خستنه‌ڕووی پرس
ڕیفراندۆم بۆ گه‌لی كوردستان له باشوور، پرسێك نییه ته‌نیا بایه‌خه‌كه‌ی له ڕۆژی 25-9-2017 قه‌تیس مابێته‌وه، به‌ڵكوو ئه‌م پرسه، ده‌كرێت وه‌ك "پڕۆسه" پێناسه‌ی كه‌ین كه خۆی له دوو قۆناغ به‌رجه‌سته ده‌كات: قۆناغی پێش ڕیفراندۆم و قۆناغی ڕیفراندۆم. به‌و پێیه‌ی كه ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم بریتی بێت له "ڕووداوێكی نه‌ته‌وه‌یی"، ئه‌وا به‌دڵنیایيیه‌وه قۆناغی پێش ڕیفراندۆم بریتییه له ئاماده‌كاری و ئاماده‌سازی بۆ دروستكردنی "ڕووداوه‌كه". كه وابێ، بایه‌خی قۆناغی پێش ڕیفراندۆم له‌و هاوكێشه‌یه وه‌ده‌رده‌كه‌وێت كه خۆی له‌و بۆچوونه‌دا ده‌نوێنێت: "دروستكردنی ڕووداوی گه‌وره، پێویستیی به ئاماده‌سازیی گه‌وره هه‌یه."
بێ گومان ئه‌و ئاماده‌سازییه، پێویسته به ئاراسته‌ی دوو ژینگه بێت: ژینگه‌ی ناوخۆ، هه‌روه‌ها ژینگه‌ی ده‌ره‌وه. هه‌رچه‌نده ئاماده‌سازی له ژینگه‌ی ناوخۆ، كه خۆی له پرسگه‌لێكی وه‌ك یه‌كگرتنی هێزه سیاسییه‌كان، باشتركردنی بژێوی خه‌ڵك و یه‌كگوتاریی میدیایی، سیاسی، جڤاكیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ده‌بێنێته‌وه و، گرنگییه‌كی بێوێنه‌ی هه‌یه وه‌ك خۆئاماده‌كردنێكی نه‌ته‌وه‌یی بۆ دروستكردنی ڕووداوه‌كه كه "ڕیفراندۆمه" و، مه‌به‌ست لێی به‌ده‌وڵه‌تكردنی "باشووری كوردستان"ه؛ وه‌لێ ئه‌وه‌ی كه من مه‌به‌ستمه ڕۆناهیی بخه‌مه سه‌ری، بریتییه له ژینگه‌ی ده‌ره‌وه، كه زێتر دواندنه له‌سه‌ر ئاماده‌سازی بۆ ڕێكخستنی هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی، كه گوزارشته له "سیاسه‌تی هه‌رێمی" له هه‌مبه‌ر پرسی ڕیفراندۆمی باشووری كوردستان.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه، ئه‌م وتاره وه‌ك كۆنتێكستیكی شیكاری، هه‌وڵ ده‌دات وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك بداته‌وه له‌وانه: حكوومه‌تی هه‌رێم و دروستكه‌رانی بڕیار له‌و هه‌رێمه، چۆن له ژینگه‌ی هه‌رێمی و ناوچه‌ییدا ئاماده‌سازی بكه‌ن؟ ئه‌ركی دیپلۆماسییه‌تی هه‌رێمی كوردستان چییه له ئه‌رێنیكردنی سیاسه‌تی هه‌رێمی له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم؟ ئایه له ئێسته‌دا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چی بكات تا توركیا و ئێران له‌مه‌ڕ پرسی ڕیفراندۆم نه‌رمی بنوێنن؟
ئاوێته‌بوونی دیپلۆماسییه‌ت به سیاسه‌ت
هه‌ڵوێستی وڵاته دراوسێیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی توركیا و ئێران له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم، هه‌ڵوێستێكی سیاسی و ئه‌منیی نه‌رێنییه. به‌دیوێكی دیكه، وڵاتانی ناوبراو پێیان وایه ڕیفراندۆمی باشووری كوردستان، وه‌ك ده‌سپێك و هه‌نگاوی یه‌كه‌م به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و له‌دایكبوونی "ده‌وڵه‌تی كوردستان" له باشوور، گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه كه له هه‌زاره‌ی سێیه‌م ڕووبه‌ڕووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ناسنامه‌ی سیاسی و نیشتمانیی ئه‌وان ده‌بێته‌وه. ته‌نانه‌ت وای بۆ ده‌چن كه ئه‌و ڕیفراندۆمه وه‌ك بۆمبێكی ته‌وقیتكراوی پڕ له هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر گه‌وره‌ترین "به‌های سیاسی" له‌و دوو وڵاته، كه یه‌كپارچه‌ییی خاكی ئه‌وانه.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه، توركیا و ئێران له ئێسته‌دا وه‌ك قۆناغی پێش ڕیفراندۆم، ته‌واوی هه‌ڵسوكه‌وت، ڕه‌فتار و هه‌ڵوێسته‌كانیان له چه‌ند جۆر سیاسه‌تێك چڕ ده‌كه‌نه‌وه، تا ڕیفراندۆمه‌كه‌ی باشوور ئه‌نجام نه‌درێت، وه‌ك: "سیاسه‌تی تۆقاندن" و "سیاسه‌تی دووبه‌ره‌كی"، كه به شێوه‌یه‌كی "زاره‌كی" و "كرداری" له لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌و دوو وڵاته‌وه له دژی هه‌رێمی كوردستان به‌كار ده‌هێنرێت.
سیاسه‌تی تۆقاندن
به‌گشتی، ئه‌و جۆره سیاسه‌ته بریتییه له هه‌ر هه‌ڵوێست یاخود كردارێك له لایه‌ن هیزێكه‌وه، یان حكوومه‌تێكه‌وه كه ببێته مایه‌ی ترساندن و نه‌مانی ئۆقره‌یی له لایه‌نی به‌رامبه‌ر. له‌م چه‌شنه سیاسه‌ته‌دا، ناوه‌نده‌كانی بڕیار له هه‌ر دوو پایته‌خت (تاران و ئانكارا)، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ڕێی لێدوان و ڕه‌فتاری جیاوازه‌وه گه‌لی كوردستان له باشوور بتۆقێنن. به‌رپرسان له‌و دوو ناوه‌نده، به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز په‌یامی خۆیان ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، تا گه‌لی باشوور له ڕیفراندۆم پاشگه‌ز ببێته‌وه. له‌و نێوانه‌دا، ڕه‌فتارێكی وه‌ك گرتنه‌وه‌ی ئاوی "زێی بچووك" له لایه‌ن ئێرانه‌وه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ده‌كرێت بڵێین به‌شێكه له‌و جۆره سیاسه‌ته.
سیاسه‌تی دووبه‌ره‌كی
مه‌به‌ست له‌و جۆره سیاسه‌ته ئه‌وه‌یه كه، ده‌وڵه‌تێك هه‌وڵ ده‌دات سوود له فره‌لایه‌نیی سیاسی و پلورالیزمی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئیتنیكی و ئایینیی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراو ببێنێت، تا بۆ مه‌رامه سیاسی و هێژموونییه‌كانی به‌كاریان بهێنێت. به‌و پێیه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له باشوور، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پلوراله و، سیسته‌می حزبی له هه‌رێمی كوردستان "فره‌یی"یه، هه‌ر یه‌ك له توركیا و ئێران هه‌وڵ ده‌ده‌ن سوود له‌و فره‌یییه ببینن تا ئه‌و هێزانه‌ی باشوور، ببن به چه‌ند به‌ره و، ببن به به‌ربه‌ست له به‌رده‌م ڕیفراندۆم و پڕۆسه‌ی دروستكردنی "ده‌وڵه‌ت" له باشووری كوردستان.
هه‌رچه‌نده بوونی چه‌ندان حزب، به چه‌ندان بیركردنه‌وه و دیدی جیاواز، دیارده‌یه‌كی سیاسیی ته‌ندروسته ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی "ده‌ستوورێك" ڕیك خرابووایه، تا ئه‌و حزبانه به ئه‌رك و مافه‌كانیان ئاشنا بوونایه، وه‌لێ له چه‌شنه قه‌واره‌یه‌كی ئیداریی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان، كه تا ئێسته‌یش بێده‌ستووره، ئه‌و هه‌موو حزبه، جگه له بارگرانی بۆ سه‌ر بوودجه‌ی حكوومه‌ت و جگه له لێكترازان و به‌ربه‌ره‌كانێی نێوانیان، كه بۆته ده‌رفه‌ت بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه تا ده‌ستی خۆیان بخزێننه نێو كاروباری هه‌رێمی كوردستان، هیچ سوودێكیان نه‌بووه بۆ به‌ره‌وپێشڤه‌چوونی دیموكراسییه‌ت له‌و هه‌رێمه.
ئه‌ركی دیپلۆماسیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌تانه و ئه‌رێنیكردنی بۆچوون و هه‌ڵوێستی ئه‌و دوو وڵاته، له هه‌ڵوێستگه‌لێكی "توند"ه‌وه بۆ "نه‌رم"كردنی ئه‌م هه‌ڵویستانه، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم و بڕیاربه‌ده‌ستانی ئه‌م هه‌رێمه، هه‌ر دوو شێوه دیپلۆماسییه‌ت به‌كار بێنن: دیپلۆماسییه‌تی "خێرا" و دیپلۆماسییه‌تی "كارا".
دیپلۆماسییه‌تی خێرا
مه‌به‌ست له‌و جۆره دیپلۆماسییه‌ته ئه‌وه‌یه، كه له كاتی بوونی دۆخێكی نامۆ یاخود ڕه‌وشێكی نه‌خوازراودا، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن خێرا ئه‌و ڕه‌وشه به "ئامرازی ئاشته‌وایی" و له ڕێی "دانوستاندن"ه‌وه ده‌سته‌سه‌ر كه‌ن. بۆیه له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێش ڕێكه‌وتی ڕیفراندۆم به‌زوویی، شاندێكی دیپلۆماسی له ئاستێكی به‌رز به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بنێرێت بۆ توركیا و ئێران، تا خێرا هه‌وڵ بدات پرسی ڕیفراندۆم بۆ به‌رپرسانی ئێران و توركیا له ڕێی دیالۆگ و دانوستاندنه‌وه بخاته به‌ر باس و لێكتێگه‌یشتن؛ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرسه له لایه‌ن توركیا و ئێرانه چیتر به‌ناحاڵی نه‌مێنێته‌وه. بۆ حاڵیكردنی هه‌ر دوو وڵات له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسه، پێویسته شاندی دیپلۆماسیی هه‌رێم نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته بڕه‌وێنێته‌وه كه، "ڕیفراندۆم" به هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و قووڵاییی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له ناوچه‌كه‌دا دروست ناكات.
دیپلۆماسییه‌تی كارا
دیپلۆماسییه‌تی كارا وه‌ها پێناسه كراوه: ڕه‌وشێك كه بووه‌ته مایه‌ی ناكۆكیی نێوان چه‌ند لایه‌نێك، به‌ڵام له شێوه‌ی "ڕێككه‌وتن" له نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌دا چاره‌سه‌ر بكرێت. ئه‌ركی دیپلۆماسییه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه، كه هه‌وڵ بدات له ڕێی ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ دروستكه‌رانی بڕیار له ئانكارا و تاران له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان، ڕێك كه‌ون. ده‌بێت له‌م ڕێككه‌وتنه‌دا به‌ڕوونی له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێك كه‌ون كه دروستبوونی یه‌كه‌یه‌كی سیاسی به ناوی ده‌وڵه‌تی كوردستان، هه‌رگیز ده‌وڵه‌تێك نابێت كه دژایه‌تیی توركیا و ئێران بكات. هه‌روه‌ها هه‌رگیز ده‌وڵه‌تی كوردستان له باشوور له‌ژێر هه‌ر دۆخێك‌دا، به مه‌به‌ستی پشتیوانیكردن له كورده‌كان ده‌ست ناخاته نێو كاروباری ئه‌و دوو وڵاته‌وه.
به گوزارشتێكی دیكه، ده‌وڵه‌تی باشووری كوردستان ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌ییی كلاسیكی هاوشێوه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه به ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی دروست بوون، نابێت، به‌ڵكوو ناسنامه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته، گوزارشت ده‌بێت له سروشت و تایبه‌ته‌مه‌ندییه‌كانی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان، كه فره‌لایه‌نییه. ئه‌و ڕێككه‌وتننامه سیاسییانه‌ی كه وه‌ك ئه‌ركی دیپلۆماسیی هه‌رێمی كوردستان خستمانه ڕوو، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌ئه‌رێنیكردنی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و دوو وڵاته، به‌تایبه‌تی توركیا له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆییی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، دروست ده‌كات، هه‌روه‌ك چۆن ڕێككه‌وتننامه بازرگانی و ئابوورییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوبراو كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنیی له‌سه‌ر ڕوانگه و تێڕوانینی دروستكه‌رانی بڕیار له‌و وڵاتانه له‌سه‌ر به‌سه‌ربه‌خۆییكردنی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان دروست كرد.
كۆتایی
ده‌بێت هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان، په‌له بكه‌ن له دروستكردنی شانده‌كان له ئه‌نجومه‌نی باڵای ڕیفراندۆم، تا بتوانن دیپلۆماسییه‌تێك پیاده بكه‌ن كه له‌سه‌ر بنه‌مای خێرایی و كارایی، كاره‌كانیان ڕاپه‌ڕێنن، چونكه بارودۆخ و سیاسه‌تی هه‌رێمی له ته‌شه‌نه‌دایه و، هێدی هێدی ئه‌و سیاسه‌ته ڕووه‌و هه‌رێمی كوردستان گرژ ده‌بێته‌وه. له‌و سۆنگه‌یه‌وه، به‌فیڕۆدانی كات له به‌رژه‌وه‌ندیی خواسته نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی باشووری كوردستان نییه، به‌و پێیه‌ی كه خاوكردنی ئه‌و گرژییه سیاسییه‌ی توركیا و ئێران، خێرایی، كارایی و ڕۆڵی دیپلۆماسییه‌تی هه‌رێمی گه‌ره‌كه.