لە تارانەوە بۆ مەنامە، ‌پەڕینەوەی ئێران بۆ ئەوبەری ئاوەکان

پێشەکی:

ئەم وتارە، تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی ئێران لە تەنگژەی بەحرێن و پشتگیریی تاران بۆ شیعەکانی بەحرێن لە دژی سیستەمی حوکمڕانیی ئال خەلیفە، بە پشتبەستن بە خوێندنەوەی مێژوویی و شیکاری سیاسی و گرنگیی جیۆپۆلیتیکی و جیۆستراتیژیی ناوچەکە. لە بارێکی دیکەیشدا، تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی سعوودیا لە ھاریکاری و پشتگیریی سیستەمی فەرمانڕەواییی مەنامە و بەڕێوەبردنی ئەو ململانێیەی کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات.

ئەرخەبیل و مێژووی بەحرێن :

ئەرخەبیلی* بەحرێن، بە درێژاییی مێژوو، ناوچەی ململانێی ھێزە ناکۆکەکان بووە؛ ھەمیشە لە ھەوڵی کۆنترۆڵکردنیدا بوون. ھۆکاری سەرەکیش بریتی بووە لە گرنگیی شوێنی جوگرافیی ئەو ئەرخەبیلانە و بوونی ئاوێکی زۆری شیرین و گرنگیی کشتوکاڵی ئەو ناوچەیە، کۆمەڵە دوورگەیەک بووە نە قووڵایی و نە پانتاییی فراوانی ھەبووە، ئەمەیش وای کردووە کۆنترۆڵکردنی لە ڕووی سەربازییشەوە کارێکی ئەستەم نەبێت. زۆر ھێز و ئیمپراتۆری، دەستیان بەسەر ئەم ناوچەیەدا گرتووە، لە دەوڵەتی عەباسییەکان، پۆرتوگالییەکان و دەوڵەتی سەفەوییەکانەوە لە ساڵی ١٦٠٢ ز، پاشان خێزانی ئال خەلیفە، کە لقێکن لە ھۆزی عەتوب، پاش ١٨١ ساڵ داگیرکاریی بەحرێن، توانییان بیخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و، لە ١٧٨٣ وە تا ئێستا بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامن .

 ھەوڵە مێژوویییەکانی فارس:

پاش کۆنترۆڵی ئال خەلیفە بۆ بەحرێن، فارسەکان نەوەستاون لە بەردەم بەحرێندا دەستەوستان، ھەمیشە لە ھەوڵی پەلھاویشتن و فراوانخوازی و دووبارە گەڕانەوەی خۆیان بوون بۆ بەحرێن. فارسەکان لە پەیمانی ئاشتیی بریتانیا لەگەڵ کەناراوەکانی عەرەبی لە ١٨٢٠ دا، ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە ساڵەکانی ١٨٢٠ و ١٨٢٣ و ١٨٣٦دا، فارسەکان ھەوڵی داگیرکردنی بەحرێنیان داوە، بەڵام بە ھۆی پشتگیریی بریتانیا بۆ بەحرێن، تووشی شکست ھاتوون. حکوومەتە فارسەکانی وەک زەندی و قاجاری، ھەمیشە جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ئەوان مافی ئەوەیان ھەیە دەست بەسەر بەحرێندا بگرن. لەو بارەیەوە گەڕیدە و جوگرافیناس "جەیمس سیۆدۆر بێنت" (James Theodore Bent) ١٨٥٢-١٨٩٧ دەڵێت: لە ساڵی ١٨٦٧دا، شای فارسەکان ھەوڵی دا دەست بەسەر بەحرێندا بگرێت و، تاکە بیانوویەکیش کە ھەیبوو، بریتی بوو لەوەی کە بەحرێن سەر بە وڵاتی فارسە و، ئیمپراتۆریی فارسی لە ڕابردوودا لە بەحرێندا باڵادەست بووە.

ھەوڵەکانی ئێران لە سەدەی ٢٠دا :

سەرچاوە مێژوویییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە زۆرینەی بەحرێن، عەرەبی شیعەمەزھەب بوون. پاش ئەوەی ئال خەلیفە بە جەنگ، کۆنترۆڵی بەحرێن لە فارسەکان وەردەگرێتەوە، ھەندێک لە شیعەمەزھەبەکانی بەحرێن ھەست بە نایەکسانی و جۆرێک لە ستەم دەکەن کە بەرامبەریان پیادە دەکرێت؛ ئێران ئەمە دەکاتە بیانوو بۆ دەستێوەردان لە بەحرێن، کە وا خۆی دەردەخات ئامانج لە فشارەکانی، بریتییە لە باشکردنی دۆخی شیعەمەزھەبەکانی بەحرێن. بەڵام کۆلۆنێل لۆکسیی بریتانی لە ساڵی ١٩٢٣دا ئاگاداری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکاتەوە، کە گرنگیپێدانی ئێران بە بەحرێن، لەوە گەورەترە کە بیانووەکەی بریتی بێت لە خراپیی گوزەرانی عەرەبە شیعەمەزھەبەکانی بەحرێن و، ئێران ئەم بابەتەی لە قەبارەی خۆی گەورەتر کردووە. ھەوڵی ئێران لە بەحرێندا بۆ لابردنی نایەکسانی نییە بەرامبەر شیعەمەزھەبەکان بەقەد ئەوەی ھەوڵە بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەروەریی بەحرێن. هەروەها ئاماژە بەوە دەدات ئەگەر ئێمە فشار بخه‌ینه‌ سەر "شێخ عیسا کوڕی عەلی ئال خەلیفە"یش، بۆ ئەوەی لەگەڵ شیعەکانی بەحرێن باشتر بێت، ئەمە ھیچ لەو ڕاستییە ناگۆرێت کە ئێران چاوتێبڕی بەحرێن، جوگرافیا و گرنگیی جیۆپۆلیتیکەکەیەتی. ئێران لە گەڕانەوەی بۆ بەحرێن لە ھەوڵی بەردەوامدا بووە، لە جەنگی جیھانیی دووەمدا کاتێک فڕۆکە ئیتاڵییەکان بۆردومانی دامەزراوە نەوتییەکانی بەحرێن دەکەن، ئێران بەتوندی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، وەک ئەوەی خاکی ئێران بۆردومان کرابێت .

سەرھەڵدانی شۆڕشی ١٩٥٢ی میسر، کاریگەریی لەسەر گەشەکردنی ھەستی ناسیۆنالیستیی عەرەبی لە بەحرێندا ھەبوو. لەو کاتەدا، بەحرێن بەفەرمی ناوی "خلیج فارس"ی کردە "الخلیج العربی". لە پاڵ ئەمەدا لە بەحرێن، تا دەھات بوونی ئێران و ھەڵگرانی ڕەگەزنامەی ئێرانی، وەک عەجەم ناوی دەھات. گۆڤاری "صوت البحرین" لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا بابەتێکی بڵاو کردەوە، کە بازرگانە فارسەکانی وەک عەجەم دەناساند و، ھۆشداریی دەدا لە زیادبوونی ڕۆڵی بازرگان و سەرمایەداری ئێرانی لە بەحرێندا. لە سەرەتای شەستەکانی چاخی ڕابردوودا، بەحرێن بە ھۆی کۆچکردنێکی ڕێکخراو و بەرنامەبۆداڕێژراوی ئێرانی بۆ بەحرێن، سه‌باره‌ت تێکچوونی پێکھاتەی کۆمەڵایەتیی بەحرێن ھۆشداریی دا. ئەم کێشەیەیشی بۆ کۆمکاری وڵاتە عەرەبییەکان خستە ڕوو. کۆمکاری عەرەبیش لە خولی (٤١)ه‌مینیدا لە ٣١ی ئاداری ١٩٦٤، بڕیارێکی سەبارەت بە کۆچی بیانییەکان بۆ ناوچەی کەنداوی عەرەبی، دەرکرد. ئەم ھۆشدارییەی بەحرێن لە بۆشایییەوە نەھاتبوو، چونکە پەرلەمانی ئێرانی لە ساڵی ١٩٤٦دا حکوومەتی وڵاتەکەی، بۆ پیادەکردنی دەسەڵات و سەروەری بەسەر بەحرێندا سەرپشک کردبوو.

لە ١٩٤٨، نەخشەی ئێران بۆ قوتابخانە و زانكۆکانی ئێران کە بڵاو کرایەوە، بەحرێنیش لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێراندا ئەژمار کرابوو. لە ١٩٤٩دا، ئێران بەرامبەر بە بەشداریی شاندێکی بەحرێنی لە کۆبوونەوەکانی "یەکێتیی ئابووریی ئاسیا" و "یەکێتیی پۆستەی نێودەوڵەتی"، ناڕەزایەتیی دەربڕی. کاتێکیش دکتۆر موسەددیق بە بڕیارێک لە ساڵی ١٩٥١دا نەوتی خۆماڵی کرد، ئەو بڕیارە بەسەر بەحرێنیشدا جێبەجێ دەکرا. ساڵی ١٩٥٧ بڕیارێکی سیاسیی مەترسیدار لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە دەرکرا بەوەی کە بەحرێن چوارده‌یەمین پارێزگای ئێرانە و، ٢ کورسیی لە پەرلەمانی ئێرانی بۆ تەرخان کرا. لە ساڵی ١٩٥٨دا، ئێران ھەموو ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە نێوان سعوودیا و بەحرێن، لەسەر سنوور و کاروباری ئابووری واژوو کرابوون، ڕەت کردەوه‌.

لە ساڵی ١٩٦٨ دا، بریتانیا دەیویست لە ڕۆژھەڵاتی سویس بکشێتەوە و دەسەڵات بداتەوە بە حکوومەتە خۆجێییەکانی ناوچەکە، ئێران لەو کاتەدا داوای گەڕانەوەی بەحرێنی بۆ سەر وڵاتەکەی کرد. بریتانییەکان، بە پێشکەشکردنی داوایەکی ھاوبەش بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە بەحرێن، لەگەڵ ئێران ڕێک کەوتن. بەر لە گەییشتنی شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەحرێن، شێخ عیسای کوڕی سەلمانی ئال خەلیفە سەردانی زەعیمی شیعەکانی لە نەجەف کرد؛ داوای لە "موحسین ئەلحەکیم" کرد کە ھانی شیعەکانی بەحرێن بدات بۆ سەربەخۆیی و، ئەوانیش ڕێزیان لێ دەگرن و مافپارێزراو دەبن. لە ٣٠ ی نیسانی ١٩٧٠ شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایان گەیاند کە زۆرینەی بەحرێنییەکان لەگەڵ سەربەخۆییی وڵاتەکەیاندان. ئێرانیش لە ھەمان ساڵدا لە ڕێگەی ناردنی بریکاری وەزارەتی دەرەوە، پیرۆزباییی لە بەحرێن کرد. محەمەد ڕەزای پەھلەوی، شای ئێران، داوەتی شێخ عیسای کرد بۆ تاران و، بەفەرمی وەک میری بەحرێن ناساندی .

وەرچەرخانی گرنگی پەیوەندییەکان لە سەدەی ٢٠دا:

یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکان لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی، بریتی بوو لە سەرکەوتنی "ئینقلابی ئیسلامی" لە ئێران لە ١٩٧٩دا. گۆڕانکاریی گەورە لە سیستەمی حوکمڕانیی ئێراندا ڕووی دا؛ لە پاشایەتییەوە بۆ کۆمارییەکی حەماسەتخواز. خومەینی و دەسەڵاتدارانی نوێی ئەو کات، بەڵێنی "ئازادکردن"ی گەلانی ژێردەستەیان بە خەڵکی ناوچەکە دەدا. ھەموو ئەو ھاووڵاتیانەی کە شوێنکەوتووی مەزھەبی جەعفەری بوون و لە دانیشتووان و ھاووڵاتیانی کەنداوی عەرەبی بوون، پشتگیریی خۆیان بۆ سیستەمی فەرمانڕەواییی خومەینی نەدەشاردەوە. بەحرێن، وەک یەکێک لە وڵاتانی کەنداو کە پێکھاتەیەکی کۆمەڵایەتیی ئاڵۆزی ھەیە و، شیعەمەزھەبەکان زۆرینەی دانیشتووانەکەی پێک دەھێنن، ئەم بابەتەی زیاتر تێدا ڕەنگی دابووەوە. لە ٢٣ی ٢ی ١٩٧٩دا بە ھەزاران ھاووڵاتیی شیعەمەزھەبی بەحرێن خۆپیشاندانیان ڕێک خست و داوای گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانییان لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ھاوشێوەی ئێران، دەکرد.

لە ساڵی ١٩٨١دا کاتێک بەحرێنییەکان دەیانویست یادی ٢٠٠ ساڵەی حوکمڕانیی ئال خەلیفە بکەنەوە، ھادی المدرسی، کە شیعەیەکی لەدایکبووی کەربەلا بوو و لە بەحرێن نیشتەجێ بوو، بە ھەوڵدان بۆ کۆدەتایەک و گۆڕینی سیستەمی پادشایەتیی بەحرێن، تۆمەتبار کرا. سەرۆکوەزیرانی بەحرێن لەو کاتەدا ئێرانی بە پشتگیریی کۆدەتاچییەکان و دابینکردنی چەک بۆیان تۆمەتبار کرد. ئیدی لێرەوە پەیوەندییەکانی ئێران و بەحرێن کەوتە قۆناغێکی پڕ لە تەنگژەوە، کە ترسی بەحرێن زیاتر بوو لە جاران، چونکە ئەگەر ئێران لە ماوەی پێش پشتگیریی کۆدەتاکەی بەحرێندا، لە دوورەوە بە گۆڕینی نەخشە و، بە ناساندنی بەحرێن وەک بەشێک لە ئێران ھەوڵی دابێت، ئەوا بە پشتگیریکردنی کۆدەتاکە ھەولەکانی گواستۆتەوە بۆ پەرینەوە بۆ ئەوبەر ئاوەکان و داخڵبوون بە دروستکردنی تەنگژە لە ناو ماڵی بەحرێندا.

لە ١٩٩٤ تا ١٩٩٩، بەحرێن ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووریی گەورەی بەخۆوە دی و لە مێژووی نوێی بەحرێندا بە "ڕووداوەکانی نەوەدەکان" دەناسرێت. لەو کاتەوە، قۆناغێکی دیکەی سیاسی دروست دەبێت کە تیایدا "حزب اللە البحرینی" بە ھاوکاریی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی، بە شێوەیەکی نھێنی لە بەحرێندا دروست دەبێت و، بەحرێنیش ئێران و حزبوڵڵا بە ھاریکارییان تۆمەتبار دەکات.

 ھەوڵەکانی ئێران لە سەدەی ٢١ دا:

ئەگەر پۆلێنبەندییەک بۆ سێ قۆناغ لە پەیوەندیی نوێی ئێران و بەحرێندا لە قۆناغی نوێدا بکەین، دەکرێت بڵێین :

١- لە سەردەمی حوکمڕانیی ھاشمی ڕەفسنجانی و محەمەد خاتەمیدا، ھەوڵێک ھەبوو بۆ باشترکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان ھەردوو لا، لەگەڵ ھاتنەسەر حوکمی شا حەمەد کوڕی عیسای ئال خەلیفە بۆ تەختی پاشایەتیی بەحرێن، پەیوەندییەکان بە ئاراستەی ھێوربوونەوە و زاڵکردنی زمانی دیپلۆماسیەتیی نەرم ئاراستە دەکرا. لەو ماوەیەدا و بە دیاریکراوی لە ساڵی ٢٠٠٢دا، شای بەحرێن سەردانێکی گرنگی بۆ تاران ئەنجام دا، کە مەبەست لێی ھێورکردنەوەی پەیوەندییەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی بەحرێن بوو.

٢- ھاتنی ئەحمەدی نەژاد بۆ سەرۆکایەتیی ئێران، جارێکی دیکە زمانی قووڵکردنەوەی تەنگژەکان و بابەتی خاوەندارێتیی بەحرێن بۆ ئێران زیاتر تیشکی خرایە سەر. پەیوەندییەکان بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچوون بەتایبەت کاتێک ڕاوێژکاری فەرھەنگیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، لە ڕۆژنامەی " کیھان"ی ئێرانیدا وتارێکی بڵاو کردەوە بە ئاراستەیەکی نەرێنی و دژ بە بەحرێن .

٣- بەھاری عەرەبی: سەرھەڵدانی بەھاری عەرەبی و دروستبوونی ئالۆزییەکان لە بەحرێن و خۆپیشاندانی بەردەوامی ھاووڵاتییە شیعەمەزھەبەکان، بۆ جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی بەحرێن و ئێرانی بەرەو ناسەقامگیریی زیاتر برد، بەتایبەت کاتێک بەحرێن بەفەرمی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە میدیای فەرمی، سێبەر و ھاوپەیمانانییەوە ھێرشی توند دەکرێته‌ سەر بنەماڵەی حوکمڕانی بەحرێن بەتایبەت و، کەنداوی عەرەبی بەگشتی. لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠١٥دا، ٦٥ لێدوانی فەرمی لەسەر ئاستی لێپرسراوانی ئێرانی دژ بە بەحرێن دراوە، کە ھەموویان بە ئاراستەی قووڵکردنەوەی تەنگژەکان بوون .

 

ھاوکاریی ئەمنیی ئێران بۆ گرووپە بەرھەڵستکارەکان لە بەحرێن :

١- لێکۆڵینەوەکان لە تەقینەوەکانی ناوچەی "سترە" لە بەحرێن، کە لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٥دا ڕووی دا، ئەوە دەردەخەن کە ئەو جۆرە لە تەقینەوە لە ڕێگه‌ی دەریایییەوە بۆ بەحرێن گوازراوەتەوە و دراوەتە گرووپە توندڕەوەکان بۆ دروستکردنی پەشێویی تەناھی لە بەحرێندا .

٢- ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی بەحرێنی، بۆ ئاشکراکردنی کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە ناوچەی "النویدرات" لە سێپتەمبەری ٢٠١٥ دا، کە زیاتر لە ١.٥ تەن تەقەمەنی و چەکی جۆراوجۆری تێدا بووە و گومانلێکراوی دەستگیرکراویش پەیوەندیی بە ئێرانەوە ھەبووە. وەزیری دەرەوەی بەحرێن، شێخ خالد کوڕی ئەحمەدی ئال خەلیفە، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت لە ١٠ی سێپتێمبەردا ڕای گەیاند کە تەقەمەنییەکانی ناو ئەو کۆگایە، بەشی خاپوورکردنی مەنامەی دەکرد.

سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی زیان Damage Control :

نائارامییەکانی بەحرێن، بە حوکمی گرنگیی جیۆستراتیژیی بەحرێن بۆ سعوودیا بەتایبەت و بۆ کەنداو بەگشتی، دواجار ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاسایشی سعوودیا دەبێت. سعوودییەکان بەزوویی سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی زیانیان گرتەبەر. ھەندێک لە توێژەران ڕایان وایە سعوودیا بە سەرکردایەتیکردنی ھێزی "درع الجزیرە" و داخڵبوونی ڕاستەوخۆی بە پارێزگاری لە سیستەمی حوکمڕانی لە بەحرێن، تەنیا بە فاکتەری مەزھەبی نەبووە. ڕەنگە فاکتەری مەزھەبی بەشێک بێت لەو ململانێیەی کە لە بەحرێندا سەبارەت بە سعوودیا دەگوزەرێت، بەڵام فاکتەری جیۆستراتیژی و دروستبوونی مەترسیی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی سعوودیا و سیستەمی حوکمڕانییەکەی، فاکتەری سەرەکیی پاڵپشتیی سعوودیا بوو بۆ بەحرێن بە مەبەستی پارێزگاری لە حوکمڕانییەکی ھاوپەیمان و دراوسێ، کە بوونی نائارامی بە ھۆکاری جیۆپۆلیتیکی و جیۆستراتیژی، لە ڕووی سیاسی و تەناھییەوە کاریگەری و ڕەنگدانەوەی تەواوی لەسەر دۆخی ناوخۆییی سعوودیا دەبێت.

سیاسەتی بەشداریکردن و پەیوەندیکردن بە ڕووداوەکان Engagement Policy:

توانای دارایی، سەقامگیریی سیاسی، توانای ئایدیۆلۆژی، پشتگیریی نێودەوڵەتی، پاراستنی بەرژەوەندییەکان، ھۆکاری گرنگن بۆ ئەوەی سعوودیا لە ناوچەکەدا لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەیدا ستراتیژیی بەشداریکردنی لە ڕووداوەکاندا ھەبێت. سیاسەتی ئاوێزەبوون و پەیوەندیکردن و بەشداربوون لە ڕووداوەکان، بەپوختی ئەوەمان پێ دەڵێت كه‌ لە بەرامبەر دۆخی ناسەقامگیری کەنداوی عەرەبی، سعوودیا چیی دیکە چاوەڕوانی سات و کاتی ئیحراجیکردن ناکات بۆ بڕیاردان لەو کەیسانەی بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەیی، یان نیشتمانیی سعوودیاوە ھەیە. بۆ گرتنەبەری ئەم ستراتیژیەتە، توانای داراییی گونجاو لە بەردەم سعوودیادا ھەیە، جۆرێک رێژەیی لە سەقامگیریی سیاسیی ناوخۆیی ھەیە کە بتوانێت لە ئاستی دەرەکیدا ئەم سیاسەتە پەیڕەو بکات. پشتگیریی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەمریکا، ھاندەری زیاتری گرتنەبەری ئەم جۆرە لە سیاسەتی دەرەوەیە بۆ سعوودییه‌کان. لە ناردنی ھێزی "درع الجزیرە" بۆ بەحرێن، ئەمە بەڕوونی دەرکەوت کاتێک ئێران و ھاوپەیمانەکانی بە داگیرکردنی بەحرێن ناوزەدیان کرد، بەڵام ڕۆژاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەت، پشتیوانی ئەو ئاکارە سیاسییە سەربازییەی سعوودیا بوون و، بەفەرمی ڕایان گەیاند کە ئەوەی سعوودیا ئەنجامی داوە داگیرکاری نییە و لەسەر داوای حكوومه‌تی بەحرێنە و، ئاسایشی ناوچەکەیش ئەوە دەخوازێت .

ئاییندەی پەیوەندییەکانی بەحرێن – ئێران :

ئەگەر ئێران لە ڕابردوودا، بەتایبەت پێش "ئینقلابی ئیسلامی"، داواکارییەکەی بریتی بووبێت لە گێڕانەوەی بەحرێن بۆ سەر خاکی ئێران، لە پاش ١٩٧٩ دوو خاڵی دیکەی جەوھەری سەریان ھەڵداوە کە فۆرمی ئاییندەی ململانێکان و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە دیاری دەکات، ئەوانیش بریتین لە، یەکەم: ھەناردەکردنی شۆڕش، دووەم : پشتگیریکردنی "ستەملێکراوانی شیعە لە بەحرێن." ھەندێک لە توێژەران ڕایان وایە کە پەیوەندیی ئێران و بەحرێن تا ڕادەیەک وابەستەیە بەوەی، کێ لە ئێران حوکمڕانی دەکات. ئەگەر میانڕەوەکان لە حوکمڕانیدا بن، کە تا ڕادەیەک باوەڕیان بە کرانەوە و گونجان لە سیاسەتی دەرەوەدا ھەیە، ڕەنگە ململانێکان لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتە بەرەو کاڵبوونەوە بچێت و زمانی دیپلۆماسی لە پەیوەندییەکانیاندا زیاتر زاڵ ببێت، بەپێچەوانەیشەوە ئەگەر توندڕەوەکان لە ئێراندا حوکمڕان بن، ھیچ ئاسۆیەک بۆ بوونی زمانی نەرمی دیپلۆماسی و دۆزینەوەی خاڵە ھاوبەشەکانی بەرژەوەندی، بەدی ناکرێت.

وێرای ئەوەی بە شێوەیەکی ڕێژەیی جۆرێک لە ڕاستی لەو وتەیەدا ھەیە، بەڵام ئاییندەی پەیوەندییەکان بە خوێندنەوەی وردی ستراتیژیی ئێرانی لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی و ھەوڵدان بۆ ئیحتیواکردنی کەنداو و، بوونی ئەجێندایەکی تایبەتی پڕ لە بەرژەوەندیی ئێرانی بۆ ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە کەنداوی عەرەبی و تۆخبوونەوەی ململانێ سیاسی، ئابووری و مەزھەبییەکان ئاماژە بە بوونی ھەڵکشانێکی مەترسیدار لە ململانێ دەدەن، کە ئەگەر نەشگاتە حاڵه‌تی بەریەککەوتنی فیزیکی، ئەوا تا ڕادەیەک بۆ زەمەنێکی داھاتوو، سەقامگیریی سیاسی لە پەیوەندییەکان بەدی ناھێنێت.

سەرچاوەکان:

 1 - طارق نافع الحمداني، البحرين في كتابات الرحالة الأوروبيين، دار الوراق للنشر ، ط1، الاردن، 2010.

 2- حسام الدين جابر سالم ، العلاقات البحرينية الايرانية 1979-2013 ، ڕسالة ماجستير غير المنشورة ، البحرين، 2013.

3- أحمد منيسي، العلاقات البحرينية-الإيرانية بين أزمات الماضي وآفاق المستقبل، مركز التنوير للدراسات الإنسانية، www.altanweer.net ، آخر زيارة للموقع 27 أغسطس/آب 2016.

4- صحيفة الشرق الأوسط، 24 نوفمبر/تشرين الثاني 2011.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples