ئەمریكا ‌و سعوودیا؛ هاوپەیمانێتییەك بۆ دوو ئامانجی جیاواز

دەروازە:

بڕیار وایە لە ڕێكەوتی 21ی ئایاری ئەمساڵ، لە ڕیازی پایتەختی سعوودیا، لووتكەی "عەرەبی- ئیسلامی- ئەمریكی"، بە سەرۆكایەتیی هەر یەكە لە دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ‌و، سەلمان عەبدولعەزیز، شای سعوودیا ‌و، ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی ‌و ئیسلامی بەڕێوە بچێت. ئامانجی ڕاگەیەندراویشیان پێكهێنانی هاوبەشی ‌و هاوپەیمانێتییەكی نوێیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بڵاوكردنەوەی بەهای لێبووردەیی، پێكەوەژیان ‌و بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە. ئەمە سەرباری ئەوەی ئامانجی شاراوە ‌و ڕانەگەیه‌ندراو بە تێڕوانینی ئێمە، زیندووهێشتنەوەی باڵادەستی ‌و، پاراستنی بەرژەوەندیی دوولایەنەی ئەمریكا ‌و هاوپەیمانە نزیكەكانێتی لە ناوچەكە. ئێمە لە دووتوێی ئەم وتارە شیكارییەدا، دەمانەوێت تیشكێك بخەینە سەر خەونی سعوودیا وەك هێزێكی كاریگەری هەرێمی ‌و، پاشان قسەیەكیش لەبارەی هاوپەیمانێتیی ئەمریكا ‌و سعوودیا لەسەر پرسی سیاسی ‌و وزەی نێوانیان، ڕاگرتنی تەوژمی شیعی ‌و پرسی عێراق بكەین.

 

خەونی سعوودیا، لە گەڕانەوە بۆ سەر شانۆی سیاسیی ناوچەكە:

وای دەبینم تێكڕای ئەو پێشهات‌ و ڕووداوانەی كە لە ئێستادا لەسەر شانۆی سیاسیی وڵاتانی ناوچەكە بەگشتی ‌و، سووریا ‌و عێراق بەتایبەتی دەگوزەرێت، ژانی لەدایكبوونی گۆڕانكاری بۆ داهاتووی وڵاتان ‌و دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ناوچەكەی لە هەگبەدا بێت. بۆیە دەبینین زۆرێك لە وڵاتانی زلهێزی جیهان هاتوونەتە ناو هاوكێشەكەوە ‌و، دەیانەوێت جێدەستی خۆیان لەو ڕووەوە بنەخشێنن؛ بۆ ئەم مەبەستەیش بەرەی جۆربەجۆر لە ناوچەكە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەكان ‌و كۆتاییهێنانیان لە بەرژەوەندیی خۆیان، پێك هێنراون. وەك ڕوون ‌و ئاشكرایە وڵاتانی جیهان دابەشی دوو بەرەی سەرەكی بوون: لە لایەك بەرەی ئەمریكا ‌و وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا ‌و توركیا‌ و هێزە سوننییەكانی تری ناوچەكە؛ لە بەرامبەر ئەم بەرەیەیشدا دەبینین ڕووسیا ‌و چین ‌و ئێران ‌و هێزە شیعییەكانی دیكەی ناوچەكە، لە بەرەیەكی تردا خۆیان دەبیننەوە. لەم نێوندەیشدا سعوودیا خۆی لە بەره‌ی ئەمریكا ‌و هیلالی سوننی دەبینێتەوە.

دەبینین پاش هاتنەسەردەسەڵاتی "سەلمان عەبدولعەزیز" وەك شای سعوودیا، گۆڕانێكی بەرچاوی لە سیاسەتی دەرەوەی سعوودیادا هێنایە ئاراوە؛ گۆڕان لە سیاسەتی دوورەپەرێزییەوە بۆ سیاسەتی خۆسەلماندن و خۆسەپاندن، كە بە سیاسەتی "دەرخستنی ماسوولكەكان" ناو نراوه‌. بە جۆرێك كە لاوازكردنی دەسەڵاتی ئێران و هێزە شیعییەكان، پانتایییەكی بەرچاوی لە سیاسەتی دەرەوەی سعوودیادا داگیر كردووە، كە ئامانجی ئەوەیە شكست بە گرووپە توندڕەوە شیعەكان بهێنێ و، لەوێیشەوە خەونی ئێران بۆ دەستگرتن بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پووچەڵ بكاتەوە و، لە هەمان كاتدا سعوودیا دەیەوێت خۆی وەك هێزێك پیشان بدات كە لە هەر ئانوساتێكدا بیەوێت، دەتوانێت مەترسی بۆ سەر نەیارەكانی لە ناوچەكەدا دروست بكات. بۆ ئەم مەبەستەیش دەبینین لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، دوو هاوپەیمانێتی بە سەرۆكایەتیی خۆی پێك هێناوە: یەكەم، هاوپەیمانێتیی عەرەبیی سەربازی، ناسراو بە "گەردەلوولی تۆڵە" لە 21ی نیسانی 2015 بۆ لێدانی چەكدارە حوسییەكانی یەمەن ‌و هێشتنەوەی دەسەڵاتی عەبد ڕەبە مەنسوور هادی، سەرۆكی یەمەن؛ بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەیش سنووری ئاسمانی ‌و سەروەریی ئەو وڵاتەیان بەزاند. سعوودیا بەتوندی دژی حوسییەكانی یەمەن دەوەستێتەوە، چونكە پێی وایە ئێران پشتگیرییان دەكات. لەم بۆچوونەیشیدا ئەمریكا لەگەڵیدایە؛ هەروەك وتەبێژی كۆشكی سپی ئاماژەی پێ دا كە سەرۆكی ئەمریكا دەیەوێت سنوورێك بۆ حوسییەكان دابنێت، چونكە ئەو هێزە چەكدارییە، بە باڵادەستیی ئێران لە ناوچەكە دەزانێت. دووەم،هاوپەیمانێتیی "ئیسلامیی سەربازیی دژ بە تیرۆر" لە ڕێكەوتی 15ی كانوونی یەكەمی 2015، بۆ دژایەتیكردنی تیرۆر بە بەشداریی سی ‌و چوار وڵات‌ و، بە سەرۆكایەتیی سعوودیا ڕاگەیه‌ندرا.

ئەگەرچی ئەم هاوپەیمانێتییە، ئامانجی دروستكردنی كەمپەینێكی سەربازیی وڵاتانی ئیسلامی بوو دژ بە تیرۆر ‌و گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەكان، كە هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتانی ئیسلامیی ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتییە. بەڵام بە دوورییشی نازانم ئەم جۆرە لە هاوپەیمانێتی _هاوپەیمانێتیی عەرەبیی سەربازی و، هاوپەیمانێتیی ئیسلامیی سەربازیی دژ بە تیرۆر_ خەونی ئەو وڵاتە بێت لە گەڕانەوەی بۆ نێو هاوكێشە سیاسییە توند ‌و گەرم ‌و پڕكێشمەكێشمەكانی ناوچەكە. لە گەڕانەوەی ئەم باڵادەستییە سەربازییەیشدا ئیدارەی دۆناڵد ترامپ تاووتوێی كۆتاییهێنان بە بڕیاری قەدەغەی پڕچەككردنی سعوودیا دەكات لە لایەن ئەمریكاوە، كە ساڵی ڕابردوو باراك ئۆباما فرۆشتنی چەكی پێشكەوتووی بە سعوودیا ڕاگرت. لەم پرسەیشدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانیی ئەم هەنگاوەی ترامپ دەكات و، چاوەڕوانی بڕیاری كۆتاییی كۆشكی سپییە.

پرسی سیاسەت ‌و وزە، لە نێوان ترامپی میوان ‌و سعوودیای خانەخوێ‌:

"لێبووردەیی، بڕبڕەی پشتی ئاشتییە"؛ ئەمە ناونیشانی سەردانەكەی دۆناڵد ترامپه‌ بۆ سێ ناوچەی جیاواز، كە هەر یەكەیان پێگەیەكی ئایینیی بەهێزیان هەیە ‌و، پەیڕەوی لە ئایینێكی جیاواز لە یەكتر دەكەن، ئەوانیش سعوودیا، ئیسڕائیل و ڤاتیكانن؛ چونكە ترامپ بەپێویستی دەزانێت بۆ دووبارە ژیاندنەوەی پرۆسەی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەكدارەكان، لەگەڵ ڕێبەرانی ڕۆحی ‌و سیاسیی هەر سێ ئایینە سەرەكییەكەی جیهان كۆ بێتەوە.

سعوودیا، وەك هاوپەیمانێكی سیاسی ‌و ئابووری ‌و ستراتیژیی گرنگی ئەمریكا لە ناوچەكە وێنا دەكرێت. لە بەرامبەریشدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گەورەترین هاوردەكار ‌و بەكاربەری وزەیە لە جیهاندا؛ بۆ ئەم مەبەستەیش زۆرترین چاوی لەوەیە كە پێداویستیی وزەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی ‌و سعوودیا بەتایبەتی پڕ بكاتەوە. بۆیە دەبینین ئەمریكا هەوڵی پێكەوەبه‌ستنه‌وه‌ی سیستەمی ئابووریی وڵاتەكەی لەگەڵ وڵاتانی بەرهه‌مهێنەری وزە كردووە؛ كە ئەمەیش، بوو بە یەكێك لە ستراتیژ ‌و بەرژەوەندییەكانی نەتەوایەتیی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە مامەڵەكردنی لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بەگشتی ‌و وڵاتی سعوودیای ئەندامی ئۆپیك بەتایبەتی، كار لەسەر تیۆریی "پێكەوەبه‌ستنه‌وه‌ی ئابووری" دەكات، كە سیناتۆری پێشووتری ئەمریكا "ویلیام فولبرایت" داڕێژەرێتی. ئەم تیۆرییە باس لە پەیوەندیی پێكەوەبه‌ستنه‌وه‌ دەكات لە نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەر ‌و بەكاربەری نەوت. ئەم تیۆرییە لە لایەن ئەمریكاوە وەك شمشێرێكی دووسەرە بەكار دێت، بە جۆرێك كە ئەمریكا پێداویستیی وزەی خۆی پێ دابین دەكات ‌و، لە لایەكی دیكەیشەوە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بەخۆیەوە پەیوەست دەكات؛ بە جۆرێك ئەو هەستە لای وڵاتانی خاوەن وزە دروست دەكات كە بەرژەوەندییان پەیوەستە بە گەشەسەندن ‌و بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە. بەم جۆرە، ئیدارەی ترامپیش كار لەسەر ئەم سیاسەت ‌و تیۆرییە دەكات، وەك بەشێك لە ئاسایشی وزەی وڵاتەكەی كە دواجار لە ڕێگەی پەیڕەوكردنی ئەم سیاسەتەوە دەیانەوێت هێژموونیی خۆیان بەسەر ناوچەكەدا بسه‌پێنن.

 

سعوودیا و ئەمریكا، لە هەوڵی دانانی بەربەست لە بەردەم تەوژمی شیعیدا:

سعوودیا ‌و ئێران، وەك دوو دەوڵەتی هەرێمی لە ناوچەكە، هەر یەكەیان سەركردایەتیی دوو ڕەوتى سياسى ‌و مەزهەبی پێكناكۆك دەكەن، كە ئەویش مەزهەبی سوننە ‌و شیعەیە؛ كە بە درێژاییی مێژووی دروستبوونیان، ململانێ ‌و ڕكابەری یەكترن ‌و، هەر دوو لا بە ئاڕاستەی تەواو پێچەوانە كار دەكەن و، هەر یەكەیشیان ئەوی دی بە گرفتی ناسەقامگیریی ناوچەكە دەداتە قەڵەم؛ بە جۆرێك كە سعوودییه‌كان پێیان وایە ئێران دەیەوێت كۆنترۆڵی جیهانی ئیسلامی بكات و، پێشیان وایە ڕژێمی ئێران لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیی توندڕەو بنیاد نراوە ‌و، ناتوانێت لەگەڵ سعوودیا ‌و هێزە سوننییەكان بگەنە لێكتێگەیشتن. بەپێچەوانەیشەوە، ئێرانییەكان سعوودیا بە وڵاتی بەرهەمهێنانی فكری تونداژۆ دادەنێن ‌و، پێیان وایە وڵاتی بەرهەمهێنانی تیرۆر ‌و، سەرچاوەی داراییی گرووپە توندڕەوەكانن لە ناوچەكە ‌و جیهان.

لەم نێوەندەیشدا سیاسەتی كۆشكی سپی، وەك شمشێرێكی دوو سەرە وایە بەرامبەر ئەم پرسە. لە لایەكەوە دەیەوێت ئێران ‌و ڕەوتی شیعی، لای سعوودیا ‌و هێزە سوننییەكان بە دێوەزمە ‌و مەترسیی جددی وێنا بكات ‌و، ئەو قەناعەتەیان لا دروست بكات ئەگەر ئەمریكا نەبێت خۆیان ناتوانن لە هەمبەر ئێران پارێزگاری لە خۆیان بكەن و، لە لایەكی دیكەیشەوە دەیەوێت لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە سنوورێك بۆ دەستێوەردان و مەترسییەكانی ئێران و هێزە شیعییەكان دابنێت، كە هەڕەشەن بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمە سەرباری ئەوەی كۆشكی سپی، دەیەوێت ئیدارەی ئەم ململانێیە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی خۆی ‌و هاوپەیمانەكانی بكات.

 

عێراق باخچەی پشتەوەی ستراتیژییەتی ئەمریكا ‌و سعوودیا:

عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ئاداری 2003، بەگشتی بۆتە گۆڕەپانی دەستێوەردانی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیی هەرێمی ‌و نێودەوڵەتی و، بەتایبەتیتر بۆ ئێرانییەكان، كە بە هۆی هاوسنووری ‌و هاومەزهەبی، هێژموونیی تەواوی بەسەردا كردووە؛ كە ئەمەیش لای نەیارانی ئێران پەسەند نییە. بۆیە دەبینین ئامانجی سعوودیا ‌و ئەمریكا، دوورخستنەوە ‌و دەرهێنانی عێراقە لە ژێر هێژموون ‌و باڵادەستیی ئێران. لە دوای هاتنەسەردەسەڵاتی ترامپیش، چاوەڕێی پەرەسەندنی زیاتری پەیوەندییەكانی عێراق و سعوودیا لە لایەك ‌و، ئەمریكا ‌و سعوودیا بۆ كۆتاییهێنان ‌و سووككردنی هێژموونیی ئێران بەسەر عێراق لە لایەكی ترەوە دەكرێت؛ بەو پێیەی دەسەڵاتی ئێستای عێراق، كە حەیدەر عەبادی سەركردایەتیی دەكات، خۆی بە هاوپەیمانی ئەمریكا دەزانێت و، سعوودیایش لە ناوچەكە دۆستە قەدرگرانەكەی ئەمریكایە. بۆیە وا پێشبینی دەكرێت، عێراق لە لووتكەی "عەرەبی- ئیسلامی- ئەمریكی"دا تەوەرێكی گفتوگۆكانی نێوان ترامپ ‌و بەرپرسانی سعوودیا بێت.

 

كۆتایی:

ئەمریكا ‌و سعوودیا سەرباری ئەوەی خۆیان لە یەك بەرەدا دەبیننەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا هاوپەیمانی ستراتیژیی یەكترن ‌و، سعوودیا پێداویستیی وزەی ئەمریكا ‌و، ئەمریكایش پێداویستیی ئەمنیی سعوودیا دابین دەكات. ئامانجی لە پێشینەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە ‌و جیهانیش، بریتییە لە زیندووهێشتنەوەی باڵادەستیی خۆی لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی ‌و، پاراستنی تێكڕای بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ‌و، لەگەڵیشیدا پاراستنی بەرژەوەندیی هاوپەیمانەكانی لەسەر ئاستی دونیا. هەرچی پەیوەست بە سعوودیایشە، دەكرێت بڵێم خەون ‌و خولیای سعوودیا لە ڕابەرایەتیكردن ‌و پێكهێنانی ئەو جۆرە هاوپەیمانێتییانەی لە ماوەی ڕابردوودا پێكی هێناوە، دووبارە گەڕانەوەی بێت بۆ ڕۆڵگێڕان لەسەر شانۆی سیاسیی ناوچەكە‌ و هاوكێشە سیاسییە چارەنوسسازەكان. لێرەوەیە پەی بەو ڕاستییە دەبەین كه‌ سعوودیا خەونی باڵادەستیی هێزێكی هەرێمیی هەیە ‌و، ئەمریكایش لە ڕێگه‌ی هێزە هەرێمایەتییەكانەوە، ئامانجی باشتركردنی خەونە گلۆباڵەكانێتی.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples