ژینگەی ئەمنی و ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئێستادا لە بەردەم ئاڵۆزییەکی بێوێنەدایە. گۆڕانکارییە خێراکان ئەکتەرەکانی ناوچەکەی بردۆتە دۆخی ئیستیسنائی"state of exception". ژینگەیەک دروست بووە کە تیایدا هەموو گۆڕانکارییەک پێویستیی بە وەڵامدانەوەی ئەمنییانە دەبێت و، تەنانەت هێزە هەرێمایەتییەکانی وەکو تورکیا و ئێران و سعوودیا جگە لەوەی ناتوانن ستراتیژیەتێکی جێگیر و درێژخایەنیان بۆ کێشەکانی ناوچەکە هەبێت، بەڵکو بەرژەوەندییەکانیشیان لە مەترسیدایە. هەموو ئەو ڕووداوانەی لە وڵاتێکی هاوسنوور و دراوسێ ڕوو دەدات، بەئاسایشی (securitize) کراوە، بە مانایەکی دیکە بەسهربازی کراوە، چونکە لە تەواوی ڕەفتاری وڵاتانی ناوچەکەدا، ئاسایش ڕەهەندێکی سهربازیی هەیە. ئەو کاتەیشی ڕووداوێک لە چوارچێوەی ئاسایشی خۆیان دەیخوێننەوە، دەیبەنە ئاستێکی سهربازی و لەناکاوی و ئیستیسنائی، کە پێویست بکات هەموو ئامرازێکی سەرووئاسایی و یاساییی بۆ بەکار بهێندرێت.
هۆکاری ئاڵۆزبوون و ناسەقامگیربوونی ژینگەی ئەمنی و ستراتیژیی ناوچەکە جۆراوجۆرن، بەڵام لاوازبوونی سیستەمی دەوڵەت (State System) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها دەرکەوتنی چەندین گرووپی چەکداری و ئەکتەر و هێزی نانیزامی و نادەوڵەتی، هۆکاری سەرەکین.
یەکەم: سیستەمی دەوڵەت (State System)
سیستەمی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە بەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدایە. دوای ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم و ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ، سیستەمێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوە دروست دەبێت، جگە لەوەی ئەو سیستەمە سنووری نوێی دیاری کرد و لەگەڵ خۆیشیدا پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکەی لەسەر کۆمەڵێک بنەمای نوێ داڕشت: سەروەریی دەوڵەت، یەکپارچەییی خاکی وڵات، دەستپێوەگرتنی دۆخی هەنووکەیی، ئاسایشی دەوڵەت، دامەزراندنی سوپایەکی دەوڵەتی، مەرکەزیەتی دروستکردنی بڕیار، کۆنتڕۆڵکردنی هێز و سوپا لە لایەن ناوهند (مەرکەز)ەوە. لەو کاتەوە یەکێک لە کۆلەکەکانی ڕاگرتنی ئەو سیستەمە، بریتی بووە لە بوونی چەندین حاکمی توندڕەو و ناسیۆنالیستی و تاکڕەو و، بەردەوامیش ئەو حاکمانە، هەموو هەوڵێکی دەرکەوتنی ئەکتەرێکی ناوەخۆیییان سەرکوت کردۆتەوە و نەیانهێشتووە هێز دابەش ببێت، تەنانەت بەسەر دامەزراوەکانی هەمان دەوڵەتیشدا.
لەو ژینگەیەدا، پەیوەندییەکان ڕۆشنتر و ڕووداوەکانیش خێراتر کۆنتڕۆل دەکران و، ئەگەری چوونە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی نێوان دەوڵەتانی نێو ئەو سیستەمە، زۆر زیاتر بوو. بە درێژاییی سەدەی ڕابردوو، بەردەوام هەر هەوڵێک یان ئەلتەرناتیڤێک بۆ سیستەمی دەوڵەت ڕەت کراوەتەوە. هیچ فۆرمێکی حوکمڕانی و سیاسەت لە دەرەوەی "دەوڵەت"دا شەرعییەتی نەبووە و کۆتاییی پێ هێنراوە: لەوانە خەباتی کورد و ئەو نەتەوانەی کە نوێنەرایەتی و دەنگێکیان لە نێو ئەو سیستەمەدا نەبووە، هەروەها هەوڵی زۆری حیزب و لایەنە ئیسلامییەکان لەسەر بنەمای "ئوممەی ئیسلامی"، بەردەوام لەگەڵ ئامانج و بەرژەوەندییەکانی حاکمە ناسیۆنالیست و تاکڕەوەکانی کۆمەڵێک وڵاتی ناوچەکەدا بەریەک کەوتوون: سووریا، عێراق، میسڕ، سعوودیا، لیبیا. لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە، بە شێوەیەکی گشتی تێگەیشتن لە ژینگەی ئەمنی و ستراتیژی سادەتر و ئاسانتر بوو.
بەکورتی لەو قۆناغەدا، هەڕەشە و دەرفەت و پرسە ئەمنی و ستراتیژییەکان لە چوارچێوەی چەند چەمکێکدا لێک دەدرانەوە:
دووەم: دەرکەوتنی ئەکتەری نادەوڵەتی و گرووپی چەکداری نانیزامی
یەکێک لە گۆڕانکارییە گەورەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت لە دوای گۆڕانکارییەکانی "بەهاری عەرەبی" و جەنگی سووریا، بریتی بووە لە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ناوهندهکان و دەرکەوتنی چەندین گرووپ و هێزی نانیزامی و نادەوڵەتی بەتایبەت لە سووریا، عێراق، لیبیا و یەمەن. ئەو گرووپانەیش تا ڕاددەیەکی زۆر، لەسەر بنەمای ناسنامەی گرووپ و کۆمەڵەکانیان لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا (هەڵبەت بە بوونی کێشەی گەورە لەسەر ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان گرووپەکان) ئیدارەی ئەو ناوچەیە دەکەن و توانای ئهوهیان پهیدا كردووه كه لەگەڵ هاوپەیمانەکەنیان، تەنانەت لە دەرەوەی سنووری ئەو وڵاتەیشدا، بچنه نێو پهیوهندییهوه. جەنگی سووریا، بەتایبەت، بوو بە مەیدانی جەنگی بەوەکالەتی نێوان هێزە هەرێمایەتی و جیهانییەکان. کاتێک لە مەیدانی جەنگدا چەندین بەرە و هێزی جیاواز شەڕ دەکەن و، کاتێک لە پرۆسەی سیاسیدا چەندین ئەکتەری ناوەخۆیی دەتوانن کاریگەری دروست بکەن، هاوکێشەی سیاسی و ستراتیژی، گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت و لەگەڵ خۆیشیدا ناسەقامگیرییەکی زۆر دەهێنێت.
لە ئێستادا، ئەو دوو هۆکارەی سەرەوە، هەموو کۆلەکە و چەمک و ڕێکار و ئامرازەکانی ڕاگرتنی سیستەمی دەوڵەتیان بردۆتە ژێر هەڕەشەی گەورەوە. ڕاستە بەشێکی هۆکارەکان پەیوەندیی بە گۆڕانکارییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتییەوە هەیە، کە تیایدا هەڕەشە و دەرفەتەکان چوونەتە نێو حاڵەتێکی داینامیکی (interactive)ی ئاڵۆزی خێراوە، بۆیە لە جیاتی قسەکردن لەسەر بابەتە کلاسیکییەکان، دەرفەتێکی گرنگ و نوێ بۆ قسەکردن لەسەر کۆمەڵێک بابەتی نوێی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیییەوە هاتۆتە ئاراوە. جۆری هەڕەشەکان و سروشتی پەیوەندییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی هێزیش گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. لە ئێستادا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە مەیداندا هیچ سیستەمێک بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان ئەکتەرەکان بوونی نییە. ئەکتەری نادەوڵەتیی بەهێز لە ناوچەکەدا دەرکەوتوون: لەوانە هەرێمی کوردستان، ڕۆژاڤا، حیزبوللا، حوسییەکانی یەمەن. ئەو ئەکتەرانە، توانای ئهوهیان ههیه لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بچنه نێو پهیوهندییهوه، بەتایبەت هەرێمی کوردستان. ئەمەیش یەکێکە لە بنەماکانی دەوڵەتداری، کە لە ڕابردوودا بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتی، مومکین نەبووە.
لێرەدا پرسیاری گەورە ئەوەیە: دەبێت چۆن لەگەڵ ئەو دۆخەدا مامەڵە بکرێت؟
تیۆریزەکردنی ژینگەی ئەمنی و ستراتیژیی ناوچەکە
ژینگەی ئەمنی و ستراتیژی، سیستەمێکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندی هەیە؛ کە تیایدا سەرکردایەتیی دەوڵەتێک لەگەڵ دەوڵەت و ئەکتەرەکانی دیکەدا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی، مامەڵە و كارلێك (تهفاعول) دەکەن. ئەو ژینگەیە، لە بەستێنی ناوەخۆیی و دەرەکی پێک دێت. هەروەها لە هەلومەرجەکان، پەیوەندییەکان، ئاراستەکان، کێشەکان، هەڕەشەکان، دەرفەتەکان و کارلێکردنەکان پێک هاتووە کە هەموویان، لە بەدواداچوونی ئامانجە ستراتیژییەکانیان لە پەیوەندی و ڕووبەڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ هێز و ئەکتەر و دەوڵەتانی دیکەدا، کاریگەری دهكهنه سهر ستراتیژیەتی ئەکتەرێک.
ڕاستییهكهی، هەندێک لە ڕووداوەکان بۆ هەندێک لە ئەکتەرەکان پێشبینیکراون، بەڵام لە ژینگەی ستراتیژیی هاوچەرخدا زۆرێک لە ڕووداوەکان پێشبینینەکراون، بەتایبەت لە چوارچێوەیەکی زەمەنیدا. ئەو ژینگەیە لە حاڵەتێکی خێرای بارگۆڕاودایە، لەبەر ئەوە تێگەیشن و پێناسەی باوی ستراتیژیەت وەکو هاوسەنگیراگرتن و هاوکێشەی نێوان ئامانج، ئامراز و ڕێگاکان بەئاسانی لەو ژینگەیەدا جێبەجێ نابێت. بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو نادڵنیایییە ببینەوە، ستراتیژیست، دەبێت لە سروشتی ئەو ژینگەیە تێ بگات و، ئامانجە ستراتیژییەکانی لەسەر بنەمای ئەو ژینگە ستراتیژییە دابڕێژێت، بە جۆرێک كه نە لە دەرەوەی بنەماکانی ئەو ژینگەیە کار بکات و نە بەتەواوی تەسلیمی واقیعە سەختەکانی ئەو ژینگەیە بێت. ئەو خاڵە، دەمانگەیەنێتە ئەو دەرەنجامەی کە زانای بەناوبانگی ستراتیژی و جەنگ (Lawrence Freedman) لە کتێبی (Strategy: A History) پێی دەگات: ستراتیژی، دەبێت مڕونەتی (flexible) هەبێت، خۆی لەگەڵ ژینگەی ستراتیژیدا بگونجێنێت، چونکە هیچ ستراتیژیەتێک لە ژینگەیەکی کۆنتڕۆڵکراودا داناڕێژرێت.
The U.S. Army War College، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا زۆرترین کاری لەسەر شیکردنەوەی ژینگەی ئەمنی و ستراتیژیی هاوچەرخ کردووە. ئەو دامەزراوهیە پێی وایە ئەو ژینگەیە بە "بارگۆڕان، نادڵنیایی، ئاڵۆزی و ناڕۆشنی" دەناسرێتەوە volatility, uncertainty, complexity and ambiguity (VUCA). ئەو چەمکە، گوزراشت لە ژینگەیەک دەکات تیایدا ''هەڕەشەکان زۆر بڵاو و نادیارن و، ململانێکان بە قووڵی ڕۆچوونەتە نێو بونیادەکانی کۆمەڵگا، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر پێشبینینەکراوە و، توانای ئێمە لە پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان سنووردارە ....''. بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان پاراوێزراو بێت و توانای داڕشتنی ستراتیژیەتیش بمێنێت، دەبێت هەروەکو " Harry R. Yarger" پێشنیاز دەکات، پێویسته ستراتیژیست موماڕەسەی توانا و کاریگەریی خۆی بەسەر دۆخێکی ناجێگیر و بارگۆڕاودا بکات و ئیدارەی نادڵنیایی بکات، ئاڵۆزییەکان شی بکاتەوە و، چارەسەرێک بۆ ناڕۆشنی و لێلی بدۆزێتەوە.
هەرێمی کوردستان، دەبێت چی بکات؟
وەک پێشنیاز کرا، سەرەڕای ئاڵۆزی و نادڵنیایییەکی مەترسیدار، كه لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەدی دەکرێت، هیچ پاساوێک بۆ تەسلیمبوون بەو واقیعە سەختە نییە و، هەرێمی کوردستان، نابێت لە پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتدا پاشەکشە بکات. باشترین بژاردە ئەوەیە کە بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزی و ڕەهەندە دەرەکی و ناوەکییەکانی ژینگەی ئەمنی و ستراتیژی، هەرێم دەبێت لە بەدواداچوونی ئامانجە ستراتیژییەکانی لە گەییشتن بە دەوڵەت و سەربەخۆیی بەردەوام بێت، چونکە تەنانەت کاتێک دەرفەتێکی لاواز و بەرشکەستخواردوویش دێتە ئاراوە، ئەکتەرێکی ڕیالیستی ناتوانێت چاوەڕێ بکات تا دەرفەتێکی باشتر دروست دەبێتەوە. چونکە ئەمریکا و هاوپەیمانان، پێویستییان بە ستراتیژیەتێکی درێژخایەنە بۆ ئەوەی لە جەنگەکانی سووریا، عێراق، یەمەن، لیبیا و ئەفغانستان دەربچن. ڕەفتارەکانی ئیدارەی ئۆباما دەری دەخەن ئەمریکا لەگەڵ بیرۆکەی "ڕێککەوتن"ه لەگەڵ هێزەکانی ناوچەکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکان، چونکە بژاردەی ناردنی هێزی سەربازیی یەکلاکەرەوە، بە هیچ شێوەیەک بەردەست نییە.
بۆیە، پێشبینی دەکرێ تا ئەو کاتەی کێشە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکلا دەبنەوە، ئەمریکا سیاسەتێکی تایبەتی بەرامبەر پرسی سەربەخۆییی کورد دروست نهکات یا هیچ دەستپێشخەرییەکی نهبێت. کێشەکە لەوەدایە هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەوەی دەرفەتەکانی سەربەخۆیی لەدەست نەدات، نابێت بوەستێت و پێویستیی بە بڕیارێکی گەورە دەبێت. ئەگەر ئەو بریارە گەورەیەیش لە دەرەنجامێكی پرۆسەیەکی یەکگرتووی نیشتیمانی بەڕێوە بچێت، ئەوا دەتوانێت سەرکەوتوو بێت، بەڵام بێ ئەوە، نە دەتوانین بڕیاری گەورە بدەین، نە دەشتوانین چاوەڕوان بین تا کێشەکانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست یەکلا دەبنەوە چونکە بە ئاراستەی خەون و ئامانجی ستراتیژیی ئێمەوه ناڕۆن. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: هەرێمی کوردستان توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخەی هەیە؟
بەداخەوە، قەیرانەکان و بهرهنگاری (تهحهددییات)ه سیاسییەکانی ناوەخۆ، ڕێگری گەورە دەبن لە بەردەم ئەوەی هەرێمی کوردستان بە قەد مەترسیی ئەو دۆخە، مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بکات. لە ئێستادا، هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەی لاوازبووندایە بۆ قۆستنەوەی هەر دەرفەتێک كه بهێتە ئاراوە و، ئەگەر قەیران و کێشەکانی ناوەخۆ بەو شێوەیە بمێننەوە، ئەوا هەرێم توانای بڕیاری گەورەی کەم دەبێتەوە. کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی هەن، هەرێمی کوردستان دەبێت کاریان لەسەر بکات بۆ ئەوەی بتوانێت تێگەییشتنێکی ستراتیژیانەی لەو دۆخەدا هەبێت:
ئەگەر ئەو دوو کارە بکرێت، ئەوا هەرێمی کوردستان ئامادەیییەکی باشی دەبێت بۆ ئەوەی ڕەفتاری ستراتیژیی هەبێت و، لە بەرامبەر ئاڵۆزییە بێوێنەکانی ناوچەکەدا بوەستێتەوە و، لەسەر پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەت، بڕیارێکی گەورەی یەکلاکەرەوە بدات.