دەسپێک:
هاتنەئارای بزووتنەوەی گۆڕان وەک بزاڤێکی سیاسی، هەڵگری زۆر مانا و واتای تایبەت بە خۆیەتی. ئەم هاتنە، دەرەنجامی کۆمەڵە هۆکارێک بوون کە کۆچکردوو "کاک نەوشیروان مستەفا"، هەوڵی دا وەک هێزێکی نوێ لە پانتای سیاسەتی کوردستاندا ڕێکی بخات. لە کاتی هاتنەئارای بزووتنەوەی گۆڕان تاکوو ئەمڕۆ، وێستگەی جیاوازی تێپەڕ کردووە. لە هەر یەک لەم وێستگانە کۆمەڵە ئەزموونێکی خستووتە بەردەس، کە دەتوانێ هەڵگری مانای خۆی بۆ تێگەیشتن لەم بزاڤە بێ. ڕەهەندی زاڵ لە خوێندنەوەی گۆڕان، زیاتر لە خانەی ململانێی سیاسییەوە خوێندنەوە لەسەر گۆڕان دەکەن و، حزبە سیاسییەکان پێشەنگی ئەم خوێندنەوەیه دەکەن. لە بەرامبەردا خودی گۆڕان و کەسانی نزیک لەم بزاڤەوە بوونیان هەیە، کە ئەوانیش زیاتر گیرۆدەی کایەی سیاسی بوونە تاکوو تێگەیشتن لە خۆیان. بە واتایەکی تر، گۆڕانیان لە بابهتێکی سیاسی-کهلتوورییهوه، کردووهتە بابەتێکی سیاسیی ڕووت کە تەنیا ململانێی پێوە دەکەن. بەڵام لە دەرەوەی ئەم ڕوانینانە، دەتوانێ تێگەیشتنی تریش هەبێ. بەو واتایە کە ئایا دەتوانین لە ڕەهەندێکی ترەوە سەیری گۆڕان و پەیامەکانی بکەین و، ئاخۆ تێگەیشتن لەم بزاڤە دەتوانێ کاریگەر بێ، یان توانای دیدی ئێمە بەرامبەر بە بوونی ئەم هێزە بگۆڕێ؟ ئەوەی لەم نووسینەدا دەیخەینە بەر باس، ئاوڕدانەوەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو ئاوڕدانەوەیەکی فکرییە لە گوتار و پراکتیکی گۆڕان. بەو مانایە کە نووسەر پێی وایە گۆڕان نوێنەرایەتیی گوتارێکی دەکرد و، ئێستا دەبێ بزانین کە ئەم گوتارە و هێزەکەی لە چ هەلومەرج و پێگەیەکدایە.
پێشەکی:
کۆمەڵگهی مرۆڤی، ژینگەیەکە کە گۆڕان (مهبهست لێرهدا چهمكی "گۆڕان"ه، نهك بزووتنهوهی سیاسیی گۆڕان) یەکێک لە تایبەتمەندییەکانییەتی. بیرمەندی جۆراوجۆر ئاوڕیان لەو گۆڕانانە و هێزە پاڵنەرەکەیان داوهتەوە. بۆ نموونە مارکسیستەکان، سەرمایەداری وەک ژینگەی سەرەکیی گۆڕان و هێزی پاڵنەر لە کۆمەڵگهی مرۆڤی دەزانن؛ بەو مانایەی کە جەوهەری سەرمایەداری، هەڵگری ناکۆکییە و، ئەم ناکۆکییە بەریەککەوتنی هێزەکانی ناو کۆمەڵگهی لێ دەکەوێتەوە و، دواجار فۆرمی باڵادەستی و ژیردەستیی هێزەکان بە ئەنجام دەگات. لە بەرامبەردا لیبراڵەکان جەوهەری کۆمەڵگه بە ژینگەی بەریەککەوتن، یان تێکەوڵاویی ئایدیاکان دەزانن، کە ئەم ململانێ ئایدیایییە، کاریگەری دەکاتە سەر ئەوەی کە گۆڕان ببێتە پرۆسەیەکی بەردەوام لە کۆمەڵگهکاندا. دیارە مارکسیست و لیبراڵەکان لق و تەفسیری جیاوازیان لە تێگەیشتن و لێکدانەوەی ئەم بابەتەدا هەیە، بەڵام هیچ یەک لەوان، کۆمەڵگه وەک ژینگەیەکی چەقبەستوو نابینن کە بەبێ گۆڕان درێژە بە ژیانی خۆی بدات.
پرسێک کە کۆی بۆچوونە فکرییەکانی سەبارەت بە گۆڕان لە کۆمەڵگهکان تووشی هەژان کرد، بابەتی بەجیهانیبوونە. بەو واتایە کە بەجیهانیبوون خۆی، بوو بە بەستێنێک کە لە دەلاقەی ئەوەوە وێنای گۆڕان لە کۆمەڵگهکان بکەین. کاتێک بەجیهانیبوون بە واتای بەجیهانیبوونی سەرمایەداری بێ و، کاتێک بەجیهانیبوون بە مانای شۆڕشی زانیاری بێ و، کاتێک بەجیهانیبوون بە مانای هاتنەپێشی کهلتوور، یان بەریەککەوتنی کهلتوورەکان بێ، لەو کاتەدا واتای گۆڕان دەتوانێ چ ڕەهەندێک بەخۆیەوە بگرێت؟ لێرەدا سەرمایەداری دەبێتە ئامرازێکی کهلتووری و، ئەم ئامرازەیە کە دەبێتە هەوێن و ژینگەی ئاساییکردنەوەی سەرمایەداری و بەرژەوەندییەکانی. لە هەمان کاتدا تێکەڵاوی، یان ئاوێتەبوونی پرسەکان لە ئاستی جیهانیدا، دەبێتە ژینگەیەک کە کۆی پەیوەندی و سیمای کۆمەڵگهکان دەگۆڕێ؛ یان لە لایەکی ترەوە، جۆری پەیوەندیی باڵادەستبوون و ژێردەسبوون گۆڕانی بەسەردا دێ و، دواجار دەنگێکی هاوسەنگ لە ململانێکان دەتوانین ببیسین.
لە دەرەوەی ئەمانە، یەکەم کاریگەریی گۆڕینی ژینگەی گۆڕان لە کۆمەڵگهکان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەجیهانیبوون چۆن کار دەکاتە سەر پێکهاتەی کۆمەڵگهکان. واتە بەجیهانیبوون دەبێتە ژینگەیەک کە زۆربەی ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆڤایەتی دەخاتە ژیر کاریگەریی خۆیەوە. پێکهاتەی کۆمەڵگهکان لە دیارترینی ئەو بوارانەیە کە بەجیهانیبوون بە تەواوی کاری تێ دەکات. ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی کە مارکسیستەکان لە ڕابردوودا قسەیان لەگەڵ دەکرد، بریتی بوو لە ململانێی چینی باڵادەست و چینی ژێردەست. ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی کە لیبراڵەکان لە ڕابردوودا ئامانجیان بوو، چینی ناوەڕاست بوو کە ڕۆڵی پێشەنگی لە بونیادنانی کۆمەڵگهی ئازاددا دەگێڕا. بە هاتنەکایەی بەجیهانیبوون، واتای چینی باڵادەست، ژێردەست و چینی ناوەڕاست گۆڕانی بەسەردا دێ. بۆ نموونە دیاریکردنی ئەوهی کە کێ باڵادەستە و کێ ژێردەست و کێ چینی ناوەڕاستە، زۆر ئەستەمە و، دەکرێ زۆربەی پێوەرەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام بابەتێک دەتوانرێ جیا بکرێتەوە، ئەویش دیاریکردنی ئەو هێزەیە کە توانای بەرهەمهێنانی مانای هەیە. دیارە ئەم هێزە، چینی ناوەڕاستە. بەڵام ئەم چینە، ئیتر وەک ڕابردوو ناتوانێ ڕۆڵی پیشەنگی، یان شۆڕشگێڕانە بگێڕێ، بەڵکوو دەتوانێ یارمەتیی ڕۆڵگێرانی ئەو بوارە بدات. بۆیە ئێمە لەگەڵ هەلومەرجێکدا ڕووبەڕووین کە کۆی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگهکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و، ئێستا ڕووبەڕووی نەوەیەکین کە ناتوانێ پێشەنگ بێ و، ناتوانێ هەڵگری ئەو بەها ئایدۆلۆژییەکانە بێ کە لە سەردەمی شەڕی سارددا ئەزموون کران، بەڵام دەتوانێ هەوێن و پێخۆری هەموو ڕابوون و سەقامگیری و ناسەقامگیرییەک ساز بکات.
لە گریمانەیەکی سەرەتاییدا دەتوانین ئاوا باسەکە بخەینە ڕوو، کە گوتاری بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە باشوور پاش ساڵانی ١٩٩١ تاکوو ٢٠٠٩، نەیتوانی فۆرمی بوونی خۆی بگۆڕێ. بەو مانایە کە گۆڕانکارییە جیهانییەکان و گۆڕانکارییەکان لە پێکهاتەی کۆمەڵگهی کوردیدا بە ناوچە جیاوازەکانییەوە بناسێت. بۆیە هەوێنی ڕەخنە و بەرەنگاری سەریان هەڵدا. ئەم سەرهەڵدانە لە لایهن خەباتکارانی دوێنێوە بوو، کە بەشێکیان توانییان واقعە نوێیەکان ببین و، خۆیان بکەن بە نوێنەری ئەو واقعانە و، لە ئەنجامدا بزووتنەوەی گۆڕان هاتە ئاراوە. هەرچەن بزووتنەوەی گۆڕان لە بواری تیۆریدا هەژار بووە و، تاکوو ئەمڕۆیش هەر هەژارە. بەڵام توانیی خۆی وەک نوێنەری بەریەککەوتنی ڕزگاری و دەنگی خەڵک بناسێنێت. لە کۆی ستراتیژ و پراکتیکی ئەم بزاڤە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ژینگەی کۆمەڵایەتی و کهلتووریی ئەم بزاڤە، لە نەوەیەکەوە دێ کە دەقاودەق هەمان نەوەیە کە بەجیهانیبوون بەرهەمی هێناوە. نەوەیەک کە گرێدراوی چینی ناوەڕاستە، هەڵگری هیج ئایدیۆلۆژییەک نییە، نازانێ و بە لایەوە گرینگ نییە کە شۆڕش چۆن بووە و، بە لایەوە گرینگە کە گوزەرانی خۆش بێ، تێگەیشتنی بە ڕاددەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و، لە کۆتاییدا ڕاگرتنی، پێویستیی بە زمان و مانای تایبەت بە خۆی هەیە.
بزووتنەوەی گۆڕان
بزووتنەوەی گۆڕان هەڵقووڵاوی ململانێیهکی سەختە کە خودی کۆمەڵگهی کوردستان و دەسەڵاتەکەی بەرهەمی هێناوە. بەو مانایە کە کۆمەڵگهی کوردستان وەک هەموو کۆمەڵگهکانی تر لە ململانێیهکی سەختی مەعریفی و گۆڕانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. ئەم ململانێیه چەندەی لە کۆنترۆڵی کوردستاندایە، دەیان جار زیاتر لە کۆنترۆڵی کۆی ئەو گۆڕانکارییانەدایە کە لە ئاستی جیهانیدا هاتوونەتە ئاراوە. ئەگەر سەیری ئەندامان، ڕێکخستن، گوتار و هەیکەلی گۆڕان بکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە گۆڕان هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی تر خۆی بە کۆمەڵگهی کوردی بناسێنێت و، دونیابینیی تر لە سیاسەت لە کوردستان بخاتە بەردەس. گرینگ نییە کە ئەم دونیابینییە کێشەی هەیە یان نە، گرینگ ئەوەیە کە ئەوان چێژ لەم دونیابینییە وهردهگرن. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیه بابەتێکی ئاسایییە بۆ نەوەیەک کە تەنیا بەهای ژیانی، گوزەران و ئازادییە. چونکە سروشتی وایە و، ئەم سروشتە هەمووی دەسکرد نییە، بەڵکوو بەشێکی زۆری لە هەمان نەوە دەچێ کە لە وڵاتانی دراوسێ، یان لە ئاستی جیهانیدا دەبینرێ.
ئێستا، کە "گۆڕان" ڕێبەرەکەی خۆی لەدەست داوە، قووڵاییی بزوتنەوەی گۆڕان لە بواری ستراتیژی و پراکتیکەوە دەردەکەوێ؛ واتا هەڵگری ستراتیژییەکی ئاڵۆز و پراکتیکێکی ناڕوونن. بۆیە لە کاتێکدا هەمووان داوای ئەوە دەکەن کە بەرامبەر بە ڕێفراندۆم هەست بە بەرپرسیارێتی بکات، بەڵام گۆڕانەکان بە هەمان ساز کار دەکەن کە خۆیان پێیان خۆشە. گرێی سەرەکی ئەوەیە کە گۆڕانەکان لە لای حزبهكانی تر ڕەکابەریان نییە، یان هێزێکی تر نییە کە هاوسەنگیان بکات. بەو مانایەی کە نەوەی نوێی "پارتی" و "یەکێتی" و حزبەکانی تر، لە جەوهەری بوونیاندا بهوانەی گۆڕان ناچن، بەڵکوو لە پیاوانی دەسەڵاتداری ناو حزبهکانی خۆیان دەچن. نە پارتی و نە یەکێتی، تاکوو ئەمڕۆ نەیانتوانیوە پاڵپشتیی نەوەیەک بکەن کە لەگەڵ نەوەی ئەمڕۆدا یەکانگیر بێ. بۆیە لە دیالۆگی ڕۆژانەدا ململانێیهکی نایهكسان هەیە. ململانێی گوتار و نەوەی ڕابردوو و گوتار و پراکتیکی گۆڕانەکان.
لە بواری ستراتیژیدا، گۆڕان دوچاری سەرلێشواویی ستراتیژیکە. واتا ناتوانێ بیر لە مەودای زۆر دوور بکاتەوە و، زیاتر حەز دەکەن کە زوو بە ئەنجام بگەن. ئەمە یەکێکە لە خەسڵەتە جەوهەرییەکانی نەوەیەک کە پاش کۆچی "کاک نەوشیروان" دەنگی بەرزترە و، خەسڵەتێکی بەتەواوی سروشتییە. بۆ نموونە ئەگەر سەیری بکەین مەودای نێوان هاتنەکایەی گۆڕان و گەیشتنیان بە دەسەڵات، مەودایەکی زۆر کەمە. لە کاتێکدا بزاڤی لەم شێوەیه لە ناوچەکە، لانی کەم یەک دەیە کاری کهلتووری و سیاسییان کردووە تاکوو سۆکانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرن؛ كهچی گۆڕانەکان دەیانەوێ بە زووترین کات ڕێگهیەکی دوورودرێژ ببڕن. لە نموونەی مامەڵەی ئەوان لەگەڵ یەکێتی، یان پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم، یەکێتی وەک هێزێک کە بۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵە لە ژیانی سیاسیدایە نایبینن، یان پارتی وەک حزبێک کە زیاتر لە ٧٠ ساڵە لهناو سیاسەتدایە نایبینن؛ بۆیە زوو بەسەر یەکێتیدا باز دەدەن و، بە شەوێکیش دەیانەوێ پارتی پەراوێز بخەن. ئەم خەسڵەتە هەمان ئهو خەسڵەتەیه کە نەوەی سەردەمی بەجیهانیبوون لە نموونەی میسر و وڵاتانی عەرەبی لە کاتی بەهاری عەرەبیدا پێشکەشیان کرد.
بەگشتی گۆڕان هەڵگری خەسڵەتی تایبەت بە خۆیەتی. ئەگەر سەردەمانێک کاک نەوشیروان دەیتوانی ئەم خەسڵەتانە کۆنترۆڵ، یان هاوسەنگ بکات، بەڵام ئەمڕۆ بە کۆچی، مەودای زیاتری بۆ ئەو هێزە ڕەخساندووە کە لە قووڵاییی گۆڕاندا بوونی هەیە و، دەتوانێ بە هەر لایەکدا بیەوێ بیبات.
کایەی سیاسیی باشوور و گۆڕان
مەنتقی کایەی سیاسی لە باشووری کوردستان، مەنتقێکە کە داڕێژەرانی بە کەرەسەی کۆنەوە دەیانەوێ سیاسەتی نوێ بەرهەم بێنن. بە واتایەکی تر، کەمتر ئاوڕ لەو گۆڕانکارییانە دەدەنەوە کە لە ژینگەی کۆمەڵایەتیی باشووردا هاتوونەتە ئاراوە، بۆیە دەیانەوێ ئەو تێگەیشتنەی خۆیان لە کۆمەڵگه هەیانە، بیکەن بە ڕاستی. بەڵام ئەمە لەگەڵ هێزی مەعریفی و هێزی پراکتیکیی ئەواندا ناگونجێ و، هێزی دەرەوەی ئەوان، واتا ئاستی جیهانی زۆر لەوان بەهێزترە. لە لایەکی ترەوە جەوهەری ڕێکخستنی کۆمەڵگه لە پانتای سیاسیی باشووردا لە هەبوونی ماناوە سەرچاوە ناگرێ، بەڵکوو لە گریدراوییەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە نەوەی ئەمڕۆ ئالوودەی مانایە و، ئەو مانایانە کە بە کەمترین تێچوون بەدەستی دەگات، وێنای جیهانێکیان بۆ ساز دەکات کە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لە کوردستان هەیە. لێرەدایە کە بۆشایییەک لە ڕێکخستنی کۆمەڵگهدا ساز دەبێ و، ئەو بۆشایییە هەمان مەودایە کە دەتوانێ بێ بۆ هێزەکانی تر ژینگەیەکی باش.
خاڵی بەرچاو و زۆر سەرنجڕاکێش لە کایەی سیاسی لە هەرێم، جۆری مامەڵەی ئەوانە لەگەڵ نەوەیەک کە خەریکە بەجیهانیبوون ئەزموون دەکات. ئەوەیش ئەوەیە کە وەک دەیەکانی ڕابردوو بەدوای سازکردن، یان بەرهەمهێنانی نەوەیەکن کە پشتی جبهەی ئەوان بێ، نەک ئەو نەوە ناوەندی گۆڕانکارییەکان بێ. واتا نەوەی سەردەمی بەجیهانیبوون بتوانێ ڕۆڵ و کاریگەری لە کایەی نوێیەکاندا هەبێ. لێرەدایە کە دیسان ناکۆکییەکان سەر هەڵدەدەن و، دەکرێ کۆمەڵێک نەوەی نوێت لەگەڵدا بێ، بەڵام ئەم نەوەیه زۆر جیاوازتر سەیری جیهان دەکات و، دواجار دەتوانێ بەئاسانی دابڕان ساز بکات. لە کۆی ئەوەی باسمان کرد، دەتوانین وێنای ئەوە بکەین کە کایەی سیاسی لە هەرێم چۆن سەیری گۆڕانخوازی دەکات، یان چۆن خۆی ڕۆڵی لە بەرهەمهێنانی گۆڕانخوازیدا هەبووە.
دەرەنجام:
لە کۆتاییدا دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە ئەو نەوەیەی کە بە دەوری گۆڕانەوە کۆ بوونەتەوە، هەڵگری ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆیانن. بۆ ئەوەی تێگەیشتنێک لەوان بوونی هەبێ، دەبێ لە ناوەرۆکی ئەم ناسنامەیه بگەین. بەو مانایە، کە دەبێ بزانین نەوەیەک کە پاڵپشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات چ تایبەتمەندیگەلێک لە ناسنامەکەیاندا هەیە کە وایان لێ دەکات وەک یاخی بێنە بەرچاو، تاکوو مرۆڤگەلێک کە کوردستانیان خۆش دەوێ. ئەوانیش کوردستانیان خۆش دەوێ، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە دیدیان بەنیسبەت کوردستانەوە جیاوازە. ڕۆژگارێک کاک نەوشیروان توانیی ئەوان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و ڕۆڵیان پێ بدات. لەمڕۆیشدا ئەگەر کەس یان لایەنێک بیەوێ ئەم هێزە لە پانتاییی سیاسیی کوردستاندا بەشدار بکات، دەبێ سەرەتا لێیان بگات و پاشان ڕێخکستنیان بۆ بەرهەم بێنێ. ململانێکردن لەگەڵ ئەم هێزە لەم کاتەدا هەڵەیە، چونکە لە ئەساسی خۆیدا هەڵگری هەموو تایبەتمەندییەکن بۆ ململانێ و، بگرە زۆریشیان پێ خۆش دەبێ. ئێستا کە کاتی ڕێفراندۆمە، دەکرێ ئاوڕ لە ناسنامە و تواناکانیان بدرێتەوە، بەتایبەت لە لایهن ئەو بەشە لە پارتی و یەکێتی، کە باشتر دەتوانێ لە زمان و ناسنامەی گۆڕان بگات. چونکە لەو باوەڕەدام کە تێگەیشتن لەم هێزە و گەڕانەوەیان بۆ ناو پانتای سیاسی، دەتوانێ هەوێنی چارەسەرکردن، یان بەستێنی چارەسەرکردنی کۆمەڵە کێشەیەک بێ کە باشووری کوردستان ڕووبەڕوویەتی.