خستنه‌ڕووی پرس
سه‌ردانه‌كه‌ی "ترامپ" بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕووداوێكی دیپلۆماسی و سیاسی و ستراتیژیی بێوێنه و جۆری بوو له مێژووی سه‌ر‌دانه‌كانی سه‌رانی ئه‌مریكا بۆ ناوچه‌كه، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك له‌وانه: ترامپ له‌و سه‌ر‌دانه‌یدا یه‌كه‌م به‌ردی بناغه‌ی سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی هێزی دانا، به شێوه‌یه‌ك كه له به‌رژه‌وه‌ندیی هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا بێت، ئه‌ویش له ڕێی دروستكردنی هاوپه‌یمانێتییه‌كی عه‌ره‌بی- ئیسلامی كه پێك هاتبوو له زیاتر له 50 وڵاتی ئیسلامی و عه‌ره‌بی، وه‌ك میكانیزمێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێز. هۆكارێكی دیكه، بۆ یه‌كه‌م جاره له دوای ڕووخانی "ڕژێمی به‌عس" هاوسه‌نگیی هێز له ناوچه‌كه له نێوان به‌ره‌كان دروست ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی كه هاوسه‌نگیی هێز نامێنێت و، له به‌رژه‌وه‌ندیی به‌ره‌ی "ئێران" لاسه‌نگ ده‌بێت. هه‌روه‌ها سه‌ردانه‌كه‌ی ترامپ بۆ ئه‌و ناوچه‌یه، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه زۆرترین سه‌ر‌نجی میدیا جیهانییه‌كانی ڕ‌اكێشا و زۆرترین كاردانه‌وه‌ی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیی به‌دوای خۆیدا هێنا، ئاماژه‌یه‌كی ڕوون بوو به‌وه‌ی كه ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا له ڕوانگه‌یه‌كی جیۆستراتیژییه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌و ده‌ڤه‌ره و بایه‌خی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، هاوشێوه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك ده‌ریای چین، تا نیمچه‌دوورگه‌ی كۆریا له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، هەروەها ناوچه تخوبه‌كانی ده‌ریای ڕه‌ش تا ئۆكراینا.
جگه له‌مه‌یش، ئه‌و سه‌ردانه‌ی ترامپ كه زۆرترین ڕێككه‌وتننامه و زۆرترین لێكتێگه‌یشتنی لێ كه‌وته‌وه، به‌ڵگه بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێ دوو په‌یامی هاوشێوه له ناوه‌ڕۆكدا، به‌ڵام بۆ دوو هێزی جیاواز بنێرێت: ئێران و ڕووسیا؛ كه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و كه‌نداوی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی، به‌شێكن له ناوچه‌ی نفووزی ئه‌مریكا؛ ئیدی به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت ئه‌و دوو هێزه هه‌ڕه‌شه بن بۆ سه‌ر نفووزی ئه‌مریكا له‌و ده‌ڤه‌ره، به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر به ئێران؛ چونكه ده‌ره‌نجامی سه‌ردانه‌كه وه‌ك زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه بوو بۆ ئێران، كه ئیتر ئه‌و وڵاته له‌مه‌ودوا بۆی نییه "ئه‌سپی خۆی له ناوچه‌ی نفووزی ئه‌مریكادا تاو دات"؛ ته‌نانه‌ت ئیتر ئێران ناتوانێت هیچ جۆره سیاسه‌تێك (چ سیاسه‌تی ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆ بێت، یاخود سیاسه‌تی جه‌نگی به‌وه‌كاله‌ت) له‌و ناوچه‌یه به‌كار بێنێت. هۆكاریكی دیكه‌ی ئه‌و سه‌ردانه ئه‌وه‌یه، كه ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا هه‌وڵی داوه له په‌راوێزی "به‌شه‌یتانكردن"ی ئێران، هاوكات ئیسڕائیلیش به "فریشته" بناسێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌ك په‌یوه‌ندیی نێوان وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل ئاسایی بكاته‌وه، له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه ئێران به نه‌یاری هه‌مووان بناسێنێت. بۆیه ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یه‌وه‌ندییه‌كانی نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، له‌سه‌ر بنه‌مای ناساندنی ئێرانه وه‌ك "نه‌یاری هه‌مووان". هه‌روه‌ها ڕوانگه‌ی ترامپ له‌مه‌ڕ پرسی دووباره شكۆمه‌ندكردن و به‌زلهێزكردنه‌وه‌ی ئه‌مریكا (Great America Again) له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو: بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا دووباره به‌هێز كه‌وێته‌وه، پێویسته هاوپه‌یمانه‌كانی خۆی به‌هێز كاته‌وه. له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه‌یش ترامپ پێی وایه كه پڕچه‌ككردن و به‌هێزكردنی هاوپه‌یمانه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌شێكه له هێز و توانای ئه‌مریكا له‌و ناوچه‌یه.
لێكه‌وته‌كانی ئه‌و سه‌ردانه له‌سه‌ر ئه‌مریكا
له ڕووی جیۆستراتیژییه‌وه، ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا پێی وایه كه ئیداره‌ی "ئۆباما" شكستێكی گه‌وره‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هێنا، په‌یوه‌ست به چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردن به‌رامبه‌ر به پرسگه‌لێكی ستراتیژیی گرنگ، وه‌ك: پرسی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران، پرسی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران له ناوچه‌كه و، هه‌روه‌ها پرسی سووریا و ده‌ستێوه‌ردانی ڕووسیا له سووریا، به شێوه‌یه‌ك كه ئیداره‌ی ئۆباما نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسانه ببێته‌وه، به‌ڵكوو شكۆی ئه‌مریكایشی له‌كه‌دار كرد، كه ئه‌مریكا نه‌یتوانی ڕیگری له ته‌شه‌نه‌كانی نفووزی ئێران له ناوچه‌كه بكات و، هه‌روه‌ها نه‌یتوانی ڕێگری له فراوانبوونی ڕۆڵی ڕووسیا له ناوچه‌كه بكات. هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ڕۆژنامه‌ی "واشنتن پۆست" ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو كه ترامپ له گه‌شته‌كه‌یدا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌وڵ ده‌دات له دوای شكستی ئۆباما، ئه‌و ناوچه‌یه به شێوه‌یه‌ك ڕێك بخاته‌وه كه له‌گه‌ڵ ئاره‌زووه تازه‌كانی ئه‌مریكادا بگونجێت. هه‌ر هه‌مان ڕۆژنامه، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه سیاسه‌ته‌كانی ئیداره‌ی ئۆباما له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران و شیعه‌كان بوو و، سوننه‌كان و وڵاتانی سوننە په‌راوێز خرابوون.
بۆیه له‌و ڕووه‌وه ئه‌و سه‌ردانه‌ی ترامپ ده‌سپێكی گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆی ئه‌مریكایه له ناوچه‌كه و، ئاماژه‌كانی دروستبوونه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و شكۆیه له‌وه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه یه‌كه‌م هه‌نگاوی ترامپ له‌و سه‌ر‌دانه‌یدا بریتی بوو له واژووكردنی چه‌ندین ڕێككه‌وتننامه و لێكتێگه‌یشتنی ئه‌منی و سه‌ربازی و ئێنێرجی و ستراتیژی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی، به به‌های 385 ملیار دۆلار. هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێژه‌یه‌دا، به به‌های 110 ملیار دۆلار ته‌رخان كراوه بۆ كڕینی چه‌كی ئه‌مریكی وه‌ك كڕینی كۆپته‌ری "بلاك هۆك" كه به به‌هاترین جۆری كۆپته‌ر ئه‌ژمار ده‌كرێـت. ئه‌و شێوه ڕێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتنه به‌و قه‌باره‌یه كه له به‌رژه‌وه‌ندیی بووژانه‌وه‌ی ئابووریی ئه‌و وڵاته‌یه، له مێژووی ڕێككه‌وتنه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ وڵاتاندا هاوشێوه‌ی نه‌بووه.
به‌پێی هه‌واڵه‌كان و لێدوانه ڕۆژنامه‌وانییه‌كانی سعوودیا‌ی عه‌ره‌بی، حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته به‌پێی ڕێككه‌وتننامه‌كه، ده‌رفه‌تی به 19 كۆمپانیای ئه‌مریكی داوه كه به ڕێژه‌ی 100% سه‌رمایه‌ی خۆیان و قازانج بۆ خۆیان بتوانن له‌و وڵاته له بواره‌كانی ئێنیرجی و ئه‌لێكترۆنی و داوده‌رمان و با‌نك و فڕۆكه‌وانی وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، وه‌ك: كۆمپانیاكانی "جه‌نه‌ڕال ئه‌لێكتریك"، "سیتی به‌نك" و "بۆینگ". بێ گومان ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه ته‌كانێكی باش ده‌بێت بۆ بووژانه‌وه‌ی ئابووریی ئه‌مریكا و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی كاری زێتر له ئه‌مریكا، ئه‌گه‌ر بێت و كۆنگریسی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه ڕازی بێت. هه‌روه‌ك خودی ترامپيش كه له تویتێكی خۆیدا گوتبووی كه: "سه‌دان ملیار دۆلار له‌گه‌ڵ خۆمدا دێنم بۆ وڵاته‌كه‌م."
لێكه‌وته‌كانی ئه‌و سه‌ردانه له‌سه‌ر ئێران
ترامپ له پایته‌ختی سعوودیا (ریاز) ڕای گه‌یاند كه ئه‌مریكا ئاماده‌یه هه‌موو هاوكارییه‌ك پێشكه‌ش به سعوودیا و وڵاته سوننییه‌كان بكات و، پاڵپشتییان بكات بۆ ڕێگریكردن له ئاره‌زووه‌كانی ئێران و ته‌شه‌نه‌كانی نفووزی ئه‌و وڵاته له ناوچه‌كه؛ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش داوای هاوپه‌یمانێتییه‌كی عه‌ره‌بیی كرد هاوشێوه‌ی هاوپه‌یمانێتی "ناتۆ"، بۆ چۆنێتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خواسته‌كانی ئێران له‌و ده‌ڤه‌ره. هه‌روه‌ها له به‌ڵاغی كۆتاییی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ی سعوودیا و ئه‌مریكادا هاتبوو كه، پێویسته سنوورێك بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ئێران دیاری بكرێت و، پێویسته ئه‌و وڵاته واز له سیاسه‌تی تائیفی بهێنێت و هه‌وڵ نه‌دات سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منیی وڵاتانی كه‌نداو له‌بار ببات. واوه‌تریش، ئێرانیان به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه ئه‌و وڵاته پاڵپشتیی "تیرۆر" ده‌كات. هه‌روه‌ها جه‌خت كرابووه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پێویسته چاوپێخشاندنه‌وه له ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 بكرێت؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه سه‌باره‌ت تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كه بالیستییه‌كان، حكوومه‌تی ئێرانیان هۆشیار كرده‌وه. هه‌روه‌ها هۆشدارییان به ئێران دا، له ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی له هه‌ر یه‌ك له وڵاتانی (عێراق، یه‌مه‌ن، لوبنان و سووریا). له‌و ڕووه‌یشه‌وه هه‌ر دوو لا جه‌ختیان كرده‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه نابێت "حزبوڵڵا"ی لوبنانی چه‌كی به‌ده‌سته‌وه بێت.
ستراتیژییه‌تی ئه‌مریكا و سعوودیا و هاوپه‌یمانه‌كانیان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نفووزی ئێران
ترامپ پێش ئه‌وه‌ی كه سه‌ر‌دانی ڕۆژهه‌ڵاتی سعوودیا بكات، به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ جه‌نگی له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژییه‌كانی ئێران ڕاگه‌یاند؛ كاتێك كه هێزه‌كانی "حوسییه‌كان"ی له یه‌مه‌ن و بنكه‌ی سه‌ربازیی هێزه‌كانی سه‌ر به "به‌شار ئه‌سه‌د"ی له بنكه‌ی سه‌ربازیی "شه‌عیرات" بۆردوومان كرد. ئه‌و كرده‌وه سه‌ربازییه‌ی ئه‌مریكا بۆ وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی جێێ دڵخۆشی بوو و، ئۆمێدیكی زۆریان له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیی "هه‌ڵچنی" و، له‌و باره‌یه‌وه گره‌وی ئه‌وه‌یان كرد كه ئیتر ئه‌و پیاوه مایه‌ی متمانه‌پێكردنه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نفووزی ئێران. له هه‌مبه‌ر ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی ئه‌مریكایش، ئێران هه‌ستی به‌وه كرد كه یه‌كه‌م زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئێران له پرسی هێژموونی و پڕۆژه و خواسته‌كانی له ناوچه‌كه ده‌ستی پێ كرد.
ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا و وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، به‌نیازن به دوو قۆناغ ڕووبه‌ڕووی ئێران ببنه‌وه: قۆناغی یه‌كه‌م/ جه‌نگی نفووزی ئێرانه له ناوچه نفووزه‌كان. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش به‌ره‌ی دژه-ئێران به‌نیازن له یه‌مه‌نه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ن، ئه‌و وڵاته له حوسییه‌كان پاك بكه‌نه‌وه و، دواتر ڕاده‌ستی حكوومه‌تی "عه‌بد ڕبه مه‌نسوور"ی بكه‌ن كه سه‌ر به سعوودیایه و، له‌و ڕووه‌وه ته‌واوی پاڵپشتیی هێزه‌كانی "عه‌بد ڕبه" بكه‌ن تا حوسییه‌كان چیتر مه‌ترسی دروست نه‌كه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌ركی پاراستنی سنووره‌كانی یه‌مه‌ن له ئه‌ستۆی سعوودیا ده‌بێت به پاڵپشتیی ئه‌مریكا له ڕێگه‌ی پێشكه‌شكردنی لۆجستی- ئه‌منی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش سعوودیا به‌نیازه بنكه‌یه‌كی سه‌بازی له وڵاتی "جیبۆتی" دابمه‌زرێنێت، تا سنووره ئاوییه‌كانی یه‌مه‌ن له ده‌ریای سوور له دیوی باشووره‌وه له هه‌ر خزانێك بۆ نێو خاكی یه‌مه‌ن بپارێزێت.
هه‌رچی سه‌باره‌ت به "لوبنان"ه وه‌ك ناوچه‌ی نفووزی ئێران له ڕێی حزبوڵڵاوه، ئه‌وا هه‌وڵ ده‌درێت كه ئه‌و حزبه له چه‌ك دابماڵرێت و، ئیتر كۆمه‌ڵگه‌ی لوبنانی بكه‌وێته ژێر كۆنترۆڵی سوپای فه‌رمیی ئه‌و وڵاته. هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌درێت كه پاڵپشتییه‌كی گه‌وره‌ی حكوومه‌تی "سه‌عه‌د حه‌ریری" بكرێت تا بتوانێت داموده‌زگه‌كانی حكوومه‌ت به‌هێز بكات و بۆشاییی ده‌سه‌ڵات دروست نه‌بێت.
سه‌باره‌ت به وڵاتی عێراقیش، سعوودیا به‌نیازه به ئامرازی دیپلۆماسی، "عه‌بادی"، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ڕازی بكات به‌وه‌ی كه پێویسته عێراق وه‌ك وڵاتێكی عه‌ره‌بی، ڕۆڵی خۆی له پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به نیشتمانی عه‌ره‌بی بگێڕێت و، بگه‌ڕێته‌وه بۆ باوه‌شی وڵاتانی عه‌ره‌بی؛ به شێوه‌یه‌ك كه ئێران بۆی نه‌بێت ده‌ست له كاروباری ناوخۆی ئه‌و وڵاته وه‌ربدات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش هه‌ر یه‌ك له ئه‌مریكا و سعوودیا به‌ڵێنیان به "عه‌بادی" داوه كه پاڵپشتیی حكوومه‌ته‌كه‌ی بكه‌ن. له‌و ڕووه‌وه له ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ندین شاندی سعوودیا سه‌ر‌دانی به‌غدایان كرد، هه‌روه‌ها "فوئاد مه‌عسووم" به نوێنه‌رایه‌تیی عێراق بانگهێشتی كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتیی ئه‌مریكی_ عه‌ره‌بی _ ئیسلامی كرا.
ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندیی به سووریاوه هه‌بێت، كه گرنكترین ناوچه‌ی نفووزی ئێرانه، ئه‌مریكا و سعوودیا و هاوپه‌یمانه‌كانیان پێیان وایه كه مانه‌وه‌ی " به‌شار ئه‌سه‌د "له ده‌سه‌ڵات له سووریا، گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌ته بۆ ئێران كه له ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی له كاروباری ناوخۆی هه‌ر یه‌ك له وڵاتانی لوبنان و یه‌مه‌ن به‌رده‌وام بێت. بۆیه به ڕووخانی "ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د"، ئێران ئیتر ناتوانێت ڕاسته‌وخۆ كۆمه‌كی سه‌ربازی و دارایی و لۆجستیی هه‌ر یه‌ك له "حزبوڵڵا" و "حوسییه‌كان" بكات. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر "به‌شار ئه‌سه‌د" له ده‌سه‌ڵات نه‌مێنێت، ئه‌وا ئێران چیتر ناتوانێت بۆ یارمه‌تیدانی "بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس" له كه‌رتی غه‌زه له فه‌ڵه‌ستین، كه‌ڵك له ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست وه‌رگرێت. له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه، ئه‌مریكا و سعوودیا و هاوپه‌یمانه‌كانیان، ده‌یانه‌وێ به ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی "به‌شار ئه‌سه‌د" گۆرزێكی جیۆپۆلیتیكی له ئێران بده‌ن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش ئه‌مریكا و سعوودیا له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن، كه ڕژێمی "به‌شار ئه‌سه‌د" له چه‌كی كۆكوژی و چه‌كی كیمیایی دابماڵن؛ ئه‌ویش به پابه‌ندكردنی حكوومه‌تی سووریا به بڕیاری (2254)ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌ڵه‌تی و، ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ی كه له ساڵی 2013 له نێوان حكوومه‌تی سووریا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مۆر كرا، سه‌باره‌ت به داماڵینی ڕژێمی "به‌شار ئه‌سه‌د" له هه‌موو ئه‌و جوره چه‌كانه‌ی كه ئاماژه‌م پێ كرد. بۆیه هه‌ر یه‌ك له ئه‌مریكا و سعوودیا له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێك كه‌وتن كه پێویسته "به‌شار ئه‌سه‌د" له ده‌سه‌ڵات نه‌مێنێت، هه‌روه‌ها "ناوچه‌یه‌كی ئارام" بۆ گه‌لی سووریا به سه‌رپه‌رشتیی سعوودیا دروست بكرێت.
قۆناغی دووه‌می ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران/ قۆناغی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆیه. واته، ئه‌مریكا و سعوودیا و هاوپه‌یمانانی، هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه له ڕێی سه‌پاندنی سزای ئابووری و بازرگانی و دیپلۆماسی و سه‌ربازی به‌سه‌ر ئێران، جموجووڵه‌كانی ئه‌و وڵاته له ڕووی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی له كاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیكه كۆتوبه‌ند بكه‌ن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش، ئه‌مریكا هه‌وڵ ده‌دات كه له ڕێی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و كۆنگریسی ئه‌و وڵاته‌وه ئه‌و سزایانه بسه‌پێنێت و، هه‌وڵ ده‌دات كه كاریگه‌ری بخاته سه‌ر هه‌ڵوێستی وڵاتانی دیكه بۆ ئه‌وه‌ی له دژی ئێران كۆیان بكاته‌وه؛ ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه پێداچوونه‌وه به ڕێككه‌وتننامه‌ی ئێران و وڵاتانی 5+ 1 ده‌كات سه‌باره‌ت به "به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران"، كه له ساڵی 2015 مۆر كرا. هه‌روه‌ها پاڵپشتییه‌كی گه‌وره له لایه‌ن ئه‌مریكا و سعوودیا‌وه، له پڕچه‌ككردنیان و كۆمه‌كی دارایی‌یان، پێشكه‌ش به هێزه به‌رھه‌ڵستكاره‌كانی ئێران ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له به‌ره‌ی ناوخۆی ئێران‌دا بتوانن ڕۆڵی كارا له له‌قكردنی پێگه‌ی ڕژێمی ئێران له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، بگێڕن.
به‌رپرسانی ئێران زۆر به‌توندی ڕه‌خنه‌یان له‌و سه‌ردانه‌ی ترامپ بۆ سعوودیا گرت، هه‌روه‌ها زۆر به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و جموجووڵانه‌ی سعوودیا‌یان كرد، كه بۆ بنكۆڵكردنی وڵاته‌كه‌یان له ڕووی جیۆسیاسی و ستراتیژییه‌وه ده‌كرێت. له‌و باره‌یه‌وه "جه‌واد زه‌ریف"، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ڕه‌خنه‌ی له ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ی ئه‌مریكا و سعوودیا گرت كه له‌و سه‌ردانه‌ی ترامپ بۆ ناوچه‌كه مۆر كرا. له‌و باره‌یه‌وه سعوودیا‌ی وه‌ك "مانگا" وێنا كرد، كه ئه‌مریكا ده‌یدۆشێ تا وشك ده‌بێت.
لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر ڕووسیا
ناوه‌نده‌كانی ڕۆژنامه‌وانی و ڕاگه‌یاندن له ڕووسیا، ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆریان له‌و سه‌ردانه‌ی "ترامپ" بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گرت. پێیان وابوو كه ئه‌و سه‌ردانه و لێكه‌وته‌كانی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی ده‌بێت بۆ سه‌ر پێگه‌ی سیاسیی ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له لایه‌ك و، له لایه‌كی دیكه‌وه، ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و سه‌ردانه به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و وڵاته له‌و ده‌ڤه‌ره ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، چونكه "مۆسكۆ" پێی وایه بنكۆڵكردن و لاوازكردنی هاوپه‌یمانه‌كانی له‌و ناوچه‌یه به واتای بنكۆڵكردنی ڕووسیا دێت. هه‌روه‌ها پێی وایه كه ئه‌و سه‌ردانه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی، خۆیان بۆ جه‌نگێكی مه‌زن ئاماده كردووه و، له‌و ڕووه‌وه دروستكردنی هاوپه‌یمانێتییه‌ك به ناوی "ناتۆی عه‌ره‌بی" ده‌سپێكی هه‌نگاوی ئه‌و جه‌نگه‌یه. ئاژانسی "نۆڤستی" ڕووسی له وتارێكدا به ناوی "ترامپ و ژه‌نه‌ڕاڵه‌كانی"، ڕه‌خنه‌ی گه‌وره‌ی له‌و سه‌ردانه گرت. له‌و وتاره‌دا هاتبوو: "پێویسته ئێمه بزانین كه ترامپ و ژه‌نه‌ڕاڵه‌كانی، هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌نووكه‌یین بۆ ڕووسیا و، ناتۆی عه‌ره‌بی له بنچینه‌دا بۆ ئه‌وه‌یه كه دژایه‌تیی ڕووسیا بكات."
كۆتایی
له ڕاپۆرتێكی كه‌ناڵی CNNی ئه‌مریكیدا ئاماژه بۆ ئه‌وه كرا، كه سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ترامپ، حه‌زی به گه‌شتی ده‌ره‌وه نییه، به‌ڵكوو حه‌ز له‌وه ده‌كات كه به‌رده‌وام له‌سه‌ر جێی نووستنی خۆی بێت و پاڵ كه‌وێته‌وه و، هه‌روه‌ها بۆ گه‌شتی سه‌یرانیش حه‌زی به هاوینه‌هه‌واری Mara la Goیه، كه ده‌كه‌وێته ویلایه‌تی "فلۆریدا".
ترامپ كه سه‌ر‌دانی سعوودیا‌ی كرد، وا هه‌ستی كرد كه له‌سه‌ر جێی خۆی پاڵ كه‌وتووه. ته‌نانه‌ت ژووری نووستن و جۆری خواردنیش به‌پێی خواست و حه‌زی ئه‌و ئاماده كرابوو، چونكه حكوومه‌تی سعوودیا گه‌شته‌كه‌ی ترامپی وا ڕێك خستبوو كه سه‌رۆكی ئه‌مریكا وا هه‌ست بكات له‌سه‌ر جێی خۆیه‌تی و "له فلۆریدایه"؛ بۆ ئه‌وه‌ی پادشای سعوودیا بتوانێت له كه‌شوهه‌وایه‌كی ته‌ندروستدا له ڕووی سایكۆلۆژی و فیزیكییه‌وه، باشتر ترامپ له مه‌ترسییه‌كانی ئێران و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی كه له ناوچه‌كه هه‌ن حاڵی بكات، تا بتوانێت به داواكارییه‌كانی خۆی و ئامانجه جیۆستراتیژییه‌كانی له‌و ده‌ڤه‌ره، ڕازیی بكات. دواجار پاشای سعوودیا توانیی ترامپ به جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی ڕازی بكات. به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌و داواكارییانه‌ی سعوودیا، ترامپ گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌ست كه‌وت، كه به‌هاكه‌ی 385 ملیار دۆلار بوو. ئه‌و ڕێژه‌یه له سه‌رمایه، ئه‌و وته‌ی پێشینانمان وه‌بیر ده‌خاته‌وه كه گوتویانه "له كوێ پاره هه‌بێت، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیش له‌وێن". هه‌ر بۆیه‌یش ترامپ عورفی سه‌ر‌دانه‌كان له كۆشكی سپی تێك ده‌دات و ناچێته وڵاتانی ئه‌مریكای باكوور؛ دێ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، چونكه پاره و پۆڵێكی زۆر له‌و ده‌ڤه‌رەدا هه‌یه، هه‌روه‌ها جارێكی دیكه پێگه‌ی ئه‌مریكا له‌و ناوچه‌یه به هێزده‌كاته‌وه.