خستنه‌ڕووی پرس
ناوچه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، یه‌كێكه له گرنكترین ناوچه ستراتیژییه‌كانی جیهان، نه‌ك ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه له ڕووی سه‌رچاوه‌ی وزه‌وه ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌ڵكوو له پاڵ ئه‌مه و له ڕووی جیۆسیاسی و ئه‌نترۆپۆلۆژییه‌وه، به ناوچه‌ی پێكگه‌یاندنی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوا ناوزه‌د ده‌كرێت؛ سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه به درێژاییی مێژوو زۆربه‌ی شارستانییه‌ته‌كان له‌و ده‌ڤه‌ره بوونیان هه‌بووه.
له ماوه‌ی 30 ساڵی ڕابردووودا، ئه‌و ده‌ڤه‌ره گه‌وره‌ترین په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی و ئه‌منییه‌كانی به‌خۆیه‌وه بینیوه، هه‌ر له جه‌نگی عێراق و ئێران، تا جه‌نگی دووه‌م و سێیه‌می كه‌نداو؛ جگه له كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و ناوچه‌كه له‌سه‌ر دۆخی ئاسایشی و دۆخی هاوسه‌نگیی هێز له‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره دروست ده‌بن.
دوو ڕووداو و هه‌لومه‌رجی گرنگ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه هه‌بوون كه وایان كرد وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، له ڕووی لاسه‌نگبوونی هاوسه‌نگیی هێزه‌وه و، له ڕووی ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر له كاروباری ناوخۆی ئه‌و وڵاتانه، بكه‌ونه ژێر كاریگه‌ریی لێكه‌وته‌كانی ئه‌و دوو هه‌لومه‌رجه‌وه: هه‌لومه‌رجی ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له ساڵی 2003، كه بووه مایه‌ی تێكچوونی هاوسه‌نگیی هێز له ناوچه‌كه و، لاسه‌نگبوونی هێز له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران‌دا؛ هه‌روه‌ها هه‌لومه‌رجی ڕاپه‌ڕینه‌كانی گه‌لانی عه‌ره‌بی، كه بووه مایه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له ناوچه‌كه، وه‌ك ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له دۆخی ناوخۆی به‌حرێن و یه‌مه‌ن. به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا، ڕووداوێكی گه‌وره‌یش ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی به وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی داوه كه به سوودوه‌رگرتن له‌و ڕووداوه، كاریگه‌رییه‌كانی ئێران له ناوچه‌كه كه‌م بكه‌نه‌وه، وه‌ك: هاتنی "ترامپ" بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات.
یه‌كێك له ئامانجه‌كانی ئیداره‌ی "ترامپ" له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بریتییه له ڕێگریكردن له ته‌شه‌نه‌ی هێژموون و نفووزی ئێران له‌و ده‌ڤه‌ره. بؤ ئه‌م مه‌به‌سته، ئه‌مریكا، له ڕووی توانای سه‌ربازی و توانای هێزی به‌كۆمه‌ڵ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه، پێویستیی به به‌هێزكردنی هاوپه‌یمانه‌كانی له وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌یه.
له ده‌سپێكی هه‌وڵه‌كانی "ترامپ" بۆ پڕۆژه‌ی بنیاتنانی هێزێكی به‌كۆمه‌ڵ له هێزی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان، بیرۆكه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی لا گه‌ڵاله بوو به ناوی پڕۆژه‌ی "ناتۆی عه‌ره‌بی".
په‌ره‌سه‌ندنه هه‌نووكه‌یییه‌كانی ناوچه‌كه
ڕۆژنامه‌ی "وول ستریت ژۆرناڵ"ی ئه‌مریكی ئاشكرای كرد، كه گفتوگۆیه‌كی پته‌و له نێوان ئیداره‌ی "ترامپ" و به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا هه‌یه بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانێتییه‌ك له نێوان هه‌ر یه‌ك له وڵاتانی سعوودیا، میسر، ئیمارات و ئۆردن، هاوشێوه‌ی هاوپه‌یمانێتیی "ناتۆ" له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رگریی هاوبه‌ش؛ به شێوه‌یه‌ك كه ئه‌گه‌ر هه‌ر وڵاتێك له چوارچێوه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌دا ڕووبه‌ڕووی هێرش ببێته‌وه، ئه‌وا ئه‌ركی ته‌واوی لایه‌نه‌كانه به‌رگری له‌و وڵاته بكه‌ن، به‌و پێیه‌ی كه هاوپه‌یمانن. وه‌ك هه‌نگاوی ده‌سپێك، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه ته‌نیا له هێزی ئه‌و چوار وڵاته پێك دێت؛ دواتر ده‌رگه‌ی ئه‌ندامبوون به ڕووی وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بیش واڵا ده‌كرێت.
ژانی له‌دایكبوونی ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌ستی پێ كردووه، چونكه وڵاتانی ناوبراو به چه‌ند شێوه‌یه‌ك خه‌ریكی خۆئاماده‌كردنن بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه مێژوویییه؛ بۆ نموونه وڵاتی "ئیماراتی عه‌ره‌بی" به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئیسڕائیل، له كه‌ناراوه هه‌رێمییه‌كانی "یۆنان"دا به‌شداریی له مانۆڕێكی سه‌ربازیدا كردووه. هه‌رچه‌نده، ئه‌و به‌شداریكردنه‌ی "ئیمارات" به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وڵاتی "ئیسڕائیل" له مانۆڕێكی سه‌ربازیدا، دیارده‌یه‌كی جۆریی بێوێنه‌یه له فه‌رهه‌نگی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، چونكه بۆ یه‌كه‌م جاره له مێژووی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، دوو وڵات به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی فه‌رمییان هه‌بێت، پێكه‌وه له چالاكییه‌كی سه‌ربازیی فه‌رمیدا به‌شداری بكه‌ن. له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، هه‌ر دوو وڵاتی میسر و عه‌ره‌بستانی سعوودی، له لێكتێگه‌یشتنێكی ستراتیژیدا له‌سه‌ر شێوه‌یه‌ك له "هاوكاریی هاوبه‌ش" ڕێك كه‌وتن.
ده‌قی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان ئه‌و دوو وڵاته، كه له‌سه‌ر زاری جێگری هه‌واڵگریی گشتیی سعوودیا، "محه‌مه‌د عه‌سیری" بڵاو كرایه‌وه، هاتووه كه سعوودیا یارمه‌تیی دارایی و ئابووریی میسر ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته بتوانێت قه‌رزه‌كانی بداته‌وه و باری ئابووریی ئه‌و وڵاته باشتر ببێت. له به‌رامبه‌ردا، میسر هێزیكی سه‌ربازی، كه له (40) هه‌زار سه‌رباز پێك هاتبێت، ڕه‌وانه‌ی یه‌مه‌ن ده‌كات بۆ له‌ناو بردنی هێزی حوسییه‌كان كه ئێران پاڵپشتییان ده‌كات. ئه‌وه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه میسر پێداچوونه‌وه به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕژێمی "به‌شار ئه‌سه‌د" ده‌كات.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌و ئاماژانه‌ی كردمان، وه‌ك هه‌نگاوه ده‌سپێكه‌كانی وڵاتانی ناوبراو بۆ له‌دایكبوونی پڕۆژه‌ی "ناتۆی عه‌ره‌بی"، ئه‌وا سه‌ره‌دانه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی "ترامپ" بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌و مانگه‌دا، كه له سعوودیا‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌یه بۆ دروستبوونی ئه‌و پڕۆژه‌یه و گرنگیی پڕۆژه‌كه. ئه‌و سه‌ر‌دانه چاوه‌ڕوانكراوه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ سعوودیا، خۆی به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌مریكا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگ و هه‌ڕه‌شه‌كانی په‌یوه‌ست به ئاسایشی ئه‌و وڵاته و ناوچه‌كه، پشتیوانیی هه‌ڵوێسته‌كانی سعوودیا ده‌كات.
لێكه‌وته‌كانی ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنانه و ئایینده‌ی هێز له‌و ناوچه‌یه
ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه سه‌ر بگرێت، ئه‌وا گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره له ستراكتۆری هێزی ئه‌و وڵاتانه‌دا دروست ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌نگاوێكی كرده‌یی و ستراتیژی ده‌بێت بۆ به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی هه‌موو ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی كه ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر قه‌واره‌ی سیاسی و ئه‌منیی ئه‌و وڵاتانه، جگه له وه‌ی كه ئه‌و هه‌نگاوه ده‌بێته ده‌سپێكی دروستبوونی باڵانسی هێز له نێوان ئه‌و وڵاتانه و ئێران له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه، كه به هۆی ڕووخانی "ڕژێمی به‌عس" له به‌رژه‌وه‌ندیی هێزی ئێران‌دا ته‌واو ببوو. كاتێكیش كه باڵانسی هێز به‌رامبه‌ر به هێزی ئێران دروست ببێت، ئه‌وا وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی ده‌توانن ئامانجی دووه‌میشیان بپێكن، كه بریتییه له سنوورداركردنی نفووزی ئێران له ناوچه‌كه و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆڵی ئه‌و وڵاته. بێ گومان هاوپه‌یمانێتیی "ناتۆی عه‌ره‌بی" یه‌كه‌م هه‌نگاویان بۆ گه‌یشتن به ئامانجی دووه‌م، "سنوورداركردنی نفووزی ئێران" له یه‌مه‌ن و سووریا ده‌بێت، ئه‌وجا له لوبنان و فه‌له‌ستین؛ چونكه سه‌ركه‌وتنی ئه‌وان له به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌یان، مانای وایه كه ئیتر ئێران كێشه‌ی جیۆپۆلیتیكیی بۆ دروست ده‌بێت؛ ده‌ستی ناگاته لبنان و، له‌و ڕووه‌وه پاڵشتییه‌كانی بۆ هه‌ر یه‌ك له "حزبوڵڵا" و "بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس" نامێنێت.
له ڕووی سه‌ربازییه‌وه، هاوپه‌یمانێتیی "ناتۆی عه‌ره‌بی" ده‌توانێت ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌زن له دابینكردنی هێزی سه‌ربازی و چه‌كی جۆری؛ به شێوه‌یه‌ك كه ئیتر ئەو وڵاتانه دەتوانن بۆ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك پشت به هێزی خۆیان ببه‌ستن و كه‌متر په‌نا بۆ هێزی ده‌ره‌كی به‌ر‌ن. به دیویكی دیكه، ئه‌و وڵاتانه له پاشكۆیه‌تیی سه‌ربازیی ده‌ره‌كی ڕزگاریان ده‌بێت. بۆ نموونه، كاتێك كه "ڕژێمی به‌عس" له ساڵی 1990 هێرشی كرده سه‌ر وڵاتی "كوێت"، وڵاتانی ناوچه‌كه وه‌ك قه‌ته‌ر، سعوودیا و ئیمارات، ناچار بوون په‌نا بۆ هێزی ده‌ره‌كی ببه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ر عێراق بجه‌نگن تا ده‌ستبه‌رداری كوێت بێت.
هاوپه‌یمانێتیی "ناتۆی عه‌ره‌بی" له دوای ئه‌وه دێت كه له‌و ناوچه‌یه تا ئێستا دوو هاوپه‌یمانێتی به سه‌رۆكایه‌تیی سعوودیا بۆ دوو مه‌به‌ستی جیاواز تاقی كراونه‌ته‌وه، ئه‌وانیش: هاوپه‌یمانێتیی عه‌ره‌بی له دژی "حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن" و، هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانێتیی ئیسلامی له دژی "ئێران"، كه ده‌كرێت بڵێین ئه‌و هاوپه‌یمانانه نه‌یانتوانیوه ئامانجه‌كانیان بپێكن. بۆیه، كاتی ئه‌وه هاتووه كه به بیرۆكه‌یه‌ك و ستراتیژییه‌تێكی ئه‌مریكی، بیر له جۆرێكی دیكه له دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی بكرێته‌وه كه له ئاست پێویستییه ئه‌منی و ستراتیژییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه بێت؛ به شێوه‌یه‌ك كه پێناسه‌یه‌كی دیكه بۆ پێگه‌ی سیاسی و جیۆسیاسیی ئه‌و ناوچه‌یه دابڕێژێته‌وه كه وڵاتانی ناوبراو ژماره‌یه‌كی قورس بن له هاوكێشه‌كانی هێز و هاوكێشه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی ناوخۆی ئه‌و وڵاتانه، "ناتۆی عه‌ره‌بی" ده‌توانێت ببێته سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی سه‌قامگیریی سیاسی و دابینكردنی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتانی ناوبراو، به‌تایبه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كان و كاریگه‌رییه‌كانی "به‌هاری عه‌ره‌بی" له‌سه‌ر ئاسایشی ناوخۆی ئه‌و وڵاتانه و، جێگیركردنی كورسیی ده‌سه‌ڵاتی میرنشین و پاشاكانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره؛ چونكه ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه ده‌توانێت وه‌ك "قه‌ڵایه‌كی پۆلایین بێت" بۆ به‌رگریكردن له سیسته‌می حوكمڕانی و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتانی ناوبراو.
تایبه‌تمه‌ندییه جیۆئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه له ناوچه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی به هۆی ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنانه‌ی ئاماژه‌مان پێ دا، ده‌رفه‌ت ده‌ڕه‌خسێ بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، ببن به هێزێكی گه‌وره له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر و تایبه‌تمه‌ندیی جیۆئه‌منی له‌و ناوچه‌یه هه‌ن، ده‌كرێت له ئایینده‌دا ببن به كه‌م و كورتی بۆ پڕۆژه‌ی "ناتۆی عه‌ره‌بی" و ئایینده‌ی هێزی ده‌ڤه‌ره‌كه، وه‌ك: نه‌بوونی هاوسه‌نگی له ڕووی هێزی ئابووری و هێزی مرۆیی و هێزی سه‌ربازی له نێوان وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی. بۆ نموونه جیاوازییه‌كی زۆر له نێوان توانا سه‌ربازی و مرۆیی و جوگرافییه‌كانی نێوان سعوودیا و وڵاتانی به‌حرێن و عوماندا هه‌یه. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه، ڕه‌نگه له ئایینده‌دا په‌یوه‌ست به پڕۆژه‌ی بنیاتنانی هاوپه‌یمانێتی، سه‌باره‌ت به چۆنێتیی به‌شداریی هێزه‌كان و دابه‌شكردنی هێز له‌و هاوپه‌یمانێتییه، ئاسته‌نگ دروست بكات. چونكه له بنچینه‌دا له نێوان ئه‌و یه‌كانه‌ی كه له هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌دا به‌شدار ده‌بن جیاوازیی هێز هه‌یه. هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنی سیاسیی وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی به‌رامبه‌ر به جموجووڵ و ڕۆڵی ئێران له ناوچه‌كه، له‌به‌ر جیاوازیی ئاستی په‌یوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران، وه‌كیه‌ك نییه؛ بۆ نموونه ئاستی په‌یوه‌ندیی سعوودیا له‌گه‌ڵ ئێران سفره، به‌ڵام ئاستی په‌یوه‌ندیی عومان و ئێران زۆر باشه، به‌و پێیه‌ی كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عومان له‌گه‌ڵ ئێران، به‌رامبه‌ر به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سعوودیا له‌گه‌ڵ ئێران جیاوازن. ئه‌وه‌یش وا ده‌كات كه ئه‌و وڵاتانه له ڕووی ستراتیژی و چۆنێتیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نفووزی ئێران له‌و ناوچه‌یه جیاواز بن.
كۆتایی
له كۆتاییدا، پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌م كه دروستبوونی هاوپه‌یمانێتییه‌ك به ناوی هاوپه‌یمانێتیی "ناتۆی عه‌ره‌بی" به مه‌به‌ستی به‌رپه‌ر‌چدانه‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆڵی ئێران له ناوچه‌كه، بێ گومان ئه‌و ناوچه‌یه به‌ره‌و سیسته‌می دووجه‌مسه‌ری له نێوان بلۆكی "سوننە" به سه‌رۆكایه‌تیی سعوودیا و بلۆكی "شیعی" به سه‌رۆكایه‌تیی ئێران ده‌بات،. من به دووری نازانم كه ئێرانیش به پاڵپشتیی هاوپه‌یمانه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، وه‌ك ڕووسیا و چین، بیر له دروستبوونی هاوپه‌یمانێتییه‌ك بكاته‌وه، هاوشێوه‌ی هاوپه‌یمانێتیی "وارشۆ" كه له سه‌رده‌می "جه‌نگی سارد"دا یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی جاران بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وی نفووزی ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تیی ده‌كرد؛ ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه له بری جه‌نگی به‌وه‌كاله‌ت به‌ره‌و جه‌نگی ڕاسته‌وخۆ ببات، چونكه ئێران هه‌رگیز به‌رامبه‌ر به‌و هه‌وڵانه‌ی سعوودیا ده‌سته‌وه‌ستان ناوه‌ستێت. كاتێكیش جه‌نگێكی گه‌رم له نێوان سعوودیا و ئێران ڕوو بدات، مانای وایه كه جه‌نگێكی هه‌رێمی له نێوان هه‌ر یه‌ك له سعوودیا، میسر، ئیمارات و ئۆردن (به‌ره‌ی ناتۆ)، له به‌رامبه‌ر هه‌ر یه‌ك له ئێران، سووریا، لوبنان و عێراق (به‌ره‌ی وارشۆ) ڕوو ده‌دات. ئه‌مه‌یش مانای وایه كه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تا سه‌د ساڵی دیكه سه‌قامگیریی سیاسی و ئۆقره‌ییی ئه‌منی به‌خۆیه‌وه نابینێت؛ هه‌روه‌ك چۆن "سایكس پیكۆ" سه‌د ساڵی له ناسه‌قامگیریی سیاسی و نائۆقره‌ییی ئه‌منی به‌ڕێ كرد.