ده‌سپێك:
له‌م ماوه‌یه‌دا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌گشتی به‌رەو‌ڕووی جیهانێكی نوێ بووه‌وه له بوونی خۆیدا. به‌شێك له‌م جیهانه سه‌ركه‌وتن بوو، به‌شێكی تر دۆڕان. به‌شێكی زاڵبوون به‌سه‌ر خۆیدا و، به‌شێكی دووباره‌بوونه‌وه‌ی مێژووه پێنه‌گه‌یشتووه‌كه‌ی. به‌شێكی ئاوێته‌بوون بوو به مێژوو و، به‌شه‌كی تری په‌ندوه‌رنه‌گرتن له مێژوو. به‌ڵام له هه‌موو ئه‌مانه‌دا هه‌م سه‌ركه‌وتن و هه‌میش شكست، بوون به هه‌وێنی خه‌یاڵێكی گه‌وره كه كورد ده‌یان ساڵه خه‌باتی بۆ ده‌كات، ئه‌ویش سازبوونی وێنایه‌كی هاوبه‌ش بوو له‌سه‌ركه‌وتن و شكست. سازبوونی ئه‌م دوو فه‌زایه بابه‌تێكی ئاسایی نییه كه به‌ئاسانی بێنه كایه‌وه، یان ڕوو بده‌ن، به‌ڵكوو پرۆسه‌یه‌كی دوورودرێژی ده‌ویست كه ده‌یتوانی هه‌ڵگری ده‌یان خه‌بات و سه‌رهه‌ڵدان بێ. ئه‌و وێنایه، وێنای كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وێناكراوه كه ناسیۆنالیزم پێویستیی پێیه‌تی. واتا سازبوونی وێنایه‌كی هاوبه‌ش، تاكوو زۆربه‌ی كوردستانیان خۆیانی تێدا ببینه‌وه. بۆیه ئاوڕدانه‌وه له‌م پرسه، ده‌توانێ هه‌ڵگری دره‌یایه‌ك له مانا بێ؛ به‌و واتایه كه كورد چۆن ده‌توانێ له‌مه‌ودوا كاری له‌سه‌ر بكات. له هه‌مان كاتدا چۆن ئه‌م وێنایه ده‌توانێ ببێ به هه‌وێنی سه‌رخستنی هه‌موو سیاسه‌تێك. ڕوانگه‌كان سه‌باره‌ت به ڕیفراندۆم و دۆڕانی كه‌ركووك جیاوازن، به‌ڵام پێوانه بۆ ڕاستی و دروستیی ئه‌م دوو بابه‌ته، حزبی سیاسی و ڕۆشنبیران نین، به‌ڵكوو ناخی كۆمه‌ڵگه، یان خه‌ڵكی ئاسایین؛ هه‌مان خه‌ڵك كه ڕیفراندۆمیان وه‌ك كوردستان بینی و له هه‌مان كاتیش‌دا دۆڕانی كه‌ركووكیان وه‌ك دۆڕانی كورد.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئاوڕ له‌م پرسه ده‌ده‌ینه‌وه كه چۆن ڕیفراندۆم و كه‌ركووك، توانییان له پارادۆكسیكاڵبوونی خۆیاندا، ببن به هه‌وێنی بابه‌تێكی ئه‌رێنی. واتا چۆن خێر و شه‌ڕێك هاوكات ده‌توانن نه‌زمێك بۆ جیهان وێنا بكه‌ن، به هه‌مان شێوه‌یش له بابه‌تی تریشدا ده‌توانن هه‌ڵگر، یان خوڵقێنه‌ری نه‌زمێك بن. به‌م تێگه‌یشتنه سه‌ره‌تایییه‌وه ئاوڕ له بابه‌ته‌كه ده‌ده‌ینه‌وه تاكوو وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه كه چۆن ڕیفراندۆم و كه‌ركووك، بوون به پته‌وكردنی ناسنامه‌ی كوردی، یان ئه‌و كۆمه‌ڵگه وێناكراوه‌ی كه كورد ده‌یان ساڵه كاری بۆ ده‌كات؟
پێشه‌كی:
له خوێندنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمدا تیۆرییه‌ك هه‌یه كه "به‌ندیكت ئه‌ندرسۆن" داڕێژه‌رییه‌تی. ئه‌ندرسۆن كاتێك ئاوڕ له ناسیۆنالیزم ده‌داته‌وه وه‌ك "كۆمه‌ڵگه‌ی وێناكراو (Imagine Communities ( ناوی لێ ده‌بات. كۆمه‌ڵگه‌ی وێناكراو بریتییه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه تاكه‌كانی ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه له ڕێگه‌ی وێنایه‌كی هاوبه‌ش كه له یه‌كتر هه‌یانه، وێنای ناسنامه، یان بوونی خۆیان ده‌كه‌ن. ئه‌ندرسۆن "چاپه‌مه‌نیی سه‌رمایه‌داری" (Print Capitalism) به سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی له هاتنه‌كایه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه وێناكراوانه هه‌ژمار ده‌كات. به واتایه‌كی تر، وشه‌كان كه له چوارچێوه‌ی په‌رتووك، ڕۆژنامه، میدیا و... دێنه ناو كۆمه‌ڵگه‌وه یان ده‌چنه ناو سیسته‌می په‌روه‌رده‌وه، وا ده‌كه‌ن كه هه‌وێنی ئه‌م كۆمه‌ڵگه وێناكراوانه ساز بێت.
كۆمه‌ڵگه‌ی وێناكراو له چوارچێوه‌ی ناسیۆنالیزمدا خۆی ڕێك ده‌خات و، ده‌بێته ناسنامه‌یه‌كی گشتگیر بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگرین؛ واتا ئه‌وانه‌ی كه خۆیان په‌یوه‌ست به‌م وێنایه ده‌زانن. بۆیه ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه یه‌كتر بناسن خۆیان له خانه‌یه‌كی هاوبه‌ش، یان چاره‌نووسێكی هاوبه‌شدا ده‌بیننه‌وه. ئه‌م كۆمه‌ڵگه خه‌یاڵییه ڕۆژانه له به‌رده‌م گۆڕاندایه، به هۆی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه ته‌كنه‌لۆژیی زانیاری و ڕاگه‌یاندن ده‌یخاته به‌رده‌س كۆمه‌ڵگه‌كان. بۆیه له‌مڕۆدا كه‌ره‌سه‌كانی ڕاگه‌یاندن به هۆی به‌رده‌سبوونی و، هه‌روه‌ها به هۆی به‌جیهانیبوونه‌وه توانیویانه ڕۆڵی كاریگه‌ر له‌سه‌ر پته‌وكردنی كۆمه‌ڵگه وێناكراوه‌كان و له هه‌مان كاتدا لاوازكردنی ئه‌واندا ببینن.
نموونه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی وێناكراو، یان هه‌مان ناسیۆنالیزمی كوردی، به كۆمه‌ڵه هۆكارێكی سیاسی كه زیاتر په‌یوه‌سته به حزبه سیاسییه‌كانه‌وه، به‌ئه‌نجامگه‌یشتنی زه‌حمه‌ت بووه، به‌ڵام ڕه‌وتی هاتنه‌كایه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه وێناكراوه له پاش ڕووخانی یه‌كێتیی سۆڤێت و به‌تایبه‌ت به‌جیهانیبوون، خێرایییه‌كی زیاتری به‌خۆیه‌وه گرتووه. دیاره ئه‌م خێرایییه له ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی زیاتر به‌رچاوه، تاكوو لایه‌نه سیاسییه‌كان. به‌ڵام كۆمه‌ڵه ڕووداوێك وه‌ك هاتنه‌كایه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان، گه‌یشتنی كورد به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، جه‌نگی داعش و "كۆبانێ"، وایان كرد كه ڕه‌وڕه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كوردی له واتای هه‌ستكردن به چاره‌نووسی هاوبه‌ش زیاتر گه‌شه بكات، دیسانه‌وه له ئاستی كۆمه‌ڵگه، یان شه‌قام، یان خه‌ڵكی ئاسایی نه‌ك هێزه سیاسییه‌كان.
نموونه‌ی ڕیفراندۆم، هه‌روه‌ها دۆڕانی كه‌ركووك دوو نموونه‌ی هه‌نووكه‌یین كه زۆرێك له ڕاستییه‌كانی سازبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی وێناكراو له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌گشتی ده‌خه‌نه به‌رده‌س. به‌و مانایه كه چۆن ڕیفراندۆم ده‌بێته هه‌ستی سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو كورد و، چۆن كه‌ركووك ده‌بێته پانتایییه‌ك كه نه‌ته‌وه تێیدا هه‌ست به دۆڕان بكات.
ڕیفراندۆم و كۆمه‌ڵگه‌ی وێناكراو
ڕیفراندۆم ته‌نیا پرۆسه‌یه‌كی ساده نه‌بوو، به‌ڵكوو لووتكه‌ی به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی وێنه‌یه‌ك بوو كه تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له داهاتووی خۆیان هه‌یانه. واتا ڕیفراندۆم وه‌ك ئامرازێكه كه توانیی ئه‌م وێنه‌یه به‌جوانی پێشان بدات؛ وێنه‌یه‌ك كه هه‌ندێ كه‌س وه‌ك خه‌ونی له‌مێژینه ناویان لێ هێنا و، هه‌ندێكیش وه‌ك ئامانجی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێده‌وڵه‌ت. ئه‌م وێنه‌یه ته‌نیا په‌یوه‌ست به باشووری كوردستان نه‌بوو كه هاووڵاتیانی مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، به‌ڵكوو وێنه‌یه‌ك بوو بۆ هه‌موو كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان. بۆیه ڕۆژ له دوای ڕۆژ هه‌موو كورد خۆی له سه‌نگه‌ری ڕیفراندۆمدا ده‌بینییه‌وه. شێوه‌ی ده‌ربڕینه‌كان و شێوه‌ی وه‌سفی ڕیفراندۆم، بوو به پانتایییه‌ك وه‌ك ئه‌و سروود و بیره‌وه‌رییانه‌ی كه له خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی له ساڵانی خه‌باتی شاخ ده‌بینران.
ئه‌م وێنه له ڕیفراندۆم هه‌رچه‌ند نه‌یاریشی هه‌بوو، به‌ڵام نه‌یاره‌كانیشی نه‌یانتوانی به‌ری پێ بگرن، چونكه شه‌پۆلی كۆمه‌ڵگه وێناكراوه‌كه ئه‌وه‌نده به‌هێز بوو كه هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورد به‌ره‌و لای خۆی ڕاده‌كێشا. ڕۆژی ڕیفراندۆم و ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان، دیسانه‌وه هه‌مان وێنه‌ی لا ساز كردین كه چۆن ناسنامه‌ی كوردی، خۆی به ده‌وری ڕیفراندۆم كۆ ده‌كاته‌وه و له فۆرمی ناسنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش كۆ ده‌بێته‌وه.
هه‌رچه‌ند ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕیفراندۆم له باشوور ڕه‌نگ و بۆی سیاسی به واتای ململانیێ سیاسیی به‌خۆیه‌وه بینی، به‌ڵام له به‌شه‌كانی تری كوردستان وه‌ك خه‌ون و هیوایه‌تێك سه‌یر ده‌كرا كه هه‌مووان ئاواتیان ده‌خواست كه به‌شداری بن. یه‌كه‌م تیشكه‌كانی كاریگه‌ریی ڕیفراندۆم له ڕۆژهه‌ڵات ده‌ركه‌وتن، كه سه‌ركه‌وتنی كورد له باشووری وه‌ك سه‌ركه‌وتنی خۆی هه‌ژمار كرد و، ده‌یان هه‌زار كه‌س ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان. كاتێك ڕیفراندۆم به‌م شێوه‌یه ده‌بێته ئاوێنه‌ی خواست و ویستی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و هه‌مووان له یه‌ك كۆ ده‌كاته‌وه، ته‌نیا بابه‌تێك كه زیاترین به‌شی به‌رده‌كه‌وێ، په‌یوه‌ستبوون، یان پته‌وبوونی ئه‌و كۆمه‌ڵگه وێناكراوه‌یه كه كورد وه‌ك نه‌ته‌وه ده‌یه‌وێ هه‌ڵگری بێ.
به‌گشتی ڕیفراندۆم چ وه‌ك پرۆسه‌ی به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی و چ وه‌ك هێمایه‌ك له سه‌ركه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ده‌بێته وێستگه‌یه‌كی نوێ له ژیانی كورددا؛ وێستگه‌یه‌ك كه ته‌نیا میدیا و ئامرازه‌كانی نابنه هه‌وێنی، به‌ڵكوو كرده‌وه‌یه‌ك ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی و پاڵنه‌ری زیاتر به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه وێناكراوه كه ناسیۆنالیزمی كورد بێ.
كه‌ركووك و كۆمه‌ڵگه‌ی وێناكراو
له شه‌سته‌كان به‌ملاوه، كه‌ركووك بووه به خاوه‌ن پێگه و شوێنی تایبه‌ت له ناسنامه‌ی كوردیدا. ئه‌م پێگه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆڵێك كه خاك له هاتنه‌كایه‌ی ناسنامه‌دا ده‌یگێرێ. بۆیه كه‌ركووك تاكوو ئه‌مڕۆ وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێك ده‌بینرێ كه سه‌ركه‌وتن، یان شكستی كورد وێنا بكات. واتا هه‌ر كاتێك ئێمه له كه‌ركووك سه‌ر بكه‌وین، واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه ناسنامه‌ی كورد سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌س هێناوه، یان به‌پێچه‌وانه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر كورد له كه‌ركووك بشكێ واتای ئه‌وه ده‌دات كه ناسنامه‌ی كوردی نوقسانی هه‌یه.
كه‌ركووكی ڕابردوو، زۆرتر له دیالۆگ و قسه‌ی حزبه سیاسییه‌كاندا واتا و مانای ده‌دا؛ به شێوه‌یه‌ك كه یه‌كیان وه‌ك "دڵ" ناوی ده‌بات و ئه‌وی تریان وه‌ك "قودس" وێنای ده‌كرد. له هه‌ر یه‌ك له‌م ده‌ربڕینانه‌دا پێگه و شوێنی كه‌ركووك زیاتر له ناسنامه‌ی كوردیدا جێگه‌ی خۆی قایم ده‌كرد، به‌ڵام وێستگه‌یه‌ك به ناوی به‌جیهانیبوون، كه‌ركووكی له دیالۆگی سیاسی و گه‌مه‌ی حزبه‌كانه‌وه بۆ ناو كۆمه‌ڵگه گواسته‌وه. واتا كۆمه‌ڵگه‌یش به هه‌مان ڕادده‌ی حزبه‌كان، له هه‌ستیاری و توانایییه‌ك كه كه‌ركووك له ناسنامه‌ی كوردیدا هه‌یه‌تی، ئاشنا بوو یان پته‌وی كرد. ئه‌م ڕه‌وته تاكوو دۆڕانی ئه‌م جاره به‌جوانی ده‌رنه‌كه‌وت، به‌ڵام كاتێك كه‌ركووك كه‌وت، هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كه‌وت. چونكه وێنایه‌ك له ڕاستیدا بووه‌ته هێمایه‌ك له كۆمه‌ڵگه وێناكراوه‌كه‌ی كورد، یان ناسیۆنالیزمی كوردی. بۆ نموونه كه‌وتنی شنگال به ڕادده‌ی دۆڕانی كه‌ركووك كاری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نه‌كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆڵی كه‌ركووك له پرۆسه‌یه‌كدا واتا و مانای په‌یدا كردووه.
به‌گشتی ئه‌وه‌ی له‌مڕۆدا دۆڕانی كه‌ركووك به ناسنامه و كۆمه‌ڵگه وێناكراوه‌كه‌ی كورد به‌خشیوییه‌تی، ده‌توانێ وێنای دۆڕان بێ، به‌ڵام له جه‌وهه‌ری خۆیدا یه‌كانگیرییه‌ك ده‌به‌خشێته كۆمه‌ڵگه‌ی وێناكراوی كورد كه له واتایه‌كی فراواندا به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه شۆڕ ببێته‌وه و، ببێت به وێستگه‌یه‌كی تر له یه‌كگرتووییی كۆمه‌ڵگه و ناسنامه‌ی كوردی.
ده‌ره‌نجام
ئه‌وه‌ی له خستنه‌ڕووی ئه‌م بابه‌ته مه‌به‌ست بوو، دیتنه‌وه‌ی ناخی سه‌ركه‌وتن و دۆڕانێكه، كه چۆن ده‌توانێ كاریگه‌ری بكاته سه‌ر ناسیۆنالیزمی كوردی. پێده‌چێ بۆمان ڕوون بووبێته‌وه كه هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ته‌نیا به سه‌ركه‌وتن نییه كه وێنای كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی پێ به‌هێز ده‌كات. له هه‌مان كاتدا دۆڕان، یان شكستیش ده‌توانێ هه‌مان مه‌ودای بۆ خۆش بكات، چونكه نه‌زمی ناسیۆنالیستی، ته‌نیا نه‌زمێك نییه له سه‌ركه‌وتن، به‌ڵكوو دۆڕانیش ده‌توانێ به‌شێك له‌م نه‌زمه بێ. به‌ڵام خاڵی جددی له هێنانه‌به‌ر باسی پرسه‌كه بۆ ئه‌وه‌یه، كه له ئه‌گه‌ری خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته، چۆن ڕیفراندۆم و دۆڕانی كه‌ركووك بكرێت به هه‌وێنی بونیادنانه‌وه‌ی گوتارێك له پانتای سیاسی، كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردستان. به‌و واتایه كه ڕیفراندۆم و دۆڕانی كه‌ركووك، ببن به سه‌رمایه بۆ دووباره سازكردنه‌وه‌ی گوتاری كوردبوون. به‌و مانایه كه ئه‌گه‌ر ئه‌م دووانه ده‌توانن ببن به هه‌وێنی پته‌وكردنی كۆمه‌ڵگه وێناكراوی كورد؛ واتا جیا له نه‌زمی تراژیدیك، كه كورد هه‌میشه خۆی پێوه هه‌ڵده‌واسێ تاكوو ناسنامه‌كه‌ی به‌رجه‌سته بكاته‌وه.
له ئێستادا دوو پانتایی له بابه‌تی دژبه‌یه‌ك بوونیان هه‌یه كه ده‌توانێ هه‌ر یه‌ك له‌وان نوێنه‌رایه‌تیی به‌شێك له گوتاری كوردی بكه‌ن: ڕیفراندۆم وه‌ك سه‌نگه‌ری سه‌ركه‌وتن و، كه‌ركووك وه‌ك دۆڕانی پاش سه‌ركه‌وتن؛ نه‌زمێك كه زیاتر له سوپایه‌ك ده‌چێ له كاتی جه‌نگدا: هه‌نگاوێك بۆ پێشه‌وه و هه‌نگاوێك بۆ دواوه. به‌و مانایه كه به‌شێك له ناسنامه‌ی ئێمه واتای سه‌ركه‌وتن ده‌دا و، به‌شێكی هێشتا له درمی دۆڕانی ناو خودی گوتاری كوری ڕزگاری نه‌بووه. لێره‌دا كۆمه‌ڵگه‌ی وێناوكراوی كورد زیاتر له جاران به‌رچاوی ڕوون ده‌بێته‌وه: وێنه‌یه‌ك له چێژی سه‌ركه‌وتن و وێنه‌یه‌ك له ئازاری دۆڕان؛ خاڵی هاوبه‌شی ناسنامه‌ی كوردی.