لە سونگەی ڕاسانەوە، زاڵبوون بەسەر سیاسەتی بێهیوایی

دەسپێک:

"ڕاسان" ناوێکی واتادارە بۆ بزاڤێک، کە هەست دەکرا توانای جووڵەی لاواز بووە. دیارە ئەم هەستە تەنیا تایبەت بەمڕۆ نییە؛ لە هەموو بەشەکانی کوردستان، بە ڕۆژهەڵاتیشەوە، هەست بە لاوازی، وێستگەیەک لە وێستگەکانی بووە. ئەم هەست بە لاوازییە، لە سۆنگەی ڕاسانەوە بە بێهیوایی وەرگیراوە. واتا بێهیوابوون بە مێژوو و قبووڵکردن، یان کۆیلەبوونی واقع. کاتێک باس لە زاڵبوون بەسەر سیاسەتی بێهیوایی دەکەین، مەبەستمانە ئاماژە بەو بەشە لە بیرۆکەی چەپەکان بکەین کە باوەڕیان بە ڕزگاربوون هەیە و، ئەم ڕزگاربوونە واتای ئاوێتەبوون بە مارکسیزم ناگەیەنێت، بەڵکوو ئاماژەیەکە بۆ گەڕانەوەی کۆمەڵگه‌کان بۆ ئەو بونیاده‌ لۆکاڵییانە کە دەتوانێ هەوێنی ڕابوون بێ، بەبێ ئەوەی ڕاستەخۆ لەڕێژ کاریگەریی هزره‌ جیهانییەکاندا بێ؛ بەپێچەوانە، دەبێتە ئەکتەرێک لە پانتای جیهانیدا و، هەوێنی ئەم ڕابوونە ئەو گەنجانەن کە یاخیبوونێکی نوێ بەرهەم دێنن. لە نموونە بەرچاوەکانی ئەم تێکگەیشتنە، لە کتێبی The Arab Spring; The end of Postcolonialism باسی لێوه‌ دەکرێت.

پێشەکی:

پرسی کورد، پرسێکی پەیوەسته‌ بە ناسنامەی نەتەوەیییەوە. واتا لێرەدا بەریەککەوتنی " من" و "ئەوی تر" مانای هەیە. لە پرۆسەی من و ئەوی تردا ناسنامەکان فۆرم و جۆری دەرکەوتنیان دیار دەکەوێ. لە بابەتی بزاڤە ڕزگاریخوازەکاندا، لەگەڵ پەیوەندییەکی یەکساندا ڕووبەڕوو نین. بەڵکوو پەیوەندییەکی نایەکسانە، کە ئەوی تر هەموو تواناکانی بەدەستەوەیە تاکوو لەو ڕێگەوە هەموو سیاسەتەکانی خۆی بەرانبەر بە نەتەوەی بندەست جێبەجێ بکات. ئەم سیاسەتانە دەتوانێ ڕێگەچارەی ئاشتییانە، دیموکراسییانە، جینۆساید، دانوستان و بەردەوامیی بەریەککەوتنی چەکداری بێ. هه‌ر چۆنێك بێ، جەوهەری بەریەککەوتنی من و ئەوی تر دەسپێکی هەموو ململانێکانە تاکوو ڕێگه‌یەکی بۆ چارەسەری دەبینرێتەوە. دیارە ئەم ڕێگەچارانە لە سیستەمی سیاسیی جیاوازدا واتا و مانای تایبەت بە خۆیان دەگرن؛ بەو مانایەی کە ڕێگەکان جیاوازن، بەڵام ئەم جیاوازییانە لە بەستێنیكی هاوسەنگدا دێنە کایەوە، نەک ناهاوسەنگ.  

لە دەرەوەی دیدی شوناسی سەرکوتکراو و شوناسی باڵادەست، هەر مکانیزمێکی تر بەریەککەوتنی من و ئەوی تر نابێ، بەڵکوو ململانێیەکی خۆمانەیە. واتا ژینگەیەک کە بۆ نموونە "ایران برای همە ایرانیان" دەتوانێ واتاداری بکات. بۆیە کوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ بەستێنێکدا ڕووبەڕوویە، ئەویش بەردەوامییە لەگەڵ جەوهەری پرسی کورد کە بابەتی من و ئەوی ترە، یان ڕاهاتن لەگەڵ ململانێی خۆمانەدا؛ هەمان عەقڵییەت کە بەشێک لە کوردەکانی سەر بە تاران، دەیانەوێ لە کۆمەڵگه‌ی کوردیدا لە ڕۆژهەڵات بیچەسپێنن.

یەکێک لەو بوارانەی کە ئەم ژینگەیە زەق دەکاتەوە، هەڵبژاردنەکانە. هەڵبژاردن جیا لەوەی کە کانگه‌یەکە بۆ پێشاندانی سیمای دیموکراتیکی سیستەمێکی سیاسی، لە هەمان کاتیشدا بەستێنێکە بۆ ڕاهێنانی هاووڵاتیان کە لەو ڕێگەوە جۆری پەیوەندی و داخوازییەکانی خۆیان بەرانبەر بە سیستەمی سیاسی دیاری بکەن. بەڵام هەڵبژاردن لە کیانێکی دیموکراتیک، لەگەڵ کیانی نادیموکراتیک جیاوازن. لەو ڕەهەندەوە کە جەوهەری پەیوەندییەکانی خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە چ واتایەک دەگرن. لە کۆماری ئیسلامیدا هەڵبژاردن چەندین فۆنکسیۆنی جیاوازی هەیە. چونکە فرەییی نیشتمان و فرەییی ناسنامە لە چوارچێوەی ئێراندا، وا دەکات کە هەڵبژاردن تەنیا واتا لیبراڵییەکەی نەگرێت. بەو مانایە کە رێکارێک بێ بۆ چاککردنەوەی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی یان نوێکردنەوەی پەیوەندیی دەسەڵاتی سیاسی و هاووڵاتی. بەڵکوو دەبێتە کەرەسەیەک تاکوو لەو ڕێگەوە ناسنامە جیاوازەکانیش بە بەهاکانی سیستەمی ڕابێنن، هەمان بابەت کە وەک ڕاهێنانی سیاسی ناوی لێ دەبەن.

بە هەر حاڵ، ئێمە لەگەڵ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتدا بەرەوڕووین. ئەم پرسە بە درێژاییی مێژوو، خۆی لە دەرەوەی کیانی سیاسیی ئێرانییەکاندا پێناسە کردووە. بەو مانایە کە "خودمختاری" یان "فیدراڵیزم"ی وەک پرۆژەیەکی سیاسی خستووه‌تە بەردەس، نەک وەک ئامانجی کۆتایی. بەڵام ئەوەی لەم ساڵانەدا لە ڕۆژهەڵات سەریان هەڵداوە، کورد به‌ هەڵگری پرۆژەی سیاسی نابینێ، بەڵکوو کورد بە بەشێک لە پرۆژەیەکی سیاسیی گەورە دەبێنێ کە تەنیا لە چوارچێوه‌ی ئێراندا، دەبێ واتای هەبێ. ئەم دیدە، تەنیا پەیوەست بە دەسەڵاتدارانی تارانەوە نییە. بەڵکوو بەشێک لە کوردی ڕۆژهەڵاتیش هەمان دید دەخه‌نه‌ ڕوو. بەڵام لە بەرانبەردا رێچکەی بزاڤی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵاتیش بێ پەرچەکردار نییە، بەڵکوو لە سۆنگەیەکی ترەوە، دەیەوێ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات پێناسە بکاتەوە. چونکە ئەوەی تا کۆتاییی جه‌نگی سارد دەبینرا، زاڵبوونی هیوایەک لە چارەسەری بوو، کە سیستەمی نێونەتەوەیی بە ئێمەی دەبەخشێ. بەڵام بە هاتنەکایەی بەجیهانیبوون و کرانەوەی مەودا بۆ تاک و کۆمەڵگه‌، وا هەست دەکرا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو سیاسەتی بێهیوایی هەنگاو دەنێ، كه‌چی ڕاسان لە پانتایییەک لە بێهیواییدا، هەوڵی زاڵبوون بەسەر بێهیواییی خستووه‌تە ئاراوە.

بێهیواکان لە ڕۆژهەڵات

لە بێهیوایدا دوو لایه‌ن هەن:

  • لایه‌نێک لەناو خودی بزاڤی ڕزگاریخوازیدایە، وەک حزبە سیاسییەکان
  • کەسانێک لەناو خودی کۆمەڵگه‌، وەک تاکی سەر بە ڕیفۆرمخوازیی ئێرانی و لق و پۆپەکانی

لایه‌نی ناو بزاڤەکە شەپۆلی جیابوونەوەیە (بە ڕاددە و ڕێژەی جیاوازە)، کە بە کۆمەڵێک هۆکار لەو مێژووه‌ی کە تێیدا بوون بێهیوا بوون و، هەر بەم مەنتقەوە جیابوونەوەیان گرتە بەر. لایه‌نی ناوخۆی ڕۆژهەڵات کەسانی سەر بە ڕیفۆرمخوازە ئێرانییەکانن کە بە کەڵکوەرگرتن لە شەرعییەتی پرسی کورد و گۆڕانکارییەکانی ناو پانتای سیاسیی ئێران، پەرەیان بە سیمای بێهیواییی بزاڤی ڕۆژهەڵاتدا و هیوایان لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناو ئێراندا دیتوەتەوە.

ئەم دوو لایه‌نە لە بێهیوایی، لە سەردەمێکدا کە دەتوانین وەک سەردەمی زێڕین ناوی لێ ببەین، تا ڕاددەیەک لێک نزیک بوونەوە. بەو مانایە کە هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنی کە بتوانن بەیەک بگەن. ئەم وێنایە لە قۆناغێکدا، توانیی پانتای سیاسیی ڕۆژهەڵات بەخۆیەوە خەریک بکات، بەڵام هەموویان هەڵقووڵاوی هەڵوێست بوون و، دیدیان دیدێکی ڕۆژنامەوانی بە سیاسەت، که‌لتوور و مێژوو بوو؛ بۆیە ناکۆکییەکانیان هەر زوو سەری هەڵدا.

وێستگەی یەکەمی ئەم ناکۆکییانە، نەبوونی گوتارێکی دیاریکراو لە لایان جیابووەکانەوە و گرێدراوی گوتاری ڕێفۆرمخوازەکانی سەر بە تاران، بوو. جیابووەکان هەڵگری هیچ گوتارێک نەبوون و، ناچار بوون کە دیسان خۆیان بە مێژووەوە هەڵواسن. کەسانی ناوخۆیش گوتارەکەیان هاوردە، یان "وارداتی" بوو و چارەنووسیان بە ڕەوتێکی دەرەوەی خۆیان لە تاران گرێی خواردبوو. لە هەمان کاتدا مودێلی پراکتیکی ئەوانیش ڕووبەڕووی کێشە بووەوە. جیابووەکان لە نێوان خەباتی چەکداری و مەدەنیدا چەقین و، پراکتیکی کەسانی ناوخۆیش بوو بە لاساییکردنەوەی ئەوەی لە تاران بەرنامەی بۆ دادەرێژن، وەک "ئازادیی یەواشەکی".

لە لایەکی ترەوە جۆری پێناسەکردنی ئەم لایه‌نانە لە سیستەمی داگیرکەریشدا، بوو بە هۆی سازکردنی ناکۆکی، یان "تناقض". جیابووەکان بەدەست قبووڵی داگیرکەر و قبووڵنەکردنی گیریان خوارد و، لە بەرانبەریشدا کەسانی سەر بە ڕیفۆرمخوازە ئێرانییەکان، بەئاشکرا باوەریان بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی هێنا؛ وەک سیستەمێک کە ئیلزاماتی یاسایی و شەرعیی قبووڵکراوی هەیە. لێرەوە ڕێگه‌یان بۆ نەهێشتنی هیچ شەرعییەتێک بۆ خۆیان خۆش کرد.

زاڵبوون بەسەر بێهیوایی و دۆزی ڕۆژهەڵات

لە هەلومەرجێکی ئاوادا ڕاسان دێتە کایەوە. ڕاسانێک کە دەزانێ کە دەبێ ڕووبەڕووی کۆمەڵێک درمی جددی ببێتەوە کە لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی زیاتر لە دوو دەیە بەرهەم هاتوون. ئەم کەڵەکەبوونە هەم لەناو بزاڤەکەدایە و هەمیش لە کۆمەڵگه‌، بەڵام لەم نێوەدا بەر لە هەموو شتێک، زاڵبوون بەسەر بێهیوایی بەلای ڕاسانەوە گرینگە، چونکە ئەمە بە سەرچاوەی سەرەکیی کێشەکان دەزانێ. بۆ سازکردنی هیوایەکی نوێ، ڕاسان چارەسەری بۆ دوو گرێی سەرەکی، کە لایه‌نی جیابوو و کەسانی سەر بە تاران بەدەستییەوە گیرۆدە بوون، دۆزییه‌وە، یان هەوڵەکانی بۆ سازکردنی وێنایەکی نوێ خستە گه‌ڕ.

لە بێهیواییدا مێژوو چەقیبوو و، چارەسەری نەدەهات. هەموو کێشەکەیش بۆ خەباتی چەکداری دەگەڕایه‌وە. جیابووەکان نە جورئەتی دانانی چەکیان هەبوو و نە جورئەتی پەیوەستبوون بە خەباتی مەدەنی. لە بەرانبەردا کەسانی سەر بە ڕیفۆرمخوازەکان دەستیان دایە نامۆکردن و ناشرینکردنی خەباتی چەکداری، وەک نوێنەری مێژوو. بەڵام لە ڕاساندا نەك تەنیا ئەم مێژووە ئینکار نەکرا، بەڵکوو دووبارە پێناسە کرایەوە، وەک هێزی بەرگری نەک ڕزگاریکەر. بە سەرهەڵدانی گەراکانی ڕاسان، جیابووەکان و کەسانی ناوخۆ یەکەم گرووپ بوون کە هاوکات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پرسیاریان خستە سەری و، بگرە هاوکار بوون لەوەی بێواتای بکەن؛ هۆکارەكه‌ ڕوونە: کاتێک پرسێکی مێژویی زیندوو دەکرێتەوە، هەموو پرسەکانی تر دەخاتە پەراوێزی خۆیەوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە هەوڵی ئەو لایه‌نانە ئەوە بوو کە جێگرەوەیەک بۆ گوتاری بزاڤی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵات ببینەوە، بەڵام کاتێک بزاڤەکە دوبارە قیت دەبێتەوە، زوو هەموو پانتایییەکە بە خۆیەوە خەریک دەکات.

لێرەدا هیوایەک سەری هەڵدا کە دەیەوێ بەسەر سەرلێشیواویی جیابووەکان و کەسانی ڕیفۆرمخواز باز بدات و وێنای قۆناغێکی نوێ لە خەبات بخاتە ڕوو. چونکە ڕاسان ئەو ڕاستییە دەزانێ کە تەنیا بە هیوایە، کە خەباتێک بە قورساییی خەباتی ڕزگاریخوازی، دەتوانێ بوونی خۆی بهێڵێتەوە. لە بەرانبەردا، بێهیوایی دەبێتە گۆڕەپانی هاتنەپێشی داگیرکەر و زاڵکردنی بەهاکانی. وەک ئەوەی داوا دەکەن با جۆری پراکتیکی کورد بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی لە خانەی ئەو یاسا و رێسایانە بێ کە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئەندازیاریەتی. لە کاتێکدا ئەوە ڕاهێنانی سیاسی، یان به‌كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی سیاسیی کورد بە دوای خۆیدا دێنێ؛ وەک ئەوەی ئەردوغان بە ڕاکێشانی بەشێک لە کوردەکان بۆ لای ئاکپارتی ئەنجامی داوە.

لە لایەکی ترەوە، ڕاسان لەو ڕاستییە گەیشت کە گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵات، وای کردووە کە شار مەکۆ و بەرهەمهێنەری هێز بێ. جیابووەکان و کەسانی ناوخۆ ئەمەیان وەک خاڵی بەهێزی خۆیان دەزانی، یان دەزانن. جیابووەکان خاوەن پێگەی سیاسی،کۆمەڵایەتی و که‌لتووری نین، بۆیە هەر زوو کەوتنە دوای کەسانی ڕیفۆرمخواز کە لاوازیی حزبە سیاسییەکانیان وەک دەرفەتێک دەزانی تاکوو لەو ڕێگەوە ژینگەیەک بۆ شەرعییەتی خۆیان خۆش بکەن. مانگی هەنگوێنی جیابووەکان و کەسانی ناوخۆ لەم بوارە دەستی پێ کرد. بەو واتایەک کە بە هیوایەک گەیشتوون و، ئیتر بە سەر کێشەکانیاندا باز دەدەن. بەڵام جیابووەکان لە بواری یەکگرتووییی ڕێکخراوه‌یی، تووشی کێشە هاتن و، کەسانی ڕیفۆرمخواز، چونکە دەستیان بە تارانەوە گیربوو و تاران هیچی پێ ڕەوا نەبینین، بێهیوایی دیسان باڵی بەسەریاندا کێشا. خاڵی جیاکەرەوەی ڕاسان لە بواری خەباتی شار، لەوێدایە کە خەباتی شار وەک هەقیقەتێکی تەنیا وەرناگرێ، بەپێچەوانە بە بەشێک لە بزاڤی کوردیی دەزانێت کە دەبێ هێزی پاڵپشت و هاوسەنگکەری لەگەڵدا بێ. شکستی ڕیفۆرمخوازە ئێرانییەکان بەرانبەر بە بناژۆخوازەکان، ئەوەمان پێ دەڵێ کە لە نەبوونی ئامرازێکدا کە هاوسەنگی ساز بکات، هیچ گەمەیەک ناتوانێ بچێتە پێش، بێجگە لەوەی کە ببن بە "تدارکاتچی" (هه‌ڵسووڕاو).

لێرەدایە کە ڕاسان هیوایەکی بەرهەم هێنا. بە نزیکبوونەوەی جیابووەکان و حزبه‌کانی تر، هەست دەکرێ کە پەیامی بەخشینەوەی هیوا بە ڕۆژهەڵات زیاتر قورساییی خۆی دەردەخا  و، لەم نێوەدا گرێدراوانی گوتار و پراکتیکی تاران، پەراوێز دەکەون. دیارە مەبەست ئەو کەسانەیە کە چارەنووسیان بە تارانەوە گرێی خواردووە. بەرەی زاڵبوون بەسەر بێهیوایی، گه‌مارۆ‌ (تحریم) وەک مکانیزمێک لە تێگەیشتن و خۆشکردنی ژینگەی بەیەکگەیشتنەوە دەخاتە ڕوو و، کوردە مۆرەکان کە ئیتر سیمایەکی هەڵپەرەستانەیان بە خۆیانەوە گرتووە، ئەم سیمایە بە مانای لەناوچوونی هەموو ئارەزووەکانی خۆیان دەزانن و زۆر زەق و بێ پەردە هاواری نزیکبوونەوە و قبووڵکردنی سیستەمی تاران دەکەن. لە هەمان کاتیشدا وەک تارانییەکان تاکتیکی گه‌مارۆ بە بەهایەکی بێمانا ناو دەبەن تاکوو لەو ڕێگەوە بڵێن کە شکستیان خواردووە. بەڵام شکستی بەرەی زاڵبوون بەسەر بێهێوایی، کاتێکە کە حزبە سیاسییەکان گیرۆدە، یان ئاوێتەی سیاسەتی گەورەی سیستەم بن، دەبنە کەرەسەیەک بۆ  پەرەدان بە بێهیوایی بەو مۆدێلەی کە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد داوای دەکات.

کۆتایی:

زاڵبوون بەسەر بێهیوایی، واتای ئەوە دەگەیەنێ کە لە کاتێکدا نە بەرەی لیبراڵی و نە بەرەی چەپ لە توانایاندایە مودێلێک لە ڕزگاری بۆ کورد بەرهەرم بهێنن و، نەمانی هیوا بەو بەرانە، بوو بە هۆی ئەوەی کە گەراکانی پاڵدان بە داگیرکەر لە ڕۆژهەڵات پیلانی زاڵبوونی خۆی بۆ بەلاڕێبردنی بزاڤی ڕۆژهەڵات بخاتە رۆژەڤەوە. زاڵبوون بەسەر بێهیوایی، واتای گەڕانەوە بە ڕۆژهەڵات دەگەیەنێ. گەڕانەوە بۆ ئەو بەهایانە کە تاکوو ئەمڕۆ کەرەسەی کۆمەڵە گوتارێکی جیاواز بوونە تاکوو لەو ڕێگەوە خەیاڵەکانی خۆیان پێ بەئەنجام بگەیەنن. بەڵام ڕاسان کە چەمکێکی بەرهەمهاتووە لە ناوخۆی ئەم گەڕانەوەیە، هیوای ڕۆژهەڵات لە خودی ڕۆژهەڵاتدا دەبینێ، کە بەشێکی سەرمایەی مێژوویییە و بەشێکی نەوەیەک کە لە کاتێکدا ئاشنا بە بەجیهانیبوونە، بەڵام دەزانێ کە چۆن لۆکاڵیی خۆی بکاتە ژینگەیەک بۆ بونیادنانەوەی کۆمەڵگه‌ی کوردی. ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێستا لە بەردەم ئەم دووڕێیانەدایە: یان لە ڕێگەی بێهێوایی بەردەوام دەبێ، یان هیوایەکی تر بۆ خۆی بونیاد دەنێ، کە دەربازبوونە لە چەپ، ڕاست و گوتاری تارانییەکان.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples