خستنه‌ڕووی پرس
پرسی گۆشه‌گیركردن و ده‌وره‌دانی "قه‌ته‌ر" له لایه‌ن وڵاتانی ده‌وروبه‌ره‌وه، تا دێت هێدی هێدی ئاڵۆزتر و پڕكێشه‌تر ده‌بێـت. تا دێت لێكه‌وته‌كانی سنووره جیاجیاكان ده‌به‌زێنێـت؛ به شێوه‌یه‌ك كه ئه‌و پرسه چیتر وه‌ك پرسێكی ناوخۆی وڵاتانی عه‌ره‌بی له چوارچێوه‌ی وڵاتانی "ئه‌نجومه‌نی هاریكاریی كه‌نداوی عه‌ره‌بی"دا نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكوو بۆته ته‌وه‌رێكی گرنگ له دیسكۆرسی سیاسی، ئه‌منی، ئابووری و جیۆسیاسیی زۆرێك له پایته‌خته‌كان، ڕێكخراوه‌كان و ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه. پرسیاری سه‌ره‌كی لێره ئه‌وه‌یه: ئایه بۆچی ئه‌و پرسه بۆته جیێ بایه‌خی ناوه‌نده‌كانی بڕیار له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه و جیهان؟ وه‌لامی ئه‌و پرسیاره ئه‌وه‌یه: ئه‌و پرسه چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی هه‌یه له‌وانه: ڕه‌هه‌ندی یاسای نێوده‌وه‌ڵه‌تیی گشتی. له‌و چوارچێوه‌یه، هه‌ندێك له وڵاتان و ناوه‌نده‌كانی بڕیار، ته‌نانه‌ت زۆرێك له ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێیان وایه كه گۆشه‌گیركردنی "قه‌ته‌ر" له لایه‌ن وڵاتانی ده‌وروبه‌ره‌وه دژی بنه‌ماكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تیی گشتییه، هه‌روه‌ها ناكۆكه له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤیش، چونكه داخستنی ده‌روازه‌كانی زه‌مینی، ده‌ریایی و ئاسمانی به ڕووی "قه‌ته‌ر" دا ده‌بێته مایه‌ی "برسیكردنی هاووڵاتیانی" ئه‌و وڵاته. جگه له‌مه‌یش، یاسای نێوده‌وڵه‌تی زمینه‌ی سوودوه‌رگرتن له ده‌ریا، زه‌وی و ئاسمان بۆ هه‌موو وڵاتێك گه‌ره‌نتی كردووه.
به‌شێكی تر له وڵاتان، له گۆشه‌نیگای جیۆسیاسی و ئه‌منییه‌وه ده‌ڕواننه ئه‌و پرسه. ئه‌م تێڕوانینه زێتر هیی وڵاته هه‌رێمییه‌كانه، وه‌ك وڵاتانی ئێران و توركیا. پوخته‌ی ئه‌و تێڕوانینه ئه‌وه‌یه كه، وڵاتانی ناوبراو پێیان وایه دۆخی ئێستای "قه‌ته‌ر" هه‌م "ده‌رفه‌ته" له ڕووی سه‌پاندنی هێژموون و، سازبوونی زه‌مینه‌ی ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، به‌و پێیه‌ی كه "قه‌ته‌ر" ده‌كه‌وێته نێو جه‌رگه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، هه‌مدیس "مه‌ترسییه" بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، به‌تایبه‌تی بۆ سه‌ر ئاسایشی وزه‌ی توركیا؛ كاتێك كه "قه‌ته‌ر" بنكۆڵ بكرێت و ڕۆڵی ئه‌و وڵاته له دابینكردنی ئاسایشی وزه و هاوكێشه‌كانی وزه بچووك بكرێته‌وه.
له‌و نێوه‌نده‌دا، وڵاته ئه‌وروپییه‌كانیش بۆچوونی جیاوازیان له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسه هه‌یه، كه هه‌ندێكیان ڕۆڵی بێلایه‌ن ده‌بینن و، هه‌ندێكی دیكه‌یش له ڕه‌هه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندیی ئابوورییه‌وه ده‌ڕواننه ئه‌و پرسه؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان قه‌ته‌ر و ئه‌و وڵاتانه له لایه‌ك و، له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه "قه‌ته‌ر" وه‌ك سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی وزه، وای كردووه كه كاریگه‌ری بخاته سه‌ر وه‌رگرتنی هه‌ڵوێست له لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه له هه‌مبه‌ر ئه‌و دۆخه. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زێتر له‌باره‌ی ستراتیژیی وڵاته ئه‌وروپییه‌كان له هه‌مبه‌ر پرسی ناهه‌مواری وڵاتانی "ئه‌نجومه‌نی هاریكاریی كه‌نداوی عه‌ره‌بی"، هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌سه‌ر دوو ئاست تیشك بخه‌ینه سه‌ر هه‌ڵوێستی وڵاته ئه‌وروپییه‌كان.
له‌سه‌ر ئاستی یه‌كێتیی ئه‌وروپا
په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌ندام له ئه‌نجومه‌نی هاریكاریی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسی و جیۆئابووری بنیات نراوه. به‌پێی ڕێككه‌وتننامه‌ی ساڵی 1998ی نێوانیان، ئه‌و دوو لایه‌نه توانییان زه‌مینه‌ی لێكتێگه‌یشتنێكی فره‌ڕه‌هه‌ند له ڕه‌چاوكردنی پێویستییه سیاسی و ئابوورییه‌كان بهێننه دی. ئه‌و ڕێككه‌وتنامه‌یه، ده‌كرێت به‌و شێوه‌یه بیناسێنین كه "به‌ردی بناغه‌ی" په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و دوو لایه‌نه‌یه، چونكه له‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌دا به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی تیشك خراوه‌ته سه‌ر سروشت و شێوه‌ی ئاواكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه، وه‌ك: جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر به‌رقه‌راربوونی سیاسی و ئه‌منی له ناوچه‌ی وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاریكاریی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، له لایه‌ن یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه. هه‌روه‌ها، یه‌كێتیی ئه‌وروپا دانی به‌وه ناوه كه ئه‌و ده‌ڤه‌ره له ڕووی ستراتیژی و جیۆئابوورییه‌وه ناوچه‌یه‌كی جێی بایه‌خه. خاڵێكی تریش ئه‌وه‌یه، كه هه‌ر دوو لا جه‌ختیان له‌سه‌ر فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له ڕووی هاریكاریی ئابووری، وزه، بازرگانی، خوێندن و ڕۆشنبیری، كشتوكاڵی، پیشه‌سازی، ته‌كنه‌لۆژی، ژینگه و وه‌به‌رهێنان كردۆته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش ساڵانه وه‌زیره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر دوو لا كۆ ده‌بنه‌وه، تا له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجه نه‌خوازراوه‌كان و پرسگه‌لێكی په‌یوه‌ست به وزه، بازرگانی و كۆی گشتیی هاریكاریی ئابووری بدوێن.
به له‌به‌رچاوگرتنی قه‌باره‌ی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاریكاریی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، یه‌كێتیی ئه‌وروپا بڕیاری داوه كه له‌مه‌ڕ پرسی "قه‌یرانی دیپلۆماسیی قه‌ته‌ر" بێلایه‌نی هه‌ڵبژێرێت. به دیوێكی دیكه، یه‌كێتیی ئه‌وروپا پاڵپشتیی هیچ لایه‌نێكی ناكۆك ناكات له دژی لایه‌نی به‌رامبه‌ر، چونكه یه‌كێتیی ئه‌وروپا سیاسه‌ت و ستراتیژی وه‌ك كۆیه‌كی سیاسی له به‌رامبه‌ر یه‌كه‌یه‌كی سیاسی پیاده ده‌كات، كه یه‌كه‌ی وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاریكاریی كه‌نداوی عه‌ره‌بییه. هه‌روه‌ها یه‌كێتیی ئه‌وروپا پێی وایه كه لاسه‌نگكردنی په‌یوه‌ندییه سیاسی و ئابوورییه‌كان به لای هه‌چ لایه‌نێكی ناكۆك له دژی لایه‌نه‌كه‌ی تر به مانای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ی ساڵی 1998ی نێوانیانه، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك: یه‌ك/ یه‌كێتیی ئه‌وروپا وه‌ك له پێشتر ئاماژه‌م پێ دابوو، جه‌ختی كردبووه له‌سه‌ر به‌رقه‌راربوونی سیاسی و ئه‌منیی ناوچه‌ی وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاریكاریی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، بۆیه په‌نابردن بۆ سیاسه‌تی لاسه‌نگكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له لایه‌ن یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نێك له دژی لانه‌كه‌ی تر، ناوچه‌كه تووشی نابه‌رقه‌راریی زێتر ده‌كات. دوو/ به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی یه‌كێتیی ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی له بواری وزه و بازرگانی له‌وه‌دایه كه له‌گه‌ڵ یه‌كه‌یه‌كی گشتیی ئابووری و هێزی گشتیی وزه‌دا مامه‌ڵه بكات، ئه‌ویش بریتییه له ئه‌نجومه‌نی هاریكاریی كه‌نداوی عه‌ره‌بی. به‌گشتی ستراتیژیی یه‌كێتیی ئه‌وروپا به ڕووی "قه‌یرانی دیپلۆماسیی قه‌ته‌ر" بریتییه له "ستراتیژییه‌تی تێوه‌نه‌گلان" و په‌نابردن بۆ سیاسه‌تی "بێلایه‌نیی ئه‌رێنی".
له‌سه‌ر ئاستی چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپا
چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی وه‌ك: ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا، بریتانیا په‌یوه‌ندییه‌كی ستراتیژیی گرنگیان له‌گه‌ڵ چه‌ند وڵاتێك له ناوچه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بیدا هه‌یه، بۆیه ئه‌و دۆخه ناهه‌مواره‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، كاریگه‌ریی كردۆته سه‌ر هه‌ڵوێستی وڵاتانی ئه‌وروپیی ناوبراو له هه‌مبه‌ر ئه‌و دۆخه ناهه‌مواره‌ی كه‌نداو، كه هه‌ر یه‌كه‌یان به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و سیاسیی خۆیه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌و پرسه؛ دوور له هه‌ڵوێستی گشتیی یه‌كێتیی ئه‌وروپا.
وڵاتێكی وه‌ك ئه‌ڵمانیا، له هه‌مبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، په‌نای بردۆته به‌ر "سیاسه‌تی لایه‌نگریكردن"، كه زێتر له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ڵوێستی قه‌ته‌ره. پاڵپشتیكردنی ئه‌ڵمانیا له قه‌ته‌ر، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و وڵاته پێی وایه، ده‌وره‌دان و گۆشه‌گیركردنی قه‌ته‌ر له لایه‌ن وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، ده‌بێته مایه‌ی زیانگه‌یاندن به به‌رژه‌وه‌ندییه جیۆئابوورییه‌كانی وڵاتی ناوبراو له ده‌ڤه‌ره‌كه، چۆنكه قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی وه‌به‌رهێنان و بازرگانیی نێوان ئه‌ڵمانیا و قه‌ته‌ر، زێتره له قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی وه‌به‌رهێنان له نێوان قه‌ته‌ر و هه‌ر وڵاتێكی تری ئه‌وروپی كه نزیكه‌ی 25 ملیار یۆرۆیه. هه‌روه‌ها ئه‌ڵمانیا پێی وایه كه زیانگه‌یاندن به ئابووریی قه‌ته‌ر، به مانای گه‌یاندنی زیانه به چه‌ندین كۆمپانیای ئه‌و وڵاته؛ به‌و پێیه‌ی كه قه‌ته‌ر %10ی پشكه‌كانی "دۆتچه بانك"ی ئه‌ڵمانیی به‌ر ده‌كه‌وێت و، %17ی پشكه‌كانی كۆمپانیای "ڤۆلگس ڤاگن"ی ئه‌ڵمانی، كه تایبه‌ته به ئۆتۆمبێل به‌ر ده‌كه‌وێت. جگه له‌مه‌یش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه وزه‌یه‌كی زۆر به‌كار ده‌هێنێـت، به‌تایبه‌تی گازی سروشتی، بۆیه مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی لێ نیشتووه كه ئه‌و دۆخه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، كاریگه‌ریی نه‌رێنی بكاته سه‌ر ئاستی هه‌نارده‌ی گازی قه‌ته‌ری بۆ ئه‌وروپا؛ به‌و پێیه‌ی كه قه‌ته‌ر به سێیه‌مین وڵاتی هه‌نارده‌كاری گازی سروشتی له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئه‌ژمار ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به ستراتیژییه‌تی فه‌ڕه‌نسا، ئه‌وا ئه‌و وڵاته هه‌ر له ده‌سپێكی سه‌رهه‌ڵدانی "قه‌یرانی دیپلۆماسیی قه‌ته‌ر"، بڕیاری دابوو كه ڕۆڵی "ناوبژیوان" ببێنێت؛ به شێوه‌یه‌ك كه پاڵپشتیی هیچ لایه‌نێكی ناكۆك نه‌كات له دژی لایه‌نه‌كه‌ی تر. ئه‌و ستراتیژییه‌ی فه‌ڕه‌نسا، له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه ئه‌و وڵاته به ڕووبه‌رێكی فراوان به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری، ئه‌منی، سیاسی و سه‌ربازیی له‌گه‌ڵ ته‌واوی هێزه ناكۆكه‌كانی په‌یوه‌ست به قه‌یرانی سیاسی و دیپلۆماسیی ئێستای وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاریكاریی كه‌نداوی عه‌ره‌بی هه‌یه.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه، فه‌ڕه‌نسا وه‌ها ده‌ڕوانێته پرسه‌كه كه لایه‌نگریكردنی هێزێك له دژی هێزێكی تری نێو قه‌یرانه‌كه، كۆی گشتیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له ناوچه‌كه ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، بۆیه سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا "ماكرۆن"، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه وڵاته‌كه‌ی ڕۆڵی ناوبژیوان ده‌بێنێت؛ ته‌نانه‌ت پاڵپشتیی هه‌ر هه‌وڵێك ده‌كات له لایه‌ن هه‌ر ده‌وڵه‌تێكه‌وه به مه‌به‌ستی ناوبژیوانیكردن و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ڕه‌وشه، به هه‌وڵه‌كانی وڵاتی "كوێت"یشه‌وه.
ئه‌وهی‌شی كه په‌یوه‌ست بێت به ستراتیژییه‌تی بریتانیا له هه‌مبه‌ر ئه‌و ڕه‌وشه ناله‌باره‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، ئه‌وا ئه‌و وڵاته سیاسه‌تی "هه‌نگاو به هه‌نگاو"ی گرتۆته به‌ر بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وشه. به دیوێكی دیكه، بریتانیا له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی كۆتاییی خۆی سه‌باره‌ت به‌و پرسه په‌له‌ی نه‌كردووه، تا ئه‌و كاته‌ی ئاسۆی ئه‌و پرسه بۆ بریتانیا به‌ته‌واوه‌تی ڕوون ده‌بێته‌وه. هه‌ر بۆیه، "بۆریس جۆنسن"، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا، له لێدوانێكدا داوا له قه‌ته‌ر ده‌كات كه هه‌وڵی خۆی بخاته گه‌ڕ، تا هیچ هێزیك نه‌توانێت كۆمه‌كی داراییی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان بكات؛ وه‌لێ له هه‌مان كاتیش‌دا داوای له هه‌ر یه‌ك له وڵاتانی سعوودیا، ئیمارات، به‌حرێن و میسر كرد كه ئابڵووقه‌ی سیاسی، ئابووری و جوگرافی بۆ سه‌ر وڵاتی قه‌ته‌ر كه‌م كه‌نه‌وه.
ئه‌و سیاسه‌ته‌ی بریتانیا به‌رامبه‌ر به‌و ڕه‌وشه‌ی كه‌نداو، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌و وڵاته به ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر، به یه‌كێك له گرنكترین ئه‌و لایه‌نه‌نانه ئه‌ژمار ده‌كرێت كه له شه‌راكه‌تی ستراتیژی له ڕووی ئابووری، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و بازرگانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاریكاریی كه‌نداوی عه‌ره‌بیدا به‌شدار بووه. بۆ نموونه سعوودیا له ساڵی 2016 به یه‌كه‌م وڵات ئه‌ژمار ده‌كرێت كه زۆرترین چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی بریتانیی كڕیوه، وه‌لێ له هه‌مان كاتیش‌دا، ئه‌و وڵاته به قه‌باره‌یه‌كی فراوان په‌یوه‌ندیی بازرگانی و وه‌به‌رهێنانی له‌گه‌ڵ وڵاتی قه‌ته‌ردا هه‌یه؛ كه تا ئێستا ئاستی وه‌به‌رهێنانی قه‌ته‌ری له وڵاتی بریتانیا گه‌یشتۆته 35 ملیار جونه‌یھی ئه‌سترلینی؛ هه‌روه‌ك چۆن بازاڕی قه‌ته‌ریش به سێیه‌م بازاڕ له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئه‌ژمار ده‌كرێت بۆ ساخكردنه‌وه‌ی كاڵاكانی بریتانی، كه ته‌نیا له ساڵی 2016 ئاستی هه‌نارده‌ی كاڵا و به‌رهه‌مه‌كانی بریتانیا بۆ قه‌ته‌ر، گه‌یشته 2 ملیار و 13 ملیۆن جونه‌یھی ئه‌سترلینی. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه گازی سروشتیی قه‌ته‌ری، %20ی پێویستییه‌كانی بریتانیا له كۆی گشتیی پێویستییه‌كانی ئه‌و وڵاته بۆ وزه، پڕ ده‌كاته‌وه.
كۆتایی
ده‌وڵه‌مه‌ندی و خێروبێری ژێرزه‌ویی وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاریكاریی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، وای كردووه كه ئه‌وروپییه‌كان زۆر هۆشیار بن له گرتنه‌به‌ری هه‌ر سیاسه‌تێك له هه‌مبه‌ر ڕه‌وشی نابه‌جێی ئه‌و ده‌ڤه‌ره و، ئه‌وه‌ی كه سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوكه‌وتی وڵاتانی ئه‌وروپی به‌رامبه‌ر به "قه‌یرانی دیپلۆماسیی قه‌ته‌ر" هه‌ستی پێ ده‌كرێت ئه‌وه‌یه كه، ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وتانه هه‌ر له چوارچێوه‌ی ڕه‌فتاری "دیپلۆماسی"دا قه‌تیس ماونه‌ته‌وه و هێشتا نه‌بوونه‌ته ڕه‌فتاری "سیاسی". ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئابووری، هه‌میشه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیاسه‌ت هه‌بووه. به گوزارشتێكی دیكه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه وڵاته ئه‌وروپییه‌كان ده‌زانن تا چه‌ند قه‌ته‌ر كۆمه‌كی داراییی ڕیكخراو و گرووپه تیرۆریستییه‌كانی كردووه به‌ڵام به هۆی كاریگه‌ریی هێزی ژێرزه‌ویی قه‌ته‌ره‌وه وڵاتانی ناوبراو نه‌یانتوانیوه هه‌ڵوێستێكی سیاسی له دژی قه‌ته‌ر وه‌رگرن!