خستنه‌ڕووی پرس
ڕیفراندۆم وه‌ك نه‌ریتێكی دیموكراسی، بریتییه له: "میكانیزمێك بۆ ڕاپرسیكردن به گه‌ل، سه‌باره‌ت به پرسه چاره‌نووسسازه‌كان به به‌ڵێ یاخود به نه‌خێر." بۆ یه‌كه‌مجار له سه‌ده‌ی 15 له وڵاتی سویسرا ڕیفراندۆم له لایه‌ن "كانتۆنه‌كانی" ئه‌و وڵاته‌وه، بۆ ڕێكخستنی كاروباری سیاسی و، یاسایی‌ی ناوخۆی ئه‌و وڵاته پیاده كراوه. دواتر ئه‌و میكانیزمه گه‌شه‌ی كردووه، تا له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م به شێویه‌یه‌كی فراوان وڵاتان په‌نایان بۆ ئه‌و میكانیزمه بردووه. له ساڵی 1904 بۆ یه‌كه‌مجار له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌و میكانیزمه پیاده ده‌كرێـت.
نوێترین ڕیفراندۆمیش كه له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا پیاده كرابێت، ڕیفراندۆمی ساڵی 2016ی بریتانیا بوو بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه له یه‌كێتیی ئه‌وروپا (Brexit). هه‌روه‌ها له ساڵی 2017 له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وڵاتی توركیا بۆ گۆڕینی "سیسته‌می سیاسی" له په‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی، په‌نای بۆ ڕیفراندۆم برد. ئه‌وه‌ی كه چاوه‌ڕێ ده‌كرێ سه‌رنجڕاكێشترین ڕووداو بێت له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ڕیفراندۆمه‌كه‌ی باشووری كوردستانه؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه له پاڵ نه‌ته‌وه‌كانی تری ناوچه‌كه وه‌ك فارس، عه‌ره‌ب و تورك، ده‌بێته خاوه‌ن قه‌واره‌ی سیاسیی سه‌ربه‌خۆی خۆی. كه‌واته، ڕیفراندۆم ئامرازێكی ته‌شریعی، سیاسی، ئاشتییه بۆ ڕاوه‌رگرتنی گه‌ل سه‌باره‌ت به پرسگه‌لێكی نیشتمانی، نه‌ته‌وه‌یی، سیاسی، ده‌ستووری و ئیداری، كه زۆربه‌ی وڵاتان له ته‌واوی جیهاندا په‌نایان بۆ بردووه.
ڕیفراندۆمی باشووری كوردستان و ڕووداوه مێژوویییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
له 25-9-2017 باشووری كوردستان ده‌بێته به‌شێكی گرنگ له ڕووداوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، چونكه له دوای 100 ساڵ له ڕێككه‌وتننامه‌ی 1916ی "سایكس پیكۆ"، كه تیایدا كورد ئازادیی بڕیاردانی چاره‌نووسی لێ زه‌وت ده‌كرێـت، ده‌یه‌وێ له ئێستادا له جاڕدانی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس، ئازاد بێت. ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وه‌ك ده‌ڤه‌رێك كه به ڕووداوه گه‌رمه‌كان ناسراوه، ئه‌وا له ئایینده‌یه‌كی نزیكدا، گه‌رمترین ڕووداو به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باشووری كوردستان ده‌بێته ئه‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی و فه‌رمیی سه‌ر شانۆی سیاسه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
له ماوه‌ی نزیكه‌ی 10 ساڵی ڕابردوو، ئه‌و ناوچه‌یه دوو بگۆڕی مه‌زنی به‌خۆیه‌وه بینووه: بگۆڕی "به‌هاری عه‌ره‌بی" و بگۆڕی "داعش". ئه‌و دوو بگۆڕه، كاریگه‌رییه‌كی زۆر گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ڕژێمه سیاسییه‌كانی وڵاتان و، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ی هاوكێشه‌كانی هێز له‌و ده‌ڤه‌ره هه‌بوو، به‌ڵام هیچ كام له‌و دوو بگۆڕه، نه‌بوونه مایه‌ی ڕووخان و هه‌ره‌سهێنانی یه‌كه‌ی نێوده‌وڵه‌تی. به گوزارشتێكی دیكه، ئه‌و هه‌لومه‌رجانه توانییان سیسته‌می حوكمڕانی له‌و وڵاتانه بگۆڕن، به‌ڵام نه‌یانتوانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بڕووخێنن، یان هه‌ڵیان بوه‌شێننه‌وه. بۆیه جیاوازیی بگۆڕه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ دوو بگۆڕی ناوبراو، ئه‌وه‌یه كه به هۆی ڕیفراندۆمی گه‌لی كوردستان، ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك "عێراق" هه‌ره‌س ده‌هێنێت و هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و، ده‌وڵه‌تێك به ناوی "كوردستان" له‌دایك ده‌بێت. واته له بری نه‌خشه‌ی هێز، نه‌خشه‌ی جوگرافیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گۆڕدرێت.
له مێژووی ڕووداوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌كرێت بڵێین كه دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی "ئیسڕائیل" له ساڵی 1948، ڕووداوێكی مێژووییی بێوێنه بوو؛ دوای ئه‌وه‌ی جووله‌كه‌كان هه‌م وه‌ك نه‌ته‌وه و هه‌م وه‌ك ئایینزا، له دوای 3 هه‌زار ساڵ نیشته‌جێبوون له ناوچه‌یه‌ك، كه خۆیان ناویان ناوه به "ارض الميعاد" كه ده‌كاته خاكی فه‌ڵه‌ستینی ئێستا، توانيیان ده‌وڵه‌تی خۆیان ڕابگه‌یه‌نن. ئه‌و ڕووداوه بۆیه بێوێنه و مێژوویی بوو، چونكه جوگرافیای سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تووشی گۆڕان هات. هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پێودانگه، ناوچه‌كه له ڕووی ئاسایش و به‌رقه‌راریی سیاسییه‌وه تووشی هه‌لومه‌رجێكی شلۆق ده‌بێت و، چه‌ندین جه‌نگ له‌و ناوچه‌یه هه‌ڵده‌گیرسێن، گرنكترینیان جه‌نگی ساڵی 1973 بوو له نێوان ئیسڕائیل و ئه‌و وڵاتانه‌ی كه پێێان ده‌ڵێن وڵاتانی "ده‌وره‌دراو له ئیسڕائیل"، وه‌ك: میسر، سووریا و ئۆردن. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی، كه به هۆی له‌دایكبوونی ئیسڕائیله‌وه چه‌ندین ده‌سته‌واژه و چه‌مكی سیاسی ده‌خرێته نێو فه‌رهه‌نگی سیاسی و، میدیاییی وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه، له‌وانه: ململانێی عه‌ره‌بی_ ئیسڕائیلی، دۆزی فه‌ڵه‌ستین، كیانی زایۆنیزم و ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر. هه‌ر له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی بتوانن پاڵپشتیی وڵاته ئیسلامییه‌كان بۆ دۆزی فه‌ڵه‌ستین به‌ده‌ست بێنن و، له دژی ئیسڕائیل بوه‌ستنه‌وه، وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌وڵيان دا ئاماژه‌ی سیمبۆلیك به گوێی سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی ئیسلامی‌دا بده‌ن كه ململانێی عه‌ره‌بی_ ئیسڕائیلی، ململانێيه‌كی سیاسی نییه، به‌ڵكوو ململانێیه‌كی ئایینییه؛ له‌به‌ر دوو هۆكار، له‌وانه: یه‌ك/ ئيسڕائيل "قودس"ی داگیر كردووه، كه یه‌كه‌م "قیبله"ی موسڵمانانه. دوو/ ئیسڕائیل ناوێكی ئایینییه كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناوی "یه‌عقوب پێغه‌مبه‌ر" كه پێغه‌مبه‌ری جووله‌كه‌كان بوو. وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان توانییان له‌و هه‌وڵه‌یان سه‌ركه‌وتوو بن و، زۆربه‌ی وڵاته ئیسلامییه‌كان بكه‌ن به نه‌یاری ئیسڕائیل.
له ئێستادا، به هۆی بوونی چه‌ندین ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاشتی له نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بی و، به هۆی پێكگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كانی نێوانیان، په‌یوه‌ندییه سیاسی و دیپلۆماسییه‌كانی نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی وه‌ك میسر، ئۆردن، قه‌ته‌ر، به‌حرێن، مه‌غریب و تونس، ئاسایی بۆته‌وه. ئه‌و ئاساییبوونه له په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بڕوابوونی ئه‌و وڵاتانه به‌و بنه‌ما سیاسییه‌ی كه ده‌ڵێت "دۆستی به‌رده‌وام نییه، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رده‌وام هه‌یه".
ڕووداوه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی باشووری كوردستان، به قه‌باره و به ناوه‌ڕۆك، هێنده‌ی ڕووداوی دامه‌زراندنی "ده‌وڵه‌تی ئیسڕائیل" له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گرنگه، به‌ڵام به بوونی جیاوازی و تێبینیی زۆر له نێوان ئه‌و دوو ڕووداوه. ئه‌گه‌ر له نێوان ڕووداوه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی باشووری كوردستان و ڕووداوی دامه‌زراندنی ئیسڕائیلدا به‌راوردێك بكه‌ین، له ڕووی سروشتی دروستبوونی ڕووداوه‌كان و لێكه‌وته‌كانی، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه باشووری كوردستان له 25/9/ 2017 ده‌وڵه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌قیقه‌تی جوگرافی و، ڕه‌گه‌زه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی و مێژوویی داده‌مه‌زرێنێت نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینی و دۆزینه‌وه‌ی جوگرافیا. هه‌روه‌ها ڕووداوه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی باشووری كوردستان به پڕۆسه‌یه‌كی دیموكراسی و جڤاكی، له ڕێی ده‌نگی هاونیشتمانیانییه‌وه دروست ده‌بێـت، نه‌ك له ڕێی ڕێككه‌وتنێكی سیاسی و به‌ڵێنی به‌لفۆر (وعد بلفور) و بڕیاری بریتانیا. حگه له‌مه‌یش، ڕووداوه‌كه‌ی باشووری كوردستان به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه دروست ده‌بێت، نه‌ك شه‌ڕ و جه‌نگی لێ بكه‌وێته‌وه، وه‌ك ڕووداوی دامه‌زراندنی ئیسڕائیل. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌یش بڵێین، كه هه‌ر دوو نه‌ته‌وه‌كه (كورد و جووله‌كه) له‌مێژینه‌وه سته‌میان لێ كراوه و، له ڕووی جیۆپۆلیتیكییه‌وه تووشی ته‌وقی جوگرافی بوون.
كۆتایی
زۆر گرنگه ئه‌و ڕووداوه چاوه‌ڕوانكراوه‌ی باشووری كوردستان، له ڕه‌هه‌نده‌كانی سیاسی، میدیایی، جڤاتی، نه‌ته‌وه‌یی، نیشتمانی و مێژوویییه‌وه بایه‌خی زێتری پێ بدرێت. له‌وه‌یش گرنكتر ئه‌وه‌یه كه، پێویسته ته‌واوی لایه‌نه سیاسییه‌كان، ئه‌وانه‌ی به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دروستكردنی ڕای سیاسی، ڕای گشتی، یاخود ڕای هاووڵاتی هه‌یه، ئه‌و پرسه به زه‌روره‌تی نه‌ته‌وه‌یی، نیشتمانی و مێژوویی بناسێنن. ته‌نانه‌ت، ئه‌وه ئه‌ركی هه‌موو چین و توێژه‌كان و، ته‌واوی ده‌زگه میدیایی، ڕۆشنبیری، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینییه‌كانه. بۆ ئه‌وه‌یش كه له 25/9/2017 باشووری كوردستان ببێته گرنكترین ڕووداوی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، پێویسته هه‌موو تاكێكی كوردستان به گشت بیروڕا سیاسی و حزبییه جیاوازه‌كان، به "به‌ڵێ" ده‌نگ بده‌ن؛ تا به ده‌نگی خۆیان ئه‌و پرسه، بكه‌ن به ڕووداوێكی بێوێنه و مێژوویی له هه‌مبێزی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.