ڕووسیا كاتێك له ساڵی 2015 به شێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له ده‌روازه‌ی سووریاوه دێته نێو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، خه‌ونی له‌مێژینه‌ی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی جاران دێنێته دی؛ كاتێك كه ئه‌و وڵاته ناتوانێت له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له ده‌رگه‌ی توركیاوه بخزێته نێو ئه‌و ده‌ڤه‌ره. ڕووسیا به هۆی دوو بگۆڕه‌وه، توانیی ستراتیژییه‌تی چۆنێتیی هاتنه نێو ده‌ڤه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌ڵاڵه بكات. له ساڵی 2011 به‌دواوه، ساڵێكی ئاسایی نه‌بوو له ساڵنامه‌ی گه‌لانی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌تی بۆ گه‌لانی عه‌ره‌ب له‌و ناوچه‌یه.
بگۆڕی به‌هاری عه‌ره‌بی، یه‌كێك بوو له گرنكترین ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه ڕژێمه سیاسییه‌كانی له ناوچه‌كه تووشی شۆكێكی سیاسیی گه‌وره كرد؛ كاتێك كه وه‌ك "پوولی دۆمینۆ"، ئه‌و ڕژێمانه، یه‌ك له دوای یه‌ك به هۆی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه‌وه ده‌كه‌وتن. له لایه‌كی تریشه‌وه بگۆڕی داعش، یه‌كێك بوو له گرنكترین ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه هاوكێشه‌كانی هێز و، هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كانی له ناوچه‌كه‌دا گۆڕی؛ به شێوه‌یه‌ك كه به هۆی ئه‌و بگۆڕه‌وه ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان (Non State Actors) یاخود ئه‌كته‌ره نافه‌رمییه‌كان، بوون به‌شێك له‌و هاوكێشه نوێیانه.
ئه‌م گۆڕانكارییه له بونیادی سیاسی و بونیادی هێز له ناوچه‌كه، ده‌رفه‌تێكی ئه‌وتۆی هێنایه به‌رده‌ستی دروستكه‌رانی بڕیار له ڕووسیا كه له ئیداره‌دانی ئه‌و ڕووداوانه، به‌دوای ڕۆڵی سه‌ره‌كیدا بگه‌ڕێن. كه‌وابێ ڕووسیا ئێستا له پاڵ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی له‌و ده‌ڤه‌ره، هاوكات ڕۆڵێكی سه‌ره‌كییش ده‌بێنێت وه‌ك هێزێكی گه‌وره له ئیداره‌دانی مه‌له‌فه‌كانی سووریا، لیبیا، یه‌مه‌ن و داعش.
ئامانجه‌كانی ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
"مه‌كیندێر"، پسپۆری به‌ناوبانگی بواری جیۆپۆلیتیك، پێ وایه كه "جوگرافیای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌رگه‌یه‌یكی گرنگه بۆ ناسینی بایه‌خی جیۆپۆلیتیكی ناوچه‌كه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا." یه‌كێك له گرنكترین ئامانجه‌كانی ڕووسیا له‌و ده‌ڤه‌ره، بریتی بوو له گه‌یشتنی به ئاوه گه‌رمه‌كان. به گه‌یشتنی ئه‌و وڵاته به ده‌ریای "سپیی ناوه‌ڕاست" كێشه‌ی جیۆپۆلیتیكی، كه كێشه‌یه‌كی جیۆستراتیژیی مێژووییی ڕووسیا بوو، چاره‌سه‌ر كرا. هه‌رچی ئامانجه ستراتیژییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌یشه له‌و ده‌ڤه‌ره، ئه‌وا ئاماده‌ییی ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له ده‌رگه‌ی سووریاوه، بۆ ئه‌وه‌یه كه ئه‌و وڵاته به‌دوای به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێت وه‌ك هێزێكی نێوده‌وڵه‌تی.
ئه‌و وڵاته پێی وایه، "سووریا" بۆته مه‌یدانی ململانێی نێوده‌وڵه‌تی؛ هه‌ر هێزێك بتوانێت ئه‌و ململانێیه یه‌كلایی بكاته‌وه، ئه‌وا دواجار ده‌توانێت كاریگه‌ری بكاته سه‌ر هاوكێشه سیاسییه‌كان له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. سه‌رباری ئه‌و ئامانجانه‌ی كه ئاماژه‌ما‌ن پێ كرد، هاوكات ڕووسیا چه‌ندین ئامانجی ئه‌منی، ئابووری و پیشه‌سازییشی له‌و ده‌ڤه‌ره هه‌یه.
به‌شداریكردنی ڕووسیا له جه‌نگی دژی داعش له سووریا، زێتر بۆ ئه‌وه بوو كه به‌رژه‌وه‌ندییه ئه‌منی و ستراتیژییه‌كانی بپارێزێت و، نه‌هێڵێت بكه‌وێته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی گرووپه تیرۆریستییه‌كان؛ به‌تایبه‌تی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی كه ده‌كه‌ونه نێو سنووره ئاوییه‌كانی سووریا له ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست، وه‌ك: بنكه‌ی سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته له "حه‌میم". هه‌روه‌ها بازاڕه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به یه‌كێك له گرنكترین ئه‌و بازاڕانه ئه‌ژمار ده‌كرێت كه زۆرترین چه‌كی ڕووسیی تێدا ساغ ده‌كرێته‌وه؛ ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ئه‌و وڵاته له هه‌نارده‌كردنی پیشه‌سازیی وزه بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره، پێشه‌نگه.
هه‌رێمی كوردستان و ڕووسیای فیدراڵ
هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی فه‌رمیی له‌گه‌ڵ ڕووسیای فیدراڵ‌دا هه‌یه. به دیوێكی دیكه، وه‌ك هه‌رێمێك و قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵی‌دا كه "عێراق"ه، ڕووسیا به‌فه‌رمی، دانی به قه‌واره‌ی باشووری كوردستاندا ناوه. له‌و سۆنگه‌یه‌وه، ئه‌و په‌یوه‌ندییه فه‌رمییه كه له‌و فۆرمه دیپلۆماسییه‌دا خۆی نواندووه، به هه‌بوونی نوێنه‌ری هه‌ر دوو لا له پایته‌خته‌كانی "مۆسكۆ" و "هه‌ولێر"، گوزارشته له بوونی ئاستێكی پێشكه‌وتوو له په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نانه بۆ قۆناغی ئێسته‌ی خه‌باتی سیاسی و دیپلۆماسیی باشووری كوردستان. وه‌لێ، ئه‌مه نابێت كۆتا خواستی دیپلۆماسی بێت كه دروستكه‌رانی بڕیار له هه‌ولێر، بۆ هه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی دوولایه‌نه، له دروستكه‌رانی بڕیار له مۆسكۆ داوای بكه‌ن، به‌ڵكوو پێویسته هه‌ولێر له به‌رجه‌سته بوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ مۆسكۆدا داوای پێشڤه‌چوونی زێتر بكات، چونكه شێوه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له ڕووی سیاسی و ئیدارییه‌وه له قۆناغی سه‌ربه‌خۆدا، به به‌راورد به ئێستا جیاواز ده‌بێت. هه‌روه‌ها قۆناغی داهاتووی تیكۆشانی سیاسی و خواسته نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی گه‌لی باشووری كوردستان، جیاوازه له قۆناغی پێشوو. به دیوێكی دیكه، ئه‌گه‌ر له قۆناغی ڕابردوودا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێرو مۆسكۆ ته‌نیا له په‌یوه‌ندیی ئابووری و كه‌لتووریدا كورت كرابێته‌وه، ئه‌وا بۆ داهاتوو، پێویسته په‌یوه‌ندییه ئابووریی و كه‌لتوورییه‌كان بگوازێنه‌وه بۆ په‌یوه‌ندیی سیاسی و دیپلۆماسی.
سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕووسیا
كاتێك كه ڕووسیا پشتیوانیی له ڕژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د كرد بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێت، كه ته‌نیا 25%ی خاكی سووریای به‌ده‌سته‌وه مابوو، له‌به‌ر خاتری چاوی كاڵی "به‌شار ئه‌سه‌د" نه‌بوو، به‌ڵكوو له‌به‌ر ئه‌وه بوو كه ناوبراو وه‌ك لایه‌نی فه‌رمانڕه‌وا له سووریا، نوێنه‌رایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕووسیای ده‌كرد؛ كه تا ئێسته بۆ ڕووسیا ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌و ڕژێمه‌ی سووریا بۆ پاراستنی به‌رژوه‌ندییه‌كانی له‌و وڵاته نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه و به‌پێی "میتۆدی پراگماتیزم" له زانسته سیاسییه‌كاندا بۆ دیاریكرنی هه‌ڵسوكه‌وتی دروستكه‌رانی بڕیار، ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه كه فاكته‌ری به‌رژه‌وه‌ندی له پاڵ فاكته‌ری بارودۆخ یاخود هه‌لومه‌رج، ته‌نیا فاكته‌رن كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئاراسته‌كردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان هه‌یه، بۆ هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له هه‌مبه‌ر پرسه ستراتیژی، ئه‌منی و سیاسییه‌كان.
كه‌وابێ، بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتێكی وه‌ك ڕووسیا كه خاوه‌ن نفووز و هێزه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌روه‌ها ئه‌ندامی هه‌میشه‌ییی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه، دان به سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستاندا بنێت، نابێت ناوه‌ندی بڕیار له هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕیی هه‌ڵوێستێكی "خێرخوازی" بكات له مۆسكۆ، به‌ڵكوو پێویسته زه‌مینه‌ی به‌رجه‌سته‌بوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و وڵاته له‌نێو خاكی باشووری كوردستان فه‌راهه‌م بكرێت، تا مۆسكۆ بڕیاری سیاسیی ئه‌رێنی له‌باره‌ی پرسی سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان بدات. بۆ ئه‌رێكردنی هه‌ڵوێستی مۆسكۆ له‌باره‌ی پرسی سه‌ربه‌خۆییی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان، پێویسته دروستكه‌رانی بڕیار له هه‌ولێر دوو پرسیار بخه‌نه ڕوو: یه‌ك/ ئایه پێویستییه‌كانی مۆسكۆ له باشووری كوردستان چین؟ دوو/ ئایه چۆن و به چ میكانیزمێك، ئه‌و پێویستییانه‌ی دابین ده‌كرێت؟
گرێبه‌سته‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای "ڕۆسنه‌فت"ی ڕووسی، چه‌ند مانگێك پێش ئێستا، هه‌نگاوێكی گه‌وره و ستراتیژی بوو، به ئاراسته‌ی ئه‌وه‌ی كه مۆسكۆ له دۆزینه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له بواری وزه‌ی باشووری كوردستان، به‌رچاوی ڕوون بێت. وه‌لێ ته‌نیا ئه‌و هه‌نگاوه به‌س نییه بۆ گه‌ڵاله‌كردنی ئه‌و به‌رچاوڕوونییه، چونكه هه‌رێمی كوردستان جگه له بواری وزه، ده‌توانێت بایه‌خی ناوه‌ندی بڕیار له مۆسكۆ بۆ ئه‌وه‌یش باڵكێش كات، كه ده‌كرێت جیۆپۆلیتیكی باشووری كوردستان بۆ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاته له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سوودبه‌خش بێت؛ به‌و پێیه‌ی كه باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ سێ وڵاتی ناوچه‌یی هاوسنووره.
هه‌ره‌وه‌ها پێویسته هه‌وڵ بدرێت سه‌رمایه‌دارانی ڕووسی، سه‌رمایه‌ی خۆیان له كوردستان له بواره جیاجیاكاندا وه‌گه‌ڕ خه‌ن. له‌و ڕووه‌وه كۆمپانیا ڕووسییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان بانگهێشت بكرێن، تا به كه‌شوهه‌وا و یاساكانی سه‌رمایه‌گوزاری له‌و هه‌رێمه ئاشنا بن. بۆ ئه‌وه‌یش ئه‌و هه‌وڵه سه‌ر كه‌وێت، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌رمایه‌داره‌كانی ئه‌و وڵاته ئاسانكاری بكات؛ به شێوه‌یه‌ك كه زێتر له قازانجی ئه‌وان بێت. له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، ده‌كرێت بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێی ساخكردنه‌وه‌ی كاڵاكانی ڕووسی بێت، به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی پیشه‌سازی و وزه، كاره‌با، ئاسن و چه‌ندین كانزای تر، هه‌روه‌ها له چه‌ند جۆری خوارده‌مه‌نی و به‌روبوومه ئاژه‌ڵداری و كشتوكاڵییه‌كان.
له‌مه‌یش گرنكتر، پێویسته سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ڕووسیا له ناوچه‌كه به‌گشتی یه‌كانگیر بكرێت. هه‌روه‌ها پێویسته سه‌ركردایه‌تیی كورد بیر له دروستكردنی لۆبی بكاته‌وه؛ به‌تایبه‌تی سوود له دیاسپۆرای كوردی وه‌رگرێت. هه‌روه‌ها پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندیی كه‌سی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سایه‌تییانه دروست بكات كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ناوه‌ندی دروستكردنی بڕیار له ڕووسیا هه‌یه، یاخود ئه‌و كه‌سانه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی ڕووسیا خاوه‌ن نفووزن؛ تا ئه‌وانیش له لای خۆیانه‌وه له ئه‌رێكردنی هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاته‌ی خۆیان بۆ سه‌ربه‌خۆییكردنی باشووری كوردستاندا ڕۆڵی لۆبی بگێڕن.