حکوومەتی ئەلیکترۆنی، پرۆژەیەک بۆ باشکردنی کاری حکوومی

پێشەکی

حکوومەتی ئەلیکترۆنی، بریتییە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیی ئینترنێت لە پیشکەشکردنی خزمەتگوزاری؛ هەروەها بەو حکوومەتەیش دەگوترێت کە تەکنەلۆژیی زانیاری لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی حکوومی بە هاووڵاتیان، بەکار دێنێت. حکوومەتی ئەلیکترۆنی، چەندین تایبەتمەندیی هەن دەشێ سوودێکی زۆر بە کۆمەڵگە بگەیه‌نێت، بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە چ جۆرە کۆمەڵگەیەک دەتوانێت حکوومەتی ئەلیکترۆنی لەخۆ بگرێت؟ ئایا سروشتی ئەو کۆمەڵگەیە، دەبێت چۆن بێت؟ ئایا حکوومەتی ئەلیکترۆنی دەتوانێت لە کۆمەڵگەى وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان کار بکات؟ ئایا هەرێمی کوردستان تاچەندە زەمینەیەکی لەباری بۆ ئەو مەبەستە هەیە؟ پێویستە هەرێمی کوردستان چی بکات بۆ پەیڕەوکردنی حکوومەتی ئەلیکترۆنی؟

حکوومەتی ئەلیکترۆنی چییە؟

ئەو حکوومەتانەى گرنگی بە بەدەستخستنی تەکنەلۆژی دەدەن، کار لەسەر بەگەڕخستنی هەموو پرۆژەیەک دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ گواستنەوەى تەکنەلۆژی و بەرەوپێشبردنی توانا نیشتمانییەکان. وەک ناساندنێکی سەرەتایی بۆ حکوومەتی ئەلیکترۆنی، دەشێ بگەڕێینەوە بۆ مانا زمانەوانییەکانی ئەو چەمکە. حکوومەتی ئەلیکترۆنی (e-government) لە ڕووی زمانییەوە بریتییە لە سیستەمێک کە حکوومەتەکان دەیگرنە بەر، بە بەکارهێنانی تۆڕەکانى ئینترنێت لە بەستنەوەى دامەزراوەکانى دەوڵەت بەیەکەوە لە لایەک و، بەستنەوەى خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە دامەزراوە تایبەتییەکان و جەماوەر بەگشتی لە لایەکی دیکەوە، بۆ ئەوەی زانیاری بخاتە بەردەست تاک لە پێناو هێنانەکایەى پەیوەندییەکی شەفاف و خێرا لە نێوان تاک و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

یەکەمین کەس کە چەمکی حکوومەتی ئەلیکترۆنیی بۆ جارى یەکەم بەکار هێنا، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا "بیل کلینتۆن" بوو. کلینتۆن لە نێوه‌ندی وتارێکیدا لە ساڵی 1992، پرۆژەیەکی خستە ڕوو، کە تێیدا باسی بەگەڕخستنی حکوومەتی ئەلیکترۆنیی کرد. ئامانج لەو پرۆژەیە باشترکردنی پەیوەندیی خەڵک بە دامەزراوەکانى حوکمڕانی و فراوانکردنی سنووری دیموکراسیی کارگێڕی بوو لەم ڕێگەیەوە. لەم کاتەدا ئامانجی پرۆژەى حکوومەتی ئەلیکترۆنی، لە چەند خاڵیکدا دەردەکەوت، هەروەک لە پرۆژەکەى کلینتۆندا زۆر بەڕوونی ئاماژەى پێ کرابوو، لەوانە: 1- ئامادەسازیی دەزگە حکوومییەکان بۆ ئەوەی لە بواری ناوخۆ و دەرەوە بەئەلیکترۆنی بکرێت. 2- بەرزکردنەوەی توانستی دەزگه‌ حکوومییەکان لە ڕێگەى ئەو سیستەمە ئەلیکترۆنییەی، حکوومەت کاری لەسەر دەکات. 3- دابینکردنی چەندین خزمەتگوزاری کە پەیوەستە بە ڕێژەیەکی فراوانی خەڵک لەسەر تۆڕەکانى ئینترنێت و لەسەر هێڵی مۆبایل. 4- بەردەستکردنی زانیاریی دروست و نوێ بۆ دروستکەرانی بڕیار و خەڵک. 5- بەردەستکردنی یەک سەرچاوە بۆ زانیارییەکانى حکوومەت، کە خەڵک بتوانێ مامەڵەى لەگەڵ بکات. 6- بەرەوپێشبردنی ژێرخانی گشتیی دەوڵەت لە ژینگەى پەیوەندی و گەیاندنەوە. 7- ئاسانکردنی مامەڵەی ئەلیکترۆنیی هاووڵاتیان. 8- چالاککردنی ئەداى حکوومەت، بۆ ئەوەی دەرەنجامى باشتر بەدەست بێنێت.

ئەرک و ئامانجی حکوومەتی ئەلیکترۆنی

ماناى حکوومەتی ئەلیکترۆنی لەوە ڕەنگ دەداتەوە کە هەوڵ بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ئەرکەکانى حکوومەت دەدات بە شێوەیەکی چالاکتر، بۆ ئەوەی خێراتر خزمەتگوزارییەکانی بگاتە هاووڵاتیان. لەم سۆنگەیەوە، دروستکردنی ژینگەیەکی ئەلیکترۆنی بۆ کاری حکوومی لەسەر چوار پێگەی سەرەکی کار دەکات، کە هەر یەکێ لەو پێگانە بەشێک لەو ئامانجانە پێک دێنن کە حکوومەتی ئەلیکترۆنییان بۆ خراوەتە گەڕ.

١- پێگەى حکوومەت بۆ حکوومەت(government to government) : ئەمە پێگەیەکە بۆ مامەڵەى نێوخۆییی دەزگە حکوومییەکان، بۆ ئەوەی باشتر بەیەکەوە ببەسترێنەوە. لەو بوارەدا ئامانجی حکوومەتی ئەلیکترۆنی، بریتی دەبێت لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییه‌ی کە لە نێوان وەزارەتەکانى حکوومەتدا هەیە.

٢- پێگەی حکوومەت بۆ کەرتی تایبەت(government to business) : ئەم پێگەیەیش تایبەتە بە مامەڵەکردنی حکوومەت لەگەڵ کەرتی تایبەت. لێرەدا حکوومەتی ئەلیکترۆنی مەبەستی ئەوەی هەیە کە لە ڕێگەى ئاسانکردنی مامەڵەی دامەزراوە بازرگانییەکانه‌وه بازنەى ئابووری چالاک بکات؛ ‌ چ لەسەر ئاستی نیشتمانى بێت، یان لەسەر ئاستی خۆجێیی بێت.

٣- پێگەى حکوومەت بۆ هاووڵاتی(government to citizen) : ئەمەیش بۆ مامەڵەى دەزگە حکوومییەکانە لەگەڵ هاووڵاتیان. زۆربەى ئامانجەکانى حکوومەتی ئەلیکترۆنی لەو بوارەدا دەردەکەوێت. سەرەکیترین ئامانج ئەوەیە کە حکوومەت لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت خۆی بەرەو هاووڵاتی بڕوات، لە بری ئەوەی هاووڵاتیان بۆ لای ئەو بچن. تەنانەت لە بوارە سیاسییەکانیشدا دەشێ سوودی لێ وەربگیرێت، بەتایبەتی لە دەنگدانى ئەلیکترۆنی بۆ هەڵبژاردن.

٤- پێگەى حکوومەت بۆ دەرەوە: گرنگترین ئامانج لەو بوارەدا بەستنەوەى حکوومەتە بە ژینگەى دەرەوە، بەتایبەتی لە بواری پەیوەندیی دیپلۆماسی و بوارەکانى پەیوەست بە گەشتیاری.

وڵاتان لە پێناو باشترکردنی ئەدای کارگێڕیی حکوومەت، هەوڵی پەیڕەوکردنی حکوومەتی ئەلیکترۆنی دەدەن. ئەگەر حکوومەتی ئەلیکترۆنی ستراتیژییەتێک بێت لە لایەن حکوومەتەوە بگیرێتە بەر، ئەوا چەندین ئامانجی سەرەکی لەمەدا بوونی هەیە:

یەکەم: توانستی حکوومەت: گومان لەوەدا نییە کە به‌كارهێنانی تەکنەلۆژیی زانیاری و پەیوەندیکردن له‌ كاری حكوومیدا، بە واتاى فراونبوونی سەرچاوەکانى بەردەستی حکوومەت لە پێناو کەمکردنەوەی خەرجی گشتییە. بە هۆی بەگەڕخستنی ئەم ستراتیژییەتەوە، بەشدارییەکی فراوانتر لە لایەن هاووڵاتیانەوە دەستەبەر دەبێت. بەمەیش بەدەنگەوەچوونی حکوومەت بۆ داواکاریی هاووڵاتیان فراوانتر دەبێت و، توانستی بەرزتر دەبێتەوە و، هەروەها تێچووی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی زانیارییە فەرمییەکان کەم دەبێتەوە.

دووەم: باشکردنی کوالیتیی خزمەتگوزارییەکان: بەکارهێنانی ئینترنێت، خێرایی گەیشتنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان زیاد دەکات و، جەخت لەسەر داواکاریی وردی هاووڵاتیان دەکاتەوە. لە ڕێگەى هێڵه‌ زیندووەکانه‌وه‌ هاووڵاتی، ڕاستەوخۆ سوودمەند دەبێت و، هەروەها هەڵسەنگاندنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان خێراتر دەبێ.

سێیەم: چالاککردنی سیاسەتەکانى حکوومەت: حکوومەتی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەى بەکارهێنانی تەکنەلۆژییه‌وه‌ لە بواری تەندروستی و پەروەردە و ئاسایش و لەناوبردنی تاوان، دەرەنجامى باشتر بەدەست دەهێنێ، ئەویش بە هۆی بەکارهێنانى تۆڕەکانى ئینترنێت. هەروەها حکوومەت لەم ڕێگەیەوە سیاسەتی باجی ئەلیکترۆنی خێراتر جێبەجێ دەکات.

چوارەم: گەیشتن بە ئامانجە ئابوورییەکان: دەکرێ ئەم تەکنەلۆژییە بە گەشەی ئابوورییەوە ببەسترێتەوە؛ ئەمەیش لە ڕێگەى چالاککردنی سەرچاوەکانى داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و باشترکردنی بەرهەمەکانه‌وه‌.

پێنجەم: بەشداریکردن لە پرۆسەی چاکسازیی کارگێڕی: چونکە حکوومەتی ئەلیکترۆنی لە چاودێریکردنی بڕیارەکانی حکوومەتدا دەرفەتێکی زیاتر بە هاووڵاتی دەبەخشێ و، شەفافبوونی پرۆسەی کارگێڕی زیاتر دەکات.

شەشەم: بەدەستهێنانی متمانەى هاووڵاتیان: پێداگرتن لەسەر پرەنسیپی بەشداریی هاووڵاتیان و خستنەسەرکاریان، دەشێ ببێتە هۆی پتەوکردنی پەیوەندیی هاووڵاتی له‌گه‌ڵ حکوومەت، بەڵام ئەمە چۆن بەدەست دێت؟ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە، پەیوستە بە چەندین فاکتەر، لەوانە: بەشداری، لێپرسینەوە و چالاککردنی حوکمڕانیی باش.

هەنگاوەکانی چوون بەرەو حکوومەتی ئەلیکترۆنی

١- ئامادەسازی: ئەمە ئاسانترین و سەرەتاییترین و هەرزانترین هەنگاوی کارپێکردنی حکوومەتی ئەلیکترۆنییە؛ باشترین نموونەیش بۆ ئەم قۆناغە دروستکردنی پێگەیەکە لەسەر تۆڕی ئینترنێت کە گشت زانیارییەکانی تایبەت بە حکوومەت لەخۆ بگرێت. بۆ نموونە لەسەر کارەکانى دامەزاروە حکوومییەکان و خزمەتگوزارییەکان و چۆنێتیی پەیوەندیپێوەکردنیان و ناونیشانیان، زانیاریی تێدا بێت. ئەمە جگە لەوەی هەنگاوێکی سەرەتایییە، لە هەمان کاتدا بە هەنگاوێکی بنەڕەتییش دادەنرێت.

٢- کارلێک و پەیوەندی: لەم قۆناغەدا هاووڵاتی لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە پەیوەندی بە دەزگە حکوومییەکانه‌وه‌ دەکات، لە بری ئەوەی ڕاستەوخۆ بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکەی سەردانى باڵەخانەی دامەزراوەکان بکات؛ لە بری ئەوە، لە ماڵەکەی خۆی فۆرمی تایبەتی پڕ دەکاتەوە و بۆ ئەو پێگەیەی دەنێرێتەوە. ئەمەیش جگە لەوەی تێچووی دارایی لەسەر حکوومەت و هاووڵاتی کەم دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا کارەکان خێراتر دەکات.

٣- مامەڵەکان: ئەمە هەنگاوێکی پێشکەوتووترە لەوانەى پێشتر؛ بەوەی هەنگاوێکی زیاتر ڕێکخراوترە. ئەمە پەیوەستە بەو مامەڵانەی سروشتێکی پراکیتکییان هەیە. بۆ نموونە هاووڵاتی، هەموو هەنگاوەکانى مامەڵەى نوێکردنەوەی مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە ماڵەکەیدا تەواو دەکات و، تەنیا ڕۆژی تاقیکردنەوە سەردانى دەزگەى پەیوەندیدار دەکات؛ یان کاتێک هاووڵاتی بیەوێت باج بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان بدات، لێرەدا بۆ تەواوکردنی ئەو مامەڵەیە پێویستیی بە سیستەمێکی بانکی ئەلیکترۆنی دەبێت.

٤- گواستنەوەی تەواوەتی: ئەمە دوا هەنگاوی بەئەلیکترۆنیبوونی کارگێڕیی حکوومەتە. تا ئێستا هیچ وڵاتێک بەتەواوی نەگەیشتۆتە ئەو قۆناغە؛ لەبەر چەندین هۆکار، کە پەیوەستن بە دیدی کۆمەڵایەتی و مرۆیی بۆ توانا مرۆیییەکان. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا حکوومەتە پێشکەوتووەکان هەمیشە لە هەوڵدانی بەردەوامدان بۆ ئەوەی لە پێناوی نزیکبوونەوەی زیاتر له‌ هاووڵاتی و کەمکردنەوەی تێچووی کاروباری حکوومیدا، زۆرترین کارەکانیان بەئەلیکترۆنی بکەن.

بەڵام لە بەرامبەر هەموو ئەمانەدا هەندێ فاکتەر هەن دەبێ لەبەرچاو بگیرێن، کاتێک حکوومەت هەوڵی بەئەلیکترۆنیکردنی کارەکانى دەدات: 1- ئەم گۆڕانکارییە لە کاری حکوومەت، نابێت بە شێوەیەک بێت کەوا دەرگه‌ لەسەر دامەزراوەکان دابخرێت و فەرمانبەرانی پشتگوێ بخرێن، بەڵکوو دەبێت لە چوارچێوەیەکی فراواندا بۆ زیاتر ئاسانکردنی کارەکان، فەرمانبەران بخرێنە ناو ئەم پرۆسە ئەلیکترۆنییەوه‌. 2- پشتگیریی سەرکردە سیاسییەکان و بەرپرسە باڵاکانى حکوومەت بۆ ئەم پرۆسەی گۆڕانکارییە، بە یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانى سەرکەوتنی حکوومەتی ئەلیکترۆنی دادەنرێت. بۆیە دەبێ ئەو ڕەزامەندی و پشتگیرییە لەبەرچاو بگیرێت. 3- پێویستە کار لەسەر بەهێزکردنی ڕۆشنبیریی ئەلیکترۆنی بکرێت لە لای هاووڵاتی، بۆ ئەوەی بەئاسانی سەردانى ئەو پێگە فەرمییانە بکات و لەو دەروازەیەوە پەیوەندییەکی خێراتر لەگەڵ حکوومەت دروست بکات.

پەرلەمان و حکوومەتی ئەلیکترۆنی

ناتوانین قسە لەسەر حکوومەتی ئەلیکترۆنی بکەین، بێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ پەرلەمان وەک یەکێک لە گرنگترین کۆلەگەکانی دەوڵەتی مۆدێرن. سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری سەرکەوتنی وڵاتان کەوتۆتە سەر کارکردنی دیموکراتییانەى پەرلەمان، بەتایبەتی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو، لەگەڵ ئەوەیش لە کاری پەرلەمانیدا هەندێ لایەن هەن، کە زۆر بەکەمی باسیان لێوە کراوە. ئەو لایەنانەیش پەیوەستن بە ژێرخانى زانیاری و پەیوەندییەکان لە دەزگه‌ى پەرلەمانی، بۆ ئەوەی پەرلەمانتار بتوانێ بەئاسانی بە ئەرکە نوێنەرایەتییەکەی هەستێت و، هاووڵاتی بەئاسانتر دەستی بە نوێنەرەکەی بگات. لە ڕاپۆرتێکدا کە لە لایەن نووسینگەى کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2005 ئامادە کرابوو، بابەتی بەشداریی ئەلیکترۆنی (e- participation) و بڕیاری ئەلیکترۆنی(e-decision) ، گرنگییەکی زۆری پێ درابوو، بەتایبەت لە ڕێگەى پەرلەمان، یان حکوومەتە خۆجێییەکانەوە.

پێویستە گرنگی بە گەشەپێدانى تواناى پەرلەمانى بدرێت بۆ ئەوەی بتوانێ ئەرکی خۆی جێبه‌جێ بكات؛ ئەمەیش پێویستیی بە دروستکردنی لینکێکی بازنەیی هەیە لە نێوان (ئەندامانى پەرلەمان-زانیاری- هاووڵاتی – خزمەتگوزاری)دا. ئەگەر سەیری پەرلەمانى وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان بکەین، دەبینین لەم ڕووەوە کەموکورتییەکی زۆریان پێوە دیارە. پەرلەمان لەو وڵاتانە تا ئێستا سوودی لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژی وەرنەگرتووە، تەنانەت لە شیکردنەوە و لێکدانەوەی زیانیارییەکانیش بەکاری نەهێناوە. هۆکاری ئەمەیش، دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی ئاستی ڕۆشنبیریی ئەلیکترۆنی، لای ئەندامانى پەرلەمان و دەستەی کارگێڕیی پەرلەمان. پەرلەمانیش بۆ گۆڕینی داتا و زانیارییەکان بۆ ڕاستی، پێویستیی بە تەکنەلۆژی دەبێت؛ بۆ ئەوەی لە ڕاپۆرتی لیژنەکان سوودی لێ وەربگیرێت و، لە کاتی چاودێریکردنی کارە حکوومییەکاندا بەکاری بهێنێ. پەرلەمان ئەگەر توانا ئەلیکترۆنییەکانى خۆی گەشە پێ نەدات، ئەوە لە چاودێریکردنی ئەو حکوومەتەی بەشێکی زۆری کارەکانى بەئەلیکترۆنی کردووە، دەستکورت دەبێت. کەواتە لێرەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە نێوان پەرلەمان و حکوومەتی ئەلیکترۆنی ڕابگیرێت، ئەوا پێویستە بەشێکی زۆری کارە پەرلەمانییەکان بەئەلیکترۆنی بکرێن؛ لە پاڵ ئەوەیشدا، پێویستە پەرلەمانتار توانا تەکنەلۆژییەکانى خۆی په‌ره ‌پێ بدات.

حکوومەتی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان

هەرچەندە دروستبوونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیدا هاوکات بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا قۆناغە سەرەتایییەکانی بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمە، بە هەموو شێوەیەک دوور بوو لە کارگێڕیی ئەلیکترۆنی. تەنانەت یەکەمین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، بە کلاسیکترین شێوە ئەنجام درا؛ هەروەها زانیارییەکانی حکوومەت و پەرلەمان، بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی نەدەگەیشتنە هاووڵاتی. دواى تێپەڕاندنی کۆمەڵێک قۆناغی پڕ ئاریشە، دواجار هەرێمی کوردستان وردە وردە لە هەندێ بواری تەسکدا، پەناى بردە ڕێکارە ئەلیکترۆنییەکان. بەڵام هەموو ئەو ڕێکارە ئەلیکترۆنییانە، لە هەمان کاتدا هاوتا کلاسیکییەکەیشی کاری پێ دەکرێت. ئێستا کە هەرێم بە قۆناغێکی ناڵەباری ئابووری و کارگێڕیدا تێ دەپەڕێت، ئاماژەکانى پێویستبوون بە حکوومەتی ئەلیکترۆنی، بەڕوونی دەردەکەون. پەیامی سەرکردە سیاسییەکان بۆ چاکسازی لە بواری کارگێڕی و داراییدا بەڕێوە ناچێت، گەر پەنا بۆ حکوومەتی ئەلیکترۆنی نەبردرێت. دواجار ئێستا لە کۆمەڵێک سەکتەرەوە هەنگاوە سەرەتایییەکانى چوون بەرەو حکوومەتێکی ئەلیکترۆنی، دەستیان پێ کردووە؛ بەتایبەت لە بواری سەرژمێریی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێم.

لە ماوەی 26 ساڵی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا، چەند کارێک تا ئێستا بەئەلیکترۆنی کراون کە ژمارەیان زۆر کەمە. لە پاڵ ئەوەیشدا لە ستراتیژییەتی حکوومەتی هەرێمە، کە ئەو بوارانە فراوان بکات. گرنگترین ئەو بوارانەى تا ئێستا بەئەلیکترۆنی کراون: 1- تۆماری قوتابیان و پڕکردنەوەی فۆرمی تایبەت لە پرۆسەی وەرگرتنی قوتابیان بۆ زانکۆ، هەروەها پڕکردنەوەی فۆرمی تایبەت بۆ پرۆژەى تواناسازی. 2- تۆماری ئەلیکترۆنیی فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان، کە ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەڕێوە چوو. ئەم پرۆژەیە هەرچەندە بۆ ماوەى زیاتر لە ساڵێک کاری لەسەر کرا، بەڵام دواتر بە هۆی بوونی هەڵەی تەکنیکییه‌وه‌ پاشەکشێ لەو پرۆسەیە کرا. 3- بەشێکی سیستەمی باج و سەرپێچییەکان بەئەلیکترۆنی کرا، بەتایبەت لە بواری هاتوچۆدا. ئەم پرۆسەیەیش بە هۆی نەبوونی سیستەمێکی ئەلیکترۆنییه‌وه‌ بۆ مامەڵە دارایییەکان، تەنیا بەشێکی بەئەلیکترۆنی کراوە. 4- پڕکردنەوەی فۆرمی تایبەت بە پاسەپۆرت و کارتی نیشتمانى، بەڵام ئەم پرۆسەیە بە هۆی چالاکنەبوونی ئەو پێگە ئەلیکترۆنییەی بۆ ئەو مەبەستە دروست کرابوو، تەمەنی درێژ نەبوو. 5- پرۆسەی هەڵبژاردن، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی دواهەمین خولی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگه‌کان. تۆمارکردنی دەنگدەران و بەشێکی پرۆسەی دەنگدان و بەشێکی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان و دەرهێنانى دەرەنجامەکان ئەلیکترۆنی بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی تێکەڵ بە ڕێکارە کلاسیکییەکان کرابوون، بۆیە ئەو دەرەنجامەی نەپێکا کە حکوومەتی ئەلیکترۆنی هەیەتی. 6- دواهەمین پرۆژەی حکوومەتیش بۆ چاکسازی لەم ڕێگەیەوە بوو، کاتێک لە ڕێگەى "سیستەمی بایۆمەتری"یەوە ده‌ستی بە تۆمارکردنی ئەلیکترۆنیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان كرد؛ بەڵام ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو نابێ، ئەگەر کۆی سیستەمی مووچە نەکرێتە ئەلیکترۆنی.

پێداویستییەکانى پەیڕەوکردنی حکوومەتی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان

بۆ بنیاتنانی ژێرخانی حکوومەتی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان، ده‌بێ چەند پێداویستییەکی بنەڕەتی دابین بکرێت. بە شێوەیەکی گشتی، پێداویستییەکان دەکرێ لە چەند بەشێک پێک هاتبن:

یەکەم: پێداویستییە یاسایی و سیاسییەکان: مەبەست لەمە، ستراتیژییەت و یاسا و ڕێنماییی جێبەجێکارین. لەمەدا پێویستە گرنگی بدرێت بە: 1- بوونی سیستەمێکی یاساییی گونجاو، کە سروشتێکی نەرمی هەبێت و تواناى گەشەپێدانى هەبێت؛ بە شێوەیەک لەگەڵ پێداویستییەکانى حکوومەتی ئەلیکترۆنیدا بگونجێت. 2- دابینکردنی ئاسایشی زانیاری، کە پشت ببه‌ستێ بە کۆمەڵێک ئامرازی سەردەم بۆ پاراستنی زانیارییەکان. 3/ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەى پەیوەستن بە ئاڵوگۆڕی دراو؛ بە شێوەیەک کەوا گرەنتی لە گواستنەوەی دراودا دروست بکرێت.

دووەم: پێداویستییە کارگێڕییەکان: لەوانە: 1- بوونی پشتگیرییەکی تەواو لە لایەن بەرپرسە کارگێڕییەکان؛ لە هەمان کاتدا، دەبێ سەرکردایەتیی سیاسیش پاڵپشتیی تەواوی خۆی ڕابگەیه‌نێت. 2- بوونی دیدگه‌یەکی ستراتیژیی فراوان، بۆ جێبەجێکردنی لە ڕووی پراکتیکییەوە. 3- دابینکردنی دەستەیەکی تەکنیکیی تایبەتمەند بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی؛ ئەم دەستەیە دەبێ چاودێریی چۆنێتیی جێبەجێکردنەکەیش بکات. 4- ڕاهێنان و ئامادەکردنی فەرمانبەری تایبەتمەند بەو مەبەستە لە ڕێگەى کردنەوەی خولی بەردەوام؛ بۆ ئەوەی بۆ پێشکەوتنە بەردەوامەکان، ئامادەباشییان تێدا بێت. 5- دووبارە داڕشتنەوەی مامەڵە حکوومییەکان؛ ئەو ڕێکارە کارگێڕییە کلاسیکییانەى پێشتر پەیڕەو دەکران، دەبێ بە شێوەیەک گۆڕانکارییان تێدا بکرێت کە بۆ کاری حکوومەتی ئەلیکترۆنی بگونجێ.

سێیەم: پێداویستییە تەکنیکییەکان: پێویستییە تەکنیکییەکان بریتین لە: 1- دابینکردنی ژێرخانێکی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتوو بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەى ئەلیکترۆنیی فراوان؛ بۆ ئەوەی حکوومەت و هاووڵاتی، تێیدا پەیوەندی ببەستن. 2- دەبێ سەرەتا حکوومەت زانیاریی تەواو بڵاو بکاتەوە، بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیان ئاگاداری گۆڕانکارییەکان بن. 3- پێویستە پەرە بە هێڵەکانى ئینترنێت بدرێت و، بەئاسانی بە هەموو ماڵێک بگات؛ هەروەها مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان هیچ تێچوویەک نەخەنە سەر هاووڵاتی. 4- دامەزراوەکانى حکوومەت لە ڕووی ئەلیکترۆنییەوە، پێویستە پەیکەرێکی کاریی دیاریکراویان هەبێت و، بەشەکانی بەئەلیکترۆنی بەیەکەوە ببەسترێنەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples