دەوڵەت بۆ کوردستان و حکوومەت بۆ خەڵک

دەسپێک:

لە ساڵی ٢٠٠٩ بەملاوە گفتگۆیەک لە باشووری کوردستان له‌ ئارادایه‌، کە پێدەچێ لەسەر ئەساسێکی ڕاست بونیاد نەنرابێ؛ ئەویش ئاوێتەکردنی بابەتی دەوڵەتی کوردستانی و حکوومەتە. واتا تێکەڵاوییەکە کاتێک دێتە ئاراوە کە جیاوازیی نێوان دەوڵەت و حکوومەت، وەک ئەوەی لە واتا زانستی و پراکتیکییەکەیدا هەیە، لەبەرچاو ناگیردرێت. ئەم تێکەڵاوییە ڕەگی داکوتاوە و، دیالۆگ و ململانێی سیاسییشی لەسەر ساز بووە. ئەم ململانێیه‌، دوو بەرەی ساز کردووە: بەرەیەک خۆی بە خاوەنی دەوڵەتی کوردی دەزانێ و، بەرەیەکیش دەوڵەتی کوردستانی بە تایبەتمەندیی ئێستایه‌وە ناوێ. بۆیە هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە، کە کێ خۆی بە خاوەن دەوڵەت بزانێ و کێ خۆی بە خاوەنی خەمی خەڵک. بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا ون دەبێ، جەوهەری خودی بابەتەکەیە. بەو مانایه‌ کە هیچ کام لەم بەرانە نەیانتوانیوە، یان نەیاویستوە کە ڕاستیی بابەتەکە وەک خۆی ببینن، یان ڕوونی بکەنەوە. بە هەر حاڵ، ئێستا کە کاتی ڕێفراندۆم بۆ بڕیاردانی خەڵکی باشوور بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو دەوڵەتبوون هەڵبگرن، دیاری کراوە، ئەم بابەتە دیسان سەری هەڵداوەتەوە. بەو واتایەی کە دەوڵەتمان دەوێ و، دەوڵەتی بەم شێوه‌یه‌مان ناوێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر دوو بەرەکە، خەڵکی کوردستان دەکەن بە پێوانە و، لە خانەی ئەوانەوە قسە دەکەن؛ لە کاتێکدا خەڵکی دەوڵەت لەگەڵ خەڵکی حکوومەت، دوو بابەتی جیاوازن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە، دەمانەوێ ئاوڕ لەم پرسە بدەینەوە تاکوو بەرچاوڕوونییەک ساز بکەین کە واتای دەوڵەت بۆ کوردستان و حکوومەت بۆ خەڵک واتای چییە.

پێشەکی:

بابەتی دەوڵەت و نەتەوە، هەروەها دەوڵەت و خەڵک، بابەتگەلێکن کە ڕەگیان لە بواری زانستی و سیاسی لە کۆی گۆڕانکارییەکانی پانتای جیهاندا هەیە. بەر لەوەی بابەتی دەوڵەت و خەڵک بێتە بەرباس لە واتا ئەمڕۆیییەکەیدا (بە مانای دیموکراسی و نادیموکراسی)، بابەتی دەوڵەت و نەتەوە جیهانیانی بە خۆیانەوە خەریک کرد. یەکەم وێستگەکانی ئەم دەرکەوتنانە ئەو کاتە بوو کە، لە ئەنجامی ململانێی کلێسا و فیوداڵەکان لە ئەوروپا و هاتنەئارای جه‌نگی سی ساڵە، بابەتی سەروەری هاتە ناو ئەدەبیاتی سیاسیی جیهانەوە. لە پاش جه‌نگی سی ساڵە، ئەوروپا وەک ڕێگه‌یەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، سەرەوەریی قبووڵ کرد. ئەم سەروەرییە، دەگەڕایەوە بۆ ئەوەی کە فیوداڵەکان دەسەڵاتیان بەسەر چوارچێوەی سەرزەمینی خۆیاندا هەبێ و، کەس، یان لایانی دیكه‌ مافی دەستێوەردانیان لەو سەروەرییەدا نەبێ. هەر ئەوەی کە لەمڕۆدا پێی دەڵێن "کاروباری ناوخۆیی". بەڵام ئەم سەروەرییە، دەبێ خاون ناسنامەیەک بێ؛ ناسنامەیەک کە شەرعییەت بداتە ئەو دەسەڵاتەی کە کۆنترۆڵی ئەو خاکەی بەدەستەوەیە.

