پوختە:
دەسبەسەرکردنی سیاسەتوانانی کورد لە باکوور، سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانیی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە. گرینگیی بابەتەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تورکیا لە پاش "بەهاری عەرەبی"، دوو سیمای گرینگی لە خۆی پێشان دا. سیمایەک کە ئیسلامێکی میانڕەو نوێنەرایەتیی دەکرد و، وێنایەکیش کە لە تێکهەڵکێشی گوتاری چەپ، لیبراڵ و ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بندەست، ئاسۆیەکی لە کۆتاییهێنان بە جهنگ نوێنەرایەتیی دەکرد. بەڵام ئەم وێنایانە خەریکە کۆتایییان پێ دێ. وێنای ئیسلامی تورکیا، ئاوێتەی وێنە ناشرینەکەی داعش بووە و وێنا دیموکراتیکەکەی "پارتی دیموکراتیکی گەلان" بەرەو کۆتایی دەچێ و، دەوڵەت نایەوێ لە دەرەوەی وتارە فەرمی و دەسەڵاتداریی خۆیەوە، بچێتە ژێر کۆنترۆڵی گوتاری پەراوێزەکان. لێرەوەیە کە پانتای سیاسەتی تورکی، ڕووبەڕووی سەردەمێک بووهتەوە کە تێیدا ماناکانی دەوڵەتی هاووڵاتی، توانای خۆیان لەدەست دەدەن و تەنیا سیمایەک لە دەوڵەت دەمێنێتەوە، کە ئەویش توانای بەکارهێنانی هێزە.
پێشەکی:
بەهاری عەرەبی، وێستگە و وەچەرخانێکی گرینگ بوو، بەو مانایە کە چۆن بەجیهانیبوون کاریگەریی لەسەر پەراوێزەکانی جیهانی سەرمایەداری داناوە. واتە بەهاری عەرەبی، دەبێتە سەرەتایەک کە لەوێوە وێنای ڕابوون و هاتنەئارای سیمایەکی تر لە سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێک کە بە باڵادەستبوونی شوناسەکانی سەروەریی دەوڵەت دەناسرێت. شوناسگەلێکی وەک ئیسلام، کە سنووری چەندین دەوڵەت دەگرێتەوە و، شوناسگەلێکی وەک ناسیۆنالیزم کە ئاودیوی سنوورەکان دەبێ. بۆ نموونە ئیسلام، شوناسێکە کە هەموو جیهانی ئیسلامی، یان وڵاتانی مسوڵمانی بە خۆیەوە خەریک کردووە. لە هەمان کاتدا ناسیۆنالیزمی کورد، وەک نموونە، لە چوار وڵاتدا دەبینرێن. هەموو ئەمانە واتایەک لە ژیانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست وێنا دەکەن، کە "کۆهێن" وەک جیهانی پڕ لە ئاژاوە ناوزەدی دەکات.
لەم جیهانە پڕ لە ئاژاوەیەدا، بەهاری عەرەبی ئەو سیمایەی خستە ڕوو کە ئەم ناوچەیە ئاوێتەی جیهانی سەرمایەداری دەبێ و، نەوەیەک جڵەوی سیاسەت بەدەستەوە دەگرێ کە تێیدا ڕێژەی ئاژاوەکان کەم دەبنەوە و ڕادەی بەیەکگەییشتنەکان زیاد دەکات. ئیسلام و ناسیۆنالیزمی بندەست، ئەو دوو بوارە سەرەکییە بوون کە پێویست بوو دامرکانێک بەخۆیانەوە ببینن. لە هەر دوو بوارەکەدا، تورکیا مەکۆ بوو. واتا هەم ئیسلام لە پاش جهنگی ساردەوە تێیدا گەشەی کردبوو و، هەمیش ناسیۆنالیزمی بندەست، هێز و توانای بەدەست هێنابوو.
ئەوەی وەک گریمانەی سەرەتاییی ئەم بابەتە دەتوانین ڕاوەستەی لەسەر بکەین، ئەوەیە کە فۆرمی ناکۆکییەکان ڕەهەند و مانای کەلتوورییان بەخۆیهوه گرتووە و، ئەوەی تورکیا لە دەرەوە ئەنجامی دەدا و ئەوەی لە ناوخۆی تورکیا ڕوو دەدەن، بەریەککەوتنی گوتاری دەوڵەتی دەرەوەی سنوور و دەوڵەتی ناوەوهی سنوورە. واتە ڕەفتاری دەرەوەی دەوڵەت و ڕەفتاری ناوخۆی هەمان ئەکتەر، هەمان چەمکی "Inside out or outside in"ە. لێرەدا دەوڵەت، گیرۆدەی دوو فۆرمی ئالۆز و پێکەوەگرێدراوە. لە لایهکەوە گیرۆدەی گوتارێکە کە ڕەگی دەچێتە دەرەوەی سنوورەکانی و، لە هەمان کاتیشدا گیرۆدەی گوتارێکه کە پەیوەستە بە دیموکراتیزەکردنی دەسەڵاتی ناوخۆیی، یان بەخشینی بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بە شوناسە نافەرمییەکان. ئەوەی لە ڕەفتاری تورکیادا دەیبینین، ڕاستییهكهی، ئیسلامی سوننەیە کە ڕووبەرووی دونیای دەرەوەی دەوڵەتی دەکاتەوە و، "سوڵتان" دەبێتە نوێنەری ئەو گوتارە و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان خەونی بەدیهێنانی دەبینێ و "دیموکراسیی گەلان"یش گوتارێکە کە هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمیی دەوڵەت هەوڵی بەهێزکردنی دەدەن؛ بۆیە لەگەڵ دەوڵەتدا بەریەک دەکەون. دەتوانین بڵێین کە ئەوەی ڕوو دەدات ململانێیەکی سەختە، کە هەرەسهێنانی هەر دوو گوتاره سەرەکییهكهی لێ دەکەوێتەوە. لە لایهکەوە گوتاری ئیسلامی هەرەسی هێناوە، بەو مانایەی کە ئیتر ناتوانێ نوێنەرایەتیی میانڕەوی و سەردەمیبوون بکات، لە هەمان کاتیشدا گوتاری دیموکراسی هەرەس دێنێ؛ چونکە پەراوێزەکان هێشتا درکیان بەوە نەکردووە کە شوناسی باڵادەست، هێشتا توانای بەکارهێنانی زهبروزهنگی ههیە و، ئامادە نییە لە گەمە ناوخۆیییەکاندا، دەستی لێ هەڵبگرێ.
هەرەسهێنانی گوتاری ئیسلامی
کاتێک تورکیا، بوو بە جێگهی سەرنجی ڕۆژاوا، گوتارە نوێ و سەردەمییانەکەی لە ئیسلام بوو، کە کردی بە نموونە، یان وەک نموونە ناوی دەهێنا. ئەم گوتارە ئیسلامییە، لە نێوان دوو فۆرمدا خەریکی ڕاڤەکردنی خۆی بوو. فۆرمێک کە دەیتوانی ببێ بە نموونە بۆ نەوە نوێیەکەی بەهاری عەرەبی و، فۆرمە تورکییەکەی، کە خولیای زیندووکردنەوەی مێژووی سوڵتانەکانی عوسمانیی بە لاوە گرینگ بوو و، ئاماژەی ئەوەی دەدا کە هەڵگر و باوەڕی بە فرەیی هەیە.
قەیرانی سووریا و سەرهەڵدانی داعش، ئەو دوو وێستگە گرینگە بوون کە گوتاری ئیسلامیی تورکیای لە دوو ئاستی دەرەوە و ناوخۆدا تووشی کێشە کرد. لە ناوخۆی تورکیا، دەوڵەتی تورک فۆرمێکی ئایدیۆلۆژیکی بەخۆیەوە گرت و له جیاتی سیاسەتی لەبەرگرتن ( Inclusion)، سیاسەتی ( exclusion)، یان لەبەرنەگرتنی گرتە بەر. لەم بوارەدا ئەردۆغان بەرامبەر بەو بەهایانە وەستایهوه کە پێوه دەناسرا و، ئامادە نەبوو دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵ بکات. بۆیە، بە هەموو سیناریۆیەکەوە پاڵی بە تورکیاوە نا، کە هەڵبژاردنێكی دیكه بەڕێوە ببات. بۆیە سیمای ئیسلامی میانەڕەو، فۆرمێکی تاکەکەسیی بەخۆوە گرت و، وای کرد کە ئیسلامی خوازراو، جێگهی ئیسلامی ویستراو بگرێتەوە.
لە دەرەوە، سیمای ئیسلامی تورکیا ئاوێتەی سیمای داعش بوو. ئەمە لە کاتێكدا بوو کە لە کاتی هاتنەکایەی بەهاری عەرەبیدا، زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامی، تورکیایان وەک نموونە دەهێنایەوە. بەڵام سیاسەتی ئەردۆغان لە سووریا و عێراق، هەموو ئەو بەهایانەی کە تورکیا بەدەستی هێنا بوو، لەناو برد و، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئیسلامی تورکیا، وەک خەونی سوڵتانێکی ماوەبەسەرچوو وێنا دەکرا. واتە، سوڵتانێکی تر ناتوانێ سەر هەڵبداتەوە و، جیهانی ئیسلام سوڵتانی وای ناوێ. لێرەوە بوو کە ناوی ئیسلامی تورکی، هاوتەریب بوو لەگەڵ ناوی هێزە ڕادیکاڵ و توندڕەوەکان. لەم کاتەدا بوو کە "کۆدەتا"یەکیش لە تورکیا ڕووی دا. هەرچەند لە سەرەتادا، جیهان هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ تورکیا پێشان دا، بەڵام دواجار گومان خرایە پاڵ کۆدەتاکە و، سیستەمی سیاسیی تورکیا بەتەواوی لە پانتای ئیسلامی چووە دەرەوە و خەریکی ناوخۆ بوو.
بەگشتی، دەتوانین بڵێین کە گوتاری ئیسلامیی تورکیا هەرەسی هێناوە. گوتارێک کە وەک بەستێنی شۆڕبوونەوەی تورکیا بۆ عوسمانیی کۆن هەژمار دەکرا. ئەم گوتارە، تواناکانی خۆی لە ئاستی ناخۆ لەدەست داوە، بەو مانایە کە بتوانێ ببێت بە شوناسێک کە هەموو هاووڵاتیان لەخۆ بگرێت و، لە ئاستی دەرەوە لە هەموو بەهایەک دوور کەوتەوە، وەک ئەوەی کە بتوانێ لە ئاراستەکردنی سیاسەتی ناوچەکەدا هاوکاری تورکیا بێ. بۆیە دەتوانین وەک گرژبوون، یان بەرتەسکبوونەوەی شوناسی ئیسلامی ناوی ببەین، کە تەنیا دەتوانێ نوێنەرایەتیی تاقم یان بەشێک لە تورکیا بکات و، پێ دەچێ پاڵ بە دەوڵەتی تورکیاوە بنێ کە زۆرتر فۆرمی دەوڵەتێکی ئایدیۆلۆژیک بەخۆیەوە بگرێ، تاکوو دەوڵەتێکی دیموکراتیک و سەردەمییانە.
کۆتاییی گوتاری دیموکراتیکی گەلان
گوتاری کۆنفدرالیزمی دیموکراتیک، سەرچاوە لە ڕوانگەیەک لە گوتاری چەپەوە دەگرێ، کە باوەڕی وایە ڕێگهی دیموکراتیزەکردنی دەسەڵات، بەخشینی دەسەڵاتەکانه بە کۆمەڵ یان کۆمێنیتییەکان. کۆنفدرالیزمی دیموکراتیک لە تورکیا، لە لایهن کوردەوە خرایە بەر باس؛ کورد وەک نەتەوە و شوناسی ژێردەست. بۆ ئەوەی کۆنفدرالیزمی دیموکراتیک بکرێت بە ڕاستی، پارتێکی سیاسی بە ناوی "پارتی دیموکراتیکی گەلان " هاتە ناو بازنەی سیاسیی تورکیاوە. ئەم پارتە، هەم لای ئەردۆغانی میانڕەو ویستراو بوو و، هەمیش لای کورد. چونکە ڕێگەی لە پەلاماری ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی تورکیا دەگرت و، هەمیش خودی کورد، لە خانەی چەپەوە هەوڵی گەییشتنی بە کوردستان و تورکیا دەدا. بە هەر حاڵ، ئەردۆغانی ئیسلامی و کوردی چەپ، شانیان لە شانی یەک دا، تاکوو ڕێگەیەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد ببینەوە.
پارتی دیموکراتیکی گەلان، بوو بە ڕکابەری ئەردۆغان لە هەڵبژاردن و، بە کۆکردنەوەی دەنگە پەراوێزەکان سیاسەتی دووجەمسەریی کردەوە. لە بەرامبەردا ئەردۆغان، دەنگی ڕووی لە کزی کرد. بۆیە لێرە بەم لاوە، سیاسەت لە نێوان ئەم دووانەدا کۆتاییی هات و، بەریەککەوتن دەستی پێ کرد. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، بەریەککەوتنی گوتاری بوو. گوتارێک کە نوێنەری دەنگە بەرزەکەی دەوڵەت بوو و، گوتارێک کە نوێنەری دەنگە کز و بوێرەکەی پەراوێزەکان. لەم بەریەکەوتنەدا، دەوڵەت گەڕاوەتەوە فۆرمە پێشووەکەی خۆی و، نموونەی پەراوێزەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان شکستی خواردووە. هەرچەند لە بواری کردەیی و بەرچاو، دەوڵەت توانیویەتی باڵ بەسەر نموونە پەراوێزەکاندا بكێشێت، بەڵام لە درێژخایەندا شکستێکی جددییە بۆ یەکگرتووییی دەوڵەت لە ئاستی دابەزین بۆ کۆمەڵگه و شوناسە جیاوازەکانی.
لێرەدا هەر دوو لایهنی دەوڵەت و شوناسی پەراوێزکراو، دەگەڕێنەوە فۆرمە سەرەتایییەکانی خۆیان. واته، ئەو شێوازەی کە ململانێ و بەریەککەوتن تایبەتمەندیی سەرەکییان بوو؛ دەوڵەتی نەوەدەکان و کوردی سەردەمی خەباتی شاخ. ئەمە لە کاتێكدا بوو، کە لە پاش بەهاری عەرەبی، دەوڵەت نوێنەرایەتیی شێوازێکی نوێی لە دەسەڵاتداری دەکرد و، کوردیش نوێنەرایەتیی پەیوەستبوون بە سیاسەتی بە لاوە گرینگ بوو.
بەگشتی، بە دەسبەسەرکردنی پهرلەمانتارە کوردەکان، گوتاری دیموکراسیی گەلانیش زیندانی دەکرێ. واتا مۆدێلی کورد بۆ پەیوەستبوون بە سیاسەتی دەوڵەت، ڕێگهی لێ دەگیردرێت و، ئیتر مەوداکانی گەییشتنی ئەم دوو لایانە بە یەک، کۆتایییان پێ دێت.
دەرەنجام
ئەوەی تاکوو ئێستا باسمان لێ کرد، بەرەو ئەو ئەنجامە هانمان دەدات کە وەرزێکی تر لە ڕێگهکانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە بنبەست گەییشتووە. کاتێک نموونەی ئیسلامی میانڕەوی تورکیا سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، مەبەست ئەوە بوو کە بتوانێ ببێت بە مودێلێک بۆ چارەسەرکردنی مەودای نێوان دەوڵەت و هاووڵاتی و، لە هەمان کاتدا ئاوێتەبوون بە جیهانی سەردەم. واتە مودێلێک بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکیی جهنگ. بەڵام ئێستا ئەم مودێلە، خۆی بووەتە سەرچاوەی جهنگ و، ئیتر ناتوانێ مانایەکی لێ بکەوێتەوە. بۆیە، یەکەم گوتار کە تووشی هەرەسهێنان دەبێت، گوتارە ئیسلامییەکەی تورکیایە، کە دەگەڕێتەوە بۆ هەمان قاوخ، کە ناسیۆنالیزمی تورک بۆ چەندین دەیە پەیڕەوی کرد. لە هەمان کاتدا، گوتاری دیموکراسیی گەلانیش، لەبەر ئەوەی سەرنجی جیهانی بە لای خۆی ڕاکێشا و، هاوسەرۆکی ئەم پارتە، نازناوی "ئۆبامای کوردی"ی پێ بەخشرا، چونکە وەک ڕێگهیەک سەیر دەکرا کە بە پەیوەستبوون بە سیاسەتی باو، ڕێگە لە ناکۆکی و جهنگ دەگرێت و، دەتوانێ سەرچاوەی بەیەکگەییشتنی کورد و دەوڵەت بێ. بەڵام ئێستا، کە سەرۆک و هاوکارانی ئەم پارتە دەخرێتە زیندانەوە، ئیتر مەودایەک بۆ سیاسەت نابینرێتەوە. واته، گوتارەکە بەرەوڕووی شکست دەبێتەوه. هەرچەند ئەم شکستە لە ئەنجامی دەستێوەردان و ڕێگرییەکانی دەوڵەتەوە سەرچاوە دەگرێ، بەڵام لە ناخی خۆیدا، هەڵگری ئەو مانایەیه کە دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی، دەوڵەتێک نییە کە دەرەنجامی سیاسەت بێ، بەڵکوو دەوڵەتێکه دەرەنجامی جهنگ و پاوانخوازییە. بۆیە هەموو ئەو گریمانانەی کە وێنای کۆتاییهاتنی جهنگ و ئاژاوەیان دەکرد و، ئاشتییان وەک تاکە دروشم دەزانی، دەبێ لەو ڕاستییە بگەن کە ئەوەی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەسووڕێنێ، کۆمەڵە ئەفسانەیەکی سەرووی دەوڵەتن، کە بەهاری عەرەبییش نەیتوانی بەسەریاندا زاڵ بێ. هەر بۆیە، گوتار لە دوای گوتار هەرەس دێنێ.