ده‌سپێك:
له پاش ڕووداوه‌كانی كه‌ركووكه‌وه، خه‌می گه‌وره‌ی باشووری كوردستان بووه‌ته ئه‌وه‌ی كه چۆن له‌م دۆخه ده‌ربازی بێ. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ڕێكار و پرۆژه‌ی جۆرراجۆر ده‌خرێنه ڕوو. له هه‌موو ئه‌م پرۆژانه‌دا جۆرێك له بێتمانه‌یی و سه‌رلێشێواوی دیاره. بێمتانه‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ژینگه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه و، سه‌رلێشێوایی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی بونیادێكی فكری كه چۆن پرسه‌كان شی بكاته‌وه. واتا به كام لێكدانه‌وه بگات، بۆ ئه‌وه‌ی باشوور له‌و ڕێگه‌وه هه‌نگاوه ستراتژییه‌كانی خۆی یه‌كانگیر بكات. له ئاستی یه‌كه‌م، واتا دڵنیانه‌بوون له داهاتوو وه‌ك درمێكه كه چاره‌سه‌ركردنی به عه‌قڵییه‌تی باو ناكرێت؛ عه‌قڵییه‌تێك كه داوای گه‌ڕانه‌وه بۆ هاوسه‌نگیی هێز له هاوكێشه سیاسییه‌كانی سیسته‌می په‌ككه‌وتووی هه‌رێم ده‌كات، به‌ڵكوو عه‌قڵێكی ناباوی ده‌وێ كه له كه‌ره‌سه و ئامرازی تر بۆ گه‌یشتن به سه‌قامگیری و هه‌ستانه‌وه‌ی سیسته‌می سیاسی كه‌ڵك وه‌ربگرێت. له هه‌مان كاتدا دیدی ئێمه به‌رامبه‌ر به دونیای ده‌ره‌وه جێگه‌ی پرسیاره؛ له‌و ڕه‌هه‌نده‌وه كه ئێمه گلۆبالیستییانه بیر ده‌كه‌ینه‌وه و جیهانی ده‌ره‌وه ڕیالیستانه. له لایه‌كی تره‌وه ژێرخانی فكریی ئێمه له چوارچێوه‌ی ماف و ئه‌خلاقدا خۆی پێناسه ده‌كات، له كاتێكدا ئه‌مه پێناسه ئه‌كته‌ره بێده‌سه‌ڵات و په‌راوێزه‌كانه له هاوكێشه سیاسییه‌كاندا، نه‌ك ته‌ماحی ئه‌كته‌رێك كه بیه‌وێ گه‌وره بێ.
له كۆی ئه‌مانه، ئه‌وه‌ی به‌رچاوی هه‌موومان ده‌كه‌وێ په‌ككه‌وتنی سیاسه‌ته له هه‌رێم له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه. به‌و مانایه كه هه‌مووان چاوه‌ڕێی ده‌ستێكی نادیارن تاكوو ببێته ئالیكاری باشوور بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه. بۆیه ئه‌وه‌ی لێره‌دا به لای نووسه‌ره‌وه گرینگه، خستنه‌ڕووی جه‌وهه‌ری ئه‌م دۆخه‌یه تاكوو له‌و ڕێگه‌وه بتوانین به‌رچاوڕوونییه‌ك بۆ سیاسه‌تی له‌مه‌ودوای باشوور بخه‌ینه به‌رده‌ست.
پێشه‌كی:
سیاسه‌ت له جیهاندا له نێوان دوو گوتاردا وێنای سه‌ره‌كیی خۆی ده‌رخستووه. له وێنه‌یه‌كدا ئایدیالیزم هه‌یه له نموونه‌ی لیبراڵی، ماركسیستی و ناسیۆنالیستیدا به جوانترین شێوه وێنا كراون. له به‌رامبه‌ردا ڕیالیزم هه‌یه كه توانیویه‌تی له ئاستی ناوخۆییدا جڵه‌وی سیاسه‌ت به‌ده‌سته‌وه بگرێ و، هه‌میش له دونیای ده‌ره‌وه هاوسه‌نگی به‌رهه‌م بێنێ. كاریگه‌ریی ململانێی ئایدیالیزم و ڕیالیزم مێژوییه‌كی دوورودرێژی هه‌یه كه باوه‌ڕمه‌ندانی ئه‌م گوتارانه نموونه‌ی مێژوویی و ئه‌مڕۆییی بۆ دێننه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ڕاوه‌سته‌كردنه، گیرۆده‌بوونی مرۆڤه به‌ده‌س ئه‌م دوو گوتاره سه‌ره‌كییه‌وه. كه‌سانێك وه‌ك "ویلسۆن" و "ڕۆزڤێڵت"ی ئه‌مریكی، ئایدیالیزمی ئه‌مریكی له ئاستی ناوخۆیی، ده‌كه‌ن به به‌هێزترین دیموكراسی و زلهێزبوون؛ له هه‌مان كاتدا "لێنین" و "مائۆ" ئایدیالیزمی ماركسیستی، ده‌كه‌ن به "یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت" و "چین"ی ئه‌مڕۆ.
له‌ولاوه ڕیالیزم هه‌یه كه ده‌بێته هه‌وێنی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌وروپای ئه‌مڕۆ له ڕێگه‌ی سازكردنی كیانی جۆرراوجۆری سیاسی و، له هه‌مان كاتدا ده‌بێته هۆی مانه‌وه‌ی ئه‌وروپا له پانتای سیاسه‌تی جیهاندا. بۆ نموونه "ڕیشیلۆ"ی فه‌ڕه‌نسی، له به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانیدا ڕیالیزمی كرده ئامرازێك بۆ بونیادنانی ده‌وڵه‌تی مودێرن له فه‌رەنسا. له لایه‌كی تره‌وه ڕیالیزم ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی بریتانیا له پێناسه‌كردنی ناسنامه‌یه‌ك بۆ خۆی، وه‌ك دوورگه‌یه‌ك كه بمێنێته‌وه و له هه‌مان كاتدا ئاسایشی مسۆگه‌ر بكات.
له هه‌موو ئه‌م نموونانه‌دا ده‌توانین ململانێی ئایدیالیزم و ڕیالیزم ببینین، به‌ڵام به‌شێك له‌وان ده‌توانن ئاودیوی دونیای ده‌ره‌وه بن و ببن به زلهێز و، ئه‌وانی تر هێزێكی پێ بونیاد ده‌نێن كه وڵاتێكی لێ به‌رهه‌م بێت. له هه‌مان كاتدا به‌ریه‌ككه‌وتنی ئایدیالیزم و ڕیالیزم له وڵاتان به واتای ئاماده‌بوونی ژینگه‌یه‌كی پاقژ نه‌بووه. بۆ نموونه به‌ریه‌ككه‌وتنی ئه‌و دوو گوتاره، جه‌نگی ناوخۆی له ئه‌مریكا لێ كه‌وته‌وه و، له هه‌مان كاتدا به‌ریه‌ككه‌وتنیان جه‌نگی سی ساڵه‌ی له ئه‌وروپا به دوای خۆیدا هێنا. هێنانه‌به‌رباسی پرسێكی له‌م شێوه‌یه، مه‌به‌ست لێی كوردستانه؛ واتا ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كه هه‌موو ئه‌م ئه‌زموونانه ده‌توانێ هه‌ڵگری واتای خۆی بێ بۆ ده‌ربازبوون.
به‌ریه‌ككه‌وتنی ئایدیالیزم و ڕیالیزم له باشووری كوردستان، له نموونه‌ی ڕیفراندۆمدا به‌جوانی ده‌ركه‌وت. واتا ڕیفراندۆم كه وه‌ك ئامرازێك بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌ژمار ده‌كرێ، له عه‌قڵییه‌تێكی ئایدیالیستییه‌وه ده‌هات كه به‌ته‌مایه له‌و ڕێگه‌وه ده‌وڵه‌تی كوردی ساز بكات. له به‌رامبه‌ردا عه‌قڵییه‌تی ڕیالیستی هه‌یه كه هێشتا خۆی له ناكۆكی، یان پارادۆكسی ئایدیالیزمی پێكه‌وه‌ژیان و ڕیالیزمی لۆكاڵی ده‌رباز نه‌كردووه. پێكدادانی ئه‌م دوو عه‌قڵییه‌ته، سه‌ركه‌وتنی ڕیفراندۆم و دۆڕانی كه‌ركووك، یان باشتر بێڵێم خیانه‌تی كه‌ركووكی به دوای خۆیدا هێنا. پێكدادانێكی له‌م شێوه‌یه تاكه نموونه نییه له جیهانی ئێمه‌دا؛ له فه‌ڕه‌نسای كاتی ڕیشیلۆ، كه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ سازكردنی ده‌وڵه‌تی مودێرن، هه‌مان به‌ریه‌ككه‌وتن ساز بوو. به‌ڵام چاره‌سه‌ری نوخبه‌ی فه‌ڕه‌نسی، پێداگری بوو له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و په‌راوێزخستنی ڕیالیزمی مانه‌وه وه‌ك به‌شێك له به‌ره‌ی كاتۆلیكی. مكانیزمی ڕیشیلۆ بۆ ده‌ربازبوون له هه‌لومه‌رجێكی له‌م شێوه‌یه، گواستنه‌وه‌ی جه‌نگه‌كه بوو بۆ سه‌نگه‌ری ڕیالیسته‌كان؛ ئه‌وانه‌ی كه باوه‌ریان به پێكه‌وه‌ژیانی كاتۆلیكه‌كان هه‌بوو، ڕێك وه‌ك كوردستانی خۆمان: به‌ریه‌ككه‌وتنی هه‌ڵگرانی بیری ده‌وڵه‌ت و ئه‌وانه‌ی هێشتا بیریان لای پێكه‌وه‌ژیانه له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی.
ئه‌مه واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه ڕیفراندۆم و ئایدیالیستبوون له پانتای سیاسیی كوردستان، ئێستا وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌ی لێ هاتووه. له هه‌مان كاتدا به‌رامبه‌ره‌كان، كۆمه‌ڵه گرووپێكی ڕیالیستیی لۆكالین كه دوورن له هه‌ر چه‌شنه گوتارێكی ناسنامه‌به‌خش و، زیاتر له جه‌نگی نێوان خۆیاندان. لێره‌دایه كه ده‌توانین چاره‌نووسی ئایدیالیزم و ڕیالیزم وێنا بكه‌ین. له لایه‌كی تره‌وه له ئه‌نجامی زیاتر له چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتداری باشووری كوردستان، له سه‌ر بونیادی هاوسه‌نگی خۆی ڕێك ده‌خست و له هه‌مان مه‌نتقیشه‌وه چاوی له هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی بووه. به‌و واتایه كه هاوسه‌نگیی ناسنامه‌ی لۆكاڵی هه‌ولێر و سلێمانی، سیسته‌می سیاسیی ڕێك ده‌خست و، له هه‌مان كاتیش‌دا ململانێی شیعه و سوننه و ململانێی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی، وێنای ئه‌وه‌یان ساز ده‌كرد كه ده‌توانن له هاوكاریی كورد به‌رده‌وام بن.
هاوسه‌نگیی ناسنامه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی له ئه‌نجامی ڕووداوه‌كانی كه‌ركووك تێك چوو و، ململانێی نێوده‌وڵه‌تییش تا سه‌ر له‌گه‌ڵ ئایدیالیزمی كورد نه‌مایه‌وه؛ چونكه بۆ ده‌ربازبوون له هه‌لومه‌رجی هه‌نووكه‌یی (Status quo)، عه‌قڵی ناباو ناتوانێ له چوارچێوه‌ی هاوسه‌نگیدا ئارام بگرێت. عه‌قڵی كوردی تا به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی ڕیفراندۆم، عه‌قڵی باو نه‌بوو، به‌ڵكوو عه‌قڵی ناباو بوو؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئایدیالیزم یه‌كانگیری نییه له‌گه‌ڵ عه‌قڵی باو و، ده‌بێ ژینگه‌ی خۆی ساز بكات تا فۆرمی باوبوون به‌خۆیه‌وه ده‌گرێ. لێره‌دا باشوور هه‌ڵه‌ی كرد و، ئایدیالیسته‌كان له به‌رامبه‌ر ڕیالیزمی لۆكاڵی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌جێ مان. له‌و باره‌وه كه هه‌ر زوو مه‌ودایان بۆ ڕیالیسته لۆكالییه‌كان ساز كرد كه ئایدیالیستبوون وه‌ك شه‌ڕێك به كۆمه‌ڵگە بناسێنن. بۆ ئه‌وه‌ی ئاوڕی زیاتر له پانتاییی كوردستان بده‌ینه‌وه، به‌گشتی ده‌توانین ئاوای كورتی بكه‌ینه‌وه كه سیاسه‌ت له كوردسان ئاودیوی قۆناغی ئایدیالیستی بووه و بووه‌ته ناسنامه‌یه‌ك. بۆیه ناكرێ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م سه‌رمایه‌یه، بیر له هه‌ستانه‌وه‌ی سیاسه‌ت له باشوور بكه‌ینه‌وه.
ئایدیالیزم وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌ك
سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی ئایدیالیزم كۆمه‌ڵگه‌یه. واتا تا كۆمه‌ڵگه خه‌ونێكی گه‌وره‌ی نه‌بێ، هیچ هێزێك ناتوانێ پاڵ پێوه بنێ تاكوو هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵبگرێت. له نموونه‌ی كورددا، ده‌وڵه‌تی كوردستانی، دۆزه ئایدیالیستییه‌كه‌یه. ئه‌م دۆزه به ئه‌نجام نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی و نوخبه‌ی خۆی به‌رهه‌م هێناوه. له پانتاییی سیاسیی كوردستاندا ئه‌وه‌ی ڕیالیسته لۆكاڵییه‌كان به دوایدا بوون، به‌رگرتن بوو له‌م گۆڕانه. به هۆی خیانه‌تی كه‌ركووكه‌وه دۆخی سیاسی و ئابووریی ئایدیالیزمی باشوور له جێگه‌ی خۆی چه‌قیوه، چونكه ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری دۆزی ئایدیالیزمی كوردی بوون، له بری ئه‌وه‌ی پێداگری بكه‌ن، خۆیان بوون به به‌شێك له به‌رپێگرتن؛ واتا گه‌ڕانه‌وه‌ی سیاسه‌ت له باشووری كوردستان بۆ پێش ٢٥ی سێپته‌مبه‌ر. پرسیاره‌كه لێره‌دایه كه ده‌بێ چی بكرێت تاكوو ئه‌م دۆزه ئایدیالیستییه له دۆخی چه‌قبه‌ستووی خۆیدا نه‌مێنێته‌وه و كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و هه‌ڵدێری ڕادیكالیزم و داڕمان نه‌بات؟
ڕێگه‌ی سیاسی، سه‌ربازی و ئابووری ده‌توانێ بوونیان هه‌بێ. له بواری سیاسی، هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه كه دۆخی باشوور بۆ هاوسه‌نگی بگه‌ڕێنرێته‌وه. له بواری سه‌ربازی، هه‌موو قورسایییه‌كه له به‌ره‌یه‌كدایه و، له بواری ئابوورییش دۆخه‌كه قه‌یراناوییه. له هه‌لومه‌رجێكی ئاوادا گونجاوترین ڕێگه په‌نابردنه بۆ كۆمه‌ڵگه و، دووركه‌وتنه‌وه‌یه له به‌ریه‌ككه‌وتنی ململانێی ناوخۆیی. به واتایه‌كی تر، هه‌موو وزه‌كه ده‌بێ بۆ په‌یوه‌ستبوون به كۆمه‌ڵگه خه‌رج بكرێت و، كه‌مترین ئاوڕ له چه‌له‌حانێی ڕۆژانه‌ی نێوان هێزه سیاسییه‌كان بدرێته‌وه. ڕێك وه‌ك سه‌رمایه‌دارێكی زیره‌ك، كاتێك به‌های سه‌رمایه‌كه‌ی خۆی ده‌زانێ، ته‌نیا چاو له توانا و ئه‌و به‌هایانه ده‌كات كه چۆن بتوانێ به باشترین شێوه سه‌رمایه‌كه‌ی به‌كار بێنێت. بۆیه په‌یڕه‌وكردنی ڕوانگه‌ی ئایدیالیستی، وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌ك وایه كه ده‌بێ به‌رده‌ام ئاراسته‌ی گوتاری گشتیی بكات. ئه‌م سه‌رمایه‌یه جسنی له سه‌رمایه‌ی حزبی و تاكه‌كه‌سی ناچێ، به‌ڵكوو له ڕه‌گه‌زی كۆمه‌ڵگه و خولیاكانییه‌تی؛ به‌و مه‌رجه‌ی كه سه‌رچاوه‌كانیشی باوه‌ڕیان به‌و خولیایه هه‌بێ.
هاوكێشه‌كان و ئایدیالیزمی باشوور
پێده‌چێ پرسیارێكی وا لای خوێنه‌ر ساز بێ، كه ئایدیالیزم وای كرد كه جیهان پشتمان تێ بكات یان ئایدیالیزم وای كرد عێراقمان لێ قیت بێته‌وه. له هه‌مان كاتدا پێده‌چێ ئه‌و پرسیاره‌یش بێته ئاراوه كه باشوور نوقمی قه‌یرانی ئابوورییه، ئیتر ئایدیالیزم ده‌توانێ چ ده‌ردێكمان لێ ده‌رمان بكات؟ ئایدیالیزم له ناخی خۆیدا خوڵقێنه‌ری كێشه نییه، به‌ڵكوو هه‌نگاوێكه بۆ ده‌ربازبوون له كێشه و گه‌وره‌بوون. ئه‌گه‌ر سه‌یری نه‌ته‌وه‌كانی تر بكه‌ین، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه ئایدیالیزم به‌رده‌وام كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بووه له گه‌شه‌كردنی ئه‌و نه‌ته‌وانه، یان وه‌ك ئه‌و نموونا‌نه‌ی كه باسمان كرد، ده‌بێته هه‌وێنی به‌هێزبوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له باشوور و به‌گشتی له كوردستان وه‌ك كێشه سه‌یر ده‌كرێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تێنه‌گه‌یشتن، یان پێنه‌گه‌یشتووییی ناسنامه‌ی كوردی. بۆ نموونه له كاتێكدا تاك، حزب و گرووپه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، هێشتا له پرسی لۆكاڵی وه‌ك شارچێتی، عه‌شیره، یان ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌ربازیان نه‌بووه، زۆر ئاسایییه كه ئایدیالیستبوون كێشه‌یه. ئاسایییه، چونكه هزری گه‌وره هه‌ڵگری ناته‌بایی ده‌بێ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌دا.
له لایه‌كی تره‌وه ئایدیالیزمی كوردی وه‌ك پرۆژه چاو لێ ده‌كرێ، نه‌ك وه‌ك هزر و گوتارێكی فكری. بۆیه كاتێك ده‌بێته پرۆژه، ده‌بێته بابه‌تێك له گه‌مه سیاسییه‌كاندا. له نموونه‌ی ڕیفراندۆم، حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی باشووری كوردستان باوه‌ڕیان به ئایدیالیزم نه‌بوو، بۆیه كه‌سێكی وه‌ك "سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره" باس له‌وه ده‌كات كه ده‌بێ به‌ئاشكرا باسی ئه‌وه بكه‌ن كه یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆم نه‌بووه؛ چونكه مه‌نتقی فكری ئه‌م هێزانه له‌گه‌ڵ ئایدیالیستبووندا ناته‌بایییان هه‌یه و وه‌ك درمێك چاوی لێ ده‌كه‌ن. له كاتێكدا ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مان ئه‌و ئایدیالیستبوونه نه‌با، هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌ك ئاماده نه‌بوو چ له كاتی شاخ و چ له كاتی شاردا، ببێت به سه‌رنگه‌ری به‌رگری له كوردستان.
له دیوێكی تره‌وه جیاكاریی سیاسی له كوردستان، بوونی نییه. به‌و واتایه‌كی تر، هێزه سیاسییه‌كان له خانه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه به‌سه‌ر پراگماتیست و ئایدیالیستدا دابه‌ش نابن، به‌ڵكوو به سه‌ر پرسه‌ی ڕووتی سیاسی‌دا دابه‌ش ده‌بن و، ئه‌مه وا ده‌كات كه نه‌توانن له كایه‌ی سیاسیی ڕۆژانه ده‌ربچن. بۆیه وه‌ك حیزب ده‌مێنه‌وه ناتوانن ئاودیوی نه‌ته‌و‌ایه‌تی بن. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌یش كه لایه‌نگری به نەته‌وه‌ییكردنی گه‌مه‌كانن، ناتوانن وه‌ك پرسێكی ستراتیژیك په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته‌وه بن و ئه‌ركه‌كان له‌ناو خۆیاندا به‌ش بكه‌ن. بۆ نموونه له پاش ڕیفراندۆم به‌ره‌ی لایه‌نگری ڕیفراندۆم وه‌ك ئه‌وه‌ی له كوردستان باریان كردبێ، له كۆی گه‌مه‌كان كشاونه‌ته‌وه؛ له كاتێكدا ڕیفراندۆم وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌ك ده‌بینرا كه گوتاری سیاسیی كورد له ناوخۆ و ده‌ره‌وه به ئاراسته‌یه‌كی تردا ببات. به‌گشتی هاوكێشه سیاسییه‌كانی باشووری كوردستان، وه‌ك بیابانێك ده‌بینرێ كه هیچی لێ سه‌وز نابێ. له كاتێكدا باشترین خاك خاكی بیابانه و، خراپترین خاك خاكی دارستانه بۆ به‌رهه‌مهێنان.
ده‌ره‌نجام:
ئه‌وه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و، بگره له هه‌موو جیهاندا بوونی هه‌یه، پرسی ناسنامه‌یه. پرسی ناسنامه له جه‌وهه‌ری خۆیدا پرسێكه كه تا ئایدیالیست نه‌بێ، هه‌رگیز ناتوانی وێنای ئه‌وه بكه‌ی كه به‌ئه‌نجامی ده‌گه‌یه‌نی. بۆیه له ململانێی ناسنامه‌ی كوردی له‌گه‌ڵ به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌لماندنی له ئاستی جیهانیدا، كورد ده‌بێ له‌و ڕاستییه بگات كه ئه‌وه‌ی ده‌توانێ به‌رهه‌مهێنه‌ری سه‌رمایه بێ، ئایدیالیستبوونییه‌تی، چونكه ناچاری ده‌كات كه پاڵ به هاوكێشه جیهانییه‌كانه‌وه بدات، نه‌ك پرسی لۆكالی كه وای لێ ده‌كات كه خه‌ریكی گه‌مه‌ی لاوه‌كی بێ. له‌م سۆنگه‌وه‌یه كه هێشتنه‌وه‌ی گوتاری ئایدیالیستی، ده‌توانێ وه‌زه بداته‌وه تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی. به‌پێچه‌وانه‌كه‌ی، دابڕان له‌و فكر و پراكتیكه، وای لێ ده‌كات كه به‌ره‌و نه‌مان بچێت، یان بیكات به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی شه‌رمن و چاوله‌ده‌ست؛ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ده‌ستێك بێت و ڕزگاری بكات.