دەوڵەت لە نێوان بنیاتنان و بەردەوامبووندا

پێشەکی

هەرێمی کوردستان دواى ئەوەی کێشەکانى لەگەڵ عێراق بە بنبەست گەیشت، لە ئاکامدا هەرێم گەیشتە ئەو بڕوایەى چیدیکە ناتوانێ لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵیدا بەردەوام بێت؛ بۆیە ڕێگەى سەربەخۆییی گرت و، بانگەشەی یەکەمین هەنگاوی کرد کە ڕیفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی. کەواتە ئامانجی هەرێم، زوو بێت یان درەنگ، بریتییە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. لێرەوە بۆ ئێمە گرنگە بەر لەوەی دەوڵەت دابمەزرێنین، لە دەوڵەت تێ بگەین و دیدێکی ڕوونمان بۆ دەوڵەت هەبێت. بۆیە گرنگە بپرسین دەوڵەت چییە  و چۆن بینای دەوڵەت دەکرێت؟ ئایا دەوڵەت چیی پێویستە لەسەری، تا بتوانێ بەردەوام بێت؟ 

دیدێکی فەلسەفی بۆ تێگەیشتن لە دەوڵەت

لە فەلسەفەى سیاسیدا دەوڵەت وەک بونیادێکی بنەڕەتی، گرنگییەکی زۆری پێ دراوە. لە هەموو قۆناغەکاندا یەک لە پرسە هەرە سەرەکییەکانى فکر و فەلسەفەی سیاسی، تایبەت بووە بە دەوڵەت. ئەفڵاتۆن لە کتێبی "کۆمار" و، ئەرستۆ لە کتێبی "سیاسەت"دا بابەتی سەرەکییان بریتی بووە لە دەوڵەت. بەو مانایەى کە تاک ناتوانێ بەبەردەوامى ململانێی دەوروبەری بکات، بۆیە پێویستیی بە پێکەوه‌ژیانە. لێرەوە بیرۆکەى ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی مرۆڤ بە مرۆڤ سەر هەڵدەدات و، سەرەتاکانى پرسیارکردن لەسەر دەوڵەت دروست دەبێت. کەواتە بە شێوەیەکی گشتی، دەوڵەت گوزارشتە لە کۆمەڵەیەکی تەواوکار لە تاکەکان. تاک بە سروشتی خۆی تەواو نابێت و ژیانی مانایەکی نابێت ئەگەر بە ناسنامەیەک نەبەسترێتەوە؛ کە ئەو ناسنامەیە خۆی لە کۆمەڵگە و دەوڵەتدا دەبینێتەوە. کەواتە دەوڵەت لە کۆی تاکەکانى گەورەترە. دەوڵەت تاکەکانى لە چوارچێوەی کیانێکی ڕێکخراودا کۆ دەکاتەوە؛ بۆیە تاک بە بونیادی دەوڵەت دادەنرێت. بەڵام هەر لەگەڵ دەرکەوتنی تاک لە کیانی دەوڵەتدا، سروشتی تاکیی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە بەشێک لەم جەستە گەورەیە.

لەم چوارچێوەیەدا دەوڵەت بەر لە هەر شتێک بریتییە لە جووڵەیەکی سۆسیۆلۆژی؛ کۆمەڵگه‌کان لە پێناو گرەنتیکردنی مانەوەیان و زاڵبوونیان بەسەر هاوشێوەکانیان، دروستی دەکەن. دەوڵەت لە ڕوانگەی فەیلەسووفی ئەڵمانى، "هیگڵ"، سروشتێکی بیرۆکراتیی هەیە، بەڵام مارکس واى دەبینێت کە دەوڵەت بریتی بێـت لە باڵادەستبوونی چینێک بەسەر کۆی چینەکانی دیکەى کۆمەڵگە. لێرەوە پرسیاری فەلەسەفە لەسەر دەوڵەت دروست دەبێت: ئایا دەوڵەت چۆن دەتوانێ ڕۆڵی ڕاستەقینەى خۆی لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندیی گشتیدا بگێڕێت؟ بیرمەندان و فەیلەسووفان لەسەر چۆنێتیی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ڕای جیاوازیان هەیە؛ بە شێوەیەک کە ناتوانن درک بە بوونی دەوڵەتێک بکەن، کە بە هەموو پێوەرە یاسایی و سیاسی و کەلتووری و مێژوویییەکانەوە هەموو لایەکی کۆمەڵگە لە بنیاتنانیدا بەشدار بووبن. بەو مانایەى كه‌ دەوڵەت کیانێکی باڵا بێت لە هۆشداریی سیاسی، کە تێیدا دەسەڵاتێک نەبێت کە بیەوێت خۆی لە دەوڵەتەکە گەورەتر نیشان بدات، بەڵکوو کۆمەڵێک دەسەڵاتداری تێدا بێت کە خزمەت بە کۆی کۆمەڵگە بکەن.

دەوڵەت لای هێگڵ واتاى هاوشانبوونی بلیمەتیی تاکەکانه‌ لە پێناو زاڵبوون بەسەر ئەو تەگەرانەی کە دێنە پێشەوە. بەڵام مارکس و ئینگلس دیدێکی جیاوازیان بۆ دەوڵەت هەیە. دەتوانین بڵێین ئەوان وای دەبینن کە پێکهێنانى دەوڵەت لە ڕێگەى بیرۆکراسییەتەوە، دەبێتە هۆی ملکەچبوونی زۆرینە بۆ حوکمی کەمینەیەکی زۆردار. بەڵام ئەم بیرۆکەیە تەمەنێکی درێژی نەبوو؛ دواى بڵاوبوونەوەی بیرۆکەی دیموکراسی و شێوازەکانی حوکمڕانیی باش، پێچەوانەی ئەمە بینرا. بۆیە دەبینین فەیلەسووفێکی وەک "ئیمیل دۆرکهایم" بە شێوەیەک گوزارشتی لە دەوڵەت کرد کە لەسەر بنەماى دابەشکردنی کار لە نێوان تاکەکانى کۆمەڵگە دامەزرابێت. ئەم دیدەی دۆرکهایم و زیادکردنی ئەم ڕۆڵە بۆ دەوڵەت، سروشتێکی ئابووری بە دەوڵەت دەبەخشێت؛ بە ئامانجی ئەوەی دەوڵەت سەروەت و سامانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر تاکەکان دابەش بکات.

دەوڵەت دامەزراوەیەکە دەشێ پێش بکەوێت، هەروەک چۆن، دەکرێ بەرەو دواوە و بەرەو داڕمانیش بچێت. لەسەر ئەو بنەمایەی کە لۆژیکی مانەوەی دەوڵەت و بەرزی و نزمییەکەی پەیوەستە بە مرۆڤەوە، بۆیە هاوشانی مێژووی مرۆڤ، ڕێرەوی کردووە. لەم چوارچێوەیەدا فرانسیس فۆکۆیاما ئاماژە بەوە دەکات کە دەوڵەت لە ئێستا و لە کۆنیشدا دامەزراوەیەکی مرۆییی کۆن بووە؛ سەرەتاکانى دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگە کشتوکاڵییە سەرەتایییەکان کە لە ناوچەی وڵاتی "دوو ڕووبار" پێش شەش هەزار ساڵ هەبوونە. هەروەها لە "چین"یش دەوڵەتی ڕێکخراو هەبووە کە سروشتێکی بیرۆکراسیی باڵای هەبووە و هەزاران ساڵ بەردەوام بووە. بەڵام دەوڵەتی مۆدێرن لە ئەوروپا، بەرهەمی سوپای گەورە و باجی زۆر و بیرۆکراسییەتی مەرکەزی بووە؛ توانیویەتی سەروەریی خۆی بەسەر ناوچە جوگرافییەکانی ژێردەستی بسەپێنێ. ئەم جۆرە دەوڵەتە، مێژووەکەی بۆ سیستەمی مەلەکیی فەڕەنسی و ئیسپانى و سوید دەگەڕێتەوە کە پێش 500 ساڵ هەبوون. بەڵام دەوڵەتی مۆدێرن بە مانا نوێیەکەی، کە توانای دابینکردنی سیستەم و ئاسایش و حوکمی یاسا و پاراستنی مافی تاکی هەیە، هاوشانە لەگەڵ ئەو سیستەمە ئابوورییەی ئێستا هەیە.

