پێگەى هاووڵاتیان لە کارگێڕیی گشتیدا

پێشەکی

یەکێک لە ڕەگەزە هەر سەرەکییەکانى بونیادی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا، بریتییە لە هاووڵاتیببون. هاووڵاتیبوون بە مانا بەرفراوانەکەی، گوزارشتە لەو پەیوەندییە قووڵەی کە لە نێوان کۆمەڵگە و دەزگه‌ى کارگێڕیی دەوڵەتدا هەیە. ئەو پەیوەندییەیش لەسەر کۆمەڵێک بنەما بنیات نراوە؛ بە شێوەیەک کە دواجار دەبێت جۆرێک لە هاوسەنگی لە نێوان هەردوو لایەکەدا ڕابگیرێت بۆ ئەوەی لایەنی یەکەم، کە کۆمەڵگەیە، مافەکانى خۆی لەدەست نەدات و پێداویستییەکانى بۆ دابین بکرێت، هەروەها لایەنی دووەمیش کە دەسەڵات و دەزگه‌ کارگێڕییەکانن ئەو بەرپرسیارێتییه‌ی لەسەر شانیانە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە، لێیان دوور نەکەوێتەوە. لێرەدا دەزگه کارگێڕییەکان ئەرکێکی زیاتریان بۆ دروست دەبێت، کە لە پاڵ ئەوەی پەیوەندیی کۆمەڵگه‌ بە دەزگه دەوڵەتییەکان ڕێک دەخەن، لە هەمان کاتدا پەیوەندیی نێوان تاکەکانیش ڕێک دەخەن. لێرەوە سروشتی پەیوەندیی هاووڵاتی بە بەڕێوەبردنی وڵات، زیاتر ڕوون دەبێتەوە. بەڵام گرنگترین پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەو پەیوەندییە لەسەر چ بنەمایەک پێویستە دابڕێژرێت، تاوەکوو کۆمەڵگە بە باشترین شێوە و پڕبەرهەمترین ڕێگه‌، بەڕێوە ببردرێت؟

هاووڵاتی و کارگێڕیی گشتی

بێ گومان هاووڵاتی و هاووڵاتیبوون، دەشێ بە چەند شێوەیەک پێناسە و لێکدانەوەی بۆ بکرێت؛ ئه‌مەیش بەپێی ئەو گۆشەنیگایەى کە لێیەوە لە هاووڵاتی دەڕوانرێت. بەڵام بۆ ئەوەی مەبەستەکەی ئێمە زیاتر ڕوون بێت، ئێمە لە دەروازەی کارگێڕیی گشتییەوە سەیری هاووڵاتیبوون دەکەین بۆ ئەوەى پێگەى هاووڵاتی لە بەڕێوەبردنی وڵاتان باشتر دەستنیشان بکەین. هاووڵاتیبوون لە کارگێڕیی گشتیدا، پێناسە دەکرێت بەو "بەشدارییە چالاکەى هاووڵاتی لە کاروباری گشتی هەیەتی، لە چوارچێوەی ئەو کۆمەڵگه خۆجێیییەی کە تێیدا دەژی. بەڵام دەکرێ ئەم پێناسەیە بۆ دەرخستنی ڕۆڵی هاووڵاتی بەس نەبێت؛ بۆیە پێناسەکانى دیکە زیاتر جەخت لەسەر خاڵێکی دیکە دەکەنەوە، ئەویش جیاوازیکردنە له‌ نێوان هاووڵاتیبوون و هاونیشتمانیبووندا. لێرەوە هاووڵاتیبوون بریتییە لەو مافەى تاک هەیەتی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ؛ کەواتە هاووڵاتیبوون بەستراوەتەوە بە ماف. بەڵام هاونیشتمانیبوون زیاتر پەیوەندیی بەو ئینتیمایە هەیە کە تاک بەرامبەر نیشتمانەکەی هەیەتی. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین هاووڵاتیبوون پەیوەستە بە پرسە کارگێڕییەکان، کە تاک تێیدا لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا بەشدار دەبێ.

کڕۆکی کارگێڕیی گشتی لە دەوڵەت، خۆی لەناو پرەنسیپەکانى هاووڵاتیبووندا دەبینێتەوە، بەو پێیەی بنەما کەلتوورییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەمکی جەماوەر وەک نوێنەرایەتییەکی هاووڵاتیان؛ هەروەک چۆن کارگێڕیی گشتی، خۆی لە ڕێگەى وجوودی ماددیی تاکەکانەوە، لە ڕێگەى پرسە کارگێڕی و دارایییەکانی پەیوەست بە تاک، دەردەخات. لە پاڵ ئەمەیشدا دەزگه کارگێڕییەکان بەرپرسیارێتییه‌ك دەخەنە سەر شانی خۆیان، کە ئەویش بریتییە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانى هاووڵاتی. هەمیشە پەیوەندیی نێوان کارگێڕیی گشتی و هاووڵاتی لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، پشتی بەو شەرعییەتە بەستووە كه‌ هاووڵاتی بە دەزگه کارگێڕییەکانی دەبەخشێت؛ کە ئەمە بەرپرسیارێتییه‌كی ئەخلاقی دەخاتە سەر شانی ئەو دەزگه‌یانە، بۆ ئەوەی لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان ڕەچاوی حەز و ویستی ئەوانە بکەن کە شەرعییەتەکه‌ی پێ داون. کەواتە پێگەى هاووڵاتی لە کارگێڕیی گشتیدا بریتییە لە بەشداری، بە مانای بەشداریکردن لەو چالاکییە کارگێڕییانەى کە پەیوەستە بە ژیانى تاکەکانى کۆمەڵگە؛ ئەمەیش بە ئامانجی دەستنیشانکردنی ئەو لایەنەی کە پێی باشە لەو پرسەدا نوێنەرایەتی بکات بۆ ئەوەی خۆیشی لە دروستکردن و داڕشتنی سیاسەت و بڕیارەکان بەشدار بێت، جا چ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت، یان ناڕاستەوخۆ.

ڕەهەندەکانى پەیوەندیی هاووڵاتی بە بەڕێوەبردن

زۆر کەس ڕۆڵی هاووڵاتی تەنیا لەوەدا کورت دەکەنەوە کە هاووڵاتی تەنیا سیاسەتی گشتی هەڵدەسه‌نگێنێ. ئەو هەڵسەنگاندنەیش پشت ده‌به‌ستێ بە کۆمەڵێک پێوەر و ئاماژە، وەکوو: ئەنجامی ئەو پرۆگرامە، یان سیاسەتە گشتییەی دانراوە، جۆری ئەو خزمەتگوزارییەی بە هاووڵاتیان دەگەیه‌نرێت، هەروەها چۆن ئەو خزمەتگوزارییانە بەو هاووڵاتیانە دەگات، لە دواجاردا ئامانجی ئەو سیاسەتە گشتییە چییە. بەڵام ئەو لێکدانەوەیە بەشێکە لە ئەرکی هاووڵاتی، چونکە جگە لە چاودێریکردن و هەڵسەنگاندن، هاووڵاتی لە داڕشتنی ئەو سیاسەتە گشتییانەدا كه‌ بە پرسە کارگێڕییەکانەوە پەیوەستن، بەشدارە. ئەگەر ئەو ئەرکە لە هاووڵاتی وەربگیرێتەوە، بە مانای ئەوەیە کە شەرعییەت لە دەزگه کارگێڕییەکان وەرگیراوه‌تەوە. بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندیی کارگێڕیی گشتی بە هاووڵاتیانەوە، دوو ڕەهەندی سەرەکیی هەیە:

ڕەهەندی یەکەم: ئەو ئامانجانەى حکوومەت ڕای گەیاندووە، کە لە ڕێگەى ئەو سیاسەت و بەرنامەیه‌ی بۆ دەزگه کارگێڕییەکان دانراوە، پێی بگات. بێ گومان یەکەمین خاڵ کە حکوومەت لەو نێوەندەدا بیری لێ بکاتەوە بریتییە لە ویست و ئارەزووەکانى هاووڵاتیان؛ هەر لەسەر ئەو بنەمایەیشە ئەجێنداى خۆی دادەڕێژێت. هەر دەسەڵاتێک لە ئارەزووی تاکەکانى کۆمەڵگە نەگات، تەمەنی حوکمڕانییەکەی بە شێوەیەکی تەندروست، کورت دەبێت.

ڕەهەندی دووەم: دیدگه‌ى کۆمەڵگە بۆ ئەو پێویستییانەی هەیەتی؛ بۆ ئەوەی بزانێت تا چەندە لە ڕێگەى ئەو ئامانجانەى حکوومەت دای ڕشتووە، پێویستییەکانى جێبەجێ دەبێت. هەمیشە هاووڵاتی، ئامانج و سیاسەتی حکوومەت بەو پێویستییانە دەپێوێت کە کۆمەڵگه هەیەتی. هەر کاتێکیش بەرنامەکانى حکوومەت لەگەڵ پێویستییەکانی کۆمەڵگەدا هاوتا نەبوون، ئەوا لە بواری جێبەجێکردندا ڕووبەڕووی بەرهەڵستکاریی هاووڵاتیان دەەبێتەوە؛ لە دەرەنجامدا لە بری ئەوەی بگاتە ئامانجە دیاریکراوەکانى، دوچاری دوورکەوتنەوە لە هاووڵاتیان دەبێت.

کەواتە هاووڵاتیبوون ئەو چوارچێوەیەیە کە هەموو لایەک لەخۆی دەگرێت؛ لە یەک کاتدا مافی کەمینە و مافی زۆرینەیش دەپارێزێت. هەر هاووڵاتییەک هەموو مافێکی هەیە و هەموو ئەرکێکیشی لەسەر شانە. هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە ئەو ڕاستییانە پشتگوێ ناخات کە پەیوەستن بە پێکهاتە که‌لتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانى دەوڵەته‌وه‌، بەڵکوو بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو جیاوازییانە دەکات کە هەوڵ دەدات بیانپارێزێت. دەتوانین بڵێین هاووڵاتیبوون لە ڕووی کارگێڕییەوە سێ ڕەەهەندی سەرەکیی هەیە:

١- هاووڵاتیبوون وەک بارێکی یاسایی: ئەو پەیوەندییەی لە نێوان گەل و دەوڵەت هەیە، پێی دەگوترێت هاووڵاتیبوون. هەموو هاووڵاتیانی وڵاتە هاوچەرخەکان یەک دۆخی یاسایییان هەیە. لە ڕووی یاسایییەوە ماف و ئەرکەکانیان بۆ دیاری کراوە؛ ئەو ماف و ئەرکانەیش لە ڕێگەى یاسا و دەستوورەوە دیکۆمێنت کراوە.

٢- هاووڵاتیبوون وەک کۆمەڵێک ماف و ئەرک: لێرەدا هاووڵاتی بە ماناى یەکسانی و هاوسەنگی دێت لە ماف و ئەرک لە نێوان تاکەکانى کۆمەڵگەدا، بەشێوەیەک هەموو تاکێک هەمان چارەنووسیان هەبێت. لەم ڕوانگەیەوە هاووڵاتیان لە داڕشتن و دانانی سیاسەتی گشتیدا هاوبەشن، کە ئەمە لە پسپۆری کارگێڕیی گشتیی دەوڵەتە. هەروەها هاووڵاتیان لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەزگه‌کانى حکوومەت و دامەزراوە گشتییەکایشدا هاوبەشن.

٣- هاووڵاتیبوون وەک چالاکییەکی سیاسی: هاووڵاتیبوون لە وڵاتە هاوچەرخەکان، بووه‌تە بەشێکی دانەبڕاوی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ؛ کە ئەمەیش پێویستیی بە پیادەکردنی یەکسانیی تەواوە لە نێوان هاووڵاتیان و جیاوازینەکردن لە نێوانیان. لە لایەکی دیکەوە هاووڵاتیبوون بەو مانایە دێت کە هاووڵاتی، دەبێ پابەندبوونی بەرامبەر یاسا هەبێت و، ڕێز لە ئازادیی تاکەکان بگرێت، هەروەها دەبێ ئەرکەکانی سەر شانی بەتەواوی جێبەجێ بکات. لە هەمان کاتیشدا بە ماناى پابەندبوونی دەوڵەت و دەزگه کارگێڕییەکانیشی دێت لە ڕاگرتنی هاوسەنگی و بەدیهێنانی یەکسانی و دادوەری. هەروەها دەوڵەت ئەرکی ئەوەیشی دەکەوێتە سەر شان، کە پێداویستییەکانى کۆمەڵگە و هاووڵاتیان دابین بکات و، هەروەها هەموو لایەک لە خراپەکاری بپارێزێت.

مافەکانى هاووڵاتیان لە کارگێڕیی گشتیدا:

بەرامبەر کارگێڕیی گشتی، هاووڵاتی چەندین مافی جۆراوجۆری هەیە کە خۆی لە چاودێری و لێپرسینەوەی دەزگه‌کانی حکوومەت و دامەزراوە گشتییەکاندا دەبینێتەوە، لە ڕووی کارەکانى حکوومەت و ئاستی سەرکەوتنی لە گەیشتن بە ئامانجەکانی. بەگشتی هاووڵاتیان ئەم مافانەی بەرامبەر کارگێڕیی گشتی هەیە:

١- مافی هاووڵاتی لە چاودێریکردنی کارگێڕییە گشتییەکان، وەکوو چاودێری لەسەر بەفیڕۆنەدانى داهاتە سروشتی و مرۆیییەکان، هەروەها چاودێریکردنی کاراییی ئەو دەرەنجامانەى کە بە ئامانج گیراوە.

٢- مافی هاووڵاتی لە بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە بەرپرسیارێتیی دامەزراوە حکوومییەکانە.

٣- مافی هاووڵاتییە کە حوکمڕانییه‌کی باشی هەبێت؛ چونکە تەنیا حوکمڕانیی باشە کە دەتوانێ باشترین بەرهەمی بۆ هاووڵاتیان هەبێت و بە باشترین شێوە مافەکانی بپارێزێت.

پەیوەندیی هاووڵاتیان بە دەزگه کارگێڕییە گشتییەکانى هەرێم

کارگێڕیی گشتی لە هەرێمی کوردستان، خۆی لە دەزگه‌ و دامەزراوەکانى پەیوەست بە حکوومەتی هەرێم و حکوومەتە خۆجێیییەکاندا دەبینێتەوە. بنەماى پێکهێنانی ئەو دەزگه‌یانەیش، لە هاووڵاتییەوە سەرچاوە دەگرێت. لە سەرەتادا هاووڵاتیان لە ڕێگەى پرۆسەیەکی دیموکراسییەوە نوێنەرانیان بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنە خۆجێیییەکان هەڵدەبژێرن؛ کە ئەمانیش ده‌ست بە دەستنیشانکردنی حکوومەت لەسەر ئاستی ناوەندی و ئاستی خۆجێیی ده‌كه‌ن. هەروەها یەک لەسەر چواری دانیشتووانى ئەو هەرێمە، بەشێکن لە دەزگه حکوومییەکان؛ بەو پێیەى حکوومەت قەبارەیەکی زۆر گەورەی وەرگرتووە. بەڵام لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، پەیوەندیی هاووڵاتیان بە دەزگه کارگێڕییە گشتییەکانى هەرێم، پەیوەندییەکی ئۆرگانی نییە، بەڵکوو پەیوەستە بە چەندین فاکتەرەوە.

فاکتەرە کاریگەرەکانى سەر کارگێڕیی گشتیى هەرێمى کوردستان:

کارگێڕیی گشتی، سەرەڕای ئەوەی لە ژینگەى خۆجێیی کار دەکات، بەڵام لە دواجاردا پەیوەستە بەو ژینگە گشتییەی لە دەوڵەتدا هەیە. هەموو ئەو پرسانەى لەسەر ئاستی نیشتمانى ڕوو دەدەن، ڕاستەوخۆ بێت، یان ناڕاستەوخۆ، کاریگەرییان لەسەر کاری حکوومەت دەبێت. دەزگه کارگێڕییەکانى هەرێم بە هۆی ئەوەی لەسەر بنەمای ڕێککەوتنى حزبی دامەرزاون، بۆیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەکەونە ژێر کاریگەریی هەموو ئەو پرسانەى لەسەر ئاستی هەرێم، لە ڕووی سیاسی و یاسایی و کارگێڕییەوە، ڕوو دەدەن. لێرەدا هەوڵ دەدەین گرنگترین ئەو پرسانەى لەسەر ئاستی هەرێم هاتوونەتە ئاراوە و کاریگەرییان لەسەر ئەدای دەزگه حکوومییەکان هەبووە، بخەینە ڕوو:

یەکەم: قەیرانی ئابووری و کورتهێنانی بودجە

حکوومەتی هەرێم بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، کەوتە ژێر کاریگەریی قەیرانی داراییی وڵات و کەلەکەبوونی کێشە دارایییەکان. بە شێوەیەکی گشتی ئەو کاریگەریەیش دەشێ لە چوار ئاستدا دەرکەوێت: 1- کورتهێنانى بودجە.  2- کەمبوونی خەرجییەکان. 3- توانا دارایییەکان. 4- وەبەرهێنان. لە ساڵی (2014)ەوە هەرێمی کوردستان دوچاری قەیرانی دارایی بووه‌تەوە. ئەم قەیرانەیش کاریگەریی لەسەر کۆی سەکتەرەکانى بەڕێوەبردنی هەرێم کرد و بەشێکی زۆری پرۆژە و کار و چالاکییەکانیان ڕاگرت؛ ئەمیش بە هۆی ئەوەی بەشی گەورەی داهاتی پرۆژەکان پشت بە بودجەى گشتیی هەرێم دەبەستێ. کەواتە قەیرانی داراییی هەرێم، بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەریی لەسەر ئەداى کارکردنی حکوومەتی هەرێم کردووە و، واى کردووە بەشێکی زۆری پرۆژە و بەرنامە تایبەتییەکان هەڵپه‌سپێرن بۆ دواى چاکبوونەوەی دۆخی ئابووریی هەرێم.

دووەم: پرسە سیاسییەکان

 پرسە سیاسییەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر کاری دەسەڵاتە گشتییەکان و دامەزراوە فەرمییەکان دەبێ. بەو پێیەى حکوومەت دامەزراوەیەکی فەرمییە لە وڵاتدا، بۆیە کاریگەریی لەسەر ئەویش دەبێت. لە هەرێمی کوردستان چەندین پرسی سیاسیی یەک لە دواى یەک هاتنە ئاراوە، کە کاریگەرییان لەسەر ئەداى گشت دامەزراوەکان هەبوو و، ناکۆکییە سیاسییەکانى قووڵتر کردەوە. لە هەموو پرسەکانیش ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی دوو ئیدارەیی، گریمانەیەکی بەهێز بووە. گرنگترین ئەو پرسە سیاسییانەی لە ماوەى ڕابردوودا کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کارگێڕیی گشتی دروست کردووە، بریتی بووە لە پرسی پرۆژەى دەستوور. بە دووبارە گەڕاندنەوەی پرۆژەى دەستوور بۆ پەرلەمان بۆ پێداچوونەوەی، مشتومڕی لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت لە ڕووی دیاریکردنی سیستەمی سیاسییەوە، جارێکی دیکە برەوی بەخۆیەوە بینی و، ناکۆکییە سیاسییەکان دیسان سەریان هەڵدایەوە. ئەم پرسەیش، کاریگەریی خستە سەر لایەنە بەشدارەکانی ناو حکوومەت. هەرروەها یەکێک لەو قەیرانانەی زۆرترین ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دروست کرد، پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم بوو. ئەم پرسەیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی کردە سەر حکوومەتە خۆجێیییەکان؛ بەتایبەتی لە ڕووی کەمکردنەوەی متمانەی حزبە سیاسییەکان بە یەکتر.

سێیەم: کێشەکانى حکوومەتی هەرێم

 لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا حکوومەتی هەرێم لە ئەنجامی کەلەکەبوونی قەیرانی دارایی، دوچاری چەندین کێشە و قەیران بۆتەوە کە کاریگەرییان لەسەر لایەنی کارگێڕی کردووە؛ بە شێوەیەک کە ئەرکی سەرەکیی کارگێڕیی گشتی، بووەتە چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە و کەمکردنەوەی کەموکورتییەکان. گرنگترین ئەو کێشانەى ڕووبەڕووی حکوومەتی هەرێم بوونەتەوە بریتین لە:

١- کێشەى دابینکردنی وزە، بەتایبەت دابینکردنی کارەبا و نەوت و بەنزین بۆ هاووڵاتیان. یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی هەر حکوومەتێک، دابینکردنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتیان؛ بۆیە هەر کاتێک حکوومەت نەیتوانی ئەو ئەرکەی ڕاپەڕێنێت، ئەوا تووشی کێشە دەبێتەوە.

٢- کێشەى دابیننەکردنی مووچەی فەرمانبەران. ئەم کێشەیە جگە لەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە کێشەیەکی بۆ بازاڕی هەرێم دروست کردووە، لە هەمان کاتدا، بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی لای فەرمانبەران و، دیاردەی پابەندنەبوون بە دەوامکردن دروست بووە؛ کە ئەمەیش کاریگەری لەسەر ئاست و کوالیتیی ئەو کارانە دروست دەکات کە حکوومەت لەسەر ئاستی ناوەندی و لە ئاستی خۆجێیی، پێی هەڵدەستێ. ئەم دیاردەیە، کەرتی تەندروستی و پەروەردەیشی گرتەوە.

چوارەم: گەندەڵی و بیرۆکراتییەتی کارگێڕی

دیاردەى گەندەڵی، دیاردەیەکی کۆنە و زۆبەى کۆمەڵگه مرۆڤییەکان بەدەست ئەم دیاردەوە ناڵاندوویانە؛ بۆیە بووەتە شوێنی گرنگیدانی توێژەران لە بوارەکانى سیاسی و ئابووری و کارگێڕی و کۆمەڵایەتی. بە چەندین شێوە پێناس کراوە و لایەنەکان و جۆرەکانى لێک دراوەتەوە؛ بۆیە تا ئێستا پێناسەیەکی گشتگیر، کە هەموو لایەک لەسەری ڕێک كەوتبن، نییە. پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان گەندەڵی و حوکمڕانیدا هەیە؛ حوکمی باش ژێرخانێکی دامەزراوەییی وا بنیات دەنێ، کە گەندەڵی تێیدا ئەستەم بێت.

هەروەها گەندەڵی و بیرۆکراتییەت کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دیموکراتییەتی حکوومەتە خۆجێیییەکان هه‌یه‌؛ بۆیە گەورەترین کاریگەریی لەسەری بەجێ دێڵن. هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاى دامەزراندنیەوە، بە هۆی بوونی پێشخانێکی پتەوی گەندەڵی و نەبوونی ئەزموونی حوکمڕانی، لە ڕووی کارگێڕی و دارایییەوە دوچاری چەندین جۆری گەندەڵی بۆتەوە. ئەمە هەمیشە، ئەرکی کابینە یەک لە دواى یەکەکانى قورستر کردووە. کێشەى ڕۆتینیاتی کارگێڕی و ئاڵۆزکردنی کاروباری هاووڵاتیان گرنگترین فاکتەرە، کە کاری دامەزراوەکانى حکوومەت پەک دەخات، چ لەسەر ئاستی ناوەندی بێت یان خۆجێیی.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples