پێشه‌كی
له نێوان ده‌وڵه‌ت و هێزی ئابووریدا په‌یوه‌ندییه‌كی دووسه‌ره هه‌یه: هه‌م سه‌رچاوه و توانا ئابوورییه‌كان ده‌توانن ببنه فاكته‌رێكی یاریده‌ده‌ر بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت و به‌هێزكردنی، هه‌م بوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیش پێشمه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تییه بۆ بنیاتنانی توانا ئابوورییه‌كان و به‌ده‌ستهێنانی هێزی ئابووری. پرسه ورووژێنراوه‌كانی پاش بڕیاردان له ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی، لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌یان وه‌ك پێویستییه‌ك به‌خێرایی و قورسایییه‌كی زیاتره‌وه هێنانه‌وه‌ته ئاراوه.
له‌گه‌ڵ هاتنه‌ئارای پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی له هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێك له‌و پرسانه‌ی كه بووه‌ته جێگه‌ی سه‌رنج و بایه‌خپێدان، بریتییه له ئه‌گه‌ری كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنیی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و، پچڕاندنی په‌یوه‌ندیی بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم و، لاوازیی ئاستی توانای ئابووریی هه‌رێم بۆ پێش‌گرتن له ڕوودانی ئه‌و ئه‌گه‌ره، یان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی دۆخی نوێ له ئه‌گه‌ری ڕوودانیدا.
ئه‌گه‌ره‌كانی كاردانه‌وه‌یه‌كی له‌و جۆره له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی دراوسێوه چه‌ند كراوه‌ن؟ توانای ئابووریی هه‌رێم بۆ پێش‌گرتن له ڕوودانی ئه‌و كاردانه‌وانه له چ ئاستێكدایه؟ له ئه‌گه‌ری ڕوودانی كێشه‌یه‌كی له‌و جۆره‌دا توانای هه‌رێم بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه چه‌نده؟ ئه‌گه‌ر توانای ئابووریی هه‌رێم له ئاستی ئه‌و ئه‌ركه‌دا نییه، هۆكاره‌كانی بۆچی ده‌گه‌ڕێنه‌وه؟ ئایا هه‌رێمێكی ناسه‌ربه‌خۆ، له ئاستی وه‌ئه‌ستۆگرتنی ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیی پاراستنی ئاسایشی ئابووری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سزای ئابووریی ده‌وڵه‌تانه و، له‌و پێگه‌یه‌دایه كه بچێته جه‌نگێكی ئابوورییه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان؟ يان ئه‌مه ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه؟ ئه‌ی توانای ئابووریی هه‌رێمی كوردستان چ ڕۆڵێك له پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تسازیدا ده‌گێڕێت؟ له به‌رامبه‌ریشدا ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ له ئایینده‌دا چ ده‌رفه‌تێك بۆ په‌ره‌پێدانی ئابووری ده‌ڕه‌خسێنێت؟ ئه‌مانه ئه‌و پرسیاره سه‌ره‌كییانه‌ن كه ئه‌م وتاره هه‌وڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌یان ده‌دات. ئه‌و پرسیارانه‌یش به‌گشتی ده‌چنه خانه‌ی لێكۆڵێنه‌وه له هێزی ئابووری و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ئابووری و په‌ره‌پێدانه‌وه.
چه‌مك و پێگه‌ی هێزی ئابووری له جیهانی گۆڕاودا
ئه‌گه‌رچی به درێژاییی مێژوو تاكوو ئێستایش، بیرمه‌ندان و لێكۆڵه‌ران تێڕوانینی جۆراوجۆریان هه‌بووه بۆ چه‌مكی هێز، به‌ڵام جه‌وهه‌ری زۆرینه‌ی تێڕوانین و پێناسه‌كان بۆ هێز، له‌وه‌دا كۆ ده‌بێته‌وه كه بریتییه له: توانای كاریگه‌ریدروستكردن له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌وانی تر و جڵه‌وكردنی ڕه‌وشتیان له‌باره‌ی بابه‌تێكی دیاریكراوه‌وه. ئه‌و پێناسه‌یه ناواخنی بۆچوونی هه‌ر یه‌ك له "مۆرگانسۆ"، جولد هامر"، "شیلز و "ڕۆبه‌رت داڵ"ه.
له دنیای هاوچه‌رخدا چه‌مكی هێزی ده‌وڵه‌ت له‌ناوه‌رۆكی فیكریدا، مانا باوه سه‌ربازییه‌كه‌ی تێ په‌ڕاندووه به‌ره‌و ناوه‌رۆكێكی فراوانتر، كه هێزی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌كنه‌لۆژی و ڕۆشنبیرییش ده‌گرێته‌وه. به‌م پێیه هێزی ئابووری، وه‌ك جۆرێك له هێزی ده‌وڵه‌ت، به واتای به‌كارهێنانی ئامراز و توانا ئابوورییه‌كان دێت به مه‌به‌ستی كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی تر و ئاراسته‌كردنی هه‌ڵسوكه‌وت و هه‌نگاوه‌كانیان به ئاراسته‌ی هێنانه‌دیی ئامانجی دیاریكراوی ده‌وڵه‌تی بكه‌ر.
هه‌رچه‌نده به‌كارهێنانی توانا و ئامرازه ئابوورییه‌كان بۆ كاریگه‌ریدروستكردن له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌وڵه‌تان، مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه، به‌ڵام له ئه‌نجامی گۆڕانكارییه نوێیه‌كانی جیهان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا، هێزی ئابووری بایه‌خێكی زیاتری به‌خۆیه‌وه بینیوه. ده‌وڵه‌تان له ئیستادا له گه‌مه‌ی نیوده‌وڵه‌تیدا، زیاتر پشت به توانا ئابوورییه‌كانیان ده‌به‌ستن تاكوو توانا سه‌ربازییه‌كان. هه‌رچه‌نده گۆڕانكاری له پێگه‌ی جۆره‌كانی هێزدا شتێكی ڕێژه‌یییه، به‌ڵام به‌ته‌واوی بایه‌خی هێزی ئابووری له ئێستادا له چاو ڕابردوو زیاتره. ئه‌مه‌یش به هۆی زیاده‌ی ڕێژه‌ی تێچوونه‌كانی هێزی سه‌ربازییه‌وه له لایه‌ك و، له لایه‌كی تریشه‌وه به هۆی ئاماده‌ییی گه‌وره‌ی ئامانجه ئابوورییه‌كانه‌وه‌یه له‌نێو به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌كانی پاش قۆناغی پیشه‌سازی و له جیهانی گلۆبالیزه‌ی ئابووریدا؛ كه ته‌واوی ده‌وڵه‌تان تا ڕادده‌یه‌كی دیار پشت به بازاڕ ده‌به‌ستن و، بازاڕیش له ده‌ره‌وه‌ی جڵه‌وگیریی ته‌واوه‌تیی ده‌وڵه‌تدایه.
له سایه‌ی گۆڕانكارییه گه‌وره‌كانی دنیای پاش جه‌نگی سارد و سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌یاندن و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان به ڕووی یه‌كتری و تێكه‌ڵبوونی بازاڕ و په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كان و وابه‌سته‌بوونی ئابووریی ده‌وڵه‌تان به یه‌كترییه‌وه، تێڕوانینێكی نوێ بۆ چه‌مكی هێزی ئابووری و توخمه‌كانی، به‌ته‌واوی كامل بووه و بووه‌ته جێگه‌ی باوه‌ڕپێهێنان و ڕه‌چاوكردن. ئه‌و تێڕوانینه نوێیه‌یش بۆ چه‌مكی هێزی ئابووری، ده‌ره‌نجامی گواستنه‌وه‌ی توخمه‌كانی هێزی ئابوورییه له سه‌رچاوه ئابوورییه‌كانه‌وه (به‌تایبه‌تی سه‌رچاوه سروشتییه مرۆیییه‌كان) بۆ توانا ئابوورییه‌كان.
توخمه‌كانی هێزی ئابووری
جاران پێوه‌ر و توخمه‌كانی هێزی ئابووری بریتی بوون له سه‌رچاوه و سامانه سروشتییه‌كان (الموارد الطبیعیه)ی وه‌ك خاك و كانزاكان و وزه و سه‌رچاوه مرۆیییه‌كان (الموارد البشریه)، به‌تایبه‌تیش ژماره‌ی دانیشتووان. به‌ڵام ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تان ده‌ری خست، كه ته‌نیا هه‌بوونی ئه‌و سه‌رچاوانه، به توخم و سه‌رچاوه‌ی هێز دانانرێت ئه‌گه‌ر له پاڵیاندا ئامرازه‌كانی به‌كارهێنانیان له ئامانجه پییشه‌سازی و ته‌كنه‌لۆژی و سه‌ربازییه‌كاندا بوونیان نه‌بێت.
له ئێستادا توخمه‌كانی هێزی ئابووریی ده‌وڵه‌ت، زیاتر په‌یوه‌ستن به توانا ئابوورییه‌كانه‌وه (القدرات الاقتصادیه)؛ توانای ئابوورییش وه‌ك پێدراوێكی بابه‌تی له بوونی كۆمه‌ڵێك ئامراز و سه‌رچاوه و دامه‌زراوه‌ی به‌رهه‌مهێنان و پیشه‌سازی و ته‌كنه‌لۆژی و مه‌عریفی و دارایی و بازرگانیدا به‌رجه‌سه‌ته ده‌بێت، كه ده‌توانرێت بكرێنه توخمی گوشار، یان ئامرازی هێنانه‌دیی ئامانجه‌كان.
توانا ئابوورییه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی بریتین له: 1- پێگه‌ی داراییی ده‌وڵه‌ت، كه له ڕێگه‌ی چه‌ند پێوه‌رێكه‌وه دیاری ده‌كرێت، ئه‌وانیش: قه‌باره‌ی یه‌ده‌گی ده‌وڵه‌ت له دراوی بیانی، قه‌باره‌ی زیاده، یان كورتهێنان له ته‌رازووی بازرگانی (المیزان التجاریی-balance of trade the ) و ته‌رازووی پێدان (المیزان المدفوعات- the balance of payment) و بوودجه‌ی گشتی (الموازنة العامة- Public budget)([1]). 2- قه‌باره‌ی كۆبه‌رهه‌می ناوخۆیی (GDP) و تێكڕای گه‌شه‌ی ئابووری. 3- قه‌باره‌ی به‌رهه‌می پیشه‌سازی و كشتوكاڵی. 4- قه‌باره و جۆری سه‌رچاوه سروشتی و مرۆییه‌كان. 5- قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و توانای كێبركێكاریی نێوده‌وڵه‌تی له بازاڕه جیهانییه‌كاندا. 6- قه‌باره‌ی سه‌رمایه‌گوزاریی بیانی. ئه‌وانه به‌گشتی به توخمه‌كانی هێزی ئابووریی خۆییی ده‌وڵه‌ت (عناصر القوة الاقتصادية الذاتية للدولة) ده‌ناسرێن و، له‌نێویاندا ئه‌و توخمانه‌ی كه له مه‌یدانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به شێوه‌ی ڕاسته‌خۆ به‌كار ده‌هێنرێن بریتین له توانا بازرگانی و دارایی و سه‌رمایه‌گوزارییه‌كان.
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد، سامان و سه‌رچاوه ئابوورییه‌كان ته‌نیا هه‌بوونیان نابێته سه‌رچاوه‌ی هێزی ئابووری، به‌ڵكوو پێویسته سه‌ره‌تا له ڕێگه‌ی ڕكێفكردن و باش به‌كارهێنان و په‌ره‌پێدانیانه‌وه بكرێنه توخمی خاوه‌ن توانای ئابووری. گۆڕینی سه‌رچاوه ئابوورییه‌كان بۆ توانا ئابوورییه‌كانیش پێویستیی به كۆمه‌ڵێك پرۆسه و پلانی زانستیی ئابووری و ته‌كنیكی و كارگیڕیی تۆكمه و به‌رده‌وام هه‌یه، كه زۆرینه‌یان ته‌نیا له سایه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌ریدا زه‌مینه‌یان بۆ ده‌ڕه‌خسێت، وه‌ك: پلان و سیاسه‌ته ئابوورییه‌كان به‌گشتی و، سیاسه‌تی دراو و نه‌ختینه‌یی و سیاسه‌تی دارایی و سیاسه‌تی بازرگانی و پلانی گه‌شه‌پێدانی گشتگیر و به‌رده‌وام به‌تایبه‌تی.
به‌ڵام هێزی ئابووری بریتییه له پرۆسه‌ی به‌گه‌ڕخستنی توانا و سه‌رچاوه ئابوورییه‌كان بۆ به‌دیهێنانی ئامانجێكی دیاریكراو؛ به‌م جۆره، له ئێستادا توخمه‌كانی هێزی ئابووری بریتین له: توانا ئابوورییه‌كان و سه‌رچاوه ئابوورییه‌كان (القدرات الاقتصادیه والموارد الاقتصادیه). گواستنه‌وه له دۆخی خاوه‌ندارێتیی توانا و ئامرازه‌كانه‌وه بۆ دۆخی به‌كارهێنانیان له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، واته له توانای ئابوورییه‌وه بۆ هێزی ئابووری، پێویستی به ئیراده‌ی سیاسی و هۆشمه‌ندیی مرۆیی و چاپووكیی دیپلۆماسی به‌تایبه‌تیش دیبلۆماسییه‌تی ئابووری هه‌یه و، بواری په‌راوه‌كردنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌یش ته‌نیا له به‌رده‌م كاراكته‌ره ده‌وڵه‌تییه‌كاندا كراوه‌یه و، كاراكته‌ری ناده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی ناسه‌ربه‌خۆ، بواره‌كانی به‌رده‌می سنوور دران.
توخمه‌كانی هێزی ئابووری له هه‌رێمی كوردستان
یه‌كه‌م: سه‌چاوه ئابوورییه‌كان/ هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی سه‌رچاوه و سامانی ئابووریی سروشتی و مرۆییی زۆره، چ له ڕووی خاكی به‌پیتی شیاوی كشتوكاڵ و بوونی سه‌رچاوه‌كانی ئاو و ڕێژه‌ی بارانبارینی پێویست و كه‌شوهه‌وای له‌بار بۆ زۆرینه‌ی به‌روبوومه كشتوكاڵییه‌كان له هه‌ر چوار وه‌رزی ساڵ، چ له ڕووی هه‌بوونی سه‌چاوه‌كانی وزه و كانزاكان و چ له ڕووی قه‌باره‌ی پێویست له ده‌ستی كاری كارا بۆ پرۆسه‌ی په‌ره‌پێدانی ئابووری. به‌پێی ڕووپێوه‌كانی ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێم، ڕووبه‌ری شیاوی كشتوكاڵی بۆ چاندن، زیاتره له (6619019) دۆنم و، ڕووبه‌ری دارستانه سروشتی و ده‌ستكرده‌كان (4292306) دۆنم و، ڕووبه‌ری ڕه‌زوباخ (229037) دۆنمه؛ ئه‌مه جگه له بایه‌خی هه‌ڵكه‌وته‌ی شوینی جوگرافیی كورستان و بوونی سه‌رچاوه‌ی ئاو و كانزاكان و وزه، كه به سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ داده‌نرێن و هه‌رێمی كوردستانیش به هه‌موو پێوه‌ره‌كان له‌و ڕووه‌وه هه‌رێمێكی ده‌وڵه‌مه‌نده. سه‌باره‌ت به سه‌رچاوه‌ی مرۆییش به‌پێی ڕووپێوی بانكی نێوده‌وڵه‌تی به هاریكاریی وه‌زاره‌تی پلاندانان، قه‌باره‌ی هێزی كار، واته ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ته‌مه‌نی كاركردندان له هه‌ر دوو ڕه‌گه‌ز، نزیكه‌ی ڕێژه‌ی (40%)ی دانیشتووانی هه‌رێم پێك ده‌هێنێت، به‌م پێیه‌یش ژماره‌كه نزیك ده‌بێته‌وه له دوو ملیۆن كه‌س.
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بتوانێت سامان و سه‌رچاوه ئابوورییه‌كانی بگۆڕێت بۆ توانای ئابووری، پێویستیی به ئه‌نجامدانی دوو هه‌نگاوی پێویست هه‌یه: یه‌كه‌م، چه‌سپاندنی خاوه‌ندارێتیی ته‌واوی خۆی به‌سه‌ر گشت سامان و سه‌رچاوه ئابوورییه‌كانیدا، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت مافه‌كانی ڕكێفكردن و به‌كارهێنان و سوودلێوه‌رگرتن له سامان و سه‌رچاوه‌كان به‌ته‌واوی به‌كار بهێنێت. دووه‌م، له ڕێگه‌ی پرۆسه و پلان و سیاسه‌ته ئابووری و نه‌ختینه‌یی و دارایی و بازرگانییه‌كانه‌وه كار بۆ گۆڕینی سه‌رچاوه و سامانه‌كان بكات بۆ سه‌ر شێوه‌ی توانا ئابوورییه‌كان؛ كه دیاره هه‌ر دوو هه‌نگاوه‌كه‌یش له ئه‌نجامی به‌دیهێنانی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ریدا فه‌راهه‌م ده‌بن.
تاكوو ئێستا هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی مافی ته‌واوه‌تی و ڕه‌های به‌كارهێنانی سه‌رچاوه و سامانه ئابوورییه‌كانی نییه و، به‌پێی ده‌ستووری عێراق هه‌نگاوه ستراتیژییه‌كانی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه ئابوورییه‌كاندا، یان له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵین، یان له ده‌سه‌ڵاته هاوبه‌شه‌كانن و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌وباره‌یه‌وه سنوورداره؛ ئه‌مه‌یش هه‌ر له سامانی ژێرزه‌وییه‌وه بگره، تاكوو سه‌رچاوه‌كانی ئاو و سنووره‌كان و ڕێڕه‌وه ئاسمانییه‌كان و هتد.
له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی ئابوورییشه‌وه وه‌ك ڕێگه‌ی گۆڕینی سه‌رچاوه ئابوورییه‌كان بۆ توانای ئابووری، ئه‌وه له پاڵ هه‌بوونی ئیراده‌ی به‌هێزدا، پێویستیی به ده‌ستكراوه‌یی له كۆمه‌ڵێك پرۆسه و پلان هه‌یه كه ده‌ستووری عێراق له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌كاندا له‌قاڵبی داون، وه‌ك: سیاسه‌تی نه‌ختینه‌یی و سیاسه‌تی دارایی و سیاسه‌تی بازرگانی؛ له كاتێكدا كه هیچ هه‌نگاوێكی په‌ره‌پێدان له هیچ كه‌رتێكی ئابووریدا به‌بێ پاڵپشتی و هه‌ماهه‌نگیی ئه‌و سیاسه‌تانه سه‌ركه‌وتوو نابێت. بێ گومان ئه‌مه پاساو نییه بۆ ئه‌وه‌ی كه تاكوو ئێستا پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی سه‌رچاوه و سامانه‌كان بۆ توانای ئابووری، لاواز و پڕ له كه‌موكوڕی بووه و، له‌و دۆخه‌ی له ئارادا بووه، ده‌كرا هه‌نگاوی زۆر له‌وه گه‌وره‌تر بنرێت و ئه‌نجامی ئه‌رێنیتر به‌ده‌ست بهێنرێت، به‌ڵكوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمێكی ناسه‌ربه‌خۆ به ده‌سه‌ڵاتێكی سنوورداره‌وه له چوارچێوه‌ی ده‌وڵەتیكی پاشكه‌وتوودا، هه‌رچه‌نده ویست و ئیراده و هه‌نگاوه‌كانیشی له‌و ڕووه‌وه جددی و دروست بن و، به ئه‌نجامی باشتر له‌وه‌ی ئێستا بگات، به‌ڵام هه‌رگیز نابێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێ بكرێت كه بگاته خاڵی ته‌واو دڵخۆشكه‌ر له ئامانجه ئابوورییه‌كان كه به پرۆسه‌ی بنیاتنانی تواناكاندا تێ ده‌په‌ڕن.
دووه‌م: توانا ئابوورییه‌كان/ هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی ژێرخانێكی ئابووریی سنوورداره له ڕووی ڕێگه‌وبان و پرد و فڕۆكه‌خانه و به‌نداو و سیسته‌می ئاودێری و و كۆگاكردن و سایلۆ و ساردكه‌ره و تاقیگه و پشكنین و توێژینه‌وه و سیسته‌می بازاڕكردنه‌وه. هه‌رچه‌نده دامه‌زراوه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاڵا و خزمه‌تگوزاری له بواره‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتیاری و بازرگانی و ئاڵووێر و چالاكییه بانكییه‌كان، قه‌باره و ئاستی كارایییان له ئاستی پێداویستیی قۆناغی گواستنه‌وه‌ی ئابووریدا نییه، به‌ڵام ده‌كرێت له ڕێگه‌ی بره‌وپێدان و پێشخستنیانه‌وه بكرێنه بناغه‌یه‌كی باش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و، كه‌ڵكی باشیان لێ وه‌ربگیرێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر مه‌ترسییه‌كی ئابووریی چاوه‌ڕوانكراو و تێپه‌ڕاندنی هه‌ر دۆخێكی نه‌خوازراو.
به‌پێی ڕووپێوه‌كانی ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێم، نزیكه‌ی (1675) پرۆژه‌ی كشتوكاڵیی تایبه‌ت به سامانی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ری گۆشت و سامانی ماسی، نزیكه‌ی (89) دامه‌زراوه‌ی پیشه‌سازیی گه‌وره، (182) دامه‌زراوه‌ی پیشه‌سازیی مامناوه‌ند، (10387) دامه‌زراوه‌ی بچووك و (514) كانگه بوونیان هه‌یه؛ سه‌ره‌ڕای سه‌دان دامه‌زراوه‌ی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتیاری و بازرگانی و دارایی و ئاڵووێر و هتد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نزمیی ئاستی به‌شداریی هه‌ر یه‌ك له كه‌رته ئابوورییه‌كان له كۆی به‌رهه‌می ناوخۆیی (GDP)ی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌یه بۆ لاوازیی ئاستی توانستی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و دامه‌زراوانه.
به‌پێی مه‌زه‌نده‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی، ڕێژه‌ی به‌شداریی كه‌رته ئابوورییه سه‌ره‌كییه‌كان له كۆی به‌رهه‌می ناوخۆیی (الناتج المحلی الاجمالی) ((GDP نانه‌وتی (واته به‌بێ هه‌ژماركردنی نه‌وت)([2]) بۆ ساڵی (2014) به‌م شێوه‌یه‌یه: كه‌رتی كشتوكاڵ 3%، پیشه‌سازی 6%، گواستنه‌وه و كۆگه‌كردن 6%، زانیاری و گه‌یاندن 7%، كاروباری دارایی 1%، خزمه‌تگوزارییه جۆراوجۆره‌كان 7%، بازرگانی 9%، بیناسازی 20%، كارگێڕیی گشتی 27% و هتد. دیاره كه ڕیژه‌ی ئه‌م به‌شدارییانه له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ژماركردنی كۆی به‌رهه‌می ناوخۆیی، به‌ده‌ر له سێكته‌ری نه‌وته؛ ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه به‌شداریی ڕاسته‌قینه‌ی سێكته‌ره‌كان زۆر له‌وه كه‌متره.
هه‌رچه‌نده ئێستا له ئه‌نجامی كاریگه‌رییه‌كانی قه‌یرانی دارایییه‌وه، پێده‌چێت ڕێژه‌ی به‌شداریی سێكته‌ره‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی له كۆی به‌رهه‌می ناوخۆیی، گۆڕانكارییه‌كی ڕێژه‌یییان به‌سه‌ردا هاتبێت، به‌ڵام به‌گشتی ئه‌و ئاسته‌ی به‌شداریی سێكته‌ره ئابوورییه‌كان، له لایه‌ك ئاماژه‌یه بۆ لاوازیی ئاستی دامه‌زراوه ئابوورییه‌كان و، له لایه‌كی تریشه‌وه ئاماژه‌یه بۆ لاسه‌نگیی گه‌وره له په‌یكه‌ری ئابووریی هه‌رێم . ئه‌م لاوازیه‌ش هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌ر ئاڵۆزییه‌ك له په‌یوه‌ندییه ئابووری و بازرگانیه‌كانی هه‌رێم له گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌یدا كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر دۆخی ئابوری ناوخۆیی دابنێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، بوونی ئه‌و ژێرخان و دامه‌زراوه و پرۆژه و پێگانه‌ی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری، ده‌كرێت وه‌ك هۆكارێكی یاریده‌ده‌ر بۆ به‌هێزكردنی توانا ئابوورییه‌كان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت و، كار بۆ ڕێكخستنه‌وه و په‌ره‌پێدانیان بكرێت. بێ گومان له ئه‌نجامی كاراكردنی ئه‌و دامه‌زراوه و پرۆژه و توخمانه‌ی توانا ئابوورییه‌كان و، باشتر سوودوه‌رگرتن له سه‌رچاوه ئابوورییه‌كان، ئه‌گه‌ر نه‌توانرێت ئابووریی هه‌رێم بگه‌یه‌نرێته ئاستیكی به‌رزی په‌ره‌پێدان، ئه‌وا لانی كه‌م ده‌توانرێت ده‌سته‌به‌ری پێداویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه و تێپه‌ڕاندنی هه‌ر دۆخێكی نه‌خوازراوی پێ ده‌سته‌به‌ر بكرێت. دیاره ئه‌مه‌یش به مه‌رجی هه‌بوونی پێویستییه كارگێڕی و یاسایی و دادوه‌ری و دامه‌زراوه‌یییه‌كانی سه‌رخستنی پرۆسه‌یه‌كی له‌و جۆره دێته دی.
له پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا پرۆژه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان، به یه‌كێك له توانا ئابوورییه هه‌ره گرنگه‌كانی هه‌رێم داده‌نرێن و نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتنی هه‌رێمن له گواستنه‌وه‌ی سه‌رچاوه ئابوورییه‌كان بۆ توانای ئابووری. بایه‌خی گه‌وره‌ی ئه‌م پرۆژانه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی به‌ده‌ستهێنانی داهاتن، له هه‌مان كاتیش‌دا به هۆی قه‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ی ئه‌م سێكته‌ره و، بایه‌خ و گرنگیی وزه وه‌ك كاڵایه‌كی ستراتیژی له بازاڕی جیهانیدا، ده‌كرێت وه‌ك توانایه‌كی گه‌وره‌ی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت و بۆ زۆر مه‌به‌ستی ئابووری و سیاسی، سوودیان لێ وه‌ربگیرێت؛ به‌تایبه‌تیش له كاتێكدا كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئاستی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوودا بگاته (1) میلۆن به‌رمیل.
یه‌كێك له گرنگترین توخمه‌كان له‌نێو توانا ئابوورییه‌كاندا، كه به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا وه‌ك ئامرازێك به‌كار ده‌هێنرێت، توانا دارایی و بازرگانییه‌كانه. هه‌رێمی كوردستان له ڕووی توانا دارایییه‌كانه‌وه ته‌واو لاوازه و، نه‌ك هه‌ر ناتوانێت له ڕێگه‌ی به‌خشین و پێدانی قه‌رزه‌وه كار له هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌وڵه‌تان بكات، به‌ڵكوو خۆی له قه‌یرانێكی داراییی گه‌وره‌دایه. سه‌باره‌ت به توانا بازرگانییه‌كانیش، هه‌رچه‌نده كورتهێنانی گه‌وره‌ی ته‌رازووی بازرگانیی هه‌رێم و پشتبه‌ستنی زۆر به هاورده، له نیشانه‌كانی لاوازیی دۆخی بازرگانی ده‌ژمێردرێت، به‌ڵام بوونی په‌یوه‌ندیی بازرگانیی به‌هێز و، گه‌وره‌ییی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له ده‌وڵه‌تانی توركیا و ئێران، ده‌كرێت یه‌كێك بێت له خاڵه‌كانی هێزی هه‌رێم، كه ده‌توانێت بواری مانۆڕی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له ڕووی هه‌نگاونان به‌ره‌و سزای بازرگانی، به‌رته‌سك بكاته‌وه. چونكه له دیدی ئابووریی هاوچه‌رخه‌وه، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هێزی بازرگانیی ده‌وڵه‌ت ته‌نیا پشت به نیشانده‌ر (پێنوێن)ی ساده‌ی ته‌رازووی بازرگانی نابه‌سترێت، به‌ڵكوو نیشانده‌ره‌كانی كراوه‌ییی ئابووری، جێگه‌ی ڕه‌چاوكردن و پشتپێبه‌ستنن؛ كه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌راوردكاریی ڕادده‌ی پشتبه‌ستنی ده‌وڵه‌ت به بازرگانیی ده‌ره‌كی به‌رامبه‌ر به پشكی هه‌نارده و هاورده‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ناو قه‌باره‌ی بازرگانیی ده‌وڵه‌تان و بازاڕه جیهانییه‌كان داڕێژراون.
ئه‌گه‌ری سه‌پاندنی سزای ئابووری و پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كان
وه‌ك له سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌مان بۆ كرد، ئه‌گه‌ری پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كان له لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له وڵاتی توركیا و ئێرانه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌رێم، یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه‌ی كه جێگه‌ی مشت‌ومڕ و باسوخواسی گه‌رمه. ئه‌م بابه‌ته به یه‌كێك له وێستگه گرنگه‌كان داده‌نرێت، هه‌م بۆ زانینی ئاست و كاریگه‌ریی سه‌نگ و توانا ئابووری و سیاسییه‌كانی هه‌رێم ، هه‌م بۆ زانین و هه‌ڵسه‌نگاندنی دیدگای نوێی ناوچه‌كه‌و جیهان بۆ چۆنیه‌تی كاردانه‌وه و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆزی كورد ، هه‌میش بۆ زانینی ئاستی گۆڕانكاری له پێگه‌ی هێزی ئابووری له ناو پرۆسه‌ی بڕیاردانی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌دا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش، ده‌كرێت شیكاری دۆخی چاوه‌ڕوانكراوی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كان له ڕێگه‌ی دوو ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كییه‌وه بكرێت:
یه‌كه‌م/ ڕێگرییه‌كانی به‌رده‌م پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كان
له‌وانه‌یه باشترین گوزارشت بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و ده‌وڵه‌تانی دراوسێ، ئه‌و گوزارشته‌ی وه‌زیری ئابووریی توركیا، "زافر چاگلیان" بێت كه ده‌ڵێ: "بازرگانی كلیلی سیاسه‌ته و، په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانمان ڕێگه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان خۆش ده‌كات." وه‌رگێڕانی ئه‌م گوته‌یه بۆ سه‌ر زه‌مینه‌ی واقع، به‌ره‌و زمانی ژماره‌كان ده‌مانبات. ماوه‌ی زیاتر له 10 ساڵه هه‌رێمی كوردستان له په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ و سه‌قامگیری بازرگانیدایه له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له توركیا و ئێران. قه‌باره‌ی بازرگانیی ساڵانه‌ی هه‌رێم و توركیا به نزیكه‌ی 12 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت. ئه‌م بڕه‌یش قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌یه و ڕێژه‌ی نزیكه‌ی (8%)ی كۆی هه‌نارده‌ی توركیا پێك ده‌هێنێت؛ به‌م پێیه‌یش هه‌رێمی كوردستان له ڕیزبه‌ندی سێیه‌می وڵاتانی هاورده‌كاری كاڵا و خزمه‌تگوزاریی توركیا دێت.
هه‌بوونی نزیكه‌ی 1400 كۆمپانیای توركی و، قه‌باره‌یه‌كی دیاری چالاكیی سه‌رمایه‌گوزاری و، زیاد له 30000 كارمه‌ندی توركی له هه‌رێمی كوردستان و، په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی تایبه‌ت به بواری نه‌وت و، گرێبه‌ستی كۆمپانیای وزه‌ی توركی بۆ كاركردن له 13 ناوچه‌ی پشكنین و...، هه‌موو پێكه‌وه ژماره‌یه‌كی گه‌وره و كاریگه‌رن له ئابووریی توركیادا. به جۆریك، ده‌توانرێت بگوترێت كه نزیكه‌ی 4%ی كۆی به‌رهه‌می ناوخۆیی ( (GDPو ئابووریی توركیا، په‌یوه‌سته به په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانییه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و، هه‌ر پچڕانێكی ئه‌م په‌یوه‌ندییه ئابوورییانه كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر بازاڕ و ئابووریی توركیا ده‌بێت و، له‌وێیشه‌وه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر دۆخی سیاسیی توركیا ده‌بێت و، ئه‌مه‌یش خاڵێكی هه‌ستیاره لای حزبی فه‌رمانڕه‌وای توركیا. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی توركیا ده‌بێته ڕێره‌وی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و غازی هه‌رێم و عێراق، به‌تایبه‌تیش له ڕێگه‌ی هێڵی "نابۆكۆ"وه كه به هه‌رێمی كوردستاندا به‌ره‌و توركیا و ئه‌وروپا تێ ده‌په‌ڕێت. له هه‌مان كاتیش‌دا توركیا چاوی له‌وه‌یه سوودی زیاتر له هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرێت كه خاوه‌نی سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆری گازه و، ده‌یه‌وێت بیكاته جێگره‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له ئیران و ڕوسیا و ئازه‌ربایجان، كه به نرخی گرانتر له نرخی جیهانی، گازیان لێ ده‌كڕێت و، ئابووری توركیایش و بۆ به‌رده‌وامیدان به گه‌شه، پێویستیی به بڕی زیاتری گاز ده‌بێت له ساڵانی داهاتوودا.
به‌رژه‌وه‌ندی و په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كان له پرۆسه‌ی داڕشتنی بڕیار له توركیای نوێ‌دا بایه‌خێكی ته‌واویان هه‌یه. له ته‌نگژه‌ی ئه‌م دوایییانه‌ی نێوان هۆڵه‌ندا و توركیادا كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كان ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزییان تێ كه‌وت و سه‌رۆككۆماری توركیا و گه‌وره به‌رپرسانی تر به‌ڵینی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی توند و سزای ئابووری و پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هۆڵه‌ندا ده‌دا، ڕه‌چاوكردنی په‌یوه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كانی نێوانیان، توانیی تا ڕادده‌یه‌كی زۆر كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و هه‌ڕه‌شه ئاگرینانه كه‌م بكه‌نه‌وه. له‌مباره‌یه ڕای وه‌زیری ئابووریی توركیا واقعبینانه بوو و، پێی وابوو نابێت په‌یوه‌ندییه‌كان بگه‌نه ئاستی دابڕان و سه‌پاندنی سزای ئابووری و، گوتی: "له كاتی هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوێكی له‌م جۆره، زیان به هه‌ر دوو لایه‌ن ده‌گات و، پێویسته نه‌هێڵین هه‌موو شتێك تێك بچێت." ئه‌مه‌یش له كاتێكدا، كۆی قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوان ئه‌و دوو وڵاته ته‌نیا 6.6 ملیار دۆلاره، كه نزیكه‌ی نیوه‌ی قه‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی هه‌رێم و توركیایه. بۆیه ده‌توانرێت بگوترێت كه پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كان له لایه‌ن توركیاوه له‌گه‌ڵ هه‌رێم، لاوازترین ئه‌گه‌ره و، كه‌مترین شیمانه (احتمال)یان هه‌یه.
سه‌باره‌ت به ئێرانیش به هه‌مان شێوه، هه‌رچه‌نده قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی له‌گه‌ڵ هه‌رێم كه‌متره و به نزیكه‌ی 7 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، به‌ڵام به هۆی دۆخی بازرگانیی ئێران و بچووكیی قه‌باره‌ی هه‌نارده نانه‌وتییه‌كانییه وه، ڕێژه‌ی هه‌نارده‌ی ئێران بۆ هه‌رێم نزیكه‌ی 15%ی كۆی هه‌نارده‌ی ئێران پێك ده‌هێنێت؛ ئه‌مه‌یش جگه له هه‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری كۆمپانیای ئێرانی و كارمه‌ند و چه‌ندین جۆری تری به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و سیاسی كه هه‌ر دوو لایه‌ن پێكه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه و، ده‌بنه خاڵی ڕێگر له به‌رده‌م پچڕانی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كاندا.
دووه‌م/ توانای ئابووریی هه‌رێم بۆ تێپه‌ڕانی دۆخی پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كان
به‌و پێیه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه نییه له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه و جیهان و، هه‌نگاونانی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی، نابێته كێشه‌یه‌كی ستراتیژی بۆ هێزه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، بۆیه هیچ مه‌ترسییه‌كی گه‌مارۆی گه‌وره له شێوه‌ی گه‌مارۆی نێوده‌وڵه‌تی له ئارادا نییه و، له خراپترین ئه‌گه‌ردا ته‌نیا شیانی ئه‌وه هه‌یه ده‌وڵه‌تی توركیا، یان ئێران بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌ڵپه‌سێرن، یان سنووردار بكه‌ن؛ كه به مه‌زه‌نده‌ی ئێمه، ئه‌و ماوه‌یه له دوو مانگ زیاتر تێ ناپه‌ڕێت. وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد، هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك توانای ئابوورییه، كه ده‌توانرێت ئه‌و ماوه‌یه به كه‌مترین كاریگه‌ریی نه‌رێنییه‌وه تێ په‌ڕێنرێت. بۆ ئه‌مه‌یش، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم و هێزه سیاسییه‌كان، كۆك بن له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه و گونجاو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخی نه‌خوازراو، به گرتنه‌به‌ری چه‌ند ڕێوشوێنێكی تایبه‌تی وه‌ك: كه‌ڵكوه‌رگرتن له ده‌رچه و ده‌روازه‌ی تر و په‌یوه‌ندیی بازرگانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی تر و له بازاڕه جیهانییه‌كاندا، سوودوه‌رگرتنی زیاتر له ڕێڕه‌وه بازرگانییه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی كۆنترۆڵی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه، له‌گه‌ڵ زیادكردنی مۆڵه‌تی بازرگانی، هاورده‌كردن، چاودێریكردنی بازاڕ، فه‌راهه‌مكردنی دۆخی كێبركێ و ڕێگەنەدان بە قۆرخکارى، په‌یڕه‌وكردنی پلان و سیاسه‌تی ژیرانه به‌كاربردن (سیاسه ترشید الاستهلاك)، پاڵپشتی و هاندانی به‌رهه‌مهێنان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیریی تایبه‌ت له هه‌ریه‌ك له‌و بوارانه‌دا.
ئەنجام
هەرێمى کوردستان تاکوو نەبێتە دەوڵەتێکى سەربەخۆ، دەرفەتەکانى بەردەمى بۆ پەرەپێدانى ئابوورى و بەدەستهێنانى توانا و هێزى ئابوورى زۆر سنووردارن، چونکە ئەوە پێویستیى بە کۆمەڵێک دەستکراوەیى و زەمینە و پێشمەرج هەیە، کە زۆرینەیان لە تایبەتمەندییەکانى دەوڵەتى سەربەخۆى خاوەن سەروەرین.
توانا ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان لە ئێستادا بەگشتى لاوازن و، دەبێت لە هەر کاردانەوەیەکى نەرێنیى دەوڵەتانى دراوسێدا چاوەڕوانى کاریگەریى نەرێنى لەسەر بازاڕ و ئابووریى کوردستان بکەین. لەگەڵ ئەوه‌یشدا پەرەسەندنەکانى پرۆژەکانى بوارى نەوت و وزە و تواناکانى هەناردەى هەرێم لەو ڕەوەوە و، سیاسەتى نەوتیى هەرێم، لەگەڵ پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییە تۆکمە و سەقامگیرەکانى هەرێم لەگەڵ دەوڵەتانى دراوسێدا، پێکەوە دەتوانرێت وەک هێزێکى ئابوورى، بۆ سنووردارکردنى بوارى مانۆڕى بەردەم دەوڵەتانى دراوسێ لە ئەگەرى سەپاندنى سزاى ئابوورى و پچڕاندنى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکاندا سوودیان لێ وەربگیرێت.
هەر ئەو توانایانەى سەرەوە، تا ڕاددەیەکى باش، دەکرێت بکرێنە سەرچاوەى گۆڕینى ئاراستەى بڕیار و هەڵوێستەکانى دەوڵەتانى دراوسێ لەبارەى پرسە سیاسیه‌كانه‌وه و لە خزمەتى پرۆسەى سەربەخۆییدا بەکار بهێنرێن.
لە ئەگەرى پچڕانى پەیوەندییە ئابوورییەکانى هەرێم و دەوڵەتانى دراوسێدا، هەرچەندە بارودۆخەکە بەدەر نابێت لە کاریگەریى نەرێنى لەسەر بازاڕ و ئابووریى هەرێم، بەڵام بە هۆى کورتیى ماوەى پێشبینیکراوى ئەو ئەگەرە و، تواناکانى ئابووریى هەرێمەوە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دان، دەتوانرێت کاریگەرییە نەرێنییەکانى ئەو ئەگەرە، بەسنووردارى بهێڵدرێنەوە و دۆخەکە بە کەمترین کاریگەریى نەرێنى تێ پەڕێنرێت؛ بە مەرجى خستنەگەڕى پلان و سیاسەتى پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو ئەگەرە.
[1]- ته‌رازووی بازرگانی (المیزان التجاری) به‌شێكه له ته‌رازووی پێدان (الميزان المدفوعات) كه بریتییه له تۆماری جووڵه‌ی په‌یوه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه, له ته‌رازووی بازرگانیدا ته‌نها كاڵا و خزمه‌تگوزاریی هه‌نارده و هاورده تۆمار ده‌كرێن، به‌ڵام به‌شه‌كه‌ی تر ته‌رازووی پێدان تایبه‌ته به تۆماری جووڵه‌ی هاتنه ناوه‌وه و چوونه ده‌ره‌وه‌ی سه‌رمایه و دارایی، له‌هه‌ردوو به‌شه‌كه‌دا ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ی ده‌وڵه‌ت زیاتر بوو له هاورده، ئه‌وه به واتا زیاده‌ی ته‌رازووی بازرگانی یان ته‌رازووی پێدانه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه هاورده زیاتر بوو، ئه‌وا ته‌رازووی بازرگانی و ته‌رازووی پێدان له دۆخی كورتهێناندا ده‌بێت. به‌ڵام بوودجه‌ی گشتی ده‌وڵه‌ت تایبه‌ته به داهات و خه‌رجییه‌كانه‌وه، هه‌ركات داهاته‌كان زیاتر بوون له خه‌رجیه‌كان، ئه‌وه بوودجه له دۆخی زیاده‌دایه و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر خه‌رجییه‌كان زیاتر بوون، ئه‌وا بوودجه له دۆخی كورتهێناندایه.
[2] - ئه‌م ڕێگایه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانان و بانكی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه به‌كارده‌هێنرێت بۆ هه‌ژماركردنی كۆبه‌رهه‌می ناوخۆییی هه‌رێم، له‌م باره‌یه‌وه بڕوانه: وزارة التخطيط اقليم كوردستان ,خطة التنية الاستراتيجية لأقليم كوردستان 2012-2016, اذار 2011 و, خطة التنمية الاقتصادية لأقليم كوردستان 2015-2019, اربيل 2014, هەروەها بانكى نێودەوڵەتى، چاكسازیی ئابووری له پێناوی بووژانه‌وه‌ی هاوبه‌ش پاراستنی نه‌دان، له ماڵپه‌ڕی وه‌زاره‌تی پلان دانان: http://www.mop.gov.krd/index.jsp?&lng=ku