لامەرکەزییەت لە نێوان دیموکراسی و دابەشکاریی کارگێڕیدا

پێشەکى

دیموکراسییەت لەم چەند دەیەی دواییدا لە سەرانسەری جیهان، وا دەردەکەوێت کە بەهایەکی بنەڕەتی و چوارچێوەیەکە بۆ کارى حکوومەت. بە شێوەیەک کەوا باوترین بەها لەسەر ئاستی حوکمڕانیی وڵاتاندا ئێستا بۆتە دیموکراسی؛ هەر ئەمەیشە واى کردووە پرۆسەى دیموکراتیزەکردن، یەکێک بێت لە پرسە هەرە گرنگەکانی ئێستای بوارى سیاسی. داواکاریی وڵاتان و هاووڵاتیانیان بەرەو دیموکراتییەت، سات دواى سات ڕوو لە زیادبوونە. لەم پێناوەیشدا وڵاتان هەموو ڕێگه‌چارە پێویستەکانیان گرتۆتە بەر و هەموو ئەو دامەزراوانەی کە پێویستن بۆ حوکمێکی دیموکرات، دەهێننە کایەوە. هەروەها لە لایەکی دیکەوە لامەرکەزییەت، تا دێ وەک یەکێک لە بنچینە سەرەکییەکانى پرەنسیپە دیموکراتییەکان دەردەکەوێت. چونکە بۆ خەڵک بەس نییە کە تەنیا بتوانن سەرکردە نیشتمانییەکان هەڵبژێرن و لەسەر ئاستی نیشتمانى، هەڵبژاردن و نوێنەرایەتییان هەبێت، بەڵکوو حوکمڕانیى دیموکراسی وا دەخوازێت خەڵکی نوێنەرە خۆجێیییەکانى خۆیشیان هەڵبژێرن؛ بۆ ئەوەی خەڵک هەست بە نزیکی بکات لە دەسەڵات، بەتایبەت ئەو دەسەڵاتەی تایبەتە بە بوارى جێبەجێکارییەوە. خواستی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەنگاوی زیاتر بەرەو دیموکراسیبوون بنێت، خاڵێکی ئەرێنییە کە بووەتە پاڵپشتێک بۆ ئەو پشتگیرییەی كه‌ هەرێم لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە هەیەتی. بۆیە گرنگە بزانین دۆخی دیموکراسیی هەرێم لە گۆشەنیگاى لامەرکەزییەتەوە چۆنە؛ ئەمەیش دەمانباتەوە سەر ئاستی لامەرکەزییەت و دابەشکاریی کارگێڕی لە هەرێم. 

لامەرکەزییەتى دیموکراسی و لامەرکەزییەتى نادیموکراسی

ئەو کاتەى حکوومەت لە خەڵک نزیک دەبێت، ئەوا زیاتر بەرامبەر خەڵک بەرپرسیار دەبێت، چونکە خەڵک ڕاستەوخۆ چاودێریی کارەکانى دەکەن و بڕیار لەسەر سەرکەوتن و شکستی ئەو حکوومەتە دەدەن. بۆ ئەوەى حکوومەتیش لە خەڵک نزیک بکەیتەوە، پێویستیت بە چەندین فۆرمى لامەرکەزییەتە بۆ ئەوەى دەستەى حکوومى دابەشی سەر چەند چینێک بکەیت. بەڵام سەرەڕای ئەوەیش، دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کەوا هەمیشە بەلامەکەزیبوون ناچێتە خزمەتی پرۆسەى دیموکراتی و، بەسەر دیموکراتییەتەوە بێ مەترسی نابێت. لە هەندێ باردا حکوومەتی خۆجێیی نابێتە هۆی بەرەوپێشبردنی پرۆسەى دیموکراتی، چونکە ناوچە خۆجێیییەکان لە لایەن هەندێ سەرکردەى سیاسییه‌وه‌ کۆنترۆڵ دەکرێت، کە بەپێی بنەما دیموکراتییەکان کار ناکات و ڕێز لە مافی هاووڵاتیان ناگرێت. بۆ نموونە سەرکردەیەکی ئۆتۆکراتی لۆکاڵی بە پاڵپشتیی دەسەڵاتی ناوەندی، دەسەڵاتەکه‌ى خۆی زیاد دەکات و هەڵبژاردنەکان پشتگوێ دەخات و ئۆپۆزیسیۆن لەناو دەبات. کەواتە لە هەموو بارێکدا بەلامەرکەزیبوون ناچێتە خزمەتی پەرەپێدانى دیموکراتییەت، بەڵکوو زۆر جار لادان لە سروشتی دیموکراتییانەی لامەرکەزییەت دروست دەبێت. بۆیە دەبێت دەستکاری ستراکچەرى کارگێڕی بکرێت، بۆ ئەوەى ڕێگە لە ئەگەرێکی لەم شێوەیە بگیرێت؛ بێ گومان ئەمەیش لە ڕێگەى حکوومەتێکى نیشتمانیى دیموکراتەوە دەکرێت. کەواتە ئەگەر ئاستی دیموکراسی بکەینە پێوەر، ئەوا دوو شێوازى لامەرکەزی دەسنیشان دەکەین:

1- لامەرکەزییەتی دیموکراتی: ئەو لامەرکەزییەتە ئەو کاتە ڕوو دەدات کە دەسەڵات و سەرچاوەکانى دروستکردنى بڕیار، بگوازرێنەوە بۆ لایەنێک نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەى خەڵکە لۆکالییەکە بکات. ئەو شێوازە لە لامەرکەزییەت بە شێوەیەکی نموونەیی، بریتییە لە هەڵبژاردنی حکوومەتی خۆجێیی، کە ئامانج لێی فراوانکردنی بەشداریکردنی گشتیی هاووڵاتیانە لە دروستکردنی بڕیاری ناوخۆیی.

2- لامەرکەزییەتی نادیموکراتی: بریتییە لە گواستنەوەى دەسەڵات بۆ لقەکانى خوارەوەی دەسەڵاتی مەرکەزی، وەک: نووسینگە و بەڕێوەبەرایەتیی تایبەت بە وەزارەتەکان. ڕەنگە لە هەندێ کاردا بەرامبەر ئەرکەکانیان بەرپرسیارن بەڵام لێپرسراوێتیی سەرەکییان، دەگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی مەرکەزی. ئەو شێوازە لە لامەرکەزییەت، لاوازترین فۆرمی لامەرکەزییەتە.

پلەى دیموکراتی، بەپێی ئاستی دەسەڵاتی لامەرکەزییەتی ئیداری

لە لامەرکەزییەتی ئیداریدا حکوومەت دوو ئاست، یان زیاتری هەیە: حکوومەتی مەرکەزی، کە ئاستێکی باڵای هەیە و، دواتر حکوومەتی خۆجێیی، کە ئاستێکی نزمتری هەیە. بیرۆكه‌ی لامەرکەزییەتی ئیداری، هەر خۆی لەسەر ئەوە بنیات نراوە كه‌ چۆن بەرپرسیارێتی له‌ بواری دارایی و کارگێڕی، دەگوازرێتەوە بۆ ئەو ئاستەی خوارەوەی حکوومەت. بۆ هەڵسەنگداندنی ئاستی دیموکراسی لەو گواستنەویەدا، دەبێ لە چەند ڕەهەندێکی دەسەڵاتەکەیەوە سەیری بکەین:

1- ستراکچەری حکوومەت: ئەو ژێرخانە سیاسییەی حکوومەتی لەسەر دامەزراوە، کاریگەریی لەسەر ئاستی چالاکبوونی لامەکەزییەتی ئیداری و دەرکەوتنی ڕەهەندە دیموکراسییەکانى هەیە.

2- دەستنیشانکردنی دەستەی جێبەجێکارى هەیئەتە لامەرکەزییەکە: ئایا لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە بووە، یان بە دامەزراندن؟ لە زۆربەی نموونەکانى لامەرکەزییەت شێوازی هەڵبژاردن جێبەجێ دەکرێت. بەڵام لەو شێوازەیش پرسیاری جددی هەیە: ئایا ئەو هەیئەتانه‌ی هەڵدەبژێردرێن، خۆیان کارەکان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، یان ئەوانیش کەسانى تر ڕادەسپێرن؟ وەڵامی ئەو پرسیارەیش کاریگەریی لەسەر ئاستی دیموکراسیبوونی لامەرکەزییەتەکە.

3- سنووری دەسەڵاتداری: ئایا حکوومەتی مەرکەزی تا چەند مافی یاساییی هەیە کە بڕیار و سیاسەتەکانى خۆی بەسەر حکوومەتە خۆجێیییەکان بسەپێنێ؟ لێرەدا سەپاندنی دەسەڵاتداریی حکوومەتی مەرکەزی، شێوازێکە لە ڤیتۆکردنی بڕیارەکانى حکوومەتی خۆجێیی؛ زۆربەى وڵاتان میکانیزمێکی دیاریکراویان بۆ ئەو پرسە دروست کردووە. بۆ نموونە، لە یاسا ناتوانێ دەسەڵاتداریی تەواو بسەپێنێ، تاوەکوو ناڕوونییەکی تەواو نەبێت. لە بری ئەوە، سەپاندنی دەسەڵاتداری لەو کاتە دەبێت کە حکوومەتی مەرکەزی بە شێوەیەکی شەرعی بتوانێ دەسەڵاتی حکوومەتی خۆجێیی ڕەت بکاتەوە، لە کاتێکدا ئەمیان بە سنووری دەسەڵاتی خۆی بزانێت.

4- دەسەڵاتی دانانى سەرچاوەی داهات: ئایا حکوومەتی خۆجێیی، تا چەندە دەسەڵاتی فەرمیی هەیە بۆ دابینکردنی داهاتەکانى لە ڕێگەى باج و دەرامەتەوە؟ لێرەدا سێ ئەگەر هەیە: یان ئەوەتا حکوومەتی خۆجێیی و حکوومەتی مەرکەزی بەیەکەوە ئەو دەسەڵاتەیان هەیە، یان یەکێکیان بە تەنیا ئەو دەسەڵاتەی هەیە، یانیش حکوومەتی خۆجێیی، لەو ڕوەوە هیچ دەسەڵاتێکی نییە. ئەمەیش کاریگەریی لەسەر چالاکبوون و سەربەخۆییبوونی حکوومەتە خۆجێیییەکان دەبێ.

5- سەرچاوەی داهاتی هاوبەش: ئایا حکوومەتی مەرکەزی بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بەبێ مەرج، سەروەتە نیشتمانییەکانى دەگوازێتەوە بۆ حکوومەتە خۆجێییەکان؟ لێرەیشدا سێ گریمانە هەیە: یەکەمیان هەموو ئاستەکانى حکوومەت بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بەبێ مەرج، پشکی خۆیان وەردەگرن؛ دووەم ئەگەر بە شێوەیەکی ڕێکخراو دابەش بکرێت، بەڵام بە مەرج بدرێتە حکوومەتە خۆجێییەکان، ئەوەیش ئاستی لامەرکەزییەکە نزم دەکاتەوە؛ سێیەم ئەگەر تەنیا حکوومەتی مەرکەزی دەسەڵاتی مامەڵەکردنی بە داهاتی باج و سەروەتە نیشتمانییەکان هەبێت، ئەو کاتەیش پرەنسیپی لامەرکەزییەت دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

6- دەسەڵاتداری لە بوارەکانى خوێندن، ژێرخان و پۆلیس: ڕەهەندی خوێندنیش دەگەڕێتەوە بۆ بەرپرسیارێتی بۆ خوێندنی بنەڕەتی، کە ئایا کامە ئاستی حکوومەت دەسەڵاتی هەیە بۆ دامەزراندن و دانانى مامۆستایانی قوتابخانەکان؟ هەروەها لە بواری ژێرخانیش، ئایا حکوومەتی خۆجێیی تا چەندە ئەو بڕیارانەى لەدەستە بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانى ناوچە خۆجێیییەکان؟ هەروەها بەرپرسیارێتیی سەرەکی لە بواری پۆلیسی ناوخۆیی، پێوەرێکی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنى ئاستی دەسەڵاتداری لە لامەرکەزییەتدا؟

دۆخى هەرێمی کوردستان لەم نێوەندەدا

هەرێمی کوردستان بە قۆناغی گواستنەوەدا تێ دەپەرێ و، ئاماژەکانى چاکسازی و چوون بەرەو دیموکراتییەت، لە چەند بوارێکدا دەردەکەون، بەتایبەت دواى ساڵی 2003؛ ئەمەیش لەژێر کاریگەریی هۆکارە دەرەکی و ناوخۆیییەکانەوەیە. لە ئاکامی کەلەکەبوونی کێشەکان و هاتنی پێشهاتى چاوەڕواننەکراو، چەندین قەیران لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە دوچاری هەرێم بوونەوە، کە بەشێک لەم قەیرانانە پەیوەستە بە کاملنەبوون و پێنەگەیشتنی کەلتووری دیموکراسی لە حوکمڕانیدا. بۆیە دەبینین لەسەر ئاستی جەماوەر و حزبە سیاسییەکان سەرەڕای جیاوازی و ناکۆکیی قووڵ لە نێوانیان، کۆدەنگییەک هەیە ئاماژە بەوە دەکات کەوا پێویستە ئەو قۆناغە تێ پەڕێت و بەرەو پێشەوە بچین. لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک پرس بوونه‌ته‌ شوێنی گرنگیپێدانی لایەنەکان و هاووڵاتیان، بەڵام ئەوەی لە وێنە گەورەکەدا دەردەکەوێت بریتییە لەوەی داواکارییەکان بەرەو دیموکراتییەت لە بەشێکی زۆری ناوچەکانى هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوونە. لە ئێستادا زیاتر لە هەر شتێ، خەڵک پێویستیى بە دیموکراتییە، بۆ ئەوەى هەست بکات ئەوە دەسەڵات و حکوومەتى خۆیەتى.

دابەشکاریى کارگێڕیی هەرێمى کوردستان، لەگەڵ عێراق هاوتایە. ئەو دابەشکارییە کارگێڕییەی لە عێراق بوونی هەبوو، پشتی بەو دابەشکارییە کارگێڕییە بەستبوو كه‌ لە سەردەمی عوسمانیدا لەژێر ناوی جیاوازدا بەکار دەهات. فاکتەری سەرەکیی لێکجیاکردنەوەی ناوچە و شوێنەکان، لەسەر بنەماى هۆز و عەشیرەتەکان بوو. ئەم دابەشکارییە لە هۆز و عەشیرەت، دواتر بوو بە دابەشکارى لە ڕووی کارگێڕییەوە؛ ئەمەیش بە سەرەتای دەرکەوتنی گیانی ناوچەگەرێتی دادەنرێت. ئەم بارودۆخە لەگەڵ پێشکەوتنی عێراق، گەشەکردنی بەخۆیەوە بینی و لە فۆرمی جیاوازدا خۆی نیشان دەدا. دواتر بەرنامەی سیاسیی حزب و دەستە حوکمڕانەکان ڕۆڵێکی گەورەیان لە شێوازی داڕشتنی ئەو دابەشکارییەدا بینی.

لە هەرێمى کوردستان دواى ڕاپەڕینی 1991 و گرتنەدەستی حوکمڕانی لە لایەن خه‌ڵكی هەرێمه‌وه‌، چەندین گۆڕانکاری لە بواری کارگێڕیدا ڕوویان دا. جگە لە گۆڕینی ناوی چەند یەکەیەکی کارگێڕی، سنوور و قەبارەى یەکە کارگێڕییەکانیش دەستکارى کران. بە هۆی فراوانبوونی ناوچەکان و زیادبوونی ژمارەى دانیشتووان، بەشێک لە یەکە کارگێڕییەکان لە ناحیەوە، بوون بە قەزا و، بەشێک لەو ناوچانەى بە لادێ ناسرابوون، بوون بە ناحیە. دواى پرۆسەی ئازادیی عێراق و جێبەجێکردنی لامەرکەزییەتی ئیداری لە عێراق، لە هەرێمی کوردستانیش داواکارییەکانى ناوچە جیاوازەکان بۆ بەپارێزگابوون بەرەو زیاتر چوون و، گەورەبوونی سنووری یەکە کارگێڕییەکان زیادی کرد. لەمەیشدا چەندین فاکتەر ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو. گرنگترینیان پەیوەستە بە بەرنامە و پلانى حزبە سیاسیبەکان کە گیانى ناوچەگەرێتییان بەخشییە بەشێکى زۆری ناوچەکانى هەرێم؛ کە ئەمەیش لە بری ئەوەى فاکتەرى یارمەتیدەر بێت بۆ باشکردنی دابەشکاریی کارگێڕی، بووە تەگەرەیەکی پتەو لە بەردەم دیموکراتبوونی ئەو دابەشکارییە كارگێڕییه‌. بۆیە دەبینین داواکارییەکان بەرەو لامەرکەزییەت و فراوانکردنى سنووری کارگێڕی، لەو ڕەهەندە دیموکراتییەى کە دەبوایە لەسەرى دابمەزرێت، بێبەشە.

یەکێک لەو خاڵە جەوهەرییانەى كه‌ لامەرکەزییەتى سیاسی لە لامەرکەزییەتى ئیدارى جیا دەکاتەوە، بوونى چاودێرییە لە لایەن حکوومەتى ناوەندییەوە بەسەر حکوومەتە خۆجێیییەکان؛ ئەمەیش بە ماناى بوونی پەیوەندییەکی ئۆرگانییە لە نێوان هەر دوو حکوومەتدا. لە لامەرکەزییەتی ئیداریدا، حکوومەتە خۆجێیییەکان بە بەشێک لە جەستەی دەسەڵاتی جێبەجێکاری دادەنرێت؛ بۆیە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا لە پەیوەندیی بەردەوامدان. چۆنیەتیی ڕێکخستنی ئەو پەیوەندییە و ئاستی پەیوەندییەکە و ئەو فاکتەرانەی کاریگەری دەخەنە سەر پەیوەندییەکە، چەند پرسێکن کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاستی لامەرکەزییەت هەیە. بۆیە لە دابەشکاریی کارگێڕیدا، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێ.

ده‌رەنجام

لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەى کە دیموکراسیبوونی هەرێمی کوردستان بە پلەى یەکەم، پەیوەستە بە دیموکراسیبوونی لە بواری کارگێڕییەوە. چونکە ئەوه‌ دەزگه‌ کارگێڕییە گشتییەکانن، کە مامەڵەی ڕاستەخۆ لەگەڵ هاووڵاتیانى ئەو هەرێمە دەکەن، هەروەها هاووڵاتیان لە ڕێگەى ئەو دەزگە کارگێڕییانەوە درک بە بوونی پرۆسه‌ی دیموکراسی دەکه‌ن. بۆ ئەمەیش، هەرێم جگە لەوەی پێویستیی بە پێداچوونەوەی یاسا تایبەتمەندەکانى ئەو بوارەیە، لە هەمان کاتدا پێویستیی بە دووبارە داڕشتنەوەی دابەشکارییە کارگێڕییەکان هەیە، بۆ ئەوەی ئاسەوارى ئەو حوکمڕانییە مەرکەزییە بسڕێتەوە کە ماوەیەکی زۆر پیادە کراوە. داڕشتنەوەی ئەو دابەشکارییە کارگێڕییە، بە کلیلی دیموکراتبوونی لامەرکەزییەتی کارگێری لە هەرێمی کوردستاندا دادەنرێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples