ئاخۆ هاوپەیمانییەکی نوێ دەتوانێ کیانی سیاسی جێگر بکات؟

پوختەی باسەکە:

ئەوەی لە ڕاگەیاندن و قسەی سیاسەتوانانی هەرێم دەبیسین، باس لەوە دەکەن، پارتی و یەکێتی دەیانهەوێ بچنە قۆناغێکی تر لە ژیانی سیاسی خۆیانەوە، کە پێ دەچێت هێنانە ئارای نموونەیەکی تر لە هاوپەیمانیی ستراتیژیک بگرێتەوە. ئاوڕدانەوە لەم پرسە گرینگە دەتوانێ هەڵگری زۆر پرسی جددی بێ، بەو مانایە کە ئاخۆ ئەم هاوپەیمانییە نوێیە دەتوانێ هەڵگری ئەو تایبەتمەندییانە بێ کە سیاسەت لە کوردستان ئاسایی بکاتەوە. کاتێک باس لە ئاساییکردنەوەی سیاسەت دەکەین، مەبەستم ئەوەیە کە فۆرمی گەمە سیاسییەکان لە ئاستی ئاسایشی کۆتایییان پێ بێ و دانوستان و دیالۆگ بێتە کایەوە و، لەهەمان کاتدا مەبەستمان ئەوەیە، کە ئەم ئاساییبوونە دەتوانێ سەقامگیری لەگەڵ خۆیدا بێنێ تاکو لەو ڕێگەوە سیستەمی سیاسی بتوانێ درێژە بە ژیانی ئاسایی بدات. دیارە دید و بۆچوونی جیاواز لەم بوارەدا بوونیان هەیە. بەو مانایە کە هاوپەیمانیی نوێ دەبێتە ڕێگر لە دیموکراسی و فرەیی لە کوردستان و ئیتر مەودا نامێنێ بۆ دەنگی ئازاد. بەڵام لە بەرانبەریشدا ئاخۆ دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین، کە هاوپەیمانیی نوێ لەگەڵ ژینگەیەکدا بەرەوڕوویە کە ئەو ژینگە وا دەکات ئەم هاوپەیمانییە لای خەڵکیش قەبوڵ بکرێت و پرۆسەی سیاسیی هەرێم بچێتە قۆناغی تر لە ژیانی سیاسیی خۆیەوە؟

بۆ وڵامدانەوە و ئاوڕدانەوە لەم پرسە، بابەتی هاوپەیمانیی نوێی نێوان پارتی و یەکێتی دەخەینە بەرباس تا لە کۆتاییدا بزانین کە ئایا ئەم وەرزە نوێیەی ژیانی سیاسی لە باشوور دەتوانێ هەڵگری هێنانە ئارای فۆرمێکی تر لە سیاسەت بێ، کە ژینگەی ئاساییبوونەوەی سیاسەت لە کوردستان خۆش بکات.

پێشەکی:

سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتان لە سێ ئاراستەی سەرەکیدا خۆی دەرخستووە. لە هێندێک وڵاتان، فرەحیزبی وەک کەلتوورێک ژینگەی سیاسی و سیستەمی سیاسی هەڵدەسووڕێنێ، لە لایەکی ترەوە لە بەشێکی تر سیستەمی دووحیزبی دەبێتە ژینگەی کایەی سیاسی و کەلتووری سیاسی و، لەدواییشدا لە هێندێک لە وڵاتان سیستەمی تاکە حیزبییە کە جڵەوی سیاسەت بەدەستەوە دەگرێت و دەبێتە هێزی زاڵ بە سەر گەمە سیاسییەکاندا. هەر ئەوەی کە سیستەمی سیاسی و کەلتووری سیاسی جیاوازە لە وڵاتاندا، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ژینگەی کەلتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکان لەگەڵ جۆری کیانی سیاسیدا یەک دەگرنەوە. واتا ڕەگێکی سیاسی، کەلتوری و کۆمەڵایەتی هەیە کە وا دەکات سیستەمی سیاسییش بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. ئەم ژینگە دەتوانێ بەرهەمی مێژوو، سیاسەتی جیهانی یان بەیەکگەیشتنی پارتی سیاسی یان دەستەبژێرەکانی کۆمەڵگە بێ.

لە نموونەی وڵاتانی فرەحیزبیدا، دەتوانین ئاماژە بە تورکیای دراوسێ بکەین. لە سیستەمی تاکجەمسەریدا دەتوانین ئاماژە بە ئێران بکەین و لە سیستەمی دووجەمسەرییشدا بریتانیا، ئەمریکا، فەرانسا و ... نموونەیەکی بەرچاون. بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە کە سیستەمی فرەحیزبی لە تورکیا پاش چەندین دەیە تووشی کێشە هاتووە و ئێستا مەیلی تاکجەمسەری هەیە؟ لە ئێران چۆنە سیستەمی تاکجەمسەری لە دەسەڵاتی سیاسی تاکو ئەمرۆ درێژە بە ژیانی خۆی دەدات، چ لە سەردەمی پاشایەتی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، هەروەها بۆ لە ئەمریکا سیستەمی دووجەمسەری هێشتا جڵەوی سیاسەتی بەدەستەوەیە؟

کاتێک بە دوای وڵامی ئەم پرسیارانەدا دەگەرێین، بۆمان دەردەکەوێ لە تورکیایەک کە مێژووی ئیمپراتوری بۆ چەندین سەدە هەیە و گوتاری مێژوویی زاڵ لەم وڵاتەدا، گوتاری سەرۆکایەتی بووە. ئەم ڕەگە مێژوویییە دیسان خۆی دەردەخات و داوای دووبارەبوونەوە دەکاتەوە. لێرەوەیە کە مێژوو رۆڵی دەگێرێ لە زیندووکردنەوەی ئەم بابەتەدا. لە ئێران، لەو کاتە بە بیرمان دێ بە شێوەی پاشایەتی بەرێوە چووە، هاتنە ئارای دەسەڵاتێکی لەم شێوە ناتەبا نییە لەگەڵ ئەقڵی ئێرانی و ئەو مێژووەی کە ئەزموونیان کردووە. لە دواییدا ئەمریکا هەیە کە ئەقلییەتی سەردەمی سەربەخۆیی و دواتر شەڕی ناوخۆیی، دووجەمسەریی لەو وڵاتەدا جێگیر کردووە کە تاکو ئەم ساتە کار دەکات و دەتوانێ ئاراستەی سیاسەت بە دەستەوە بگرێ.

لە هێنانە ئارای ئەم نموونانە مەبەستم ئەوەیە تاکو خاڵێک بەرجەستە بکەمەوە، ئەویش سوژەبوونی کیانی سیاسییە کاتێک کۆمەڵگە و میژووەکەی بکەری سەرەکین. بە واتایەکی تر، لە ئەزموونی وڵاتانەوە فێر دەبین، فاکتەرێک کە چارەنووسی بونیادی سیاسی و چوارچێوەی سیاسی پێک دێنێ، هاوردەکردنی ئەقلییەتی ناتەبا نییە لەگەڵ ژینگەی مێژوویی ئەو کۆمەڵگەیە، بەڵکوو هەر ئەقلییەتێک ژینگەی تایبەتی خۆی دەوێ تاکوو لەو ڕێگەوە سیستەمی سیاسی سەقامگیر بێ (هەرچەند ئەقڵییەتی هاوردە دەتوانێ بۆ ماوەیەک کار بکات، بەڵام لە دواییدا ناچار دەبێ جێگای خۆی بداتە هەمان سیستەم کە لە بیرەوەریی تاک و کۆمەڵگەدا بوونی هەیە.)

لە بۆچوونی سەرەتاییدا دەتوانین بڵێین، کە کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی مێژووییەکی لە دەسەڵاتداری نییە کە لە بیرەوەریی خەڵکدا مابێ. هەرچەند سەردەمی مادەکان و نموونەی دەسەڵاتداریی ئەوان میراتی کوردن، بەڵام بەردەوامیی نەبوو و نەیتوانی ببێتە بەشێک لە ئەقلی کوردی کە لەو ڕێگەوە بزانین کامە مێژوو ئاراستەی سیستەمی کوردی دەکات. لەهەمان کاتدا لەم سەردەمەدا، کۆماری کوردستان هەیە، ئەم کۆمارەش بە هۆی نەبوونی پارتی سیاسی تر بێجگە لە حیزبی دیموکرات و تەمەنکورتیی کۆمار نەمانتوانی ئەزموونی دەسەڵاتداریی کوردی لەو کۆمارە وەرگرین. بۆیە بەتایبەتیتر لە باشووری کوردستان ئەزموونی سیاسی و جۆری پێناسەکردنی لە چوار وێستگەوە دێ، یەکەمیان سەردەمی شۆڕشە کە دوو ڕەوایەتی لە دەسەڵاتداریی کوردی پێناسە و کاری بۆ کرا. دووەم سەرەتای نەوەدەکان تاکوو شەڕی خۆکۆژی کە سیستەمی سیاسی دێتە کایەوە، بەڵام دواجار لە نێوان دوو ڕەوایەتەکەی شۆڕشدا دابەش دەبێ. سێیەم سەردەمی هاوپەیمانیی ستراتژیکە، کە سەردەمی زێرینی کیانی سیاسی لە هەرێمە بە هەموو کێشەکانییەوە. چوارەمیشیان سەردەمی کابینەی بنکەفراوانە کە تەمەنی زۆر کورت بوو و کۆتایی پێ هات. هەرچەند لەم نێوەدا سەردەمی دەسەڵاتداریی شێخ مەحموود و ساڵانی شۆڕشی ئەیلوول هەیە، بەڵام سەردەمی شێخ مەحموود لە گوتاری سیاسیدا باسی لەسەر ناکرێ و سەردەمی ئەیلوولیش وەک نموونە چاوی لێ ناکرێت، بەڵکوو لە ململانێی سیاسیدا نوقم بووە.

لە تێگەیشتن لەم وێستگانە دەتوانین بڵێین، کە سەردەمی هاوپەیمانیی ستراتژیک توانیویەتی واتادار بێ، چونکە ڕەوایەتیی سەردەمی شۆڕش، بلۆکبەندیی وردەکەلتوورەکان، سیاسەتی ناوچەگەرایانە، کۆمەڵگەی دابەشبوو و ئابووریی مۆنۆپۆلی کراو، هەڵگری ژینگەیەکی ئارامن بۆ دووجەمسەریکردنەوەی سیاسەت لە کوردستان. بە واتایەک ژینگەیەک هەیە ئەم جۆرە لە کیانی سیاسی و بونیادنانی قەبووڵ دەکات. لەبەرانبەردا، نموونەی نەبوونی هاوپەیمانیی ستراتژیک، شەڕی براکوژی بوو و نموونەی کابینەی بنکەفراوانیش لێکترازانی سیستەمی سیاسی لێ کەوتەوە. کە واتە سەرهەڵدانەوەی هاوپەیمانیی ستراتژیک و سیستەمی دووجەمسەری ناتوانێ دیاردەیەکی لە خۆرایی بێت، بەڵکوو ئەمە وەک واقعێک خۆی دەنوێنێ کە کۆمەڵگەش پێی ئاشنایە و لەمرۆدا ژینگەی لەبار بۆ گەڕانەوەی هەست پێ دەکرێ.

هاوپەیمانی لە سیاسەتی هەرێمدا

ئەزموونی هاوپەیمانی لە کوردستانی باشوور دەرەنجامی دوو ڕەوایەتە. دوو ڕەوایەتی دژ بە یەک کە بەردەوام لە نوێکردنەوەی خۆیدایە. ڕەوایەتێک کە ژینگەی سەقامگیرییە وەک هاوپەیمانیی ستراتژیک و ڕەوایەتێکیش کە ژینگەی سازبوونی ئۆپۆزیسیونی بەتوانایە، وەک گۆڕان. لە هاوپەیمانیی ستراتژیکدا، دابەشکردنی دەسکەوتەکان بەپێی بەرەی ڕاست و چەپ بۆ کەڵکوەرگرتن لە دەسکەوتەکانی بەغدا، ئەم هاوپەیمانییە دەکاتە ڕاستییەک و ئارامی و ئاساییبوونەوە دەبەخشێتە کیانی سیاسیی هەرێم. لەبەرانبەردا، لەقبوونی دەسکەوتەکانی بەغدا و لاوازبوونی بەرەی چەپ لە دەسکەوتەکانی بەغدا و کوردستان، ژینگەی سیاسی لار دەکات و فوبیای کۆن سەر هەڵدەداتەوە و وا دەکات کە ڕەوایەتیی ململانێی سەردەمی شاخ لە قالب و فۆرمێکی تردا سەر هەڵبداتەوە. بۆیە هاوپەیمانی تێک دەچێت و کابینەی بنکەفراوان نامێنێ.

هاتنی داعش و مەترسییەکانی و قەیرانی ئابوری، لاوازبوونی سیستەمی سیاسی لێ دەکەوێتەوە. بەشێوەیەک کە تەنیا بواری ئەمنی و سەربازیی کوردستان کار دەکات و دەسەڵاتی بەڕێوەبەری تەنیا خەریکی کاری ڕووتینی و بەڕێکردنە. لەهەمان کاتدا ململانێی سیاسی لە دوو بەرەی سلێمانی و هەولێردا دابەش بووە. ئەم ململانێیە تەنیا لە ناوچەی سەوزی ڕابردوو و ناوچەی زەرد بوونی هەیە. واتا لە دەرەوەی ئەم ناوچانە گەمەی سیاسی بوونی نییە. بەڵکوو هەر لایەک لە ناو خۆیدا توانای رێکخستن یان گەمەی هەیە. بۆیە دەتوانین بڵێین کە بە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی لە نێوان جەمسەرەکاندا کە خاوەن ژینگەی مێژوویی، کەلتووری و سیاسیی خۆیانن، هاتنە ئارای هاوپەیمانییەکی نوێ دەتوانێ بژارەیەکی تر بێ بۆ کیانی سیاسیی هەرێم.

کیانی سیاسیی هەرێم و هاوپەیمانی،

کیانی سیاسی لە هەرێمی کودستان دەرەنجامی هیچ تیور و هیچ فکرێک نییە. بەڵکوو فۆرمێکی رووتی سیاسییە کە دابەشکردنی هێز بابەتی سەرەکییە تێیدا. واتا لایەنەکان هێز دابەش دەکەن، نەک بونیادی سیستەم ساز بکەن. هەر بۆیە دەتوانێ ئەمە دەسپێکێک بێ بۆ ئەوەی بزانین کە دابەشکردنی هێز چۆن دەتوانێ ببێ بە ناسنامەی کیانێکی سیاسی.

کاتێک باس لە دابەشکردنی هێز دەکەین، واتای ئەوەیە کە دوو یان چەن ناسنامەی جیاواز بوونیان هەیە، کە داوای بوون یان سەروەریی خۆیان دەکەن. لە باشوور دوو وردەکەلتوور لە ناو بازنەی ناسنامەی کوردیدا بە هۆی ڕەگی مێژوویی و بەریەککەوتنی سیاسی رەگیان لە کۆمەڵگەی باشووردا داکوتاوە. ئەم ڕەگداکوتانە هەموو جمگەکانی سیاسەت، کەلتوور، ئابووری و کۆمەڵگەی بە خۆیەوە خەریک کردووە. هەر بۆیە کیانی سیاسی وەک سوژەیەکە لەم ململانێیەدا، نەک فاکتەرێک کە ڕەوڕەوەی کیانی سیاسی دیاری بکات.

کاتێک کە جەمسەرە کەلتوورییەکان هەست بە ئارامی بکەن، سیاسەتیش ئارام دەبێ. کاتێکیش کە جەمسەرە کەلتوورییەکان هەست بە نائارامی بکەن، هەموو هاوکێشەیەک دەوەستێ، یان ناکۆکی و بگرە شەڕیشی لێ دەکەوێتەوە. لێرەوەیە کە هاوپەیمانی چارەسەر یان دەرمانێکە کە دەتوانێ رێگەیەک بۆ دەربازبوون بدۆزێتەوە. لەهەمان کاتدا لە ڕەهەندی مێژوویییەوە، هەموو پرۆژەیەکی سیاسی لە هەرێم، هەروەها کیانە سیاسییەکەی دەرەنجامی هاوپەیمانی واتە دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی بووە. بۆیە هاوپەیمانی لە دابەشکردنی دەسەڵات، ئێستا وەک ناسنامەیەک وایە لە باشووری کوردستان.

دەرەنجام

لە کۆتاییی بابەتەکەدا دەتوانین ئاوا بە ئەنجامێک بگەین، کە هاوپەیمانیی نێوان پارتی و یەکێتی دیاردەیەکی نوێ یان غەریب نییە. لەهەمان کاتدا ڕاستییە کۆمەڵایەتی، کەلتووری و ئابووریی باشوور پێمان دەڵێ، کە ژینگەی ڕێککەوتنی ئەم دوو لایەنە لە ڕاستییەوە نزیکە تاکو نموونەی کابینەی بنکەفراوان. چونکە هەر وەک ئاماژەی پێ درا، ژینگەی سیاسیی باشووری کوردستان لەگەڵ نموونەی کابینەی بنکەفراواندا گونجاو نییە. لە ئەقلی باشووری کوردستاندا هەبوونی دوو کوێخا قەبووڵ کراوە و، کاتێک دوو لایەن بەیەکەوە ڕێک دەکەون، کۆمەڵگەیش بە گەشبینییەوە سەیری دەکات. بەڵام نموونەکانی دەرەوەی ئەم مودێلە نەیتوانیوە وڵامدەر بێ. لە لایەکی ترەوە نموونەی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان پێشانی دا کە ململانێی نێوان جەمسەرێک (یەکێتی و گۆڕان) یان ڕێککەوتنیان هۆکاری سەرەکیی نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم هەرێمە، چونکە گرێکە لە دووجەمسەر یان دوو بەرەدایە. هەروەها کاتێک دروشمەکانی کەسانی ناڕازی لە سلێمانی ڕوویان لە هەولێرە، مانای ئەوەیە کە جەمسەربەندی لە مێشک و وێنای خەڵک لە دەسەڵاتداری لە هەرێم، لە دوو خانەدا جێگایان دەبێتەوە.

خانەی سلێمانی لە بەرانبەر خانەی هەولێردا، یان بەپێچەوانەکەی. کە واتە نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی تەنیا نزیکبوونەوەیەکی تاکتیکی نییە، بەڵکوو ژینگەیەکیش هەیە کە یارمەتیدەریان دەبێ. بە تایبەت کە قەیرانی ئابووری ڕۆڵی بەرچاو لەم بابەتەدا دەگێڕێ. دیارە سەرکەوتنیشی گرێ دراوە بەوەی کە ئاخۆ وێنای هاوسەنگیی نێوان جەمسەرەکان هەمان وێنایە، یان سیمایش لە لای ئەو کەسانە ساز دەکات، کە داوای بەشی ناسنامەی خۆیان دەکەن؟ لەهەمان کاتدا ئایا دەتوانێ خەڵکی باشوور لە ژیان و خەیاڵی سەردەمی هاوپەیمانیی ستراتژیک نزیک بکاتەوە، سەردەمێک کە ئەم ڕۆژانە خەڵک ئارەزووی دەکات؟

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples