کورد؛ پاش سەد ساڵ دەرکردن لە مووسڵ

پوختەی پرسەکە:

شەڕی مووسڵ، جیا لە کاردانەوە نێونەتەوەیی و ناوچەیەیییه‌كان، خولیا و سیاسەتی کوردیشی هێنایە ڕۆژەڤەوە. کورد لە تەنگانەیەکی زۆر جدیدایە. تەنگانەیەک کە لایەکی حکوومەتی بەغدایە، لایەکی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی و، لایەنی دوایی، داهاتووی کوردە لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا. بۆیە، ڕاوەستەکردن لەسەر ئەم پرسە گرینگە، لەو ڕەهەندەوە بەرچاوڕوونیمان دەداتێ، کە پاش زیاتر لە سەد ساڵ، کورد چۆن و بە چ شێوەیەک، دەبێ لەگەڵ ئەم پرسە مامەڵە بکات. ئاخۆ بۆ سەرکەوتن لە مووسڵ هاوکاری بەغدا بێ، ناچارە لەگەڵ هاوپەیمانیی ڕۆژاوا بێ و ڕێگه‌ی دەربازبوونی لێ نییە، یان دەبێ دەست بەسەر جومگە سەرەکییەکانی کایەی سیاسی و ئەمنیی ئەو ناوچەیەدا بگرێت، تاکووو ئاراستەی گەمەکان بکات؟

بەم پرسانە، دەمانەوێ ئاوڕ لە بابەتەکە بدەینەوە، تاکوو لە دەرەوەی بۆچوون و تێگەییشتنی باو، کە زۆر گەشبینانەیە، تێڕوانینێکی تر بخەینە ڕوو.

پێشەکی:

لەم ماوەدا، بابەتێکی وەرگێڕدراو لە سایتی "پێنووس" بە ناوی "چۆن دەکرێ پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا بەپێی پێکدادانی شارستانییەتەکان شی بکەینەوە" بڵاو بووەوە. لەم بابەتەدا، نووسەر ڕاوەستەی لەسەر بابەتێک بەپێی بیرۆکەکانی "هانتینگتۆن" کردبوو، کە پێ دەچێ وەک سەرەتای ئەم بابەتە کەڵکی لێ وەربگرین. لەوێدا باس لەوە دەکرێ کە جیا لە پێکدادانی شارستانییەتەکان، ئێمە ڕووبەڕووبوونەوە و بەریەککەوتنمان لەناو خودی شارستانییەتەکاندا هەیە تاکوو لەو ڕێگەوە زاڵبوونی خۆیان بسەلمێنن. بۆ نموونە، لەناو شارستانییەتی ئیسلامی، ئێمە پێکدادانی سوننە و شیعەمان هەیە کە هەوڵ دەدەن هەیمەنەی خۆیان لەناو ئەم شارستانییەتەدا بچەسپێنن. بۆیە، ئەوەی لە جیهانی ئیسلامدا ڕوو دەدات، جۆرێکە لە جه‌نگی ناوخۆی شارستانییەتی ئیسلامی.

ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دوو جەمسەری شیعە و سوننەدا خۆیان دەبیننەوە. ئەم جەمسەرانە، دەیانەوێ وەک نموونەی جه‌نگی سارد، سنوور، هێز و پانتای ئایدیۆلۆژییەکانی خۆیان دیاری بکەن. بەشێکی زۆری ئەم ململانێیە جوگرافیایییە و بەشەکەی تری کۆنترۆڵکردنی جوگرافیایییە. کاکڵی ئەم کۆنترۆڵە جوگرافیایییە، لە مووسڵ و سووریا خۆیان دەردەخەن. واته‌ هەر دوو لا، دەیانەوێ کە دەست بەسەر ئەم جوگرافیایەدا بگرن، تاکوو لەو ڕێگەوە، ببن بە خاوەن جیۆپۆلیتیکێکی ئارام یان هەمیشەیی، هەروەک چۆن ئەمریکا و یەکێتیی سوڤێەت لە پاش جه‌نگی جیهانیی دووەم، دونیایەک لە دووجەمسەرییان ساز کرد و، خۆیان ڕێک خست.

لە ئێستادا، باسەکەی ئێمە پەیوەستە بە مووسڵەوە. ئەو شارەی کە شادەماری شیعەیە بۆ تەواوکردن و ڕاونانی سوننە بۆ دواوە و، پتەوکردنی دیواری شیعە، وەک دیواری "به‌رلین". لە بەرامبەریشدا، بەرەی سوننە بە هۆی چەقین لە سووریا و مووسڵ، ئەو دەروازە سەرەکییەیە کە ئاسایش و داهاتوو، بۆ خولیاکانی بەرەی سوننە دەگەڕێنێتەوە. بۆیە هەردوو لا، بە ئەجێندای جیاوازەوە خەریکی ڕێکخستنی گەمەی نێوانیانن.

لەم نێوەدا، بەرەی شیعە خاوەن توانای مەیدانی و شەرعییەتی زیاترە، کە بە شێوەی جیاواز هەوڵی دەسبەسەرداگرتنی ئەو ناوچەیه‌ بدات. سەرەکیترین دەرفەتی شیعەکان، سوپای سەر بە بەغدایە کە لە ئێستادا مافی ئۆپەراسیونی مەیدانیی هەیە و، هێزە بیانییەکانیش یارمەتیدەرین. لە بەرامبەردا، سوننەکان، هەرچەند لە بواری ژینگەی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەوە هەڵگری هەموو ئەو تایبەتمەندییانەن کە باڵ بەسەر مووسڵدا بکێشن، بەڵام لە ئاستی کردەییدا بەربڵاو و هەڵگری یەک ئەجێندا نین؛ بۆیە گەییشتنیان بە ئامانجی هاوبەش ئەستەم دەکات.

لە دەرەوەی ئەمانە، کوردیش هەیە کە خاوەن توانا و تایبەتمەندیی خۆیەتی. پرسی مووسڵ بۆ کورد، لە نێوان سێ بواردا مانای هەیە؛ خاک، سنوور و ئاسایشی هەرێم لە درێژخایەندا.

لە تێگەییشتنێکی سەرەتاییدا دەتوانین ئاوا وێنای بابەتەکە بکەین، کە بەریەککەوتنی سوننە و شیعە بۆشایییەک ساز دەکات کە کورد دەتوانێ تێیدا گەمە بکات. بەڵام هێشتا دیار نییە کە کام بوارە، ستراتیژیی گەورەی هەرێم بە خۆیەوە خەریک دەکات. لەم نێوەدا بابەتێک بەڕوونی دیارە، ئەویش ئەوەیە کە کورد لە "دلیما"، یان تەنگانەیەکدا گیری کردووە. لایەکی، دەسەڵاتی شیعەیە کە ئەگەر سوپای بەغدا بتوانێ بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بێ، گەراکانی ناکۆکی لەگەڵ کورد گەشە دەکەن. ئەگەر سوننە سەر بکەوێ، بازنەی تورکیا، سوننەی عێراق و سووریا یەک دەگرن، کە کورد زۆرتر گرێدراوی خۆیان دەکەن و، هەرێم لە کێشەی ناوچە کوردستانییەکان تا ڕادەیەک لاواز دەبێ. تەنگانەی کۆتایی، بابەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانیەتی. ڕۆژاوا ڕۆڵێکی زۆریان لە بەهێزڕاگرتنی کورد لە باشووردا هەیە، بۆیە هەرێم، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ خۆی لە دەرەوەی بازنەی ڕۆژاوادا ببینێ.

بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو ڕاستییانە، ئەوەی کورد، دەبێ چارەیەکی بۆ ببینێتەوە، ئەوەیە کە نابێ ڕێگه‌ی سەرکەوتنی شیعە یان سوننە خۆش بکات و بە یەک ڕادە ئەم دوو لایەنە سەرقاڵ بکات. ئێستا ئاوڕ لە پرسەکە دەدەینەوە و، لەو ڕەهەندەوە کە کورد، دەبێ لە کام خانەوە جۆری سیاسەتی خۆی ڕێک بخات.

کورد لە چ پێگەیەک لە مووسڵدایە؟

پێگەی کورد لە مووسڵ، بۆ ڕزگاری، یان مانەوەی داعش ناگەڕێتەوە. واته‌ پرسی سەرەکی لە مووسڵ، ناگەڕێتەوە بە پەیوەستبوونی کورد بەوەوە کە ڕزگارکەرە یان ڕزگاریخوازە. بەڵکوو، پرسی سەرەکیی کورد دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە، کورد چۆن مووسڵ دەکات بە ئامرازێک تاکوو لەو ڕێگەوە سنووری شوناسی خۆی دیاری بکات و لە هەمان کاتدا هاوکێشە سیاسییەکانی پەیوەست بەم شارەوە بخاتە ژێر ڕەکێفی خۆیەوە، یان نەهێڵی کە سەر بکەون.

شیعەکان خۆیان لەم بازنەدا وەک "میحوەر" یان "هێڵی بەرخودان" پێناسە دەکەن و مووسڵ بۆ ئەوان سەقامگیرکردنی ئەو هێڵەیە. لە بەرامبەردا، سوننە لە خانەی هێڵی ڕزگارکەردا سەیری مووسڵ دەکەن کە واتاکەی ئەوەیە کە پانتاییی زوڵمی شیعە لەناو ببەن و، لە هەمان کاتدا کەرامەت بۆ شوناسی سوننە بگێڕنەوە.

لەم نێوەدا، کورد ناتوانێ لە "هێڵی بەرخودان" بێ، چونکە کورد ئاوێتە بە ململانێ لەگەڵ سوننە دەکات و ناتوانێ لە "هێڵی ڕزگاکەر"دا بێ، چونکە بەشێکی زۆر لە سوننە دەستیان لە جینۆسایدی کورد لە دوێنێ و ئەمڕۆدا هەبووە و، لە هەمان کاتدا بە هۆی نزیکایەتی بە سنووری شیعە، ناتوانێ بەستێنی نائارامی لە کوردستان زیاد بکات. بۆیە، دەبێ ڕاوەستە لەسەر ئەوە بکەین کە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم کێشانە، کورد دەبێ ستراتیژیی خۆی لەم بوارەدا ڕێک بخات:

هەنگاوەکانی کورد، پێویستە لە دوو ڕەهەندەوە ڕێک بخرێن:

١- کۆنترۆڵی جوگرافی و گەییشتنە سنوورەکانی کوردستان لە ڕێگەی سەربازییەوە

٢- ڕاگرتنی پرسی سیاسی و بەخشینی مەودا بە هێزە ئەمنییەکان بۆ ئیدارەکردنی پرسەکە

هێزی پێشمەرگە لە یەکەم ڕۆژەکانی ئۆپەراسیۆنی مووسڵدا، سەرکەوتووانە توانیی بەشێک لە خاکی کوردستان ڕزگار بکات. دیارە کە هەنگاوی تریش ماون بۆ ئەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دیكه‌یش ڕزگار بکرێن. ئەم پرۆسەیه‌، دەبێ درێژە به‌ ڕێڕەوی خۆی بدات و، پێ دەچێ سەرکردایەتیی کورد لەم بوارەدا بەپێی پلانێک کە ڕێکەوتنی لەسەر کراوە، بەرەو پێش بچێت.

١- پرسێک لێرەدا هەیە، ئه‌ویش ئەوەیە کە هەنگاوەکانی پێشمەرگە بۆ دیاریکردنی سنووری کوردستان، هاوکاتە لەگەڵ سوپای عێراق کە هەنگاو بۆ کۆنترۆڵکردنی مووسڵ دەنێت. پێشمەرگە بەرەو پێش دەڕوات و سوپایش بەهەمان شێوە، بەڵام دەبێ بیر لەوە بکرێتەوە کە ئەم سوپایە، تا کوێ دەبێ بڕواتە پێش؟ ئاخۆ دەبێ تاکوو ناوەندی مووسڵ هاوکاری بین، یان بیر لەوە بکرێتەوە کە دەبێ ئەم سوپایە لە خاڵێکدا تووشی کێشە بێت و نەتوانێ وەک قارەمانی ئەم شەڕە ئەفسانەی زیندووکردنەوەی سوپای عێراق دووبارە بێتەوە. لە سۆنگەی ئەم پرسیارەوەیە کە ڕەهەندی دووەمی بابەتەکە سەر هەڵدەدات.

٢- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لە یەکەم ڕۆژی شەڕه‌كه‌دا گوتی: "ئەوان پێیان باش بوو کە هاوکات لەگەڵ پرۆسەی سەربازی، پرۆسەی سیاسییش جێبەجێ بکرێت"، بەڵام دیارە کە بەیەکگەییشتن لەو بوارەدا کێشەی لەسەرە. هەر ئەم بەیەکنەگەییشتنە خۆی، پرسیاری لەسەرە. پرسیارەکەیش ئەوەیە کە چی لە جەوهەری پرسی سیاسیی ئەم بابەتەدا هەیە، کە بەیەکگەییشتن ئەستەم دەکات؟

بەریەککەوتنی خولیای شیعە و سوننە، جەوهەری بابەتەکەیە. لە هەمان کاتیشدا ویستەکانی کوردیش بوونیان هەیە. بەڵام ئەگەر ڕێککەوتن نەکراوە، باشتر وایە کە کوردیش لەم سۆنگەوە کار بکات کە ڕێگه‌کانی ڕێککەوتن خۆش بکات، نەک خۆی تەسلیمی پاش سەرکەوتنی سوپا بکات. بۆ ئەم مەبەستە، ڕەهەندی ئەمنی یان ئاسایشی، دەتوانێ لە سێ بواردا ڕۆڵ بگێڕێت:

١- پاش ڕاوەستانی پێشمەرگە لە سنووری کوردستان، سوپایش دەبێ ڕابگیردرێت

٢- بواری زانیاری و هەواڵگریی ئەو ناوچەیه‌ بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە

٣- هێزی سوننە و شیعە بە یەکترەوە خەریک بکات

ئەم سێ بوارە لە گریمانەیەکەوە سەرچاوە دەگرن، کە خولیاکانی شیعە و سوننە بەدرێژاییی مێژوو، لە داگیرکاری و لەناوبردنی ئەوی تردا ڕاوەستانیان نەبووە. بۆیە، سەرکەوتن لە مووسڵ دەتوانێ ئەو خولیایانە زیندوو بکاتەوە. کەواتە سوپای لاواز، گەندەڵ و فرەکوتلەکەی عێراق، نابێ لەم شەڕەدا بە پاڵپشتیی پێشمەرگە، وەک قارەمان بچێتە ناو مووسڵ و دواجار ببێتە کەرەسەیەک لە دانوستانی سیاسی لەگەڵ کورددا. بۆیە، سوپا نابێ زانیاریی ڕاستی پێ بگات. لە هەمان کاتدا دەزگه‌ی هەواڵگریی کوردستان، دەبێ لەم کاتەدا لەسەر ئەو بابەتە کار بکات، کە ئاسایشی ئەم ناوچەیه‌ لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بێ. ئەگەر کورد لەم بوارەدا سەرکەوتوو بێ، دەتوانێ هەموو کایەیه‌کی سیاسی لە داهاتوودا، بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. لایەنی سێیەمی باسەکە ئەو بۆشایییەیە کە ململانێی شیعە و سوننە سازیان کردووە. ئەم ململانێیە مەودایەک بۆ بواری ئاسایشی ساز دەکات کە لە پرشوبڵاویی نێوان ئەو لایەنانەدا ڕۆڵ بگێرێت، تاکوو لە دواجاردا مەودای نێوانیان زیاتر بێ و، کورد وەک هێزی هاوسەنگی ئەم دوو لایەنە ڕۆڵ بگێڕێت.

دەرەنجام

لە کۆتاییدا دەتوانین ئاوا کورتی بکەینەوە كه‌ ئەجێندای کورد لە دوو خانەی سنووری کوردستان و هێشتنەوەی ناکۆکیی نێوان بەرەی سوننە و شیعەیە کە مەبەست لێی، ئاوێتەنەبوونە بە بابەتی ڕزگاریی مووسڵ لە خانەی بەغدا و سوننەوە. ئەم دوو لایه‌نە، دەبێ بە لاوازی بچنە ناو مووسڵەوە. لاوازییەکەیش لەوە سەرچاوە دەگرێ کە چۆن پاش ئەرکی پێشمەرگە، دەزگه‌ ئەمنییەکان لە هیلاککردن و چەقینی سوپای عێراق و هێزە بەربڵاوەکانی سوننە ڕۆڵ بگێڕن. مووسڵ دەبێ وەک "حەوشه‌ی ئاسایشی"ی کوردستانی لێ بێت، نەک وەک مەکۆی قورس و قایمی سوننە یان شیعە. ئەم حەوشەیه‌ بەدی نایەت، تا ئەو کاتەی کە توانای سەربازی، سیاسی و ڕێکخستنی هەردوو لا، لاواز نەبێ.

بۆ تێگەییشتن لە ستراتیژییەکی ئاوا، چۆنیەتیی مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ سوننە و شیعە لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، دەتوانێ نموونەیەکی باش بێ. بەو مانایەی کە، کەمتر کەس هەیە ئەمریکا بە هۆکاری ململانێی شیعە و سوننە ناو ببات و، لە هەمان کاتدا سەرکۆنەی ئەمریکا دەکرێ کە بۆچی لە جه‌نگی عێراق و سووریا هەست بە بەرپرسیارێتیی ناکات. بۆیە، ئەمریکا لە کاتێکدا بەریەککەوتنی ئەم دوو بەرەیه‌ بە قازانجی خۆی دەزانێ، لە هەمان کاتدا ڕۆڵی خۆی وەک هێزێکی ڕزگاریکەر هێشتووه‌تەوە.

بەگشتی لە سنووری کوردستان بەولاوە، ستراتیژیی کورد، دەبێ ئاڵۆز و لێڵ بێ. ئەم ستراتیژییەیش تەنیا بە ئەسپاردنی پرسەکە بە دەزگه‌ هەواڵگرییەکان دەکرێ، نەک پیاوه‌ سەربازی و سیاسییەکان (دیارە لە نموونەی مووسڵدا). ئێمە زیاتر لە سەد ساڵە لە مووسڵ دەردەکرێین، بۆیە دەبێ کۆتایی بەم مێژووە بێنین!

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples