خستنه‌ڕووی پرس
ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی قه‌ته‌ر له ڕووبه‌ری هه‌رێمی له‌گه‌ڵ دراوسێ و دۆستانی دوێنێیدا، وه‌ك: سعوودیا، ئیمارات، به‌حرێن و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ی عه‌ره‌بی، سه‌ره‌داوێكی یه‌كجار گرنگه كه‌وتۆته ده‌ستی تاران، تا بتوانێت مه‌رامی سیاسی و جیۆپۆلیتیكی و ئه‌منیی هه‌ر یه‌ك له سعوودیا و ئه‌مریكا، به مه‌به‌ستی سنوورداركردنی توانای تاران له ڕووی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی له ناوچه‌كه له‌بار ببات. گه‌وره‌بوون و ته‌قینه‌وه‌ی كێشه‌ی قه‌ته‌ر له ناوچه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، مانای ئه‌وه‌یه كه تاران ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت له پیاده‌كردنی سیاسه‌ته‌كانی له‌و ناوچه‌یه، چونكه ئه‌و ناوچه‌یه له ڕووی ستراكتۆره‌وه تووشی درز و كه‌لێنێكی گه‌وره بووه.
ئه‌و دۆخه ناهه‌مواره‌ی ناوچه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، پڕۆژه‌ی ئه‌مریكا و وڵاتانی به‌ره‌ی "دژه-ئێران" بۆ دژایه‌تیكردنی سیاسه‌ت و ئه‌جێندای ئێران له ناوچه‌ی ناوبراو، دوا ده‌خات. له دوای سه‌ر‌دانه‌كه‌ی "ترامپ" بۆ سعوودیا، پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌مریكی-سعوودی-عه‌ره‌بی-ئیسلامی، به مه‌به‌ستی چۆنێتیی سنوورداركردنی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی تاران له به‌رامبه‌ر وڵاتانی عه‌ره‌بی گه‌ڵاله كرا. ئه‌و پڕۆژه‌یه، تێڕوانینێكی كرده‌ییی ڕیالیستییه، له‌سه‌ر بنه‌مای په‌راوێزخستن و دوورخستنه‌وه‌ی ئێران له هاوكێشه‌كانی هێز له‌و ده‌ڤه‌ره ئاماده كراوه؛ به جۆرێك كه تاران، چیتر نه‌توانێت ڕۆڵی "سه‌ركرده" ببینێت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له به‌رامبه‌ر ڕۆڵی ڕیازی پایته‌ختی سعوودیا. به دیوێكی دیكه، ئه‌و پڕۆژه‌یه له بنچینه‌دا بۆ ئه‌وه‌یه كه تواناكانی تاران له ڕووی هێزی سیاسی و هێزی جیۆپۆلیتیكییه‌وه كه‌م كه‌نه‌وه، تا كاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و پایته‌خته له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه نه‌مێنێت.
له ئێستادا، گرنكترین ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌بێته‌وه، بریتییه له "كێشه‌ی قه‌ته‌ر"، چونكه وڵاتی ناوبراو ئه‌ندامێكی گرنگی جه‌سته‌ی گشتیی كه‌نداوی عه‌ره‌بییه. بۆیه به یاخیبوونی ئه‌و ئه‌ندامه له‌و جه‌سته‌یه، هێزی به‌رگریی جه‌سته‌كه له به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ئێران لاواز ده‌بێت؛ واته ئێران ده‌توانێت به‌ئاسانی خۆی بخزێنێته نێو ئه‌و جه‌سته‌یه.
نه‌خشه‌ڕێگه‌ی تاران
"باشترین جۆری سیاسه‌ت، ئه‌و سیاسه‌ته‌یه كه له‌سه‌ر بنه‌مای قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بنیات ده‌نرێـت." ئه‌و ڕسته‌یه، یه‌كێكه له گرنكترین ڕێساكانی په‌یوه‌ست به فه‌رهه‌نگی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. نه‌خشه‌ڕێگه‌ی تاران له‌سه‌ر بنه‌مای قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت نه‌خشه كراوه؛ به‌و واتایه‌ی كه تاران ده‌یه‌وێ به‌و شێوه‌یه بڕوانێته "قه‌یرانی قه‌ته‌ر" كه ده‌رفه‌تێكه هاتۆته پێشه‌وه و، پێویسته بقۆزرێته‌وه تا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ئه‌مریكا و سعوودیا سه‌ر نه‌گرێت. ته‌نانه‌ت له بری ئه‌وه‌ی گۆشه‌گیر بكرێت و قۆڵه‌كانی ببه‌سترێت و بخرێته ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌كانی هێز، ئه‌وا به‌پێچه‌وانه‌وه، له قووڵاییی جه‌سته‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی ده‌ستی واڵا ببێت، تا له سیاسه‌ته‌كانی به‌رده‌وام بێت و، كاریگه‌ریی فراوانتر و زێتر بنوێنێت.
نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌ی تاران به دروشمی "نا بۆ هاوپه‌یمانێتیی عه‌ره‌بی، نا بۆ براگه‌وره‌ییی سعوودیا"، ده‌ستی پێ كردووه. ناردنی ئه‌و په‌یامه له لایه‌ن تارانه‌وه بۆ ڕیازی پایته‌ختی سعوودیا، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئیتر قه‌ته‌ر نه به‌و هاوپه‌یمانێتییه ڕازییه كه ئه‌مریكا و سعوودیا بۆ دژایه‌تیكردنی ئێران دروستیان كردووه و، نه به‌زۆر به‌براگه‌وره‌كردنی سعوودیا ڕازییه و، ئه‌وه ته‌نانه‌ت په‌یامێكیشه بۆ ئه‌مریكا كه چیتر بۆ گه‌ڵاله‌كردنی پڕۆژه‌یه‌ك له دژی نفووزی ئێران، گره‌و له‌سه‌ر یه‌كگرتنی وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی نه‌كات. كرۆكی ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه، له‌سه‌ر ئه‌و ستراتیژییه‌ته داڕێژراوه، كه تاران هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی ده‌خاته گه‌ڕ تا "قه‌یرانی قه‌ته‌ر" قووڵتر ببێته‌وه و په‌ره بسه‌نێت و ته‌شه‌نه بكات. ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی تاران، له‌و هاوكێشه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه پێی وایه "گۆشه‌گیركردنی قه‌ته‌ر له لایه‌ن سعوودیا و دۆسته‌كانی، یه‌كسانه به كرانه‌وه‌ی ئێران به ڕووی قه‌ته‌ردا".
تاران له‌و كرانه‌وه‌یه به ڕووی ده‌وحه‌دا چه‌ندین ئامانجی هه‌یه، له‌وانه: یه‌ك/ قووڵبوونه‌وه و به‌رده‌وامبوونی "قه‌یرانی قه‌ته‌ر" مانای وایه كه وڵاتانی به‌ره‌ی دژه-ئێران له بری ئه‌وه‌ی سه‌رقاڵ بن به ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی نفووز و ئه‌جێندای ئێران له ناوچه‌كه، ئه‌وا خه‌ریكی ناوخۆیان ده‌بن، كه چۆن ڕووبه‌ڕووی "قه‌یرانی قه‌ته‌ر" ببنه‌وه؟ دوو/ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ی ئه‌مریكا و سعوودیا بۆ دژایه‌تیكردنی سیاسه‌ته‌كانی ئێران له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌وه دوا ده‌خرێت. ئه‌مه‌یش مانای ئه‌وه‌یه، كه تاران ئه‌و ماوه‌یه ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت له گێڕانی ڕۆڵی هه‌رێمی و له پاڵپشتیكردنی ئه‌و گرووپانه‌ی كه بۆ ئێران له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سعوودیا به‌تایبه‌تی له یه‌مه‌ن، جه‌نگی به‌وه‌كاله‌ت ده‌كه‌ن. سێ/ ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌ی ئێران به ڕووی قه‌ته‌ردا و پاڵپشتیكردنی هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاته له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا، هه‌لێكی زێڕین ده‌ڕه‌خسێنرێت تا "ئیخوانه‌كان" له ئێران نزیك ببنه‌وه و ته‌نانه‌ت خۆیان له باوه‌شی تاران بگرن. ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه ئێران له چه‌ند ساڵی داهاتوودا، ده‌توانێت له ڕێێ "ئیخوانه‌كانه‌وه" كاریگه‌ری بخاته سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی میسر؛ ته‌نانه‌ت هه‌ر به هۆی "ئیخوانه‌كان"ه‌وه، ئێران ده‌توانێت ده‌ستی خۆی بگه‌یه‌نێته باكووری ئه‌فریقا له لایه‌ك، له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر گۆڕینی تێڕوانینی "ئیخوانه‌كانی" سووریایش به‌رامبه‌ر به ئێران ده‌بێت. چوار/ به هۆی كرانه‌وه‌ی تاران به ڕووی ده‌وحه‌دا له ڕووی جیۆپۆلیتیكییه‌وه، هه‌روه‌ها شكاندنی ئه‌و ئابڵووقه جوگرافییه‌ی كه وڵاتانی سعوودیا و ئیمارات و به‌حرێن خستوویانه‌ته سه‌ر ده‌وحه، هێزه ناسیۆنالیسته‌كان و لیبراڵه‌كانی عه‌ره‌بی له سه‌رتاسه‌ری جیهانی عه‌ره‌بی، له ئێران نزیك ده‌بنه‌وه؛ چونكه ئه‌و هێزانه له دژی ئه‌وه‌ن قه‌ته‌ر گۆشه‌گیر و بنكۆڵ بكرێت.
پێنج/ له ڕووی ئابووری و بازرگانییه‌وه، تاران له فراوانتركردنی په‌یوه‌ندییه بازرگانی و ئابوورییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وحه‌دا سوودێكی باش ده‌بینێت، چونكه ده‌توانێت جێگه‌ی ئه‌و وڵاتانه بگرێته‌وه كه په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانیان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر به هۆی ئه‌و هه‌لومه‌رجەوه پچڕاندووه. به‌پێی هه‌واڵێكی "ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمیی ئێران"، ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو كه حكوومه‌تی ئێران له ئێستادا، هه‌وڵ ده‌دات ببێته سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌م له هه‌نارده‌كردنی خۆراك و خوارده‌مه‌نی بۆ قه‌ته‌ر. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه گه‌شتی ئاسمانیی نێوان ده‌وحه و تاران زیادی كردووه؛ ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ده‌وحه ئاسمانی ئێران بۆ فڕینی فڕۆكه‌كانی له گه‌شته ئاسمانییه‌كاندا به‌كار ده‌هێنێت، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له وڵاتانی سعوددیا، ئیمارات و به‌حرێن ئاسمانی خۆیان به ڕووی گه‌شتی ئاسمانیی قه‌ته‌ر داده‌خه‌ن.
شه‌شه‌م/ ئه‌و پێشهاته نوێیه له كه‌نداوی عه‌ره‌بیدا، ده‌رفه‌تێكی مێژوویی بۆ تاران دێنێته پێشه‌وه، كه ئێران كار بۆ ئه‌وه بكات به‌ره‌یه‌كی نوێ له دژی سیاسه‌ته‌كانی سعوودیا و هاوپه‌یمانه‌كانی له ناوچه‌كه دروست بكات، ئه‌و به‌ره‌یه‌یش پێك هاتبێت له: ئێران، قه‌ته‌ر، توركیا و ئیخوانه‌كان. ئه‌گه‌ر تاران بتوانێت ئه‌و به‌ره‌یه دروست بكات، ئه‌وا هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا و سعوودیا بۆ دژایه‌تیكردنی نفووزی ئێران به‌ته‌واوی له گۆڕ ده‌نرێـت؛ ته‌نانه‌ت به‌پێچه‌وانه‌وه، نفووز و هێژموونیی ئێران له ده‌ڤه‌ره‌كه زێتر ده‌بێـت. حه‌وت/ ئه‌گه‌ر ئه‌و قه‌یرانه درێژه بكێشێت و، قه‌ته‌ر له هه‌ڵویست و سیاسه‌ته‌كانی له دژی سعوودیا و وڵاتانی ناوچه‌كه پاشگه‌ز نه‌بێته‌وه، ئه‌وا ئه‌مریكا ڕه‌نگه ئه‌و كاته بیر له گواستنه‌وه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازیی "عه‌دید" بۆ وڵاتێكی تر بكاته‌وه. بێ گومان ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕوو بدات، ئه‌وا له به‌رژه‌وه‌ندیی تاران ده‌بێت، چونكه ئه‌و بنكه سه‌ربازییه وه‌ك گه‌وره‌ترین بنكه‌ی سه‌ربازی له ناوچه‌كه، سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگه بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن و به‌كارهێنانی له دژی ئێران له لایه‌ن ئه‌مریكا و سعوودیا.
كۆتایی
نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌ی تاران بۆ قووڵبونه‌وه‌ی "قه‌یرانی قه‌ته‌ر"، ده‌كرێت بڵێین خوێندنه‌وه‌یه‌كی ستراتیژیی عه‌قڵانییه؛ به لانی كه‌م، تا بتوانێت به قه‌وڵی "مه‌كیاڤیللی": "وه‌ك ڕێوی، خۆی له داوی شێر بپارێزێت." داوێك كه شێرێكی وه‌ك ئه‌مریكا دای نابێت بۆ ئه‌وه‌ی كه ئێرانی پێێ بنكۆڵ كات، تاران ده‌توانێت له ڕێگه‌ی ده‌وحه‌وه خۆی لێ ڕزگار كات. به هاتنی ئێران بۆ سه‌ر خه‌تی قه‌یرانه‌كه، میحوه‌ری ململانێكانی نێوان سعوودیا و ئه‌و وڵاته، له ململانێیه‌كی ئیتنیكیی ئه‌منییه‌وه، ده‌گۆڕدرێت بۆ ململانێیه‌كی سیاسی. ئه‌مه‌یش ئه‌و گریمانه سه‌رڕاست ده‌كاته‌وه، كه پێی وایه ناوچه‌ی "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست" هه‌رگیز ئۆقره‌ییی سیاسی و ئه‌منی به‌خۆیه‌وه نابینێـت، چونكه هه‌میشه بگۆڕێكی نوێ ڕوو له ژینگه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌كات. له‌و نێوه‌نده‌یشدا، "قه‌یرانی قه‌ته‌ر" بگۆڕێكی نوێیه و، لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر ئارامیی ناوچه‌ی ناوبراو ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.