لە پاش شۆڕشی فەڕه‌نسا و، دواتر لە پاش شۆڕشەکانی ١٨٣٠ی ئەوروپا بەملاوە بابەتی نەتەوە، بوو بە ژێرخانە شەرعییەکە، کە دەیتوانی واتا و مانا ببەخشێتە سەرەوەری. لێرەوە بوو کە بزاڤی سەربەخۆییخوازی لە ئەوروپا سەری هەڵدا و، زۆربەی ئەم دەوڵەت-نەتەوانەی کە لەمڕۆی ئەوروپادا دەیانبینین بەرهەمی ئەو سەردەمەن. بۆیە کاتێک دەوڵەت و نەتەوە یەک دەگرن، دەبێتە دەوڵەت-نەتەوە؛ هەمان ئەکتەر کە لەمڕۆدا ئەکتەری سەرەکیی پانتای سیستەمی جیهانییە. لەم قۆناغەدا پرسی دەوڵەتسازی و نەتەوەسازیش، خۆی وەک پرسێک خستە ڕوو. لەو ڕەهەندەوە کە چۆن دەوڵەت و نەتەوە تەواوکەری یەک بن، کە چۆن دەوڵەت نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوە بێ و، چۆن نەتەوەیش ئەو دەوڵەته‌ وەک نوێنەری خۆی بزانێ. لێرەدا کۆمەڵە پرۆسەیەکی که‌لتووری، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی کەوتنە کار، تاکوو یەکانگیریی دەوڵەت و نەتەوە بەرهەم بێت.

لە دەرەوەی ئەمانە بابەتی ئیدارەی دەوڵەت-نەتەوەیش، بوو بە بابەتێک؛ واتا کێ دەبێ ئەم دەوڵەت نەتەوە بەڕێوە ببات. لێرەوە بوو کە بابەتی خەڵك، یان (Public) واتای پەیدا کرد. خەڵک دەبنە خاوەن ئەو مافەی کە ڕۆڵیان هەبێ لە ئیدارەکردنی، یان دیاریکردنی ئەو کەس و لایانانەی کە دەوڵەت-نەتەوەکە بەڕێوە دەبه‌ن.

لە کۆی گۆڕانکارییەکان لە ئاستی سیاسەتی جیهانیدا، کارامە، یان ناکارامەبوونی دەوڵەت-نەتەوە و چۆنێتیی ئیدارەکردنی، بەردەوام جێگه‌ی مشتومڕ بووە، بەڵام تاکوو ئەمڕۆیشی لەگەڵدا بێ، دەوڵەت، نەتەوە و خەڵک بابەتگەلێکن کە واتادارن: دەوڵەت، نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی نەتەوەیەک بەسەر کیانێکی دیاریکراودا دەکات و، خەڵک کە وەک هاووڵاتی، هەڵگری ناسنامەی ئەو دەوڵەت-نەتەوەن و، بەردەوام گۆڕانکاری لە ئیدارەی وڵات و بەڕێوەبەرانیدا دەکەن.

لە بۆچوونێکی سەرەتاییدا، دەتوانین ئاوا بۆ باسەکە بچین کە گفتوگۆی مێژووییی کورد (کۆی گوتاری بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد) بە درێژاییی خەباتی ڕزگاریخوازی، بۆ ئەوە بووە کە ئەم نەتەوەیه‌ بتوانێ سەروەریی بەسەر کیانێک بە ناوی "کوردستان" بەدەست بێنێ و، هاووڵاتیانی توانای ئەوەیان هەبێ کە خۆیان چارەنووسی ئیدارەی وڵات بەدەستەوە بگرن. بەڵام، ئەم خوێندنەوەیه‌ پاش هاتنەسەرکاری حکوومەتی هەرێم و هێندێ خوێندنەوەی بەلاڕێداچوو، به‌سیاسی کراوەتەوە. واتا لە خانەی ڕەوتە مێژویییەکە دەردەچێ و، دەچێتە خانەی کایەی سیاسییە. بۆیە لە باشووری کوردستان دەوڵەت و حکوومەت وەک یەک دەبینێرێ و، باسوخواس ئەوەیە کە دەوڵەت، دەبێ هەڵگری هەموو تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتداریی باش بێ، ئه‌وجا دەمانەوێ. لە بەرانبەریشدا لایەنگرانی دەوڵەت دەڵێن كه‌ ئێمە سەرچاوەی دەوڵەتین و هەر ئێمە بونیادی دەنێین. بۆیە کێشمه‌کێشێکی جددی له‌ ئارادایه،‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی تێكه‌ڵكردنی ئه‌رك و ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌ته‌.

دەوڵەت بۆ کوردستان

ئەگەر گریمانەی سەردەمی وێستفاڵیا، بکەین بە پێوانە و، ئەگەر قبووڵی بکەین کە کوردستان خاک یان وڵاتێکە، کە دەبێ خاوەنی سەروەری بێ، لەو کاتەدا ئەم سەروەرییە لە کوێدایە؟ واتا چۆن دەبێ ئەم سەروەرییە ببینینەوە؟ ئایا ئەوەی لە ئێستای باشووری کوردستاندا هەیە، سەروەرییە یان ئیدارە؟

بەپێی ئەوەی کە کوردستان وەک خاک و وڵات و، کوردستان وەک نەتەوە و ناسنامەیەکی دیاریکراو لە بیر و ئەندێشەی تاکی کوردا هەیە و، ئەگەر گریمانەیشمان واتای زانستییەکەی بێ، کورد وەک وڵات و وەک نەتەوە لە وێنای تاک و کۆمەڵگه‌ی کوردیدا بوونی هەیە، دەتوانین بیر لەوە بکەینەوە کە هەبوونی سەروەری بۆ ئەم نەتەوەیه‌، یەکێکە لە مافە سەرەتایییەکان. چونکە هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، نە نەتەوە بەبێ دەوڵەت دەتوانێ واتایەکی خاوەن سەروەریی هەبێ و، نە دەوڵەتیش بەبێ نەتەوە دەتوانێ هەڵگری ناسنامە بێ. لێرەوەیە کە ئەوەی تاکوو ئەمڕۆ نەیتوانیوە کوردبوون بکاتە ڕاستییەک، بابەتینەبوونی ئەو سەروەرییەیه‌ کە دەوڵەت دەتوانێ بە کیانی کوردستانی ببەخشێ. بۆیە کاتێک باس لە دەوڵەت بۆ کوردستان دەکەین، مەبەست ئەوەیە کە دەوڵەت بۆ کوردستانە وەک کیانێکی کە هەڵگرانی ناسنامەی کوردستانی تێدا نیشتەجێن یان کوردستان وەک ناسنامە و نەتەوەیەک.

ئەوەی ئێستا لە باشووری کوردستانە، نەتەوەیەکی بێدەوڵەتە، کە هێشتا خاوەن دەوڵەت نییە کە بتوانێت هەڵگری سەروەری بێت. بۆیە سەروەریی ئەم بەشە لە کوردستان، هێشتا گرێدراوی سەروەریی وڵاتێکە بە ناوی عێراق. ئەمە لە کاتێدایە کە هەنگاونان بۆ دەوڵەتی کوردستانی، بەخشینی ناسنامەیەکە کە سەروەری دەکاتە لانکەیەک بۆ هەموو هاووڵاتیانی دانیشتووی کوردستان. هەر بۆیە دەوڵەت دەبێتە موڵکی کوردستان و، ئەم دەوڵەتە ناتوانێ موڵکی لایه‌ن، یان گرووپێکی دیاریکراو بەخۆیەوە بگرێت. چونکە ئەم بابەتە پەیوەندیی بە شێوە دەسەڵاتدارییەكه‌وە هەیە، کە خەڵک تێیدا ڕۆڵ دەگێڕن نەک دەوڵەت.

حکوومەت بۆ خەڵک

لە هەموو وڵاتێکدا، خەڵک یان "پابلیک" هەیە. ئەم پابلیکە سەرچاوەی سیاسەتی گشتییە. لە سیاسەتی گشتیدا مەبەست چۆنێتیی ئیدارەی ژیان و گوزەرانی خەڵکە. حکوومەت دەتوانێ بەبێ دەوڵەت، بوونی هەبێ. نموونەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یان ئەو هەموو حکوومەتە لۆکاڵییانەی کە لە دونیادا بوونیان هەیە. بەڵام حکوومەت تەنیا کاتێک دەتوانێ نوێنەرایەتیی کیانێک بکات، کە ئەو کیانە بە ناوی دەوڵەتێکەوە بەفەرمی ناسرابێت.

ئەرکی حکوومەت ژیانی ڕۆژانەیە، چونکە ئەوەی بۆ حکوومەت گرینگە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە چۆن دڵی هاووڵاتیان، یان ویستەکانیان جێبەجێ بکات. بۆیە هەر کاتێک خەڵک لە حکوومەتێک ڕازی بوون، دەنگی پێ دەدەنەوە و، هەر کاتێکیش لێی نارازی بوون دەیگۆڕن. بەڵام لە بەرامبەردا، دەوڵەت زۆر بەسەختی گۆڕانی بەسەردا دێ، مەگەر ئەوەی کە هەرەس بێنێ، وەک: چیکوسلۆڤاکیا، یان یەکێتیی سۆڤیه‌ت و هتد. لە بەرامبەردا ئێمە لە ئێران، یان عێراق دەیان حکوومەتی جیاوازمان بینیوە کە هاتوونە و ڕۆیشتوون. بەڵام عێراق وەک وڵات، هێشتا ناوی ماوە. بۆیە خەڵک و حکوومەت لە پەیوەندییەکی ڕاستەخۆدان بۆ چارەسەرکردنی جۆری ئیدارەی وڵات، نەک ئەوەی کە دەوڵەت خۆی ببێتە سەرچاوەی ئیدارەی وڵات. لەو کاتەدا، دەوڵەت لە فۆرمی کیان و ناسنامەی هاوبەش دەردەچێ و، دەبێتە فۆرم یان کیانێکی دیاریکراو کە ناتوانێ نوێنەرایەتیی هەموو دانیشتووانی بکات.

دەرەنجام:

لە کۆتاییدا کورد بەگشتی و باشوور بەتایبەتی، به‌ره‌وڕووی پرسێکی زۆر جددی بووه‌ته‌وە: ئایا دەیەوێ ببێ بە خاوەن دەوڵەت، یان ناسنامەیەک کە بەفەرمی بناسرێت، یان دەیەوێ وەک حکوومەتێکی لۆکاڵی بمێنتیتەوە کە سەروەرییەکەی گرێدراوی سەروەرییەکی ترەوە بێ؟ ئەگەر ئەساس کۆی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بێ، ئەم بزاڤە بۆ سەروەری بووە؛ واتا بونیادنانی دەوڵەتێک کە نوێنەرایەتیی ناسنامەی کوردستانی بکات. لە دەرەوەی ئەمانە، فۆرم یان چارەسەرگەلێک بوونیان هەبووە کە تاکتیکی سەرەکیی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بوون نەک کۆتا وێستگە؛ وەک ئۆتۆنۆمی، فیدراڵی یان خۆسەری دیموکراتیک، ئەمانە چارەسەری کاتی بوونە بۆ ڕاگرتنی داگیرکەر؛ چونکە ئەگەر پێوانە بونیادنانی سەروەری نەبێ، ئەو کاتە ناسنامەی کوردی ئیتر ناسنامەیەکی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو بەشێکه‌ لە ناسنامەی تر. لە لایەکی دیكەوە، دەوڵەت بەرانبەر بە کۆی ناسنامەکە ئەرکدارە، نەک کار و ئەرکی ڕۆژانە کە سیاسەتوانێک بەباشی دەیکات و ئەوی تر بەخراپی. هیچ سیاسەتوانێک تەمەنی ناگاتە دەوڵەت، بەڵکوو تەمەنی هەموو ئەوان بە ڕاددەی حکوومەتەکەیانە. بۆیە دەوڵەت بابه‌تێكی درێژخایەنە و، حکوومەت کە کاری پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە، بابەتێکی کورتخایەنە. کەواتە ئەوەی باشووری کوردستان لە ٢٥ی سێپته‌مبه‌ر دەنگی پێ دەدات، دەنگدانە بە ڕێگه‌ی سەروەری و بونیادنانی دەوڵەت، نەک حکوومەت. چارەنووسی دەوڵەت، هەموو خەڵکی کوردستان دیاری دەکەن. بۆیە دەبێ ڕێفراندۆمی بۆ بکرێت و تەنیا هەڵگری دوو وه‌ڵام دەبێ: "بەڵی" یان "نەخێر". لە بەرامبەردا چارەنووسی حکوومەت پەیوەستە بە سەرکەوتن یان دۆڕانی حیزبەکان لە هەڵبژاردندا و، لەوێدا هاووڵاتی یان خەڵک چەند بژارەیان لەبەر دەستە تاکوو لەو ڕێگەوە دەنگ بدەن بەوەی کە کێ دەتوانێ بۆ ژیانی ڕۆژانەی ئەوان باش بێ یان ستراتیژیی باشتری هەبێ بۆ بەڕێوەبردنی ئامانجەکانی دەوڵەتی کوردستانی.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples