دەروازە:
لە ڕێكەوتی 12ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسای ژمارە (45)ی هەمواركراوی ساڵی 2013 بەڕێوە چووە و، یاسا هەمواركراوەكەیش سیستهمی هەڵبژاردنی ئەو ئەنجومەنەی بە "لیستی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی" دیاری كردووە، كە گۆڕینی دەنگ بۆ كورسی تێیدا بە شێوازی "سانتلیگۆ"ی هەمواركراوە. لەم ڕێكهوتە بەدواوە زۆرترین قسە و باس و ڕەخنەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنەكە، لەسەر دابەشكردنی دەنگی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانە بەسەر حزب و لایەن و كاندیدە براوەكانی هەڵبژاردن. ئێمەیش لەم سەروبەندەدا و، لە دووتوێی ئەم وتارە شیكارییەدا، دەمانەوێت تیشكێك بخەینە سەر یاسای هەڵبژاردن لە عێراقی نوێ و، گۆڕینی دەنگی هاونیشتمانی بۆ كورسیی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەپێی شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو و، دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر كاندیدەكان و "كۆتا"ی ئافرەت.
یاسای هەڵبژاردن لە عێراقی نوێدا:
هەڵبژاردن لە عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێم بە چەند قۆناغێكدا تێ پەڕیوە. سەرەتا لە یاسای دەسەڵاتی هاوپەیمانان لە 2005 هەموو عێراق وەك یەك بازنەی هەڵبژاردن حساب كرابوو و، ژمارەی كورسییەكانی كۆمەڵەی نیشتمانی 275 كورسی بوو، كە 230 كورسی بە شێوەی كێبڕكێ پڕ دەكرایەوە و، 40 كورسییش بە سیستەمی (هەیر/Hare quota) دابەش دەكرا.
بەڵام لە یەكەم گۆڕانگاری و هەمواری یاسای هەڵبژاردندا لە ساڵی 2009، سیستەمەكە لە یەكبازنەیییەوە گۆڕا بۆ فرەبازنەیی و، عێراق بوو بە 18 بازنەی هەڵبژاردن بەگوێرەی ژمارەی پارێزگهكان. واتە كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دابەشی سەر پارێزگهكان كرا و، هەر پارێزگهیەك ژمارەیەك كورسیی بەركەوت كە لیستەكانی ئەو پارێزگهیانە تەنیا لەسەر ئەو ژمارە كورسییەی پارێزگهكەی خۆیان كێبركێ دەكەن و، لەم یەكەم هەموارەدا كۆی گشتیی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش كرا بە 325 كورسی. دیسانەوە لە ساڵی 2013 گۆڕانكارییەكی دیكه لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ڕووی دا، كە سیستەمی دابەشكردنی كورسییەكان كرا بە "شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو 1,6" و، ژمارەی كورسییەكانیش بوو بە 329 كورسی.
كۆتا هەمواركردن كە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كرا، ساڵی ڕابردوو(2017) بوو، كە سەرەڕای بەلیكترۆنیكردنی هەژماركردنی دەنگدان بوو. دوو بابەتی تریش زیاد كرا: سیستەمی سانتلیگۆی هەمواركراو، كرا بە 1,7 و، كورسییەكانی ئەو ئەنجومەنەیش كرا بە 329 كورسی؛ بە جۆرێك یەك كورسی بۆ كۆتای كوردی فەیلی زیاد كرا.
سانتلیگۆ و سانتلیگۆی هەمواركراو:
سانتلیگۆ لە بنەڕەتدا هاوكێشەیەكی بیركارییە< كە بیرمەندی فەڕەنسی "ئەندریە سانتلیگۆ"Jean) André Sainte-Laguë) داهێنەرێتی، بریتییە لەوەی كە كورسییەكان ڕاستەوخۆ بەپێی دەنگی لیستەكان دابەشی سەر لیستەكان ناكرێت، بەڵكوو دەنگی دروستی لیست و قەوارەكان دابەشی سەر ژمارە تاكەكانی (1 و 3 و 5 و 7 و 9 و 11 و هتد) دەكرێت و، پاشان كورسییەكان لە گەورەترین ژمارەوە بۆ بچووكترین ژمارە دابەشی سەر لیستەكان دەكرێت.
شێوازی سانتلیگۆ لە ڕووی مێژوویییەوە بۆ یەكەم جار لە هەڵبژاردنی ساڵی 1951ی نەرویج و سویددا بەكار هات و، بۆ یەكەم جاریش لە هەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2013ی ئەنجومەنی پارێزگهكانی عێراقدا تاقی كرایەوە. ئامانج لە دامەرزاندنی سیستەمی سانتلیگۆ چارەسەركردنی كێشەی سیستەمەكانی تر بوون؛ بە جۆرێك شارەزایان دەڵێن ئەو سیستەمە زۆر لە دادگەرییەوە نزیكە، ئەگەرچی ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگیرێت كە زیاتر لە بەرژەوەندیی حزبە گەورەكاندایە. سیستەمی سانتلیگۆ ڕێگر نییە لەوەی وڵات یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت یان فرەبازنە بێت، یان هەر ویلایەت و پارێزگهیەك بازنەیەك بن؛ جگە لەمە كێشەی لەگەڵ لیستی داخراو و لیستی كراوەی حزبە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن نییە.
سانتلیگۆی هەمواركراو:
جیاوازیی نێوان شێوازی سانتلیگۆ و، شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو لەوەدایە لە بری ئەوەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە (1)دا دابەش بكرێت، بەسەر ژمارە (1)ی تەواو و كەرتێكدا دابەش دەكرێت، وەك: (1,4) ، (1,6) یان (1,7). بۆ نموونە ئەو كەرتە لە وڵاتی سوید و نەرویجدا (1,4)ە. لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نیسانی 2014دا ئەو كەرتە (1,6) بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بۆتە (1,7). كەواتە وەختێك لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بمانەوێت دەنگە دروستەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویستە لە سەرەتاوە دەنگە دروستەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابەشی (1,7) بكەین؛ ئەوسا دوای ئەوە دابەشی هەر یەك لە ژمارەكانی (3، 5، 7، 9، 11)یان بكەین.
جیاوازییەكە ئەوەیە كە لە سانتلیگۆی هەمواركراودا هەتا پۆینتی ژمارە یەك زیاتر بێت، ژمارەی یەكەمی لیستەكان بچووكتر دەبێت؛ هەروەها ئەم سیستەمە لە سوود و بەرژەوەندیی لیستە گەورەكانە و لە زیانی لیستە بچووكەكانە. بۆ تێگەیشتنی زیاتر، با هەمان نموونەكەی پێشتر بەسەر سانتلیگۆی هەمواركراودا تاقی بكەینەوە، تا بزانین ئەنجامەكە چیی لێ دێت و جیاوازیی ئەنجامەكانیان چەندە؟
نموونە لەسەر شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو:
قەبارەی بازنەی هەڵبژاردن: دوازدە نوێنەر/ كورسی
كۆی ژمارەی دەنگدەران: 330,000 دەنگدەر
حزب و قەوارەی بەشدار بوو: پێنچ لیست
دەنگی لیست و قەوارەكان بەم جۆرەیە:
قەوارەی (A): 40,000 دەنگی بەدەست هێناوە.
قەوارەی (B): 75,000 دەنگی بەدەست هێناوە.
قەوارەی (C): 32,000 دەنگی بەدەست هێناوە.
قەوارەی (D): 120,000 دەنگی بەدەست هێناوە.
قەوارەی (E): 63,000 دەنگی بەدەست هێناوە.
قەوارەكان |
ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە |
دابەشكردن بەسەر (1,7) |
دابەشكردن بەسەر (3) |
دابەشكردن بەسەر (5) |
دابەشكردن بەسەر (7) |
دابەشكردن بەسەر (9) |
دابەشكردن بەسەر (11) |
كورسیی براوەی قەوارە سیاسییەكان |
قەوارەی (A) |
40,000 |
23,529 |
13,333 |
8,000 |
5,714 |
4,444 |
3,636 |
1 كورسی |
قەوارەی (B) |
75,000 |
44،117 |
25،000 |
15,000 |
10،714 |
8,333 |
6,909 |
3 كورسی |
قەوارەی (C) |
32,000 |
18,823 |
10,666 |
6,400 |
4,571 |
3,555 |
2,909 |
1 كورسی |
قەوارەی (D) |
120,000 |
70,588 |
40,000 |
24,000 |
17,142 |
13,340 |
10,909 |
5 كورسی |
قەوارەی (E) |
63,000 |
37,058 |
21,000 |
12,500 |
9,000 |
7,000 |
5,727 |
2 كورسی |
كۆی گشتی |
330,000 |
|
|
|
|
|
|
12 كورسی |
ببینن خانە زەردەكانی ناو خشتەكە 12 كورسییە براوەكەی ناو بازنەی هەڵبژاردنەكە دیاری دەكات، كە لە زۆرترین ژمارەی دەنگی قەوارەكانەوە دەست پێ دەكات بۆ كەمترین ژمارەی دەنگ. ئەگەر سەیری ئەنجامەكانی ئەم خشتەیە بكەین، كە شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراوی تێدا گیراوەتە بەر، دەبینین ئەنجامی ئەو كورسییانەی بەر قەوارە سیاسییەكان كەوتوون جیاوازن و، نرخی كورسییەك بۆ كورسییەكی دیكە جیاوازە. بەم جۆرە دەبینین قەوارەی (D) وەك قەوارەیەكی گەورە بە (120,000) دەنگەوە پێنچ كورسیی بردۆتەوە و، قەوارەی (B) بە (75,000) دەنگەوە سێ كورسیی بردۆتەوە و، بەڵام قەوارەی (E)، وەك قەوارەیەكی مامناوەند، بە (63,000) دەنگ دوو كورسیی بردۆتەوە و، هەر یەكە لە قەوارەی (A) بە (40,000) دەنگ و، قەوارەی (C) بە (32,000) دەنگ، وەك دوو قەوارەی بچووك بە شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو تەنیا یەك كورسییان بردۆتەوە بۆ هەر یەكێكیان.
دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر كاندیدە براوەكاندا:
دوای ئەوەی هەر لیستێك بەپێی ڕێژەی دەنگی خۆی كورسیی بەركەوت، ئیتر پێوەرێكی تر هەیە بۆ دابەشكردنی كورسییەكانی لیستەكە بەسەر كاندیدەكانیدا، ئەویش بەم جۆرە:
كۆتای ئافرەت:
بەپێی ماددەی 49 لە دەستووری عێراق، پێویستە 25%ی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژن بن؛ كەواتە پێویستە لە كۆی (329) ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (83) كەسیان ئافرەت بێت. چەسپاندنی ئەم ڕێژەیەیش لە ڕێگەی هاوكێشەیەكی دیاریكراوەوە دەبێت كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ڕێگەی پەیڕەوی ژمارە (12)وە دیاری كردووە و بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
- ژمارەی كورسییەكانی هەر لیستێك دابەشی ژمارە 3 دەكرێت. ئەو ژمارەیەی كە دەردەچێت، یەكسانە بە ژمارەی ئەو ژنانەی كە لەو لیستەدا دەبنە خاوەن كورسی.
- ئەگەر ژنێك بە مافی خۆی (بەبێ كۆتا) كورسیی هێنابوو، ئەوا لەو ژمارەیە دەردەكرێت و كەم دەكرێتەوە.
- لە دوای هەر 2 پیاو، ژنێك دادەنرێت.
- ئەگەر بەم شێوەیەیش نەتوانرا كۆتای ئافرەت مسۆگەر بكرێت، ئەوا ئەو لیستانەی كە 2 كورسییان هێناوە یەكێكیان دەدرێت بە ئافرەت.
- ئەگەر بەم شێوەیەیش نەتوانرا كۆتای ژنان مسۆگەر بكرێت، ئەوا ئەو لیستانەی كە تەنیا یەك كورسییان هێناوە دەدرێت بە ئافرەت.
كۆتایی:
شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو بۆ گۆڕینی دەنگی قەوارەكان بۆ كورسیی ئەنجومەنی نوێنەران، ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆری شارەزایانی بواری هەڵبژاردن بۆتەوە، چونكە بەكارهێنانی ئەم ڕێگەیە لە بەرژەوەندیی حزبە گەورەكانە و، حزبە بچووكەكان لەناو دەبات. بە واتایەكی تر، ئەو قەوارەیەی ئەگەری هەیە لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا یەك كورسی بەدەست بهێینێت، بەم ڕێگهیە توانای بەدەسهێنانی كورسیی نامێنێت. لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان حزبە سیاسییەكان زیاتر دابەش بوون و، چەندین قەوارەی نوێیش سەری هەڵداوە. بەوەیش دەنگەكان زیار تووشی پەرتبوون دەبن و، بە جێبەجێكردنی سانتلیگۆی هەمواركراویش مەترسییە بۆ ئەو قەوارانەی توانای بەدەستهێنانی یەك كورسییان هەیە لە بازنەیەكی دیاریكراودا و، لە هەمان كاتیشدا لە بەرژەوەندیی ئەو قەوارانەیە كە لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا بەهێزن و توانای بەدەستهێنانی سەروو یەك كورسییان هەیە. لێرەیشەوە دەردەكەوێت، كە چەندە بەدەستهێنانی دەنگ لە لایەن قەوارەكانەوە بۆ بردنەوەی كورسی گرنگە، هێندەیش گۆڕینی دەنگەكان بۆ كورسی، كاریگەریی لەسەر پێگەی ئەو قەوارەیە هەیە كە بەشداریی هەڵبژاردنی كردووە.