حاڵەتی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی جیھانی، ئاڵۆزە بە فۆرمەکانی: ژیاری و شارستانی، ئیمپراتۆری، کۆلۆنیالیزم، نەتەوەیی، دەوڵەتی، پێشکەوتنە جیۆستراتیژی و پیشەسازییەکانی، کرانەوە و دیالۆگ، پەناگیری و جەنگە گەرم و ساردەکانی، ھەموویان ڕەنگدانەوەی مێژووی سیاسیی جیھانن. مرۆڤایەتیش دەمێکە لە ھەوڵی خۆڕێکخستندایە، لە وێستفالیا و دامەزراندنی سیستەمی ھاوسەنگیی ھێزەوە تا دەگاتە جەنگی جیھانیی یەکەم، کۆمەڵەی گەلان و شکستھێنانی، هەروەها سەرھەڵدانی جەنگی جیھانیی دووەم و بیرکردنەوە لە دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نوێ، کە بتوانێت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گشت بوارە جیاوازەکاندا ڕۆڵی ھەبێت. دوا جار، لەژێر ڕۆشناییی کۆنگرەی دۆمبارتۆن ئۆکس لە سان فرانسیسکۆ و کۆنگرەکانی پێشووتر، لە ٢٤ی ئۆکتۆبەری ١٩٤٥، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا. لە ئێستادا جگە لە چەند دەوڵەتێکی کەمی سەربەخۆ، ھەموو دەوڵەتانی سەربەخۆی جیھان لەخۆ دەگرێت .
نەتەوە یەکگرتووەکان، پرۆژەی بەرگریکردنە لە مرۆڤ. ئامانج لە دامەزراندنی، بریتی بوو لە وەستاندنی جەنگ و دووبارەنەبوونەوەی کۆمەڵکوژی و جینۆساید. ھەروەک دامەزرێنەرانی ئەم ڕێکخراوە، کە ڕۆڵیان لە دانانی ھێڵە گشتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھەبوو، دەیانزانی بە ھۆی سروشتی ململانێکان و دابەشبوونی ھێزەکان و ھەوڵی ھێژموونیگەرایی و بەدیھێنانی بەرژەوەندییە دەوڵەتییەکان، دنیایەکی ئایدیاڵانە دروست نابێت. وا دەرچوو کە جەنگ لە جیھاندا بەردەوامیی ھەیە، بەڵام بەڕواڵەت لە جەنگی جیھانیی یەکەم و دووەم بەرفراوانتر نییە. کۆمەڵكوژی و جینۆسایدی گەلان لە ٧١ ساڵ تەمەنی ئەم ڕێکخراوەدا، بەردەوامیی ھەیە. کورد قوربانیدەر و زەرەرمەندی یەکەمی جینۆسایدە؛ ھەموو فۆرمەکانی جینۆسایدی بەسەردا تاقی کراوەتەوە. جەنگی ئەھلی لە یوگسلاڤیا، ڕواندا، لوبنان و کۆمەڵکوژیی بودییەکان لە میانمار دەرھەق بە کەمینەی ڕوھینجا و جەنگی سوودان، کەمبۆجیا، لیبریا، عێراق، سووریا، یەمەن، ئەفریقا، جەنگی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان و دەیان جەنگی دیکەی کاوڵکارانە و دژ بە مرڤایەتی، کار و بەرھەمی ئەم ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەوە دەخەنە ژێر پرسیاری جددییەوە .
ئەم دەزگهی گرنگ و کۆکەرەوەی جیھان و دەوڵەتان، دەزگهی قۆناغ و زەمەنێکی مێژووییی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بوو، کە ئێستا ئەو قۆناغە تێپەر بووە و نەزمی نوێی جیھان بەردەوام لە گۆڕانکاری و خۆنوێدەرخستن و "ئەپدەیت"دایە، ئەم دەزگهیە، کە سەرەتا ٥١ دەوڵەت تیایدا ئەندام بوون، ئێستا ئەندامانی بریتین لە نزیکەی٢٠٠ دەوڵەت. پێویستیی بە میکانیزمی نوێ و کاری نوێ ھەیە بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکردایەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات، چونکە ئەمڕۆ سیستەمی جیھانی، لە بەردەم ھاوسەنگیی ھێزدا نییە بەقەد ئەوەی لە بەردەم "چوارچێوەی ئاسایشی ھاریکاریدایە -Cooperative peace".
جیا لەو ڕەخنانەی لە ڕووی ڕۆڵبینین و پێکھاتەی دەزگاکانی و بوونی مافی ڤیتۆ بۆ ٥ دەوڵەتی دیاریکراو، لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەگیرێت، بەڵام تا ئێستا کە دەگاتە ٧١ ساڵ، تاکە ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە کە بەراورد بە ڕێکخراوەکانی پێش خۆی زۆرترین سەقامگیریی و بەردەوامیی ھەبووە. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی ٧١ ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی ههبووه، لەوانە: ٤٢ جار ھێزی ئاشتیپارێزی لە دەوڵەتان بڵاو کردۆتەوە کە لە ئێستادا ١٦ ھێزی ئاشتیپارێز لە چەند دەوڵەتێکدا، لە ئەرک و کاری خۆیانن. ڕۆڵی لە کشانەوەی سۆڤیەتی پێشوو لە ئەفغانستان و کۆتاییھێنان بە جەنگی ناوخۆییی سلفادۆر ھەبووە و، توانیویەتی دیپلۆماسییەتی ھێمن بۆ ڕێگریکردن لە ھەڵگیرساندنی چەندین جەنگی خوێناوی، بەکار بھێنێت. جیا لەوەیش توانیویەتی ھاندەری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد و دیموکراسییانە لە زیاتر لە ٤٥ دەوڵەت بێت. لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی مافەکانی مرۆڤ و ڕێگریکردن بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە چەکی ئەتۆمی و کۆتاییھاتنی جیاوازیی ڕەگەزی لە باشووری ئەفریقا و ھاریکاری و دەستگیرۆییی قوربانیانی جەنگ و کارەساتە سروشتییەکان و چەندین کاری دیکەی سوودبەخشدا ڕۆڵی ھەبووە.
کورد و نەتەوە یەکگرتووەکان :
ئەگەرچی تێبینی و کەموکوڕی لەنێو دەزگهی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ئاستی کارکردنیشیدا ھەیە، بەڵام ئەوە ناشاردرێتەوە کە تاکە ڕێکخراوی گشتیی نێودەوڵەتی و جیھانییە کە پێگە و گرنگیی تایبەتیی خۆی ھەیە. بە پاشخانی کورد لە خەباتی ڕزگاریخوازی و جینۆسایدکردنی گەلی کورد و بەرەنگاربوونەوەی کورد بۆ تیرۆریزمی جیھانی و کەلتووری پێکەوەھەڵکردن و فراوانکردنی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و فراوانکردنی ئازادییەکان و ھەنگاوی خێراتر بۆ بەدیموکراسیکردنی ئەزموونی کوردستان و ڕێزگرتن لە بڕیار و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها ھاریکاریکردنی دامەزراوەکانی ئەم ڕێکخراوە لە گشت بوارەکان و کارئاسانی بۆیان و ڕێزگرتن لە کەسایەتیی مەعنەوییان و گرنگیدانی زیاتر بە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستان، جۆرێک لە پەیوەندیی پۆزەتیڤ بۆ کوردستان دروست دەکات، کە دەتوانێت لە قۆناغی بەر لە دەوڵەتبوون سوودی لێ وەربگرێت بۆ دەوڵەتبوون و، لە قۆناغی پاش دەوڵەتبوون سوودی لێ وەربگرێت، بۆ ئەوەی لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ئەندامێکی کارا و ئاشتیخوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت.
کۆتایی:
٧١ ساڵ دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساتەوەختێکی مێژوویییە بۆ کۆکردنەوە و زیاتر خۆڕێکخستنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ڕەخنە لە کەموکوڕییەکانی ئەو قۆناغە مێژوویییە، بە ئێستایشەوە، ڕەخنەی جددی و بونیادنەرن. لە پاڵ ئەمانەیشدا خاڵی گرنگ و پێشینەی سیاسی، ئابووری و فەرھەنگیی گەورە لە لایەن ئەم ڕێکخراوە تۆمار کراوە. کورد بە سوودوەرگرتن لە خەباتی ڕزگاریخوازی و نیشتمانی و کەیسەکانی جینۆساید و ڕوبەڕووبونەوەی تیرۆریزم، ڕێگەی نزیکبوونەوەی لەم ڕێکخراوە بۆ کورت بۆتەوە. پرسیار لە ئاییندەی ئەم ڕێکخراوە، پرسیاری جددییە لە نەزمی جیھان و ئاییندەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی: ئایا دەگونجێت جیھانێک بەبێ نەتەوەیەکگرتووەکان، بوونی ھەبێت؟
ئەو وتەیەی دوایت ئایزنھاوێر سەرکۆماری پێشووتری ئەمریکا دروستە کە دەڵێت: "نەتەوە یەکگرتووەکان باشترین ھیوای مرۆڤایەتییە کە توانیویەتی مەیدانی جەنگ بگۆڕێت بۆ مێزی گفتوگۆ، وێڕای ھەموو کەموکوڕییەکانی." بەردەوامیی تا ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک پێویستییەک لە ڕووی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئەژمار دەکرێت، بەڵام پێویستە ھاوشانی ھەڵکشان لە تەمەنی ئەم ڕێکخراوە، نوێبوونەوە و گۆرانکاریی گرنگ لە پێکھاتە و شێوازی کاریدا بکرێت، کە وەڵامدەرەوەی سیستەمی نوێی جیھان و گۆرانکارییەکانی بێت.