بەو پێیەی دەوڵەت دیاردەیەکی سۆسیۆلۆژییە، لە ڕووی چەمکی سیاسییەوە لە سەرەتاکانی سەدەی شانزدە لە ئەوروپا دەرکەوتووە، کە بە شێوەیەکی سیاسی و یاسایی، تەواو لەوەی پێشتر هەبوو جیاواز دەرکەوت. بۆ یەکەمین جار، دەوڵەت بووە خاوەن کیانێکی سیاسی و یاسایی و جوگرافیی دیاریکراو و ڕێکخراو. لە ڕووی ڕەوابوونەوە، ئەو دەوڵەتانە لەسەر بیرۆکەی یاسا دامەزراون؛ بەو پێیەی کۆمەڵێک بنەمای گشتی بۆ کۆی کۆمەڵگە هه‌بوون؛ هەروەها لە ڕووی ڕێکخستنەوە پرەنسیپی مەرکەزی و دابەشکردنی دەسەڵات لەسەر بنەمایەکی عەقڵانی، هەر لەو قۆناغەوە سەرچاوەی گرتووە. هەروەها لە ڕووی ئابوورییەوە دەوڵەتی مۆدێرن هاوشان بووە لەگەڵ پێشکەوتنی سەرمایەداری و فراوانبوونی بازاڕی ئازاد.

بنیاتنانی دەوڵەت

بننیاتنانی دەوڵەت جەخت لەسەر ئەو چاکە گشتییە دەکاته‌وه‌ کە دەوڵەت لەو کۆمەڵگەیەی کە دەوڵەتەکەی لێ دروست بووە بەرهەمی دینێت؛ بۆیە بنیاتنانی دەوڵەت کارێکی ئاسان نییە. کە دەڵێین ئاسان نییە، مەبەستمان لە ڕووی پێکهاتەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و بیرۆکراسی و دامەزراوەیی نییە، بەڵکوو مەبەستمان لەوەیە ئاسان نییە دامەزراندنی دەوڵەت بکرێتە هەقیقەتێک کە "حاکم" و "مەحکووم" تێیدا بەئاشتەوایی لە دەوری چاکەی گشتیدا کۆ ببنەوە؛ بە واتای هەموو ئەوانەی هێز و هێژموونی و توانستیان هەیە، بە یەک ئاراستە لە بنیاتنانى دەوڵەتدا بەشدار بن. کەواتە ئێستا ئێمە لە بەردەم چەند پرسیارێکی جەوهەریدان: دەوڵەت چییە؟ پێکهاتەکانی چین؟ ئەرکی چییە؟ ئایا هەموو ئەو دەوڵەتانەى ئێستا بوونیان هەیە، تایبەتمەندیی دەوڵەتیان تێدایە؟

دەوڵەتی نەتەوەیی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە یەکەمین کار کە ئەنجامی دابێت، بریتی بووە لە پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی چینێکی کۆمەڵگه‌ کە چینی کرێکار بووە، بە ئامانجی ئەوەی بەرژەوەندیی گشتی مانایەکی هەبێت. کەواتە کاری دەوڵەتی نەتەوە، بریتی بووە لە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە کاروباری کۆمەڵگە. سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی نەتەوە لە قۆناغی سەرەتاییدا ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە، بەڵام لەو قۆناغەدا دەوڵەتی نەتەوە بەدوای ناسنامەیەک بۆ خۆی گەڕاوە. کەواتە هەر لە سەرەتاکانی دروستبوونییەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەوە بووە ناسنامەیەکی دیاریکراو بەو کۆمەڵگەیە ببەخشێ کە دەوڵەتەکەی لێ دروست بووە. بەڵام دەبێ ئەوەیش لەبەرچاو بگرین کەوا دەوڵەتی نەتەوەیی لە کۆمەڵگه‌یەک دروست بووە کە لە ڕووی سیاسییەوە بەتەواوی پێگەیشتووە. گرنگە پرسیاری ئەوە بکەین کێ دەوڵەت بنیات دەنێت؟ فاکتەرەکانى بنیاتنانى چین؟ دەوڵەت لە کوێوە شەرعییەتی خۆی وەردەگرێت؟ ئەگەر کۆمەڵگه‌ى نێودەوڵەتی گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و کاریگەر بێت بە دەوڵەت و دامەزراندنی دەوڵەتێک، ئەوا ژینگەى نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدارە لە دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە؛ لەسەر ئەم بنەمایەی کە ژینگەی نێودەوڵەتی، ناتوانێ کۆمەڵگەیەک لەخۆ بگرێت کە هێزێکی وەک دەوڵەت ڕێکی نەخستبێت.

ماکس ڤیبەر وا پێناسەی دەوڵەت دەکات کە بریتییە لە "کۆمەڵگەیەکی مرۆیی، کە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە شەرعییەتی بەکارهێنانى هێز لە ناوچەیەکی دیاریکراودا بەدەست دێنێت." بە مانایەکی دیکە، کرۆکی دەوڵەت بریتییە لە "هێز و سەپاندن"، چونکە ئەوە ڕاستییه‌كه‌ کەوا دەوڵەت کۆمەڵگە ناچار دەکات بە پابەندبوون لەو یاسایانەی خۆی دای ڕشتووە. بە شێوەیەکی گشتی، دەوڵەت چەند تایبه‌تمەندییەکی هەیە کە لە دامەزراوەکانى دیکەى جیای دەکاتەوە:

. سەروەری: دەوڵەت خاوەنی باڵاترین هێزە لە کۆمەڵگەدا، کە کۆمەڵگە ناتوانێ سنووری بۆ دابنێت. بەو پێیە بێت، دەوڵەت وەک هێز دەکەوێتە سەرووی هەموو ئەو ڕێکخستن و کۆمەڵانەی لە دەوڵەتدا بوونیان هەیە. هەر ئەمەیە وای لە تۆماس هۆبز کردووە بە دەوڵەت بڵێ "ئەژدیها"(Leviathan) .

. سروشتی گشتیبوونی دامەزراوەکانى دەوڵەت: جیاواز لە دامەزراوە تایبەتییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەزگه‌کانی دەوڵەت بەرپرسن لە داڕشتنی بڕیارە گشتییەکان و جێبەجێکردنیان لە کۆمەڵگە؛ بۆیە ئەم دەزگه‌یانە هێزی خۆیان لە هاووڵاتییەوە وەردەگرن.

. ڕەوایەتی: هەمیشە وا سەیری بڕیارەکانی دەوڵەت ناکرێ کە بەزۆر بەسەر کۆمەڵگه‌دا سەپێندرابن، بەڵام وەها لێی دەڕوانرێت کە باشترین بڕیار بن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵگە؛ لەو خاڵەوە بابەتی ڕەوایەتیی دەوڵەت سەرچاوە دەگرێت.

، دەوڵەت وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن: دەوڵەت ئەوه‌نده‌ هێزەی كه‌ پێویستییەتی لەبەردەستە، بۆ ئه‌وه‌ی گرەنتیی سەپاندنی یاساکانی بکات و سەرپێچیکەرانی پێ سزا بدات. ماکس ڤیبەر بەو سروشتەی دەوڵەت دەڵێت "توندوتیژییەکی ڕەوا" لە کۆمەڵگە.

. جوگرافیایەکی دیاریکراو بۆ دەوڵەت: دەوڵەت لە چوارچێوەی سنوورێکی دیاریکراودا دسەڵاتەکانی جێبەجێ دەکات. بۆیە هێزی دەوڵەت لەوەدا دەردەکەوێت کە توانای دابینکردنی ئاسایشی هەبێت و کۆی ناوچە جوگرافییەکانى ژێردەستی کۆنترۆڵ کردبێت.

