ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە سووریا

کامەران محەمەد عەزیز / مامۆستا لە کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەلاحەدین، ماستەر لە بواری ئاسایشی جیهانی

پێشەکی:

ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لایەن ئەمریکا و ڕووسیا لە ٢٧/٢/٢٠١٦، بووە هۆی ئەوەی کە توندوتیژی بۆ یەکەم جار بە ئاستێکی زۆر لە چەند ڕۆژێکدا لە سووریا کەم ببێتەوە و، لە کاتی خۆی هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ لێکنزیکبوونەوەی ئەمریکا و ڕووسیا لەسەر گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان؛ بەڵام دواتر شەڕ لە نێوان هێزە جیاوازەکان دەستی پێ کردەوە و نەتواندرا ژینگەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و ڕاگەیاندنی ئاگربەست دروست ببێتەوە.

لە ئێستادا، ڕاگەیەناندنی ئاگربەستی هەنووکە، لە ناوەڕۆک و شێوەدا لە هەمان ئاگربەستی مانگی شوبات دەچێت، بەڵام ئەم جارە تێگەییشتنی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا لەسەر گەییشتن بە ڕێککەوتنێک، لە ئاستێکی بەرزتردایە و جولێنەر و بزۆزییەکانی هێزیش گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. هەروەها له‌ لایەن و ئەکتەرە ناوخۆیی و هەرێمییەکانیش گەییشتوونەتە دەرەنجامێک کە یەکلاکردنەوەی جەنگەکە بەو ئاراستەیەی دەیخوازن و پاراستنی تەواوی بەرژەوەندییەکانیان کارێکی ئاستەمە، بەتایبەت لە قۆناغی ئێستا و ئاییندەیەکی نزیکدا. لەبەر ئەوە، پێشبینی دەکرێت خواستەکانی شکاندنی ئەو ئاگربەستە لە لایەن دوو لایەنی ئاگربەستەکە، کە ئۆپۆزسیۆنی سووریا و سوپای ئەسەدن، لە کاتی ئێستا کەمتر بێت لە خواست و مەیلەکانی شکاندنی ئاگربەستی مانگی شوبات. سەرەڕای ئەوەیش پڕۆسەکە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە هێزەکانی ئەسەد توانا و کۆنتڕۆڵیان بەسەر مەیدانەکانی جەنگدا لە هەر کاتێکی ڕابردوو زیاتر بووە.

بۆیه‌، ئەگەر لەژێر چاودێری و کاریگەرییەکی بەردەوامی ڕووسیادا نەبێت ئەوا ترسی شکاندنی ئاگربەست لە لایەن ئەسەده‌وه‌ دەست پێ دەکاتەوە، بەتایبەت كه‌ ئەسەد ترسی لە دووبارە خۆڕێکخستنەوەی گرووپە چەکدراییەکانی ئۆپۆزسیۆن هەیە. بۆیە، تەنانەت جۆن کێری و سێرجی لاڤرۆڤ بەتەواوەتی لە سەرخستنی ئاگربەستەکە گەشبین نین، چونکە لە بەستێنێکی بەرشکەست و ئاڵۆزدا بەڕێوە دەچێت، کە تیایدا چەندین ئەکتەری ناوەخۆیی و هەرێمایەتی، دەتوانن ببنە هەڕەشە لەسەر ڕۆژانی ئاییندە. بۆیە ئەمریکا و ڕووسیا سیاسەتێکی ڕاشنالیستی و واقیعییانەیان گرتۆتە بەر و، ئەو هەنگاوەیشیان لە چوارچێوەی ستراتیژیەتێکی فراوانتردا بەڕێوە دەچێت. بەشێکە لەو پێداویستی و هەنگاوه‌ تەکنیکییانەی کە دەبێت لە مەیداندا ڕوو بدەن، کە مەبەستی کۆتایی لێی، گەییشتنە بە ڕێککەوتنێکی سیاسی لەسەر ئایندەی سووریا.

ئامانجە کورتمەوداکانی ئاگربەستی ١٢/٩/٢٠١٦

یەکەم: ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەسەد و، کەمکردنەوەی پێکدادانی توندوتیژیی نێوان ئۆپۆزسیۆنی سووریا و سوپای ئەسەد، دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام، بۆ چەند ڕۆژێک، لە پێناو گەییشتنی یارمەتی بۆ هاووڵاتییە مەدەنییەکان، بەتایبەت لە حەلەب.

دووەم: پێکهێنانی ناوەندێکی سەربازیی هاوبەش لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا، بۆ هێرشکردنە سەر داعش و فەتح شام و جیاکردنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە گرووپە چەکدراییە تیرۆریستییەکان.

ئامرازەکانی ئەمریکا و ڕووسیا لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە

یەکەم: ڕووسیا، توانای خۆی بەسەر ئەسەد و ئێران و حیزبوڵا بەکار بهێنێت، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەسەد بۆ سەر مەدەنییەکان، بەتایبەت هێرشە ئاسمانییەکان.

دووەم: ئەمریکا، لە ڕێگای توانای خۆی بەسەر هێزی ئۆپۆزسیۆندا، هانی گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزسیۆن بدات، بۆ جیاکردنەوەی خۆیان لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش و فەتح شام.

ئامانجە درێژمەوداکان و ژینگەی ستراتیژیی ئاگربەستەکە

کارکردنی ئەمریکا و ڕووسیا لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی هاوبەشدا، دەری دەخات کە ئەولەویەتی ئەمریکا لە جەنگی سووریادا گەییشتنە بە ڕێککەوتن، جا لەگەڵ هەر هێزێکدا بێت. بەڵام بۆ تێگەییشتن لە ناوەڕۆکی ئاگربەستەکە لە ئاستێکی فرانتردا، پێویستمان بە تێگەییشتن لە کات و سروشتی ئەو ڕێککەوتنە و هەروەها ستراتیژیەتی باڵای ڕووسیا و ئەمریکا دەبێت لە جەنگی سوریادا. چونکە ئەو ڕێککەوتنی ئاگربەستە، بە ڕووداوێکی گەورەی ستراتیژی، کە ئاراستەکانی جەنگی سووریا بگۆڕێت دانانرێت. مەبەستی گەورەیش لێی، کۆتاییهێنان بە جەنگ نییە، تەنانەت ئەگەر هاتوو هەردوو لایەنی سەرەکیی ئاگربەستەکه‌یش بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەوه پابەند بوون، بەڵکوو بەشێکە لەو ستراتیژیەتەی، کە دەستی پێ کردووە بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی لە درێژماوه‌دا، ئەگەر مومکین بێت، دواتر دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ هەر قۆناغێکی ئینتیقالی لە سووریادا. بۆیە، ڕاگەیاندنی ئاگربەست و دروستکردنی ناوەندێکی عەمەلیاتی هاوبەشی ئەمریکا و ڕووسیا، یەکێکە لە پێداویستییە گرنگەکان بۆ دروستکردنی ژینگەیەک، کە دەستپێکردنی هەر قۆناغێکی ئینتیقالی پێویستیەتی.

ئەوەی ئەمریکا لە جەنگی سووریادا لە ڕووسیای دەوێت، تا ڕاددەیەکی زۆر، ڕوونە: ئەمریکا، دەیەوێت ڕووسیا هێرش نەکاتە سەر ئەو هێزانەی کە ئەمریكا خۆی پشتگیرییان دەکات، هەروەها ڕێگە بە ئەسەد نەدات هێرش بكاته‌ سەر خەڵکی مەدەنی. ئەوەی ڕووسیا لە ئەمریکای دەوێت، تا ڕاددەیەکی زۆر، ئاڵۆزە: پێ دەچێت، ڕووسیا هەژموونی خۆی بەسەر ڕووداوەکانی سووریا و ناوچەکە بەکار بهێنێت، وەکو چەکێک بەرامبەر ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بەسەر ڕووسیادا. جگە لەو خوێندنەوانە، ستراتیژیەتی گەورەی ئەمریکا لە قۆناغەکانی کۆتاییی جەنگی سووریا، ئەوە بووە کە بەبێ ناردنی هێزی سەربازیی ئەمریکا، لایەنەکان بگه‌نە ڕێککەوتن. ئەولەویەتی ئەمریکا لە شەڕی داعش و جەنگی سووریا، ئەوەیە کە بەبێ بوونی سەربازی ئەمریکی لە مەیدانەکانی جەنگدا، ئەمریکا بتوانێت بەرژەوەندییەکانی بپارێزێ. لە هەمان کاتدا، ئەمریکا لە جەنگێکی زۆر ئاڵۆزدایە لە ئەفغانستان، عێراق، سووریا، لیبیا و یەمەن و، تەواوی ئیدارەی ئۆباما خۆی دوور گرتووە لە ناردنی هێزی سەربازیی ئەمریکا بۆ مەیدانە جیاوازەکان لەو وڵاتانەدا. بۆ ئەوەیش كه‌ ئەمریکا بتوانێت ئەو کارە بکات، پێویستیی بە "رێککەوتن" هەبووە لەگەڵ چەندین ئەکتەری جیاواز، کە تەنانەت بەرژەوەندیی ستراتیژیی جیاوازیشیان لەگەڵ یەکدی هەبووە.

زیاتر لەمەیش، پێکدادانی گەورە، لە ئامانجە ستراتیژییە باڵاکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی وەکو ڕووسیا و ئێران‌ و، لە ئێستایشدا تورکیا، هه‌بووه. بە هەمان شێوە، لێکنزیکبوونەوەی ئەمریکا لەگەڵ ڕووسیا، لەگەڵ ئامانجە ستراتیژییە باڵاکانی ڕووسیادا یه‌كی گرتووه‌ته‌وه‌، کە بریتییە لە پارێزگاریکردن لە هەژموون و قووڵاییی ستراتیژی و بواری فراوانکردنی خۆی لە ناوچەکە. تەنانەت ڕووسیا وای کردووە، تورکیا، کە ئەندامێکی سەرەکیی ناتۆ و ئەکتەرێکی گرنگی جەنگی سووریایە، ناچار بکات بچێتە ڕێککەوتنەوە لەگەڵ ڕووسیا. بۆ ڕووسیا، جەنگی سووریا گەورەترە لەوەی کە تەنیا پارێزگاری لە ئەسەد بکات، بەڵکوو مومارەسەی هێز و پێگەی خۆی دەکات لە جیهاندا.

ئەمریکا ڕێگەی بە تورکیا داوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە باکووری سووریادا دەست پێ بکات، کە یەکێک لە بنەماکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە، بەهێزکردنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنە. لەبەر ئەوە، ئەمریکا پێویستیی بە زەمینەیەکە تاوەکو بەهێزکردنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوننە، نەبێتە هۆی پێکدادانی زیاتر لەگەڵ هێزەکانی ئەسەددا، چونکە ئەگەر ئەوە ڕوو بدات بەرژەوەندیی ئەمریکا لە گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی، پارێزراو نابێت. بۆیە، چوونە هەر ڕێککەوتنێکه‌وه‌ لەگەڵ هێزە جیاوازەکان، لە پێناو کەمکردنەوەی ئاستی توندوتیژی و، دواتریش بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی درێژخایەنتر، ئامرازێکی گرنگی سیاسەتی ئەمریکایە بۆ پاراستنی ئەولەویەتی ستراتیژیەتی خۆی لە ناوچەکە. بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەگەر هات و، ئەو ئاگربەستەیش ڕووبەڕووی هەڕەشە بوویەوە و بەتەواوەتی بە ئامانجەکانی نەگەیشت، ئەوا لە قۆناغەکانی ئاییندەدا هەوڵی زیاتر بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست بدرێتەوە.

بەربەستەکانی بەردەم ئاگربەستەکە

یەکەم: ئەمریکا و ڕووسیا لە ئێستادا، بەرژەوەندیی هاوبەشیان لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست هەیە. ئه‌م دوو وڵاته‌، دەتوانن کاریگەریی گەورەیان لەسەر بەشێک لە ‌هێزە لۆکاڵییەکان هەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش هێزە لۆکاڵییەکان بەتەواوەتی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکا و ڕووسیادا نین و، هێز و کاریگەریی ئەو گرووپە چەکدارییە ناوەخۆیییانە لە گۆڕانکاریی بەردەوامدایە. جگە لەوەیش، لە نێو خۆیاندا دابەشبوون و باڵی جیاواز جیاواز، بوونیان هەیە. بۆیە، هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا بەریەکدی کەوتنەوە و نەیانتوانی کۆنتڕۆڵی جووڵەی هێزەکانی ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن بکەن، ئەوا ئەو کاتە ناتواندرێت ئاگربەستێکی درێژخایەن دروست بێت.

دووەم: لە پاڵ هێزەکانی ئەسەد و هێزەکانی ئۆپۆسیۆن، چەندین هێزی گرنگ هەن کە لە جەنگی سووریادا کاریگەرن. لە نێوان ئەو هێزانەدا، سنوورێکی دیاریکراو نییە بەڵکوو هەم ئەجێندا و هەم بەرژەوەندییەکانیان تێکهەڵکێشن. هەموو ئەوانە وا دەکەن داینەمیکەکانی هێز لە جەنگی سووریادا زۆر ئاڵۆز و هەندێک جاریش دژبەیەک بن. ئەو ئاڵۆزی و دژبەیەکییانەیش ژێنگەیەکی ئەمنیی زۆر نادڵنیا و ناڕۆشنیان دروست کردووە، کە یەکێک لە دەرهاوێشتەکانی، نەبوونی متمانەی نێوان هێزەکانە.

سێیەم: داعش: تا ئەوکاتەی داعش لە سووریا و ناوچەکە بوونی مابێت، دروستکردنی هەر ژینگەیەکی سیاسی بۆ قۆناغی ئینتیقالی لە سووریا، ئاستەم دەبێت؛ چونکە بوونی داعش، بووەتە هۆی دەستێوەردانی تورکیا و سعوودیا و ئێران. دەستتێوەردانی ئەو ئەکتەرانەیش، بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین کەناڵ و گرووپی ناوەخۆییی جیاواز، کە بۆ بەرژەوەندیی جیاوازی ئەو وڵاتانە لە سنووری جوگرافیی جیاواز و لە هەندێک شوێنیش لە هەمان جوگرافیادا کار دەکەن و، داعش وەکو ئەجێندا و هزر لە نێو گرووپە چەکدارییە جیاوازەکاندا بوونی هەیە. لەبەرئەوە، کاتێک ئاگربەست ڕادەگەیه‌نرێت، جەنگی نێوان داعش و هێزە جیاوازەکان بەردەوام دەبێت.

وانەکان بۆ کورد

ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، بەتایبەت لە سووریا، عێراق، لیبیا و یەمەن، دەری دەخەن کە ئەمریکا بە تەنیا ناتوانێت ئاراستەی جەنگەکان و نەخشەڕێگای پڕۆسە سیاسییەکان دیاری بکات، یا ڕەنگە خواستی ئەوەی نەبێت، چونکە ئەولەویەتی گەورەی ستراتیژیەتی ئەمریکا لە ماوەی دوو ئیدارەی ئۆبامادا، بریتی بووە لە دەستێوەرنەدانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو ستراتیژیەتە، ڕێگەی بە ڕووسیا و ئەکتەرە هەرێمییەکانی وەکو ئێران و سعوودیا و تورکیا دا، كه‌ دەستێوەردانی جۆراوجۆر لە کاروبار و ڕووداوەکانی ناوەخۆی چەندین وڵاتدا بکەن.

ئەمریکایش بۆ دەرچوون لە کێشە "چەندسەر" و ئاڵۆزەکانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی، لە غیابی بژاردەی ناردنی هێزی سەربازی، بژاردەی ''ڕێککەوتنی سیاسی''ی لەگەڵ هێزەکاندا هەڵبژاردووە. ژینگەی ئەمنی و ستراتیژی، گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووە، کە یەکێک لە دەرهاوێشتەکانی بریتییە لە پێکدادانی بەرژەوەندی و ئەجێندا جیاوازەکان. بە ناچاریش بژاردەی "ڕێککەوتنی سیاسی"، بووەتە بژاردەیەکی حەتمی. ئەو ژینگە نوێیە، بۆ کورد زۆر سەخت دەبێت تا بتوانێت بگاتە چارەسەر و ڕێککەوتنێکی سیاسی، لە کاتێکدا کە چەندین ئەجێندا و بەرژەوەندیی جیاواز هەن. ڕێگەدانی ئەمریکا و ڕووسیا بە دەستێوەردانی سەربازیی تورکیا لە باکوری سووریا و، بە ئاگاداریی ئێران و ئەسەد، یەکێک دەبێت لەو سیناریۆیانه‌ی ئێمە دەبێت لێی بترسین و وە بەتەواوی سەرچاوەکانی هێزی نیشتیمانیمانەوە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، بەتایبەت کاتێک بەرژەوەندییەکانیان لە دەرەنجامی ڕێککەوتنێکی سیاسییەوە پارێزراوتر دەبێت لەوەی کە پشتگیری کورد بکەن لە گەیشتن بە دەوڵەت و سەربەخۆیی.

سەرەڕای ئەو مەترسییانەش، سروشتی ژینگەی ئەمنی و ستراتیژی لە سوریا و عێراق و ناوچەکە لە ئێستادا گوزراشتە لە پێکدادان و بەریەکدیکەوتنی چەندین پڕۆژەی جیاوازی هێزە جیهانی و هەرێمایەتی و ناوەخۆییەکان، یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەو ژینگەیە ئەوەیە کە لە ئاستی هەرێمایەتی هێزەکانی وەکو تورکیا و ئێران و بەغدا و ئەسەد ناتوانن بچنە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنەوە لە دژی کورد، چونکە ڕووداوە خێرا و پێشبینینەکراوەکانی ناوچەکە وا دەکات ناکۆکی نوێ لە نێوان ئەو هێزانەدا دروست ببێتەوە، بۆیە تێگەیشتن لە ژینگەی ئەمنی و ستراتیژی ناوچەکە کارێکی حەتمییە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples