خستنه‌ڕووی پرس
هه‌ڵپه‌ساردنی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسی و سیاسییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه له به‌رامبه‌ر قه‌ته‌ر، ئه‌ردهه‌ژێنێكی دیپلۆماسییه به ناوچه‌كه كه‌وتووه. ئه‌و ڕووداوه دیپلۆماسییه ئه‌و ڕاستییه وه‌ده‌رده‌خات كه هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی وڵاتی قه‌ته‌ر له ژینگه‌ی هه‌رێمیدا مه‌ترسیی گه‌وره‌ی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی وڵاتانی ئه‌ندام له ڕێكخراوی هاریكاریی كه‌نداوی عه‌ره‌بی دروست كردووه؛ به‌تایبه‌تی سعوودیا و ئیمارات و به‌حرێن.
كۆتوبه‌ندكردن و گۆشه‌گیركردنی قه‌ته‌ر له لایه‌ن سعوودیا، ئیمارات و به‌حرێن له ڕێگه‌ی سه‌پاندنی كۆمه‌ڵێك سزای گه‌وره و فراوان، كه له مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه ڕووی نه‌داوه، وه‌ك: داخستنی ده‌روازه‌كانی زه‌وی، ئاسمانی و ده‌ریایی له ڕووی هاتوچۆوه به ڕووی ئه‌و وڵاته‌دا، هه‌روه‌ها سه‌پاندنی سزای دارایی، بازرگانی و فڕۆكه‌وانی ئاماژه‌یه‌كی زۆر ڕوونن كه قه‌ته‌ر له ئێستادا كاراكته‌رێكی سیاسیی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه و؛ له ده‌ره‌وه‌ی ڕێساكان و به‌ها سیاسی، خێڵه‌كی و كه‌لتوورییه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره جووڵه ده‌كات؛ به شێوه‌یه‌ك كه له به‌رژه‌وه‌ندیی تێڕوانین و ئه‌جێندای نه‌یارانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره ده‌شكێته‌وه.
ئه‌و په‌رچه‌كرداره‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه له به‌رامبه‌ر قه‌ته‌ر، له دوای ئه‌وه دێت كه ئه‌و ده‌ڤه‌ره له هه‌ستیارترین كاتی مێژووییی خۆیدا گوزه‌ر ده‌كات، ئه‌ویش كاتی خۆڕێكخستنه‌وه‌یه له ڕووی هێزه‌وه و، له ڕووی به‌هێزكردنی پێگه‌ی سیاسی له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا؛ به‌تایبه‌تی دوای سه‌ردانه‌كه‌ی "ترامپ" بۆ ئه‌و ناوچه‌یه. بۆیه هه‌ر جۆره كرده‌وه‌یه‌ك له لایه‌ن قه‌ته‌ره‌وه له‌و ئانوساته مێژوویییه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ر ڕێڕه‌وی مێژووییی ئه‌و ڕێكخستنه‌دا ئاسته‌نگ دروست بكات، هه‌رگیز مایه‌ی قبووڵكردن نابێت؛ چونكه خۆڕێكخستنه‌وه له بواری هێزه‌وه، پڕۆسه‌یه‌كه پێویستیی به سیسته‌مێكه كه فۆرمی دروستكردنی بڕیار و جێبه‌جێكردنی به شێوه‌ی "هه‌ڕه‌می" بێت، واته له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه و، كه‌سیش بۆی نییه له جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارانه یاخی ببێت. بۆیه یاخیبوونی قه‌ته‌ر له‌و پڕۆسه‌یه، ئه‌و وڵاته‌ی خسته ده‌ره‌وه‌ی ڕێڕه‌وه مێژوویییه‌كه و ڕێكخستنه‌وه‌ی هێز له‌و ناوچه‌یه.
یاخیبوونی قه‌ته‌ر
دوای ئه‌وه‌ی بریتانیا له ساڵی 1968 ناوچه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی جێ دێڵێت، سعوودیا و ئیمارات هه‌وڵێكی زور ده‌ده‌ن كه هێژموونیی خۆیان به‌سه‌ر قه‌ته‌ر بسه‌پێنن، تا ببێت به به‌شێك له جوگرافیای ئه‌و وڵاتانه، به‌ڵام بنه‌ماڵه خێڵه‌كییه‌كانی قه‌ته‌ر، توانییان دواجار سه‌ربه‌خۆییی ئه‌و وڵاته له ساڵی 1971 ڕابگه‌یه‌نن.
یاخیبوونی قه‌ته‌ر له به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیارانه‌ی كه له ستراكتۆری سیاسی و خێڵه‌كیی سیسته‌می حوكمڕانیی ڕێكخراوی وڵاتانی هاریكاریی كه‌نداوی عه‌ره‌بی ده‌درێت، یاخیبوونێكی نوێ و هه‌نووكه نییه، به‌ڵكوو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ئه‌میری پێشووی قه‌ته‌ر، "شێخ حه‌مه‌د بن خه‌لیفه "، كه ده‌كاته باوكی ئه‌میری ئێستای ئه‌و وڵاته. له سه‌رده‌می "شێخ حه‌مه‌د بن خه‌لیفه" به‌پێچه‌وانه‌ی سعوودیا و ئیمارات، كۆمه‌كی دارایی و چه‌كداریی "بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس"ی فه‌ڵه‌ستینی ده‌كرد؛ هه‌روه‌ها هه‌میشه بڕوای به باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بوو. له ساڵی 2010، كاتێك كه ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، به هۆی "به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی"، سزای ئابووری و دیپلۆماسی به‌سه‌ر ئێران ده‌سه‌پێنێت، قه‌ته‌ر به هانای ئێرانه‌وه ده‌چێت و ئاماده‌ییی خۆی بۆ پاڵپشتیكردنی ئه‌و وڵاته ده‌رده‌بڕێت؛ ئه‌و كرده‌وانه‌ی قه‌ته‌ر، بووه مایه‌ی نیگه‌رانیی وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی.
یاخیبوونی گه‌وره‌ی قه‌ته‌ر له سه‌رده‌می ئێستای حوكمڕانیی "شێخ ته‌میم" ده‌ستی پێ كردووه. "شێخ ته‌میم" هه‌ر له‌و كاته‌ی كه له ساڵی 2013 هاتۆته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، چه‌ند جارێك له لایه‌ن سعوودیا و ئیماراته‌وه له هه‌ڵسوكه‌ت و هه‌ڵوێسته‌كانی له هه‌مبه‌ر پرسگه‌لێكی سیاسیی ستراتیژی، وه‌ك: پاڵپشتیكردنی حكوومه‌تی قه‌ته‌ر له گرووپه چه‌كدارییه‌كان، گرووپه سیاسییه‌كان له وڵاتانی میسر، لیبیا، یه‌مه‌ن، سووریا و عێراق، هۆشداریی دراوه‌تێ و ئاگادار كراوه‌ته‌وه؛ وه‌لێ "شێخ ته‌میم" هیچ بایه‌خی به‌و هۆشدارییانه نه‌دا، به‌ڵكوو له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته به‌رده‌وام بوو.
دۆخی ئێستای كه‌نداوی عه‌ره‌بی و قه‌یرانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان قه‌ته‌ر و هه‌ر یه‌ك له وڵاتانی سعوودیا، ئیمارات، به‌حرێن، میسر و یه‌مه‌ن، له دوای سه‌ردانه‌كه‌ی "ترامپ" بۆ ناوچه‌كه دروست بوو و، ده‌سپێكی دروستبوونی ئه‌و قه‌یرانه‌یش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت كه كاتێك ئه‌میری قه‌ته‌ر له كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و ئه‌مریكا، كه له پایته‌ختی سعوودیا، "ڕیاز" به‌ڕێو‌ه چوو، له وتاره‌كه‌ی خۆیدا ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئێران وڵاتێكه خاوه‌ن قورساییی هێزی هه‌رێمییه و، ده‌بێت ڕێزی لێ بگیرێت؛ هه‌روه‌ها "حزبوڵڵا" حزبێكی ڕزگاریخوازه. ئه‌و وتانه‌ی ئه‌میری قه‌ته‌ر ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌كه‌یان تووشی شۆك كرد، كه چۆن ده‌بێت له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌ئه‌رێنی ستایشی ڕۆڵی ئێران بكرێـت! له كاتێكدا ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه به مه‌رامی ئیدانه‌كردنی ڕۆڵی ئێران و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی له ناوچه‌كه ساز كراوه.
قه‌ته‌ر له 4 ساڵی ڕابردووودا، ڕۆڵێكی مه‌ترسیداری له ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی وڵاتاندا گێڕاوه. هه‌ر یه‌ك له سعوودیا، ئیمارات و به‌حرێن له ڕاگه‌یاندراوێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یان، ئاماژه‌یان به‌وه كرد كه قه‌ته‌ر هه‌وڵ ده‌دات باری سیاسی و ئاسایشیی وڵاته‌كانیان له‌ناو به‌رێت؛ هه‌روه‌ها قه‌ته‌ر یارمه‌تیی هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی وڵاتانی ناوبراوی له ده‌ره‌وه داوه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه كردووه كه قه‌ته‌ر یارمه‌تیی "حوسییه‌كان" له یه‌مه‌ن ده‌دات، له كاتێكدا ئه‌و وڵاته واژووی له‌سه‌ر ڕێككه‌وتننامه‌ی "ڕیاز" بۆ له‌ناوبردنی "حوسییه‌كان" له یه‌مه‌ن كردووه، كه له ساڵی 2014 مۆر كرا. به‌پێی ئه‌و واژوویه، قه‌ته‌ر بووه‌ته ئه‌ندام له هاوپه‌یمانێتیی سه‌ربازیی عه‌ره‌بی بۆ جه‌نگی دژی "حوسییه‌كان". بۆیه وڵاتانی ئه‌ندام له‌و هاوپه‌یمانێتییه، وڵاتی قه‌ته‌ریان خسته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه؛ مۆركی ئه‌ندامێتییان لێ سه‌نده‌وه.
جگه له‌مه‌یش، قه‌ته‌ر به‌ئاشكرا له ڕاگه‌یاندنه‌كانی خۆیدا و له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا، دژایه‌تیی حكوومه‌ته‌كانی هه‌ر یه‌ك له "سيسی" له میسر و، "لیوا حه‌فته‌ر" له لیبیا ده‌كات. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به میسره‌وه هه‌بێت، قه‌ته‌ر له ڕێی دوو چه‌شنه سیاسه‌ته‌وه دژایه‌تیی حكوومه‌تی "سیسی" ده‌كات: سیاسه‌تی پاڵپشتیكردنی ڕاسته‌وخۆی "ئیخوانه‌كان" و، سیاسه‌تی "دووبه‌ره‌كی" له نێوان پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی میسری له قیبتییه‌كان و موسڵمانان. سه‌باره‌ت به لیبیایش، قه‌ته‌ر به‌ئاشكرا و به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ پاڵپشتی له هێزه چه‌كداره‌كانی به‌ناو "فه‌جر لیبیا" ده‌كات كه له دژی حكوومه‌ته‌كه‌ی "حه‌فته‌ر" ده‌جه‌نگن؛ هه‌روه‌ها كۆمه‌كی سه‌ربازی و دارایی پێشكه‌ش به گرووپه توندڕه‌وه‌كانی وه‌ك "داعش" و "به‌ره‌ی نوسره" ده‌كات.
قه‌ته‌ر بۆ یاخی بووه؟
"ئۆرجانسكی"، پسپۆڕی به‌ناوبانگی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه سه‌ر به قوتابخانه‌ی ڕیاڵیزمه، له تیۆرییه‌كی خۆێدا به ناوی گواستنه‌وه‌ی هێز (Transition of Power)، باس له‌و وڵاتانه ده‌كات كه سه‌رباری ئه‌وه‌ی له ڕووی هێزه‌وه لاوازن، ده‌یانه‌وێ پێگه‌ی سیاسیی خۆیان له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه و نێوده‌وڵه‌تی به‌هێز كه‌ن؛ كه به وڵاتانی لاواز و ناڕازی (Weak and Dissatisfied) ناوی ناون.
قه‌ته‌ر یه‌كێكه له نموونه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه تیۆرییه‌كه‌ی "ئۆرجانسكی" ده‌یانگرێته‌وه. ئه‌و وڵاته له ڕووی ڕه‌گه‌زه‌كانی هێزه‌وه وه‌ك: هێزی مرۆیی، هێزی جوگرافی، هێزی سه‌ربازی و هێزی به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازییه‌وه وڵاتێكی لاوازه، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌دات به‌پێی ڕه‌چاوكردنی ئه‌و خاڵه لاوازانه ڕۆڵێكی گه‌وره‌تر له قه‌باره‌ی خۆی ببینێت. هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی قه‌ته‌ر له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا، له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو، ئاماژه‌گه‌لێك بوون بۆ سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته، كه به‌و پێگه سیاسییه‌ی كه هه‌یبووه ڕازی نییه. گه‌ڵاڵه‌بوونی ئه‌و هه‌سته له دڵ و ده‌روونی دروستكه‌رانی بڕیاردا له قه‌ته‌ر، وای كرد كه ئه‌و وڵاته پێنگاوی گه‌وره‌تر له تواناكانی خۆی بهاوێژێ.
قه‌ته‌ر له‌سه‌ر دوو ئاست، هه‌وڵی داوه كه پێگه‌ی سیاسیی خۆی و ناوبانگی سیاسیی خۆی گه‌وره‌تر بكات و، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌نگاوی گه‌وره بهاوێژێـت؛ له‌سه‌ر ئاستی كه‌نداوی عه‌ره‌بی و له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی عه‌ره‌بی به‌گشتی. قه‌ته‌ر پێی وایه بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی سیاسیی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و دوو ئاسته، پێویستیی به ڕكابه‌ریكردنی هه‌ر دوو هێزی گه‌وره‌ی عه‌ره‌بی، میسر و سعوودیا، هه‌یه. له‌سه‌ر ئاستی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، قه‌ته‌ر هه‌وڵی دواه كه ڕكابه‌ری له‌گه‌ڵ سعوودیا بكات و، له‌و ڕووه‌وه هه‌وڵی داوه كه ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی سعوودیا له هه‌مبه‌ر پرسگه‌لێكی سیاسیی ستراتیژیی وه‌ك: پرسی ئێران، یه‌مه‌ن، سووریا و لیبیا، سیاسه‌تێك په‌یڕه‌و بكات.
هه‌رچی له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی عه‌ڕه‌بییشه، ئه‌و وڵاته هه‌وڵی داوه سه‌رمه‌شقی وڵاتانی عه‌ره‌بی بكات و، ببێته هێزی یه‌كه‌می عه‌ره‌بی، ته‌نانه‌ت "ده‌وحه" ببێته ناوه‌ندی بڕیاری عه‌ره‌بی و پایته‌ختی وڵاتانی عه‌ره‌بی، بۆ هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی كه به جیهانی عه‌ره‌بییه‌وه په‌یوه‌ستن. قه‌ته‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ ئه‌وه‌یه كه شوێنی وڵاتی میسر بۆ ڕابه‌رایه‌تیكردنی جیهانی عه‌ره‌بی بگرێته‌وه و، ڕۆڵی له‌مێژینه‌ی میسر له‌و ڕووه‌وه وه‌رگرێته‌وه. بۆیه یه‌كێك له مه‌به‌سته‌كانی پاڵپشتییه‌كانی قه‌ته‌ر بۆ كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوانی میسری، بۆ ئه‌وه بووه كه ئیخوانه‌كان بێنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات تا ئه‌و وڵاته ببێته ناوچه‌ی نفووزی قه‌ته‌ر و، دواجار ئه‌و ڕۆڵه‌ی میسر كه له‌سه‌ر ئاستی جیهانی عه‌ره‌بی هه‌یه‌تی، له‌بار ببات. بۆیه په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته هه‌میشه جۆرێك له ساردی و ناكۆكیی به‌خۆیه‌وه بینیوه؛ هه‌ر له سه‌رده‌می سه‌رۆكی پێشووی میسر، "حوسنی موباره‌ك"ه‌وه تا ئێستا.
كۆتایی
قه‌ته‌ر له‌و ڕه‌فتارا‌نه‌ی، ده‌یه‌وێ ڕۆڵی ئه‌و "بۆقه" ببینێت كه ویستی ڕكابه‌ریی "گا"یه‌ك بكات؛ بۆیه فوویه‌كی زۆری له خۆ كرد، تا ته‌قییه‌وه! قه‌ته‌ر له‌و هه‌وڵانه‌یدا بێ گومان سه‌ركه‌وتوو نابێت و، زیانه‌كانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی قه‌ته‌ر له دوو ڕۆژی ڕابردوووه ده‌ستی پێ كردووه: هه‌ر له گۆشه‌گیردنی ئه‌و وڵاته و داخستنی ده‌روازه سنوورییه‌كان، تا بنكۆڵكردنی له ڕووی ئابووری و سیاسییه‌وه.
گێڕانی ڕۆڵی مه‌زن و كاریگه‌ر، یاخود به‌هێزكردنی پێگه‌ی سیاسیی هه‌ر وڵاتێك، ده‌بێت هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ بوونی توانا و هێزێكی مه‌زن، ئه‌گه‌رنا ئه‌و وڵاته تووشی بازنه‌ی قه‌یرانه‌كان ده‌كات؛ واته قه‌یران له دوای قه‌یران ڕوو له‌و وڵاته ده‌كات، هه‌روه‌ك چۆن قه‌ته‌ر تووشی بووه. بۆیه تا زووه، پێویسته قه‌ته‌ر بگه‌ڕێته‌وه بۆ باوه‌شی جه‌سته‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی و، ببێت به ئه‌ندامێكی ته‌ندروست له‌و جه‌سته‌یه.