خستنه‌ڕووی پرس
ڕۆژی 25-9-2017، ڕۆژی هه‌ستانه‌وه‌یه له خه‌وێك، كه گه‌لی كورد له باشوور سه‌د ساڵه له‌و خه‌وه، خه‌ون به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه ده‌بینێت. ئه‌و له‌خه‌و هه‌ستانه‌وه‌یه زۆر گرنگه؛ وه‌ك ده‌سپێكی هه‌نگاونان به‌ره‌و به‌ڕاستیكردنی خه‌ونه‌كه. دامه‌زراندن و دروستكردنی ده‌وڵه‌تێك له خه‌ونه‌وه بۆ ڕاستی، ئه‌ردهه‌ژێنێكی جیۆسیاسییه به‌ر ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌وێت. به دیوێكی دیكه، ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تێك به ناوی "كوردستان"، هاوكێشه‌كانی "هێز" و هاوكێشه "جیۆسیاسی"یه‌كانی ناوچه‌كه تووشی گۆڕانكارییه‌كی مه‌زن ده‌كات؛ به شێوه‌یه‌ك كه به دڕێژاییی مێژووی ناوچه‌كه، هیچ بگۆڕێك هێنده‌ی ئه‌و گۆڕانگارییانه‌ی كه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت به هۆی بگۆڕی "ده‌وڵه‌تی كوردان"ه‌وه دروست ببن، نه‌یتوانیوه گۆڕانكاریی له‌و شێوه‌یه له ستراكتۆری هێز و، جیۆپۆلۆتیكدا بێنێته كایه‌وه.
له ئێسته‌دا، وڵاتیكی وه‌ك ئێران كه خاوه‌ن هێزێكی سیاسی و نفووزێكی مه‌زنه له ناوچه‌كه‌دا، به هۆی "خه‌ونه‌كه‌ی كوردان"، ترسێكی زۆر به‌رۆكی ناوه‌ندی بڕیاری ئه‌و وڵاته‌ی گرتووه. ئێران باش له‌وه تێ گه‌یشتووه كه دروستبوونی ده‌وڵه‌تێك به ناوی كوردستان و، لێكه‌وته‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته بۆ سه‌ر قووڵاییی ئاسایشی ئه‌و وڵاته، چه‌ند ده‌بێت؟ له‌و سۆنگه‌یه‌وه، بێ گومان تاران ته‌واوی هه‌وڵ و كۆششی سیاسی و دیپلۆماسیی خۆی ده‌خاته گه‌ڕ تا خه‌ونی كوردان نه‌هێته دی! به شێوه‌یه‌كی گشتی، ترسه‌كانی ئێران له‌مه‌ڕ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان له باشوور، فره‌ڕه‌هه‌ند و فره‌ڕوویه.
ئه‌م وتاره، هه‌وڵێكی شیكاری- زانستییه، ده‌یه‌وێت ڕۆناكی بخاته سه‌ر ئه‌و ترسانه و، ده‌ستنیشانیان بكات، كه بریتین له ترسه‌كانی: ستراتیژی و جیۆسیاسی، سیاسی و ئه‌منییه‌كان، هه‌روه‌ها جیۆئابوورییه‌كان، له ڕێی خستنه‌ڕووی چه‌ند ئه‌رگیومێنتێكه‌وه.
ترسه‌كانی ئێران له ڕووی ستراتیژی و جیۆسیاسییه‌وه
به‌گشتی ئه‌و ترسانه له‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه كورت ده‌كه‌ینه‌وه:
١- ئێران پێی وایه به له‌دایكبوونی "ده‌وڵه‌تی كوردستان"، ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ی سوننی له ناوچه‌كه زیاد ده‌بێت. ئه‌مه‌یش، له لایه‌ك پێچه‌وانه‌ی ناسنامه‌ی سیاسیی ده‌وڵه‌ت و سیسته‌می سیاسی ئه‌و وڵاته‌یه، كه خۆی له ده‌وڵه‌تێكی "شیعه"گه‌را و سیسته‌می "ویلایه‌تی فه‌قیھ" وێنا كردووه، له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، تای ته‌رازووی هێز له ناوچه‌كه ڕووه‌و هێزی سوننه‌كان ده‌شكێنێته‌وه. به‌و شێوه‌یه‌یش، هێز و نفووزی ئێران له‌و ده‌ڤه‌ره لاواز ده‌كات.
٢- له ڕووی جیۆسیاسییه‌وه، ئێران وا ده‌ڕوانێته سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، كه به سه‌ربه‌خۆبوونی ئه‌و هه‌رێمه، ئێران تووشی بنكۆڵ و دوورپێچی جوگرافی ده‌كات، چونكه ئه‌و سه‌ربه‌خۆیییه‌ی كوردان، هه‌ر یه‌ك له سعوودیا و ئیسڕائیل له سنووره‌كانی ئه‌و وڵاته نزیك ده‌كاته‌وه؛ به‌و پێیەی كه "كوردستان" له كاتی سه‌ربه‌خۆبووندا ده‌بێته هاوپه‌یمانی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه نه‌یاری ئێرانن. واته جگه له سنووری ئاویی نێوان سعوودیا و ئێران، هاوكات سعوودیا له ڕووی سنووری زه‌مینییشه‌وه له ئێران نزیك ده‌بێته‌وه.
٣- به جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له عێراق، هێژموونیی ئێران له‌سه‌ر ئاستی عێراق كه‌م ده‌بێته‌وه. واته كاریگه‌ریی هێژموونیی ئیران ته‌نیا له‌سه‌ر "به‌غدا" قه‌تیس ده‌مێنێته‌وه، چونكه سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان هانده‌رێكی مه‌زنیشه بۆ ئه‌وه‌ی سوننه‌كانیش له ناوه‌ڕاستی عێراق له قۆناغی دوای سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان، داوای سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ن.
٤- ئێران پێی وایه كه ئه‌زموونی سیاسی و فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانیی چه‌ندساڵه‌ی هه‌رێمی كوردستان، زێتر له ڕۆژاوا نزیك بووه تا ڕۆژهه‌ڵات. بۆیه به سه‌ربه‌خۆبوونی ئه‌و هه‌رێمه، ئه‌وا ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان ده‌بێته هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كیی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و، له ئایینده‌دا ئه‌مریكا بنكه‌ی سه‌ربازی له‌و به‌شه‌ی كوردستان ده‌كاته‌وه؛ ئه‌مه‌ییش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر قووڵاییی ئاسایشی ئێران.
ترسه‌كانی ئێران له ڕووی سیاسی و ئه‌منییه‌وه
٢. ئێران پێی وایه، كه سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان ده‌بێته "چه‌ترێكی نه‌ته‌وه‌یی"ی كوردان، به مه‌به‌ستی داڵده‌دان و پشتیوانیكردنی خه‌باتی بزاڤی ڕزگاریخوازی ته‌واوی كورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان. ئه‌مه بۆ ئێران و ڕووسیا و وڵاتی دیكه‌یش ڕاسته، كاتێك كه ئێران پاڵپشتیی "شیعه‌كان" ده‌كات و، ڕووسیایش پاڵپشتی له ڕووسه‌كانی "دوورگه‌ی كریمیا" ده‌كات و، توركیایش پشتیوانیی "توركمانه‌كان"ی عێراق و سووریا ده‌كات. له‌و سۆنگه‌یه‌وه، ئێران ترسی ئه‌وه‌ی لێ نیشتووه كه له ئایینده‌دا "ده‌وڵه‌تی كوردستان" ببێته هانده‌ر بۆ كوردانی ڕۆژهه‌ڵات تا داوای جیابوونه‌وه له ده‌وڵه‌تی "فارس" بكه‌ن، یان هه‌ر نه‌بێ، بزاڤی ناسینۆتالیستیی كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستان به‌گوڕتر و چالاكتر بێت. ئه‌مه‌یش بێ گومان كاریگه‌ریی نه‌رێنی بۆ سه‌ر باری سه‌قامگیریی سیاسی و سه‌قامگیریی ئه‌منیی نێوخۆی ئێران دروست ده‌كات.
٣. سه‌ربه‌خۆبوونی باشووری كوردستان، واته نه‌مانی "كاریگه‌رییه‌كان"ی ئێران له ڕووی سیاسییه‌وه به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. به‌دیوێكی دیكه، چیتر ئێران ناتوانێت ڕۆڵ بۆ لایه‌نه كوردییه‌كانی باشووری كوردستان دیاری بكات. به دیوێكی دیكه‌دا، مه‌حاڵه ئێران بتوانێت له دوای سه‌ربه‌خۆبوونی ئه‌و هه‌رێمه، ڕێساكانی ڕۆڵ له باشووری كوردستان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و نفووزی خۆی دابڕێژێت، به‌ڵكوو كوردانی باشوور خۆیان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌ست ده‌كه‌ن به بینینی ڕۆڵ؛ ئه‌مه‌یش ده‌بێته مایه‌ی به‌رپابوونی "هاوسه‌نگیی ڕۆڵ" له نێوان ده‌وڵه‌تی كوردستان و ده‌وڵه‌تی ئێران‌دا.
٤. كاتێك كه ئێران دوای سه‌ربه‌خۆبوونی باشووری كوردستان، كاریگه‌ریی به‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی كوردستاندا نامێنێت، ئه‌وسا ئه‌و وڵاته كه‌متر ده‌توانێت مه‌رج به‌سه‌ر باشووری كوردستان بسه‌پێنێت، به‌تایبه‌تی له كاتی پڕۆسه‌ی "دانوستان"دا په‌یوه‌ست به هه‌ر پرسێكی سیاسی، ستراتیژی و ئه‌منی له نێوان باشووری كوردستان و ئێران، كه له ئایینده‌دا مه‌زنده ده‌كرێت ڕوو بدات و بێته پێش.
ترسه‌كانی ئێران له ڕووی جیۆئابوورییه‌وه
١- هه‌رێمی كوردستان له ڕووی نه‌وت و وزه‌وه هێزێكی ژێرزه‌مینیی گه‌وره‌ی هه‌یه، به‌ڵام چونكه ئه‌و هه‌رێمه هێشتا نه‌بۆته ده‌وڵه‌ت و ناتوانێت پیاده‌ی ده‌سه‌ڵاته سه‌روه‌رییه‌كانی خۆی بكات، ناچاره نه‌وتی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی نا فه‌رمی بفرۆشێت، یاخود كۆمپانیایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به‌وه‌كاله‌ت بۆی بفرۆشێت، وه‌ك كۆمپانیای "ڕۆزنه‌فت"ی ڕووسی. وه‌لێ كاتێك كه باشووری كوردستان سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت، ئه‌وسا ده‌توانێت ئه‌و مافه‌ی خۆی له مامه‌ڵه‌كردن به كاڵاكانی به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات. له‌و چوارچێوه‌یه‌یشدا، ده‌وڵه‌تی كوردستان له باشوور به‌فه‌رمی ده‌بێته "هێزێكی وزه‌یی" له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه. كه‌وابێ، ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌توانێت له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه‌ی وزه كه له ناوچه‌كه هه‌ن (وه‌ك ئێران)، كێبڕكێ بكات؛ ته‌نانه‌ت كاریگه‌ریش بكاته سه‌ر بازاڕی نه‌وت و وزه‌ی ئێران.
٢- له كاتی سه‌ربه‌خۆبووندا، باشووری كوردستان ده‌بێته ئه‌ڵته‌رناتیڤی ده‌وڵه‌تی ئێران له ڕووی دابینكردنی وزه‌وه بۆ زۆرێك له وڵاتان؛ به‌تایبه‌تی بۆ وڵاتی توركیا و چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی. ئه‌مه‌یش كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی ده‌كاته سه‌ر ڕۆڵ و سیاسه‌ته‌كانی ئێران له ناوچه‌كه، كه به هۆی هێزی وزه‌وه پیاده‌ی ئه‌و ڕۆڵ و سیاسه‌تانه ده‌كات.
بۆ نموونه، توركیا له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ڕووی سیاسییه‌وه ململانێی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه، به‌ڵام به هۆی پێویستیی توركیا به وزه‌ی ئێران، كه ده‌كاته 20%ی كۆی گشتیی پێویستییه‌كانی وزه‌ی ئه‌و وڵاته له گازی سروشتیی ئێران؛ جاری وا هه‌بووه ئه‌و وڵاته، به‌ناچاری كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌كانی ئێران. بۆیه به سه‌ربه‌خۆبوونی باشووری كوردستان، توركیا ده‌توانێت پشت به وزه‌ی كوردستان ببه‌ستێت، كه ده‌توانێت 40%ی پێویستییه‌كانی ئه‌و وڵاته له وزه دابین بكات و، ئێران چیتر ناتوانێت كاریگه‌ری بخاته سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا. هه‌روه‌ها ئه‌مه بۆ چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپیی وه‌ك "ئه‌ڵمانیا" و "ئیتاڵیا"یش ڕاسته، كه ئیدی كه‌متر وابه‌سته بن به وزه‌ی ئێران و، پشت به وزه‌ی كوردستان ببه‌ستن.
كۆتایی
بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئێران دروست نه‌كات له ته‌واوی ئه‌و ڕووانه‌ی كه باسمان كرد، پێویسته وڵاتی ناوبراو له بری سیاسه‌تی "پشتتێكردن" له ده‌وڵه‌تی كوردان، سیاسه‌تی "له‌باوه‌شگرتن" بگرێته به‌ر. هه‌روه‌ك چۆن ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی "حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستین"ی به‌كار هێنا، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه، بووه دۆست و هاوپه‌یمانی ئێران، دوای ئه‌وه‌ی كه وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان پشتیان له‌و بزووتنه‌وه‌یه كرد؛ چونكه باشووری كوردستان ڕووه‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو ده‌نێت و، ئێران ناتوانێت ڕێگریی لێ بكات. له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونه‌كه‌ی كوردانیش ببێت به ڕاستی و بێته دی، پێویسته كورد له 25-9-2017 له خه‌و هه‌ڵسێت و، به "به‌ڵێ" ده‌نگ به ڕیفراندۆم بدات، تا بتوانێت ببێت به خاوه‌ن ڕۆڵ و سیاسه‌تی خۆی و، ده‌سه‌ڵاته سه‌روه‌رییه‌كانی پیاده بكات و چیتر ڕۆڵی پێ نه‌گێڕن و سنووره‌كانی كوردستان نه‌به‌زێندرێن.