کاکڵەی باسەکە
لەم ڕۆژانە کۆدەتایەک لە تورکیا ڕووی دا، کە لە ناخی خۆیدا هەڵگری کۆمەڵە مانایەکە کە دەتوانێ ڕاوەستەی لەسەر بکرێت. هەرچەن خوێندنەوەکان لەسەر ئەم کۆدەتایە زۆرتر بەرەو ململانێی دەسەڵات لە ناو تورکیا دەچن و هێندێ وەک سێناریۆ ناوی دەبەن و هێندێکیش وەک بەریەککەوتنی ئەردۆغان و گوولەن ناوی دەبەن. بەڵام لە دەرەوەی ئەمانە، دەکرێ وێنای ئەوە بکەین کە ئاخۆ دەتوانین باسی ئەوە بکەین کە چ مانایەک لە ڕووخانی سوپای عێراق، سوریا و تورکیادا هەیە؟ واتا دەکرێ ڕاوەستە لەسەر ڕووخانی ئەم سێ سوپایه بکەین وەک پرسێک پەیوەست بە جیهانی سەردەمەوە؟
پێشەکی
کاتێک باس لە سوپا لە چوارچێوەی دەوڵەت- نەتەوەدا دەکەین، جەوهەری ئەم دەوڵەت- نەتەوانە دەبێتە بەستێنی سەرەکی، کە تێیدا سوپا ناسنامە و فۆنکسیونەکانی خۆی ببینێتەوە. بەشێک لەم دەوڵەت- نەتەوانە ناسنامەی خۆیان لە ناسیونالیزمی ئێتنیکیدا دەبیننەوە و بەشێکیشیان لە ناسیونالیزمی مەدەنی. لە ناسیونالیزمی ئێنتنیکی، ئێتنیکی باڵادەست دەبێتە سەرچاوەی بەخشینی ناسنامە بە سوپا و دەچێتە خزمەتی ئەوانەوە. لە ناسیونالیزمی مەدەنیدا هاوڵاتیبوون و هەروەها بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەبێتە سەرچاوی ناسنامەی سوپا و ئەم سوپایە دەبێتە دامەزراوەیەک بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی. لە نموونە بەرچاوەکانی سوپا لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتیدا، دەتوانێ سەلمێنەری ئەم ڕاستییە بێ. لە ڕۆژئاوا سوپا وەک دامەزراوەیەک بوونی هەیە کە ئەرکی، پاراستن و فراوانکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیییە. لە بەرانبەردا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی، سوپا هەرچەند لە ڕواڵەتدا دامەزراوەیە، بەڵام لە ناخی خۆیدا کەرەسەیەکە بە دەستی ئێتنیک یان ورده ناسنامە یان گرووپە باڵادەستەکانی کۆمەڵگه.
بە گۆڕانکاری لە ئاستی جیهانی و بەتایبەت بە هاتنەئارای بابەتی بەجیهانیبوون، زۆربەی بوارەکانی ژیانی مرۆڤ کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم بابەتەوە. لەم نێوەدا ناسنامەکان زۆرترین کاریگەرییان بەرکەوتووە. واتا یەکێک لە کاریگەرییە بەرچاو و دیارەکانی بەجیهانیبوون پرسی ناسنامەیە، هەمان پرس لە دەوڵەت- نەتەوە و لە دەرهنجامی ئەودا دامەزراوەیەک بە ناوی سوپا. ئەگەر ئەم گریمانە قبووڵ بکەین کە بەجیهانیبوون بووهتە هۆی ئەوەی کە ناسنامە گۆڕانی بەسەردا بێ، دەبێ پرسیاری ئەوە بکەین کە سوپا وەک دامەزراوەیەک لە ناو دەوڵەت- نەتەوەدا دەتوانێ چۆن گۆڕانی بە سەردا بێ؟
لەم چوارچێوەدا ڕاوەستە لەسەر کاریگەریی بەجیهانیبوون لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی لە ئاستی وڵاتانی لە كاتی پێشکەوتن یان جیهانی سێیەم دەکەین. چونکە بابەتەکەی ئێمە لەم خانەدا جێگای دەبێتەوە و ئەم نووسراوە لە تاقەتیدا نییە کە ئاوڕ لە هەموو ڕەهەندەکانی بداتەوە. کەواتە پرسەکە پەیوەستە بە دەوڵەت- نەتەوە و گۆڕانکاری لە ناسنامە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دامەرزراوەی سوپاش دادەنێ.
لە دەسپێک و وەک گریمانەیەکی سەرەتایی، دەتوانین ئاوا ئاماژەی بۆ بکەین کە پرسی دەوڵەت- نەتەوە لە وڵاتانی لە کاتی پێشکەوتن بەر لە هەموو شتێک بە دەست لاوازبوون و لەناوچوونی ناسنامەی نەتەوەیییەوه دەناڵێنێ. چونکە بە هۆی بەجیهانیبوونەوە ناسنامەی نەتەوەی باڵادەست ئیتر ناتوانێ مانا و واتای هەبێ بۆ هاووڵاتیان و، شوناسە ژێردەستەکان لە سەردەمێکدا دەژین کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەرفەت و بوار بۆ دەرکەوتنیان ساز دەبێ. بۆیە کاتێک ناسنامەی نەتەوەی باڵادەست چووە ژێر پرسیارەوە لەو ڕێگەیهشەوە دامەزراوەکانی پەیوەست بەم ناسنامەوە دەکەونە ژێر پرسیارەوە. لەم نێوەدا سوپا یەکێک لەو دامەزراوانەیە کە لە سەردەمانی ڕابردوو کەرەسەیەک بوو کە لەو ڕێگەیهوە پارێزگاریی لە ناسنامەی نەتەوەی باڵادەست دەکرد. بەڵام کاتێک قەیرانی خودی، دەوڵەتی- نەتەوە دەگرێتەوە، ئەم سوپایەش هێز و توانای خۆی لەدەست دەدا، لاواز دەبێ یان بەدوای فۆرمێکی تر لە ناسنامەدا دەگەرێ کە بتوانێ بەردەوامی بە بوونی خۆی بدات. بۆیە سوپا لە فۆرمی دەسەڵاتداری و هێمایی خۆی بەتاڵ دەبێتەوە و ئیتر گەڕان بۆ بچووکبوونەوە لە چوارچێوەی شوناسێکی دیاریکراو یان ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو دەبێتە پێوانە. لە هەمان کاتدا بە هاتنەئارای قەیران لە سوپا، ئیتر مەوداکان بۆ دابەشبوونی دەوڵەت- نەتەوە یان دابەشبوونی دەسەڵاتەکان ساز دەبێ کە ئیتر سوپا ناتوانێ و لە توانایدا نابێ باڵ بە سەر هەموواندا بکێشێ.
بۆ دەرخستنی ئەوەی کە تا چەندە ئەم گریمانە دەتوانێ ڕاست بێ، لێرەدا ئاوڕ لە سێ سوپا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەینەوە تاکو لەو ڕێگەیهوە بەشێک لە ڕاستییەکانمان بۆ ڕوون ببێتەوە. لە هەڵبژاردنی ئەم سێ نموونەیهدا سێ بگۆڕ ڕۆڵ دەگێڕن. پێکدادانی ئایدیۆلۆژیی ئایینی لە عێراق، ڕاپەرینی زۆرینە بەرانبەر بە کەمینە لە سوریا و قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵاتداریی سێکولار بۆ ئایینی لە تورکیا. ئەم بگۆڕانە هەموویان لە خانەی ئەو قەیرانانەوە سەرچاوە دەگرن کە بەجیهانیبوون یەکێک لە هۆکارەکانی بووە.
سوپای عێراق
سوپای عێراق پاش هاتنی ئەمریکا و لە ڕێگەی ئەوانەوە لەناو چوو. بەڵام ئەمە دیتنی زۆر سادەی بابەتەکەیە. چونکە هەموو سوپایەک هەڵگر و خاوەن بەستێنێکی کهلتووری و کۆمەڵایەتییە. کاتێک ئەم بەستێنە نەما، دەبێ وێنای ئەوە بکەین کە سوپا بوونی نامێنێ. لە نموونەی عێراقیشدا بەستێنی کهلتووری و کۆمەڵایەتی نەما و باشتر وایە بڵێین کە دابەش بوو و بوو بە هۆی لەناوچوونی ئەو بەستێنەی کە دەیتوانی نوێنەرایەتیی سوپا و بوونی بکات.
ڕەهەندێکی تر لە سوپای عێراق ئەوە بوو کە هەرچەند سوپا نوێنەرایەتیی شوناسی نەتەوەیی نەدەکرد، بەڵام پشتیوان و پارێزەری ناسنامەی حاکم بوو. بۆیە سوپا لێرەدا بوو بە کەرەسەیەک کە هۆکار و بکەری توندتیژیی دژ بە ناسنامە سەرکوتکراوەکان بوو و کاتێک لەناو چوو، هیچ سۆزێکی بەجێ نەهێشت جگە لە ناو سوننەکان کە ئەم سوپایە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی ئەوانی دەکرد.
پرسیارێک کە لێرەدا سەر هەڵدەدا ئەوەیە کە بۆچی سوپای عێراق لە پاش تێکشکانی لە لایهن هاوپەیمانانەوە هیچ ئاوسەوارێکی لێ نەما و دواجار بە چ ئاراستەیەکدا ڕۆیشت؟
پێدەچێ تێکشکانی سوپای عێراق لە یەکەم نیشانەکانی دەرکەوتنی گواستنەوەی ململانێی نێوان شارستانییەتەکان بۆ ململانێی نێو شارستانییەتەکان بێت. بە واتایەکی تر پاش ئەوەی عێراق داگیر کرا، زۆرینەی شیعە کەوتە ململانێی کەمینەی شیعە و ئیتر بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەمریکا کەوتە ئاستی دووەمی بەریەککەوتنی نێوان هێزەکان. بۆیە شەڕێک لەم وڵاتە سەری هەڵداوە کە ئایدیۆلۆژیای ئایینی ڕۆڵی کاریگەر و سەرەکی دەگێرێ. سوپا، بوو بە سوپای شیعە و لە دەرەوەی ئەوان شوناسەکانی تر وەک سوننە و کوردیش بە دوای سازکردنی هێزی بەرگریی خۆیان بوون. سوپا لەم وڵاتە نەیتوانی ببێتە دامەزراوەیەکی نیشتمانی و پارێزەری هاووڵاتیان. بەڵکوو بوو بە نوێنەری ئەقڵییەت و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو. بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تواناکانی سوپا لە چوارچێوەی وڵاتدا تەسک و قەتیس کرایەوە، تاکو سەرهەڵدانی داعش.
لە ئێستادا ئەوەی لە خەیاڵ و وێنای تاکی عێراقیدا بوونی نەماوه، بێسوپایییە. هەرچەن وەک دامەزراوە بوونی هەیە، بەڵام لە بواری کهلتووری و کۆمەڵایەتییەوە هیچ پێگەیەکی فراوانی نییە، نە لە ئاستی شیعەی دەسەڵاتدار و نە لە نێوان سوننەی پەراوێزخراودا. بۆیە هێزی تر وەک حەشدی شەعبی، حەشدی نەتەوەیی جێگای سوپایان گرتووهتەوە. لێرەوەیە کە لەگەڵ قۆناغێک لە ژیانی سیاسیی عێراقدا دەژین کە سوپا وەک یەکێک لە هێما و نیشانەکانی دەسەڵاتداریی نەتەوەیی، بوونی نییە و نابێ. کەواتە سوپای عێراق بۆ هەمیشە بوو مێژو.
سوپای سوریا
یەکێکی تر لەو سوپایانەی کە لەم ساڵانەدا هەرەسی هێنا سوپای سوریایە. سوپایەک کە وەک عێراق ڕووبەرووی ڕووخانی دەرەکی نەبووهوە، بەڵام لە ناخی خودی کۆمەڵگهی سوریدا هەوێنەکانی ڕووخانی سەریان هەڵدا. پێدەچێ کە نموونەی سوریا یەکێک لە باشترین ئەو نموونانە بێ کە چۆن شۆڕشی تەکنۆلۆژیا لە چوارچێوەی "شۆڕشی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان" و وەک دیاردەیەک لە بابەتی بەجیهانیبوون، بوو بە هۆی هەرەسهێنانی. پرسێک کە پێویستە لێرەدا ڕاوەستەی لەسەر بکەین ئەوەیە کە دەوڵەت- نەتەوەی سوریا کە کەمینە نوێنەرایەتیی دەکرد و بەو پێیەش سوپاش پارێزەری ئەم کەمینە و خەیاڵەکانی بوو، بە هۆی بەهاری عەرەبییەوە ئەم ناسنامە و دامەزراوەکانی بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی زۆرینە هات و دەوڵەت لە بواری دەسەڵاتدارییەوە، کرا بە خاوەن ئەو شوناسەی کە نوێنەرایەتیی دەکرد و لە بواری دامەزراوەی سوپاوە پانتاییی دەسەڵاتەکانی لە چوارچێوەی ئەو شوناسەدا مایەوە. لێرەدا زۆرینەی سوننە ڕاپەرینی بەرانبەر بە کەمینەی عەلەوی کرد و بۆشایی لە دەوڵەت و ناسنامەکەیدا هاتە ئاراوە کە دەرەنجام سوننە لە چەندین بەرە بوو بە خاوەن سوپا، عەلەوی بە سوپاکەی پێشوویهوه درێژەی بە ژیانی خۆی دەدا و کوردیش سوپایەکی نوێی بۆ خۆی ساز کرد. کۆی ئەمانە پێمان دەڵێ کە جەوهەری بەجیهانیبوون کە جوانی دەبەخشێتە پرسە بچووکەکان، لە سوریادا هاتووتە دی.
لەلایەکی ترەوە ئەوەی تێکچوونی بونیادەکانی سوپا لە سوریا پێمان دەڵێ، ئەوەیە کە هاتنەئارای سوپایەک کە نوێنەرایەتیی دەوڵەت- نەتەوە بکات لەو وڵاتە زۆر ئەستەمە. چونکە وەک چۆن عێراقی پاش ڕووخانی سەدام پێشانی دا کە داڕمانی سوپای بەعس دەرگاکانی بۆ هاتنەئارای سوپای نوێ خۆش کرد، بە هەمان شێوەش لە ئێستاوە کەس ئەگەری ئەوەی لا ساز نابێ کە سوپایەک بە تایبەتمەندییەکانی ڕابردوو لە سوریا سەر هەڵبداتەوە، چونکە بەستێنی کهلتووری وکۆمەڵایەتیی سوپا واتای نهماوه.
سوپای تورکیا
نموونەی سوپای تورکیا لە نموونەی عێراق و سوریا جیاوازە. چونکە لە بواری مێژوویییهوه ئەم سوپایە هەڵگری مێژوویەکی جیاواز و دەوڵەمەندە و لە بواری پەیوەستبوونی بە ناسنامەی کۆمارە نوێیەکەی تورکیاوە و لەگەڵ ئەوانی تر جیاوازی هەیە. چونکە ئەوەی سوپای تورکیا جیا دەکاتەوە، سوپا دەبێتە بەشێک لە ناسنامەی تورکی و پارێزەری و هەروەها خاوەن شەرعییەتێکی نێونەتەوەیی بوو وەک ئەندامی ناتۆ. جیا لە پرسی کورد، ئەم سوپایە خاوەن بەستێنی کهلتووری و کۆمەڵایەتیی تورکیا بوو کە گرێدراوی ناسنامەی تورکی بوو.
ئەو قەیرانەی کە تووشی سوپای تورک بووهتەوە لە زۆر ڕەهەندەوە دەتوانێ کۆتاییی ئەو سوپایە بێ، کە وەک سوپای تورکیا دەناسرا و دەتوانین هێمای ئەوە بکەین کە ئەم سوپایە بەرەو ئاراستەیەک دەڕوا کە ئیتر وەک سوپاکەی سەدام یان وەک سوپاکەی کۆماری ئیسلامی، ببێت بە دامەزراوەیەک کە پاراستنی دەسەڵاتداران دەبێته ئەرکی.
ئەم دەرەنجامە لەو دوو ڕەهەندەوە زیاتر گرینگە. یەکەم ئەوەی کە ململانێ لەسەر سوپا کۆتایی بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی کەماڵیزم لە سیاسەتی تورکیا هێناوە و دووەم سوپا وەک یەکێک لە هێماکانی نەتەوەی باڵادەست ئیتر توانای ماناسازیی نامێنی.
لە چوارچێوەی سیاسیی تورکیا، سوپا ڕۆڵێکی بەرچاو و مێژووییی هەبووە. ئەم ڕۆڵە لە سەردەمی ئهتاتورک، بوو بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی پاراستن و یەکگرتووییی کیانی سیاسیی تورکیا. بەڵام کاتێک ئەم سوپایه بەم ڕۆڵە گرینگەوە کەوتە ناو ئەو گوتار و سیاسەتەوە کە ململانێی هێزە ئیسلامییەکانە و بەم کۆدەتایە هەموو هەوێنەکانی کۆماری نوێی تورکیای لێ سەنرایەوە، ئیتر دەتوانین وا وێنای بکەین کە سوپا جەوهەری سەرەکیی بوونی خۆی لەدەست داوە و شوناسی تورکی و یەکپارچەییی تورکیا خاوەن هێزێک نییە کە وەک دامەزراوەی چاودێر یان پاسەوان ڕۆڵ بگێرێت. بۆیە لە ئێستادا سوپای تورکیا چووەتە ناو گەمەیەکەوە کە گەمەی سیاسیی ڕۆژانە لەو وڵاتە چارەنووسی دیاری دەکات، نەک بوون و مانەوەی وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانی.
لە لایەکی ترەوە هەموو ناسیونالیزمێک پێویست بە کۆمەڵە هێمایەکە کە ئەو هێمایانە یان دەبێ بەرهەمهێنەری مانا بن یان دەبێ پارێزەری هێماکان بن. ئەوەی سەبارەت بە سوپای تورکیا ڕووی داوە لە ڕاستیدا لاوازبوون و تێکچوونی ئەو مانا هێمایییە بوو کە سوپای تورکیا نوێنەرایەتیی دەکرد. هۆکارەکانی هاتنەئارای ئەم هەلومەرجە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سوپا بەرانبەر بە تورکەکان ڕاوەستا و دەستی دایە خەڵكکوشتن و لە هەمان کاتدا بەرانبەر بە بەستێن و کهلتوورێک لە تورکیا ڕاوەستا کە هەنگاو بە هەنگاو دەبێتە کۆمەڵگهیهكی موحافزەکار و ئایینی. بۆیە ئەوەی کۆدهتاکە لەگەڵ خۆی بەرهەمی دێنی، لە ناخی خۆیدا سەندنەوەی ئەو مانای هێمایانە بوو کە سوپای تورکیای وەک دامەرزاوەیەکی نیشتمانی و نوێنەری شوناسی تورکی دەزانی.
لێرەوەیە کە دەتوانین بڵێین کە سوپای تورکیا بەو مانایەی کە کەمالیزم و ناسنامەی نەتەوەی تورک وێنای دەکرد لە هەموو مانایەکی کهلتووری و کۆمەڵایەتی بێبەری دەبێ و بەرەو ئاراستەیەکی تر هەنگاو دەنێ.
دەرەنجام
لە سەرەتای بابەتەکەوە بەو ئارگومێنتە دەسمان پێ کرد کە بە هۆی بەجیهانیبوونەوە کۆمەڵە کێشە و ناکۆکی لە وڵاتانی لە کاتی پێشکەوتن یان جیهانی سێیەم دەسیان پێ کردووە کە لە دواییدا ناسنامەی ئەو وڵاتانەی تووشی کێشە کردووە یان دەکات. لەم بوارەدا ڕاوەستەمان لەسەر سێ سوپا کرد وەک دامەزراوەیەک کە زۆرترین کێشەی بەر دەکەوێ. بۆ سەلماندنی ئەم پرسە ڕاوەستەمان لەسەر سێ نموونە لە سوپا کرد کە هەر یەکەیان بە شێوەی جیاواز دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە قەیرانەکە تا چەندە قووڵ و وەک ڕاستییەک خۆی دەنوێنێ. بۆیە، سوپاکان تا دێن بچووک دەبنەوە یان دەبنە کەرەسەیەک بە دەس گەمە سیاسییە ڕۆژانەکان، بە مانای دابەشبوون و بێمانابوونیان لە ئاستی نەتەوەییدا. بۆیە لاوازی و نەمانی سوپاکان دەتوانێ سەردەمێکی تر بێ، بۆ سەرهەڵدانی سوپاگەلێکی نوێ کە زۆرتر لە بەستێنی کهلتووری و کۆمەڵایەتیی خۆیانەوە نزیک ببنەوە، کە دەتوانێت لە نموونەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بچووک و بچووکتر ببنەوە.