هەڵمەتی گرتنەوەی مووسڵ لە ڕوانگەی ئامانجە ستراتیژییەکانی ئێراندا، هەڵمەتی ئازادکردنی شارەکە نییە، بەڵکوو دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکەیە. بۆ سەلماندنی ئەوە، پێویستمان بە تێگەییشتنی ئامانجە ستراتیژییە باڵاکانی ئێران لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لە جهنگی داعش لە سووریا و عێراقدا دەبێت. لە ماوەی ڕابردوودا، زۆربەی گوتار و لێکۆڵینەوەکان لەسەر دەستێوەردانی تورکیا و، بوونی بنکەی سەربازیی تورکی لە بەعشیقەدا، بونیاد نراون؛ بەڵام پێم وایە ڕۆڵی ئێران لە دروستکردنی ئەو هاوکێشەیەدا، دەبێت وەکو ئەولەویەتی ژمارە یەک، مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
مووسڵ لە ڕوانگەی ئێراندا، بەشێکی ئاسایی نییە لە هەڵمەتی گرتنەوەی ناوچەکانی ژێردەستی داعش لە سووریا و عێراقدا، هەروەها بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعشیش، ئەو هەڵمەتە بەشێکی ئاسایی نابێت لە ستراتیژیەتی 'لاوازکردن و لەناوبردنی داعش' لە ناوچەکە، بەڵکوو لە ئاستێکی بەرزدا پەیوەندیی بە داڕشتنەوەی هاوکێشە سیاسی و ستراتیژییەکان و، لە هەمووی گرنگتر پەیوەندیی بە 'هاوسەنگیی هێزەوە' لە قۆناغی دوای داعشدا هەیە. هەر لە قۆناغەکانی سەرەتای ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ستراتیژیەتی ئێران بریتی بووە لەوەی چۆن ئەو "فەوزا" (پاشاگهردانی)یە، ئەو بۆشایییە ئەمنی و سیاسییەی لە عێراق و سووریا دروست بووە، ببێتە "دەرفەت" لە پێناو پاراستنی ئامانجی باڵای ئێراندا.
ئۆپەراسیۆنەکانی مووسڵ بە چ ئاراستەیەکدا دەڕۆن، کاریگەریی گەورەی لەسەر پڕۆژە و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئێران دەبێت و، دەشتوانێت ببێتە هەڕەشە لەسەر ئەو هێز و ئەکتەرانەی بەشێکن لە سیاسەتی شەڕی بەوەکالەتی ئێران وەکو حەشدی شەعبی، تا ڕادەیەکی زۆر سوپای عێراقی، لە ئێستایشدا بە جۆرێک لە جۆرەکان پەکەکە. سەرەتا، دەبێت لە دەستنیشانکردنی ئامانجە ستراتیژییە باڵاکانی ئێران لە جهنگی داعشدا دەست پێ بکەین:
لە ئاستی ئۆپەراسیۆنەکانی مووسڵ و ناوچە تازە ئازادکراوەکانی ژێردەستی داعش لە عێراق، ئامانجە ستراتیژییەکانی ئێران بریتین لە:
وەکو دەردەکەوێت جووڵە ستراتیژییەکانی ئێران لە تەواوی جهنگی دژ بە داعشدا لە عێراق و سووریا، لەگەڵ ئامانجە ستراتیژییەکانی ئێران لە ئۆپەراسیۆنەکانی مووسڵ و قۆناغی دوای داعش، یەک دەگرێتەوە. لەبەر ئەوە، ئاکامێکی حەتمییە ئێران ڕۆڵی گەورە لەو ڕووداوانەدا دەبینێت. بە هەمان شێوەیش، دەستێوەردانی تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی مووسڵدا، حەتمییە. پێویست ناکات بپرسین دەستێوەردانی کام لا، بووەتە هۆی دەستێوەردانی لایەنەکەی دیکە، چونکە لە ڕوانگەی جیۆپۆلیتیکییەوە، عێراق، بۆ تورکیا و ئێران وەکوو مەجالێکی حەتمیی فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیان بینراوە و دەبینرێت. هیچ گرنگ نییە چ دەسەڵاتێک و حوکمڕانییهک لە تورکیا و ئێراندا هەن، یا شێواز و ڕێگهکان چۆنن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە تورکیا و ئێران، بەردەوام دەیانەوێت بوونی خۆیان لەو ناوچەیە پارێزراو بکەن. بۆیە، تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشیش داوای حکوومەتی عێراقیان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی لەناکاو، بۆ ئیدانەکردنی دەستێوەردانی تورکیا لە عێراق، بە جددی وەرنەگرت، چونکە ناتواندرێت بوونی ئێران لە مەشقپێکردنی میلیشیا شیعەکان و تەنانەت دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە دامەزراندنی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و نێو سوپا و دەزگه ئەمنییەکانی عێراق، بە دەستێوەردان و هەڕەشە لەسەر سەروەریی وڵات دانەنرێت، بەڵام بوونی تورکیا لە مەشقپێکردنی میلیشیا سوننی و تورکمانە سوننییەکان، بە دەستێوەردان و شکاندنی سەروەریی وڵات دابندرێت. تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا، دەستێوەردانی تورکیا و ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شێوەیەکی واقیعیی وەرگرتووە.
لەو بەستێنەدا، ئامرازەکانی ئێران لە گەییشتن بەو ئامانجە ستراتیژییانە بریتین لە:
ئێران پێی وایە بۆ پاراستنی ئامانجە ستراتیژییەکانی، پێویستیی بە ئامرازی درێژخایەن و خۆڕاگرە: وەکو حکوومەتی بەغدا، حەشدی شەعبی و تا ڕادەیەکی زۆریش پەکەکە. ئەو سێ لایەنە بوونیان پارێزراوە، بەردەوام ئێران دەتوانێت بە شێوە و ڕێگهی جیاواز بەکاریان بهێنێتەوە. لە دۆخی مووسڵدا، وا دەردەکەوێت ئامانجی ستراتیژیی ئێران، ههروهك ئاماژەی پێ درا، زۆر گەورەتر بێت لەوەی تەنیا نیگەرانی پاراستنی تورکمانە شیعەکانی تەلەعفەر بێت، یان بۆ گرێنتیی گەڕانەوەیان بۆ ئەو ناوچانە بێت، بەڵکوو بەشێکە لەو گۆڕانکارییە گەورانەی لە هاوسەنگیی هێزدا، پێشبینی دەکرێت لە قۆناغی دوای داعشدا ڕوو بدەن. کێشەکانی ئێستای نێوان تورکیا و حکوومەتی بەغدا، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو پڕۆژەی ئێرانەوە هەیە؛ ئێران حکوومەتی بەغدا بەکار دەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لەوەی تورکیا بتوانێت ببێتە ڕێگر لە بەردەم هەر پڕۆژەیەکی ئێرانی. بۆیە تورکیایش هەر لە دوای ٢٠٠٣ەوە، بە دوای کارتی عەرەبی سوننە و تورکمانی سوننە بووە. لە ئێستایشدا، ئەولەویەتی ژمارە یەکی تورکیا، مانەوەی مووسڵە وەک پارێزگایەک، یان ببێتە هەرێمێک کە سووننە تیایدا دەسەڵاتی تەواوی لەو ناوچەیەدا هەبێت، هەروەها ڕێگە لە هەر گۆڕانکارییەکی گەورە، کە هێزەکانی حەشدی شەعبی لەسەر بونیادی دیمۆگرافیای شارەکە بتوانن دروستی بکەن، بگرێت. سوننەکانی مووسڵ، بە بوونی سەربازی تورکی لە مووسڵ زۆر دڵخۆشترن، تەنانەت زیاتر لە بوونی سەربازێکی سوننەی نێو سوپای عێراق.
عەرەبی سوننە لە یاداشتەکانیاندا نەیانشاردۆتەوە، كه نەک تەنیا داوای یارمەتیی سەربازی لە تورکیا و سعوودیا دەکەن، بەڵکوو داوایان کردووە لە پارێزگاکەیشدا جێگیر بکرێن. سەرەڕای ئەوەیش، کارتی کورد، زیاتر لە تورکیاوە نزیکترە لەوەی لە ئێران نزیک بێت. بۆیە هەم تورکیا و هەم ئێران، کارتی بەهێزیان بەدەستەوەیە و، ژینگەی ئەمنی و ستراتیژیی ناوچەکە، توانای سنوورداری سیاسەتی دەرەوەی هەردوو وڵاتەکە، بوونی چەندین پڕۆژەی تەواونەبوو لە سووریا، لوبنان، لیبیا، یەمەن، بەحرێن، سعوودیا و میسڕ، وای کردووە بژاردەی گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی نێوان ئێران و تورکیا، بژاردەیەکی واقیعی و پێشبینیکراو بێت. تەنانەت لەنێو ئەدەبیاتی ڕیالیزمییشدا هاتووە، ههمیشه وڵاتان کاتێک بەرژەوەندییەکانیان بەریەکدی دەکەون، تەنیا بژاردەی ڕکابەریکردن و پێکدادانیان لە بەردەمدا نامێنێتەوە، بەڵکوو هەندێک جار سەرکردەیەکی ڕیالیست و ڕاشنالیست وای دەبینێت پێویست دەکات بچێتە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنەوە؛ هەروەک (Charles Glaser) لە کتێبیRational Theory of International Politics: The Logic of Competition and Cooperation ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵێک هەلومەرج و گۆڕانکاری لە ژینگەی ئەمنی و ستراتیژیدا دێتە پێشەوە، وا لە ڕکابەڕەکان دەکات ئاسایشی خۆیان لە ڕێگهی پێکەوەکارکردن یا ڕێککەوتنەوە بپارێزن.
"گلاسێر" پێی وایە سێ فاکتەر و وابەستەی سەرەکی، کاریگەری دهكهنه سەر ستراتیژیەتی دەوڵەت: پاڵنەرەکانی دەوڵەت، توانای ماددی و سەربازی، هەروەها ئاستی زانیاری و تێگەییشتن و دڵنیابوون لە ڕەفتاری بەرامبەرەکانیان. لە ئێستادا ئەو سێ فاکتەرە، زیاتر پێشبینیی ئەوە دەکەن کە ئێران و تورکیا بگەنە ڕێککەوتن، لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی یەکدی.
پەیوەندیی هەرێمی کوردستان بە پێکدادانە ستراتیژییەکانهوه
زەلمای خەلیلزاد، لە وتارێکیدا كه لە ٢٧/٩/٢٠١٦ لە (The National Interest) بڵاو بۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات بەشێک لە ئامانجی ستراتیژیی ئێران، کێشەدروستکردنە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی نەبێتە ڕێگر لەبەردەم گەییشتن بە سووریا. هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لەو یارییە سەختەدا زەرەرمەندی گەورە نەبێت، نابێت بچێتە هیچ بەرەیەکەوە، چونکە یەکێک لە سیناریۆکانی ئەو دۆخە، ڕەنگە گەییشتن بێت بە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری نێوان تورکیا و ئێران لەسەر چۆنیەتیی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکە؛ هەروەک لە سووریا دوابەدوای لێکنزیکبوونەوەکانی تورکیا و ڕووسیا و ئێران و ئەسەد، ڕێککەوتنێک لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە باکووری سووریا هاتە ئاراوە، لە بەرامبەردا، تورکیا لە ههمبهر مانەوەی ئەسەددا کێشەی گەورە دروست نەکات. نازاندرێت ئەو ڕێککەوتننە تا چەند بەردەوام دەبێت، بەڵام کاریگەرییشی دەبێت لەسەر ئەوەی تورکیا و ئێران لەسەر مووسڵ، دەگەنە چ ڕێککەوتنێک. ترسی گەورە لەوەدایە ئایا ئەو ڕێککەوتنە، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە دژی بەرژەوەندییەکانی کورد ناکەوێتەوە؟
نە تورکیا و نە ئێران، مەیلی ئەوەیان نییە لە ئێستادا بەریەکدیکەوتنی بەرژەوەندییەکانیان لە ڕێگهی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و بە شێوەیەکی ئاشکرا یەکلا بکەنەوە، چونکە هەردوو لا لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، پڕۆژەی گەورەیان هەیە کە هێشتا تەواو نەبووە. بۆیە گەییشتن بە ڕێککەوتنێک، پێ دەچێت بژاردەیەکی واقیعی بێت. لە لایەکی دیکەیشهوه، ئەگەر جهنگی تایەفیی نێوان شیعە و سوننە لە مووسڵدا دروست ببێت، ئەوا قەیرانێکی گەورەی ئەمنی و مرۆیی بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەبێت. دواتریش، ئەگەر بەوردی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت ڕەنگە ببێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی هەرێم؛ چونکە لەو کاتەدا خەڵکێکی زۆر ئاوارە دەبن بۆ هەرێم و ناوچە کوردستانییەکان، هەروەها ئەو دۆخە ڕێگە بۆ سەرهەڵدانی گرووپی تیرۆریستیی نوێ خۆش دەکات، کە زۆربەی جار هەرێمی کوردستان یەکێک لە ئامانجەکانیان دەبێت. هەموو ئەوانە یەک شتمان پێ دەڵێن: کورد پێویستیی بە تێگەییشتنێکی ستراتیژییانە هەیە؛ ستراتیژیەتێکی نەرم و، بتوانێت پێداچوونەوە بە ئامانج و ڕێگه و ئامرازەکانی بکات.