نێچیرڤان بارزانی چیی پێ ده‌كرێ

ده‌سپێك:

"نێچیرڤان بارزانی" به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ سیاسه‌توانێكی پراگماتیسته‌. ئه‌وه‌ی‌ له‌ پراگماتیستبووندا گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه، ده‌ره‌نجامی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی ده‌گرێته‌ به‌ر، چین؛ واته‌ كردارێك كه‌ ڕووی له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌ته‌كانه‌، نه‌ك ئامانجه‌كان. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پێناسه‌ی سیاسه‌توانێك ئه‌مه‌ بوو، ده‌بێ بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ چۆن ده‌توانێ ئه‌نجامی دڵخواز مسۆگه‌ر بكات. له‌ ئێستای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا گرێی زۆری سیاسی، ئابووری، كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ڵه‌كه ‌بوونه‌ كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ له‌ توانایاندایه‌ كیانێكی سیاسی، له‌ هێز و توانا بخه‌ن. به‌ڵام هیچ قه‌یرانێكی سیاسی نییه‌ كه ڕێگه‌یه‌ك بۆ ده‌ربازبوون لێی بوونی نه‌بێ، به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ ئه‌جێندای سیاسی له‌سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كانه‌وه‌ ده‌س پێ بكات، نه‌ك خولانه‌وه‌ له‌ بازنه‌ی بێكۆتایدا.

ئه‌وه‌ی له‌ ئێستای حكوومه‌تی هه‌رێمدایه‌، زیاتر وه‌ك خولانه‌وه‌ له‌ بازنه‌ی بێكۆتایی ده‌چێ، كه‌ به‌ر له‌وه‌ی چاوی له‌ خودی كێشه‌كان بێ، چاوی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كێشه‌كانه‌. ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ دێ كه‌ ئه‌جێندای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕووی له‌ خودی كێشه‌كان نییه‌. پێده‌چێ پرسیاری ئه‌وه‌ بێته‌ ئاراوه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان چین؟

سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی باشووری كوردستان، بێمتمانه‌یییه‌. بێمتمانه‌یی نه‌ك له‌ نێوان هێزه‌كان، به‌ڵكوو له‌ نێوان هێزه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی باشوور.واتا پرسی سه‌ره‌كی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵك و حكوومه‌ت له‌ چ چوارچێوه‌یه‌كه‌وه‌ سه‌یری بابه‌ته‌كان ده‌كه‌ن.

بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پرۆژه‌ و بۆچوونی جیاواز ده‌خرێنه‌ ڕوو، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌یه‌ نه‌ك حكوومه‌تی باشووری كوردستان. واتا حكوومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا ئه‌كته‌رێكه‌ كه ڕۆژانه ڕووبه‌ڕووی ئه‌م ڕاوبۆچوونانه‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام تاكوو ئێستا خۆی خاوه‌ن عه‌قڵییه‌ت و به‌رنامه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ له‌وێوه‌ جۆری پرسه‌كان ببینێ و ڕێگه‌چاره‌یان بۆ بدۆزێته‌وه‌.

له‌م‌ نێوه‌دا كاراكته‌ری جیاواز له‌ناو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوونیان هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یری حكوومه‌ت بكه‌ین، هه‌ڵگری كۆمه‌ڵه‌ كاراكته‌رێكه‌ كه‌ ده‌توانن خاوه‌ن پرۆژه‌ و پلانی خۆیان بن. بۆیه‌ له‌م ڕه‌هه‌نده‌وه‌ ده‌مانه‌وێ ئاوڕ له‌ پرسه‌كه‌ بده‌ینه‌وه‌.

پێشه‌كی:

له‌ هه‌موو كیانێكی سیاسیدا، كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌توانن ڕۆڵی به‌رچاو بگێڕن. ئه‌م كه‌سایه‌تییانه‌ هه‌ڵگری ناسنامه‌ی خۆیانن. به‌شێك له‌وان ده‌یانه‌وێ ببن به ڕێبه‌ر و، به‌شێكیان ده‌یانه‌وێ ببن به‌ به‌ڕێوه‌به‌ر، یان ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان وه‌ك ته‌كنۆكرات ناسراون. له‌ ململانێی ئه‌م دوو لایه‌نه‌دا، ئه‌وانه‌ی خولیای ڕێبه‌رییان هه‌یه‌ بیر له‌ ئامانجه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌ و كه‌متر بیر له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌ته‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌. له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌وانه‌ی به‌ شێوه‌ی ته‌كنۆكرات بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌نجامی سیاسه‌ته‌كانیان به‌لاوه‌ گرینگه‌ نه‌ك ئامانج.

له‌ ئێستای سیاسه‌تی باشووری كوردستان كاراكته‌رێكی تێدایه‌، كه‌ زیاتر له‌ هه‌موو سیاسه‌توانه‌كانی تر وه‌ك كه‌سێكی ته‌كنۆكرات یان پراگماتیست ناوی ده‌ركردووه‌، ئه‌ویش "نێچیرڤان بارزانی"یه‌. به‌ له‌ به‌رچاوگرتنی هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نێچیرڤان بارزانی و ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی له‌ كوردستان هاتووته‌ پێش، ده‌توانم بڵێم كه‌ ئه‌م هه‌لومه‌رجه ڕاسته‌خۆ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ نێچیرڤان و، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌ بۆ هه‌موو قه‌واره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم كه‌ نێچیرڤان خۆی به‌ خاوه‌نی ده‌زانێ، یان ناسنامه‌ی ئه‌م حكوومه‌ته‌ له‌گه‌ڵ ناسنامه‌ی نێچیرڤاندا تێكه‌ڵ بووه‌.

ده‌رفه‌تبوونی ئه‌م هه‌لومه‌رجه،‌ واتای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ چۆن قه‌یرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێ ببێت به‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ سه‌رله‌نوێ پێناسه‌كردنی نێچیرڤان و، هه‌ڕه‌شه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ چۆن ئه‌م قه‌یرانه‌، ده‌توانێ ببێت به‌ كۆتاییی نێچیرڤان بارزانی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌‌ له‌ بڕوایه‌دایه‌ كه‌ تواناكانی نێچیرڤان له‌ ئاستێكدان، كه‌ بتوانێ وه‌ك ده‌رفه‌تێك سه‌یری قه‌یرانی باشوور بكات و، سه‌رله‌نوێ پێگه‌ی خۆی لای باشووری كوردستان پێناسه‌ بكاته‌وه‌.

له‌ بۆچووونێكی سه‌ره‌تاییدا ده‌توانین ئاوا باسی ئه‌و كارانه‌ بكه‌ین، كه‌ نێچیرڤان ده‌توانێ له‌م كاته‌دا بیكات. كاره‌كانی نێچیرڤان، ده‌توانێ له‌ سێ ئاستدا پێناسه‌ بكرێن:یه‌كه‌م ئاست نێچیرڤان وه‌ك تیمێك؛ ئاستی دووه‌م، نێچیرڤان وه‌ك كاراكته‌رێك له‌ گه‌مه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ و؛ ئاستی سێیه‌م نێچیرڤان وه‌ك نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌م سێ ئاسته‌ له‌سه‌ر گریمانه‌یه‌ك داڕێژراوه‌، ئه‌ویش ئه‌و گریمانه‌یه‌ كه‌ قه‌یرانی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ قه‌یرانی متمانه‌ له‌ نێوان حكوومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ، نه‌ك قه‌یرانی هه‌ولێر و به‌غدا؛ چونكه‌ زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی له‌ ئێستادا له‌ بواری ئابووری و ئاستی سیاسی بوونیان هه‌یه‌، له‌ سه‌رده‌می مالكی و سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزیسیون له‌ كوردستان هاتوونه‌ته‌ كایه‌وه‌. واتا كۆی كێشه‌كان نوێ نین، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵه‌ كێشه‌یه‌كی نوێ، زیاتر زه‌قی كردوونه‌ته‌وه‌.

كاتێك باس له‌ قه‌یران له‌ باشووری كوردستان ده‌كه‌ین، ته‌نیا قه‌یرانی ده‌سه‌ڵاتداری ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكوو قه‌یرانێك سه‌ری هه‌ڵداوه‌ كه‌ ده‌سپێكه‌كه‌ی وێنای تێكشكانی خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌كات و، كۆتایییه‌كه‌ی وێنای هه‌لومه‌رجێكی ناله‌باری ئابووری. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێ ئه‌م قه‌یرانه‌  بكرێته‌ ده‌رفه‌ت، ده‌بێ سه‌ره‌تا هیوا بۆ كۆمه‌ڵگه بگه‌ڕێته‌وه‌ و پاشان بابه‌تی ئابووری چاره‌سه‌ر بكرێت. ئه‌وه‌ی سیاسه‌توانێكی وه‌ك نێچیرڤان ده‌توانێ بیكات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی هیوا و خاوه‌ن پلانێك بێ، بۆ پرسی ئابووری. گه‌ڕانه‌وه‌ی هیوا بۆ كۆمه‌ڵگه و چاره‌سه‌ری ئابووری، له‌ یه‌ك خانه‌وه‌ ده‌رباز ده‌بن، ئه‌ویش تێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ و ئاوێته‌بوون به‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌.

نێچیرڤان وه‌ك تیمێك

ئه‌وه‌ی وه‌ك نێچیرڤان وه‌ك تیمێك مه‌به‌سته‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م تیمه‌ی ئێستا له‌ دوو درمی سه‌ره‌كی ده‌ناڵێنێ: یه‌كه‌میان ئه‌و نوخبه‌یه‌ كه‌ بۆ ساڵانێكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی باشووردان و وه‌ك كه‌سانی نزیك له‌ نێچیرڤان ناسراون. دووه‌میش تیمی نێچیرڤان وه‌ك پارتییه‌كان وێنا ده‌كرێ، نه‌ك تیمێكی هاوده‌نگ و هاوستراتیژی.

له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا نێچیرڤان بارزانی ده‌بێ سیمای كه‌سانی ده‌ورووبه‌ری خۆی بكاته‌ سیمایه‌ك كه‌ عه‌قڵێكی نوێیان پێ بێ له‌ گه‌یاندنی نێچیرڤان به‌ كۆمه‌ڵگه. ئه‌م كه‌سه‌ نوێیانه‌ ده‌بێ هه‌ڵگری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی دیاریكراو نه‌بن؛ واتا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان مسۆگه‌ر نه‌بن و كه‌سانێك بن كه‌ خه‌ون یان دیدێكی نوێیان پێ بێ له‌ گه‌یشتن به‌ كۆمه‌ڵگه.

بواری دووه‌م، تیمی نێچیرڤانه‌ له‌ حكوومه‌ت‌. ئه‌م تیمه‌ دیارترنینان "نێچیرڤان" و "قوباد تاڵه‌بانی"ن‌. به‌ڵام خاڵی لاوازی ئه‌م دوو كه‌سه،‌ نه‌بوونی به‌رنامه،‌ یان پلانێكی ڕاگه‌یه‌نراوی هاوبه‌شه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی ته‌ماح و ویستی ئه‌م دوو كه‌سه‌ له‌ ئیداره‌دانی وڵاتدا بكات. گرینگیی پرسێكی له‌م شێوه،‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ دواجار ده‌توانێ په‌یامێكی هاوبه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگه بدات كه‌ ئیداره‌ی ڕۆژانه‌ی وڵات، هه‌ڵگری واتا و په‌یامێكی نوێیه‌. له‌م بواره‌دا، ده‌بێ نێچیرڤان و قوباد بچنه‌ ناخی كۆمه‌ڵگه و په‌یامه‌كه‌ی خۆیان بگه‌یه‌نن؛ وه‌ك هه‌ڤاڵبه‌ندییه‌ك كه‌ مه‌به‌ستیان به‌خشینه‌وه‌ی هیوایه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه.

كاراكته‌ری ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه‌ هه‌ڵگری هه‌موو ئاسانكارییه‌كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ كۆمه‌ڵگه و په‌یوه‌ندیسازكردن له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی نوێ. بۆیه‌ سه‌ره‌تایه‌ك له‌م شێوه‌ ده‌توانێ تیمێكی تۆكمه‌ و یه‌كگرتوو وێنا بكات كه ڕووی له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ و، ئیتر به‌ گه‌مه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ خۆی خه‌ریك ناكات؛ گه‌مه‌یه‌ك كه‌ كۆمه‌ڵگه باوه‌ری پێ نه‌ماوه‌.

نێچیرڤان وه‌ك كاره‌كته‌رێك له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه

نێچیرڤان بارزانی هێنده‌ی‌ خۆی له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان نزیك ده‌كاته‌وه،‌ یان ده‌یه‌وێ ئه‌وان ڕازی بكات، هێنده‌‌ له‌ كۆمه‌ڵگه نزیك نه‌بووته‌وه‌ یان تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵگه نه‌بووه‌. تێكه‌ڵاویی نێچیرڤان به‌ كۆمه‌ڵگه، ده‌توانێ سه‌ره‌تایه‌كی جددی بێ؛ به‌و مانایه‌ كه‌ هه‌م ئاگاداری ڕاسته‌وخۆی كێشه‌كان ده‌بێ و، هه‌میش له‌ كه‌موكوڕییه‌كانی به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌خۆ هۆشیار ده‌بێته‌وه‌ و، له ‌هه‌مان كاتیشدا كۆمه‌ڵگه وه‌ك به‌رده‌نگی ڕاسته‌خۆی سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌ت، هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئیداره‌ی كوردستان ئه‌وان به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێ و بابه‌ته‌كان به‌ڕاسته‌خۆ له‌گه‌ڵیان به‌ش ده‌كات. ئه‌و سیاسییانه‌ی كه‌ خۆیان وه‌ك ته‌كنۆكرات ده‌بینن، تێكه‌ڵاوبوون به‌ كۆمه‌ڵگه زۆر به‌هه‌ند وه‌رناگرن، چونكه‌ لای ئه‌وان ته‌كنۆكراتبوون واتای پۆپۆلیستبوون نادات، یان خۆیان ئاوێته‌ی سیاسه‌تی پۆپۆلیستی ناكه‌ن. به‌ڵام له‌ نموونه‌ی كوردستان پرسه‌كه‌ جیاوازه‌؛ واتا هه‌موو سیسته‌مه‌كه ڕووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌. بۆیه‌ كاتێك هه‌موو سیسته‌مه‌كه ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ بوو، ئیتر ته‌كنۆكراتبوون واتای نامێنێ و، له‌ هه‌مان كاتدا كاتێك كۆمه‌ڵگه له‌ بێهیوایدا بێ، له‌و كاته‌دا به‌خشینه‌وه‌ی هیوا به‌ كۆمه‌ڵگه گرینگه‌ نه‌ك فه‌راموشكردنی ئه‌و پرسه‌. ئه‌گه‌ر به‌كورتی باسی بكه‌ین، كرانه‌وه‌ی ده‌رگه‌كانی نێچیرڤان بارزانییه‌ به‌ڕووی كۆمه‌ڵگه تاكوو له‌و ڕێگه‌وه‌ فه‌زا و دونیابینییه‌كی نوێ به‌رهه‌م بێت.

نێچیرڤان بارزانی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی

پێم وایه‌ قسه‌كانی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا، ماكرۆن، كه‌ سه‌رۆكی حكوومه‌ت و جێگره‌كه‌ی وه‌ك گه‌نج ناو برد، هه‌ڵگری واتا و مانای زۆر بوو. یه‌كه‌م واتاكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌یه‌وێ خوێنێكی نوێ بێته‌ ناو سیاسه‌تی كوردستانه‌وه‌. ئه‌م ویسته،‌ ویستێكه‌ كه‌ ده‌كرێ له‌ سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه‌ سیاسه‌تی پێ بكرێت. به‌ڵام سیاسه‌توانی گه‌نج پێویستی به‌ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ له ڕێگه‌ی تیمێكه‌وه‌ كه‌ كاری له‌گه‌ڵ ده‌كات، له ڕێگه‌ی ئه‌جێندایه‌ك كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه په‌یڕه‌و ده‌كرێت، له ڕێگه‌ی ده‌نگێك كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه وه‌ك پاڵپشتیكه‌ر خۆی نیشان ده‌دات. له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌دا سیاسه‌توانی گه‌نج جێگه‌ و واتای خۆی ده‌بینێته‌وه‌.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ له‌ عێراق و كوردستانی ئه‌مڕۆ، پرسی شه‌فافییه‌ت ده‌توانێ وه‌ك سه‌كۆیه‌ك له‌ ڕاكێشانی سه‌رنجی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ببینرێ. له‌م پرسه‌دا هه‌موو سیاسه‌توانێك له‌ كوردستان، ده‌بێ فیداكاری یان ڕیسكێك بكات. به‌و مانایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێ پشتیوانیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، لانی كه‌م له‌ ئاستی قسه‌دا به‌ده‌س بێنێ، پێویسته‌‌ وه‌ك سه‌نگه‌ری شه‌فافییه‌ت خۆی بناسێنێت. ئه‌مه‌یش مسۆگه‌ر نابێ، تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ شه‌فافییه‌ت ببێت به‌ بابه‌تێك بۆ كۆمه‌ڵگه نه‌ك بۆ ڕاگه‌یاندن. لێره‌دا نێچیرڤان بارازانی ده‌توانێ داوا له‌ كۆمه‌ڵگه بكات كه‌ گرووپی تایبه‌تمه‌ند ساز بكه‌ن تاكوو حكوومه‌ت داتا و زانیارییه‌كانی خۆی بخاته‌ به‌رده‌سیان و، له‌ هه‌مان كاتدا كار بكاته‌ ‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌و مۆنۆپۆلییه‌ ئابوورییانه‌ و به‌شكردنی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه، تاكوو له‌و ڕێگه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه به‌ره‌ به‌ره‌ وه‌ك پشتیوانی به‌رنامه‌كانی ده‌ربكه‌وێ.

ده‌ره‌نجام

ڕۆژه‌ڤی سیاسه‌ت له‌ كوردستان زۆر ئالۆز بووه‌. ئه‌م ئالۆزییه‌ به‌ عه‌قڵی باو ناتوانێ چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵكوو بۆ ده‌ربازبوون، پێویست ده‌كات گه‌مه‌یه‌كی نوێ بونیاد بنرێت. ئه‌م گه‌مه‌یه‌ له‌م كاته‌دا سه‌رچاوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ و سیاسه‌توانێكه‌ كه‌ بتوانێ ده‌سپێشخه‌ری بكات. له‌ ئێستای كوردستاندا هه‌موو كاییه‌ سیاسییه‌كان په‌یوه‌ستی حزبه‌ سیاسییه‌كان كراوه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كه‌ به‌های هه‌موو قه‌یرانه‌كان ده‌دات. بۆیه‌ سیاسه‌توانێك ده‌توانێ له‌ گێژاوێك‌ به‌سه‌لامه‌ت ده‌ربچێ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م گێژاوه‌ به‌دوای چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێت نه‌ك له‌ناو خودی گێژاوه‌كه‌دا. نێچیرڤان بارزانی سیاسه‌توانێك نییه‌ كه‌ ته‌مه‌نی سیاسیی ئه‌و كۆتاییی پێ هاتبێ. به‌پێچه‌وانه‌وه‌‌ سیاسه‌توانێكه‌ كه‌ نه‌رمی و ته‌ماحی ئه‌وه‌ی تێدایه‌ كه‌ فۆرمی سیاسه‌ت له‌ ئیداره‌ی ڕۆژانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمدا بگۆڕێت؛ به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه‌ هه‌ڵگری به‌رنامه‌یه‌كی نوێ بێ. به‌ڵام به‌رنامه‌یه‌كی وا، په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی كه‌ چۆن ده‌توانێ له‌ ئاستی جیاوازدا پۆلێنیان بكات و بڕیار له‌سه‌ر پراكتیزه‌كردنی بدات. ئه‌مه‌یش به‌رهه‌م نایه‌ت تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ زمان، وشه‌ و كاراكته‌ری نوێ بۆ گه‌یشتن به‌ كۆمه‌ڵگه له‌ بازنه‌كه‌دا بوونیان نه‌بێ.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples