رۆڵی حزبە پلە سێیەکان لە سەرخستنی ڕیفراندۆمدا

پێشەکی

ڕیفراندۆم بەر لەوەی میکانیزمێکی دیموکراسی بێت بۆ وەرگرتنی ڕای هاوڵاتیان، پرسێکی نیشتمانییە، کە پەیوەستە بە ئارەزوویه‌کی سەدان ساڵەی میللەتێکی زیندوو. بۆیە بەنیشتمانیکردنی ڕیفراندۆم، فاکتەرێکە بۆ سەرکەوتنی ڕیفراندۆم؛ ئەمەیش پێویستیی بە کۆدەنگی و هەماهەنگیی نیشتمانى دەبێت لەسەر هەموو ئاستەکان. یەکێک لەو ئاستانە بریتییە لە ئاستی حزبە سیاسییەکان، بەتایبەت کە ژینگەی هەرێمی کوردستان جۆرێک لە فره‌حزبیی پێوە دیارە. ئەم فرەیییەیش واى کردووە حزبەکان دابەشی سەر چەند ئاستێک ببن. کەواتە، گرنگه‌ بزانین ڕۆڵی ئەو حزبانە لە سەرخستنی ڕیفراندۆمدا چی دەبێت.

مەبەست لە حزبی پلە سێ چیە؟

ئەگەر بەپێی سیستەمە سیاسییە جیاوازەکان پۆڵینی ڕیزبەندی حزبە سیاسییەکان بکەین، دەبینین هەموو حزبەکان لە چوارچێوەی سیستەمی حوکمڕانیدا هەمان ئاست و پێگەیان نییە. بە شێوەیەکی گشتی، خاڵی هاوبەشی ئەو پۆڵینە لە نێوان سیستەمه‌ جیاوازەکاندا، حزبەکان دابەش دەکاتە سەر ئاست و پلە. لە پلەى یەکەمدا  ئەو حزبانە دێن کە دەسەڵاتیان هەیە و حکوومەتیان بەدەستە؛ لە پلەى دووەمیشدا ئەو حزبانە دێن کە جۆرێک لە دەسەڵاتیان هەیە بەڵام لەناو حکوومەت نین و ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن دەبینین؛ لە پلەى سێیەمیشدا ئەو حزبانە هەن کە لەگەڵ ئەوەی ڕێکخستن و پێگەى تایبەتی خۆیان هەیە بەڵام دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نییە، بۆیە لە نێوان حکوومەت و ئۆپۆزیسیۆندا دابەش بوونە. کەواتە حزبە لاوەکییەکان، یان ئەو حزبانەی لە پلەى سێیەمی ڕێزبەندی حوکمڕانین دواى دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، بە شێوەیەکی گشتی لەژیر سایەی هەندێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ژینگەى سیاسی دێنە كایه‌وه‌، لەوانە: 1/ بۆ سەرنجدروستکردن لەسەر ئەو پرسانەى کە بوونەتە هۆی گفتوگۆ لە کۆمەڵگەدا، واتە لەسەر دیاردەیەکی تایبەتی کۆمەڵگە دروستبوونە؛ 2/ یان ئەو حزبە لاوەکییانە هەر لە بنەڕەتدا بەشێک بوونە لە حزبە سەرەکییەکان و لێیان جیا بوونەتەوە؛ 3/ یان ئەو حزبە لاوەکییانە هەوڵێکی تاکلایەنە دەبێت تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک، یان بەدەستهێنانى کورسییەک لە پەرلەمان؛ 4/ یان ئەو حزبە سیاسییانە بۆ ئەوە دامەزراون کە ئەو دەنگانە لەخۆ بگرن کە لە سیاسەتی حزبە سەرەکییەکان ناڕازین. لەسەر ئەم بنەمایە حزبە پلە سێیەکان، دەکرێ بەم شێوەیە پۆڵین بکرێن:

) حزبە ئایدیۆلۆژییەکان(Ideological Parties): پێویستە ئەوە بڵێین کە ئەم جۆرە حزبانە ئارەزووی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن نییە؛ بۆیە زۆر جار ئەم حزبانە کەمتر دەگەنە دەسەڵات، چونکە ئەوانە خۆیان بە خاوەنی هزرێک دەزانن کە بە بەرزتری دەزانن لەوەی بیخەنە کێبرکێ لەگەڵ حزبە بێهزرەکان.

) ئەو حزبانەی تایبەتن بە پرسێکی دیاریکراو (Single Issue Party): ئەو حزبانە لەسەر بنەماى یەک پرەنسیپ دامەزراون. ئەمانە دیدگه‌یەکی گشتییان نییە بۆ حوکمڕانى، تاكه‌ ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت ئه‌و داواكارییه‌یان بۆ جێبه‌جێ بكه‌ن كه‌ پره‌نسیپی دامه‌زرێنه‌ری پارته‌كه‌یه‌. باشترین نموونە بۆ ئەو جۆرە، حزبی سەوزە (Green Party)، کە تاکە ئامانجی ئەم حزبە پاراستنی ژینگەیە.

) حزبە ناڕازییەکان(Protest Parties) : ئەوانە گرنگی بەو پرسانە دەدەن کە حزبە گەورەکان شکستیان تێدا هێناوە. چالاکییەکانى ئەم حزبانە تایبەتە بە ڕێکخستنی خۆپێشاندان بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە سیاسەتی حکوومەتدا بکەن، بەڵام هەموو خۆپێشاندانێک ماناى ئەوە نییە کە حزبێکی پلە سێ ڕێکی خستبێ؛ ڕەنگە لەسەر ئاستێکی فراوان حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان ڕێکیان خستبێ.

) حزبە لێکجیابووەکان (splinter parties): بەشێکی زۆری حزبە پلە سێیەکان ئەوانەن کە بە هۆی نەگونجانیان لە ڕووی هزری و بەرژەوەندییەوە، لە حزبە سەرەکییەکان جیا بوونەتەوە. ئەم حزبانە، زیاتر لەو کاتە دەردەکەون کە حزبە سەرەکییەکان هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەنجام دەدەن و بەشێک لە سەرکردایەتییان ناتوانێ دەنگی پێویست بەدەست بێنێ، بۆیە لێک جیا دەبنەوە. مێژووی حزبە کوردییەکان نموونەى زۆری تێدایە، تەنانەت دەتوانین بڵێین بەشێکی زۆری حزبە سیاسییەکان لەم ڕێگەیەوە دروستبوونە.

حزبە پلە سێیەکان لە ژیانی سیاسیی کوردستاندا

دەرکەوتنی حزبە پلە سێیەکان لە کوردستان، پەیوەستە بە بوونی سیستەمی فرەحزبییەوە. ئەو فرەحزبییەیش چەند هۆکارێک لە پشت سەرهەڵدانییەوە هەبووە. فاکتەرەکانی دەرکەوتنی حزبی پلە سێ و فرەحزبی لە کوردستان بریتین لە:

/ جیاوازی لە بیروبۆچوون لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانى کوردستان: کارێکی سروشتییە کۆمەڵگە هەمووی وەک یەک بیر نەکاتەوە. ئەو کاتەی ئەم جیاوازییە فکرییانە دەچنە چوارچێوەی ئۆرگانێکی ڕێکخراو، ئەوا چەندین حزبی سیاسییان لێ دروست دەبێت.

/ سیستەمی هەڵبژاردن: هەر لە خولی یەکەمی پەرلەمانەوە یاساکانى تایبەت بە هەڵبژاردن دەرفەتی بۆ هەموو حزبە بچووکەکان دروست کردووە بگەنە پەرلەمان، بۆیە ئەو گرووپانەى ئارەزووی گەیشتن بە دەسەڵاتیان هەیە خۆیان لەسەر شێوەی حزبی سیاسی ڕێک دەخەن.

/ جیاوازییە نێوخۆیییەکانی ناو حزبە سیاسییەکان: زۆر جار ئەم جیاوازییانە، بوونەتە هۆی ئەوەی گرووپەکانی ناو حزبە سیاسییەکان لێک جیا دەبنەوە و حزبی سیاسیی سەربەخۆ دروست دەکەن.

/ هەوڵە بەردەوامەکانى وڵاتانى ناوچەکە بۆ پارچەکردنی سیاسییانەی دۆخی ناوخۆی کوردستان، ئەویش لە ڕێگەى دروستکردنی هەندێ حزبی سیاسیی نزیک لە خۆیان، یانیش لە ڕێگەى دابەشکردنی ناوخۆی ناو حزبە سیاسییەکان لە ڕێگەى پشتگیریکردنی باڵێک دژی باڵەکەی دیکه‌.

/ نەبوونی متمانەی سیاسی لە نێوان حزب و گرووپە جیاوازەکان: ئەم نەبوونی متمانەیە زیندووترین فاکتەری لاوازیی هەرێمە؛ بە شێوەیەک کە هەندێ قۆناغی پرۆسەی ساسیی پەک خستووە. لە حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا حزبی سیاسی بە شێوەیەکی ناتەندروست ڕوو لە زیادبوون دەکات؛ تەنانەت ئەم دیاردەیە پەڕیوەتە نێو کەمینە و پێکهاتە جیاوازەکایش.

پێگەى ئەو حزبانە لە حکوومەتی هەرێمدا

هەر لە سەرەتای ڕاپەڕینی کوردستان و دروستبوونی هەرێمی کوردستان، ژمارەی حزب و لایەنە  سیاسییەکان ڕوو لە زیادبوونە. ئەم زیادبوونەی حزبە سیاسییەکان کاری کردۆتە سەر ستراکچەری کابینە جیاوازەکانى حکوومەتی هەرێم؛ بە شێوەیەک کە لە هەر یەکێک لەو کابینانە، حزبە پله‌ سێیەکان لە پێگەیەک و ئاستێکی جیاوازدا بوونە. سیستەمی حزبی لە هەرێمی کوردستان، تا ئێستا چەندین جۆری حکوومەتی لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە:

یەکەم: حکوومەتی دووجەمسەری: "یەکێتی" و "پارتی" لە چەندین قۆناغی جیاواز بەیەکەوە ئەم حکوومەتەیان بەڕێوە بردووە. زۆربەی دەستکەوتەکانى هەرێم و فراوانبوونی ستراکچەری حکوومەتی هەرێم، لەم جۆرە حکوومەتەوە بەرهەم هاتووە. حزبە پلە سێیەکان لەم جۆرە حکوومەتەدا بەشدارییەکی کارایان هەبووە و تەنانەت بەشێک لە وەزیرەکانیش سەر بەو حزبە پلە سێیانە  بوونە؛ لەگەڵ ئەوەی هیچ ئەندامێکیشیان لە پەرلەمان نەبووە. 

دووەم: حکوومەتی نیمچەفراوان: ئەزموونێکی نوێ بوو، كاتێك هه‌ندێ پارتی سیاسی بۆ یه‌كه‌م جار چوونە ناو حكوومه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئەم جۆرە حکوومەتە بۆ یەکەمین جار ڕووبەڕووی ئۆپۆزیسیۆنێکی لاواز بوو‌ەوە. لێرەدا بۆ یەکەمین جار حزبە پلە  سێیەکان دابەش دەبن: بەشێکیان دەچنە دەرەوەی حکوومەت و، بەشێکیان هەر لەناو حکوومەتدا دەمێننەوە.

سێیەم: حکوومەت بەرامبەر ئۆپۆزیسیۆن: لەم قۆناغەدا ئۆپۆزیسیۆن هەمان هێز و قەبارەى حکوومەتی هەبوو. دەستپێکی پاشەکشەی پرۆسەی سیاسی، لەم قۆناغەوە دەستی پێ کردووە. حزبە لاوەکییەکان لێرەدا هەوڵیان دا جۆرێک لە بێلایەنبوونی خۆیان لە نێوان حکوومەت و ئۆپۆزیسیۆندا نیشان بدەن؛ کە ئەمە نیشانەى تەندروستیی ئەو حزبە سیاسییانە بوو.

چوارەم: حکوومەتی بنکەفراوان: بە بەشداریی سەرجەم حزبە سیاسییەکان حکوومەتێکی بنکەفراوان پێک هات. بەشێک لە باشییەکانی سیستەمی فرەحزبی، بوونی ئۆپۆزیسیۆنە، نەبوونی هیچ پارتێك لە ئۆپۆزیسیۆن متمانەی حزبە سیاسییەکانى به‌ یه‌كتر لاواز كرد، ئه‌مه‌ش سەرەتای دروستبوونی قەیرانی سیاسییە. لێرەوە ئەو حزبانە چوونە نێو ئەزموونێکی نوێوه‌، بەوەی بەشێکیان لە حکوومەت بوون، بێ ئەوەی هیچ وەزیرێکیان هەبێت، هەروەها بەشێکیان لە دەرەوەی حکوومەت بوون، بێ ئەوەی ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ببینن.

ڕۆڵ و کاریگەریی حزبە پلە سێیەکان پێش ڕیفراندۆم

ئاشکرایە یەکێک لەو خاڵە باشانەی هەرێمی کوردستانی بە شێوەیەکی جوان نیشانی جیهانى دەرەوە داوە، بریتییە لە بوونی فرەیی لەسەر ئاستی هەموو پێکهاتەکانى کۆمەڵگەی کوردستانی. ئەم فرەیییەیش بە پلەى یەکەم لە فرەحزبیدا ڕەنگی داوەتەوە. کاتێک هەموو پێکهاتەکان خاوەن حزبی تایبەتی خۆیان بن و ئازادانە بەشداریی ژیانی سیاسی بکەن، ئەوە ڕەنگاوڕەنگیی ژینگەى سیاسیی کوردستان دەردەخات. بۆیە دەرکەوتنی کۆمەڵگەى کوردستانی بەو شێوەیە، سروشتێکی دیموکراسیی پێ بەخشیوە. لەو چوارچێوەیەدا ڕیفراندۆم دەبێته‌ بابەتێکی نیشتمانى کە تێیدا سەرجەم لایەن و پێکهاتەکانی ناوخۆی هەرێم بەشدار دەبن، بێ ئەوەی حزبێک بە تەنیا کۆنترۆڵی سەرجەم شتەکان بکات. لەم نێوەدا، حزبە پلە سێیەکان گرنگییەکی بنەڕەتییان لە دەرخستنی سروشتی دیموکراسییانەی ڕیفراندۆم لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا هەیە. کاتێک ئێمە بۆ ڕیفراندۆم هەنگاو دەنێین، جیهانى دەرەوە ئەو دیمەنە دەبینێت کە تەنیا یەک حزب و یەک دەنگ کۆنترۆڵی ژینگەى کوردستانی نەکردووە و، بۆیە دڵنیا دەبن ئەگەر کۆمەڵگەی کوردستانی دەنگ بە ڕیفراندۆم بدات، بە ماناى ئەوە دێت کە هەموو پێکهاتە جیاوازەکان دەنگیان پێ داوە.

بەشێک لەو حزبە پلە سێیانەى هەرێمی کوردستان لەسەر بنەماى پێکهاتەیی دروست بوونە. پەرلەمانى کوردستانیش لە ڕێگەى یاسای هەڵبژاردنەوە ڕەچاوی ئەو پێکهاتانەی کردووە و، چەند کورسییەکی لە بازنەیەکی هەڵبژاردنی جیاوازدا بۆ تەرخان کردوون، بەڵام لە بابەتی ڕیفراندۆمدا هەموو ئەو پێکهاتە جیاوازانە وەک حزبێکی نیشتمانى لە چوارچێوەی یەک بازنەدا بەشداری دەنگدان دەبن؛ کە ئەمە خۆی جەختکردنەوەیە لەسەر بنەمای پێکەوەژیانى ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان. دەرخستنی ئەو خاڵانە و گەورەکردنیان و نیشاندانیان بە جیهانى دەرەوە، بەشێکی گەورە دەبێت لەو هۆکارانەی کە وا دەکەن ڕیفراندۆم گوزارشت لە ڕای ڕاستەقینەى کۆمەڵگەى کوردستانی بکات و، سەرکەوتن بە دەست بێنێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، پێویستە پارێزگاری لەو کەشە دیموکراسییە بکرێت کە ئێستا بۆ حزبە پلە سێیەکان دروست بوونە.

بە هۆی ئەو ژینگە ئازادەى حزبە لاوەکییه‌كان هەیانە، ئەو حزبە پلە سێیانە، بوونەتە خاوەن دەزگه‌ى میدیاییی گەورە، کە هاوشانە لەگەڵ دەزگه‌ فەرمییەکانی حزبە پلە یەک و پلە دووەکان؛ کەواتە بەشێک لە ڕای گشتی بە هۆی گوتارە میدیایییەکانی ئەو حزبانەوه‌ دروست دەبێت. بۆیە ئەو حزبانە دەتوانن لە ڕێگەى میدیاکانیانەوە گیانی نیشتمانى لە کوردستان بەرز بکەنەوە و بانگەشە بۆ شتێک بکەن کە دواتر بە سەرکەوتن بۆیان تۆمار دەکرێت. کارکردنی نیشتمانییانەى ئەو حزبانە، ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە سلبییەى وڵاتانى دراوسێ كه‌ لە ڕێگەى هەندێ لایەنی نەیارەوە دروستیان کردووە و، وایان کردووە بەشێکی کۆمەڵگە دەستبەرداری خەونی سەدان ساڵه‌ی خۆی بێت. بە واتایەکی دیکە، پێگەى حزبە لاوەکییه‌كان لە دروستکردنی ئەو کۆدەنگییە نیشتمانییە زۆر بەهێزە، کە هەموو لایەک بە گرەنتیی سەرکەوتنی ڕیفراندۆمی دەزانن. بۆیە نەبینینی ئەو حزبانە و پەراوێزخستنیان لە پرسە نیشتمانییەکان، یانیش بەگرنگ سەیرنەکردنیان، کارێکە کە کاریگەریی سلبی دەخاتە سەر بنەماى پێکەوەژیانى ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان.

کەواتە ڕۆڵی ئەو حزبە پلە سێیانە لەگەڵ ئەوەی خاوەنی پێگەیەکی جەماوەریی زۆر فراوان نین، بەڵام ڕۆڵیان لەگەڵ هەموو حزبەکانى دیکە لە سەرکەوتنی ڕیفراندۆمدا هاوشانە. بە شێوەیەک کە بە هەمان ئاست و قەبارەى حزبە گەورەکان، دەتوانن بە ئاراستە نیشتمانییەکەی کار لەسەر ڕای گشتیی کۆمەڵگەی کوردی بکەن.

پێگەى حزبە پلە سێیەکان دواى ڕیفراندۆم

هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن دەنگی "بەڵێ" لە ڕیفراندۆمدا سەردەکەوێت؛ کەواتە کاروانی سەربەخۆییی کوردستان لە ئەیلوولی ئەمساڵەوە دەست پێ دەکات. ئەم کاروانی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتە، پێویستیی بە کاری گەورە و فرەلایەنە، کە کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورەی لەپێشە. کەواتە کۆدەنگیی نیشتمانى، ئەوەندەی دواى ڕیفراندۆم گرنگ و پڕبایەخە، ئەوەندە پێش ڕیفراندۆم گرنگ نییە. پاراستنی فرەییی دواى ڕیفراندۆم، یەکێک لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەى کوردستانی دەبێت، چونکە ئێمە بۆ ماوەى بیست و حەوت ساڵە بانگەشەی ئەوە دەکەین کە توانیومانە نموونەیەکی جوانى پێکەوەژیانی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان بین؛ پاراستنی ئەمە، ئەرکێکی نیشتمانییە. کەواتە پێویستە بپرسین ئەمە چۆن دەکرێت؟ چۆن بتوانین هاوسەنگی لە نێوان یەکریزی و فرەییدا ڕابگرین؟

هەموو لایەک کۆکن لەسەر ئەوەی یەکڕیزی پێویستییەکی هەنووکەیییە بۆ بەهێزبوون، بەتایبەت لە دۆخێکی ئاڵۆزی هەرێمایەتیی لەو شێوەیەدا، بەڵام هەموو لایەنەکان بە یەک ئاست ئامادە نین سازش لەسەر شتەکانى خۆیان بکەن. بۆیە یەکڕیزی و یەکدەنگی بە پلەی یەکەم، پێویستیی بە لەخۆبووردەیی هەیە، بە شێوەیەک کەوا لە ڕۆڵ و پێگەى هیچ لایەنێک کەم نەکرێتەوە، بەتایبەت حزبە پلە سێییەکان. بەشداریپێکردنی ئەو حزبانە لە کۆمیتەی ڕیفراندۆم، یەکێک بوو لەو فاکتەرانەی کە شەرعییەتی بەو کۆمیتەیە بەخشیوە؛ سەرەڕای ئەوەی هەندێ لایەن دەیانەوێ لە گرنگیی ئەمە کەم بکەنەوە. بەڵام تەنیا بەشداریپێکردنیان لەو کۆمیتەیە بەس نییە، بەڵکوو پێویستە بە شێوەیەکی فیعلی، ئەرک و ڕۆڵیان بەسەر دابەش بکرێت بۆ ئەوەی هەست بکەن کە هاوبەشێکی ڕاستەقینەن لە پرۆسەی سەربەخۆییدا. ئەو حزبە پلە سێیانە، لە ڕه‌وتی بەشداریکردنیان لەو شاندە دیپلۆماسییانەی کە بڕیارە پێش ڕیفراندۆم و دواى ڕیفراندۆم پێک بێن، ڕۆڵیان لە دەرخستنی فرەییی کۆمەڵگەی کوردستانیدا دەبێت، بۆ ئەوەی ئامانجی ڕاستەقینەى کوردستانیان بە وڵاتانی جیهان ڕابگەیه‌نن.

کەواتە، پێویستە پێگەى حزبە سیاسییەکان لە دواى ڕیفراندۆمەوە، لە پێگەى بەشدارەوە بگۆڕێت بۆ پێگەى هاوبەش؛ ئەو هاوبەشیپێکردنە جۆرێک لە بەپرسیارێتییان دەداتێ بەرامبەر پرسێکی نیشتمانى کە نەتوانن خۆیان لەو ئەرکە مێژوویییە بدزنەوە. بۆیە پێگە و ڕۆڵی ئەو حزبانە دواى ڕیفراندۆم، پێویستە فراوانتر بکرێتەوە؛ بە شێوەیەک کەوا لە هەموو هەنگاوەکان هاوبەش بن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples