شــازدەی ئۆكتــۆبەر بــۆ؟!

دەستپێـك:

تەواوی ئەو خاكەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە هۆی جەنگی داعش و شكست ‌و پاشەكشەی سوپای عێراق دەستی بەسەردا گرتبوو، لە ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر ‌و ڕۆژانی دواتری ئەمساڵ، پاش هەڕەشەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە كورد ‌و هێزی پێشمەرگە بۆ ڕادەستكردنەوەی ناوچە جێناكۆكەكان بە حكوومەتی عێراق، ئەو ناوچانە كەوتنەوە دەست هێزە عێراقییەكان _حەشدی شەعبی و سوپای عێراق_، كە ئەمه‌یش بە نسكۆ و شكستێكی دیكە لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردیدا دادەنرێت. لێرەدا ‌و لە چوارچێوەی ئەم وتارە شیكارییەدا، دەمەوێت تیشكێك بخەمە سەر ئەو هۆكارە ناوخۆیی ‌و دەرەكییانەی كە بوونە هۆی ڕوودانی ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر ‌و ڕۆژانی دوای.

 

  • هۆكارەكانی پشت ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر ‌و ڕۆژانی دوای:

گومانی تێدا نییە ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر ‌و ڕۆژانی دوای، پلانێكی گەورە ‌و مەترسیدار بوو لەسەر هەرێمی كوردستان ‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كە بە داگیركردنی كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان دەستی پێ كرد، كە مەبەست تێیدا لاوازكردنی هەرێمی كوردستان بوو لە ڕووی سیاسی ‌و باری ئابووری ‌و سنوورداركردنی پەیوەندییە دەرەكی ‌و دیپلۆماسییەكانی هەرێم؛ بە جۆرێك كە حكوومەتی عێراق دەیەوێت هەرێمی كوردستان بۆ لەمەودا بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە. بە دید و تێڕوانینی من هۆكارەكانی پشت ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر ‌و ڕۆژانی دوای، خۆی لەم چەند هۆكاره‌ ناوخۆیی ‌و دەرەكییه‌دا دەبینێتەوە:

 

  • یەكەم: هۆكارە ناوخۆیییەكان:
  1. ناتەبایی ‌و ناكۆكیی ناوخۆیی: وەك دەبینین بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، نزیكەی چل حزبی سیاسیی ڕێگەپێدراو كار و چالاكی دەكەن ‌و مۆڵەتی كاركردنیان لەم هەرێمەدا هەیە، بەڵام مەخابن ناتەبایی ‌و ناكۆكیی نێوانیان وای كردووە، تەواوی كۆمەڵگه‌ی كوردییش بەسەر خۆیاندا دابەش بكەن ‌و، بەرەیەك بكەن بە دژی بەرەیەكی دیكە. ئەمە سەرباری ئەوەی بەشێك لەم حزبە سیاسییانە خاوەنی هێزی چەكدارین كە ئەمە برینەكەی هێندەی تر قووڵ كردووە. بە جۆرێك كە لە كۆتایییەكانی سەدەی ڕابردوو بە هۆی سەرهەڵدانی جه‌نگی ناوخۆوە لێكترازانێكی سیاسی و ئابووری ‌و، تەنانەت كۆمەڵایەتی ‌و ڕۆشنبیرییان لەنێو كۆمەڵگەی كوردیدا دروست كرد كە تاكوو ئێستایش ساڕێژ نەبووە و، هەر ئەم ناتەبایییەیش وای كردووە ئێمە نەتوانین بەرامبەر دوژمنان تۆكمە بین.
  2. پێشمەرگەی قارەمان ‌و سیاسەتمەداری نەزان: مێژووی دوور و نزیكی میللەتەكەمان پێمان دەڵێ كوردەكان هەمیشە لە جه‌نگدا براوەن و لە دانوستاندا دۆڕاون؛ یان بە واتایەكی دیكە كوردەكان ئەوەی لە مەیدانی جەنگ دەستیان دەكەوێت، لەسەر مێزی گفتوگۆ لەدەستی دەدەن. ئەمه‌یش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە دونیابینیی سیاسییەكانمان لە ئاستی پێویستدا نییه‌ ‌و، جێگه‌ی دووبارە چاوپێداخشاندنەوەیە؛ بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بستێك خاكی كوردستان ‌و دڵۆپێك خوێنی ئاڵی پێشمەرگە قارەمانەكان بەفیڕۆ نەچێت.
  3. نەبوونی یەكگوتاری ‌و یەكڕوئیایی: تێكڕای پرسە نەتەوەیی ‌و نیشتمانییەكان لە هەموو دونیادا ‌و لای هەموو میللەتان پرۆسەیەكی چارەنووسسازە و، پەیوەستە بە ئاییندەی‌ تاكەكانییەوە. هەر بۆیە پێویستیی بە كۆدەنگییەكی‌ نیشتمانی هەیە بۆ سەرخستنی. بە جۆرێك، دەبێت هەمووان بە حزب و سەركردە و هاونیشتمانییانەوە، لەسەر شێواز و میكانیزمی‌ پیادەكردنی كۆدەنگ بن‌ و، پێكەوە پێداویستییەكانی سەرخستنی دابین بكەن. بەڵام بەداخەوە ئێمە لە هەرێمی كوردستان خاوەنی ئەم جۆرە ڕۆحییەتە نین ‌و، لە ئاست پرسە نیشتمانییەكانیشمان خاوەنی گوتارێكی یەكگرتوو نین.
  4. لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی: لە هەموو سیستەمە تەوافوقییه‌كانی جیهاندا، مەرجی سەركەوتنی پرسی توافق بریتییە لە هەبوونی ئاستێكی زۆر باڵای هەستكردن بە لێپرسراوێتیی نیشتمانی ‌و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی ‌و چاكەی گشتی ‌و وەلانانی بەرژەوەندیی تایبەتی ‌و حزبی. لێرەوەیە دەكرێت بڵێین ئەم مەرجە بۆ گەییشتن بە ته‌وافوقی ئیدارەدانی ئەم هەرێمە، لە نێوان حزبە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستاندا بزر ‌و غائیب بووە. بۆیە بە زەحمەتمان بینی ئەم هێزانە ئەو هێزانە بن كە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیان لە پێش بەرژەوەندیی حزبی ‌و كەسییەوە دابنێن.
  5. سەپاندنی ئیرادە ‌و ئیدارەی حزبی: حزبە سیاسییەكانی ئەم هەرێمە، ئەوەندەی شەڕ ‌و ململانێیان لەسەر سەپاندنی ئیرادە ‌و ئیدارەی خۆیان ‌و ئەو دامەزراوەیە دەكرد كە بەدەستیانەوە بوو، هێندە ململانێیان لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمان ‌و هاونیشتمانیان نەدەكرد. بۆیە بە دید ‌و تێڕوانینی ئێمە، تەواوی هێز ‌و لایەنە سیاسییەكان بە شێواز ‌و قەبارەی جۆراوجۆر، بەم نەفەسەوە مامەڵە دەكەن كە دەیانەوێت ئیرادە و ئیدارەی خۆیان لەسەر حسابی ئەوی دیكە بسەپێنن؛ كە ئەمه‌یش دەرەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە.
  6. ڕیفراندۆم: من پێم وایە ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر ‌و ڕۆژانی دوای، دەرەنجامی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نییە بەتەنیا، بەڵام لە هەمان كاتدا وای دەبینم ڕیفراندۆم كاتی ڕوودانی ئەم ڕووداوانەی پێش خست؛ ئەگینا گەڕانەوەی دووبارەی ئەو ناوچانە لە ئەجێندای كاری حكوومەتی عێراقدا بووە.
  7. نابەرامبەریی هێز ‌و، نەبوونی هێزێكی یەكگرتووی نیشتمانی: هیچ گومانی تێدا نییە لە ڕووی لۆجستی ‌و چەك ‌و تەقەمەنییەوە، لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان ‌و هێزی سوپای عێراق، یان حەشدی شەعبی، بەراورد ناكرێت و، لە لایەكی دیكەیشەوە نەبوونی هێزێكی یەكگرتووی نیشتمانیی كوردستانی هۆكاری ڕوودانی ئەم جۆرە ڕووداوە نەخوازراوانەن.
  8. خاكفرۆشی: بەداخەوە خیانەت ‌و خاكفرۆشی، پەڵەیەكی ڕەشە لە مێژووی گەلەكەمان؛ هەر لە میرنشینەكانەوە تا شۆڕشەكانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و شێخ محمودی نەمر و شێخ سەعید ‌و سمكۆی شكاك و كۆماری مهاباد و شۆڕشی ئەیلوول ‌و، دواتریش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، كە بە جۆرێك لە جۆرەكان بە هۆی پلان ‌و خیانەتی چەندین كەس ‌و گرووپەوە هەوڵی لەباربردنی دەستكەوت ‌و سڕینەوەی یەكتر دراوە.
  9. ئەزموونی 25 ساڵی ڕابردوو: لە زانستی سیاسیدا ئەوە بنەما ‌و پێوەرە: "نادادپەروەری ‌و نایەكسانیی سیاسی، ئابووری ‌و كەلتووری، سەر بۆ توندوتیژی دەكێشێت. بە هەمان شێوەیش دادپەروەری ‌و یەكسانی، دەبێتە هۆی هێنانەدیی سەقامگیریی سیاسی و ئاشتی." بۆیە دەبینین ئەزموونی 25 ساڵی حكومڕانی لەم هەرێمە، نەیتوانیوە دادپەروەری ‌و یەكسانی بۆ هاونیشتمانیان فەراهەم بكات تاكوو لە ڕێگەیەوە سەقامگیریی سیاسی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی بەدی بهنێت. لە هەمان كاتدا لاوازیی ئیرادەی سەركردایەتیی سیاسیی حزب ‌و لایەنەكان ‌و كۆمەڵگەكەمان بەگشتی بۆ قبووڵكردنی دیموكراسی وەك شێوازێكی گونجاوی فەرمانڕەوایی، بۆتە هۆی دروستبوونی جۆرێك لە بێباكی لای فەرمانڕەوا و سەركردە سیاسییەكان بەرامبەر بە هاووڵاتیان؛ ئەمەیش سەری كێشاوە بۆ لەدەستدانی متمانەی هاووڵاتیان بەم مۆدێلەی ئێستا لە فەرمانڕەواییكردن. كەواتە دەتوانین بڵێین بەشێكی ئەم ڕووداوانەی ئێستا، بەرهەمی ئەزموونی حكومڕانیی ڕابردوومانە.
  10. نەبوونی ناوەندی توێژینەوەی سیاسی ‌و ستراتیژی: نەبوونی ئەم جۆرە ناوەندانە بە شێوەیەكی فراوان كە ئەركی، ڕێنوێنی و پێدانی بەڕچاوڕوونی بێت بە سەركردایەتیی سیاسی، وای كردووە بەشێكی باشی ئەو بڕیارە سیاسییانەی كە دەدرێت، دیراسه‌كراو ‌و كامڵ نەبن.

دووەم: هۆكارە دەرەكییەكان:

  1. داننەنان بە مافی كورد لە مێنتەڵێتیی عەرەب ‌و تورك و فارس: بێ گومان لە عەقڵییه‌تی عەرەب ‌و تورك و فارسدا داننان بە مافی كورد ‌و بنیاتنانی دەوڵەتی كوردستان قبووڵكراو نییە، چونكە ئەوان دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆیان دەزانن ‌و، پێیان وایە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتری ناوخۆی خۆیان ‌و ناوچەكە ‌و جیهان؛ لەم پێناوەیشدا هەرچییان بۆ لەباربردنی خەونی كورد پێ بكرێت، دەیكەن.
  2. مەیلی پاوانخوازیی حكوومەتی عێراق: بەهێزكردنی دەسەڵات ‌و فراوانخوازی و داگیركاری، مەیل و خولیای تێكڕای حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بووە. هەر بۆیەیشە ڕووداوەكانی ئەم دوایییە، بەشێكە لەو مەیلەی حكوومەتەكەی عەبادی؛ هەروەك ڕای گەیاندبوو كە ڕیفراندۆمی كوردستان لەبار دەبەن و، هێژموونیی خۆیان بەسەر ئەو ناوچانەدا دەسەپێنن كە پێشمەرگە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە چنگی داعش ئازادی كردبوو.
  3. پلانی هەرێمی: دەبینین هەرێمی كوردستان لەژێر كاریگەریی دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەیی ‌و هەرێمی ‌و نێودەوڵەتیدایە ‌و، بووەتە گۆڕەپانی دەستێوەردانەكانیان. بێ گومان ڕوونە، كە هەر دەوڵەتێك دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی دەوڵەتێكی تر بكات بەرژەوەندییەكانی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، بەبێ گوێدان بەو دەرەنجامە خراپانەی كە لە ئەنجامی دەستێوەردان لە ناوخۆی وڵاتی دەستێوەردراو دەكەوێتەوە. لێرەوەیش دەبینین ئەم جۆرە لە دەستێوەردان وای كردووە، كە كاریگەریی لەسەر یەكلاییكردنەوەی كێشە ‌و گرفتە سیاسی ‌و یاسایییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەبێت. لە هەمان كاتیشدا بە تێڕوانینی من، پلانێكی هەرێمی لە پشت ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر ‌و ڕۆژانی دواترەوە هەبوون؛ بە جۆرێك هەر یەكە لە توركیا ‌و ئێران لە ڕێگەی ئەم پلانەوە ویستیان عێراق لە هەوڵی هەڵوەشانەوە ڕزگار بكەن ‌و، پرۆسەی ڕاگەیاندنی دەوڵەت و بەهێزبوونی كوردستانیش لە هاوكێشە جیۆسیاسییەكانی ناوچەكەدا ڕابگرن.
  4. گلۆپی سەوزی ئەمریكا: ڕوونە بەدەستەوەدان ‌و كەوتنی كەركووك، بە گلۆپی سەوزی ئەمریكا و هەماهەنگیی ئێران و توركیا ئەنجام دراوە و، ئەم پشتتێكردنەی ئەمریكا لە كورد لەم ئانوساتەدا ڕۆڵی زۆری هەبووە لە گۆڕین و پێچەوانەكردنی هاوكێشە ناوخۆیییەكان. ئەمریكایییەكان بەم كارەیان، ویستیان پرسی بەدەوڵەتبوونی كوردستان بۆ داهاتوویەكی نادیار دوا بخەن ‌و، پارێزگاری لە یەكپارچەییی خاكی عێراق بكەن لە ڕێگەی گەڕانەوەی هەولێر و بەغدا بۆ سەر مێزی دانوستاندن و ڕێككەوتن و بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا.
  5. بێدەنگیی كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی: هەڵوێستی كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردیدا لە ماوەی ساڵانی شەست ‌و حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو، شاڵاوەكانی ئەنفال ‌و كیمیابارانی هەڵەبجە، ئەوە بووە كە ئەمانە كێشەی ناوخۆیین ‌و، دەبێت لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر بكرێن. ئەوان _كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی_ پاڵپشتییەكی بەرچاو لە پاراستنی یەكپارچەییی خاكی عێراق دەكەن لە ڕابردوو، ئێستا ‌و داهاتوویەكی نزیك تا دووریش، كە ئەم هەڵوێستانەیش بە قازانجی كورد ‌و دۆزە ڕەواكەی نابینم.  

كۆتــایی:

زۆر گرنگە تەواوی هێز ‌و حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەم قۆناغە نەخوازراوە تێ پەڕێنن ‌و، قۆناغی ڕێككەوتن ‌و ئاشتەوایی ‌و ئاساییكردنەوە دەست پێ بكەن. چونكە بێ گومان لەم دۆخەدا ململانێی ناتەندروست ‌و یەكتر تاوانباركردن ‌و ڕاكردن لە بەرپرسیارێتی ‌و جه‌نگی ڕاگەیاندن ‌و بەیاننامەی توند ‌و، زمانی زبری لایەنەكان، بە كەڵكی دۆخەكە‌ و ژیانی هاونیشتمانیی ماندوو نایەت، ئەوەندەی كە لێكتێگەییشتن‌ و دیالۆگ ‌و خۆخستنە ژێر باری لێپرسراوێتیی نیشتمانی ‌و هەوڵی ساڕێژكردن ‌و سڕینەوەی برینەكانی ڕابردوو خزمەتێك بە ڕەوشەكە دەكات.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples