ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له عێراق له ساڵی 2003، ڕووداوێك و وه‌رچه‌رخانێكی مه‌زن بوو له مێژووی حوكمڕانیی ئه‌و وڵاته. ئه‌و ڕووداوه، گۆڕانكارییه‌كی دراماتیكی له بونیادی سیاسی و بونیادی هێز له‌سه‌ر ئاستی وڵات و ئاستی ناوچه‌كه دروست كرد. له‌سه‌ر ئاستی وڵات، شیعه‌كان كه به درێژاییی مێژووی دروستبوونی عێراق له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بوون، ئه‌وا له دوای 2003، بوون به خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات. له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌یش، ئێران كه كێشه‌ی هێز و نفووزی ناوچه‌ییی هه‌بوو، بوو به خاوه‌ن هێز و نفووزی یه‌كه‌می ناوچه‌كه. كه‌واته له‌سه‌ر هه‌ر دوو ئاسته‌كه، گۆڕانكارییه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی ئامانجه ستراتیژییه‌كانی ئێران و هێزه شیعه‌كان ته‌واو بوو.
لێكه‌وته‌كانی گۆڕانكارییه‌كه
ئه‌و گۆڕانكارییه له بونیادی سیسته‌می سیاسیی عێراق، وای كرد كه هێزه شیعه‌كان، به‌بێ ڕه‌چاوكردنی تایبه‌تمه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پلۆرالیزمی سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق، سیسته‌می سیاسی و جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بنه‌مای ناسنامه‌ی "مه‌زهه‌بگه‌رایی" ياخود تائیفی ئاوا بكه‌ن.
به گوزارشتیكی دیكه، عێراقێك كه نزیكه‌ی 85% له هاووڵاتیانی ئه‌و وڵاته، به سه‌رجه‌م پێكهاته و گرووپه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئیتنیكی و ئایینزایییه‌وه، له ساڵی 2005 ده‌نگیان به ده‌ستووری هه‌میشه‌ییی عێراق دا، بۆ ئه‌وه بوو كه ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی بنیات بنرێت، یاخود ده‌وڵه‌تی ده‌ستوور ئاوا بكرێت، تا مافی سیاسی و كه‌لتووریی گشت پێكهاته‌كان پارێزراو بێت. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی سروشتی ده‌سه‌ڵات، بنه‌ماكانی ده‌سه‌ڵات و په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان ڕوون و ڕه‌وا بێت. وه‌لێ ڕووداوه‌كانی دوای 2005، ئه‌و گریمانه‌یان سه‌لماند كه ئه‌و هێزانه‌ی تازه هاتوونه‌ته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌وه هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسی ده‌نوێنن و ڕه‌فتار ده‌كه‌ن. كه‌واته یه‌كێك له‌و سیاسه‌تانه‌ی كه هێزه ڕادیكاڵه تونداژووه‌كانی شیعه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له گه‌ڵ پێكهاته‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق پیاده‌یان كرد، بریتی بووه له "سیاسه‌تی تائیفی".
لێككه‌وته‌كانی ئه‌و سیاسه‌ته
هه‌ولێر و سیاسه‌تی تائیفیی به‌غدا
پێش ساڵی 2003، هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی جۆرێك له حوكمڕانیی خۆی بوو، كه له‌سه‌ر بنه‌مای خودموختاری هاتبووه به‌رهه‌م. وه‌لێ دوای ئه‌و ساڵه، سه‌ركردایه‌تیی كورد، ویستی له پێناو ئاواكردنی عێراقێكی نوێ‌دا ده‌ست له ئۆتۆنۆمیستكردنی باشووری كوردستان هه‌ڵگرێت. ئه‌و عێراقه‌ی كه سه‌ركردایه‌تیی كورد ئۆمێدی وڵاتێكی دیموكرات و فیدراڵی له‌سه‌ر هه‌ڵچنیبوو تا به‌شداریی ئاواكردنی بكات، ئه‌و ئومێده‌ی نه‌هاته دی؛ چونكه ئه‌و وڵاته نه دیموكرات بوو، نه فیدراڵ.
هێدی هێدی كێشه و گرفت له نێوان دوو پایته‌خته‌كه‌ی عێراق (به‌غدا و هه‌ولێر) فراوانتر و زێتر ده‌بوو؛ به شێوه‌یه‌ك كه گرفته یاسایی و ده‌ستوورییه‌كان ڕووه‌و كێشه‌ی سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تی ده‌ڕۆیشتن. بۆ نموونه، جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌ی (140)ی ده‌ستووری عێراق له لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه، بووه مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه گرفتی سیاسیی په‌یوه‌ست به خاك و نیشتمان له نێوان ئه‌و دوو پایته‌خته سه‌ر هه‌ڵبدات. ئه‌و سیاسه‌ته‌ی به‌غدا له به‌رامبه‌ر هه‌ولێر، بیری سه‌ربه‌خۆییی لای كوردی هێنایه به‌رچاو و، بووه مایه‌ی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی كورد له بیرۆكه‌ی ئاواكردنی "عێراقێكی نوێ".
سه‌ربه‌خۆییی كوردستان و سیاسه‌تی كه‌ڵه‌گاییی عێراق
جه‌نگی داعش ئه‌و بگۆڕه بوو، كه به كردار له ڕووی ئیدارییه‌وه عێراقی بۆ سێ ناوچه دابه‌ش كرد: باشوور، ناوه‌ڕاست و باكوور. سه‌رباری سه‌ربه‌خۆییی ئیداریی كوردستان، واته به‌شی باكووری عێراق، وه‌لێ ئه‌وه‌ی كورد له ئێسته‌دا داوای ده‌كات بریتییه له "سه‌ربه‌خۆییی سیاسی". "ڕیفراندۆم" ئه‌و ئامرازه بوو كه نیازه ناڕه‌واكانی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدای له به‌رامبه‌ر هه‌نگاوه ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان ڕووه‌و سه‌ربه‌خۆیی، ئاشكرا كرد.
حكوومه‌تی عێراق و هێزه تونداژووه‌كانی شیعه، بۆ ڕێگریكردن له‌و هه‌نگاوانه‌ی گه‌لی كوردستان، په‌نایان برده به‌ر "سیاسه‌تی كه‌ڵه‌گایی". به‌و مانایه‌ی كه حكوومه‌تی عێراق و ئه‌و هێزانه، له‌سه‌ر بنه‌مای "لۆژیكی هێز" گوزارشت له هه‌ڵوێست و بۆچوونه‌كانیان ده‌كه‌ن له به‌رامبه‌ر گه‌لی گوردستان له باشوور؛ دوور له بنه‌مای هێزی لۆژیك، لۆژیكی دانوستان و گفتوگۆ.
له‌و سیاسه‌ته‌دا، ده‌سته‌بژێری فه‌رمانڕه‌وا له به‌غدا جگه له به‌كارهێنانی زمانی هه‌ڕه‌شه بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له گه‌لی كوردستان، هاوكات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته "داموده‌زگه ده‌ستوورییه‌كانیش"یان خستۆته گه‌ڕ، تا ڕه‌وایه‌تی به هه‌ڵسوكه‌وته هه‌رزه‌كارانه‌ی ئه‌و ده‌سته‌بژێره بدات. بۆ نموونه هه‌ر یه‌ك له په‌رله‌مانی عێراق و دادگه‌ی ده‌ستووریی عێراق، به بڕیارێكی سیاسیی دوور له لایه‌نی پیشه‌ییی خۆیان وه‌ك لایه‌نی یاسادانان و دادوه‌ری، دژایه‌تیی خۆیان بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی گه‌لی كوردستان ده‌ربڕی. ته‌نانه‌ت حكوومه‌ته‌كه‌ی "عه‌بادی"یان له گرتنه‌به‌ری هه‌ر جۆره ئامرازێك، به ئامرازه سه‌ربازییه‌كانیشه‌وه، بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمی باشوور ده‌ستواڵا كرد.
ئه‌و سیاسه‌ته‌ی حكوومه‌تی عێراق و هێزه شیعه‌كان، دوا سیاسه‌ته ده‌یگرنه به‌ر بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی كورد له‌و ناوچه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانن ئامانجه‌كانیان بپێكن؛ به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی حكوومه‌تی عێراقی كه له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی "كه‌ڵه‌گایی" پیاده‌یان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ڕیفراندۆم ئه‌نجام نه‌درێت، شكستی هێنا. به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و جۆره سیاسه‌تانه جۆش و خرۆشی كوردستانییه‌كانی بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم گه‌رمتر كرد. ئه‌وه‌یش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی "كه‌ڵه‌گایی"ی به‌غدا، بووه مایه‌ی ئه‌نجامدانی "ڕیفراندۆم"ی باشووری كوردستان، ئه‌وا بێ گومان گرتنه‌به‌ری هه‌ر سیاسه‌تێكی دیكه به ئاراسته‌ی هه‌ڕه‌شه‌كردن له گه‌لی كوردستان بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم، سه‌ربه‌خۆییی كوردستانی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ، له ماوه‌یه‌كی كه‌متر له‌وه‌ی كه سه‌ركردایه‌تیی كوردستان چاوه‌ڕوانی ده‌كات.