دیپلۆماسییەتکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارییە نادەوڵەتییەکان لە عێراقی دوای مووسڵدا

هەرێمی کوردستان لە چەندین لاوە سنووری لەگەڵ چەندین هێز و گرووپی چەکداری نادەوڵەتیی وەکوو: پەکەکە، یەپەگە، حەشدی شەعبی، حەشدی نیشتمانی و عەشائیریدا هەیە. شێوازی کارکردن و سروشتی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو هێزانەدا زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو پەیوەندییانەی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق، وڵاتە دراوسێکان، هێزە هەرێمایەتی و جیهانییەکاندا هەیەتی و کاری لەسەر کردووە. ڕۆڵ و کاریگەریی گرووپە چەکدارییە نادەوڵەتییەکان لە جەنگی دژ بە داعش لە سووریا و عێراق، هەروەها ناسەقامگیری و جەنگە ناوخۆیییەکان لە لیبیا، یەمەن و ناوچەکە زۆر بەرچاوە و، تا ڕادەیەکی زۆر، شێواز و سروشتی جەنگەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەندین ڕەهەندەوە گۆڕیوە.

ئەو هێزە جیاوازانە وایان کردووە، زۆربەی ئەو جەنگانە بە شێوەیەکی سه‌ربازی کۆتایییان پێ نەهێندرێت، بەڵکوو بەناچاری ڕێگه‌ی دانوستان لەگەڵ ئەو گرووپانەدا بگیردرێتە بەر. جگە لەو گۆڕانکارییانە، ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان سروشتی دیپلۆماسییەتیان گۆڕیوە. لە کلاسیکدا، زیاتر بنەمای ئەنجامدانی دیپلۆماسی، بریتی بوو لە مامەڵەی دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکدی؛ بەڵام بە هۆی کارابوون و بوونی شەرعییەت و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خەڵک، ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان، بوونەتە ئەکتەرێکی گرنگی دیپلۆماسی. بۆیە، هەرێمی کوردستان بۆ تێگەییشتن لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گرووپانەدا پێویستیی بە ستراتیژییەتێكە، هەروەها بۆ ڕوونکردنەوەی کارلێکەکانی نێوانیان، کارێکی زۆر گرنگە سوود لە مێژوو و ئەزموونی هەرێمی کوردستان خۆی، ببیندرێت.

زۆربەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر پرسە ئاسایشییه‌کان و چۆنیەتیی بەرقەرارکردنی ئاشتی لە کۆمەڵگەکانی پاش جەنگ (post-war societies)، لەسەر پڕۆسەی دەوڵەتسازی (state-building) و بونیادنانی ئاشتی (peace-building) جەخت لەسەر پڕۆسەیەکی گرنگ دەکەنه‌وه‌، کە لەو ئەدەبیاتەدا بە پڕۆسەی (disarmament, demobilization and reintegration) ناسراوە و بە کۆڵەکەی بونیادنانی ئاسایشێکی درێژخایەن لەو کۆمەڵگه‌یانەدا دادەنرێن. ئەو پڕۆسەیە بریتییە لە ''بەناسه‌ربازیکردنی گرووپە چەکدراییە فەرمی و نافەرمییەکان لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردن و کەمکردنەوەی دەستبەسەرداگرتن و توانای بەکارهێنانی چەکەوە، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدراییە نادەوڵەتییەکان، هەروەها یارمەتیدانی چەکدارەکانی پێشوو بۆ دووبارەتێکەڵبوونەوە بە ژیانی مەدەنی و کۆمەڵگه‌.'' ئەگەر ئەو پڕۆسەیە بەسەرکەتوویی بەڕێوە نەچێت، ئەوا ئەگەری دووبارەهەڵگیرساندنەوەی جەنگ و ململانێی چەکداری زۆر مومکین دەبێت. لە ئێستادا، بوونی ئەکتەرە چەکدارییە نادەوڵەتییەکان، جا چ لە شێوەی گرووپێکی جیاخواز و یاخیبوو، نیمچەسوپایەکی دژی حکوومەت، میلیشیا و، یان گرووپێکی چەکداری پابەند و دڵسۆز بە کەسێک یان بە ڕێبازێک بێت، نەوەک هەر به‌ره‌نگاری (تەحەددی)یەکی گەورەیە لەسەر دابینکردنی ئاسایش و بەدامودەزگه‌کردن و بەسێنتڕاڵکردنی هێزە چەکدارییەکان لە ناوچە تازە کۆنتڕۆلکراوەکانی ژێردەستی داعش، بەڵکوو به‌ره‌نگارییه‌كی گەورەیشە لەسەر ئاییندەی عێراق وەکوو "دەوڵەتێک".

پێشبینی دەکرێت عێراقی دوای گرتنەوەی مووسڵ، عێراقێک بێت لەگەڵ بوونی چەندین هێز و گرووپی چەکداری جیاواز، کە تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەک لە ئارادا نییە بۆ ناچارکردنی ئەو گرووپانە بۆ دەستبەردابوونیان لە چەکەکانیان و تێکەڵبوونەوە بە دەزگه‌کانی دەوڵەت. لەگەڵ ئەوەیش، هەموو جار تێگەییشتنەکان لەسەر بوونی گرووپە چەکدارییە نادەوڵەتییەکان، نابێت بەو شێوەیە بێت کە ئەوانە دەبنە هەڕەشە لەسەر یەکپارچەییی وڵات، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، لە هەندێک حاڵەتدا بوونیان پاساوی بەجێی هەیە، بەتایبەت کاتێک سوپا و هێزە ئاسایشییه‌کان ناتوانن ئاسایشی هەموو خەڵک و کۆمەڵگه‌کان دابین بکەن، یان خۆیان دەبنە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، بەتایبەت لە قۆناغی گواستنەوەدا.

سەرەتا، دەبێت بەکورتی لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی گرووپە چەکدارییە نادەوڵەتییەکان تێ بگەین:

  • ڕێکخراو و گرووپێکی دیاریکراون و، ئامادەن بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی و عونف بۆ بەدواداچوونی ئامانجەکانیان.
  • ناچنە نێو دامودەزگه‌ فەرمییەکانی دەوڵەتەوە و، نابن بە بەشێک لە سوپا نیزامی و ڕێکخراوەکان.
  • جگە لە ڕەهەندی سه‌ربازی، ئەو گرووپانە جۆرێک لە سەربەخۆییان هەیە و کۆنتڕۆڵیان بەسەر ناوچە و سنوورێکی دیاریکراودا دەبێت، بەتایبەت لەسەر بنەمای ناسنامەیەکی دیاریکراو.

ئەو خەسڵەتانە لە بەشێکی زۆری گرووپە چەکدارییە جیاوازەکانی دەوروبەری هەرێمی کوردستاندا بەدی دەکرێن. بۆیە، دانوستان لەگەڵ ئەو گرووپانە، پێویستیی بە ستراتیژییەکی واقیعی و هەمەگیر هەیە و، بوونی هەر هەڵە و کەموکورتییەک لەو قۆناغەدا، دەبێتە هۆی هەڕەشە لەسەر چارەسەکردنی کێشەکانی پەیوەست بە گرووپە چەکدارەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە. لە بەستێنی عێراق و، بەتایبەت لە ناوچە تازە کۆنترۆڵکراوەکانی ژێردەستی داعش و، هەروەها لە مووسڵدا، پێشبینی ناکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا ژینگەیەک دروست ببێت بۆ لەخۆگرتنەوەی گرووپە چەکدارەکان بۆ نێو دامودەزگه‌کانی دەوڵەت. لەبەر ئەوە، تێگەییشتن لە شەرعییەتی ئەو گرووپە چەکدارانە، نابێت لە ڕوانگەی چوارچێوە یاسایییەکانەوە بێت، بەڵکوو دەبێت لە ڕوانگەی ئەو واقیعەوه‌ بێت كه‌ تا چەند توانایان بەسەر خەڵکدا هەیە و، لە چاوی ئەوانەوە شەرعییەتیان هەیە.

دیپلۆماسییەتێکی نوێ، شێوازێکی نوێی دانوستان لەگەڵ ئەو گرووپانە لە ئێستادا پێویستییەکی زۆر گرنگە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت کاری لەسەر بکات، چونکە هەروەک پرۆفسیۆر "Geoff R. Berridge" لە کتێبی "Diplomacy: Theory and Practice"، باسی ئاڵۆزیی مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارییە نادەوڵەتییەکان دەکات، کە وایان کردووە سیستەم و ژینگەی دیپلۆماسی زۆر ئاڵۆز ببێت و ناتواندرێت بە نوێنەرەکانی گرووپە چەکدراییە نادەوڵەتییەکان بگوترێت "دیپلۆمات"، چونکە لە بنەڕەتدا ئەوانە نوێنەرایەتیی تەواوی بەرژەوەندییەکانی خەڵک ناکەن، بەڵکوو زیاتر وەکو کەناڵ و پردێکی پەیوەندی بۆ موماڕەسەکردنی دیپلۆماسی، چاویان لێ دەکرێت.

گرووپە چەکدارییەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا و نائاشکرا، ڕۆڵێکی گەورە لە تەواوی ژیانی سیاسیی کۆمەڵگه‌کانی پاش جەنگ و ململانێدا دەبینن. هەر کاتێک گرووپە چەکدارەکان، یان چەکدارەکانی ڕژێم و سیستەمی پێشوو، خۆیان لە بارێکدا ببیننەوە کە پێیان وا بێت لە ڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییه‌وه‌ فەرامۆش کراون و پەراوێز خراون، وەک چۆن لە عێراق لە دوای ٢٠٠٣، "سیاسەتی ڕیشەکێشکردنی بەعس"، بووە هۆی هاندانی چەکدارەکان بۆ پەنابردن بۆ ڕێگه‌ی توندوتیژی، بە جۆرێک تا ئێستایش هەندێک لە توێژەرەکان پێیان وایە بۆ تێگەییشتن لە دەرکەوتنی داعش لە عێراق، دەبێت بگەڕێینەوە قۆناغی ڕیشەکێشکردنی بەعس، کە بەرنامەیەکی ناتۆکمەی ناواقیعی بوو، بەتایبەت لە کاتی خۆیدا.

ستراتیژییەتی ئەمریکا لە دوای ساڵی ٢٠٠٦ەوە لەسەر بارودۆخی مەترسیدار و توندوتیژی ئەوکاتی عێراق، لەسەر هاوکاریی هێزە عەشایەرییەکانی بەشێکی زۆری ناوچەکانی ئەنبار و مووسڵ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستان بونیاد نرابوو، کە دواتر بە "سەحوە" ناسرا. ئاکامەکەی، ڕەنگە لە کورتماوه‌دا توانییان شکست بە هەندێ هەوڵی گرووپە تیرۆریستییەکان بهێنن، بەڵام دواجار بەرەوڕووی پرۆسەی بەناسه‌ربازیکردنی سیاسەت و بەدیموکراسیکردنی کۆمەڵگه‌ی عێراقی وەستایەوە. لەو شوێنەی هێزە چەکدارەکان جێگەی هێزەکانی ئاسایشی ڕێکخراوی یەکگرتوو دەگرنەوە، لەوێدا بەئاگا و بێئاگا، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی ئاسایش بۆ دابینکردنی ئاسایش، دەچێتە قۆناغێکی ناڵەبارەوە. جگە لەوەیش، کارکردن لەگەڵ هێزە نامەدەنییەکانی وەکوو هێزە عەشایەرییەکان، دەبێتە ڕەوایەتیدان پێیان و، دواجار زۆر زەحمەت دەبێت ئەو هێزانە دەستبەرداری ئەو ئیمتیاز و دەسەڵاتانە بن کە لەو ماوەیەدا دەستیان کەوتووە.

بەکورتی، پرۆسەی "disarmament, demobilization and reintegration"، پرۆسەیەکە پێویستیی بە پلانی پێشوەخت و تۆکمە هەیە و، دواجار پڕۆسەیەکی درێژخایەنە. یەکێک لە به‌ره‌نگاری (ته‌حه‌دی)یه‌ گەورەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گرووپانەدا، چۆنیەتیی دانوستان، دانیشتن و ڕێککەوتنە لەگەڵیان. پڕۆسەی دانوستان لەگەڵ گرووپە چەکدارییە نادەوڵەتییەکان، بە شێوەیەکی گشتی کێشەی زۆری هەیە، لەوانە:

  • یاسای نێودەوڵەتی، تێگەییشتن و ڕێنیشاندەر و بەرچاوڕوونییەکی تۆکمە و ڕۆشنی لەسەر ناونیشان و پێگەی یاساییی هێز و گرووپە چەکدارییە نادەوڵەتییەکان نییە و، نەیتوانیوە بنەمایەکی ڕۆشن بۆ ڕوونکردنەوە و دیاریکردنی کارلێک و تەفاعولەکانی نێوان ئەو ئەکتەرانە دابین بکات.
  • هەمان گرووپی چەکداری، بە یەک شێوە لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و، هەروەها دەوڵەتەکانه‌وه‌ مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت؛ هەندێک جار وەکوو تێکدەر، هەندێک جاریش وەکوو هاوپەیمانێکی گرنگ چاوی لێ دەکرێت. بەستێنە جیاوازەکان، وا دەکەن مامەڵەی جیاواز لەگەڵ ئەو گرووپانە بکرێت، بۆ نموونە مامەڵەکردن لەگەڵ پەکەکە، هەروەها یەپەگە لە لایەن ئەمریکا لە جەنگی دژ بە داعش لە سووریا.
  • چۆن لە کاتی دوورخستنەوەیان، ئەگەری دروستبوونەوەی ململانێ و گەڕانەوە بۆ جەنگ هەیە، ئاوایش لە کاتی لەخۆگرتنیان و ئیندیماجپێکردن (تێكهه‌ڵكێشكردن)یان بۆ نێو دەزگه‌ ئاسایشییه‌ فەرمییەکان، پرسیاری زۆر لەسەر "عەدالەتی ئینتیقالی" دروست دەکەن.

لەژێر ڕۆشناییی ئەو خاڵانەی سەرەوەدا، پێشنیاز دەکرێت هەرێمی کوردستان کار لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ بکات:

  • هەر لە قۆناغی ئێستاوە پرۆفایلێکی ڕێکخراو لەسەر تەواوی گرووپە چەکدارەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە دروست بکرێت، دواتر تێگەییشتنێکی زۆر هەمەگیر و ڕۆشن (clear and comprehensive) لەسەر تەواوی گرووپە چەکدارەکانی بەتایبەت سنووری پارێزگای مووسڵ و کەرکوک هەبێت. بەو شێوەیە، دەتواندرێت ڕوون بکرێتەوە چۆن دەتوانین کاریگەریمان لەسەر بەرپرسیارێتی، ڕەفتار، مومارەسە و هەڵوێستەکانیان هەبێت. کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەت بەو گرووپە چەکدارییانە، دەبێت ڕوون بکرێنەوە وەکوو: سەرکردایەتییان، بنکەی جەماوەری، توانای کۆنتڕۆڵکردنیان بەسەر ناوچەیەکی جوگرافی، باکگراوندی سیاسی، کێ پشتگیرییان دەکات بەتایبەت لە ئاستی هەرێمایەتی، هەروەها داواکاری و پرسەکانیان چین. لە هەمان کاتیشدا، پێویستیمان بە ئاراسته‌كردنی چەندین پرسیاری جیاواز دەبێت بۆ ڕوونکردنەوەی هەر یەک لەو خەسڵەتانە. سەرەڕای هەموو ئەو کارانە، دەبێت تێگەییشتنمان بۆ هێزە چەکدارییە نادەوڵەتییەکان لەسەر بنەمایەکی "داینەمیکییانە dynamic" دروست ببێت، چونکە بەردەوام زانیارییەکان لەسەر ئەو گرووپانە لە گۆڕاندا دەبێت.
  • بەشەرعیناساندنی ئەو گرووپانە، دەبێت لەسەر دوو بنەما دابمەزرێت: تا چەند، بوونیان لەگەڵ ئامانجە ستراتیژییە باڵاکانی هەرێم یەک دەگرێتەوە. دووەم، تا چەند ئەو گرووپانە توانایان هەیە و، پشتگیریی خەڵکی ناوچەکانی خۆیان لەگەڵە.
  • دەبێت دەستکەوت، هەروەها زیانەکانی گرێدانی پەیوەندی و ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ گرووپە چەکدارییەکان، زۆر بەڕوونی، نەوەک تەنیا لە زه‌ینی دەزگه‌ هەواڵگری و نهێنییەکانی هەرێمدا بێت، بەڵکوو سەرکردە سیاسی و فەرماندە سەربازییەکانیش لە مەیداندا، دەبێت ئاگاداری سیاسەتی هەرێم بن لەگەڵ ئەو گرووپانەدا.
  • دەبێت لە نێوان پەیوەندیکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ چۆنیەتیی ئەنجامدانی ئەو کارەدا، جیاوازی بکرێت. بۆ نموونە دروستکردنی کەناڵ و پردی پەیوەندی، بە مانای ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئەو گرووپانەدا نایه‌ت؛ لە قۆناغی ئێستادا هەموو جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو گرووپانەدا کارێکی پێویستە.
  • لە کۆتاییدا، دەبێت تواناکانی هەرێم زۆر بەڕوونی دیاری کرابێت، بەتایبەت کاتێک هەوڵەکانی پەیوەندی و دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو گرووپانەدا سەرکەوتوو نابێت، بەتایبەت دەبێت پێشوەختە بیر لە ڕێگا ناسیاسییەکان بکرێتەوە.
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples