دۆناڵد ترامپ؛ بونیادنانەوە یان تێکدان

پوختەی باسەکە:

هاتنەسەرکاری ترامپ، باسوخواسی جیاوازی لە ئاستی نێونەتەوەیدا لێ کەوتووتەوە؛ باسگەلێک کە سیمایەکی تر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی وێنا دەکات. قسە و گوتارەکانی ترامپ، زۆر ئەمریکایین؛ واتە زۆرتر بەها بە ئەمریکا دەدات وەک وڵات. لە هەمان کاتدا دیارە ئەمریکا وڵاتێک نییە، بەڵکوو زلهێزێکە کە توانا و بوونی لە هەموو جیهاندا هەست پێ دەکرێ. بۆیە دەتوانرێ وەک ترامپێک سەیری بکرێت کە ئەمریکا دەکاتەوە ئەوەی کە خۆی ناوی دەنێ "ئەمریکای مەزن". ئەم ئەمریکا مەزنە، پێویستیی بە دووبارە بونیادنانەوەی سیستەمی جیهانییە. بەتایبەت کە ترامپ، زۆر حەز دەکات "ڕەیگانێکی تر" بێت لە ئەمریکا و جیهاندا. بە هەر حاڵ ئەم دوو بوارە سەرەکییە، دەتوانێ نوێنەرایەتیی خوێندنەوەی ئەمریکا و ترامپ لەمڕۆدا بکات. بەو مانایە کە ئەوەی ترامپ دەیکات، ئاخۆ جیهانێکی لەیەکدابڕاو دەبێ کە "بەرژەوەندیی تەنیا نەتەوەیەک" دەبێتە سەرچاوەی هەموو سیاسەتەکان، یان ئەمریکا و ترامپێک دەبێ کە ئاراستەیەکی تر دەداتە سیاسەتی نێودەوڵەتی؛ بەو مانایەی کە ئەمریکا و هێندێ لە هێزەکانی تر، سیستەمێکی تر بونیاد بنێنەوە.

خوێندنەوە و ئاوڕدانەوە لەم بابەتە، لەو بوارەوە گرینگه‌ کە لە هەر دوو سیما گشتییەکەدا کورد وەک نەتەوەیەک، کە گۆڕان لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، دەتوانێ هەوێنی گۆڕان لە پێگەی کوردی تێدا بێ، بتوانێ وێنایەکی بۆ داهاتووی خۆی هەبێ. لەم ڕەهەندەوەیە کە ئاوڕ لەم دوو سیمایە دەدەینەوە تاکوو وه‌ڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە کە ئاخۆ ترامپ بونیادی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەنێتەوە، یان تێکی دەدا؟

پێشەکی:

سیاسەتی نێودەوڵەتی، کۆکراوەی دەرهاوێشتەی ئەکتەرە گەورە و بچووکەکانە. لەم نێوەدا کاریگەری و توانای زلهێز، یان هێزە گەورەکان، جیاوازە لە ئەکتەرەکانی تر. بۆیە وەک چۆن کەنێت واڵتز دەڵێ: "گۆڕان لە توانای زلهێزەکان، یان هێزە گەورەکان، فۆرمی سیاسەتی نێودەوڵەتیش دەگۆرێ." لە مێژووی پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا گۆڕانی جۆراوجۆر بینراوە. ئەوەی لە هەموویاندا بەرچاوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە گۆڕان لە جەوهەری سیاسەتی نێودەوڵەتیدا سیستەمێکی تر لە سیاسەتی جیهانی لەگەڵ خۆیدا دێنێ. کاتێک کە سیاسەتی نێودەوڵەتی لە قاڵبی وێستفالیی خۆی دەرباز دەبێ، واتا ئەوە دەگەیەنێ کە ئیتر مەودایەک بۆ دەوڵەت-نەتەوە هاوسەنگەکان نامێنێ. کاتێک جیهان لە هاوسەنگیی نێوان هێزە گەورەکان دەرباز دەبێ، جێگه‌ بۆ "دووجەمسەری" خۆش دەکات. لە کاتێکیشدا کە دووجەمسەری هەرەس دێنێ، باسوخواسی "تاکجەمسەری" سەر هەڵدەدات. لە هەموو ئەم نموونانە، بونیادنانەوەی بابەتێک گرینگە، ئەویش نەزمی نێودەوڵەتییە. نەزمێک کە سیاسەتی نێودەوڵەتی ئارام دەکات و دەیخاتە بوارێکەوە کە ئارامی بە خۆیەوە ببینێ. بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە کە پێ دەچێ بۆ ترامپیش پرسیار بێ، کە ئاخۆ لە سەردەمێکدا کە جیهان لەگەڵ بابەتێک بە ناوی بەجیهانیبووندا ڕووبەڕوو بووه‌ته‌وه‌، ئەم نەزمە چۆن دەتوانێ مانای هەبێ؟

ئاوڕدانەوە لەم پرسە، لەو بوارەوە گرینگە کە دەسپێکی پێشەکییەکەمان دەباتە ژێر پرسیارەوە. بەو مانایە کە ئایا ڕاستە بڵێین سیاسەتی نێودەوڵەتی، تەنیا مەودای زلهێز، یان هێزە گەورەکانە؟ پێ دەچێ نموونەی گرووپە تیرۆریستییەکان، یان نموونەی ئەکتەره‌ ناحکوومییەکان، پیشان بدات کە سیاسەتی نێودەوڵەتی، پانتایەک تەنیا بۆ هێزە گەورەکان نییە. کاتێک پانتایەکه‌ بۆ ئەوان، کە دەوڵەت ڕۆڵی سەرەکیی هەبێت. بەڵام ئەوەی ڕوونە، دەوڵەت تاكه‌ ئەکتەر نییە. چونکە تا ئەو ڕاددەیه‌، کە "داعش" توانیویەتی سیاسەتی جیهانی بە خۆیەوە خەریک بکات، کەمتر دەوڵەتێک هەیە هەموو دەوڵەتان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە تاکوو لەناوی ببەن. لە هەمان کاتدا، حکوومەتی بەعس بە ٢٠ ڕۆژ لەناو دەچێ، کەچی چەند ساڵە بە داعشەوە خەریکن.

لە خستنه‌ڕووی ئه‌م باسه‌دا، دەمه‌وێ ئەو بابەتە بەرجەستە بکەمەوە کە جەوهەری سیاسەتی جیهانی گۆڕاوە؛ بەو مانایەی کە پێویست بە تێکدان و بونیادنانەوە هەیە. سەددام، هیتله‌ر، خومەینی و ... هەوڵیان دا کە سیاسەتی نێودەوڵەتی تێک بدەن، بەڵام نەیانتوانی؛ چونکە ئەوان لە کاتێک لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا دەژیان، کە سیستەمی جیهانی، خاوەن و هەڵگری نەزمێک بوو کە چارەسەری پێ بوو. لە لایەکی تریشه‌وه‌ یەکێتیی سۆڤیه‌ت، ویستی کە سیستەمێکی نوێ لە سیاسەتی جیهانیدا بونیاد بنێت و، لەم بوارەدا سەرکەوتوو بوو؛ بەڵام دواجار ئەویش هەرەسی هێنا.

لە تێگەیشتنی سەرەتایی بۆ ئەم بابەتە، دەتوانین لەو سۆنگەوە سەیری سەردەمی ترامپ بکەین کە ململانێیەکە لە نێوان دوو بواردا: بواری ناوخۆیی و بواری دەرەکی. بواری ناخۆیی، کە ترامپ دەیەوێ تێکی بدات. وەک ترامپ لە وتەی ڕۆژی دەسبەکاربوونیدا پەلاماری سیستەم و نوخبەی سیاسیی ئەمریکای دا و، زیاتر ئاوڕی لەو بابەتە دایه‌وە کە لە سەردەمی ئەودا کۆی ئەم پەیوەندییانە هەڵدەوەشینێتەوە. بۆیە کاتێک دەڵێین "تێکدان"، کە دەقاودەق ناکاتە مانا ئینگلیزییەکەی، مەبەست ئەوەیە کە دەیەوێ کۆی گەمەی سیاسی لە ئەمریکا بگۆرێت و، تاکوو ئەمڕۆیش بەردەوامە. بواری دووەم، بونیادنانەوەیە. مەبەست لە بونیادنانەوە، بەرهەمهێنانی نەزمێکی نوێیە کە بتوانێ ئەمریکا، بکاتەوە ئەو ئەمریکا مەزنەی کە ئەو مەبەستیەتی. بۆیە دەتوانین لەو خانەوە چاوی لێ بکەین. لەم بوارەدا ترامپ بە دوای نەزمێکی تردا دەگەڕێ، کە بتوانێ نەزمێکی ویستراو بۆ ئەمریکا بێ و، سەقامگیریش تێیدا واتای هەبێ. پێ دەچێ لەم بوارەدا بێ، کە گومانی ئەوە دەکرێ لە ڕووسیا نزیک ببێتەوە.

ترامپ و تێکدان

ئەوەی دەتوانین لە جۆری تێگەیشتنی ترامپ بەرانبەر بە کۆمەڵگه‌ی ئەمریکی تێ بگەین، ئەو ڕاستییەیە کە ترامپ ئەمریکای ئەمڕۆ لە خانەی که‌لتووری و ئابوورییەوە دەبینێ. که‌لتووری، بەو مانایە کە ناسنامەی ئەمریکی لە بەردەم دوو هەڕەشەی سەرەکیدایه‌. هەڕەشەیەک کە بەجیهانیبوون سازی کردووە و، کراوەبوونی ئەمریکا لەم بوارەدا ناسنامەی ئەمریکیی خستووه‌تە ژێر پرسیارەوە. بۆیە لە یەکەم هەنگاوەکانی، داخستنی ئەمریکا بوو بە ڕووی پەنابەران، تاکوو لەم ڕێگەوە بتوانێ بەرە بەرە ئاسایش بۆ ناسنامەی ئەمریکی بگەڕێنێتەوە. لایه‌نی دووەمی باسەکە، دەگەڕێتەوە بۆ بواری ئابووری؛ ترامپ لەو باوەڕەدایە کە ئەمریکا وەک ناوەندی سەرمایەداریی جیهانی، نەبووه‌تە هۆی ئەوەی کە ئابووریی ئەم وڵاتە لە خزمەتی ئەمریکادا بێ، بەڵکوو ئەمریکا ژینگەیەکە بۆ پێگەیاندن و خێری وڵاتانی دیكه‌. لێرەوە ترامپ دەیەوێ سیاسەتی ئابووریی ئەمریکا لە سیاسەتی ئابووریی کراوەوە، بکاتە ئابووری تەنیا بۆ ئەمریکا. بۆیە داوای هەبوونی بەش لە هەموو جووڵەیەکی ئابووری دەکات (وەک ئەوەی کۆمپانیای سامسۆنگ ناچار بوو کە بەشێک لە هێڵەکانی بەرهەمهێنانی خۆی بگوازێتەوە بۆ ئەمریکا.) واتە ئەمریکا نابێ تەنیا لۆجستیکی سەرمایەداری بێ.

لێرەوەیە کە ترامپ ئه‌و ڕێگەچارەیەی کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم بوارانە دەیخاتە ڕوو، ئاوڕدانەوەیە لەو بەستێنە سیاسییەی کە نوخبەی ئەمریکی، تێیدا ڕۆڵ و گەمەی سیاسیی خۆی ڕێک دەخات؛ ئەو بەستێنەی کە نوخبەی ئەمریکا ئاوێتەی کەلتوور و ئابووریی جیهانی بووە، واتە بەرژەوەندییەکانی تێکەڵ بە بواری جیهانی بووە. بەڵام ترامپ دەیەوێ ئەم بەستێنە بگۆڕێ؛ بەو مانایە کە کۆی گەمەی سیاسی، بگەڕێنێتەوە بۆ ناوخۆی ئەمریکا. بۆیە دەتوانین ناوی لێ بنێین تێکدان. تێکدانێک کە ڕووی لە ناوخۆی ئەمریکایە، نەک دەرەوە.

ترامپ و بونیادنانەوە

ترامپ پێگەی هەنووکەی ئەمریکا، بە پێگەیەکی شیاو لەگەڵ ئەمریکا نازانێ، بۆیە دروشمی ئەمریکای مەزن دەڵێتەوە. ئەم ئەمریکا مەزنە، ئەمریکایەکی مەزن دەبێ ڕۆڵی جیهانیشی هەبێ. ئەم ڕۆڵە، لە لایەکەوە ئاسایشییە و، لە لایەکەوە گەڕانەوەی سەقامگیرییە. لە ڕەهەندی ئاسایشییه‌وه‌، ئەمریکا پێویستیی بە هاوکاری هەیە و، لە بواری سەقامگیریدا قبووڵکردنی ڕۆڵی هه‌ندێ لە گەورە هێزەکانی جیهان.

کاتێک باس لە بونیادنانەوە دەکەین، لە بەرانبەر ڕووخانێکدا دێ؛ ڕووخان لە سیمای ئەمریکا وەک زلهێزێک. زلهێزێک کە وێنای ئەوەی لێ دەکرێ، زلهێزیی خۆی بپارێزێ. بۆیە دروشمی ئەمریکای مەزن کاتێک واتای دەبێ کە گرووپێکی تیرۆریستیی وەک داعش، مەزنایەتییەکەی نەباتە ژێر پرسیار. لە هەمان کاتدا ئەم بونیادنانەوەیه‌، لە هەلومەرجێکی ئارامدا دەتوانێ مانای هەبێ؛ بەو واتایە کە وەک چۆن فرەجەمسەری و دووجەمسەری، توانییان جیهانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئارام بکەنەوە، بە هەمان شێوەیش ئەمریکا لەمڕۆدا، بتوانێ هەمان ڕۆڵ بگێڕێ. بۆیە کاتێک ترامپ، ڕوو دەکاته‌ کۆماری ئیسلامی و وەک هێزێک پێناسەی دەکات کە ڕۆڵی لە تێکدانی پانتای جیهاندا هەیە، بەو واتایەیه‌ کە سەرچاوەی سەرەکیی تیرۆرە لە جیهاندا. بونیادنانەوەی ترامپ، پێویستیی بە هاوکار و قبووڵکردنی هاوکارە. لەم بوارەدا ترامپ لە بواری ئاسایشیدا، بەرانبەر بە داعش و ئێران ڕووی لە وڵاتانی سوننە کردووە و، لە هەمان کاتیشدا لە پرسە جیهانییەکان لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و ڕووسیادا، دەبێ یه‌كێكیان هەڵبژێرێ. بەگشتی، ترامپ وا سەیری جیهانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی دەکات کە لەگەڵ بونیادنانەوەیدا یەکانگیر بێ.

دەرەنجام

ئەوەی لە دەرەنجامدا دەتوانین باسی لەسەر بکەین، بەرجەستەکردنەوەی ئەو ڕاستییانەیە کە ترامپ وێنای جیهانێکی تر دەکات. ئەم جیهانە، پێشتر ئەزموون کراوە. واتا جیهانێک کە تێیدا دەوڵەت-نەتەوە بە هەموو ماناکانییه‌وه‌ خاوەن توانا و کاریگەری بوو. لە هەمان کاتدا، جیهانێک کە دەوڵەتەکان تەنیا ئەکتەر و بکەری پانتایەکە بوون. بەڵام ئەوەی لە بەرەنگاریی سیاسەتەکانی ترامپ لە ئەمریکا بەگشتی و لە شوێنەکانی تری جیهان دەیبینین، لە ڕاستیدا "جیهانێکی بەجیهانیکراو"ە، کە کۆسپەکانی ترامپ لە دەرفەتەکانی زیاترن.

لەم نێوەدا کورد وەک ناسنامە و ئەکتەرێک، بەرەوڕووی تێکدان و بونیادنانەوەی ئەمریکای ترامپ ده‌بێته‌وه‌. دیارە کورد لە ئاستی ناوخۆی ئەمریکا، خاوەن ئەو توانایییە ئابووری و "دیاسپۆرا"یە نییە کە بتوانێ ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێ. تەنیا لە ئاستی بونیادنانەوەی ترامپدایە کە دەتوانێ ڕۆڵی هەبێ، ئەویش لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان. لە ئاستی باشووری کوردستان، خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە ترامپ حکوومەتی عێراق وەک ئەکتەرێک نازانێ کە ڕۆڵ و توانای لە بونیادنانەوەی ئاسایش و سەقامیگریی ناوچەکە و خودی عێراقدا هه‌بێ. بۆیە ئەمە لە ناخی خۆیدا هەڵگری ئەوەیە کە باشووری کوردستان، دەتوانێ هەڵگری ئەو لۆجستیک و ئەکتەرییە بێ کە خۆی لەگەڵ ئەم سیاسەتەدا یەکانگیر بکات. لە هەمان کاتدا ڕۆژاوای کوردستان هەیە، کە چارەنووسی وەک باشوور نییە کە پەیوەست بێ بە کورد و بەغداوه‌، بەڵکوو پەیوەستە بە ئەمریکا-رووسیا، ئەمریکا-ئێران، ئەمریکا-تورکیا و ئەمریکا-وڵاتانی عەرەبی. بۆیە ڕۆڵێک کە کورد لە بونیادنانەوەی ترامپ لە ڕۆژاوای کوردستاندا دەتوانێ بیگێڕێ، لە خانەی بە ئەنجامگەیشتنی ئەو هاوکێشانەدایه‌.

هەرچەنده‌ ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ هه‌یه‌ کە لەبەیەکگەیشتنی نێوان باشوور و ڕۆژاوادا، دەکرێ تواناکانی ڕۆژاوا بەرجەستە بکرێتەوە؛ بەو مانایە کە باشوور، دەتوانێ ببێ بە لۆجستیکی ئەجێندای ئەمریکا لە ڕۆژئاوا و، لەو پێگەیه‌وە ئەمریکا هەست بە ئارامی و سەرخستنی سیاسەتەکانی بکات، بەڵام پێ ناچێ ئەمە لە ئەجێندای باشوور و ڕۆژاوادا بێ. بەگشتی، کورد لە جیهانی ترامپدا خاوەنی دوو تایبەتمەندییه‌: یەکەمیان ئەوەی کە دەتوانێ ڕۆڵی لە بنبڕکردنی بابەتە ئاسایشییەکاندا هه‌بێ و، ئەوی تریان ڕۆڵێک کە دەتوانێ لە سەقامگیریدا هەبێ. سەقامگیرییەک کە ئەمریکای ترامپ لە ناوچەدا بەدوایدا دەگەڕێ.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples