پوختەی باسەکە:
هەڵوێستی هێندێ لە کەس و لایەنە سیاسییەکان لە گەڕانەوە بۆ بەغدا و داواکردن لە بەغدا کە مکانیزمی پارێزگاکان پەیڕەو بکات، یەکێکه لەو بابەتانەی کە لە زۆر بوارەوە جێگهی ڕاوەستەکردنە. لە هەمان کاتدا ئەم بابەتە لە زۆربەی بەشەکانی کوردستاندا ڕەنگی دایەوە. دیارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە گوتاری ناسیۆنالیستی، هێز و تواناییی زۆرترە، زیاتر لە بەشەکانی تری کوردستان باسی لەسەر کراوە و، بەپێچەوانە لە باکوور و ڕۆژاوا بە هۆی ڕۆژەڤە سیاسییەکان و ئەقڵییەتێک کە کوردایەتی لەوێ پێناسە دەکات، بەهەستیارییهكی کەمتر وەرگیراوە.
بە هەر حاڵ ئەم پرسە لە باشوور، سەرۆکی هەرێم، سەرۆکوەزیران و حزب و لایەنە سیاسییەکانی ناچار کرد ڕای خۆیان لەو بوارەدا دەرببڕن. لە دەرەوەی پانتای سیاسی و گەمە سیاسییەکان، چۆن دەتوانین بیر لەم بابەتە بکەینەوە یان ئاوڕی لێ بدەینەوە؟ واتا چۆن دەتوانین ئاوڕێک لە جەوهەری ئەم پرسە بدەینەوە، کە چۆنە هێز و لایەنی سیاسی، ئامادە دەبێ پەنجە بخاتە سەر هێڵە سوورەکانی کۆمەڵگەی کوردی و بزاڤەکەیەوە؟ یان چ شتێک دەبێتە پاڵنەر، کە هێز و لایەنی سیاسی بەبێ هەستکردن بە مەترسی و داهاتووی سیاسیی خۆی، بەئاشکرا و دەنگی بەرز باس لە بابەتێکی ئاوا بکات؟ لێرەدا بە ئاوڕدانەوە لە كهموكوڕی و خودی جەوهەری ناسنامەی کوردی، دەمانهەوێ ڕاڤەی ئەم بابەتە بکەین و، ئەگەر بکرێ بەشێک لە ڕاستییەکانی بخەینە ڕوو.
پێشەکی:
ناسنامە و ئاوڕدانەوە لێی، لە پانتای زانستی سیاسەت و کۆمەڵناسیدا لەو بابەتانە بووە کە ئەمرۆیشی لەگەڵدا بێ، جێگهی باس و ڕاڤەکردنە. لە خوێندنەوەی پرسی ناسنامە، ئەوەی زۆرترین بەهای وەرگرتووە، ناسنامەی نەتەوەیییە. واتا ناسنامەیەک کە دەتوانێ وێنایەکی هاوبەش و یەکگرتوو لە نێوان تاکەکانی نەتەوەیەکدا بەرهەم بێنێت. ئەم ناسنامەیه دەتوانێ لە دەرەنجامی گۆڕان لە بەستێنی کۆمەڵایەتی-ئابووریدا، فۆرمێک بە خۆیەوە ببینێ. لە هەمان کاتدا ئەم ناسنامەیه، دەتوانێ هەڵگری ئەو مانایە بێ کە بڵاڤۆکەکان سازی دەکەن و، وێنایەکی هاوبەش لە نەتەوەبوونی لێ دەکەوێتەوە. لە لایەکی ترەوە بزاڤێکی سیاسی، دەتوانێ ڕۆڵی لە بەرهەمهێنانی ئەو ناسنامە گشتییەدا هەبێ و، لە دواییدا نوخبە، یان سەرچڵەکانی کۆمەڵگەیش دەتوانن خاوەنی ئەو ڕۆڵە بن، کە چۆن ناسنامەیەکی نەتەوەیی بخوڵقێنن یان بەرهەمی بێنن. بەگشتی ئەم ناسنامەیه، کاتێک لەگەڵ دەوڵەتدا تێکەڵ دەبێ، فۆرمی دەوڵەت-نەتەوەی لێ دەکەوێتەوە کە تاکوو ئەمرۆ دیارترین ئەکتەری پانتای نێونەتەوەیییە. لە هەمان کاتدا هەر ئەمە شوناسێک ساز دەکات، کە تاکەکان لەو ڕێگەوە پێناسەی بوونی خۆیان دەکەن.
لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە، ئاخۆ ناسنامەی کوردی توانیویەتی سیما و ناسنامەیەکی گشتی بەرهەم بێنێت، یان "وردەناسنامەکان"ن کە چارەنووسی نەتەوە و ناسنامەکەی بەدەستەوە دەگرن؟ لای کورد بابەتی ناسنامەی نەتەوەیی، تاکوو ئێستا لە تراژێدی، نەهامەتییەکان و جۆری دیتنی جیهانی دەرەوەی کورددا بوونی هەبوو. واتا کاتێک کورد تووشی تراژێدی و ئازار دەبێتەوە، دەتوانێ ناسنامەیەکی هاوبەش ببینێ. لە هەمان کاتدا دراوسێ و جیهانی دەرەوەیش، کورد وەک نەتەوە و ناسنامەیەک، جیاواز لە دراوسێکانی دەبینێ. بەڵام ئەم ناسنامەیه لە ئاستی سیاسی و پرۆژەی سیاسی، بەرەوڕووی کۆمەڵە کێشەیەکی جددییە کە ناسنامە بچووکەکان ڕەوڕەوەکەی دەگۆڕن. بەو مانایە کە کاتێک کوردبوون دادەبەزێتە سەر کیانی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی، ناسنامەی گشتی توانای خۆی لەدەست دەدا و، وردەناسنامەکان ڕۆڵ و کاریگەریی خۆیان پێشان دەدەن. لەم بوارەدا، باشووری کوردستان نموونەیەکی ڕاستەقینە و بەرچاوە.
لە تێگەییشتنی سەرەتاییی بابەتەکەدا دەتوانین ئاوا وێنای بکەین، کە ئەوەی لە باشووری کوردستان ڕوو دەدات، ناکارامەبوونی ناسنامەی گشتییە لە ئاراستەکردنی سیاسەت، کەلتوور و کۆمەڵگه. لەم نێوەدا وردەناسنامەکانن کە لە بەستێنی خۆیاندا ناسنامەی گەورەن، چارەنووسی ناسنامەی نەتەوەیی دیاری دەکەن و، لە کۆتاییدا ئەم وردەناسنامانەیە کە دەبنە هۆی وێنە پارچەپارچەکراوەکانی ناسنامەی کوردی. نموونەی هەرە بەچاو لە توانای ئەم وردەناسنامانە لە باشوور، لە نێوان سلێمانی و هەولێردایە. ئەم دوو "وردەکەلتوور"ە لە بازنەی ناسنامەی کوردیدا، هەڵگری خەون و خەیاڵێکی جیاوازن. بۆیە خۆیان بە ئازاد دەبینن لە پەیڕەوکردنی هەر سیاسەت و ئاراستەیەکدا. لەبەر ئەوەی نەبوونەتە سابجێکت، یان بەرکاری ناسنامەیەکی گشتی و فراوان لە ئاستی نەتەوەیەکدا، بۆیە خۆیان وەک ناوەندێک پێناسە دەکەن. لێرەوەیە کە یەکەم، ئەوی ترەکەیان دەگۆڕێ و، هەوڵی تێکشکاندنی یەکتر دەدەن، تهنانهت ئەگەر داگیرکەریش قازانج بکات. هەروەها جۆرێک لە هەقیقەت بۆ خۆیان دەبیننەوە، کە ڕەوایی ببەخشنە پرۆژەکانیان. بەگشتی، ئەوەی لە ململانێی سیاسیدا لە باشوور دەبینرێ، لە ڕاستیدا وردەناسنامەیەکە کە ئاوێتەبوون بە ناسنامەی نەتەوەیی، بە خەتەر و مەترسییەکی گەورە سەیر دەکات. بۆیە پاڵدان بە داگیرکەر و ناوەندەکەی، بە بابەتێکی ئاسایی دەبینێ و، بەزاندنی هێڵە سوورەکان بە سوور نازانێ، بەڵکوو وەک مافێکی ڕەوا سەیری دەکات و هەوڵی تیۆریزەکردنیشی دەدات.
وردەناسنامەی سلێمانی
وردەناسنامەی سلێمانی بەرهەمی سێ فاکتەری سەرەکییە.
یەکەم: مێژوو، کە دار و موڵکی بابان بێ
دووەم: کەلتوور، کە بەرهەمی شاعیران و ناوەندی ڕۆشنبیری کوردی
سێیەم: ئایدۆلۆژی، کە دەرەنجامی ئەقڵییەت و گوتاری چەپە
ئەم وردەناسنامهیە، خۆی بە خاوەنی مێژوویەک دەزانێ، کە ئیدارەی تێدا بووە و چەندین دەیە ئەزموونی دەسەڵاتداری لەو ناوچەدا هەبووە. بۆیە ئەوە وەک میراتێک دەزانێ کە دەتوانێ ڕەوایەتی بە دووبارەکردنەوەی ئەو مێژووەی پێ بدات. لەم سۆنگەوەیە کە خۆی وەک ناسنامهیهكی باڵادەست دەبینێ و لەو ڕێگەیهوە، بە دوای فۆرمی جیاوازدا دەگەڕێ، تاکوو سەربەخۆییی خۆی بەرانبەر بە ناسنامهی کوردستانی لەدەس نەدا و، وەک ناوەندێکی مێژوویی بمێنێتەوە.
کاتێک نموونەیەک لە دەسەڵاتی ئیداری لە ناوچەیەکدا هەبێ، لەگەڵ خۆیدا ناوەندی کەلتووری و بەرهەمی مێژووییش ساز دەکات؛ واتا دەسەڵاتداری، دەبێتە هۆکاریک کە ماددەی فکریش بەرهەم بێت تاکوو لەو ڕێگەیهوە توانا و شەرعییەت ببەخشێتە شێواز و دابەزینی دەسەڵاتداری. لەم بوارەدا کاتێک دار و موڵکی بابان هەبووە، هاوکات بواری کەلتوور و ڕۆشنبیرییش گەشەی کردووە، کاتێک ئەم بوارە گەشە دەکات، دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێش ناوچانەی تر بکەوێت کە هەڵگری ئەم تایبەتمەندییە نین. بۆیە ئەمرۆیشی لەگەڵدا بێ، سلێمانی خۆی بە ناوەند و پایتەختی ڕۆشنبیریی کوردی دەزانێ و، ئەمە وەک سەرمایەیهک سەیر دەکات کە خۆی لە بواری مەعریفییەوە لە بەش و شارەکانی تری کوردستان سەرتر بزانێ و، لەو ڕێگەیهوە بونیادەکانی مانای خۆی لە ئاستێکدا نەبینێ کە ئاوێتەی ئەو شوێنانەی تر بێ، کە مێژوویان ناگاتە ئەوان و ئەزموونی ڕۆشنبیرییان کەمە.
جهنگی سارد، ئەو وێستگە گرینگە بوو کە لە کوردستانیش ژینگەی خۆی دیتەوە. بە هاتنی ئەم ئایدۆلۆژییە، وردەناسنامهی سلێمانی گوتارێکی دیتەوە کە پاڵی پێوە بدات و، میراتی شۆڕشی ئەیلوول بباتە ژێر پرسیارەوە. بە مانایەکی تر، ئەم ئایدۆلۆژییە، بوو بە کەرەسەیەک بە دەست ئەو وردهناسنامهوە تاکوو بە پێخۆری مێژوویی و ڕۆشنبیری، ناوەندێکی سیاسی بۆ خۆی دابمەرزێنێت. ئەم ناوەندە ساز بوو و، دواجار وای کرد کە شەڕی خۆکوژی و "ڕێككهوتننامهی ستراتیژی"ی لێ بکەوێتەوە. بەگشتی ئایدۆلۆژیی چەپ، بوو بە هەوێنێک تاکوو بنەمایەکی سەردەمییانە بۆ ویستە ناسنامهیییەکانی ساز بکات و، لە قەیرانی پەراوێزبوون ڕزگاری بکات.
بەگشتی وردەناسنامەی سلێمانی، هەوڵی داوە کە بە کەڵکوەرگرتن لە مێژوو، کەلتوور و ئایدۆلۆژی، بوونی خۆی بەردەوامی پێ بدات و ڕێگە بە ناسنامەی سەرەوەی خۆی، واتا ناسنامەی نەتەوەیی نەدات کە جێگهی پێ لێژ بکات. بە واتایەکی تر ئەم وردەناسنامەیه هەیمەنەیەکی بۆ خۆی پێناسە کردووە کە تەنیا گرێدراوی ئەمرۆ نییە، بەڵکوو لە پرۆسەیەکدا بەرهەم هاتووە.
گۆڕان وەک نوێکەرەوەی وردەناسنامەی سلێمانی
بزووتنەوەی گۆڕان لە پێشخانێکەوە هاتووهتە ناو سیاسەتەوە، کە کاراکتەرە سەرەکییەکانی ناو ئەم بزاڤە باوەریان بە مێژوو، کەلتوور و باڵادەستیی ئایدۆلۆژیکی ئەم وردەناسنامەیه هەیە. لە بنهڕهتدا، گۆڕان بەرهەمی دوو بابەتی بەیەکەوەگرێدراوە. یەکەمیان كهوموكوڕییەکانی دەسەڵاتداریی کورد لە باشوور و، ئەوی تریان شکست یان لاوازیی گوتاری وردەناسنامهی سلێمانی بەرانبەر بە هەولێر. كهموكوڕیی دەسەڵاتداریی کوردی، هەوێنی ئەوە بوو کە گۆڕان لە دابەزین بەرەو کۆمەڵگهی باشوور، بتوانێ لایهنگر بۆ خۆی کۆ بکاتەوە و، لاوازیی ناسنامهی سلێمانی بەرانبەر بە هەولێر، بوو بە هەوێنی ئەوەی کە یەکگرتوویی و نوێنەرایەتیی خۆی سەبارەت بەم وردەناسنامهیە سەقامگیر بکات، یان خۆی وەک نوێنەری ئەو وردهناسنامهیە بداتە ناسین. گۆڕان لە بەئەنجامگەیاندنی ئەم سیاسەتە، بە لاوازکردنی یەکێتی، سەر کەوت. بەڵام کاتێک هاتە مەیدانی هەولێرەوە، تێکەڵ بە ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوو. لەم نێوەدا پرسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە ئەوان وەک نوێنەر و باڵادەستی ناسنامهی سەرووی خۆیان هەژماری دەکەن، بوو بە وێستگەیەک کە ئیتر گۆڕان نەتوانێ ڕێگهیەکی بۆ ببینێتەوە و، ناچار گەییشتنە ئەو ئەنجامەی کە، کۆتایییەکەی گەڕانەوەیه بۆ مودێلی فیدراڵیی پارێزگاکان.
گۆڕان لە پرۆسەی خۆڕێکخستندا، لەیادی نەکرد کە لە چ پیشخانێکی مێژووییدا گەمە دەکات، لە بیری نەکرد کە پاڵ بە چ کەلتوورێکەوە دەدات. بەڵام لە هەمان کاتدا دەیزانی کە ئایدۆلۆژیی چەپ، ئیتر ئەو مانا و واتایەی نەماوە کە پاڵی پێوە بدات و، لەو ڕێگەوە پاڵنەر و هاندەری مانایی بۆ خۆی ساز بکات. لێرەدا بوو کە گۆڕان بەرەو لیبرالیزم و، لە نموونەی دەسەڵاتداریدا بەرەو نموونەی دامەرزاوەیی چوو. بە مانا لیبراڵییەکە، جهنگی یەکێتیی سۆسیال دیموکرات و پارتی ناسیۆنالیستی، خستە دەستوری کاری خۆیەوە. سۆسیال دیموکراسی، یەکێتیی لاواز کرد و ناچاری کرد لە مودێلی پارتی نزیک ببێتەوە. لە بەرانبەردا هەرچەند گرفتی بۆ مودێل و گوتاری پارتی ساز کرد، بەڵام نەیتوانی لێی بباتەوە.
لە ئێستادا گۆڕان، کە لە گەمە ناوخۆیییەکاندا تووشی کێشە هاتووە و، لە هەمان کاتدا گوتارەکەی مانا و واتای جارانی نەماوە، پرسی فیدراڵیی پارێزگاکانی هێناوەتە ڕۆژەڤەوە تاکوو لەو ڕێگەیهوە خۆی وەک نوێنەری وردەناسنامەکە بهێڵێتەوە. بەگشتی، بونیادی جهنگەکە لە ئەساسی خۆیدا، جهنگی یەکگرتوویی و نوێنەرایەتیی وردەناسنامهکەیە، کە وا دەکات گۆڕان لە هیچ سیاسەتێک سڵ نەکاتەوە. لە لایەکی ترەوە گوشاری ئابووری، وا دەکات کە گۆڕان بە دوای لەدەسنەدانی سۆزی هاوناسنامەکانی بڕوات و، گرینگ نییە کە بەهاکەی لە پانتای ناسنامەی نەتەوەی کورددا چی دەبێ.
دەرەنجام:
لە کۆتاییدا دەتوانین ئاوا کورتی بکەینەوە، کە ئەوەی لەم ڕۆژانە لە پانتای سیاسیی کوردستان بەرانبەر بە یەکگرتووییی کوردستان دەکرێ، قەیرانی وردەناسنامەیە. قەیرانێک، کە وێنای پەراوێزبوون، وەک مەترسی و خەتەرێکی گەورە دەبینێ. کاتێک ئەم قەیرانە، بونیادی و فراوان دەبێ، هێزێکی وەک گۆڕان سەرچاوەی کێشەکانی خۆی لە کوردستان دەبینێ، نەک لە ناوەندی داگیرکەرەوە. بۆیە ئاوێتەی هەموو گەمەیەک دەبێ، تاکوو "ئەوی تر"ەکەی کە هەولێر بێ، لاواز بکات و خۆی لە مەترسییەکان ڕزگار بکات. لێرەدایە کە پرۆژەی فیدراڵیی پارێزگاکان، وەک دەرفەتێک دەبینرێ کە هەم بەرانبەرەکەی لاواز بکات و، هەمیش خۆی وەک فریاڕەسی هەڵگرانی وردەناسنامەکە بناسێنێت و، لەم ڕێگەیهوە ژینگەی سیاسی و کەلتووریی خۆی ئارام بکاتەوە. بەگشتی، بنهچهی گرفتەکان لە ترسێکەوە سەرچاوە دەگرێ کە کەڵەکەبوونی قەیرانەکانی ناو ئەم وردەناسنامهیه، پاڵیان پێوە دەنێ. ئەو ترسەی کە ژێرخانی وردەناسنامهی سلێمانی، ڕووبەرووی مەترسی دەکاتەوە و، ئیتر مەودایەک بۆ دار و موڵکی بابان، ناوەندی ڕۆشنبیری و باڵادەستیی ئایدۆلۆژیک ناهێڵێت. بۆیە ناسنامهیهك لە قەیراندا بێ، ههموو شیمانه (ئیحتیمال)ێك ههڵدهگرێ.