پارێزگاریکردن لە مانەوەی دەوڵەت

هەر دەوڵەتێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە؛ ئەو سیاسەتەی دەیگرێتە بەر، ئاستی دەوڵەتەکە دەستنیشان دەکات. دەوڵەتی بەهێز ئەو دەوڵەتەیە دامەزراوەکانی بناغەیەکی بەهێزیان هەبێت و کۆمەڵگەکەی سروشتێکی یەکگرتووی هەبێت، سەرەڕای جیاوازیی نێوان چینەکانی. دەوڵەت بەقەبارەى ئەو بناغەیە دەپێورێت کەلەسەری دامەزراوە. دامەزراندنی دەوڵەت پەیوەستە بە ناسنامەی دەوڵەت و چۆنێتیی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی، بێ ئەوەی زیان بە کەس بگەیه‌نێت. سەبارەت بە بنیاتنانی دەوڵەت، فۆکۆیاما دەڵێت: "دامەزراندنی دەوڵەت بریتییە لە بەهێزکردنی ئەو دامەزراوانەی بوونیان هەیە، هاوشان لەگەڵ دامەزراندنی دامەزراوەی نوێ کە تواناوی مانەوە بە دەوڵەت ببەخشێ." بۆ ئەم مەبەستە گرنگترین شت كه‌ لە دامەزراندنی دەوڵەتدا پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، بریتییە لە:

. پرۆسەی سیاسی لە ناوخۆی وڵات بۆ پتەوکردنی دامەزراوەکان و شەرعییەتدان بە دەوڵەت له ‌ڕه‌وتی پەیوەندیی دەوڵەت بە کۆمەڵگەوە: ئەمەیش لە ڕێگەی کارلێکی ژێرخانی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە دەکرێت. بە شێوەیەک چالاکیی دەوڵەت لە هەندێ بواری بنەڕەتیدا بەرزتر ببێتەوە، لەوانە: ئاسایش، دادپەروەری، ئابووری و خزمەتگوزاریی گشتی، وەک پەروەردە و تەندروستی؛ هەروەها بۆ ئەوەی ببێتە گرەنتییەک بۆ ئازادییە سیاسی و ئابوورییەکان. لە بەرامبەردا، گەل بە پێدانى باج و سنووردارکردنی هەندێ لە ئازادییەکانی، ڕازی دەبێت. لە پاڵ ئەمانەیشدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی ڕێکكەوتنە نێودەوڵەتییەکانه‌وه‌ داوا لە دەوڵەتە نوێیەکان دەکات لە بواری ناوخۆیییاندا، بەپێی ستاندارە جیهانییەکان پابەندی پاراستنی مافی مرۆڤ بن.

. پرۆسەی دانوستاندن و بەڕێوەبردنی سیاسی بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی دەوڵەت و کۆمەڵگە و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەستەی حوکمڕان و کۆمەڵە و ڕێکخراوە جیاوازەکانى کۆمەڵگە: دەوڵەتی بەهێز ئەوەیە لە سیاسەتەکانیدا ڕەنگدانەوەی ویست و ئارەزووی ئەوانەی پێوە دیار بێت کە دەوڵەتەکەیان دروست کردووە. دەوڵەت لە سەرەتای دامەزراندنییەوە دەچێتە گفتوگۆیەکی قووڵ لەگەڵ کۆمەڵگە و پێکهاتەکانی. لەم دانوستاندنانەدا بناغەی ماف و ئازادییەکان دادەنرێت؛ بۆیە بیرکردنەوەی عەقڵانی لەم قۆناغەدا سەرەکیترین پێداویستیی بنیاتنانی دەوڵەتە.

. تەندروستبوونی ڕەوایەتیی دەوڵەت: ڕەوایەتی (legitimacy) ئامرازێکی بنچینەیییە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت. شەرعییەت تەنیا پێویستییەکی دیموکراسی نییە، بەڵکوو بناغەی دامەزراندنی ڕوانینی خەڵکە بۆ دەوڵەت. ئەگەر شەرعییەتی دەوڵەت لە سەرەتاوە تەندروست نەبوو، دیدگه‌ی خەڵک بەرامبەر دەوڵەت بە شێوەیەک خراپ دەبێت کە تەمەنی دەوڵەتەکە کەم دەکاتەوە. بەڵام ئەگەر شەرعییەتی دەوڵەت لە بنیاتنانيدا تەندروست بوو ئەوا خەڵک بە شێوەیەک لە دەوڵەت دەڕوانێت کە ئامرازێک بێت بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی خزمەتگوزاریی گشتی، پارێزەری سەرەکیی ماف و ئازدادییەکانی تاک.

دەوڵەت و کۆمەڵگە

کۆمەڵگە لە هەر ئاست و قەبارەیەکدا بێت، ناتوانێت گەشەسەندن بەخۆیەوە ببینێت ئەگەر دەوڵەت بوونی نەبێت. ئامادەبوونی دەوڵەت لە هەموو کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخدا شتێکی پێویستە. پێکهاتەی کۆمەڵگەى هاوچەرخ بە شێوەیەک ئاڵۆز بووە، گەر دەوڵەت نەبێ، تاکە بەرهەمی کۆمەڵگە بریتی دەبێت لە گێرەشێوێنی و توندوتیژی. ئەو کۆمەڵگه‌یانەى دەوڵەت تێیدا بەرەو داڕمان دەچێت، کۆمەڵگەکەیش بە هۆی زۆربوونی ململانێ و پێکدادانی پێکهاتەکانی، بەرەو لێکهەڵوەشانەوەی یەکجاری دەچێت. سەرەڕای ئەوەی دەوڵەت لە کۆمەڵگەوە هەڵقووڵاوە، بەڵام دەوڵەتی هاوچەرخ تووشی کێشەى ترسناک بۆتەوە؛ بەوەی لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکان هەندێ هێز دروست بوونە، کە خۆیان بە سەرووتر لە هێزی دەوڵەت دەزانن و، ڕۆڵی دەوڵەت لە کۆمەڵگه‌ لاواز دەکەن چونکە لە بنەڕەتدا ئەو هێزانە ململانێی بوونی دەوڵەت دەکەن. لێرەوە گرنگە بپرسین ئایا ئەم قەیرانە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، یان قەیرانە لە دونیای سیاسەتدا؟ بیرمەندە هاوچەرخەکان پێیان وایە کەوا جیهان بە قۆناغێکی سەختدا تێ دەپەڕێت. بۆیە بواری ئەوە نەماوە کە دەوڵەت لەگەڵ کۆمەڵگەدا خه‌ریكی ململانێ بێت. خەریکبوونی دەوڵەت بە ململانێ لەگەڵ کۆمەڵگە، بە واتای سەرەتاکانی داڕمانی دەوڵەت دێت؛ بەتایبەت ئەکەر کۆنترۆڵی خۆی لەدەست دا و، نەیتوانی بە شێوەیەکی دیموکراسییانە کۆمەڵگە بەڕێوە ببات و ببێتە دەوڵەتی یاسا و، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەرهەم نەهێنێ.

قەیرانی دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت

دواى کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و زاڵبوونی ئەمریکا لە ژینگەى نێودەوڵەتی، ئەمریکا لەژێر چەتری جیهانگیریدا، هەوڵی دا واقعێک بەسەر دەوڵەتەکان بسەپێنێ. بەپێی ئەو واقعە نوێیە، پێویست بوو دەوڵەت گۆڕانکاری لە ستراکچەری خۆیدا بکات. لەم واقعە نوێیەى دەوڵەتدا، ئابووری بووە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانى بەردەوامبوونی دەوڵەت. لێرەوە دەوڵەتەکان لە پێناو مانەوەیان وەک دەوڵەت، پێویستییان بە دووبارە بنیاتنانەوەی ستراکچەری خۆیان هه‌بوو. کێشەى بنیاتنانی دەوڵەت و دووبارە بنیاتنانەوەی دواى قەیران و ململانێ ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ڕەهەندە سیاسییەکانی دەوڵەتەوە. کەواتە لە پرۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەدا لە پێناو مانەوە و بەردەوامیی دەوڵەتدا، ڕەهەندە سیاسی و ئابوورییەکان بە شێوەیەک ئاوێتە دەبن، ناکرێ پێشبینیی مانەوەی دەوڵەتێک بکەین بەسەربەخۆیی، گەر نەیتوانیبێت هاوسەنگی لە نێوان ئەم دوو ڕەهەندەدا ڕاگرێت.

هاوشانبوونی ڕەهەندی ئابووری لەگەڵ ڕەهەندی سیاسی لەم فۆرمە نوێیەی دەوڵەتدا، پێویستییەکە کە ژینگەى ململانێی نێودەوڵەتی بەسەر کۆی دەوڵەت و کۆمەڵگە خۆجێیییەکاندا سەپاندووە. بەڵام ئەمە ماناى ئەوە ناگەیه‌نێت کە ڕۆڵی ڕەهەندە سیاسییەکان کە خۆی لە دیموکراسییەت و حوکمڕانیی باشدا دەبینێـتەوە، لاواز بێت، بەڵکوو لەم قۆناغی دەوڵەتدارییەدا ڕەهەندە ئابوورییەکان فاکتەرێکی مانەوەی دەوڵەتن کە پێویستیی بە ستراتیژییەتی گەورە هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیه‌كی ئەرێنی ڕۆڵیان لە مانەوەی دەوڵەتدا هەبێت. ئەگەر ئامانجی سیاسەت بنیاتنانى هزری دەوڵەتداری بێ، ئەوا ناسنامەى کەلتووری و هزری ئابووری، کۆنترۆڵی ئاراستەی مانەوەی دەوڵەت دەکەن و دەبنە میکانیزمێک بۆ ئەوەی کۆلەکەکانی دەوڵەت بەوەستاوی بمێننەوە. زۆر جار لە دەوڵەتە هاوچەرخەکان چالاکبوونی ڕەهەندی ئابووری، بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەبەسترێتەوە. بۆیە لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی دەوڵەتدا وڵاتان ڕەچاوی داڕشتنی سیستەمی ئابووری دەکەن؛ بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی هێنانەدیی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.

فۆکۆیاما لەو چوارچێوەیەدا پێی وایە دەوڵەت چوار ئاراستەی دامەرزێنەری هەیە، کە بریتین لە: پرۆژەى ڕێکخستنی دەوڵەت، پرۆژەى سیستەمی سیاسی، بناغەى ڕەوایەتیی دەوڵەت و فاکتەرە کەلتووری و بونیادییەکان. هەروەها دەوڵەتی هاوچەرخ، بە چەمکی "حوکمڕانیی باش" و دیموکراسی و گەشەپێدانه‌وه گرێ دراوە‌. ئاستی گەشەی هەر وڵاتێک، پەیوەستە بەو وزە و توانستەی دەوڵەت هەیەتی و، بە شێوەیەکی عەقڵانی توانای بەکارهێنانی هەیە. گومان لەوەدا نییە کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە لاوازبوون، یان بەهێزبوونی دەوڵەت دوای بنیاتنانەوەی، چونکە ئەم پەیوەندییە دەرەکییانە فاکتەری نوێ بۆ دەوڵەت زیاد دەکەن کە خۆی لە  سیاسەت و ئاسایشی دەرەکیدا دەبینێتەوە. لە دواى جەنگی جیهانیی دووەم، وڵاتان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییی تایبەت بە خۆیان، بە ڕێژەیەکی زۆر پشتیان بەو فاکتەرە دەرەکییانە بەست و سوودیان لەم ژینگە نێودەوڵەتییە وەرگرت و، بەسەرکەوتوویی پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتیان لەگەڵ ئەو واقعە نێودەوڵەتییە نوێیەدا هاوشان کرد. ئێستا بە هۆی ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەیییەى لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕووی داوە، دەشێ وڵاتان سوود لەم واقعە نوێیە وەرگرن و، پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت و دووبارە داڕشتنەوەی دەست پێ بکەن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples