پێشەکی
دەوڵەت لە بنەڕەتدا، گوزارشتە لە بەیەکەوەبەستنی کۆمەڵێک پارچەى لێکجودا. بەستنەوەی ئەو بەشە جیاوازانە و دیاریکردنی ڕۆڵ و پێگەى هەر پارچەیەک، فەلەسەفەى دەوڵەت و شێوازی حوکمڕانی دەستنیشان دەکات. لەسەر ئەو بنەمایە، سیستەمە سیاسییەکان و چۆنێتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکان لێک جیاوازن. لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: چۆن بتوانین ئەو پارچە جیاوازانە بەیەکەوە ببەستینهوه، کە ببێتە هۆی هێنانەکایەى سیستەمێکی سیاسیی تەندروست لەسەر بنەمای پرەنسیپە دیموکراسییەکان؟ ئایا شێوازی بەیەکەوەبەستنەوەی ئەو پارچانە، چ کاریگەرییەکیان لەسەر دەستەبەرکردنی حوکمڕانیی باش هەیە؟
ئەندازیاریی سیاسی چییە؟
یەکێک لە نوێترین ئەو چەمکانەى دوای دیاردەى بەجیهانیبوون (Globalization) و بڵاوبوونی بیرۆکەى سیاسەتی گشتی هاتە ئاراوە، بریتی بوو لە چەمکی ئەندازیاریی سیاسی (Political Engineering). مەبەست لە ئەندازیاریی سیاسی، دووبارە داڕشتنەوەى ستراکچەری سیاسی و کارگێڕیی دەوڵەتە، بە شێوەیەک کە ڕۆڵ و پێگەى دامەزراوەکان جارێکی دیکە به شێوازی نوێ دەستنیشان بکرێنەوە. سەرەڕای ئەوەی ئەم چەمکە ماوەیەکی کەمە هاتۆتە ناو زانستی سیاسییهوه، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا چەندین توێژینەوەی لەسەر کراوە و، مانا و ڕەهەندەکانی لێک دراوەتەوە. بە شێوەیەکی گشتی ئەندازیاریی سیاسی، شێوازێکی زانستییە کە لە ڕێگەیەوە گۆڕانکاری بەسەر کۆمەڵگە دێنی، لە ڕێگەى دامەزراوەکان و پرۆسەی سیاسییەوە؛ ئەمەیش لە پێناو دووبارە داڕشتنەوەی ئاکاری سیاسی لە دەوڵەت، بۆ ئەوەی دامەزراوە دەوڵەتییەکان بنیات بنرێنەوە و، یاساکان بەپێی جوگرافیای سیاسی دابڕێژرێنەوە. کەواتە ئەندازیاریی سیاسی بریتییە لە دووبارە پێکهێنان، یان داڕشتنەوەی دامەزراوەکان و نوێکردنەوەی ڕێکارە کۆنەکان؛ بە شێوەیەک کەوا لەگەڵ پێداویستییە سەردەمییەکان و پێویستییەکانی ژیان بگونجێ و، هەروەها بۆ ئەوەی هاووڵاتی بتوانێ لەم ڕێگەیەوە ئاسانتر بە مافە بنەڕەتییەکانى بگات. ئەم پرۆسەیەیش بە چەندین ڕێگە ئەنجام دەدرێت، لەوانە: لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی دامەزراوەکان و ڕێکارە چەسپاوەکان و ئەو شێوازەى دەوڵەت لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگهدا گرتوویەتییە بەر.
کۆڵەکەکانی ئەندازیاریی سیاسی
ئەندازیاریی سیاسی بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە دوو چەمکی سیاسییەوە بەستراوەتەوە، كه بریتین له: هاووڵاتی و بەشداریکردن. لێرەیشدا ئامانجی سەرەکی، بریتییە لە تێرکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان و دەستەبەرکردنی کەڕامەتی مرۆڤ وەک هاووڵاتی. هەر لەبەر ئەمەیشە ئەندازیاریی سیاسی هەوڵ دەدا دامەزراوەکان بە شێوەیەک بنیات بنێ و ڕێکارەکان بە شێوەیەک دابڕێژێ، کە گرەنتیی مافەکانی تاک بکات و، تاک بخاتە بەرزترین پلەى هاووڵاتیبوون؛ ئەمەیش لە ڕێگەى فراوانکردنی سنووری بەشداریکردنی هاووڵاتی لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا. بەشداریی دیموکراسییانەی هاووڵاتی لە بەڕێوەبردندا، ماناى بوونی بەشدارییەکی فراوانی جەماوەرە لە ڕێگەى دووبارە دابەشکردنی هێز و دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا. ئەمەیش دەرفەتێکی زیاتر بۆ تاک دروست دەکات کە ڕۆڵی لە داڕشتنی سیاسەتی گشتیدا هەبێت و، هەروەها ئەم بەشدارییەی تاک باشترین گرەنتییە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سیاسی، کە سەرەکیترین فاکتەرە لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئەندازیاریی سیاسیدا.
کەواتە ئامانجی سەرەکیی ئەندازیاریی سیاسی، فراوانکردنی سنووری بەشداریی سیاسییە. لەم ڕێچكەیەوە سێ جۆری بەشداری دێتە ئاراوە، کە بریتین لە:
١- بەشداریی بەردەوام: ئەم جۆرە بەشدارییە، دامەزراوە نێوەندگیرەکانی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە چالاک دەکات. نموونەی ئەم دامەزراوانە، حزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنین. حزبە سیاسییەکان ڕۆڵێکی باشیان هەیە لە چالاککردنی ژیانی سیاسی، ئەویش لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانى و دروستکردنی ڕای گشتیدا. حزبە سیاسییەکان یەکێکن لە خێراترین خاڵی بەیەکگەیاندنی دەسەڵات و هاووڵاتی. لێرەوە ئەندازیاریی سیاسی، حزبە سیاسییەکان بە شێوەیەک چالاک دەکات کە بتوانن ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان بهجێ بگهیهنن، کە بریتییە لە گەیاندنی داواکاری و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان بە لایەنی دەسەڵاتدار، بۆ ئەوەی ببێتە گرەنتییەک بۆ بەشداریی هاووڵاتی لە پرۆسەی سیاسیدا.
٢- بەشداریی خولی: ئەم جۆرە بەشدارییە، بە مانای بوونی هەڵبژاردنێکی تەندروسته، کە گرەنتیی فرەحزبی بکات و ببێتە ڕێگهیەک بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە چوارچێوەیەکی شەفاف و ئازاددا. هەڵبژاردنیش میکانیزمێکی یەکلاکەرەوەیە لە بەرجەستەکردنی ویستی خەڵک لە دەستنیشانکردنی نوێنەری خۆی لە دەسەڵاتدا؛ ئەمەیش لە چوارچێوەی سیستەمێکی نوێنەرایەتیی تەندروستدا دەبێت. لە هەمان کاتدا ئەم جۆرە بەشداریکردنە، میکانیزمێکی تەندروستە بۆ ئەوەی ڕێژەى بەشداریی سیاسیی پێ بپێوین، کە بەشداریی سیاسی یەکێکە لە فاکتەرەکانی سەرکەوتنی دیموکراسی. دەتوانین بڵێین ئەندازەى هەڵبژاردن، کرۆکی ئەندازیاریی سیاسییە، چونکە چەندین بەهاى بنەڕەتی لەخۆ دەگرێت، لەوانە: بەشداریی سیاسی، شەرعییەت و دەستاودەستکردنی دەسەڵات. لێرەیشدا ئەندازەى سیاسی هەوڵ دەدات ئەمە لە ڕێگەى گەشەپێدانی سیستەمی هەڵبژاردنهوه چالاک بکات؛ بە شێوەیەک کە بەتەواوی ڕەنگدانەوەی ویست و ئارەزوەکانی خەڵک بێت.
٣- بەشداریی نوێنەرایەتی: ئەندازیاریی سیاسی، پێویستیی بە بوونی پەرلەمان و دەستەی یاسادانانێک هەیە کە چالاک و شەفاف بێت و پارێزگاری لە پرەنسیپە دیموکراسییەکان و سەروەریی یاسا بکات. ئەندایاریی سیاسی لە ڕێگەى دوو خاڵی سەرەکییەوە ڕۆڵی دامەزراوەکانی نوێنەرایەتیکردن چالاک دەکات: یەکەم،بەهێزکردنی ستراکچەری هزری و ڕێکخستنی ئەو دامەزراوانە، بۆ ئەوەی سەربەخۆ بن و بتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن. دووەم، زیادکردنی توانستی ئەو دەزگهیانە، بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی تەندروست وەربگێڕێتە سەر سیاسەتی گشتی.
میکانیزمەکانى ئەندازیاریی سیاسی
ئەندازیاریی سیاسی هەر لە بنەڕەتدا بە ماناى کۆمەڵێک میکانیزم دێت، کە بریتین لە میکانیزمی دەستووری، یاسایی و دامەزراوەیی. ئەم میکانزمانە له دووتوێی چەند خاڵێکدا ڕوونتر دەردەکەون:
١- ئەندازەى دەستووری: بەو پێیەى دەستوور دایکی یاساکانە و بە هۆیەوە شێوازی دەوڵەت و فۆرمی سیستەمی سیاسی دەستنیشان دەکرێت، بۆیە باشترین ئامرازە کە بە هۆیەوە ڕێگە بۆ ئەندازیاریی سیاسی خۆش بکرێت. لەسەر ئەو بنەمایەی بەشداریی هاووڵاتیان و پاراستنی مافی تاک، دەستوور باشترین شوێنە کە ئەم بنەمایانەی تێدا جێ بکرێتەوە. بوونی دەستوور لە دەوڵەت، یەکێکە لە باشترین ئاماژەکانی بوونی ئەندازیاریی سیاسی؛ بە مەرجێک ئەم دەستوورە بەرژەوەندیی گشت لایەکی کۆمەڵگەى پاراستبێ.
٢- ئەندازەی یاسایی: بە ماناى داڕشتنی سترکچەرێکی یاسایی، کە پرەنسیپی یەکسانی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکان دەستەبەر بکات؛ هەروەها پاڵنەرێکیش بێت بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی سیستەمی سیاسی بخاتە خزمەتی هاووڵاتیان. ئەندازەى یاسایی، لەسەر دوو ئاست دەبێت: یەکەم، سیستەمی حزبە سیاسییەکان: دەبێ بە شێوەیەک ئەندازە بکرێن کە ئەرکی ڕاستەقینەى خۆیان لە نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکان و ئامادەکردنی سەرکردەى سیاسی، جێبهجێ بكهن. دووەم،سیستەمی کۆمەڵگەی مەدەنی: ئەندازیاریی سیاسی، پێویستیی بە چاکسازیی یاسایی هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی زیاتر بە دامەزراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنی ببەخشێت؛ ئەمەیش لە پێناو چالاککردنی ئەو ڕۆڵە نێوەندگیرەی کە دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا هەیانە.
٣- ئەندازەى دامەزراوەیی: ئەم میکانیزمە بە شێوەیەکی گشتی به واتای هەماهەنگی و تەواوکارییه لە پرۆسەی بنیاتنانی دامەزراوەکان و کۆڵەکەکانی سیستەمی دەوڵەت بەگشتی. ئەندازیاریی سیاسی، لەو بیرۆکەیەوە سەرچاوەى گرتووە کە هیچ سیستەمێکی سیاسی ناتوانێ بەردەوام بێت، ئەگەر سیستەمێکی کارگێڕیی گەندەڵی هەبێت. پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە؛ واتە ناتوانین سیستەمێکی کارگێڕیی تەندروستمان هەبێت ئەگەر سیستەمی سیاسی، خۆی گەندەڵ بێت. بۆیە لێرەدا ڕۆڵی ئەندازیاریی سیاسی لەوەدا دەردەکەوێت کە ئەو بازنەیەی نێوان سیستەمی کارگێڕی و سیستەمی سیاسی، بە شێوەیەکی تەندروست دابڕێژێتەوە.
٤- ئەندازەى هەڵبژاردن: ئەم میکانیزمە کار لەسەر بنیاتنانی سیستەمێکی هەڵبژاردن دەکات کە لەگەڵ سروشتی پێکهاتەی کۆمەڵگەدا بگونجێ، چونکە سیستەمی هەڵبژاردن یەکەمین بازنەیە لە زنجیرەى سیستەمی حوکمڕانی. داڕشتنێکی تەواوی سیستەمی هەڵبژاردن، پێویستە لە چوارچێوەیەکی سیاسی و دامەزراوەییدا بێت.
حوکمڕانیی باش: Good Governance
پوختترین پێناسە بۆ حوکمڕانیی باش: "ئەو جۆرە حوکمڕانییەیه کە سەرکردایەتییەکی ڕەوا لە ڕێگەى هەڵبژاردنێکی پاک و ئازادهوه بەرهەمی هێنابێت. هەروەها سیستەمێکی کارگێڕیی واى هەیە کە کار لەسەر باشکردنی ژیانی هاووڵاتیان دەکات؛ ئەمەیش لەسەر بنەماى متمانەیەکی هاوبەش لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا." ئەم پێناسەیە، سێ ڕەهەندی سەرەکیی تێدایە کە بریتین لە: سەرکردایەتیی سیاسیی ڕەوا، سیستەمی کارگێڕیی باش و متمانەی هاوبەش. کەواته حوکمڕانیی باش کۆمەڵێک مەرج و پێوەری هەیە. توێژەران بە چەندین شێوە ئەو پێوەرانەیان دەستنیشان کردووە، بەڵام پرۆگرامی گهشهپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP)، ئەم پێوەرانەى لە چەند خاڵێکدا کۆ کردۆتەوە، کە بریتین لە:
١- بەشداری: بەشداریی کارای هاووڵاتیان لە کایەى سیاسی و کارگێڕیدا، یەکێکە لە باشترین ئاماژەکانى سەقامگیربوونی سیستەمی سیاسی.
٢- سەروەریی یاسا: حوکمڕانیی باش، پێویستیی بە حوکمی یاسا هەیە کە بەبێ جیاوازی بەسەر کۆی پێکهاتەکانى کۆمەڵگەدا جێبەجێ بکرێت. سەروەریی یاسا بناغەی جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکانه لە یەکتر، هەروەها گرەنتییەکیشە بۆ سەروەربوونی دەسەڵاتی دادوەری.
٣- شەفافییەت: ئەمە لە پرەنسیپی ڕێزگرتن لە مرۆڤ سەرچاوە دەگرێت. مافی خەڵکە کە بزانێت پرۆسەی دروستکردنی بڕیار، چۆن دەگوزەرێ، بۆ ئەوەی هاووڵاتی بتوانێت چاودێریی پرۆسەی سیاسی بکات و مافی لێپرسینەوەی هەبێت.
٤- بناغەی ڕێککەوتن: حوکمڕانیی باش کار لەسەر ڕێکكەوتن و پێکەوەگونجانى بەرژەوەندییە جیاوازەکانى لەگەڵ یەک دەکات، بۆ ئەوەی لایەنە ناکۆکەکان بگەنە چارەسەرێكی گونجاو.
٥- یەکسانی: حوکمڕانیی باش لەسەر بنەماى یەکسانی لە نێوان هاووڵاتیان دامەزراوە، بەبێ ئەوەی ئایینێک، یان ڕەگەزێک و نەتەوەیەک، لەسەر ئەوانی دیکە بهرز بكرێتهوه.
٦- لێپرسینەوە: حوکمڕانیی باش، پێویستیی بە بوونی میکانیزمێکە بۆ ئەوەی کارەکانى دەسەڵات ڕێک بخات، بە شێوەیەک کە پرۆسەی لێپرسینەوە لە دەسەڵات پرۆسەیەکی ئاڵۆز نەبێت.
پێگەى ئەندازیاریی سیاسی لە حوکمڕانیی باشدا
سیستەمی دیموکراسی، باشترین سیستەمە کە ژینگەى حوکمڕانیی باشی تێدا دروست دەبێت. لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا دەستوورێکی باش و یاسایەکی گونجاو بۆ کۆمەڵگە دادەنرێت. حکوومەت لە سایەی سیستەمێکی دیموکراسیدا، بەئاسانی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت. لێرەوە دەتوانین بڵێین پرەنسیپە دیموکراسییەکان مەرجی سەرەکین بۆ هێنانەکایەی حوکمێکی باش. بەو پێیەى دیموکراسییەت زەمینەیەکی لەبارە بۆ حوکمڕانیی خۆجێیی، کەواتە هەوڵ دەدات میکانیزم و دامەزراوەکان بە شێوەیەک بەهێز بکات کە بەرگەی گەندەڵی و لادان بگرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، هێشتا ناتوانین بڵێین کەوا حوکمڕانیی باش بەدەست دێ، ئەگەر دامەزراوە دیموکراسییەکان بوونیان هەبێت و، تەنانەت ئەگەر فرەحزبی و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش بوونیان هەبێت. بوونی ئەمانە تەنیا زەمینەیەکی لەبارە بۆ ئەوەی بە هۆیانەوە حوکمڕانییهکی باش بنیات بنرێت.
لە ڕووی تیۆرییەوە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان حوکمڕانیی باش و ڕەگەزەکانی دیموکراسیدا هەیە، بەڵام لە ڕووی پراکتیکییەوە بۆ ئەوەی ئەم دووانە ببنە بازنەیەکی تەواوکەری یەکتری، پێویستە جۆرێک لە ڕێکخستن لە نێوان بنەما و ڕەگەزەکانیاندا هەبێت. لەمەدا ئەندازیاریی سیاسی، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. کەواتە ئەرکی سەرەکیی ئەندازیاریی سیاسی، بریتی دەبێت لە هاوتاکردنی پرەنسیپە دیموکراسییەکان لەگەڵ میکانیزمەکانى حوکمڕانیی باشدا؛ ئەویش لە ڕێگەى جەختکردنەوە لەسەر هاووڵاتی و ئەو پرسانەى پەیوەستن بە مافە سیاسی و یاسایییەکانى هاووڵاتیانەوە.
لهسهر بنهمای ئهو بیرۆكه بنهڕهتییهی کە ئەندازیاریی سیاسی جەختی لەسەر دەکاتەوە، بریتین له ئامادهبوونی پارته سیاسییەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەى مەدەنی و دەستاودەتکردنی دەسەڵات. ئەندازیاریی سیاسی لە ڕووی کۆلەکەکان و میکانیزمەکانەوە، دیموکراسییەت فەراهەم دەکات و حوکمڕانیی باش چالاک دەکات، ئەویش لە ڕێگەى:
1/ ئەندازەى سیاسی، یارمەتی سیستەمی دیموکراسی دەدات کە لە قەیرانی بەشداریی هاووڵاتیان خۆی بپاریزێت.
2/ داڕشتنەوەی ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتی، بۆ ئەوەی درەفەتی داهێنان لای هاووڵاتی زیاد بێت.
3/ دەستەبەرکردنی پرەنسیپی سەروەریی یاسا، لە ڕێگەى بەهاى یەکسانی و دادپەروەری لە نێوان هاووڵاتیان.
4/ گەشەپێدانى گیانی هاووڵاتیبوون لای تاک، کە سەرچاوەى گەشەپێدانى سیاسییە.
5/ گرەنتیکردنی شەفافییەت و لێپرسینەوە، لەسەر بنەمای ئەوەی هاووڵاتی مافی ئەوەی هەیە دەستی بەو زانیارییانە بگات کە پەیوەستن بە ژیانی ئەوەوە.
6/ دابینکردنی کۆلەکەکانی شەرعییەتی سیاسی، کە خۆی لە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا دەبینێتەوە.
7/ چالاککردنی دامەزراوە نێوەندگیرەکانى نێوان خەڵک و دەسەڵات (حزبە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەى مەدەنی).
8/ چالاککردنی پرۆسەی دروستکردنی سیاسەتی گشتی لەسەر بنەماى بەدامەزراوەییکردنی سیستەمی سیاسی، بۆ ئەوەی سیستەمی سیاسی بە شێوەیەکی تەندروست (تێچووەکانinput )ی بگۆڕێت بۆ (درەچوو output)، بهشێوهیهك کە زياتر خزمەتی هاووڵاتیان بکات.