ڕێککەوتننامەى ئەمریکى-تورکى سەبارەت بە "مەشقکردن و پڕچەککردنى" ئۆپۆزیسیۆنى سوورى 2015

سەرەتا، پێویستە بزانین کەوا ئەم ڕێککەوتننامەیە لە ڕێکەوتى (19 شوبات 2015) لە شارى ئەنقەرە، به‌ ناونیشانى "ڕێکكەوتننامەى مەشقکردن و پڕچەککردنى" ئۆپۆسیۆنى سووریى میانڕەو، له‌ نێوان ئەمریکا و تورکیا واژوو کرا و، لە سەرەتاى مانگى نیسانى 2015 جێبەجێ کرا. ئه‌مه‌یش ده‌ره‌نجامی (9) مانگى بەردەوامە لە گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان هەردوو لایەن و هاوپەیمانانەکانى دیکەى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بە شێوەیەک کە هەموویان به‌و قه‌ناعه‌ته‌ گه‌ییشتن کەوا پێویستە سیاسەتى ئەمریکا دوو پرۆژە ئاوێتە بکاتەوە، کە بریتیین لە:

1- ڕووخاندنى ڕژێمى سوورى؛ ئەمەیش هەڵوێستى تورکیا و سعوودیا و قەتەر و ئیماراتە.

2- هەڵکێشاندنەوەى ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و سووریا، بەتایبەتى داعش و "بەرەى نوسرە"؛ ئەمەیش هەڵوێستى حکوومەتى ئەمریکایە.

ئامانجێکى سەرەکیی دیکە لەپشت ئەم ڕێکكەوتننامەیە هەیە، کە بریتییە لە نەهێشتنى پەرتەوازەییى پێکهاتەکانى ئەنجوومەنى نیشتمانیى سوورى و سوپاى ئازادى سوورى، لە ڕووى ئەوەى نوێنەرى ڕەوا و ڕاستەقینەى گەلى سووریان. ئەمەیش، بەپێى ڕێکكەوتننامەکە، دەکرێ لە ڕێگەى کارى هاوبەشه‌وه‌ لەسەر بەهێزکردنى ئەم ئەنجوومەنە، لە ڕێگەى  پێشکەشکردنى مەشقى سەربازى و پڕچەکردنى ڕێکخراو، بە شێوەیەک کە 15 هەزار سەرباز له‌خۆ ده‌گرێ، بە ڕێژەى 5 هەزار سەرباز لە هەر ساڵێکدا، ئه‌نجام بدرێ. لەم بوارە، تورکیا، بە هەمەهەنگیى ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوپاى ئەمریکیدا، (3) کامپى سەربازى لەناو وڵاتى خۆى دروست ده‌كات، ئەمیش، دابینكردنی چەک و تەقەمەنى و ڕاوێژکارى سەربازى بۆ ئۆپۆزیسیۆنى سوورى له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێ، ئەمە جگە لە ئەگەرى دروستکردنى چەند کامپێکى سەربازیى دیکە لە ئوردن و قەتەر و سعوودیا. به‌ڵام وا دیارە، بابەتەکە بۆ قۆناغى دواى هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا دوا خراوە، چونکە ئەمریکییەکان تاکو ئێستا بە شێوەیەکى هێمنانە شەڕى داعش دەکەن (شێوازى دیموکراتەکان)، نەک بە شێوەى هەڵمەتى سەربازیى بەرفراوان و ڕاستەوخۆ (شێوازى کۆمارییەکان).

لەم بارەیەوە، سەرکردایەتیى سوپاسالارى ئەمریکى ڕای گەیاند سەره‌تاى مانگى شوبات (پێش واژووکردنى ڕێكکەوتننامەکە)، کە ئەمریکا بەنیازە 400 سەربازی خۆی، بەمەبەستى مەشقکردن بە ئۆپۆزیسیۆنى سوورى، ڕەوانەی توركیا بکات. هەروەها خودى ئۆپۆزیسیۆنى سوورییش ئازادە دژى داعش و هێزە توندڕەوەکان، هەروەها دژى ڕژێمى سوورى بجه‌نگێت. لە هەر دوو حاڵەتدا، دەتوانێت لە پاڵپشتیى ئاسمانیى هاوپەیمانان سوودمه‌ند بێت. ئەم ڕاستییەیش واتایەک دەگەیه‌نێت کەوا: ئەمریکا، شان بە شانى ئامانجەکانى خۆى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، ئامانج و ڕیزبەندى ئامانجەکانى هاوپەیمانانى ڕێک دەخات، بۆ ئەوەى زەمینە بۆ قۆناغى دواى داعش خۆش بكات.

لە لایەکى ترەوە، پێویستە ئاماژە به‌وه‌یش بکرێت کە ئەم ڕێکكەوتننامەیە پڕۆژەى دروستکردنى ناوچەیەکى پارێزراو، بە درێژاییى سنوورەکانى تورکیا و سووریای فەرامۆش کرد؛ بۆ ئەوەى جارێکى دیکە، ئەزموونى دروستکردنى پەناگەیەکى ئارام بۆ ئۆپۆزیسیۆن و سڤیلەکان بەگشتى، دووبارە نەبێتەوە. تورکیا، بە هۆى مەترسیى دووبارە دروستبوونی هەرێمێکى کوردستانى دیکە، لە کاتى دانوستاندنەکاندا ئەم پرۆژەیەى بەتوندى ڕەت دەکردەوە. بەڵام بەپێى ڕێکكەوتننامەکە، ئەم دژایەتییە، ڕێ له‌ ئه‌مریكا ناگرێ كه‌ سوود لە بەکارهاوردنى کامپە سەربازییەکانى تورکیا بۆ هێرشی ئاسمانى دژى مۆڵگەکانى داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانى تر لەناو خودى سووریا و عێراق، وه‌ربگرێت.

لەم بارەیەوە، چەند هۆکارێکى بنەڕەتى لەپشت واژووکردنى تورکیا لەسەر ئەم ڕێکكەوتننامەیە هەبوون. لە لایەکەوە، تورکیا دەیبنینى کە خانەکانى ڕێکخراوى داعش، خه‌ریكه‌ وردە وردە لەناو خودى بازنەى تورکیا، بەتایبەتى دژى هاووڵاتیانى دەوڵەتە هاوپەیمانەکان و شاندە دیپلۆماسییەکانیان، لە ڕێگەى ڕفاندن و کوشتنه‌وه چالاکى ئەنجام دەدەن. ئەمەیش دەبێتە مەترسییەکى بنچینەیى بۆ خودى ئابووریى تورکیا، کە لە حاڵەتى ڕوودانى و، بوونى بە دیاردەیەکى بەرچاو، تووشى قەیرانێکى فراوانى دەکات. ئەم مەترسییەیش بە شێوەیەکى ئاشکرا، هاتە دى.

لە لایەکى دیکەوە، بەپێى وتەى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى تورکیا، فرەیدون سینیرلى ئۆگڵو: "ئەم ڕێکكەوتننامەیە هەنگاوێکى گرنگە لە چوارچێوەى کاراکردنى هاوبەشى ستراتیژى لەگەڵ ئەمریکا، جا واژووکردنى ڕێکكەوتننامەکە هەنگاوێکى سەرەتایییە لە ڕێبازێکى درێژ، کە پێویستیى بە کارى زۆرە لە هەردوو لایەنەوە". ئەم وتەیەیش ئەوە دەگەیه‌نێت، حکوومەتى تورکیا پێشبینی ده‌كات كه‌ ئه‌مریكا له‌ ئایینده‌یه‌كی زۆر نزیكدا، دژى ڕێکخراوى داعش بەتایبەتى لە عێراق و سووریادا، دەستێوەردانى زەمینى بكات. هەر بۆیە، له‌ سەرەتاى ساڵى 2015، ئەمریکا 4 هەزار سەربازى ڕەوانەی كوێت کرد. هەروەها، بۆ ئەم مەبەستەیش فەرەنسا لە کۆتاییى مانگى ڕابردوو، نزیكەى 5 فڕۆکەى ستراتیژیى خۆى ڕەوانەى ئوردن کرد.

ئەمە جگە لەوەى کە ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنامەى ئەتۆمى، لە دانوستاندنێکى پتەو و ڕاستەوخۆدان، چونکە ئێران دەیەوێت پێش گەییشتنى پارتى کۆماریى ئەمریکى به‌ دەسەڵات، ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ واژوو بکرێت. بەڵام ئەگەرێکى بەهێزتر هەیە کەوا لە لایەن پارتى کۆماریى ئەمریکییه‌وه‌، پاش گەیشتنى بە دەسەڵات، هەموو ڕێكکەوتننامەکەى ئەمریکا و ئێران و یەکێتیى ئەوروپا هەڵبوشێتەوە یان پەک بخرێت، چونکە کۆمارییەکان و لۆبیى ئیسرائیل، بە شێوەیەکى گشتى لەگەڵ ڕێکكەوتننامەکە نین. بەم شێوەیە، هەندێ لە فشارى ئابوورى و سەربازى لەسەر هەرێمى کوردستان کەم دەبێتەوە، چونکە فشارەکە بەگشتى، بە شێوه‌یه‌كى ڕاستەوخۆ، لەسەر تورکیا و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى تریشدا دابه‌ش ده‌كرێ.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples