پوختەی باسەکە
لە پاش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیهت، پانتای سیاسەتی کوردی، وێنای ئەوەی تێدا بەدی دەکرا، کە جەمسەربەندییەکان باشووری کوردستان لە نێوان پارتی و یەکێتی، وا دەکات ئاراستەی سیاسەت لە کوردستان دیاری بکەن. ئەم ڕەوتە بە هۆی جهنگی براکوژییەوە ئیفلیج کرا. لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی سەددام، ئەم خولیایە دیسان لەناو سیاسەتی کوردیدا سەری هەڵدایەوە. پارتی خەمی زاڵبوون بەسەر باشووری کوردستانی بە لاوە گرینگ بوو، یەکێتی، شۆڕبوونەوە بەرەو بەغدا و، "پەکەکە"یش مانەوەی خۆی زیاتر بە لاوە مەبەست بوو. لە دەرهنجامی گەشەی ئابووریی هەرێم، دوورکەوتنەوەی یەكێتی لە کوردستان، گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرەوپێشچوونی پرسی کورد لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیی، خولیاکانی جەمسەربەندی لە کوردستان تۆختر بوونەوە. بە شێوەیەک کە لە کۆنگرەی نەتەوەییدا، بەڕوونی و ئاشکرا بەریەککەوتنی گوتار و هێزی سیاسی لە کوردستان خۆیان پێشان دا. لەم نێوەدا. جهنگی داعش، چونکە لەگەڵ خۆیدا سەرکەوتن و شکست وێنا دەکا، جەمسەربەندی لە سیاسەتی کوردی گەییشتووهتە بەرزترین ئاستی خۆی. واته سەنگەری ناسیۆنالیستەکان دیارە، کە کۆمەڵێک فاکتەر کۆیان دەکاتەوە و، لە هەمان کاتیشدا سەنگەری چەپەکان خۆی دەنوێنێ کە توانای جووڵە و دەرکەوتنیان پەیدا کردووە.
پێشەکی
لە نموونەی جەمسەربەندییەکان، لە نموونەی مێژوویی کەڵک وەردەگرین تاکوو بزانین کە ئەقڵییەت و تێگەییشتنی ئەو لایەنانەی کە هەوڵی جەمسەربەندی دەدەن کێن و، بە چ شێوەیەک ئاراستەی گەمەکانیان ڕێک دەخەن. باشترین نموونە کە دەتوانێ یارمەتیدەر بێ، نموونەی یەکێتیی سۆڤیهت و ئەمریکایە، چونکە وێناکانی ئەو جەمسەربەندییە لە خەیاڵی گشتیی کوردستان، بوونی هەیە و، دەتوانێ لە باسکردنی نموونە کوردییەکەی، هاوشێوەیەک لە مێشکیدا ساز بکات.
یەکێتیی سۆڤیهت لەسەر ئەقڵییەتێک، سیاسەتی یەکگرتن و ڕێکخستنی هێزە چەپەکانی پەیڕەو دەکرد کە تێیدا "کرێکارانی جیهان یەک بگرن" خاڵیکی جەوهەری و سەرەکی بوو. لە بەرامبەریشدا ئەمریکا لە خانەیەکەوە سەیری سیاسەتی جیهانی و هاوپەیمانیی دەكرد کە تێیدا " ئازادیخوازانی جیهانی لە بەرەیەکدان"، ڕۆڵی سەرەکیی لە ڕێکخستنی بەرەی لیبراڵیدا دەگێڕا.
کرێکارانی جیهانی، بوون بە کۆمەڵە بزاڤێک کە بە هەموو جیهاندا شۆڕ بوونەوە. لە بەرامبەریشدا لایەنگرانی لیبرالیزمیش بە هەمان شێوە، زیاتر لە فۆرمی دەوڵەتەکاندا خۆیان ڕێک خست. بەپێچەوانە یەکێتیی سۆڤیهت تەنیا پەیوەست بە دەوڵەتەکانەوە نەبوو، بەڵکوو ئەکتەری زۆریشی لەگەڵدا بوو کە خاوەن کیانی سیاسی نەبوون.
بە هاتنەکایەی جهنگی سارد، نموونەی سازکردنی دەوڵەت_نەتەوە ڕووی لە کەمی کرد و جەمسەربەندییەکان لە خانەی دەوڵەت_نەتەوە دانپێنراوەکاندا درێژەیان پەیدا کرد. ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیهت، هەوڵی سازکردن و کۆکردنەوەی هاوپەیمانەکانی خۆیان لە چوارچێوەی پەیمانی جیاوازدا کۆ کردەوە. لە هەمان کاتدا هەوڵەکان بۆ جهنگ، لە ئاستی نێوان دەوڵەتەکان بۆ ئاستی ئەکتەرەکانی تر گۆڕا. ستراتیژییەک کە ناسراوە بە "جهنگ لە پەراوێز". ئەم ستراتژییە، بوو بە هۆی گەشەکردنی جهنگی پارتیزانی.
ئەمریکا، بۆ ڕێکخستنی هاوپەیمانییەکانی لە بواری سیاسی، ئابووری و کەلتووری، بەرەیەکی لیبراڵیی ساز کرد و، بۆ ئەم مەبەستە سنوورەکانی هاوپەیمانیی خۆی دیاری کرد. لە بەرامبەردا یەکێتیی سۆڤیهتیش پرۆسەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی خۆی خستە گهڕ، تاکوو هێڵەکانی جیاکردنەوەی خۆی لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی جیا بکاتەوە. بەگشتی، باسکردن لەم نموونە، لەو ڕەهەندەوە گرینگە کە بتوانین لەو ڕێگەیهوە بە دوای وهڵامی ئەو پرسیارەدا بگەڕێین کە ئاخۆ جەمسەربەندی لە نێوان دوو جەمسەری پانتای سیاسیی کوردستاندا هیچ هاوبەشییەکی لەگەڵ نموونە مێژویییەکەدا هەیە؟
پارتی و هاوپەیمانەکانی
پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێک لەو هێزانەیە کە لە زۆر بوارەوە خەریکە جۆرێک لە هاوپەیمانی بۆ خۆی ساز دەکات، یان تەماحی ئەوەی هەیە کە ئەم هاوپەیمانییە بەرهەم بێت. پارتی لە زۆر ڕەهەندەوە هەڵگری ئەو تایبەتمەندییانەیە کە دەتوانین وەک نموونەی ئەمریکای پاش جهنگی جیهانیی دووهم بیبینین.
لە ئێستادا، پارتی جوگرافیایەکی بەدەستەوەیە کە دراوسێی باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوایە. ئەم سنوورانە وای کردووە کە بەئاسانی بتوانێ هاوکاری بێت لە هەر ئەگەرێک کە ویستی شۆڕبوونەوەی پارتی بۆ بەشەکانی تری کوردستانی لەگەڵدا بێ. ئەم بۆچوونە دەتوانێ ڕاست بێ لەو بوارەوە کە، کاتێک دەوڵەت یان کیانێکی سیاسی لە گەشەکردندا بێ، پێویستیی بە "فەزایەکی حهیاتی"ی هەیە کە تێیدا گەشە بکات. ئەم فەزا حەیاتییە بۆ پارتی و هەر کیانێکی سیاسی، لە سنوورەکانییەوە دەست پێ دەکات.
لە لایەکی ترەوە، پارتی هەڵگری گوتارێکە کە وەک گوتاری "نەتەوەیی" پێناسەی دەکات. گوتارێک کە کورد و کوردستان وەک کیانێکی هاوبەشی سیاسی، کەلتووری و کۆمەڵایەتی دەبینێ. بۆیە جەوهەری ئەم گوتارە، ئەو ئیمکانە دەداتە پارتی کە پێوەندی بە هێزەکانی دەرەوەی سنووری خۆی بکات و، لە هەوڵدا بێ کە ئەم هێزانە هەڵگری ستراتژییەکەی هاوبەشی بن. لەم بوارەدا جۆرێک لە بەرپرسیارێتی، ڕووبەڕووی خۆی دەکاتەوە. بۆ نموونە لە باکوور دوو پرۆسەی هاوبەش بەڕێوە دەبات. یارمەتیی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان "پەکەکە" و دەوڵەتی تورک دەدات، لە هەمان کاتدا یارمەتیی کۆمەڵە پارتێکی خاوەن مێژوو لە باکوور دەدات و هەوڵ دەدات کە گوتاری سیاسیی ئەوانیش لەم پارتە نزیک بن. لە ڕۆژاوا بە هەمان شێوە، قورساییی خۆی خستووەتە سەر کۆمەڵە پارتێک کە لە دەسەڵاتی ڕۆژاوا دوور خراونەتەوە و وەک ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵاتی ڕۆژاوا دەردەکەون.
پارتی هەوڵ دەدا، کە ئەم هێزانە لە چوارچێوەی گوتاری خۆیدا ڕێک بخات. لە هەمان کاتدا ڕۆژهەڵاتیش بوونی هەیە. هەرچەنده، پارتی تاکوو ئەمڕۆ بە مکانیزم و شێوەی باکوور و ڕۆژاوا لە ڕۆژهەڵات کار ناکات، بەڵام پێ دەچێ ویستی ئەوەی هەبێ کە خەباتی ڕۆژهەڵات گەشە بکات، چونکە دواجار دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم پارتە مێژوویییانەی ڕۆژهەڵات کە نزیکن له پارتی، پوتانسیێلی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتییان تێدا بێ.
فاکتەری سێیەم، پارتی خاوەن ژینگەیەکی دەسەڵاتدارییە کە ئیمکانی ئابووری و سەربازیی هەیە و، خاوەن شەرعییەتی نێودەوڵەتییە. ئەم ژینگەیه لە دوای جهنگی داعش، شەرعییەت و ئیمکانی زیاتری پەیدا کرد کە نموونەی هەرە بەرچاویان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانن. لەم بوارەدا پارتی ئیمکان و دەرفەتی زۆری پەیدا کردووە کە هەولێر وەک ناوەندی دەسەڵاتداریی باشوور و پارتی، کۆمەڵێکی زۆر لە کونسوڵی بیانیی تێدایە کە هەموو ئەمانە دەستی پارتی لە پەیوەندییەکاندا کراوە دەکات. بۆیە، ئەم توانایییەی پارتی، دەتوانێ لە هەمان کاتدا بکەوێتە خزمەتی ئەو هێزانەی کە لە پارتییەوە نزیکن و وا دەکات گەمارۆی پەیوەندییە دەرەکییەکان کە لەسەر پارتی پارچەکانی تری کوردستان هەیە، لە هەولێر بشکێت.
بەگشتی دەتوانین بڵێین، پارتی هەڵگری کۆمەڵە توانایەکە و ئەو ئیمکانەی پێ دەدات، کە بەستێنی سازکردنی جەمسەربەندیی تێدا بێ. بەڵام ئەوەی کە پارتی بە چ دیدێکەوە سەیری ئەم پانتایییە دەکات، جێگهی پرسیارە کە لە دواییدا هەوڵ دەدەم وڵامی بدەمەوە.
پەکەکە و لقەکانی
پەکەکە هێزێکە کە سەر بە گەورەترین پارچەی کوردستانە. پەکەکە، وەک پارتی، دەستی دەگاتە دوو پارچەی باشوور و ڕۆژهەڵات و، لە ڕۆژاوایش گەورە بووە. بۆیە خاوەن پێگەیەکە کە دەستی دەگاتە هەموو بەشەکانی کوردستان. پارتی کرێکارانی کوردستان، وەک پارتی، خۆی خاوەن پێگەی جوگرافی و دەسەڵاتداری نییە، بەڵام ڕۆژاوا وەک نموونەی ناوەندی دەسەڵاتداریی پەکەکە دەبینرێ. لە هەمان کاتدا ڕۆژاوا توانیویەتی بەشێک لە کێماسییەکانی پەکەکە پڕ بکاتەوە. بۆ نموونە لە بواری پێوەندیی نێودەوڵەتی، ڕۆژاوا لەمڕۆدا ڕاستەخۆ لەگەڵ هێزە گەورەکان پەیوەندیی هەیە و، لە بواری سەربازی و پەیوەندیدا کۆمەڵە دەرفەتێکی بۆ کراوەتەوە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئیمکانی زیاتری بۆ بەرهەم دێنێت.
پەکەکە خاوەن ئایدیۆلۆژییەکە کە چەندین دەیەیە ڕەگی لە کوردستان داکوتاوە. ئەم ئایدیۆلۆژییە وای کردووە کە هەوڵی کۆکردنەوەی هەڵگرانی هەمان ئایدۆلۆژیا بدات کە لەو نزیکن. لە باشوور ڕووی لە یەکێتی و گۆڕانە کە خاوەن پاشخانێکی چەپن، لە باکووریش تاکوو ئەمڕۆ ڕکابەری سەرهکیی نییە. لە ڕۆژهەڵاتیش "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان" (پژاك)، ئەو هێزەیە کە هەوڵی دابەزاندنی نموونەی پەکەکە دەدات و هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، لە ڕۆژاوا "پهیهده" بوونی هەیە کە ئاوێنەی خولیاکانی "پەکەکە"یە.
بەگشتی، پەکەکە هەڵگری کۆمەڵە فاکتەرێکە کە بوونی وەک جەمسەرێک لە سیاسەتی کوردیدا دیارە، بەڵام ڕێگهیەک کە ئەم پارتە هەڵی بژاردووە جێگهی پرسیارە؛ بەو مانایەی کە ئاخۆ دەتوانرێ بەپێی هەلومەرجی نێودەوڵەتی و ژینگەی سیاسەت لە جیهانی ئەمڕۆدا وەک جەمسەرێکی سەقامگیر سەیر بکرێت؟
نموونەی پارتی و پەکەکە چیمان پێ دەڵێن؟
ئەگەر ڕەفتاری ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیهت، بکەین بە پێوانە، دەتوانین بڵێین پارتی دەتوانێ هاوپەیمانی هەبێ و پەکەکە لق. هەرچەند پارتی تاکوو ئەمڕۆ بە شێوەیەکی کلاسیک و زۆر پێناسەنەکراو سەیری هێزەکانی نزیک لە خۆی دەکات و هێندێ جار ئەو هەستە ساز دکات کە پارتی نازانێ کە دەبێ بە دوای هاوپەیماندا بڕوات، نەک هێزی دەستەمۆ. لە ئاستی مەیدانیدا، پارتی لە باکوور و ڕۆژاوا کۆمەڵە هێزێکی دەستەمۆی ساز کردووە کە توانای ئافراندنیان نییە. لە کاتێکدا ئەمریکا کاتێک بیری لە هێزە نزیکەکانی کردەوە، هەوڵەکانی خۆی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیدا ڕێک خست. بۆیە هێزەکانی بە ناسنامەی خۆیەوە قبووڵ کرد و هەوڵی دا هاوپەیمانەکانی بەهێز و گەشەکردوو بن. ئەمە لە کاتێکدا، پارتی لەم بوارە هێشتا چاوی لە نموونە مێژوویییەکانی نەکردووە و کۆمەڵە هێزێکی لە خۆی کۆ کردوونهتەوە کە نموونەی ڕۆژاوا پێمان دەڵێ، ناتوانێ سەرکەوتوو بێ. مەگەر ئەوەی کە بیر لە هاوپەیمان بۆ خۆی بکاتەوە.
لە بەرامبەردا پەکەکە هەیە، کە لە خانەی ئایدیۆلۆژییەکەیەوه سەیری هێزەکانی نزیکی خۆی دەکات. بۆیە وەک نموونەی یەکێتیی سۆڤیهت کۆمەڵە لقێکی لە خۆی کردووتەوە و ناسنامەیەکی لە جنسی ئایدیۆلۆژییەکەی پێ بەخشیون کە ئامانجی سەرەکیی ئەو هێزانە، بەدیهێنانی خەونەکانی پەکەکەیە. بەڵام ئەم تێگەییشتنە لە باشوور، جیا لە پارتی چارەسەری، یەکێتی و گۆڕان دەگرێتەوە کە جیاوازە. لە باشوور، پەکەکە دەزانێ کە ناتوانێ جارێ ببێت بە جێگرەوەی یەکێتی و گۆڕان. بۆیە خەریکە ژینگەی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی دەڤەری سلێمانی دەگۆڕێ، بەو ئاراستەیهی کە دواجار هەموو بەهاکانی پەکەکە ئاسایی بن و قبووڵکردنیان لە کۆمەڵگه ڕەگوڕیشەی هەبێ. کە واتە لە باشوور، زۆرتر وەک پرۆژەیەکی درێژخایەن سەیری دەکات.
بە هەر حاڵ، بەکارهێنانی لق بۆ پەکەکە و ئەو هێزانەی کە نزیکن، دەتوانێ ڕاست بێ. چونکە لە هەمان مەنتقەوە خەریکی دابەزاندنی جەمسەربەندیی خۆیەتی کە یەکێتیی سۆڤیهت هەوڵی بۆ دەدا. لەم ڕەهەندەوەیە کە پەکەکەیش خەریکە لە سازکردنی جەمسەربەندیدا هەڵە دەکات، بەبێ ئەوەی خوێندنەوەیەکی ڕاستەقینەی بۆ سیاسەت لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی و کوردستاندا هەبێ.
دەرەنجام
لە کۆتاییدا دوو جەمسەریی هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستان، دەتوانێ ئەرێنێ و لە هەمان کاتدا نەرێنێ بێت. ئەرێنێ، چونکە بووهتە هۆی ئەوەی کە پارتە سیاسییەکانی کوردستان، لە خانەی هێزەکانی کوردستانەوە بە دوای پشتگیر و یارمەتیدەر دەگەڕێن و ئیتر وڵاتانی داگیرکەر ئەو بەها ستراتژییەیان نامێنێ. بۆیە پشت جبهەی کورد، دەبێتە کورد نەک داگیرکەر. نەرێنییە، چونکە لە نموونەی پارتی، دەستەمۆبوون ساز دەکات و، لە نموونەی پەکەکە، لق و توانەوە لە ئەجێندای ئەو پارتەیە.
پارتی و پەکەکە، خاوەن بەرژەوەندیی خۆیانن. ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیهتیش خاوەن هەمان بەرژەوەندی بوون. ئەزموونی ئەمریکا، ئاڵمانیای لێ کەوتەوە و ئەزموونی یەکێتیی سۆڤیهت ڕووخان و کۆتاییی مێژوو. جا ئەگەر ئێستا کورد لە ناوخۆیدا خەریکی جەمسەربەندییە، باشتر وایە لە جەوهەری خودی هێزەکانەوە جەمسەربەندی ساز بکرێت. لە هەمان کاتیشدا ئەوەی پەکەکە دەیکات، لەگەڵ گوتار و ئایدیۆلۆژییەکەیدا دێتەوە. بەڵام پرسیارەکە ڕووی له پارتییە. پارتی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ناچارە نەتەوەیی و لیبراڵ ببێتەوە، ئەم شێوازە لە سازکردنی جەمسەربەندی ناتوانێ بە ئەنجام بگات. بۆیە، پارتی دەبێ بیر لە هاوپەیمانی بکاتەوە نەک هێزی دەستەمۆ.