پێشه‌كی
له پرۆسه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تدا خه‌سڵه‌ت و پێگه‌ی بنه‌ما ئابوورییه‌كان، جیاوازتره له قۆناغی هه‌نگاونان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت. كارلێكی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تدا له هاوكێشه‌یه‌كی ئاڵۆزتردا به‌رجه‌سته ده‌بێت. ئه‌مه‌یش په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه كه بنه‌ما ئابوورییه‌كان له‌م قۆناغه‌دا له په‌یوه‌ندییه‌كی دووسه‌ره‌دان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت: له یه‌ك كاتدا هه‌م به‌ره‌نجام و هه‌م بنه‌مای كارتێكه‌ری بنیاتنانی ده‌وڵه‌تن له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌كی دینامیكی و به‌رده‌وامدا. له‌م به‌شه‌دا، كه تایبه‌ته به بنه‌ما ئابوورییه‌كانی كوردستان له قۆناغی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تدا، هه‌وڵ ده‌ده‌ین خوێندنه‌وه‌یه‌كی خێرا بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ده‌وڵه‌ت و بنه‌ما ئابوورییه‌كان به‌گشتی بكه‌ین و، ئاماژه به كه‌ره‌سته و پێداویستییه‌كانی بنیاتنانی بنه‌ما ئابوورییه‌كانی ده‌وڵه‌تى داهاتوووى كوردستان بده‌ین و, دیدگه‌یه‌كیش بۆ دياريكردنى هێڵه گشتییه‌كانی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی دروستكردنی ئابوورییه‌كی ده‌وڵه‌تیی به‌هێز له كوردستانی باشوور پێشكه‌ش بكه‌ین.
پێگه‌ی بنه‌ما ئابوورییه‌كان له پرۆسه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تدا
چه‌مكی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت، به‌رده‌وام وابه‌سته‌ی گۆڕان و پێشكه‌وتنه تیۆری و میتۆدییه‌كانی بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی دیارده‌كه و ئه‌و كۆنتێكستانه‌یه كه ڕۆڵی خۆیان بۆ پێداچوونه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی ده‌سه‌پێنن. به درێژاییی مێژوووی بیری سیاسی و ئابووری، تێڕوانین بۆ چه‌مكی ده‌وڵه‌ت و پرۆسه‌ی بنیاتنانی، جێگه‌ی بۆچوون و تێڕوانینی جیاواز بووه، به‌ڵام له پاش شه‌پۆلی سه‌ربه‌خۆییی گه‌لان و هاتنه‌ئارای ژماره‌یه‌كی زۆر له ده‌وڵه‌تی نوێ و سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین گرفت و ئاریشه‌ی نوێوه، تێڕوانین بۆ پرۆسه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت تا ڕادده‌كی زۆر گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و، دواتريش ئه‌و گۆڕانه گه‌ورانه‌ی له پاش كۆتاییهاتنی جه‌نگی سارد به‌سه‌ر بواره جۆراوجۆره‌كاندا هاتن، بوونه هۆی به‌رده‌وامیدان به گۆڕانی ڕێژه‌یی له تێڕوانین بۆ پرۆسه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت. له ئێستادا به شێوه‌یه‌كی گشتی، تێڕوانین بۆ ئه‌و چه‌مكه له ڕووی ئابوورییه‌وه، له یه‌ك كاتدا هه‌م تێڕوانینێكی كلاسیكی و هه‌میش تێڕوانینێكی هاوچه‌رخه:
تێڕوانینی كلاسیكی/ ئه‌م تێڕوانینه كه له دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌مه‌وه تا كۆتاییی جه‌نگی سارد باو بوو، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی سه‌ربه‌خۆییی ده‌وڵه‌تان له ده‌ستی داگیركاری. لێره‌دا مه‌به‌ست له بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت له پاش هه‌نگاوی سه‌ربه‌خۆییی سیاسییه‌وه، دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی سه‌قامگیره كه ئامانجیان بریتییه له به‌دیهێنانی په‌ره‌پێدانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و ڕزگاربوون له پاشكۆیه‌تیی كۆڵۆنیالیزمی نوێ، له‌گه‌ڵ هێنانه‌دیی ئاسایش و داڕشتنی ده‌ستوور و په‌یكه‌ری سیاسی و ئابووری بۆ ڕێبه‌رایه‌تیی پرۆسه‌ی په‌ره‌پێدان. واته لێره‌دا بوونى ده‌وڵه‌ت له ڕووی ئابوورییه‌وه له یه‌ك كاتدا هه‌م ئامرازه و هه‌م ئامانج: بوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ "وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ كۆتاییهێنان به پاشكۆیه‌تیی ئابووری و هه‌نگاونان بۆ په‌ره‌پێدانی ئابووری و هێنانه‌كایه‌ی پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانیی ئابووری"، له خودی خۆیدا ئامرازه نه‌ك ئامانج. به‌ڵام دواجاریش "خستنه‌گه‌ڕی توانا و بنه‌ما ئابوورییه‌كان له پرۆسه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تدا به ئامانجی كۆتاییهێنان به پاشكۆیه‌تیی سیاسی و بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو و به‌هێز"، پێگه‌ی ده‌وڵه‌ت له ئامرازه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ ئامانج. به‌پێی ئه‌م تێڕوانینه، بنه‌ما ئابوورییه‌كانیش وه‌ك لایه‌كه‌ی تری هاوكێشه‌كه هه‌مان پێگه‌یان هه‌یه؛ واته هه‌م ئامانجن و هه‌م ئامراز.
تێڕوانینی هاوچه‌رخ / ئه‌م تێڕوانینه بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت كه له پاش كۆتاییی جه‌نگی سارده‌وه هاته ئاراوه، چه‌قی تێڕوانینه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته شكستخواردووانه بوو، كه بوونه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاشتی و ئاسایشی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له جیهاندا. به‌م پێیه‌یش بایه‌خی ئه‌م ڕوانگه نوێیه، زیاتر له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی دیموكراتییه‌ت و مافی مرۆڤ و ژینگه و به‌شداری و چاكسازیی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌م گۆڕانه‌یش له ڕه‌وتی گۆڕانی چه‌مكی په‌ره‌پێدانی ئابووریدا جێگه‌ی خۆی ده‌بینێته‌وه؛ گۆڕانێك له چه‌مكی كلاسیكییه‌وه كه ته‌نیا جه‌ختی له‌سه‌ر گه‌شه‌ی كۆبه‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرده‌وه به‌ره‌و چه‌مكی په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وام كه سه‌ره‌ڕای لایه‌نه ئابوورییه‌كانى (گه‌شه‌ی كۆبه‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی و باری داراییی ده‌وڵه‌ت و داهاتی تاك و ئاستی بێكاری و..هتد) زۆرێك له بواره‌كانی تایبه‌ت به ژینگه و باری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییش له‌خۆ ده‌گرێت. مه‌به‌ستی ئه‌م تێڕوانینه، له بنه‌ڕه‌تدا دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیه؛ به‌و جۆره‌ی كه له ڕێگه‌ی میكانیزمه‌كانی په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وام و سه‌قامگیریی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه توانای تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كانی سه‌رده‌م و خۆگونجاندنی دۆخی نوێ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی هه‌بێت. چونكه كێشه‌یه‌كی هه‌ره بنه‌ڕه‌تیی ده‌وڵه‌تانی شكستخواردوو، بریتییه له شكستهێنان له سازكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی دروست له نێوان پێگه و په‌یكه‌ر و ئاراسته سیاسییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و، بنه‌ما ئابوورییه‌كان و ته‌واوی كایه‌ی په‌ره‌پێدانی ئابوورییدا.
خه‌سڵه‌ته‌كانی پرۆسه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت
له سۆنگه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه به‌سه‌ر چه‌مكی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تدا هاتوون و ئه‌و ڕوانگه جیاوازانه‌ی له‌وباره‌یه‌وه له ئارادان، چه‌ندین پێناسه و تێڕوانینی جۆراوجۆر و جیاواز سه‌ریان هه‌ڵداوه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای جیاوازیه‌كانیان، ده‌توانرێت چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی گشتییان تێدا هه‌ڵبھێنجێنرێت بۆ پرۆسه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه هه‌ر یه‌ك له پێناسه‌كانی فرانسیس فۆكۆیاما (Francis Fukuyama)، چارلز تیلی (Charles Tilly)، ڕاپۆرتی ئه‌وروپی بۆ په‌ره‌پێدان، په‌یمانگه‌ی په‌ره‌پێدانی (Overseas Development Institute)، ڕێكخراوی هاریكاریی ئابووری و په‌ره‌پێدان (OECD ) و ڕوانگه‌ی مێژووییی ئیمپریكی (Empirical historical perspective) بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت، ده‌توانین له‌به‌ر ڕۆشنایییاندا خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی پرۆسه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت له‌مانه‌ی خواره‌وه‌دا كورت بكه‌ینه‌وه:
بنه‌ما ئابوورییه‌كان و پرۆسه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت له كوردستانی باشوور
كوردستانى باشوور كه ئێستا له قۆناغی ڕاگوزه‌ری هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆییدایه، هێشتا ده‌ستی به زۆرینه‌ی پێداویستییه‌كانی بنیاتنانی ئابووریی ده‌وڵه‌ت نه‌گه‌یشتووه، چونكه ئه‌و پێداویستییانه وابه‌سته‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ت و ئامراز و ده‌ستكراوه‌یییا‌نه‌ن كه سه‌ربه‌خۆییی سیاسی و ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌ری فه‌راهه‌میان ده‌كات. ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستا قۆناغێكه، تێیدا سه‌رچاوه و توانا ئابوورییه‌كان له‌گه‌ڵ توانا و ئامرازه به‌رده‌سته جۆراوجۆره‌كانی تر، ده‌كرێ له چۆنێتیی تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گوشاره‌كان و سه‌رخستنی هه‌نگاوه‌كاندا ڕۆڵی فاكته‌ری گرنگ بگێڕن. ئێمه پێشتر، چ له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م وتاره و چ له نووسینه‌كانی ترماندا، له‌مباره‌یه‌وه قسه‌مان كردووه، ئێستا له گۆشه‌نیگای گریمانه‌ی بوونی ده‌وڵه‌تی داهاتووى كوردستانی باشوور قسه له‌سه‌ر بنه‌ما ئابوورییه‌كانی بنیاتنانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌كه‌ین.
خه‌سڵه‌ته‌كانی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت، ڕێگه له‌وه ده‌گرن كه له‌هه‌مو كاتێكدا بتوانرێت لیستێك به ژماره و ورده‌كارییه‌وه وه‌ك ته‌واوی هه‌نگاو و ته‌كنیك و میكانیزمه‌كانی بنیاتنانی بنه‌ما ئابوورییه‌كانی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز، به شێوه‌ی ڕه‌چه‌ته‌یه‌كی پێشوه‌خت پێشكه‌ش بكرێت، چونكه وه‌ك پێشتر جه‌ختمان له‌سه‌ر كرده‌وه كه ده‌وڵه‌ت و بنه‌ما ئابوورییه‌كان له پرۆسه‌ی بنیاتناندا له په‌یوه‌ندییه‌كی دووسه‌ره و به‌رده‌وامدان، قۆناغ و هه‌لومه‌رجه جیاوازه‌كان به‌رده‌وام پێداویستی نوێ ده‌هێننه ئاراوه و، گۆڕانكاری له هه‌نگاو میكانیزمه‌كاندا ده‌سه‌پێنن. به‌ڵام ده‌توانرێت ئاماژه به كه‌ره‌سته سه‌ره‌كییه‌كانی سازكردنی بنه‌ما ئابوورییه‌كان و به‌شێك له هێڵه گشتییه‌كانی پرۆسه‌ی بنیاتنانی بنه‌ماكانى ئابوورییه‌كی به‌هێز بۆ ده‌وڵه‌ت بكرێت، ئه‌ویش به ڕه‌چاوكردنی خه‌سڵه‌ته بنچینه‌یییه‌كانی ئابووريى ئه‌و وڵاته و هه‌ڵكه‌وته‌ی شوێنه جوگرافییه‌كه‌ی له لایه‌ك و، پێداویستییه‌كانی ئابوورییه‌كی سه‌ركه‌وتوو و گونجاو له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی سه‌رده‌م و، خوێندنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وى ئه‌زموونی ده‌وڵه‌ته سه‌ركه‌وتووه‌كان له‌و ڕوه‌وه له لایه‌كی تره‌وه.
بنياتنانى بنه‌ما ئابوورییه‌كانى ده‌وڵه‌تی كورستانی باشوور؛ كه‌ره‌سته، پێداویستی و میكانیزمه‌كان
بنه‌ما ئابوورییه‌كانی ده‌وڵه‌ت له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا بریتین له: توانا و دامه‌زراوه‌كانی بواری به‌رهه‌مهێنان، به‌تایبه‌تییش پیشه‌سازی و ته‌كنه‌لۆژی، تواناكانی بواری بازرگانی، توانا دارایییه‌كان و بوونی سیسته‌می گونجاو و دامه‌زراوه‌ی كارا له‌و بواره‌دا، ژێرخانی گواستنه‌وه و گه‌یاندن، توانای وه‌به‌رهێنانی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، هه‌لومه‌رجی له‌باری وه‌به‌رهێنان و توانای وه‌خۆگرتنی سه‌رمایه‌گوزاری و هتد.
ئه‌و سه‌رچاوه و توانا ئابوورییانه‌ی كه ئێستا له كوردستانی باشوور له ئارادان، ناتوانرێت وه‌ك بنه‌مای ئابوورییه‌كی به‌هێزی ده‌وڵه‌تی سه‌یریان بكرێت، به‌ڵكوو ده‌توانرێت وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی بنیاتنانی بنه‌ماكانی ئابووریی ده‌وڵه‌ت په‌ره‌یان پێ بدرێت و له داهاتوودا بكرێنه پایه‌یه‌كی به‌هێزی ده‌وڵه‌تیكی سه‌ركه‌وتوو. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش ته‌نیا هه‌بوونی سه‌رچاوه ئابوورییه‌كان به‌س نییه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی گه‌ره‌نتیی به‌هێزكردنی توانا و پێگه‌ی ئابووریی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك ده‌كات بریتییه له: بوونی ئیراده و لێبڕاوی، ده‌سته‌به‌ركردنی كۆمه‌ڵێك پێداویستی و دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت بۆ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌و سه‌رچاوانه، هه‌بوونی پلان و نه‌خشه‌ڕێگه‌ی تایبه‌ت به په‌ره‌پێدان، وه‌ك له خواره‌وه ئاماژه‌یان بۆ ده‌كه‌ین.
سه‌رچاوه و كه‌ره‌سته‌كان
سه‌رچاوه و كه‌ره‌سته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی بنیاتنانی بنه‌ماكانی ئابوورییه‌كی به‌هێز و په‌ره‌سه‌ندوو به‌گشتی بریتین له: سه‌رچاوه سروشتی و مرۆیییه‌كانی وه‌ك خاك، ئاو، سروشت، نه‌وت و گاز و كانزا جۆراوجۆره‌كان، سامانی مرۆیی و دانیشتووان و شوێنی جوگرافی. كوردستانی باشوور له‌م ڕووه‌وه ده‌وڵه‌مه‌نده و به زیاتر له پێویستیی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز له ڕووی ئابوورییه‌وه به‌هره‌مه‌نده. بوونی ئه‌و سه‌رچاوانه هه‌میشه پاڵپشتێكی ئابووریی به‌هێزه بۆ كوردستان، به‌ڵام ئاشكرایه به ته‌نیا هه‌بوونیان نابێته گه‌ره‌نتیی بنیاتنانی ئابوورییه‌كی پێشكه‌وتوو، ئه‌گه‌ر دامه‌زراوه‌ی كارا و توانای سوودلێوه‌رگرتن و به‌گه‌ڕخستنیان له ئاستی پێویستدا نه‌بێت.
پێداویستی و ئامرازه‌كانی به‌گه‌ڕخستن
سوودلێوه‌رگرتن و به‌گه‌ڕخستنی سه‌رچاوه و كه‌ره‌سته ئابوورییه‌كان بۆ دروستكردنی بنه‌ماكانی ئابووریی ده‌وڵه‌ت، په‌یوه‌سته به بوونی ئیراده و لێبڕاويی پێویست و ده‌سته‌به‌ركردنی پێشوه‌خته‌ی كۆمه‌ڵێك پێداویستی و بنیاتنانی كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی گرنگه‌وه.
ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تانی دنیا ئه‌وه‌یان یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه كه به‌ر له هه‌موو شتێك پێشخستنی توانای مرۆیی و بوونی دامه‌زراوه‌ی كارگێڕیی تۆكمه و شیاو له تێكڕای بواره‌كاندا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئابووریی گشتی و ڕێبه‌ریی پرۆسه‌كانی په‌ره‌پێدان، پێشمه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تییه. لێره‌دا مه‌به‌ست له داموده‌زگه و سیسته‌می كارگێڕیی شیاو و تۆكمه ئه‌وه‌یه كه، ده‌زگه‌ی كارگێڕیی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌ماكانی به‌شداری، توانست، شه‌فافییه‌ت و لێپرسینه‌وه به‌ڕێوه بچێت. به‌بێ بوونی دامه‌زراوه‌ی كارگێڕیی له‌و شێوه‌یه و په‌یڕه‌ویكردنی پره‌نسیپه‌كانی فه‌رمانڕه‌واییی ژیرانه له ته‌واوی بواره‌كانی په‌روه‌رده و به‌ڕێوه‌بردن و ئابووری و دارایی و دادوه‌ری و پلاندانان و چاودێریدا، ئه‌سته‌مه هیچ هه‌نگاوێكی بنیاتنانی توانا ئابوورییه‌كان، یان هیچ پلان و پرۆسه‌یه‌كی په‌ره‌پێدان، له كوردستانی باشوور به ئامانجی ته‌واوی خۆی بگات.
پلان و ئاراسته‌كانی په‌ره‌پێدان
ئه‌و كه‌ره‌سته و ئامراز و پێداویستییانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌یان بۆ كرا، له پایه سه‌ره‌كییه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن و بنیاتنانی ئابوورین، به‌ڵام له پاڵ ئه‌وانه‌دا ئاراسته‌كردنی ئابووری، پێویستیی به بوونی دیدگه‌ی ڕوون و هه‌نگاوی دیراسه‌كراو و میكانیزمی گونجاو هه‌یه. ئاراسته‌كردنی سه‌رچاوه و كه‌ره‌سته و تواناكان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گۆڕاوه ئابوورییه‌كاندا كارێكی هه‌ڕه‌مه‌كی نییه، به‌بێ هه‌بوونی پلانی ستراتیژی و سیاسه‌تی ئابووریی جواروجۆر، نه‌ك هه‌ر گه‌ره‌نتی نییه بۆ به‌ره‌وپێشچوونی ئابووری، به‌ڵكوو هه‌میشه دۆخی ئابووری ده‌خرێته به‌رده‌م ده‌ره‌نجامی نه‌خوازراو.
خه‌سڵه‌تێكی بنه‌ڕه‌تیی پلانی ئابووری ئه‌وه‌یه كه ده‌ره‌نجامی كۆششی هاوبه‌شی دامه‌زراوه تایبه‌تمه‌نده‌كانی ده‌وڵه‌ت و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی و كه‌رتی تایبه‌ته له كاتێكی دیاریكراودا، بۆ خوێندنه‌وه‌ی تێروته‌سه‌ڵی دۆخی ئابووری و پێداویستییه‌كانی په‌ره‌پێدان. ناساندنی سه‌نگ و ئاراسته‌ی گۆڕاوه ئابوورییه جۆراوجۆره‌كان، دیاریكردنی ئامانجه دوور و نزیكه‌كان، ته‌رخانكردنی كه‌ره‌سته و ئامراز و پێداویستییه‌كان، دیاریكردنی ڕێڕه‌وی جێبه‌جێكردنیان و، دیاریكردنی سنوور و ڕادده‌ی نیشانده‌ره ئابوورییه‌كان، چ له سه‌ره‌تای پلانه‌كه چ له ئاستی خوازراودا، پابه‌ندی هه‌لومه‌رج و گۆڕانكارییه‌كانی كات و دۆخی تایبه‌تی خۆیه‌تی.
له ده‌ره‌وه‌ی شوێن و كات و بارودۆخێكی دیاریكراودا قسه‌كردن له ورده‌كارییه‌كانی پلانی ئابووری، دووره له واقعبینی و له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌ته‌كانی پلاندا یه‌ك ناگرێته‌وه، چونكه خه‌سڵه‌تێكی تری پلان ئه‌وه‌یه كه واقعی بێت، ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی دۆخی ئارا و خواست و پێداویستییه‌كانی داهاتووی بێت. له هه‌مان كاتدا خه‌سڵه‌ته‌كانی پرۆسه‌ی بنیاتانی ده‌وڵه‌ت، به‌تایبه‌تییش پرۆسێس و دینامیكییه‌ت، ڕێگری له‌وه ده‌كه‌ن كه له ده‌ره‌وه‌ی كات و شوێن و دۆخی ئارادا قسه له ورده‌كارییه‌كانی پلانێكی له‌و جۆره بكرێت.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به هێڵه گشتییه‌كانی نه‌خشه‌ڕێگه‌كه و ئاراسته سه‌ره‌كییه‌كانی پلانی په‌ره‌پێدانی پێویست له داهاتوودا، ده‌توانرێت چه‌ند سه‌ر‌نجێكی گشتی پێشكه‌ش بكرێت، ئه‌ویش له‌به‌ر ڕۆشناییی خه‌سڵه‌ته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئابووریی كوردستانی باشوور و، مه‌رج و پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌ره‌پێدانی ئابووریی سه‌رده‌مییانه و، كه‌ڵكوه‌رگرتن له ئه‌زموونه سه‌ركه‌وتووه‌كانی بواری په‌ره‌پێدان و بنیاتنانی بنه‌مای ئابووریی به‌هێز له لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه به هه‌مان بارودۆخدا تێ په‌ڕیون.
له ئێستادا لۆژیكی دامه‌زراوه‌ییی لیبرالیزمی نوێ له ڕووی په‌ره‌پێدانه‌وه، جه‌خت له بنیاتنانی توانا دامه‌زراوه‌یییه‌كان ده‌كاته‌وه؛ واته بایه‌خ به بنیاتنانی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌دات بۆ ڕه‌خساندنی هه‌لومه‌رجی له‌بار بۆ په‌ره‌پێدان به ڕابه‌رایه‌تیی بازاڕ و كه‌رتی تایبه‌ت. به‌پێی ئه‌م تێڕوانینه، ئه‌و كێشانه‌ی كه له ده‌وڵه‌ته لاوازه‌كاندا ڕووبه‌ڕووی په‌ره‌پێدان ده‌بنه‌وه، په‌یوه‌ستن به لاوازیی ئه‌و سیاسه‌ت و دامه‌زراوانه‌ی حوكمڕانییه‌وه كه پاڵپشتی و چاودێری و سه‌رپه‌رشتیی كارایی بازاڕ ده‌كه‌ن. سوودوه‌رگرتن له‌م لۆژیكه به شێوه‌یه‌كی گونجاو له‌گه‌ڵ واقعی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا له نێوه‌ند‌ی بنیاتنانی ئابووریی ده‌وڵه‌تدا له كوردستانی باشوور، یه‌كێك له‌و بوارانه‌یی كه پێویسته بایه‌خی پێ بدرێت.
ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تان له بواری په‌ره‌پێدان و دامه‌زراندنی بنه‌ما ئابوورییه به‌هێزه‌كانیاندا، ئه‌وه‌یان سه‌لماند كه چه‌ند ستراتیژی و ئاراسته‌یه‌كی دیاریكراو هه‌ن، پێویسته بكرێنه مۆدێلی ڕه‌چاوكردن و كه‌ڵكلێوه‌رگرتن، ئه‌وانیش: پێشخستنی توانا مرۆیییه‌كان و بایه‌خدان به بواره‌كانی په‌روه‌رده و فێركردن، به‌تایبه‌تییش له بواری پیشه‌یی و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای سوودوه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆژیای نوێ و په‌ره‌پێدانی، پرۆسه‌ی به‌پیشه‌سازیكردن به په‌یڕه‌وكردنی ستراتیژیی گونجاو له‌گه‌ڵ دۆخی ئابووریی وڵات، بایه‌خدان به وه‌به‌رهێنان و وه‌به‌رهێنانی بیانی، بره‌ودان به بازرگانیی ده‌ره‌كی، بنیاتنانی سیسته‌می داراییی گونجاو و دامه‌زراوه‌ی داراییی كارا و بایه‌خدانی ته‌واو به چالاكییه‌كانی ئه‌و بواره و هتد.
خه‌سڵه‌ته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئابووریی كوردستانی باشوور، ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه بۆ په‌ره‌پێدان و دروستكردنی بنه‌مایه‌كی ئابووریی به‌هێز، پێویستیی به هه‌نگاونانه به چه‌ند ئاراسته‌یه‌كدا له‌وانه: بایه‌خدان به پێشخستنی ئاستی كارگێڕی و دامه‌زراوه‌یی له هه‌موو بواره‌كاندا، پێشخستنی توانا مرۆیییه‌كان به بایه‌خدانی زیاتر به په‌روه‌رده و فێركردن، به‌تایبه‌تییش له بواره پیشه‌یی و پراكتیكییه‌كاندا، هه‌و‌ڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی لاسه‌نگییه جۆراوجۆره‌كان له په‌یكه‌ری ئابووریدا، ئه‌وانیش لاسه‌نگیی په‌یكه‌ری به‌رهه‌می ناوخۆیی، لاسه‌نگیی ته‌رازووی بازرگانی، لاسه‌نگیی دارایی و بوودجه‌ی گشتی، لاسه‌نگی له نێوان به‌شداریی كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت، لاسه‌نگییه‌كانی بازاڕی كار و هتد. هه‌مه‌چه‌شنكردنی ئابووریی كوردستانی باشوور، یه‌كێكی تره له هێڵه سه‌ره‌كییه‌كانی ئاراسته‌ی په‌ره‌پێدان. بۆ ئه‌مه‌یش له‌گه‌ڵ بایه‌خدانی زیاتر به پیشه‌سازیی نه‌وت و گاز وه‌ك سێكته‌ری پێشه‌نگی ئابووری و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی داهات له قۆناغی سه‌ره‌تای په‌ره‌پێداندا، پێویسته هه‌نگاو بنرێت بۆ په‌ره‌پێدان و بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار. له بواری په‌ره‌پێدانی سێكته‌ری كشتوكاڵ و پیشه‌سازیدا، پێویسته له قۆناغی یه‌كه‌مدا په‌یڕه‌وی له ستراتیژیی دابینكردنی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كان و جێگرتنه‌وه‌ی هاورده بكرێت و، به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاری له‌و پرۆژانه‌وه ده‌ست پێ بكرێت كه زیاتر پشت به ده‌ستی كار ده‌به‌ستن و كه‌متر به سه‌رمایه و دراوی قورس (العملة الصعبة - Hard Currency). به‌پێچه‌وانه‌وه له قۆناغی پاشتردا، په‌یڕه‌وی بكرێت له ستراتیژیی به‌پیشه‌سازیكردن له پێناوی هه‌نارده‌كردندا و، بایه‌خ به پرۆژه پیشه‌سازییه قورسه‌كان و ته‌كنه‌لۆژیای نوێ بدرێت. ئه‌م هه‌نگاوانه‌یش ته‌نیا له سایه‌ی بوونی ده‌وڵه‌ت و له ڕه‌وتی بنیاتنانیدا به‌ئه‌نجام ده‌گه‌ن، ئه‌ویش به پاڵشتیی ئه‌و ده‌رفه‌ت و ئامرازانه‌ی كه ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ده‌یانڕه‌خسێنێت؛ به‌تایبه‌تییش بوونی مافی ته‌واوه‌تیی به‌كارهێنان و سوودوه‌رگرتن له سامان و سه‌رچاوه‌كان و، بوونی سیسته‌م و سیاسه‌ته‌كانی دارایی و نه‌ختینه‌یی و بازرگانیی سه‌ربه‌خۆ.