زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی عێراق ‌و، مەترسییە جددییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان

دەستپێـك:

بە شێوەیەكی گشتی ساڵانە ژمارەی دانیشتووان لە هەموو جیهاندا زیاد دەكات. ئەم زیادبوونەش بەپێی ستانداردی جیهانی بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، كە لەسەدا سێی بۆ دانراوە، شتێكی سروشتییە. ڕێژەی ئەو زیادبوونەیش لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە گۆڕانكاریی بەسەردا دێت. ئەمەیش بۆ جیاوازیی ئاستی ئابووری ‌و ڕۆشنبیریی خێزانی ‌و لایەنی كه‌لتووری ‌و دەیان هۆكاری تر دەگەڕێتەوە. ئەوەی لێرەدا جێگه‌ی سەرنجە، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی عێراقە، كە پێوەری ستانداردی جیهانیی تێ پەڕاندووە ‌و بە شێوەیەكی ناسروشتی زیادی كردووە. ئێمە لە دووتوێی ئەم وتارەماندا، دەمانەوێت تیشكێك بخەینە سەر زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی عێراق ‌و، مەترسییە جددییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان لە ئاییندەدا.

ئاماری دانیشتووانی عێراق ‌و هەرێمی كوردستان:

بەگوێرەی ئامارەكانی دامەزراوەی بانكی نێودەوڵەتی، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ‌و، دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، ژمارە دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2003دا، (25,627,362) بیست ‌و پێنچ ملیۆن ‌و شەش سەد ‌و بیست ‌و حەوت هەزار ‌و سێ سەد ‌و شەست ‌و دوو كەس بووە. لەو ڕێژەیەیش (4,864,241) چوار ملیۆن ‌و هەشت سەد و شەست ‌و چوار هەزار ‌و دوو سەد ‌و چل ‌و یەك كەس لە پێكهاتەی نەتەوەی كورد بوون. بەڵام ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2016دا زیادی كردووە بۆ (37,883,543) سی ‌و حەوت ملیۆن ‌و هەشت سەد ‌و هەشتا ‌و سێ‌ هەزار ‌و پێنچ سەد ‌و چل ‌و سێ‌ كەس. لەو ڕێژەیەیش (5,695,556) پێنچ ملیۆن ‌و شەش سەد ‌و نەوەد ‌و پێنچ هەزار ‌و پێنچ سەد ‌و پەنجا ‌و شەش كەس لە نەتەوەی كوردە.

واتە لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2016، پێكهاتەكانی نێو عێراق، جگە لە كوردەكان، (11,424,866) یازدە ملیۆن ‌و چوار سەد ‌و بیست ‌و چوار هەزار ‌و هەشت سەد ‌و شەست ‌و شەش كەس زیادیان كردووە. لە بەرامبەریشدا لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2016، كوردەكان لە عێراقدا تەنیا (831,315) هەشت سەد ‌و سی ‌و یەك هەزار ‌و سێ سەد ‌و پازدە كەس زیادی كردووە. بەم جۆرە، پێكهاتەكانی عێراق جگە لە كورد، ساڵانە (816,061) هەشت سەد ‌و شازدە هەزار ‌و شەست ‌و یەك كەس زیادیان كردووە، لە بەرامبەردا كوردەكان تەنیا (59,386) پەنجا ‌و نۆ هەزار ‌و سێ سەد ‌و هەشتا ‌و شەش كەس زیادیان كردووە.

واتە كوردەكان لە عێراق لە ساڵی (2003)دا ڕێژەی لەسەدا (18,19%)ی كۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی عێراقیان پێك هێناوە. بەڵام ڕێژەی كورد لە عێراق لە ساڵی (2016)دا تەنیا لە (15,03%)ی كۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی عێراق پێك دەهێنن. لێرەدا دەبینین ڕێژەی پێكهاتەی نەتەوەی كورد لە عێراقدا ساڵ لە دوای ساڵ كەمی كردووە؛ بە جۆرێك لە ماوەی تەنیا 13 ساڵدا لەسەدا (3.16%) كەمی كردووە.

پێشبینی بۆ ژمارەی دانیشتووانی عێراق ‌و هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022دا:

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێژەیەی كە ساڵانە دانیشتووانی عێراق ‌و هەرێمی كوردستانی پێ زیاد دەبێت، دەتوانین بڵێین كە ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی (2022)دا، دەبێت بە (43,017,453) چل ‌و سێ ملیۆن ‌و حەڤدە هەزار ‌و چوار سەد ‌و پەنجا ‌و سێ كەس؛ لەو ڕێژەیەیش (6,051,878) شەش ملیۆن ‌و پەنجا ‌و یەك هەزار ‌و هەشت سەد ‌و حەفتا ‌و هەشت كەس لە پێكهاتەی كورد دەبێت. واتە كوردەكان لە عێراق لە ساڵی (2022)دا ڕێژەی لەسەدا (14,06%)ی كۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی عێراق پێك ده‌هێنن.

مەترسییە جددییەكانی ئەم پرسە لەسەر هەرێمی كوردستان:

بێ گومان زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ئاییندەیەكی نزیك یان دووردا، مەترسیی جددی لەسەر هەرێمی كورستان بەجێ دەهێڵێت، كە لە دیارترینیان بریتییە لە مەترسی لەسەر بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان ‌و، مەترسی لەسەر ڕێژەی نوێنەرانی كورد لە بەغدا ‌و، مەترسی لەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم؛ كە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەدەم.

یەكەم: مەترسی لەسەر بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی حكوومەتی فیدراڵی عێراق:

بوودجەی ساڵانەی حكوومەتی عێراق ‌و پشكی هەرێمی كوردستان تیایدا، مژاری گەرمی ساڵانەی نێو پەرلەمانی عێراقە. لە بوودجەی خەمڵێنراوی عێراق بۆ ساڵی 2005، پشكی هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی لەسەدا هەشت بۆ دە، دیاری كرا و ئەم بابەتە كاردانەوەی توندی هەرێمی كوردستانی لێ كەوتەوە, لەم چوارچێوەیەدا سەركردایەتیی سیاسیی كورد ناڕەزاییی خۆی دەربڕی ‌و، لە پەیامێكدا سەرۆكایەتیی كۆمار ‌و سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی عێراقیان لەو نادادپەروەرییە ئاگادار كردەوە و؛ تیایدا داوایان كرد ڕێژەكە بكرێ بە لەسەدا بیست ‌و پێنچ، بەڵام دواتر بە ڕێككەوتنی سیاسی لە نێوان هەرێم ‌و بەغدا پشكی لەسەدا حەڤدە بۆ هەرێمی كوردستان جێگیر كرا. بەم پێیە پشكی لە سەدا حەڤدەی بوودجەی گشتیی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، دەرەنجامی ڕێككەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەكان بوو. هەرچەندە چەند لایەنێك ڕازی نەبوون ‌و بەڵگەی ئەوەیان دەهێنایەوە كە ئامارێكی ورد ‌و گشتسی دانیشتووان لە عێراقدا نییە؛ لەبەر ئەوە، دەبێت لێژنەیەكی تایبەت پێك بهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندن ‌و ده‌ستكردن بە سەرژمێریكردنی دانیشتووانی تەواوی عێراق، بۆ ئەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەموو پارێزگه‌یەك دیاری بكرێت ‌و دواتر پشكیان لە بوودجە بۆ دیاری بكرێت.

سەرەڕای ئەوەی پشكی لە سەدا حەڤدەی بوودجە بۆ هەرێمی كوردستان تاكوو ساڵی 2014 جێگیر كرابوو، بەڵام كێشەی بوودجە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان ‌و حكوومەتی فیدراڵی عێراق هەر بەردەوام بوو؛ بە شێوەیەك ئەم ناكۆكییانە گەیشتە لووتكە. ئەوەیش دوای ئەوەی كە نووری مالكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، لە سەرەتای ساڵی 2014 بە بڕیارێك بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت؛ بە بیانووی پاپەندنەبوونی هەرێمی كوردستان بە هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆ و ناشەفافی ‌و ڕادەستنەكردنی داهاتی خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بە بەغدا.

لە ئێستایشدا لەسەر زاری بەرپرسانی پایەبڵندی حكوومەتی عێراقییەوە گوێبیستی ئەوە دەبین كە دەبێت دابەشكردنی بوودجە لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووان بێت. بێ گومان ئەگەر ڕێژەی دانیشتووان پێوەر بێت، ئەوا پشكی هەرێمی كوردستان لە ڕێژەی لە سەدا حەڤدەوە كەم دەبێتەوە بۆ لەسەدا چواردە و، ساڵانە كەمتریش دەبێت، چونكە وەك نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراق دەڵێت بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان بەپێی ژمارەی دانیشتووان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت ‌و، بەشە بوودجەی هەرێم بەپێی ژمارەی دانیشتووانەكەی بە بەراورد بە كۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی عیراق ساڵانە دەگۆڕێت. بۆیە دەبینین زیادبوونی نائاساییی ژمارەی دانیشتووانی عێراق، لە ئاییندەدا مەترسییەكی هەقیقی ‌و جددیی لەسەر بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی حكوومەتی فیدراڵی عێراق دەبێت.

دووەم: مەترسی لەسەر ڕێژەی نوێنەرایەتیی كورد لە بەغدا:

ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی ڕێژەی نوێنەرای كورد بدەینەوە لە دەسەڵاتی یاسادانانی عێراق، دەبینین لە كۆمەڵەی نیشتمانیی عێراق كە بەپێی هەڵبژاردنی 31ی كانوونی دووەمی ساڵی 2005 پێك هات ‌و، ژمارەی كورسییەكانی 275 كورسی بوو؛ لەو ژمارەیش نوێنەرانی كورد تیایدا ڕێژەیان 75 ئەندام بوو. لە خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بەپێی هەڵبژاردنی 15ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2005 پێك هات ‌و، تاكوو ساڵی 2010 بەردەوام بوو و، ژمارەی كورسییەكانی 275 كورسی بوو؛ لەو ژمارەیش ڕێژەی نوێنەرانی كورد تیایدا 58 ئەندام بوو. لە خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بەپێی هەڵبژاردنی 7ی ئازاری ساڵی 2010 پێك هات ‌و، تاكوو ساڵی 2014 بەردەوام بوو و، ژمارەی كورسییەكانی 325 كورسی بوو؛ لەو ژمارەیش ڕێژەی نوێنەرانی كورد تیایدا 57 ئەندام بوو. لە خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بەپێی هەڵبژاردنی 29ی نیسانی ساڵی 2014 پێك هات ‌و تا ساڵی 2018 بەردەوام دەبێت و، ژمارەی كورسییەكانی 328 كورسی بوو؛ لەو ژمارەیش ژمارەی نوێنەرانی كورد تیایدا 61 ئەندام بوو.

بەم جۆرە، دەبینین لە خولێكەوە بۆ خولێكی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەی ئەندامانی كورد كەم بۆتەوه‌ و، لە خولەكانی داهاتوویشدا كەمتر دەبێتەوە؛ بۆ نموونە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولەكانی داهاتوو _خولی پێنجەم لە ساڵی 2022_  ژمارەی كورسییەكانی بەپێی دانیشتووانی عێراق بەرز دەبێتەوە بۆ 430 كورسی و، لەو ژمارەیەیش ڕێژەی نوێنەرانی كورد 60 ئەندام دەبێت. بۆیە دەبینین دیسانەوە زیادبوونی نائاساییی ژمارەی دانیشتووانی عێراق مەترسییەكی ڕاستەقینە لەسەر ڕێژەی نوێنەرانی كورد لە دەسەڵاتی یاسادانانی عێراق لە خولەكانی داهاتوودا دروست دەكات.

سێیەم: مەترسیی ئەم پرسە لەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم:

مەبەست لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، یاخود ناوچە كێشەلەسەرەكان، ئەو ناوچانەن كە ململانێ ‌و ناكۆكی لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی ‌و هەرێم لەسەر هەیە. ناوچە كێشەلەسەرەكانیش ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، بەپێی چەند قۆناغێكی جیاواز چەندین ناوچەی لە هەرێمی كوردستان دابڕیوە و؛ ئەو ناوچانەی كە بە چەقی كێشەكان دادەنرێن بریتین لە چەند ناوچەیەكی ئیداریی سەر بە پارێزگه‌كانی كەركووك ‌و مووسڵ ‌و دیالە ‌و كوت، كە ڕووبەرێكی فراوان لە هەرێمی كوردستان پێك دەهێنن.

دەبینین دۆسییه‌ی خاك ‌و سنوور لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان ‌و حكوومەتی فیدراڵی عێراق یەكێكە لە دۆسییە هەرە گرنگ ‌و چارەسەرنەكراوەكان و، لە ڕابردوویشدا هۆكاری شكستهێنانی ئەو گفتوگۆ ‌و ڕێككەوتننامانە بوون كە لە نێوان حكوومەتی ناوەندیی عێراق ‌و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد ئەنجام دراون؛ وەك ڕێككەوتننامەی 11ی ئازار، كە دەبینین ئەو ڕێككەوتننامەیە بە هۆی دابڕینی بەشێكی زۆری ئەو ناوچە كوردییانەی كە دەبووایە بەپێی ئەم ڕێككەوتننامەیە لە چوارچێوەی سنووری ئۆتۆنۆمیی كوردیدا بوونایە، شكستی هێنا.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق ‌و، لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە، ماددەی 58 تایبەت بە ناوچە كێشەلەسەرەكان تەرخان كرا و، دواتر لە دەستووری هەمیشەییی عێراق هەمان دۆسییە لە چوارچێوەی ماددەی 140 ڕێك خرا و، ئەم ماددە دەستوورییەیش بە یەكێك لەو ماددانە دادەنرێت كە مشتومڕێكی زۆری لە نێوان حكوومەتی هەرێم ‌و حكوومەتی فیدراڵی دروست كردووە؛ بە جۆرێك كە تا ئێستا ئەم ماددەیە بەجێبەجێنەكراوی ماوەتەوە.

حكوومەتی هەرێم ‌و سەركردایەتیی كورد، بەردەوام حكوومەتی فیدراڵیان بە سستینواندن لە بەرامبەر جێبەجێنەكردنی ئەم ماددە دەستوورییە ناو دەبەن و، لە لایەكی دیكەیشەوە حكوومەتی عێراق ‌و بەرپرسە باڵا و سەركردە سیاسییە عەرەبەكان، دەیانویست هاوكێشە سیاسیەكان لەم دۆسییەدا بە قازانجی خۆیان بگۆڕن ‌و كۆتایی پێ بهێنن و، نەگەڕانەوەی ناوچە كێشەلەسەرەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بكەنە دیفاكتۆ و، لە بەرامبەر ئەمەیشدا حكوومەتی هەرێم نەیانتوانیوە سیاسەتێكی ورد ‌و زانستییانە دابڕێژن ‌و ستراتیژییەتێكی نەتەوەییی گرنگ لە دووبارە گەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان ‌و دیاریكردنی سنووری هەرێمی كوردستان پەیڕەو بكەن.

من پێم وایە زیادبوونی دانیشتووانی پێكهاتەكانی عێراق جگە لە كورد، لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كاریگەریی خراپ ‌و مەترسیی جددی لەسەر ئاییندەی ئەم ناوچانە دروست دەكات، چونكە من گومانم نییە ئەگەر هات و زیادبوونەكە بە جۆرێك بوو كە گه‌ره‌نتیی بردنەوەی حكوومەتی فیدراڵی عێراق بكات لەو ناوچانەدا، ئەوا حكوومەتی بەغدا پەنا بۆ جێبەجێكردنی تەواوی قۆناغەكانی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەییی عێراق دەبات كە بریتین لە قۆناغی ئاساییكردنەوە ‌و سەرژمێری ‌و ڕیفراندۆم لەو ناوچانە بۆ دایاریكردنی چارەنووسیان؛ كە بە هۆی زۆریی ژمارەی دانیشتووانی  پێكهاتەكانی ترەوە تیایدا جگە لە كورد، ڕیفراندۆم لەو ناوچانە لە بەرژەوەندیی حكوومەتی عێراقی كۆتایی پێ دێت.

كۆتــایی:

ئێمە وای دەبینین كە یەكێكی تر لە گەورەترین كێشەكان كە بۆ ئاییندەی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، بریتییه‌ لە كەمیی ژمارەی دانیشتووانەكەی بە بەراورد به‌ زۆریی دانیشتووانی ناوچەكانی تری عێراق؛ ئه‌گه‌ر بێت و بۆ هەموو حیسابێكی دارایی‌ و ئابووری، یان هەر پرس ‌و بابەتێكی دیكەی پەیوەست بە هەرێم، لە لایەن بەغداوە بەپێی ژمارەی دانیشتووان مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples