خستنه‌ڕووی پرس
به‌و پێیه‌ی كه باشووری كوردستان به‌ره‌و پرسی سه‌ربه‌خۆیی، كه له‌ڕادده‌به‌ده‌ر چاره‌نووسسازه، هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت، له ئێستادا زۆربه‌ی ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كان و ناوه‌نده‌كانی بڕیار له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی، چاویان خستۆته سه‌ر ڕووداوه مه‌زن و چاوه‌ڕوانه‌كه‌ی باشووری كوردستان كه "ڕیفراندۆم"ه.
سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان، وه‌ك یه‌كێك له ده‌رهاوێشته‌كانی قۆناغی دوای "داعش"، ده‌بێته دوایه‌مین ڕووداوه مێژوویییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه، هه‌زاره‌ی سێیه‌م ده‌بێته هه‌زاره‌ی كوردی_ كوردستانی، چونكه له‌دایكبوونی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی به ناوی "كوردستان"، ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه گه‌لی كورد له باشووری كوردستان بتوانێت پیاده‌ی مافه سه‌روه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر زه‌وی و ئاسمانی خۆی بكات. ته‌نانه‌ت كورد له ئه‌كته‌رێكی نافه‌رمی، ده‌بێته ئه‌كته‌رێكی فه‌رمی و، هه‌روه‌ها باشووری كوردستان ده‌بێته خاوه‌ن ڕۆڵی سیاسی، له بری ڕۆڵی ئیداری، كه له چوارچێوه‌ی عێراقێكی به‌ناو "فیدراڵ" پیاده‌ی ده‌كرد.
دوای سه‌ربه‌خۆبوونی باشوور، ئیتر گه‌لی كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستان، كۆتایی به بزاڤی ناسیۆنالیستیی خۆی ده‌هێنێت؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی "سه‌ربه‌خۆیی"، دوا وێستگه و دوا ئامانجه، كه كاروانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی كورد پێی ده‌گات. بێ گومان ئه‌و پرسه ڕووبه‌رێكی فراوان له سیاسه‌تی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیدا داگیر ده‌كات. بۆیه له‌و وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه تیشك بخه‌ینه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، وڵاتان چۆن ده‌ڕواننه ئه‌و پرسه؟ ئاخۆ هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی ئه‌و وڵاتانه له هه‌مبه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان چی ده‌بێت؟
سیاسه‌تی هه‌رێمی
به‌و پێیه‌ی كه باشووری كوردستان له ڕووی جوگرافیاوه ده‌كه‌وێته نێوان سنووری چوار وڵات (عێراق، توركیا، ئێران و سووریا)، ده‌كرێت بڵێین ئه‌مه یه‌كێكه له ئاسته‌نگه جیۆپۆلیتیكه‌كانی په‌یوه‌ست به سه‌ربه‌خۆبوونی باشوور. به دیوێكی تر، تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ژینگه‌ی هه‌رێمی له ڕووی جوگرافیاوه له هه‌مبه‌ر داخوازیی هه‌نۆكه‌ییی گه‌لی كوردستان له باشوور، كاریگه‌ریی نه‌رێنی له به‌رده‌م پڕۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆییدا دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام ناتوانن پڕۆسه‌كه له‌بار ببه‌ن. له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه، هه‌ر دوو وڵاتی توركیا و ئێران به مه‌به‌ستی ئاسته‌نگخستنه به‌رده‌م پڕۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی، له قۆناغی دوای ڕیفراندۆم هه‌وڵ ده‌ده‌ن سێ جۆر سیاسه‌ت پیاده بكه‌ن: "سیاسه‌تی ده‌وره‌دان"، "سیاسه‌تی تۆقاندن" و، هه‌روه‌ها "سیاسه‌تی په‌رته‌وازه‌كردن" بۆ په‌رته‌وازه‌كردنی هێزه كوردییه‌كانی باشوور. به‌ڵام هه‌رگیز بیر له‌وه ناكه‌نه‌وه كه ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له دۆخی ناوخۆی كوردستان بكه‌ن، چونكه ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه له سیسته‌می ئاسایشی ناوچه‌كه؛ به تێكچوونی باری ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، ئاسایشی ناوچه‌كه‌یش ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. جگه له‌مه‌یش، به هیچ شێوه‌یه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌رفه‌ت نادات ئه‌و دوو وڵاته هێرشی سه‌ربازی بكه‌نه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، چونكه ئه‌مه پێشێلكارییه‌كی مه‌زنی بنه‌ما و ڕێساكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و، به‌ڵێننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێكی له‌م چه‌شنه له لایه‌ن وڵاتانی ناوبراو بێته ئاراوه، ئه‌وا دۆستانی هه‌رێمی كوردستان له وڵاته ئه‌وروپییه‌كان و، ته‌نانه‌ت وڵاتانی ناوچه‌كه‌یش، وه‌ك ئیسڕائیل و سعوودیا، به مه‌به‌ستی هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له دژی ئه‌و كرده‌وه سه‌ربازییه، دێنێته سه‌ر خه‌ت.
توركیا و ئێران ڕه‌نگه له ده‌سپێكی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی په‌نابردنه به‌ر "سیاسه‌تی ده‌وره‌دان" بكه‌ن، به مه‌به‌ستی داخستنی زه‌وی و ئاسمان به ڕووی گه‌لی باشوور! ڕه‌نگه‌یش بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی وه‌ك تاكتیك به‌كاری بهێنن، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن به شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی و ستراتیژی، بۆ پیاده‌كردنی له دژی باشووری كوردستان بیر له‌و چه‌شه‌نه سیاسه‌ته بكه‌نه‌وه، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك: یه‌ك/ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی جیۆئابووری و بازرگانیی زۆروزه‌وه‌ندی ئه‌و دوو وڵاته له هه‌رێمی كوردستان. دوو/ به‌دیكردنی سیاسه‌تی ده‌وره‌دان و بنكۆڵكردنی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێته مایه‌ی برسیكردنی خه‌ڵكی كوردستان؛ له‌و سۆنگه‌یه‌وه هه‌رگیز كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ڕێگه ناده‌ن ئه‌و چه‌شه‌نه سیاسه‌ته له لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه پیاده بكرێت، وه‌ك چۆن ڕێگه‌یان نه‌دا ئه‌و چه‌شنه سیاسه‌ته له لایه‌ن حكوومه‌تی "به‌شار ئه‌سه‌د"ه‌وه له دژی گه‌له‌كه‌ی له شاره‌كانی حه‌له‌ب و ئيدلب پیاده بكرێت. هه‌مدیس ده‌وره‌دانی "قه‌ته‌ر"یش له لایه‌ن وڵاتانی ده‌وروبه‌ری قه‌ته‌ر، ده‌نگ و سه‌دا و ناڕازه‌ییی گه‌وره‌ی لێ كه‌وته‌وه. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا گوشارێكی زۆر خراوه‌ته سه‌ر وڵاتانی سعوودیا، ئیمارات و به‌حرێن، كه ده‌ست له‌و چه‌شنه سیاسه‌ته هه‌ڵگرن. سێ/ ئه‌زموونی حوكمڕانیی باشووری كوردستان له ماوه‌ی ساڵانی دوای 2005ه‌وه تاكوو ئێستا‌یش، سه‌لماندی كه به هیچ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر "ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی"ی ئه‌و وڵاتانه نه‌بووه. له‌و سۆنگه‌یه‌وه هه‌ر هه‌وڵێك به ئاراسته‌ی گۆشه‌گیركردن و ده‌وره‌دانی "باشووری كوردستان"، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه باشووری كوردستان ئێدی بۆ به‌رگریكردن له خۆی، كاریگه‌ریی نه‌رێنی بۆ سه‌ر "ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی"ی وڵاتانی ناوبراو بنوێنێت. ده‌یشكرێ له‌و نێوه‌نده‌یشدا، ده‌ستبردن بۆ جووڵاندنی كورد له هه‌ر دوو به‌شی باكوور و ڕۆژهه‌ڵات، یه‌كێك بێت له‌و ئامرازانه‌ی كه سه‌ركردایه‌تیی باشووری كوردستان، به مه‌به‌ستی تێكدانی باری ئاسایشی نێوخۆی وڵاتانی ناوبراو به‌كاریان بهێنێت.
یه‌كێكی تر له‌و سیاسه‌تانه‌ی كه ڕه‌نگه هه‌ر دوو پایته‌خت (ئانكارا، تاران) له دژی گه‌لی باشوور پیاده‌ی كه‌ن، بریتییه له "سیاسه‌تی تۆقاندن". پوخته‌ی ئه‌و سیاسه‌ته ئه‌وه‌یه كه به‌رپرسان و دروستكه‌رانی بڕیار له‌و وڵاتانه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ڕێی ئه‌و هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شانه‌ی، وه‌ك په‌یامی سیاسی و ڕۆژنامه‌وانی كه له زاری ئه‌وانه‌وه ده‌رده‌چێت، به مه‌به‌ستی ترساندن و تۆقاندنیان به گوێی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستاندا بچرپێنن. ئه‌و سیاسه‌ته، ڕه‌نگه كاریگه‌ری له‌سه‌ر لایه‌نی ده‌روونیی هاووڵاتیان به‌جێ بهێڵێت، به‌ڵام له‌سه‌ر پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی بڕیاربه‌ده‌ستانی باشوور له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی، كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نابێت، چونكه ئه‌و سیاسه‌ته هه‌ر به هه‌ڕه‌شه‌ی زاره‌كی ده‌مێنێته‌وه و، نابێته هه‌ڕه‌شه‌ی كرداری.
سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی
ژینگه‌ی نیوده‌وڵه‌تی به به‌راورد به ژینگه‌ی هه‌رێمی، فه‌راهه‌متر و له‌بارتره بۆ له‌ئامیزگرتن و دانپێدانان به پرسی سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان. به‌گشتی، ئه‌و ژینگه‌یه بۆ هه‌ڵسوكه‌وتكردن به‌رامبه‌ر به پرسی ئاماژه‌بۆكراو، سێ جۆر سیاسه‌ت له‌خۆ ده‌گرێت. له ئایینده‌دا له دوای قۆناغی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان، سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هه‌ڵوێستوه‌رگرتن به‌رامبه‌ر به‌و سه‌ربه‌خۆیییه، شێوه‌ی خۆی به‌ته‌واوی وه‌رده‌گرێت. سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بۆ گوزارشتكردن و هه‌ڵوێستوه‌رگرتن به‌رامبه‌ر به بابه‌تی سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان، زێتر له نێوان "سیاسه‌تی دیفاكتۆ"، "سیاسه‌تی كرانه‌وه" و "سیاسه‌تی خۆبه‌دوورگرتن"دا ده‌بێت.
سیاسه‌تی دیفاكتۆ ئه‌وه‌یه كه چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له‌و كاته‌ی كه باشووری كوردستان سه‌ربه‌خۆیی ڕاده‌گه‌یه‌نێت، وه‌ك هه‌یه و ڕووی داوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌لومه‌رجه ده‌كه‌ن. ئه‌و چه‌شه‌نه وڵاتانه نایانه‌وێ بۆ هه‌ڵوێستوه‌رگرتن، پێش ڕووداوه‌كه بكه‌ون، به‌ڵكوو چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن كه هه‌لومه‌رجه‌كه ڕوو بدات و ببێت به دیفاكتۆ، تا هێدی هێدی په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسیی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌واره سیاسییه نۆێیه ببه‌ستن و مامه‌ڵه‌ی فه‌رمیی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
ژینگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی، هه‌ر له دوای دامه‌زراندنی یه‌كه‌م كابینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 1992 تا ساڵی 2003، به‌پێی "سیاسه‌تی دیفاكتۆ" مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ قه‌واره‌یه‌كی ئیداری به ناوی "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان" كرد؛ به‌ڵام دوای ساڵی 2005، كاتێك كه به‌پێی ده‌ستووری نوێی عێراق، هه‌رێمی كوردستان چوارچێوه‌یه‌كی ده‌ستووری- فیدراڵی وه‌رده‌گرێت، ڕوانینی ژینگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییش به‌رامبه‌ر به پێگه‌ی یاسایی و فه‌رمیی هه‌رێمی كوردستان ده‌گۆڕێت. ئه‌م جۆره سیاسه‌ته، زێتر گوزارشته له سیاسه‌تی چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی وه‌ك: ئه‌ڵمانیا، بریتانیا، به‌لژیكا، سوید، دانیمارك و، چه‌ند وڵاتێكی دیكه له ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك: ڕووسیا.
سه‌باره‌ت به "سیاسه‌تی كرانه‌وه"، مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌ڵوێستی هێزگه‌لێكی سیاسی، په‌یوه‌ست به پرسی سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان جۆرێكه له تێگه‌یشتنی سیاسی به‌رامبه‌ر به‌م هه‌لومه‌رجه نوێیه؛ به جۆرێك كه ئاماده‌ن دان به‌م قه‌واره سیاسییه نوێیه‌دا بنێن. ئه‌م جۆره سیاسه‌ته له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئه‌زموونێكی سیاسی- ئیداری له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا جێی ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌و هێزانه بووه؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی داوه كه بنه‌ماكانی "ده‌وڵه‌تداری" له خۆیدا كۆ بكاته‌وه. هه‌روه‌ها پایه‌كان و كۆڵه‌كه‌كانی دیموكراسییش له سیسته‌می سیاسیی ئه‌و هه‌رێمه‌دا هه‌ن؛ ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه حوكمڕانی له‌و هه‌رێمه له‌سه‌ر بنه‌مای سێكیولاریزم و پلۆڕالیزمه.
خاڵێكی تر، بوونی په‌یوه‌ندیی بازرگانی، ئابووری و دیپلۆماسییه كه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، به هێزگه‌لێكی سیاسی ده‌به‌ستێته‌وه. له‌مه‌یش گرنگتر، هه‌بوونی هیزێكی بوێری وه‌ك "پێشمه‌رگه"یه، كه جۆرێك له ڕه‌وایه‌تیی نێوده‌وڵه‌تیی پێ دراوه؛ به‌و پێیه‌ی به‌شێكی گرنكه له هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی له دژی "داعش". ته‌نانه‌ت له ژینگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، هێزی "پێشمه‌رگه"ی كوردستان به‌و جۆره ناوزه‌د كراوه كه جگه له به‌رگریكردن له كورد، هاوكات به‌رگریی له ته‌واوی پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی كردووه. خاڵێكی تری گرنگ ئه‌وه‌یه كه، هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن هێزێكی ژێرزه‌مینیی گه‌وره‌یه له نه‌وت و گازی سروشتی، ته‌نانه‌ت چه‌ندین كانزای دیكه‌یش وه‌ك یۆرانیۆم. واته هه‌رێمی كوردستان به هۆی هێزی ژێرزه‌مینییه‌وه، بۆته به‌شێك له نه‌خشه‌ی جیۆوزه‌ی جیهانی.
سیاسه‌تی كرانه‌وه، زێتر گوزارشت ده‌بێت له سیاسه‌تی هه‌ر یه‌ك له وڵاتانی: ئه‌مریكا، فه‌ڕه‌نسا، هه‌نگاریا، ئیتاڵیا و چه‌ندین وڵاتی دیكه. ئه‌وه‌یشی كه په‌یوه‌ست بێت به "سیاسه‌تی خۆبه‌دوورگرتن"، كه مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه كه چه‌ند وڵاتێك، یان پرسی سه‌ربه‌خۆییی باشوور ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و له دژی ده‌وه‌ستنه‌وه، یان خۆیان بێده‌نگ ده‌كه‌ن و هیچ هه‌ڵوێستێك، نه به ئه‌رێنی و نه به نه‌رێنی، له به‌رامبه‌ر پرسی ناوبراو نانوێنن. ئه‌و جۆره سیاسه‌ته، زێتر گوزارشته له سیاسه‌تی وڵاتانی: چین، هیندستان، میسر، جه‌زائیر و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ی عه‌ره‌بی.
هۆكارگه‌لێكی سیاسی، ئه‌منی، ئابووری و جیۆپۆلیتیكی، وایان كردووه كه هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاتانه له‌مه‌ڕ پرسی سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان، له‌سه‌ر بنه‌مای "سیاسه‌تی خۆبه‌دوورگرتن" بێت و، ته‌نانه‌ت زێتر به ئاراسته‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی پرسه‌كه بێت.
كۆتایی
به درێژاییی مێژوو، هێنده‌ی ئێستا ژینگه‌ی ده‌ره‌وه له‌بار نه‌بووه بۆ پرسێكی گرنگی ستراتیژیی مێژوویی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام هێنده‌ی ئێستا‌یش ژینگه‌ی ناوخۆیش په‌رشوبڵاو و سست نه‌بووه بۆ ئه‌و پرسه. پرسی سه‌ربه‌خۆبوون، له كاتێكدا كه له فه‌رهه‌نگی تاكی كوردستان و فه‌رهه‌نگی شاعیران‌دا "خه‌ون" و "یۆتۆپیا" بوو، له ئێستادا له فه‌رهه‌نگی سیاسی و دیپلۆماسیدا "بوون" و "لۆژیك"ه.
ژینگه‌ی ده‌ره‌وه كاتێك كه بۆ ئۆتۆنۆمیستكردنی كوردستان ده‌ڕه‌خسێت، ده‌بێت ئه‌و ڕه‌خساندنه له لایه‌ن هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان به تێكڕای ئاراسته جیاوازه‌كان بقۆزرێته‌وه و، تێكڕای ئه‌و هێزانه بێنه به‌ره‌ی سه‌ربه‌خۆبوون؛ تا چیتر خه‌ونی پێوه نه‌بینین. هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی كه له‌و ژینگه‌یه ده‌ڕه‌خسێت به هۆی هه‌لومه‌رجێكی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه دروست ده‌بێت، هه‌روه‌ك به هۆی هه‌لومه‌رجێكی جیاوازتر به‌خێراییش تێ ده‌په‌ڕێت. بۆیه ده‌بێت سوودی لێ وه‌رگیرێت كاتێك كه له شێوه‌ی ده‌رفه‌ت خۆی وێنا كردووه، ئه‌گه‌ر نا ڕه‌نگه له هه‌لومه‌رجێكی تردا ببێته هه‌ڕه‌شه و، زیانی گه‌وره له ئامانجه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی بدات.