پێشەکی
ئەم وتارە بە شێوەیەکی کورت و چڕ، تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ژینگەی ھەرێمایەتییەکە، کە لێرەدا ئازەربایجان وەک نموونە قسەی لەسەر دەکرێت. ھێڵە گشتییەکانی ئەم وتارە، قسەکردنە لەسەر: کرۆک و ئاستی ململانێکان و ئەو پەیوەندییە ناسەقامگیرە سیاسییانەی لە نێوان ئێران و ئازەربایجاندا ھەیە. خاڵی ناکۆک و دژبەیەک لە بەرژەوەندییەکان، ھەوڵی ئێران بۆ دەستێوەردانی سیاسی لە کاروباری ناوخۆی ئازەربایجان، ویستی ئازەربایجان بۆ زیاتر ڕووکردنە ڕۆژاوا، ترسی ئێران لە ھەژموون و باڵادەستیی ڕۆژاوا و ئیسرائیل لە ئازەربایجان و، بەکارھێنانی ئەرمینیا و کێشەی خاک لە لایەن ئێرانەوە، هەروەها گرنگیی جێوپۆلیتیک و جیۆسیاسیی ئازەربایجان و ئاییندەی ململانێکان .
گرنگیی ئازەربایجان :
لە ڕوانگەی شوێنی جوگرافییەوە، ئازەربایجان گرنگییەکی زۆری بۆ ئێران ھەیە، کەناڵی پەیوەندیی ئێرانە بە ڕووسیا لە باکوورەوە، خاڵی ھاوبەشی کەلتووری و ئایینزایی لە نێوانیاندا ھەیە، بەوەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی، مسوڵمانی شیعەمەزھەبن. لە بارێکی دیکەیشدا، ژینگەیەکی ئاستبەرزی ململانێی سیاسییە لە ناوچەکەدا، کە ڕووسیا و ئێران و تورکیا لەخۆ دەگرێ. لەو ژینگەیەیشدا، کە ئاستی ململانێ سیاسییەکان ھێندە بەرز بن و ئهکتەرە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییەکان لە بەدەستھێنانی بەرژەوەندییە نەتەوایەتییەکانیاندا ھێندە ئهکتیڤ بن، بێ گومان ئازەربایجان پێویستیی بە بنیاتنان و دروستکردنی سیاسەتێکی دەرەکیی ئهکتیڤ و "پاراڵێل" ھەیە کە ھونەرێکی تایبەتی دیپلۆماسی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی، لە پێناو مانەوەدا پێویستە. بە درێژاییی مێژوو، ناوچەی قەوقاز گرنگیی زۆری ھەبووە، لە ئێستایشدا لە ڕووی جیۆسیاسی و جێوئیکۆنۆمییەوە، بە یەکێک لە کاریگەرترین ناوچەکانی سەر زەوی ئەژمار دەکرێت.
ھەڵکەوتەی جوگرافیی ئەم ناوچەیە، ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕێڕەوی بازرگانی لە نێوان ئاسیا و ئەورووپادا ھەیە، ئەم خەسڵەتانە لە پێشەنگی ئەو ھۆکارانەن کە ھێزە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییەکان بەبەردەوامی ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچەیە دەدەن. ئازەربایجان دەکەوێتە باشووری قەوقازەوە. ناوچەی قەوقاز لە پاڵ ئازەربایجان، ھەریەک لە دەوڵەتەکانی وەک ئەرمینیا و جۆرجیا لەخۆ دەگرێ. بە ھۆکاری جوگرافی و جوگرافیای سیاسی و ھەبوونی تەنگژە و ململانێی سیاسی، کە ڕەگ و ڕیشەی ھەیە، ئەم ناوچەیە بە یەکێک لە ناوچە ھەرە گرنگەکانی جیھان ئەژمار دەکرێت. لە ھەمان کاتیشدا، لە ڕووی سیاسییەوە ناوچەیەکی ناسەقامگیر و ناجێگیرە. جیا لەوەی ناوچەیەکی ستراتیژی و جیۆسیاسیی گرنگە، لە ھەمان کاتدا ناوچەیەکی جیۆئیکۆنۆمیی پڕبایەخە. ئەم زۆنە جوگرافییە، زیاتر لە ٥٠ گرووپی ئیتنیی جۆراوجۆری تێدا دەژی کە لە ڕووی زمانەوە بەسەر سێ گرووپدا دابەش بوون: "تورکی –ئەلتائیک"، "ھیندۆ – ئەوروپی" و "قەوقازی". لە پاڵ ئەمانەیشدا، ئیسلام و مەسیحییەت دراوسێی یەکترن. لە ڕووی کەناڵی پەیوەندیکردنی جوگرافییەوە، ئاسیا و ئەوروپا بەیەکەوە گرێ دەدات و، لە ڕۆژھەڵاتەوە دەگاتە دەریای خەزەر، لە ڕۆژاواوە بۆ دەریای ڕەش و، لە باکوورەوە بۆ بیابانی باشووری ڕووسیا، لە باشووریشەوە بۆ ئێران و تورکیا. لەم ڕووانگەیەوە ئەگەر ورد ببینەوە، ئەم ناوچەیە لە (باکوور و باشوور)، (ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوا)وە، کیشوەری ئەوروپا و ئاسیا پێکەوە گرێ دەدات .
لە سەردەمی جەنگی سارددا، پەیوەندیی نێوان ئازەربایجان و ئێران لە چوارچێوەی یەکێتیی سۆڤیەتەوە، لە لایەن تاران و مۆسکۆوە بەڕێوە دەبردرا؛ سنووری ئێران و ئازەربایجان لە لایەن ئەفسەرە سۆڤیەتییەکانەوە کۆنترۆڵ کرابوو. پاش ھەرەسی سۆڤیەت و بەدەستھێنانی سەربەخۆیی، پەیوەندیی نێوان ئێران و ئازەربایجان چووە قۆناغێکی نوێوە. تورکیا پاش سێ ڕۆژ، دانپێدانانی بە کۆماری ئازەربایجانی ڕاگەیاند، بەڵام ئێران، تا پێنج مانگ پاش ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی ئازەربایجان، لە دانپێدانان دوودڵ بوو .
سیاسەتی دەرەوەی ئازەربایجان:
لە پێشینەکانی دەرەوەی سیاسەتی ئازەربایجان بریتییە لە: پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی و داماڵینی دەریای قەزوین لە ھەموو جۆرە چەکێک و، گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی بە دونیای دەرەوە بە جۆرێک کە، لە پاشکەوتووییی سیاسی و داخڵبوونی بە ھاوپەیمانێتیی ئەتڵەسی و ھاوپەیمانێتیی ئەوروپی و نزیکبوونەوە لە ڕۆژاوا بۆ بەدەستھێنانەوەی ھەرێمی (ناگۆرنۆ کاراباخ) کە لە لایەن ئەرمینیاوە دەستی بەسەردا گیراوە، دووری بخاتەوە. وێڕای ئەوەی ئێران لە سەرەتادا وەک لایەنێکی ناوبژیکار هاته نێو ئهم دۆسیەیه، بەڵام نەیتوانی ڕۆڵی دادوەر و میانگیریی خۆی بپارێزێت. ئازەربایجان لای وایە کە ئێران لەو تەنگژە و ململانێی نێوانیاندا، لایەنگری ئەرمینیایە.
ئێران و ھەوڵێک بۆ ھەژموونگەرایی :
گەشبینییەکی زۆر، لە وتاری سیاسییەکانی ئێران سەبارەت بە کاریگەری و ھەژموونی ئێران لە باشووری قەوقاز بەگشتی و ئازەربایجان بەتایبەت، بەدی دەکرێت. ئەم گەشبینییەی ئێران، ڕیالیستی نییە. ڕاستییهكهی، تا ڕادەیەک ئێران کاریگەریی گەورەی لەدەست داوە، ئەویش بەھۆی سێ فاکتەری گرنگ کە بریتین لە:
١- لایەنگریی ڕوونی ئێران بۆ ئەرمینیا لە تەنگژەی (ناگۆرنۆ – کاراباخ)، وای کردووە ئازەربایجان، ئێران وەک دەوڵەتێکی دۆست ئەژمار نەکات.
٢- ئازەربایجان، مەیلی بۆ ڕووکردنە ڕۆژاوا و تورکیا، لە ڕووی سیاسی، ئابووری و فەرھەنگییەوە، زیاترە لە ڕووکردنە ڕووسیا و ئێران.
٣- دامەزراندنی گرووپی مینسک لە لایەن یەکێتیی ئاسایش و ھاریکاری لە ئەوروپا، کە سێ دەوڵەتی وەک (ئەمەریکا، ڕووسیا و فەڕەنسا) لەخۆ دەگرێت و، کاری سەرەکییان بریتییە لە ھەوڵدان بۆ چارەسەری تەنگژەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان. ئەم گرووپە ڕۆڵی ئێرانی زۆر لاواز و سنووردار کردووە.
ململانێی ئابووری و وزە:
لە نێو دەوڵەتانی باشووری قەوقازدا، ئازەربایجان بەھێزترین و ئاستبەرزترین ئابوورییانە، بەڵام ئێران لەم ڕووەوە تا ڕادەیەکی زۆر نەیتوانیوە سوودمەند بێت. ھۆکاری سەرەکیی ئەمەیش، بوونی ئهکتەرە نێودەوڵەتییەکانە کە لە مەسەلەی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئێران لە باشووری قەوقازدا سۆپەرپاوەرن، بەتایبەتی ئەمەریکا کە توانیویەتی لە زۆر حاڵەتدا ئێران کەنارگیر و پەراوێز بخات وەک :
١- دەرکردنی ئێران لە پرۆژەی کۆنسریتۆم لە بواری وزەدا.
٢- دوورخستنەوەی ئێران لە ھەر ھەوڵێک کە بتوانێت ئاسایشی وزە لەو ناوچەیەدا بەدی بھێنێت، بەتایبەت کە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە "دەوڵەتانی TAG تورکیا، ئازەربایجان و جۆرجیا" لەژێر چەتری ناتۆدا ڕاھێنانی سەربازیی ھاوبەش دەکەن.
٣- زۆربوونی ھاریکاریی نێودەوڵەتی لە بواری وزەدا و ڕاکێشانی ھێڵی نەوت و گاز لەو ناوچەیەدا، ھاوشان و ھاوکاتە لەگهڵ زیادبوونی ھاریکاریی ئەمنی و سەربازیدا، کە ڕێگرن لە زیادبوونی ڕۆڵی ئێران لەم ناوچەیەدا.
باخچەکانی پشتەوەی (ئیسرائیل - ئێران) لە گەمەی ھەواڵگریدا:
ئەو دابەشبوونە سیاسییەی لە نێوان دەوڵەتانی باشووری قەوقازدا ھەیە، بەتایبەت ئەرمینیا و ئازەربایجان، وای کردووە گەمەی سەربازی و ھەواڵگری، بەتایبەتی لە باشووری قەوقازدا بجووڵێنێت. ئەم ناوچەیە بۆ دوو ھێزی وەک ئیسرائیل و ئێران، بوونەتە باخچەی پشتەوەی ململانێی ھەواڵگری. ھەندێ لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بوونی چەند بنکەیەکی جێگیری ھەواڵگریی ئیسرائیل دەکەن لە باکۆی ئازەربایجان و ناوچەکانی نزیک لە سنووری ئێران، کە تێیدا سیستهمێکی سیخوڕی لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بوونی ھەیە لە دژی ئێران. ئێرانیش لەم بارودۆخەدا، چەندین جار ئازەربایجانی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە بۆتە لانکەی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل.
ڕەنگە پووچەڵکردنەوەی ھەوڵی تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە باکۆ له ساڵی ٢٠٠٩، کە لە لایەن "حزب اللە" و ئێرانەوە ھەوڵی بۆ درا، ئاماژە بن بە بوونی ھەماھەنگییەکی زۆری ئیسرائیلی- ئازەربایجانی لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا. لە بەرامبەردا ھەندێک لە ڕاپۆرتە میدیایییەکان ئاماژە بە بوونی ھەماھەنگییەکی بەرزی ھەواڵگری و ئەمنیی نێوان ئەرمینیا و ئێران دەکەن بەوەی کە تاران داوای لە یەریڤان کردووە کە ڕێگە بدەن بە بوونی یەکەیەکی ھەواڵگریی ئێرانی لە ئەرمینیا بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی ناتۆ لە ئازەربایجان و جۆرجیا و، تێگەییشتن لە سروشتی تەکنەلۆژیی سەربازیی ئیسرائیلی، کە پێشکەش بە سوپای جۆرجیا کراوە.
ئیسرائیل و ئێران دوو گۆڕەپانی نوێی بەدەستھێنانی زانیاری و کاری ھەواڵگرییان لە باشووری قەوقاز لەبەردەستدایە، کە دژ بەیەک بەکاری بھێنن. لەم بارەیشەوە ئەرمینیا و ئازەربایجان، بوونەتە گۆڕەپانی پشتەوەی ئەم ململانێ ھەواڵگرییە ئەمنییە.
ئێران و، ترس لە ڕۆژاوا :
یەکێک لە خاڵە ھەرە سەرەکییەکانی ترسی ئێران، بریتییە لە تێکچوونی ھاوکێشەی ھێز لە باشووری قەوقاز لە ڕێگەی ئازەربایجانەوە. ئێران زۆر نیگەرانە لە ململانێی باشووری قەوقاز و پێشوازیی باکۆ لە ڕۆژاوا، ئەوروپا، ئەمەریکا، تورکیا و چوون بەرەو ناتۆ، هەروەها فراوانکردنی ناتۆ لە بەرەی ڕۆژھەڵاتەوە ترسی گەورەی لەسەر ئێران دروستکردووە و، بە ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆی دەزانێت. میحوەری (مۆسکۆ – تاران – یەریڤان) بەھۆی زیادبوون و ئهکتیڤبوونی ڕۆڵی میحوەری (ئەمەریکا- ئەوروپا- ئیسرائیل- تورکیا) لە باشووری قەوقاز، مەترسیی گۆرانکاریی ڕیشەیییان لە ھاوکێشەکانی ھێز لە ناوچەکەدا ھەیە .
پوختە:
پەیوەندییەکانی ئازەربایجان و ئێران، بنەمای کاری ھاوبەشیان لەسەر پانتاییی کۆمەڵایەتی، کەلتووری و ئاینی لەخۆ دەگرێت. وێڕای ئەم ھاوبەشییانە، تەنگژە و ھەڵکشان و داکشانی ھاوکێشە سیاسییەکان، ئامادەییی زۆریان لەم ناوچە گرنگەی جیھاندا ھەیە، کە کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر پەیوەندیی ئێران – ئازەربایجان دادەنێت. بەشێک لە ململانێکانی نێوان ئێران – ئازەربایجان لە ناوخۆی ئەو دوو دەوڵەتەوە ئاراستە دەکرێت، بەڵام بەشێکی دیکەی لە لایەن ھاوپەیمانیی ھێز و ئهکتەرە ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانەوە بە حوکمی جیۆپۆلیتیک، جیۆسیاسی و جیۆئیکۆنۆمیی باشووری قەوقاز ئەنجام دەدرێن.
کێشەی ھەرێمی بەرزایییەکانی ناگورنو کاراباخ و، پشتگیریی ئێران لە ئەرمینیا لەم دۆسیەیەدا، خاڵێکی بەھێزی ناکۆکیی نێوان ئێران و ئازەربایجانە. ھەوڵی باکۆ بۆ نزیکبوونەوە لە ڕۆژاوا و فراوانکردنی زۆنی ناتۆ بەرەو ڕۆژھەڵات، خاڵی بەھێزی نیگەرانیی ئێرانە لە ئازەربایجان. پاش ڕێککەوتنی (١+٥) لەگەڵ ئێران، ئاییندەی ململانێکان وا دەخوێندرێتەوه کە دوو ئاراستە لەخۆ بگرن، ئاراستەی یەکەم: بەھێزبوونەوەی ئێران لە ڕووی ئابورییەوە، ڕەنگە ھەوڵی زیاتری ئێرانی لێ بکەوێتەوە بۆ زیادکردنی ھەژموونی خۆی لە باشووری قەوقاز. ئاراستەی دووەم: بە بارێکی دیکەدا ڕەنگە ڕێککەوتنەکەی (١+٥) لەگەڵ ئێران، فۆڕمی ململانێکان لە ئاییندەدا بەرەو دۆخێکی پۆزەتیف ببات و، سیاسەتی ئەقڵانیی دوور لە پاوانخوازی و، ئهکتەرێکی گرنگی پرۆژەکانی گازی سروشتی بێت، بەتایبەت لە ھێڵی گاز لە ئەنادۆڵ و دەریای ئەدریاتیکی .
سەرچاوەکان:
1-تامر بدوي ، التوتر الايرانى – الاذري : الطاقة تعيد ڕسم الخارطة الجيوسياسية ، مركز الجزيرة للدراسات 19-11-2013 تاريخ التصفح: 25-9-2016
2-فاطمة حمادي : ازربيجان :التعددية الدينية وتحديات بناء الهوية ، مركز الجزيرة للدراسات 14-9-2015 تأريخ التصفح 27-9-2016
3-كريم حمادي : ارمينيا و ازربيجان .. ساحتان خيفتان لصراع استخباراتي بين ايران و اسرائيل ،30-4-2016 ،تاريخ التصفح 1-10-2016
4- Azerbaijan :independent and the state : crisis group Europe report, No 191 ,25 march ,2008.