دەسەڵات و فیدراڵیزم؛ ئەگەرەکانى جیابوونەوە

پێشەکی

لەو کاتەى کە دەوڵەت وەک ڕێکخستنێکی سیاسی دەرکەوتووە، هەمیشە دەسەڵات جووڵینەری گشت جومگەکانى دەوڵەت بووە. دەسەڵاتە، فۆرمی دەوڵەت دەستنیشان دەکات و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی دیار دەکات. بەو پێیەى دەسەڵات سروشتێکی دینامیکیی هەیە، بۆیە لەگەڵ ئەو جووڵە بەردەوامەیدا، جومگەکانى حوکمڕانی دیاری دەکات. یەکێ لەو فۆرمانەی دەوڵەت کە لە ڕێگەى دەسەڵاتەوە دەردەکەوێت، فیدراڵیزمە. دەسەڵات لە دەوڵەتە فیدراڵییەکان ڕۆڵێکی بنیاتنەر دەبینێت و بە فاکتەری مانەوەی ئەو فۆرمە لە حوکمڕانی دەزانرێت. هەر لە ڕێگەى دەسەڵاتیشەوە ڕیشەکانى ئەو شێوازە لە ڕێکخستنی دەوڵەت هەڵدەوەشێتەوە. لێرەدا گرنگە پرسیار لەسەر ئەگەرەکانى جیابوونەوەی یەکە سیاسییە پێکهێنەکانى فیدراڵی لە چوارچێوەی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و فیدراڵیزمدا بکەین.

دەسەڵات و فیدراڵیزم

بیرمەندە هاوچەرخەکانى بوارى هزری سیاسی، هەموو چالاکییەکی سیاسی بە دەسەڵاتەوە دەبەستنەوە. ماکس ڤیبەر لە پێشەنگی هەموویانەوە لە شیکردنەوەکانیدا دەسەڵات بە دەروازەی هەموو کار و چالاکییەکی سیاسی دەبەستێتەوە. لەم باسەدا "هارول لاسویل" بەتەواوی پشتگیریی کردووە و، بەم شێوەیە پێناسەی سیاسەت دەکات كه‌ بریتییە لە لێکۆڵینەوه‌ لە دابەشکاریی سیسته‌می سیاسی كه‌ لە ڕێگەى دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێت. "ڕۆبەرت داڵ" لەسەر هەمان ڕێباز، پێی وایە کەوا سیستەمی سیاسی، کۆمەڵێک پەیوەندیی مرۆییی سەقامگیرە بە هۆی بوونی دیسپلین و دەسەڵاتەوە. هەروەها هەر دوو زاناى گەورەی فەڕەنسیش "جۆرج بوردۆ" و "مۆریس دوفرجیە" سیاسەت لەگەڵ پیادەکردنی دەسەڵاتدا هاوتا دەکەن. بە هەمان شێوەی ئەوان "گاستون بوترل" جەختی لەسەر گرنگیی دەسەڵات لە هێژموونی بەسەر کۆی کۆمەڵگەدا، کردۆته‌وه‌. زانایانی بواری کۆمەڵناسییش لێکۆڵینەوە لەسەر گرنگیی دەسەڵات دەکەن بەتایبەتی لە ڕەنگدانەوەیدا لەناو هەرەمی کۆمەڵایەتیدا. لە هەموو سیستەمە کۆمەڵایەتییە وردەکانیش گرنگیی پێ دەدەن، نەوەک تەنیا لە چوارچێوەی سیستەمی حوکمڕانیدا.

دەسەڵات جۆرێکە لە جۆرەکانى هێز بۆ ڕێکخستنی ماف و ئەرکی ئەوانى دیکە، لە ڕه‌وتی ئەو فەرمانانەى کە لێوەی دەردەچێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی جوگرافیی تایبەت بەو کەسانەى کە پێویستە ملکەچ بن به‌و ده‌سه‌ڵاته‌. لەم چوارچێوە گشتییه‌دا سی خاڵی سەرەکی هەن: 1- ئەوانەى دەسەڵاتیان لەدەستە. 2- ئەوانەى دەسەڵاتەکە پیادە دەکەن. 3- ئەوانەى ملکەچی ئەو دەسەڵاتە دەبن. چۆنیەتیی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان ئەو سێ لایەنە بابەتی ڕەوایەتیی دەسەڵاتە، کە خۆی لەو ڕەزامەندی و ڕێککەوتنەی لە نێوان هەر سێ لایەن دێتە ئاراوە، دەبینێتەوە. فەرمانپێکراوێک ئەرکی خۆی بەتەواوى جێبەجێ دەکات، ئەو کاتەى هەست بکات خۆی دەستی لە دەستنیشانکردنی فەرمانپێکەرەکە هەبووە، چونکە لەوەدا جۆرێک لە بەرژەوەندی دەبینێتەوە کە خۆیان تێیدا سوودمەند دەبن. کەواتە ڕەوایەتی (شەرعییەت)ی خۆی لەو ڕێگه‌ یاسایییانە دەردەخات کە لە ناوەوەی دەوڵەتەوە هەڵدەقووڵێن. دیاریکردنی سیستەمی حوکمڕانیش، پێویستە هەڵقووڵاوی ویستێکی ناوخۆیی بێت. لەم چوارچێوەیەیشدا ویستی ناوخۆیی دیاری دەکات کە سیستەمی حوکمڕانییەکە ناوەندی بێت، یان فیدراڵی، یان زیاتر لە فیدراڵی بێت. لەم دەستنیشانکردنەیشدا فاکتەری ناوخۆیی و فاکتەری دەرەکیش ڕۆڵیان دەبێت. ئەگەر ڕۆڵی فاکتەرە دەرەکییەکان لە دەستنیشانکردنی سیستەمی حوکمڕانی زیاتر بێت، ئەوا سیستەمەکە زیاتر لەژێر مەترسیی هەڵوەشانەوە دەبێت.

ئەو کۆمەڵگه‌یانەى سروشتێکی فرەیییان لە ڕووی نەتەوە و مەزهەب و کەلتوورەوە هەیە، ئەگەر خۆیان گەیشتبنە ئەو بڕوایەی فیدراڵیزم باشترین چارەسەرە بۆ ناکۆکییەکانیان، ئەوا دەبنە خاوەن سیستەمێکی سەقامگیر و دەسەڵاتێکی ڕەوایان دەبێت. لەم بارەدا دەسەڵات دەتوانێت بە ئەندازەیەکی یەکسان هەموو لایەک لەژێر چەتری یەک سیستەمدا ملکەچی مانەوە بکات. بۆ ئەوەی دەسەڵات لە دەوڵەتێکی فیدراڵیدا بتوانێت ئەم کارە بکات، پێویستیی بە هێنانەکایەى کەشێکی دیموکراسیی ڕاستەقینەیه‌، بۆ ئەوەی ژینگە بچووکە ناوخۆیییەکان بتوانن هەناسەیەکی تەواو بەبەر ئازادی و خۆبەڕێوەبەرییان بدەن. لە پێوار (ئاماده‌نه‌بوون)ی ئەو ڕەهەندە دیموکراتەدا، دەسەڵات لە دەوڵەتی فیدراڵیدا لە دەسەڵاتێکی ڕەواوە، دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی سەپێنەر، کە هەوڵی سەپاندن و باڵاکردنی چینێک بەسەر چینێکی دیکە دەدات. لە دەرەنجامی ئەم ئەگەرەیشدا دوورکەوتنەوەی یەکجارەکی دروست دەبێت. لە دەرەنجامی ئەو ئەرگومێنتەى سەرەوەدا، دەکرێ بڵێین سیستەمی فیدراڵی بەبێ بوونی دیموکراسییەتێکی ڕاستەقینە لە دەسەڵاتدا، ناتوانێ لەسەرپێ بوەستێ، لەم حاڵەتەدا هەموو هەوڵەکانى دەسەڵاتی فیدراڵیش، دەبنە سەرچاوەی قووڵبونەوەی کێشەکان لە بری چارەسەرکردن.

دەسەڵاتی فیدراڵی و مەترسییەکانى جیابوونەوە و دابەشبوون

لە بنەڕەتدا فیدراڵیزم کۆکردنەوەی کۆمەڵێک یەکەی سیاسیی جیاوازە لە چوارچێوەى پرۆگرامێکی بەهێزدا. هەر یەکێ لەو یەکانە، ئەجێندا و بەرنامەیەکی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ئەوەی ناسنامەى خۆجێییی خۆی لەدەست نەدات. ئەوەى وا لەم یەکە سیاسییانە دەکات خۆیان بە یەکەیەکی سیاسیی گەورەتره‌وه‌ هەڵواسن، بە پلەی یەکەم، ترسیانە لە لەناوچوون و سڕینەوەی ناسنامەیان. بەڵام کاتێک چوارچێوە نیشتمانییەکە، خۆی بووە هەڕەشە لەسەر ناسنامە ناوخۆیییەکان، ئەوا جیابوونەوە و دابەشبوون دەبێتە باشترین بژاردە.

لە ئێستادا (27) دەوڵەت سیستەمی حوکمڕانییان سیستەمێکی فیدراڵییە؛ بە مانایەکی دیکە نزیکەى (40%)ی دانیشتووانى زەوی لەژێر چەتری ئەو سیستەمەدا خۆیان بەڕێوە دەبەن. بەڵام ئەگەر سەیری مێژووی ئەو وڵاتە فیدراڵییانە بکەین، لە هەموویاندا ئەو وێستگانە دەبینین کە جیابوونەوە و دابەشبوون، یەکێک بووە لە ئەگەرەکان. فیدراڵیزمی ئەمریکی لە نێوان ساڵانی 1861-1865، بە هۆی جه‌نگی ناوخۆوە دوچاری مەترسیی جیابوونەوەى هەندێ ویلایەتی باشوور بووەوە. لە ئوستراڵیایش لە ساڵی 1933 ڕاپرسییەک سەبارەت بە سیستەمی فیدراڵی کرا؛ خەڵکی باشوورى ئوستراڵیا سیسته‌می فیدراڵییان ڕەت کردەوە، پاشان بە دەستێوەردانی بریتانیا پارێزگاری له‌ فیدراڵیزمی ئوستراڵیا كرا. لە سویسرایش پاش ڕاگەیاندنی دەستووری 1848، چەندین جار مەترسیی جیابوونەوەی کانتۆنەکان سەری هەڵداوە. هەروەها بەلجیکایش یەکێکە لەو وڵاتە فیدراڵییانەى بە هۆی بوونی سێ کەلتووری جیاوازەوە (کەلتووری فه‌ڕەنسی، کەلتووری ئەڵمانى و کەلتووری فلیمنکی)، هەمیشە هەڕەشەی جیابوونەوەی لەسەر بووە. گەر لە گۆشەیەکی دیکەوە بڕوانینە ئەم نموونانە، دەردەکەوێت ئەوەی دواجار فیدراڵیزمی لە هەڵوەشانەوە ڕزگار کردووە، تەنیا پتەوکردنی بنەما دیموکراسییەکان بووە کە دەسەڵاتێکی زیاتر بەو یەکە سیاسییانە دراوە.

گەر لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە شیکردنەوەیەکی خێرا بۆ ئەو هۆکارانە بکەین، كه‌ دەبنە گەورەترین هەڕەشە لەسەر سیستەمی فیدراڵی و بەرەو هەڵوەشانەوەی دەبەن، دەکرێ جەخت لەسەر چەند خاڵێک بکەینەوە:

1-     لاوازیی دەسەڵاتەکانی هاوکاری و بەیەکه‌بەستنی یەکە سیاسییە فیدراڵییەکان: هەر کاتێک دەسەڵاتی فیدراڵی، نەیتوانی ژینگەیەک دروست بکات تێیدا هاوکاری و هەماهەنگی ببێتە بنکەى کۆکردنەوەی هەموو لایەک، ئەوا یەکە سیاسییە فیدراڵەکان زیاتر ئارەزووی ڕاکردن لەو ژینگە نالەبارە دەکەن.

2-     هێزی سەپاندن: دەسەڵاتی فیدراڵی، بۆ ئەوەی مەترسییەکانی سەر جیابوونەوە هەڵبگرێ، پێویستە کەلتووری سەپاندنی هێز لە فەرهەنگی خۆی بسرێتەوە، بۆ ئەوەی تەمەنی سیستەمە فیدراڵییەکە درێژتر بێت.

3-     فراوانبوونی زیانە ماددی و مرۆیییەکان: کە لە ئاکامی ناکۆکیی ناوخۆیی دروست بوون و، بەرگەنەگرتنی ئەو زیانانە وای لە بەشێکی زۆری کیانە فیدراڵییەکان کردووە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێن. دوایەمین نموونەى ئەمە، لە سودان دەبینرێت.

پۆڵینی فیدراڵیزم بەپێی بەرگەگرتنی

دەوڵەتە فیدراڵییەکان چەند خاڵێکی هاوبەشیان هەیە؛ گرنگترینیان، بوونی دوو ئاست لە حوکمڕانی، کە هەر ئاستێک دەسەڵاتی تایبەتی هەیە و بەسەر ناوچەکەی خۆیدا زاڵە: دابەشکردنی دەستووری بە دەسەڵاتەکانی تەشریعی و جێبەجێکردن و دادوەری، دابینکردنی داهاتە نیشتمانییەکان بەسەر ئاستە جیاوازەکانى حکوومەت. بەڵام سەرەڕای ئەو هاوبەشییانە، چەندین جیاوازیی جەوهەری لە نێوان سیستەمە فیدراڵییەکان هەیە. چەندین پۆڵینکاری هەیە بۆ وڵاتە فیدراڵییەکان، بەڵام لێرەدا پێویستە باس لە جۆرێک لە پۆلینکاری بکەین کە بۆمان دەربکەوێت کە ئایا کامە جۆری فیدراڵی، ئەگەری هەڵوەشانەوەی زیاترە.  بەگشتی سێ جۆر هەیە:

1-     فیدراڵیزمێک یەکەکانى لەسەر بنەمایەکی نەتەوەیی دامەزرابێت Nationally Based Units: ئه‌م یه‌کانه‌ ڕەنگدانەوەی ئارەزووی کەمینە نەتەوەیییەکانن، بەپێی ئەوەی خاوەن زمان و کەلتووری تایبەت بە خۆیانن و ئاراستەیەکی سەربەخۆیان هەیە. ئەگەر یاسا و دەستوورێکی بەهێز نەبێ، ئەم نەتەوە جیاوازانە مێژوویەکی درێژیان بەیەکەوە نابێ. هەمیشە لە بەردەمی دوو ئەگەر دەبن، یان نەتەوەیەک خۆی دەسەپێنێ و نەتەوەکانی دیکە ژێردەست دەکات، یان لێکدووربوونەوەیەکی تەواو ڕوو دەدات و دەگاتە ئاستی لێجیابوونەوە و سەربەخۆبوونی یەکە سیاسییەکان.

2-     فیدراڵیزمێک لەسەر بنەمایەکی ناوچەیی دامەزرابێت Regional Based units: ئەو یەکانە بە  هۆی فاکتەری جوگرافییەوە بەیەکەوە بەستراون و، هەر لەسەر ئەو بنەمایەیش دەسەڵاتەکان دابەش دەکرێن، نەوەک لەسەر بنەمای نەتەوەیی، یان مەزهەبی، یان کەلتووری؛ تایبەتمەندیی ئەو فیدراڵیزمە ئەوەیە سەرتاپای وڵات یەک ئاراستەی کەلتووری و ڕۆشنبیرییان هەیە. ئەم جۆرە فیدراڵییەتە هەڕەشەی دابەشبوونی کەمترە، چونکە هیچ یەکێ لە یەکە سیاسییەکان، بەو ئاستە جیاواز نین کە سەربەخۆییی خۆیان ڕابگەیه‌نن. بەرژەوەندیی هەر یەکەیەک لەوەدایە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵیی بەهێزدا بن.

3-    ئەو یەکانەی کە لە دەرەوەی سیستەمی فیدراڵی کار دەکەن Commonwealth ، Protectorates: ئەو یەکە بچووکانەن کە سروشتێکی نەتەوەیییان هەیە  و لە دەرەوەی چوارچێوەی سیستەمە فیدراڵییەکە کار دەکەن. ئەم شێوازە، بۆ پاراستنی ئەو کەمینە نەتەوەیییانە بەکار دێت کە هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، بەڵام ئەم کەمە نەتەوانە ئەجێندای سیاسییان نییە و توانایەکی ئەوتۆیان لەبەردەست نییە کە ببنە کیانێکی تایبەت بە خۆیان.

نیشانەکانى سەربەخۆبوون لە فیدراڵیزم

چەندین ئاماژەى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەن کە وەک نیشانەیەکی پێشوه‌خته‌ بۆ سەربەخۆبوونی یەکە سیاسییەکانى وڵاتێکی فیدراڵی دەردەکەون، گرنگترین ئەو نیشانانە:

یەکەم: دەستووری ویلایەتەکان: نیشانەکانى سەربەخۆبوون لە هەر دەوڵەتێکی فیدراڵی بە پلەى یەکەم، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كه‌ هەر ویلایەتێک دەستوورێکی تایبەتی خۆی هەبێت، وەک بنەمایەکی گشتی؛ هەرچەندە هەندێ وڵاتی فیدراڵی ڕێگە نادەن ویلایەتەکانیان، دەستووری تایبەتی خۆیان هەبێت، وەکو ئیمارات و نەیجیریا. بە شێوەیەکی گشتی، دەستووری ویلایەتەکان چەند پرسێکی بنەڕەتی لەخۆ دەگرن، وەک ڕێکخستنی دەسەڵاتەکان و میکانیزمەکانى بەڕێوەبردنی سەکتەرە جیاوازەکان.

دووەم: دەسەڵاتی یاسادانان لە ویلایەتەکان: ئەم دەسەڵاتە خۆی لە بوونی پەرلەمانێکی هەڵبژێردراو دەبینێتەوە لە لایەن خەڵکی ئەو ویلایەتەوە، کە یاسای تایبەت بەو ویلایەتە دەردەکات و چاودێریی دەزگه‌ى جێبەجێکار لە ویلایەتەکە دەکات. هەرچەند وەک بنەمایەکی دەستووری، دەبێت دەسەڵاتەکانى ویلایەتەکان بە دەستووری فیدراڵییه‌وه‌ سنووربەند بکرێن.

سێیەم: دەسەڵاتی جێبەجێکار لە ویلایەت: ئەمەیان کاروباری سیاسی و کارگێریی ویلایەتەکە دەگرێتە ئەستۆ. هەر ویلایەتێک حکوومەتێکی تایبەت بەخۆی دەبێت کە بەشێک نییە لە حکوومەتی فیدراڵی، بێ ئەوەی هیچ چاودێرییەک و ئاراستەکردنێکی لە لایەن حکوومەتە فیدراڵییەکەوه‌ لەسەر بێت، بەڵکوو تەنیا بەرامبەر پەرلەمانى ویلایەتەکەی خۆی، بەرپرسە.

جیابوونەوە لە فیدراڵیزم

مەبەست لە جیابوونەوە بریتییە لە جیابوونەوەی پارچەیەک لە خاکی دەوڵەت لە سەروەریی بنەڕەتیی ئەو دەوڵەتە، بە مەبەستی بنیاتنانى دەوڵەتێکی نوێ. بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتە نوێیه‌ دابمەزرێ، پێویستە سەرجەم ڕەگەزەکانى دەوڵەتبوونی تێدا بێت و، دەوڵەتی دایک نەیتوانیبێت بە مانەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتە فیدراڵییەکەدا ڕازیی بکات. جیابوونەوە، باوترین ڕێگه‌یە لە مێژوودا بۆ دامەزراندنی دەوڵەت. بەو مانایەى جیابوونەوە جیاوازه‌ لە وەرگرتنه‌وه‌ی سەربەخۆیی. جیابوونەوە بە واتاى دابه‌شبوونی خاکی وڵاتێک بەسەر چەند پارچەیەکدا. بەڵام وه‌رگرتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی واتاى گەڕانەوەی سەربەخۆیی بۆ ئەو دەوڵەتانەی لەژێر حوکمی کۆلۆنیالیزم داگیر کرابوون.

جیابوونەوە، بۆ ئەوەی جۆرێک لە ڕەوایەتیی تێدا بێت، پێویستە دەقێکی دەستووری پاڵپشتیی بکات؛ خۆ ئەگەر لە دەستوورەکەیش باس نەکرابێت، ئەوا دەبێت دەستوورەکە هەموار بکرێت بۆ ئەوەی ماددەیەکی هاوشێوەی ئەمەی تێدا جێ بکرێتەوە. بە شێوەیەک ئاماژە بەوە کرابێت کە پرسی جیابوونەوە لە ڕێگەى ڕاپرسییەوە دەخرێتە بەردەم خەڵکی ئەو ناوچانەی دەیانەوێت جیا ببنەوە و، دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێت. دەبێ ئەوەیش لەبەرچاو بگیرێت کە بابەتی ڕاپرسی لە ئێستادا بنەمایەکی سەپێنراو نییە لە بنەماکانى یاسای نێودەوڵەتی، پەنابردنەبەر ڕاپرسی، یان بازدان بەسەریدا، بەستراوەتەوە بە بارودۆخ و ژینگەى ئەو وڵاتەی جیابوونەوەی تێدا ڕوو دەدات.

ڕێکخستنی یاسایی بۆ جیابوونەوە:

جیابوونەوە پێویستی بە چەند ڕێکارێکی یاسایی هەیە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتەکە، چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، گرنگترینیان:

1-    لەسەر ئاستی ناوخۆیی: لەم ئاستەدا پێویستی بە ڕێکخستنی دەستووری هەیە؛ بەشێکی زۆری دەستوورە فیدراڵییەکان ڕێگە لە جیابوونەوەی پارچەیەک لە خاکی وڵاتەکەیان دەگرن. هەمیشە جەخت لەسەر یەکپارچەییی خاک دەکەنەوە. بۆ نموونە دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەکسیک، بەرازیل، نەیجیریا، هند، ئیسپانیا. لە دەستووری ئیسپانیادا لە ماددەى دووەمدا، بەڕوونی هەر هەوڵێک بۆ پارچەکردنی وڵاتەکە ڕەت دەکاتەوە. دەستووری عێراق 2005، بە هەمان شێوە لە چەندین ماددەدا دابەشبوونی عێراق ڕەت دەکاتەوە. بۆ نموونە لە ماددەی یەکەمدا هاتووە: "عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی یەکپارچەیە و خاوەن سەروەریی تەواوە، ئەم دەستوورە گرەنتییە بۆ یەکپارچەییی خاکی عێراق." لەم ماددەیەدا دوو گوزارشت هەن کە بەڕوونى دژی جیابوونەوەی پارچەیەک لە خاکی عێراقن. هەروەها ئەو سوێندە دەستوورییەی بۆ ئەندامانى پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و تەنانەت سەرۆکی کۆماریش دانراوە، زۆر بەڕوونی هاتووە کە ئه‌ركی سه‌رشانی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌، یەکپارچەییی خاکی عێراق بپارێزن. ماددەى 64 سەرۆکی کۆمار و، ماددەى 106 سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ناچار کردووە کە پارێزگاری لە پارچەبوونی عێراق بکەن.

لە هەندێ وڵاتی فیدراڵی لە دەستوورەکەیاندا بە هیچ شێوەیەک باسی بابەتی جیابوونەوە نەکراوە، وەکوو دەستووری (ئوستراڵیا، ئەڵمانیا، سویسرا). لە بەرامبەردا هەندێ نموونەی دەستووری فیدراڵی هەیە بە شێوەیەکی فەرمی ڕێگەى بە یەکە فیدراڵییەکان دراوە بە جیابوونەوەیان بەپێی سروشتی ئەو گرێبەستەی لەسەر بنیات نراوە. نموونەی ئەو دەستوورانەی باسی جیابوونەوەی کردووە، بریتین لە دەستووری (ئەتیۆپیا، سان کیس، سێربیا و مونتینیگرۆ، دەستووری کۆماری سودان 2005).

ئەگەر ئەمە واقعی دەستووری بێت، بەڵام واقعی پراکتیکی شتێکی دیکەمان پێ دەڵێت؛ ئەم ڕێگرییە دەستوورییانە ناتوانن ڕێگە لە جیابوونەوە بگرن، تەنیا ئەوە نەبێت کە دەرفەتی دانوستاندن بە هەر دوو لا دەبەخشێت بۆ ئەوەی پرۆسەی جیابوونەوەکە بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوە بچێت.

2- لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی: یەکێ لە پرەنسیپە جێگرەکانى یاسای نێودەوڵەتی، پرەنسیپی پاراستنی هەرێمایەتییە. بەشێک لە زاناکان ئەمە بە تەگەرەیەکی ئاشکرا لە بەردەم مافی چارەى خۆنووسین دەزانن. یاسای نێودەوڵەتی، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی، لە لایەک ڕێگە لە پارچەبوونی سەروەریی وڵاتان دەگرێت، لە لایەکی دیکەیش ماف دەداتە نەتەوەکان کە مافی چارەى خۆنووسینیان هەبێت، ئەگەر داگیرکاری هەبێت، یان مافەکانى مرۆڤ بە ئاستێکی بەرز پێشێڵ کرابێت. لە کاتێکدا بەپێی بڕیاری ژمارە (2625)ی ساڵی 1970ی کۆمەڵەى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی چارەى خۆنووسین بە سێ چین دەبەخشێت: 1/ ئەو میللەتانەى لە ناوچە داگیرکراوەکان دەژین. 2/ ئەو هەرێمانەى بەزۆر خراونەتە پاڵ دەوڵەتێک، بەبێ ئەنجامدانی ڕاپرسی. 3/ دەوڵەتی فیدراڵی، کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە دروست کرابێت و، دەستوورەکەى ڕێگەى بە جیابوونەوە دابێت.

دەبێ ئەوەیش لەبەرچاو بگیرێت، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەماى بەرژەوەندی دامەرزاوە. بۆیە هەر لەسەر ئەو بنەمایەیش، لە ڕووی دانپێدانانەوە بڕیار لەسەر جیابوونەوەی وڵاتان دەدرێت. جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ، نابێ ستراکچەری ناوچەکە تێک بدات. بۆ نموونە لە کیشوەری ئەفریقا چەندین کۆمەڵەى جیاواز هەن، کاتێک قەبیلەکان (ئیبو) لە نەیجیریا هەوڵیان دا جیا ببنەوە، ویستیان (20) دەوڵەتی بچووک دابمەزرێنن، بەڵام ژینگەى هەرێمی، ڕێگەى نەدا ئەم هەوڵە سەر بگرێت.

شێوازەکانی جیابوونەوە:

تا ئێستا چەند حاڵەتێکی جیابوونەوە لە دەوڵەتە فیدراڵییەکان ڕووی داوە؛ هەندێکیان بە شێوەی ئاشتییانە بووە، هەندێکیشی توندوتیژیی زۆری لێ کەوتۆتەوە:

یەکەم: جیابوونەوەی ئاشتییانە: هەندێ حاڵەتی جیابوونەوە هەیە کە بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوە چووە، جا چ لە ڕێگەى ڕاپرسی بووبێت، یان بەبێ ڕاپرسی. بۆ نموونە جیابوونەوەی فەنزوێلا لە کۆلۆمبیا، جیابوونەوەی ڕودسیا لە ئایسلاند لە 1963، جیابوونەوەی سەنگافوورە لە مالیزیا 1965، یەکێتیی سۆڤیەت (15) دەوڵەتی لێ دروست بوو لە 1991، چیک و سلۆڤاکیا 1993، کۆماری چیای ڕەش لە ساڵی 2006، پاش ڕاپرسییەکی جەماوەری لە سربیا جیا بووەوە.

دووەم: جیابوونەوەی توندوتیژ: ئەمەیان کاتێک ڕوو دەدات کە یەکەیەکی سیاسی، بەزۆر دەیەوێت لە یەکگرتنە فیدراڵییەکە بچێتە دەرەوە و، جه‌نگی چەکداری بە هۆیەوە دروست دەبێت. بۆ نموونە کاتێک بەنگلادیش (ڕۆژهەڵاتی پاکستان) لە ساڵی 1971 لە پاکستان جیا بووەوە، جه‌نگێکی خوێناوی لە نێوانیان دروست بوو. ئەم جیابوونەوە خوێناوییە، لە ساڵی 1991 لە یوگسلاڤیایش ڕووی داوە، کاتێک بە هۆی جەنگێکی درێژخایەنه‌وه‌ (5) دەوڵەتی لێ دروست بوو. هۆکاری سەرەکیی ئەو پارچەبوونەی یوگسلاڤیا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دیموکراتییەت پاشەکشەیەکی زۆری کردبوو، تەنیا یەک حزبی سیاسی، کۆنترۆڵی بوارى سیاسی و ئابووریی کردبوو، هیچ دەرفەتێک بۆ بەشداریی (سربەکان، کرواتەکان، ئەڵبانەکان، مسوڵمانان) لە کاروباری سیاسی نەمابوو، کێشە زۆرەکان بوونە هۆی دروستبوونی جەنگێکی ناوخۆیی؛ تا دواجار لێک جیا بوونەوە.

هۆکارەکانی جیابوونەوە لە دەوڵەتە فیدراڵییەکان

1-    هۆکارە سیاسییەکان: سروشتی فیدراڵیزم بە شێوەیەکە کە پێویستیی بە دیموکراسی هەیە لەسەر ئاستی حکوومەتی ناوەندی. ئەو دەوڵەتە فیدراڵییانەى لێک هەڵوەشاون، بە پلەى یەکەم بە هۆی نەبوونی دیموکراسی بووە لە پرۆسەی سیاسیدا. فیدراڵیزمێک لەسەر بنەمای دیموکراسی دانەمەزرابێت، پێویستیی بە چەند شتێک دەبێت؛ لەوانە، سەروەریی یاسا، دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەپێی دەستوور، پاراستنی مافی کەمینەکان. بەشێکی زۆری جیابوونەوەکان هۆکاری سیاسیی درێژخایەن لە پشتییەوە بووە.

2-    هۆکاری ئابووری: یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی سیستەمی فیدراڵی، بریتییە لە بوونی سەرچاوەى ئابووریی تەواو بۆ تەمویلی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتە خۆجێیییەکان، گرنگە حکوومەتە خۆجێیییەکان بتوانن شتێک بۆ خۆیان بکەن. وا باوە سەرچاوەکانى کۆکردنەوەی داهات لە دەستی حکوومەتی ناوەندی بێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروانە بەسەر ویلایەتەکان دابەشی بکات. کاتێک ویلایەتێک بە بارێکی ئابووریی سەختدا تێ دەپەڕێت، یەکەم شت کە بیری لێ دەکاتەوە جیابوونەوەیە. بۆ نموونە ویلایەتی ئوستراڵیای ڕۆژاوا زۆرینەی دانیشتووانى، دەنگیان بە جیابوونەوە دا لە ئوستراڵیا 1933، بە هۆی خراپیی باری ئابووری، بەڵام حکوومەتی ئوستراڵیا ڕێگەى لە جیابوونەوەی ئەو بەشە گرت، بەوەی سیستەمێکی تایبەتیی بۆ ئەو ویلایەتە تەرخان کرد، تا بتوانێ ئەو قۆناغە تێ پەڕێنێت. یوگسلاڤیا  لێک هەڵوەشایەوه‌، بە هۆی ئەوەی (چێک و سلۆڤاکیا) لە ڕووی ئابوورییەوە جیاوازییەکی زۆریان هەبوو.

گریمانەکانی دواى جیابوونەوە

دواى ئەوەی هەرێمە فیدراڵییەکان داواى سەربەخۆیی و جیابوونەوە دەکەن، چەند ئەگەرێک هەن کە دەشێ ڕوو بدەن:

گریمانەی یەکەم: دەسەڵاتی ناوەندی، ئەو بزاوتە جیاخوازە له‌بار ده‌بات. بە هەموو ئەو ئامرازانەى لەبەردەستییەتی، تەنانەت تا ئاستی بەکارهێنانى هێزی چەکداری. بۆ نموونە کاتێک ویلایەتەکانی باشووری ئەمریکا لە ساڵی 1861 هەوڵی جیابوونەوەیان دا، حکوومەتی فیدراڵی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی، سوپاى بەکار هێنا. هەروەها حکوومەتی یەمەن لە ساڵی 1994 جەنگێکی فراوانی دژی جیاخوازەکانى باشوور بەرپا کرد.

گریمانەی دووەم: خودی ویلایەته‌کە دەستبەرداری ئارەزووی سەربەخۆیی دەبێت، یان بە هۆی ڕەتکردنەوەی ئەو داوایە لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە، یان بە هۆی نالەباریی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمەکەوه‌.

گریمانەی سێیەم: دەسەڵاتی ناوەندی، ڕەزامەندی نیشان دەدات لەسەر سەرپشککردنی خەڵکی ناوچە خۆجێیییەکە بە مانەوە، یان جیابوونەوە. لەمەیشدا دەوڵەتی سەربەخۆ دروست دەبێت. بۆ نموونە لە ساڵی 1992 لە سلۆڤاکیا ئەمە ڕووی دا. یان ئەگەر جه‌نگیش ڕووی دا، هەرێمە جیاخوازەکە لە جه‌نگەکە سەر بکەوێت؛ وەک جه‌نگی بەنگلادیش لە دژی پاکستان 1970.

گریمانەی چوارەم: جیاخوازەکان بەتەواوی کۆنترۆڵی بارەکە بکەن لەو پارچەیەی کە دەیانەوێت جیای بکەنەوە. پاشان ئەو پارچەیه‌ بە دەوڵەتێکی دیکە دەبەسترێتەوە. بۆ نموونە کەمینەى تورکی لە قوبرس، توانییان خاکەکەیان بە تورکیا ببەستنەوە، هەروەها دانیشتووانى ئەوقاد توانییان ئەستیۆپیا بە سۆمال ببەستنەوە.

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples