکیا لەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ باکگراوندی پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ هەرێم لە لایەک و، سیاسەتی تورکیا لە ناوچەکە بەگشتی. بە مانایەکی دیکە، ئەوەی سیاسەتی تورکیا ڕوون دەکاتەوە، هەم ئەو گۆڕانکارییە ستراتیژییانەیە کە لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووی داوە و، هەمیش ئەو گۆڕانکارییانەیە كه‌ لە سیاسەتی ناوخۆی تورکیا و هەرێم ڕووی داوە. تورکیا هەر لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی گرتنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣، دژایەتیی خۆی بۆ هەر هەوڵێکی کورد لە پێناو زیادکردنی دەسەڵات و پێگەی خۆی لە عێراقدا دەربڕی؛ لەوانە ڕێگەگرتن لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و چوونی پێشمەرگە بۆ کەرکووک. لەو قۆناغەدا سەرەڕای ئەوەی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری نوێی عێراق وەکوو هەرێمێکی فیدڕاڵی ناسێندرابوو، بەڵام تورکیا خۆی لە داننان بە کیانێکی فەرمی بۆ کورد بەدوور دەگرت. سیاسەتی تورکیا لە دوای ٢٠٠٣ سیاسەتێکی نوێ نەبوو، بەڵکوو پێش ٢٠٠٣یش، وەکوو هەڕەشەیەک لەسەر سەقامگیریی ناوخۆیی، سەیری هەرێمی کردووە؛ ترسی لە هەرێم بووە، ببێتە پێگەیەک بۆ پەکەکە و نەیارانی تورکیا، هەروەها ببێتە پێگەیەک بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی.

بەشدارینەکردنی تورکیا لە جەنگی عێراق، ڕێگەی خۆش کرد بۆ ئەوەی کورد ئەو بۆشایییە پڕ بکاتەوە و ببێتە جێگەی بایەخی هاوپەیمانان و، لە چوارچێوەی دەوڵەتی نوێی عێراق و دەستووری نوێی ساڵی ٢٠٠٥، هەرێمی کوردستان شەرعییەتێکی دەستووریی وەرگرت و، توانیی سوود لە بۆشاییی سیاسیی بەغدا و، هەروەها لە شێوازی داڕشتنی دەستووری نوێ و کێشەکانی نێوان شیعە و سوننە وەربگرێت. بە ماوەیەکی کەم ئەو بەرەوپێشچوونانە، بوونە مایەی بەرەوپێشچوونێکی ئابووریی بەرچاو و سەقامگیریی ناوخۆیی، تا گەیشتە بڕیاری هەناردەکردنی نەوت و گازی هەرێم و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٧. لێرەدا، تورکیا گەیشتە ئەو باوەڕەی ناتوانێت ئەو واقعە بگۆڕێت؛ لە جێگەی ئەوەدا پرسی کورد لە پرسێکی سه‌ربازی و بەئاسایشیکراو (securitized)، گۆڕا بۆ پرسێکی ئاسایی، یان هەوڵ درا بەئاسایی بکرێتەوە. ئەو گۆڕانە، هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕانێکی بێوێنە لە زمان و گوتاری سیاسەتی تورکیا بەرامبەر کورد و هەرێم. ئەو گۆڕانکارییانە بەیەکەوە، بوونە هۆی پەیوەندییەکی ئابووری و بازرگانیی بێوێنە، بە جۆرێک هەرێم بوو بە دووەم بازاڕی گەورە بۆ بەرهەمی تورکی لە دوای ئەڵمانیاوە. تورکیا لەو ساڵانەدا ئابوورییەکه‌ی بە شێوەیەکی زۆر خێرا گەشەی دەکرد، پێویستیی بە بازاڕی نوێ و پەیوەندیی بازرگانیی نوێ هەبوو. هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێم لەسەر سنووری تورکیا و کرانەوەی ئابووری و پێویستیی هەرێم بە تورکیا وای کرد، هەرێم ببێت بە بەشێک لە ئەجێندای دروستکەرانی بڕیاری تورکیا. لەڕاستیدا، هەموو دەسەڵاتێکی ڕاشنالیست (rationalist) نایەوێت دەرفەتی وا گەورە لە دەست بدات و، ئەو بیرکردنەوە ڕاشنالیستییە لە هەرێم و تورکیا ڕێگەخۆشکەربوو بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەردوولا.

خاڵێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکان، پەیوەندیی بە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا هەبوو؛ لەو کاتەدا یەکێک لە گفتوگۆکان ئەوە بوو تورکیا لە ڕێگه‌ی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم و کرانەوەی سنوورەکان، دەتوانێت لە دواجار وەکوو پشتگیرییەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ناوخۆی تورکیا بەکار بهێنێت. جگە لەو خاڵانەیش، سیاسەتی تورکیا لە چوارچێوەی سیاسەتێکی فراوانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچوو، کە خۆی لە بیرۆکەی سفر کێشە (zero problem)دا دەبینییەوە.

سیاسەتی گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێئومێدبوون لە بوون بە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، تورکیای ناچار کرد بیر لە پەیوەندیی نوێ لە ناوچەکەدا بکاتەوە. ئێران کۆنتڕۆڵی بەسەر عێراقی دوای ٢٠٠٣ لە ڕێگه‌ی پێکهاتەی شیعەوە مسۆگەر کرد. ئەو کارە تورکیا خستە دۆخێکی نادڵنیاوە: لێ بگەڕێت عێراق بەتەواوەتی بکەوێتە ژێر کاریگەریی ئێران، یان هەوڵ بدات لە ڕێگه‌ی هەرێم و بەشێک لە هێزەکانی سوننەی عێراق، نفووز و دەستڕۆیشتووییی خۆی بەسەر عێراق دروست بکات؟ ئەو دۆخە، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی بردە پێشەوە و، بووە مایەی زیاتر سەربەخۆییی هەرێم لە بەغداوە.

بەهێزبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و گرتنەدەستی جومگەکانی دەسەڵات و، بوونی پەیوەندییەکی ناجێگیر لە نێوان پارتی و هێزە شیعەکانی بەغدا، زیاتر تورکیا و حکوومەتی هەرێمی لەیەک نزیک کردەوە. کەواتە گۆڕانکارییەکان لە بونیادی سیاسیی هەرێم، یەکێکە لەو فاکتەرانەی کە دەتواندرێت ئەو گۆڕانکارییانەی پێ بخوێندرێتەوە.

بەکورتی، گۆڕانی سیاسەتی تورکیا لەو ماوەیەدا لە چەند خاڵێک کورت دەکرێتەوە:

  • تورکیا سەیری هەرێمی کوردستانی دەکرد وەکوو جێگرەوەیەک بۆ پێداویستییەکانی وزەی خۆی، تا هێندە پشت بە ئێران و ڕووسیا نەبەستێت. لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٤ تورکیا گەشەیەکی ئابووریی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک داواکاری و پێویستی بە وزە، زۆر بەخێرایی زیادی کرد کە لە جیهاندا تەنیا لە دواوەی چین دەهات. لەبەر ئەوە، تورکیا پێویستی بە دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێ هەبوو؛ پێویستی بە کەمکردنەوەی پشتبەستنی خۆی بە ئێران و ڕووسیا هەبوو. لە هەمووی گرنگتر، تورکیا دەیویست ببێتە دەروازەیەک بۆ گەیاندنی نەوت و گازی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژاوا.
  • بتوانێت هەرێمی کوردستان وەکوو ناوچەیەکی پارێزراو (buffer zone) لە بەرامبەر ئێران و حکوومەتی بەغدا بەکار بهێنێت.
  • ستراتیژییەتی سفر کێشە  (zero problem)لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
  • هەروەها هەرێمی کوردستان لە لایەکی دیکە، لە هەناردەکردنی نەوت و گازی خۆی پێویستی زۆری بە تورکیا هەبوو.

پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا گەیشتە ئاستێک، بووە هۆی سەرەتای دروستبوونی گوتارێک لەنێو حکوومەتی تورکیادا کە دەوڵەتی کوردستان مەرج نییە ببێتە هەڕەشە لەسەر تورکیا، بەتایبەت دوای پەیوەندییە بەهێزە بازرگانی و ئابوورییەکان و، هەروەها خراپبوونی پەیوەندییەکانی هەر دوو لا لەگەڵ بەغدا. بە هەمان شێوە، بۆ ماوەیەک لەنێو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا باوەڕێک دروست ببوو کە تورکیا پشتگیریی سەربەخۆییی کوردستان دەکات و یەکەم پایتەخت دەبێت لە دراوسێکانی هەرێم، دان بە سەربەخۆییدا بنێت؛ یان ئەگەر دانیش بە سەربەخۆیی نەنێت ئەوا دژایەتی ناکات. بەڵام گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەکان، لەوانە جەنگی سووریا، کێشەی گەورەی بۆ تورکیا دروست کرد: سیاسەتی کرانەوە و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا شکستی هێنا و، پشتگیریی تورکیا بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوننە لە سووریا و عێراق پەیوەندییەکانی تورکیای لەگەڵ حکوومەتی ئەو وڵاتانە تێک دا.

لەو نێوەندەدا هەرێم وەکوو تاکە دەرفەتی تورکیا مایەوە. هەرێم نەوەک هەر سنووری لەگەڵ تورکیادایە، بەڵکوو تورکیا هەرێم وەکوو تاکە دەروازەیەک بۆ گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبینێت، چونکە لە سنووری باکووری سووریا کێشەی گەورەی لەگەڵ پەیەدە هەیە و، تا ئێستایش ئەو هێزانەی لە مەیدانی جەنگدا لە سووریا و عێراق پشتگیرییان دەکات ڕۆژ بە ڕۆژ لە لاوازبووندان. لەو قۆناغەدا تورکیا لە نێوان دوو بژاردەی نەخوازراو و کێشەی دووسەرەدا خۆی بینییەوە: پشتگیریی زیاتری بۆ هەرێم، ڕەنگە ببێتە هۆی زیاتر نزیککردنەوەی هەرێم لە سەربەخۆیی، یان پشتلێکردنی، کە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادکردنی نفووزی بەغدا و ئێران بەسەر هەرێم و دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا. تا ئێستا تورکیا لە نێوان ئەو دوو بژاردەیە یاری دەکات، ستراتیژییەتێکی ناڕۆشنی هەیە و پێشبینی دەکرێت بەم شێوەیە بمێنێتەوە. بۆیە ئەرگومێنتێکی دیکە لەو شیکردنەوەدا ئەوەیە، تەنیا ئەو کاتە تورکیا بە دەوڵەتی کوردستان ڕازی دەبێت، که‌ هێژموونیی خۆی بەسەر سیاسەتی ناوخۆی کوردستان مسۆگەر دەکات، یان دەوڵەتی کوردستان ببێتە مایەی کێشەیەکی زۆر بۆ بەغدا و ئێران و سەرقاڵکردنیان. بەڵام لەبەر سروشتی بونیادی سیاسی لە هەرێم، دەستێوەردانی ئێران، گۆڕانی هاوکێشەکان لە دوای جه‌نگی داعش و بەهێزبوونی حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعەکان، پێناچێت ئەو هەڵبژاردنەی تورکیا واقعی بێت. بۆیە تورکیا ئێستایش دەوڵەتی کوردستان وەکوو هەڕەشە لەسەر خۆی دەزانێت، چونکە پێی وایە ئەمە دەبێتە بەشێک لە داڕشتنەوەی سنوورەکانی ناوچەکە؛ هەروەها بەبێ کورد سوننە لە عێراق لاواز دەبێت و، دەبێتە هۆی زیاتر تۆخبوونی هێژموونیی شیعە بەسەر عێراق. ئەم کارەیش لەگەڵ ستراتیژییەتی باڵای تورکیا لە ناوچەکەدا یەک ناگرێتەوە؛ کە گەڕانەوەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت بەرەی سوننە. لەگەڵ ئەمەیشدا، ئەو گۆڕانکارییانەی لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەر دوو لا ڕووی داوە، بوونەتە هۆی دروستکردنی بەرژەوەندیی دوولایەنە و گۆڕانکاری لە شێوازی دژایەتیکردنی تورکیا؛ بە لایەنی کەم ئاستی دژایەتیکردنیان کەم کردۆتەوە.

سیناریۆ و بژاردەکانی تورکیا

  • باشترین بژاردە بۆ تورکیا، هێشتنەوەی بارودۆخی ئێستایە: هەرێم لە دۆخێکدا بێت بەهێز بێت و سەربەخۆیییەکی ئەمریی واقیعیانەی لەبەرامبەر بەغدا هەبێت، بەڵام وەکوو دەوڵەت نا.
  • دووەم باشترین بژاردە، ئەگەر نەیتوانی ڕیفراندۆم بوەستێنێت، ئەوا تا ماوەیەکی درێژ ڕێگە به‌ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نه‌دات.
  • ئەگەر هەرێم ڕیفراندۆمی ئەنجام دا و لە سەربەخۆیی نزیک بووەوە، تورکیا لە ڕێگەی دروستکردنی کێشە لە نێوان ڕۆژاوا و باشوور، هەروەها لەسەر ئاییندەی ناوچە جێناکۆکەکان، بیر لە دروستکردنی کێشە و لاوازکردنی ئەو کیانە دەکاتەوە.

دەرەنجام:

دژایەتیی تورکیا بۆ دەوڵەتی کوردستان بە نەگۆڕی ماوەتەوە، بەڵام شێوازی دژایەتیکردنەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ ئەمەیش دەرەنجامێکی خوازراوە. لە چەند مانگی داهاتوودا، پێشبینی دەکرێت تورکیا هەموو کارتەکانی بخاتە گەڕ بۆ بەربەستخستنە بەردەم ڕیفراندۆم؛ کێشەی بوونی پەکەکە لە شنگال و هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکە، لە ناونیشانی هەواڵەکانی چەند مانگی داهاتوودا دەبن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples