پێشەکی
وەک سەرەتایەک، دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کەوا کەرتی سێیەم (Tertiary Sector) لە بواری ئابووریدا ئەو کەرتەیە کە چەندین پرسی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە: بازرگانی، بازاڕكاری (ماركێتینگ)، بانکەکان، پەیوەندییەکان، گەیاندن، چاودێریی تەندروستی، پەروەردە و فێرکردن. لە کاتێکدا کەرتی یەکەم بریتییە لە کەرتی کشتوکاڵی و، کەرتی دووەم بریتییە لە کەرتی پیشەسازی. ئەم دابەشکارییە لەسەر ئاستی ئابوورییە. بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە بواری بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتەوە، ئەم ڕێزبەندی و دابەشکارییە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. کەرتی سێیەم لە بواری بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت و کۆمەڵگە، لە دوای کەرتی گشتی (Public Sector) و کەرتی تایبەتی(Private Sector) دێت. لەم ڕووەوە بە چەندین شێوە ناوی دەهێنرێت و باسی لێوە دەکرێت: هەندێ جار پێی دەگوترێت کەرتی "قازانجنەویست"(Non Profit sector) ، یانیش پێی دەگوترێت کەرتی خۆبەخش(Voluntary Sector) و، لە هەندێ کاتیشدا پێی دەگوترێت کەرتی خێرخوازی (Charitable sector) بەپێی ئەو سروستە قازانجنەویستەی ئەو کەرتەی سێیەمە هەیەتی؛ بۆیە دەکەوێتە چوارچێوەی کارگێڕیی گشتیی دەوڵەتەوە.
پێگەى کەرتی سێیەم لە بەڕێوەبردندا
دەشێ کەرتی سێیەم ببێتە کەرتێکی تەواوکەر، یان کەرتێکی بزوێنەر بۆ هەر دوو کەرتی تایبەتی و گشتی. هێزێکی کارگێڕیی بەهێزە لە پشت کەرتی حکوومی و، بە شێوەیەکی بەرفراوانیش پاڵپشتی لە کارە حکوومییەکان دەکات. بە شێوەیەک کەوا له نێوهندی کارکردنی ئەم کەرتەوه، ئەو بۆشایییانەی كه کەرتی حکوومی لە کاتى داڕشتن و جێبەجێکردنی پرۆگرامەکانیدا دروستی کردوون، کەرتی سێیەم پڕیان دەکاتەوە و، هەروەها چارەسەری بەشێکی زۆری ئەو کەموکوڕییانەیش دەکات کە لە کاری حکوومەتەکان بەدی دەکرێت. بەم شێوەیەیش دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ زیادبوونی هێژموونیی حکوومەت بەسەر کۆمەڵگە، بە هۆی ئەو هێزە ئابووری و سیاسییەی بە حکوومەتی دەبەخشێ. لە ڕێگەى ئەو دەرەنجامە زانستییانەی لە لێکۆڵینەوەکانى کەرتی سێیەم بەرهەم دێن، حکوومەت دەتوانێ بە شێوەیەکی ئاسانتر ڕووبەڕووی پاڵەپەستۆ دەرەکی و ناوخۆیییەکان ببێتەوە؛ بەم شێوەیەیش بەشێک لە ئاریشە و قەیرانەکانى چارەسەر دەکات.
کەرتی سێیەم، بەشدارێکی کارایە لە پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتە گشتییەکانی دەوڵەت (یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری)، هەروەها کەموکوڕییەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە برەودان بەم کەرتە، هەنگاوێکی کارایە لە چۆنێتیی سنووردارکردنی کارە نەشیاوەکانى کەرتی بازرگانى، بەتایبەت لە کاتێکدا کە بە ئاراستەی قۆرخکاریدا کار بکات و دۆخی نەخوازراوی کەرتی گشتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە. بۆیە لە ڕێگەى کەرتی سێیەمەوە، سنوورێک بۆ ئەمە دادەنرێت. چونکە کەرتی سێیەم هەموو جۆرە کارێک و پرۆگرامێکی خۆبەخشی و خێرخوازی لەخۆ دەگرێت؛ بە شێوەیەکیش ڕێکیان دەخات کە بچێتە خزمەتی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و دەوڵەت.
دامەزراوە و یەکەکانی کەرتی سێیەم
کەرتی سێیەم، دەربڕینێکی بەرفراوانە و چەندین دەزگە و دامەزراوە و ڕێکخراو لەخۆ دەگرێت. بە چەندین شێوەیش دەردەکەوێت، هەروەها چەندین ئامانجی جۆراوجۆری هەیە، بەپێی سروشتی ئەو دامەزاروەیەی کارەکانى جێبهجێ دهكات. سروشتی حوکمڕانیی دەوڵەتیش ڕۆڵ و کاریگەریی لە دەرکەوتنی دامەزراوە جیاوازەکانی ئەم کەرتە دەبێت. بە شێوەیەکی گشتی گرنگترین دامەزراوەکانى کەرتی سێیەم بریتین لە:
١- دامەزراوە قازانجنەویستەکان: نموونەی ئەم ئەم دامەزراوانە بریتین لە: قوتابخانەکان، زانکۆکان، دامەزراوەکان، نەخۆشخانەکان، دەزگهکانى ڕاگەیاندن. ئەمانە بەرامبەر پیشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان داواى هیچ قازانجێک ناکەن؛ لە هەندێ کاتیش بەبێ بەرامبەر کار دەکەن. گرنگترین و بەناوبانگترین زانکۆ جیهانییەکان لە نموونەی ئەو جۆرەن؛ دیاترین نموونەیش زانکۆی "هارڤارد"ە.
٢- دامەزراوە خێرخوازییەکان: ئەم دامەزراوانە کاریگەرییەکی گەورەیان بەسەر کۆمەڵگەوە هەیە. هەروەها کاریگەرییەکی بەرچاویش دەخەنە سەر ئەو هاوبەشییەی کە لە سەرجەم پرۆسەکانى گەشەکردن، لە نێوان کەرتی یەکەم و کەرتی دووەمدا هەیە. دەرکەوتنی دامەزراوە خێرخوازییەکان، بەپێی سروشتی وڵاتەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. لە هەندێ وڵات سروشتێکی کۆمەڵایەتی وەردەگرن و، لە هەندێ وڵاتی دیکە سروشتێکی سیاسی وەردەگرن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە وڵاتە زۆرینە موسڵمانەکان، ئەم دامەزراوە خێرخوازییانە سروشتێکی ئایینی وەردەگرن. ئەگەر بەهەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، لە داهاتوویەکی دوورمەودادا خەریکی جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی سیاسیی تایبەت دەبن و کەرتی سێیەم بەجێ دەهێڵن و وەبەرهێنانی سیاسی دەست پێ دەکەن. ئەم دامەزراوە خێرخوازییانە تەنیا لە کاتێکدا دەتوانن خزمەت بە گەشەی کۆمەڵگە بکەن، ئەگەر دامەزراوەی بێلایەن بن و دوور بن لە هەر ئەجێندایەکی سیاسی.
٣- ناوەندەکانى گفتوگۆی نیشتمانى: بنەمایەکی گرنگ هەیە کە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان هەمیشە لەبەرچاوی دەگرن، ئەویش ئهوهیه كه بە گفتوگۆ، سنووری جیاوازییەکان تەسک دەبێتەوە؛ بەم شێوەیەیش ناکۆکییەکان کاڵ دەبنەوە و لەناو دەچن، کە لە دواجاردا بۆچوونەکان لە خزمەتی هێنانەکایەی سەقامگیری، لێك نزیک دەبنەوە؛ کە ئەمەیش یەکگرتوویییەکی نیشتمانیى باش بەرهەم دێنێت. بۆیە ئەم دامەزراوانەى لەسەر ئەو ئاستە کار دەکەن، بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە ڕێگەى گفتوگۆوە ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان لە نێوان لایەنە سیاسیەکان کەم دەکەنەوە.
٤- ناوەندەکانى گفتوگۆی ئایینی و شارستانی: ئەم ناوەندانەیش ڕۆڵێکی گەورە و گرنگ لە بڵاوکردنەوەی تێگەیشتنی کەلتووری نوێدا دەگێڕن؛ وا دەکەن کە ئایینە جیاوازەکان و کەلتوورە جیاوازەکان بتوانن لەژێر چەتری کۆمەڵگەیهكدا بەئاشتەوایی ژیان بەسەر ببەن. بەشێکی زۆری کێشەى کۆمەڵگە دواکەوتووەکان ئەنجامی ئەو ململانێ ناتەندروستەیە کە لە نێوان ئایین و کەلتوورە جیاوازەکان دروست بووە. بۆیە ئەم ناوەندانە لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەى گونجاو بۆ نزیککردنەوەیان، ڕۆڵێکی هەستیاران هەیە؛ بە شێوەیەک کەوا هەماهەنگی و هاوبەشی و پێکەوەژیان لە نێوان ئەو جیاوازییانە بێتە ئاراوە.
٥- ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە سنووربڕەکان: ئەم ڕێکخراوانە بە شێوەیەکی جیاواز خزمەتی سەروەریی وڵاتەکانیان دەکەن؛ لە رێگەى ئەو هاریکاری و هاوکارییەى پێشکەشی وڵاتانى دەکەن، خزمەتێکی گەورە بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەى خۆیان دەکەن. هەروەها لە بڵاوکردنەوەی کەلتوور و بەها مرۆیییەکان لە نێوان کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، ڕۆڵێکی باشیان دەبێ.
٦- سەنتەرە سەربەخۆکانى توێژینەوە: ئەو سەنتەرانە سەر بە حکوومەت نین؛ هەروەها ڕۆڵێکی گەورە لە پرۆسەی بەرەوپێشچوون و گەشەکردنی کۆمەڵگهدا لەسەر ئاستی گشت سەکتەرەکان دەگێڕن. بۆ نموونە دامەزراوەی "راند" (Rand Corporation) کە دامەزراوەیەکی ئەمریکیی تایبەتە بە بواری توێژینەوە، توانیویەتی ببێتە ڕێنیشاندەرێکی زانستیی تەواو بۆ حکوومەتی ئەمریکی. هەر لەبەر ئەوەیشە وڵاتە پێشکەوتووەکان بە ملیاران دۆلار بۆ بابەتی توێژینەوەی زانستی تەرخان دەکەن.
کەواتە لێرەوە دەگەینە ئەو خاڵەی بڵێین دامەزراوەکانی کەرتی سێیەم، لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هێزێکی جووڵێنەریان هەیە. چەند ئاماژەیەک هەیە بۆ هێزی کەرتی سێیەم لە بواری بەڕێوەبردنی وڵاتدا، گرنگترین ئاماژەکان بریتین لە: 1- بوونی چەندین یاسا و ڕێنمایی بۆ ڕێکخستنی میکانیزمی کاری خۆبەخشی و خێرخوازی، بە شێوەیەک کەوا لە لایەكهوه هانی ئەو کەرتە بدات، لە لایەکی دیکەیشهوە پەیوەندیی ئەو کەرتە بە بەڕێوەبردنی دەزگهکانى حکوومەت دروست بکات. 2- پێویستە سنووری ئەم کەرتە، بۆ گشت بوارە جۆراوجۆرەکان فراوان بکرێت. 3- پێویستە کەرتی سێیەم لە پێگەیەکی کارگێڕی وادابێت کە ببێتە هاوبەش لە سەرجەم کار و چالاکییەکانی کەرتی گشتی و تایبەتی. 4- ئەوەی کەرتی سێیەم بەتەواوی ئەکتیڤ دەکات و دەیخاتە سەر پێ، ئەوەیە کە پێویستە لە حکوومەت و حزبە سیاسیبەکان سەربەخۆ بێت؛ بۆ ئەوەی هیچ ئەجێندایەکی سیاسیی نەبێت. 5- پێویستە دەزگه و یەکەکانى کەرتی سێیەم، سروشتێکی دامەزراوەیییان هەبێت، بۆ ئەوەی بهڕێوهبردنێكی پتەویان هەبێت و بەئاسانی بگەنە ئامانجەکانیان.
ئاستەنگەکانى بەردەم کەرتی سێیەم:
لە بەرامبەر هەموو ئەمانەدا، کەرتی سێیەم بەئاسانی لەسەر پێی خۆی ناوەستێت، بەڵکوو ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبێتەوە و چەندین ئاستەنگ دێنە بەردەمی. بەشێک لەو ئاستەنگانە ناوخۆیین و، پەیوەستن بە ڕەوشی ناوخۆییی یەکەکانی کەرتی سێیەمهوه. بەشەکەی دیکەى ئاستەنگەکان دەرەکین و، پەیوەستن بەو ژینگە دەرەکییەى، کەرتی سێیەم تێیدا کار دەکات. ئەم ئاستەنگانە، وا لە کەرتی سێیەم دەکەن لە چاوی کۆمەڵگەدا وێنەیەکی نەشیاوی هەبێت؛ هەر لە بنەڕەتیشدا ئەو ڕێگرییانە بۆ ئەوەیە کە ئەم وێنەیەی پێ ببەخشن:
١- ئەوەی پەیوەستە بە ئاستەنگە ناوخۆیییەکانهوه، بریتییە لە لاوازی لە میکانیزمەکانی کاری دامەزراوەیی لە بەشێکی زۆری دامەزراوەکانی کەرتی سێیەم. زۆربەی ئەم دامەزراوانە توانایەکی مرۆییی باشیان لەبەردەستە، کە دەشێ بەرهەمی ناوازەی لێ دروست ببێت؛ بەڵام بە هۆی نەبوونی سروشتی دامەزراوەیی تێیدا، ئەو سامانە مرۆیییە مەزنە لەدەست دەدات.
٢- سەبارەت بە ئاستەنگە دەرەکییەکانیش، ئەم ئاستەنگانە بە شێوەیەکی بنەڕەتی، دەگەڕێنەوە بۆ لاوازیی ئاستی ڕۆشنبیری بەرامبەر کاری خۆبەخشی و، گرنگینەدانی دەزگهکانی ڕاگەیاندن بەو دامەزراوانەی کار و چالاکیی خۆبەخشانە ئەنجام دەدەن. لە وڵاتێکی وەکوو ئەمریکا، کەرتی خۆبەخشی بە سیستەمێکی پتەو ڕێکخستنی بۆ کراوە. کەسی خۆبەخش بەرنامەیەکی هەیە بەپێی کات و توانای گونجاو پێشکەشی دەکات، بەڵام دەبێ پێیەوە پابەند بێت؛ بە شێوەیەک لە ڕۆژێکدا کاتژمێرێک بۆ سێ کاتژمێر، دەبێ ئەو کارە بکات. چەندین نەخۆشخانە هەیە (20%)ی کارمەندەکانی بە مووچە کار دەکەن، (80%)ی کارمەندان بە شێوەیەکی خۆبەخشانە و، بەتەواوی پابەندی کارکردنن لەو نەخۆشخانانە.
پەیوەندیی کەرتی سێیەم بە حکوومەتەوە لە هەرێمی کوردستان
پەیوەندیی نێوان کەرتی سێیەم و بەڕێوەبردنی حکوومەت، یەکێکی دیکەیە لە ئاستەنگەکانی بەردەم کارکردنی ئەم کهرتە لە بەشێکی زۆری وڵاتە دواکەوتووەکاندا. بە شێوەیەک لە هەندێ وڵاتدا دەزگهى حکوومی، وا مامەڵە لەگەڵ ئەو کەرتە دەکات وهك بڵێیت بەشێک بێت لە کەرتی تایبەتی؛ لە نێوان کەرتی دووەم لەگەڵ کەرتی سێیەم، کە سەکتەرێکی خۆبەخشییە، هیچ جیاوازییەک ناکات. هەموویان بەیەکجاری دەخاتە خانەى NGOکان (دامەزراوە ناحکوومییەکان). لە هەندێ وڵاتی دیکەیش، حکوومەت وا سەیری ئەم کەرتە دەکات کەوا تەنیا چالاکییەکی خێرخوازی بێت و پێویستیی بە دامەزراوەییکردن نەبێت. ئەمەیش وا دەکات بیر لەوە نەکاتەوه کە کارەکانى کەرتی سێیەم بە یاسا ڕێک بخات.
هەرێمی کوردستانیش بەم شێوەیە مامەڵەى لەگەڵ کەرتی سێیەم کردووە، بۆیە تا ئێستا هیچ یاسایەک بۆ ڕێکخستنی ئەم بوارە نییە. سەرەڕای ئەوەی دامەزراوەکانی کەرتی سێیەم، بە شێوەیەک لە شێوەکان هەستیان پێ دەکرێت و بوونیان هەیە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە بخرێنە خزمەتی گەشەکردنی کۆمەڵگەوه. هەروەها بە هیچ شێوەیەک نەتوانراوە لە تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکاندا سوود لەو توانا و وزەی ئەم کەرتە وەربگیرێت. ئەگەرچی لە هەندێ پرۆژەى بچووک و مامناوەندا، بەشێک لە دامەزراوەکانی کەرتی تایبەتی، دەیانەوێت بۆشایییەکانی کەرتی سێیەم پڕ بکەنەوە، بەڵام دواجار ئەگەر لە پرۆژە نیشتمانییەکان ئەم دامەزراوانە نەخرێنە سەر کار و چالاکی، ئەوا ناتوانن بچوکترین سوود بە هەرێمی کوردستان بگەیهنن؛ لە بەرامبەردا ڕەنگە ببنە بارگرانییەک بەسەر دەزگه کارگێڕییەکان لە لایەک و، بەسەر کۆمەڵگه لە لایەکی دیکەوە.
لە دۆخێکی ناڵەباری وەک ئێستا، دەسەڵاتە گشتییەکان لەگەڵ کەرتی سێیەمدا، پێویستە بیر لە جۆرێک لە هەماهەنگی بکەنەوە. بە شێوەیەک، دەبێ سەرەتا ڕۆشنبیرییەکی ئەوتۆ بهێننە ئاراوە کە کار و چالاکییەکانی ئەم کەرتە بە ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانى لێک بدرێتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا لە قۆناغی سەرەتادا، پێویستە لە ڕێگەى دەرکردنی چەندین ڕێنمایییهوه، کاری ئەم کەرتە ڕێک بخرێت و جۆرێک لە هاندان بێتە ئاراوە. ئەم هەنگاوە بەگشتی دوو ئامانج دەپێکێ: یەکەمیان ئەوەیە کە دامەزراوە خۆبەخشی و خێرخوازییەکان برەوێکی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن و، هەروەها پاڵپشتییەکی فەرمییان لەم ڕێگەیەوە دەبێ. دووەمیان، پەیوەستە بە دانانی سنوورێک بۆ ئەو قۆرخکارییەی، کەرتی تایبەتی لە ئاکامی دەستکورتیی کەرتی گشتیدا دەستی داوەتێ؛ هەروەها پێویستە بەشێک لە دامەزراوەکانی کەرتی تایبەتیش، ناچار بکرێن کە بەشێک لە کار و چالاکییەکان بخەنە ناو کەرتی سێیەم و، لە بەشێک لە پرۆژە نیشتمانییەکان بە شێوەیەکی قازانجنەویستانە کار بکەن.
دەرەنجام
لە کۆتاییدا، وا باشترە کەوا دەزگه فەرمییەکان دهست بە دەرکردنی چەندین یاسا و ڕێنمایی بۆ ڕێکخستنی کاروباری کەرتی سێیەم بۆ بەدامەزراوەییکردنیان لەم ڕێگەیەوە، بكهن. لە پاڵ ئەمەیشدا هۆشدارییەکی وا بڵاو بکرێتەوە کە برەو بەو کەرتە بدرێت و، بکرێتە تۆڕێک بۆ بەیەکگەیاندنێکی تەندروستانەی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی. چونکە لە کاتی لەناوچوونی کەرتی سێیەمدا، جۆرێک لە لاسەنگی لە نێوان دوو کەرتەکەی دیکە دروست دەبێت. پێویستە دامەزراوە حکوومییەکان بە چاوی هاوبەش و هاریکارەوە لە یەکەکانى کەرتی سێیەم بڕوانن، بۆ ئەوەی لە دواجاردا ئەو سێگۆشە پێویستە تەواو بێت، کە بەڕێوەبردنی هەر دەوڵەتێک پێویستیی پێیەتی. گۆشەکانى ئەم سێگۆشەیەیش بریتین لە کەرتی گشتی کە بەدەست حکوومەتەوەیە، کەرتی تایبەت کە لە دەرەوەی حکوومەتە، لەگەڵ کەرتی سێیەم؛ بۆ ئەوەی ئەو بەها نوێیە بێتە دی کە ئیدارەى هاوچەرخی دەوڵەت پێویستیی پێیەتی؛ لە وڵاتە پێشکەووەکان پێی دەگوترێت "هاریکاریی کەرتی گشتی و تایبەتی"(Public Private Partnership) (PPP) .